بوونی ڕه‌سه‌ن و ناڕه‌سه‌ن
ئه‌م دوو چه‌مکه‌ی سه‌ره‌وه(بوونی ڕه‌سه‌ن،بوونی ناڕه‌سه‌ن) چه‌مکگه‌لێکی فه‌لسه‌فین. هایدیگه‌ر خاوه‌نی ئه‌م چه‌مکانه‌یه. ئێمه به‌ڕووخسه‌تی هایدیگه‌ر له‌ومان قه‌رزمانکردوون. ده‌مانه‌وێت له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌م چه‌مکانه له چیرۆکی (ڕازی پشت په‌رده‌ی نارنجی)ی عه‌تا نه‌هایی بکۆڵینه‌وه، ئه‌مه‌یش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌مان فه‌لسه‌فی خۆی بنوێنێت، نه‌خێر ته‌نێ به یارمه‌تی ئه‌و چه‌مکانه هه‌وڵده‌ده‌ین کۆده‌کانی نێو ئه‌م چیرۆکه بکه‌ینه‌وه.
باسه‌ره‌تا به پێناسه‌یێکی کورتیش بێت به‌چه‌ند دێرێک بزانین بوونی ڕه‌سه‌ن و ناڕه‌سه‌ن چین؟ له‌دیدی هادیگه‌ره‌وه بوونی ڕه‌سه‌ن” ئه‌و بوونه‌یه که‌سانی دیکه داگیریان نه‌کردووه و نه‌خلیسکاوه‌ته نێو زه‌لکاوی نه‌ریته بازاڕی و باوه‌که، که‌سێکی ڕه‌سه‌نه و خاوه‌نی خۆیه‌تی و خۆی بڕیار له‌سه‌ر پرۆژه‌کانی بوونی ده‌دات، داهێنه‌رانه ده‌ژی”1 ئه‌م بوونه خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی، خاوه‌نی بوونی خۆیه‌تی، سه‌ربه‌سته، هه‌روه‌ها نابێته هۆی داگیرکردنی بوونی ئه‌وانیتر. هه‌رچی بوونی ناڕه‌سه‌نه پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بوونه‌یه. ” بوونی ناڕه‌سه‌ن له‌ژیانی ڕۆژانه‌یدا، له‌نێو کلتووری باودا له باروودۆخێکی ده‌روونیدا ده‌ژی که به‌رده‌وام ئه‌و بارودۆخه ده‌روونییه له گه‌ڵیدایه و به‌ری نادات هایدیگه‌ر ئه‌م بارودۆخه ده‌روونییه، یان هۆشه‌کییه ناو ده‌نێت مه‌زاج”2 ئه‌م بوونه بوونێکی ناجێگیره، سه‌ر‌به‌ست نییه، خاوه‌نی بوونی خۆی نییه، به‌ڵکوو داگیرکراوه هه‌میشه له‌سه‌ر مه‌زاج ده‌ژی، بوونێکه هه‌میشه بۆ ڕابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئه‌گه‌ر لێره‌وه بچینه نێو چیرۆکی (ڕازی پشت په‌رده‌ی نارنجی)ی عه‌تا نه‌هایی، ئه‌م دوو بوونه‌ی تێدا ده‌دۆزینه‌وه. سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ قسه‌یێک له‌باره‌ی گێڕه‌وه‌ی چیرۆکه‌که بکه‌م. ئه‌م چیرۆکه گێڕه‌وه‌یێکی سه‌یری هه‌یه، له‌وێدا هه‌ست به دوو گێڕه‌وه ده‌که‌ین. گێڕه‌وه‌ک کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی چیرۆکه‌که‌یه، به‌ڵام خۆی ڕووداوه‌کانمان بۆ ناگێڕێته‌وه، به‌ڵکوو له‌ڕێی گێڕه‌وه‌یێکی تره‌وه ده‌یگێڕێته‌وه، وه‌کوو ئه‌وه وایه کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی به‌زمانێکی بیانی ڕووداوه‌کان بگێڕێته‌وه، گێڕه‌وه‌ی دووه‌م بۆمانی وه‌ربگێڕێت و پاته بۆمان باس بکاته‌وه هه‌ر له‌ده‌سپێکدا ئه‌وه‌مان وه‌به‌رچاو ده‌که‌وێت .” ئه‌ڵێ: ( وا دیار بوو ده‌مێک بێ چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تێک بن، غیره‌ت و پیاوه‌تی خۆیان بنوێنن)” ئه‌م گێڕه‌وه‌یه هه‌مووشتزان نییه، به‌ڵکوو ئه‌ویش کاتێک کاره‌کته‌ر ڕووداوه‌کانی بۆ ده‌گێڕێته‌وه ئاگه‌دار به ڕووداوه‌کان ده‌بێ، ئه‌ویش بۆ ئێمه‌ی ده‌گێڕێته‌وه.
