(بڵند باجه‌لان ) و داهێنان له شیعردا
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ دیوانی ( باڵنده‌ی گۆڕستان)
(بلًند باجه‌لان )
دونیای شیعر ، دونیای وردبوونه‌وه و تێڕامانه . شاعیری سه‌ركه‌وتوو وشه‌كان نووقمی خۆی ده‌كا و خۆشی نوقمی مانا ده‌كا . گرنگی شیعر ئه‌و كاته ده‌رده‌كه‌وێ ، كه وه‌زیفه‌كه‌ی دیاریده‌كرێ له لایه‌ن خوێنه‌ره‌وه نه‌ك له لایه‌ن شاعیر خۆیه‌وه ، واته شاعیری داهێنه‌ر ئه‌و شاعیره نییه كه ده‌نووسێ بۆ ئه‌وه‌ی داهێنه‌ر بێ ، به‌ڵكه ئه‌و شاعیره‌یه ده‌نووسێ بۆ ئه‌وه‌ی له مانای داهێنان بگا .
هاورێیه‌كی خۆشه‌ویستم له شیعرێكدا ده‌ڵێ : ( ئێمه گه‌وره ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی بمرین )
گومانی تیا نییه شیعر تا گه‌وره‌تر بێ جوانتر ده‌بێ ، شاعیریش تا گه‌ورره‌تر بێ تۆخ تر ده‌بێ ، مه‌گه‌ر قه‌ده‌ر پێشی پێ بگرێ , به‌ڵام ئه‌مه بۆ هه‌موو شاعیرانی دونیا درووست نییه ، شاعیرێكی وه‌كو (رامبۆ )كه له ته‌مه‌نی به‌رایی خۆیدا ، سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه‌كانی ده‌سووتێنێ ، دوواتر دوو به‌رهه‌می ناوازه دێنێته پێشه‌وه كه تاوه‌كو ئێستا زۆرترین قسه‌یان له فه‌ڕه‌نسا له‌سه‌ر ده‌كرێ ، كه‌چی له كۆتایدا نووسین له لای ده‌بێته شتێكی نامۆ و لێی دوور ده‌كه‌وێته‌وه ( من وازم له شیعر نه‌هێناوه ، شیعر لێم دوور كه‌وتۆته‌وه ) . له به‌رامبه‌ردا (گۆته) له دووا ساڵه‌كانی ته‌مه‌نیدا جوانترین ده‌ق ده‌نووسێ .من له فه‌ره‌نسا له كه‌رنه‌ڤاڵێكی شیعر خوێندنه‌وه به‌ژداریم كرد ، شاعیریكی گه‌نجی ئه‌ڵمانی بووه هاوڕێم كه ئه‌ویش به‌شداری كردببوو له كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه . هاوڕێكه‌م ده‌یگووت من له ژێر كاریگه‌ری (رامبۆ)دا ده‌نووسم و بیر ده‌كه‌مه‌وه .
به‌ر له ماوه‌یه‌ك برای هێژا و شاعیری داهێنه‌ری كوردستانی عیراق كاك( بڵند باجه‌لان ) كۆڕێكی له ڕێگه‌ی ده‌زگایه‌كه‌مانه‌وه ساز كرد به ناوی ( دووركه‌وتنه‌وه له خود ) و له كۆتایشدا چه‌ند پارچه شیعرێكی خوێنده‌وه كه به بێ هیچ موجامه‌له‌یه‌ك ده‌ڵێم بۆنی داهێنانێكی گه‌وره‌یان لێده‌هات ، سه‌ره‌نجام بڕیارمان دا كه ئه‌و شیعرانه‌ی خوێندییه‌وه و كۆمه‌ڵێك شیعری تریشی له دوو توێی كتێبێكدا بۆ چاپ بكه‌ین له ریگه‌ی ده‌زگای ( سه‌لاواتیی)ه‌وه به‌ناوی ( باڵنده‌ی گۆڕستان ) به تیراژی (4000) دانه . هه‌ڵبه‌ته من به‌ر له‌و كاته دیوانێكی تری كاك (بڵند)م ته‌رجه‌مه‌ی فارسی كردبوو به‌ناوی ( سفر ) .
من به‌ر له‌وه‌ی كاك (بڵند) بناسم ، زۆر ئاگاداری بار و دۆخی شاعیران و نووسه‌رانی ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان نه‌بووم ، به‌ڵام ئێستا خۆشبه‌ختانه كۆمه‌ڵێك شاعیر و نووسه‌رم ناسیون . یه‌كێك له‌و نووسه‌رانه‌ی كه ناسیم به‌ڕێز ( كاروان عومه‌ر كاكه سوور ) ی چیرۆكنووس بوو ، كه نووسه‌رێكه به مانای وشه جوان و داهێنه‌ره و شانازییه بۆ كورد نووسه‌رێكی وه‌كو( كاروان)ی هه‌بێ ، من دڵنیام ئه‌گه‌ر (كاروان كاكه‌سوور ) كورد نه‌با ، ئێستا بار‌و دۆخێكی تری هه‌بوو .
هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری ترم ناسی له‌وانه ( به‌ختیار عه‌لی ، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی ، به‌رزان هه‌ستیار ، ع .ع. یوسف ، مه‌ریوان وریا قانیع ، رێبوار سیوه‌یلی ،عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵا، نه‌وزاد ره‌فعه‌ت ، فه‌رهاد پیرباڵ ، ئه‌حمه‌دی مه‌لا ، هه‌ندرێن ، فه‌ره‌یدون سامان ……)
دێمه‌وه سه‌ر باسی ( باڵنده‌ی گۆڕستان ) و شڕۆڤه‌یه‌كی كورتی بۆ ده‌كه‌م ، كه زۆر به داخه‌وه له‌به‌ر بارودۆخی سیاسی نه‌مانتوانی ئه‌م دیوانه بهێنینه كوردستانی عیراق ،به‌ڵام له ئیران زۆری له‌سه‌ر نووسراو ده‌نگدانه‌وه‌ی باشی هه‌بوو، ئێستا ئه‌و كتێبه له لایه‌ن حكومه‌تی ئیرانییه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ر داگیراوه و بڵاوكردنه‌وه و قسه‌كردن له‌سه‌ری قه‌ده‌غه‌كراوه . (بڵند) له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا كه خۆی به ( ده‌قی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و تووڕه‌بوونی وشه‌كان ) ناوی ده‌با ، ده‌ڵێ :
(شیعر جیهانی درۆیه سپییه‌كان ، دونیای تووڕه‌بوونێكی جوانه . ئه‌و كاته‌ی شیعریك له‌دایكده‌بێ عیشقێك ده‌كه‌وێته سه‌ر سیسه‌می دۆزرانه‌وه . مرۆڤ به سپی و ره‌شییه‌وه ، به مردوو و زیندوویه‌وه ، پێویستی به‌شیعره . ئه‌و كاته‌ی شاعیرێك بیرده‌كاته‌وه زه‌مه‌ن ده‌وه‌ستێ .
هه‌وڵی رووتبوونه‌وه له‌ماناكان له‌ئه‌ده‌بدا، هه‌وڵێكه ده‌ره‌نجامه‌كانی بریتین له كوشتنی چێژ و بنه‌ماكانی ئه‌ده‌ب خۆی.ئاماژه‌كان پێمان ده‌ڵێن : ده‌ق له‌ده‌ره‌وه‌ی مانا و مانا له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق (هه‌ڵبه‌ته له‌بازنه‌ی ئه‌ده‌بدا ) نرخیان نییه ( رووتده‌بنه‌وه ) ) .
شیعر نه‌بینراوه . ئه‌و وشانه‌ی شیعر پێكده‌هێنن گوزارشت له شكلی شیعر ده‌كه‌ن نه‌ك له ماناكه‌ی ، مانا له شیعردا له دیوه نه‌بینراوه‌كه‌ی شیعر خۆی مه‌ڵاس داوه . ئه‌و توڕه‌بوونه‌ی زاده‌ی رق و كینه نییه ، توڕه‌بوونێكی جوانه . شاعیری توڕه له داب و نه‌ریته كۆنه‌كان ، جوانه . په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵ هه‌یه له نێوان شیعر و جوانی ، له دایكبوونی شیعر به مانای له دایك بوونی جوانی دێت . رۆژێك له شاعیری سووری به‌ناوبانگ ( ئه‌دۆنیس)م پرسی : ( شیعر كۆتایی هاتووه ؟) زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی بۆ كردم و گوتی : (شیعر كۆتایی نایه‌ت تاوه‌كو ژن و مردن مابن ) من پێموایه ئه‌و وه‌ڵامه‌ی ئه‌دۆنیس قانیع نییه ، ده‌كرا ئه‌دۆنیس بڵێ 🙁 هۆكاری مانه‌وه‌ی شیعر جوانییه ، چونكه له ژن و مردنیشدا جوانی هه‌یه )
له قه‌سیده‌ی (ونبوون له غوربه‌ت ) هاتووه :
دوواجار
سێگۆشه‌ی
به‌رمۆدا
له مندا
ونبوو .
هه‌ڵگه‌ڕاندنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت به مانای درووستبوونی ئه‌فسانه نایه‌ت . ده‌گوترێ كۆمه‌ڵێك كه‌س چونه‌ته سێگۆشه‌ی به‌رمۆدا و دواتر بزر بوونه . مه‌لایه‌كی كۆنه خوازیش ده‌یگوت : شه‌یتان له سێگۆشه‌ی به‌رمۆدایه . له‌و چه‌ند وشه‌یه‌ی سه‌ره‌وه ، حه‌قیقه‌ت كه ونكردنه پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه به‌ڵام ئه‌فسانه‌كان ده‌رنه‌كه‌وتوون به‌ڵكه حه‌قیقه‌تی ونكردن گۆڕاوه بۆ واقیعیه‌تی ونبوون .