ئیش‌کردنی عه‌تا نه‌هایی له‌م چیرۆکه‌دا ئیشکردنێکی فراوانه، به‌واته‌ی ئه‌وه‌ی بابه‌تگه‌لی چه‌شناوچه‌شنی به‌رباس داوه. باس له‌مامۆستایێکی گه‌نجی نیشته‌جێی ژووری پیره‌ژنێکی گه‌ره‌کێک ده‌کات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌رده‌ی ژووره‌که‌ی به‌درێژایی ڕۆژ، هیچ ڕۆژێک ناجوڵێ و ناکرێته‌وه، خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک لێی کۆده‌بنه‌وه و ژووره‌که‌ی به‌ردباران ده‌که‌ن و ده‌یسووتێنن، چونکوو گومانیان لێی کردووه ڕازێک له پشتی ئه‌و په‌رده‌وه هه‌یه. ته‌نانه‌ت چیرۆک‌نووس فه‌نتازیشی تێکه‌ڵی چیرۆکه‌که‌ی کردووه، کاته‌ک به‌یانیێک له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستێ، خاتوونی کاره‌کته‌ری نێو چیرۆکه‌که‌ی له‌ژوور سه‌ری وه‌ستاوه. ئه‌م خاتوونه کاره‌کته‌ری نێو ئه‌و چیرۆکه‌یه که مامۆستای گه‌نج خه‌ریکی نووسینیه‌تی، که‌چی ده‌بێته کاره‌کته‌ر بۆ ئه‌م چیرۆکه‌ش. لێره‌وه‌یه مامۆستا خه‌ریکه بوونێکی ڕه‌سه‌ن بۆخۆی ده‌خوڵقێنێت، ئه‌ویش له‌ڕێی داهێنانه‌وه. هایدیگه‌ر چه‌ند تشتێک به پێشمه‌رجی بوون داده‌نێت له‌وانه: جیهان، شوێن، بوونی که‌سانی به‌رابه‌رمان. به‌ڵام به‌پێی دیدی (د.محه‌مه‌د که‌مال) ده‌کارێت داهێنانیش به پێشمه‌رجی بوون دابنرێت. هه‌چه‌نده هایدیگه‌ر باسی داهێنانی وه‌کوو پێشمه‌رجی بوون نه‌کردووه. کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی (مامۆستا) هه‌ست به‌که‌موکوڕی ده‌کات، هه‌وڵده‌دات ئه‌و که‌موکوڕییه له‌ڕێی داهێنانی چیرۆکه‌وه پڕبکاته‌وه. بۆیه‌یش خاتوونێک له‌نێو چیرۆکه‌که‌ی ده‌خولقێنێت، له‌نێو ژووره‌که‌شیدا به‌رجه‌سته‌ی ده‌کات، گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌کات، چونکوو کاره‌کته‌ر له‌نێو کۆمه‌ڵ هه‌ست به‌نامۆیی ده‌کات( هه‌رچه‌نده هیچ ئاماژه‌یێک بۆ نامۆیی نییه، به‌ڵام له‌کاتی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکه‌که به‌ناڕاسته‌وخۆ هه‌ستی پێده‌که‌ین.) ئه‌ویش به‌یێک حاله‌ت، هه‌رگیز په‌رده‌ی ژووره‌که‌ی ناجوڵێ و ناکرێته‌وه، که ده‌ڕوات دهر‌گای ژووره‌که‌ی قوفل ده‌دات، به‌مه‌یش گومانی لێده‌که‌ن، له‌ده‌ره‌وه نامۆکراوه، ده‌سه‌ڵاتی بوونی خۆی له‌وێدا ده‌دۆڕێنت. بۆیه‌یش له‌ژووره‌که‌ی هه‌وڵی پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و کێماسییه ده‌دات، که له‌ده‌ره‌وه ڕێی پێ‌نادرێت داهێنانه‌کانی، پڕۆژه‌کانی بخولقێنێت، چونکوو ئه‌وکات ده‌بێ بکه‌وێته ژێر کاریگه‌ری دابونه‌ریتی بوونه ناڕه‌سه‌نه‌کان و به‌پێی یاسا و دابی ئه‌وان بجوڵێته‌وه. ئه‌م نهێنی شاردنه‌وه‌یه هه‌وڵێکه بۆ نه‌دۆڕاندنی ناوه‌ڕۆکی خۆی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سرنجه، ئه‌م خۆدروستکردنه، ناوه‌ڕۆک دروستکردنه‌ی کاره‌کته‌ر، به‌شاراوه‌ییه. ئه‌و ترسه‌ی له‌کن کاره‌کته‌ر هه‌یه، بۆ خۆ نه‌دۆڕاندن، به‌ڵام بێ ئاگا له‌وه‌ی نهێنی تایبه‌تی خۆی ده‌بێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر خودی خۆی” بۆیه له‌م حاڵه‌دا نابێ که‌سه‌کان نهێنی تایبه‌تی خۆیان هه‌بێت، چونکه بوونی نهێنی نه‌ک یاساغه، به‌ڵکو هه‌ڵگری هه‌ڕه‌شه‌یێکی به‌رده‌وامه”3 ترسی شاردنه‌وه‌ی نهێنی، ئه‌م ترسه ده‌بێته دروستبوونی گومان له‌کن هه‌موو تاکێکی ئه‌و گه‌ڕه‌ک و کۆڵانه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بوونی ئه‌وان بوونێکی ناڕه‌سه‌نه، بوونی ئه‌وان بوونێکی داگیرکراوه، بوونێکه له‌لایه‌ن کلتوور و دابونه‌ریته‌وه به‌ڕێوه‌ده‌بردرێت. ئه‌و بوونه‌ی ئه‌وان هایدیگه‌ر به بوونێکی بی داهاتووی داده‌نێت. ئه‌و بوونه ناڕه‌سه‌نانه هه‌میشه له‌نێو ڕابردوودا ده‌ژیه‌ن، هیچ ڕایه‌ڵێک نییه ڕابردوو و داهاتووی ئه‌وان به یێکه‌وه ببه‌ستێته‌وه، هایدیگه‌ر زێتر ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه ئه‌و بوونه ناڕه‌سه‌نانه ڕابردوو به ئێستاوه گرێده‌ده‌ن، ناچنه نێو داهاتوو، واته ڕابردوو هه‌میشه کاریگه‌ری له‌سه‌ر هۆشی ئه‌و بوونه هه‌یه، بۆیه‌یش میزاجینه، شانازی به ڕابردووه‌وه ده‌که‌ن. ” ئه‌وه‌یش وه‌ها نواندنێک که ساڵان و مانگانی له‌وه‌دواش وه‌بیر خۆیان و یه‌کتری بهێننه‌وه له مه‌یدانی گه‌ڕه‌ک، یان له‌چایخانه و به‌ردوکان و ته‌نانه‌ت له‌شه‌وگه‌ڕ و دیده‌نیشدا به‌سه‌به‌رزیه‌وه بۆ یه‌کتری بگێڕنه‌وه، له‌ملاوله‌ولاش ، له‌هه‌ر شوێنێک که‌سێک خۆی به‌کوشتنی فاسقی دووره خزمێکیه‌وه هه‌ڵکێشێ، که‌سێک باسی سه‌ربڕینی خوشکێکی هه‌ڵخلیسکاو و خه‌تاکار بکات، یان که‌سانێک له‌ده‌رکردنی به‌چله‌ی زستانی بنه‌ماڵه‌یه‌کی سووک و تڕ‌ۆ له‌شار و گه‌ڕه‌که‌که‌یان بدوێن، ئه‌مانیش نه‌قلێکیان بۆ گێڕانه‌وه پێ بێ” له‌م په‌ره‌گرافه‌دا ئه‌وه‌مان بۆ وه‌دیارده‌که‌وێت، هه‌رتاکێکی ئه‌و گه‌ڕه‌که، وه‌کوو بوونێکی ناڕه‌سه‌ن ده‌یه‌وێت چیرۆکێکی قاره‌مانیێتی بۆ گێڕانه‌وه له‌مه‌جلیسان پێ بێ. چونکوو ئه‌م بوونانه هه‌میشه له ڕابردوودا ده‌ژین، ڕابردوو بۆ ئه‌وان مێژوویێکی پڕ له‌شانازییه، ئه‌وان له‌م ڕووه‌وه هه‌ست به‌که‌موکوڕی ناکه‌ن، چونکوو داهاتوویان نییه، ڕابردوو بۆ ئه‌وان جێی هه‌موو تشتێک ده‌گرێته‌وه، بۆیه‌یش ناتوانن هیچ پڕۆژه‌یێکیان بۆ داهاتوو هه‌بێت.
ئیش‌کردنی عه‌تا نه‌هایی زێتر ئیشکردنه له‌سه‌ر ژن، ئاریشه‌ی ژن. وه‌کوو چۆن له‌ڕۆمانی (گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه) و ڕۆمانه‌کانیتری به‌رباسی داون. ئه‌م بوونانه هه‌میشه له‌ئێستادا به‌ترسه‌وه ده‌ژین، گومان ده‌که‌ن. بۆیه‌یش نه‌جوڵانی ئه‌و په‌رده‌یه ترس و گومان له‌کن ئه‌و بوونه ناڕه‌سه‌نانه دروست ده‌کات، ئه‌م ترس و گومانه به‌لگه‌ی نه‌بوونی پڕۆژه‌یه بۆ داهاتوو، ئه‌وان بۆ به‌کۆیله‌کردنی ژن، داگیرکردنی بوونی ژن هه‌موو ڕێیێک ده‌گرنه‌به‌ر. به‌لایێکیتر ئه‌و بوونانه، خاوه‌نی بوونی خۆیان نین، بوونیان داگیرکراوه، بۆیه‌یش قبوڵی داهاتوو ناکه‌ن،چونکوو بوونی کچێکی گه‌نج له‌ماڵێکی ڕه‌به‌ن نه‌خوازراوه، هه‌رچه‌نده مامۆستا وه‌کوو بوونێکی ڕه‌سه‌ن خاوه‌ن پڕۆژه‌ی خۆیه‌تی ، ئه‌ویش خولقاندنی ژنه، نووسینه‌وه‌ی ئاریشه‌کانی ژنه، هه‌بوونی ئه‌م پڕۆژه‌یه ئاریشه‌ی بۆ دروست ده‌کات، وه‌کوو ئه‌وه وایه گوناهه‌کان بنووسێته‌وه. لێره‌وه فانتازیای چیرۆکه‌که ده‌ست پێده‌کات. به‌وه‌ی خاتوونی کاره‌کته‌ری چیڕۆکه‌که‌ی مامۆستا که خه‌ریکی نووسینی بوو، ده‌بێته کاره‌کته‌رێک له‌م چیرۆکه‌شدا، ده‌که‌وێته دیالۆگه‌وه له‌گه‌ڵ مامۆستا که کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی ئه‌م چیڕۆکه‌یه، ئه‌م خولقاندنی ژنه ئه‌وه‌مان نیشانده‌دات، کاره‌کته‌ری ئه‌م چیرۆکه بوونێکی ڕه‌سه‌نه، ئه‌و پرۆژه‌یێکی له‌نێو کۆمه‌ڵێک بوونی ناڕه‌سه‌ن، که ژن له‌وێدا په‌راوێزخراوه، ته‌نیایه، ئه‌و ده‌یه‌وێت ژن بخوڵقێنێته‌وه، بیهێنێته‌وه نێو کایه‌کانی ژیان و بوونی واقیعیی و ڕه‌سه‌نی پێ ببه‌خشێته‌وه. هه‌بوونی پرۆژه واته هه‌بوونی داهاتوو، به‌مه‌یش داهاتوو کاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕابردوو ده‌بێ، چونکوو بوونی ڕه‌سه‌ن کاری به‌ڕابردوو نییه، به‌ڵکوو کار له‌سه‌ر داهاتوو ده‌کا، ئه‌و له‌ئێستا بۆ داهاتوو ده‌ژیه‌ت، نه‌ک له ئێستا بۆ ڕابردوو. ئه‌گه‌ر پڕۆژه هه‌بی بۆ داهاتوو، ڕابردووی بوونه ناڕه‌سه‌نه‌کان ده‌سڕێته‌وه، ئه‌م ترسی سڕینه‌وه تا ئه‌به‌د ده‌بێ، ترسی سڕینه‌وه‌یه‌مان له‌نێو چیرۆکه‌که وه‌به‌رچاو ده‌که‌وی:
” ئه‌وه چ کارێکه که تۆ و پیره‌ژن تووشی چه‌رمه‌سه‌ری ده‌کا.
ئه‌و ئه‌یگوت: هه‌ر ئه‌م کاره‌ی که خه‌ریکه ئه‌یکه‌م.
خاتوون ئه‌یگوت: خۆ تۆ هیچ ناکه‌ی. تۆ ته‌نیا خه‌ریکی چیرۆکی من ئه‌نووسی.
چیرۆکی خانمێکی گه‌نج که ماڵی کوڕێکی جاهێڵ و ره‌به‌ن خۆی حه‌شارداوه.”
به‌ڕای من ئیش‌کردنی عه‌تا نه‌هایی، ئه‌م چیرۆکه‌ی پرۆژه‌یێکی ئاینده‌یی بووه. به‌و واته‌یه‌ی چیرۆک‌نووس باس له‌نه‌وه‌یێک ده‌کات، خه‌ونی هه‌یه، داهاتووی ده‌وێت، چیتر باسی ڕابردوو نه‌کرێت. بۆ ئه‌وان (بوونه ناڕه‌سه‌نه‌کان) نایانه‌وێت هیچ تشتێکیان لێ شاراوه بێ. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت بوونی تاکه‌کان داگیر بکه‌ن. ئه‌وان بڕیار له‌سه‌ر شێوازی بوونی ئه‌وان بده‌ن. ئه‌وان تاک ناچار به ملکه‌چی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بکه‌ن. ئه‌م هه‌وڵدانه بۆ داگیرکردنی بوونیتر کۆدێکیتری ئه‌م چیرۆکه‌یه. ئه‌گه‌ر سه‌یر بکه‌ین هه‌موو خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک کۆبوونه‌ته‌وه به‌مندڵانی قوتابخانه‌یش، هه‌موو هه‌وڵێکیان بۆ له‌نێو بردنی ژووری مامۆستای گه‌نجه، ئه‌و ژووره‌ی وه‌کوو ته‌لیسمێک لای ئه‌وان لێهاتووه، ئه‌وان هه‌ستیان به‌بوونی جوایه‌زیێک له‌و ژووره ده‌کرد، بۆیه‌یش هه‌وڵی سڕینه‌وه‌یان ده‌دا، چونکوو ئه‌وان (بوونه ناڕه‌سه‌نه‌کان) نایانه‌وێ که‌سێک جوایه‌ز له‌وان بیربکاته‌وه، هه‌موو بوونێک ده‌بێ وه‌کوو ئه‌وان، یان له‌ژێر کاریگه‌ری ئه‌وان بیربکاته‌وه، یان پرۆژه‌یێکی جوایه‌ز له‌پرۆژه‌کانی ئه‌وانی هه‌بێ، ئه‌مه‌یه هۆکاری وێرانکردنی ژووره‌که‌ی. ئه‌وان هه‌وڵی داگیرکردنی بوونی ئه‌ویان ده‌دا. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یش له‌نێو کۆمه‌ڵێکی خێڵه‌کی سه‌ر به کلتوورێکی کۆن له‌نێوان نێر ومێدا به‌ئاشکرا ڕوونه. له‌نێو ئه‌م کۆمه‌ڵانه‌دا مێ به‌ئاشکرا داگیر ده‌کرێت.
حه‌مه مه‌نتک
سه‌رچاوه و ه‌راوێزه‌کان:
1. هایدیگه‌ر و شۆڕشێکی فه‌لسه‌فی، د.محه‌مه‌د که‌مال،ده‌زگای سه‌رده‌م،سلێمانی، 2007، ل85.
2. سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل88.
3. چه‌مک و ئێستاتیکای شوێن له‌ئه‌ده‌بدا،سه‌باح ئیسماعیل، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، 2009،ل15.