له قه‌سیده‌یه‌ی( سه‌رووی سووریالیزم )هاتووه :
زستان سه‌رمایه‌تی
پاڵتۆكه‌ی ئه‌كاكی ئه‌كاكیفیجی دزیوه
هاوین زۆری گه‌رمایه
به‌هار مردووه .
(ئه‌كاكی ئه‌كاكیفیجی ) كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانی ( پاڵتۆكه‌ی گۆگۆل) ه ، كه‌فه‌رمانبه‌رێكه په یوه‌ندی نێوان ئه‌و و پاڵتۆكه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌تییه ، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش كلیلی ناوبانگی رۆمانه‌كه‌یه . زستان وه‌رزی هێنانی سه‌رمایه ، هاوین وه‌رزی گه‌رما یه ، به‌ڵام لێرانه‌شدا وه‌كو نموونه‌كه‌ی سه‌ره‌وه حه‌قیقه‌ت هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی به خۆیه‌وه بینی و حه‌قیقه‌تی دزین له كاتی ناچاری ده‌ركه‌وتووه .
له قه‌سیده‌ی (چارڵی چاپڵین ) هاتووه :
شه‌ر سێكس له‌گه‌ڵ ئاشتی ده‌كا
تێنووس له‌گه‌ڵ وتارنووس
ئاڵا له‌گه‌ڵ سروودی نیشتمانی
وڵات له‌گه‌ڵ خۆی .
ده‌روونناس چاویلكه‌كه‌ی داگرت :
_ عیشق كلیلی هه‌موو قوفڵه‌كانه .
كاغه‌زێكی زه‌ردم له ده‌روونم ده‌رهێنا و له‌سه‌رم نووسی :
_ ئه‌ی كێ قوفڵی عیشق ده‌كاته‌وه ؟
گۆڕانی په‌یوه‌ندییه‌كانی (خۆشه‌ویستی ، عاتیفه ، عیشق ، نیشتیمان ، دایك ….) بۆ (سێكس ) ، وشه‌ی جوانی كه قسه‌مان له باره‌یه‌وه كرد ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه . من له ئه‌مسته‌ردام بووم به‌ر له ماوه‌یه‌ك ، هاوڕێیه‌كم له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی هاتنه لام و منداڵێكیشیان پێ‌بوو ، هاوڕێكه‌م گووتی : ( ئه‌و منداڵه خوشكی خێزانه‌كه‌مه و كچی منه ) . من له سه‌ره‌تادا له‌مه‌به‌سی تێنه‌گه‌یشتم به‌ڵام دوواتر بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌وكاته‌ی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تێك ده‌شكێن و ده‌گۆڕێن بۆ سێكس چ كاره‌ساتێكی قێزه‌وه‌ن دێته پێشه‌وه .
له قه‌سیده‌ی (سۆری چاوشین ) هاتووه :
ئه‌و پڵنگه ده‌مباته‌وه ژووره‌كانی هه‌بوو نه‌بوو
داپیره حیكایه‌تی بۆ جه‌نگاوه‌ره‌كان ده‌گێڕاوه
جه‌نگاوه‌ره‌كان له ترسی نه‌كوژران نه‌چووبوونه جه‌نگ
هه‌واڵ هات :
ژه‌نه‌ڕاڵ به دیل گیراوه
جه‌نگاوه‌ره‌كان به جلی خوێناوی و ئه‌سپی زامداره‌وه گه‌ڕانه‌وه
بڕست لێبڕاو …. بێ حه‌وسه‌ڵه
پێویستیان به كه‌سێك بوو قسه‌یان بۆ بكا
داپیره حیكایه‌ته‌كانی له‌بیر چوونه‌ته‌وه
كوڕه‌كه‌ی له جه‌نگدا كوژراوه
سۆری چاوشین حیكایه‌ت ده‌گێڕێته‌وه :
هه‌بوو نه‌بوو كه‌س له خودا گه‌وره‌تر نه‌بوو
داپیره‌یه‌كی جه‌رگ سووتاو هه‌بوو .
ئه‌و قه‌سیده‌یه جوانییه‌كی تایبه‌تی تیایه .( سۆری چاوشین ) له حیكایه‌تێكی كۆنی كوردیدا هاتووه و داپیرانمان بۆمانیان گێڕاوه‌ته‌وه . به‌ڵام له‌م قه‌سیده‌یه‌دا گۆڕانكارییه‌كی شیعری زۆر جوان كراوه ، داپیره بووه به حیكایه‌ت و سۆری چاوشین ده‌یگێڕێته‌وه . ئه‌م گۆڕانكارییه‌ش بۆی هه‌یه په‌یوه‌ندی به بارودۆخی دایكانی كورده‌وه هه‌بووبێ كه كوڕانیان له جه‌نگه یه‌ك له دووای یه‌كه‌كان ده‌كوژران . ئاشكرایه جه‌نگاوه‌ران بێ ترس نین له مردن له جه‌نگ ، بۆیه زۆر جار فیرار ده‌كه‌ن له جه‌نگ ، به‌ڵام له‌م قه‌سیده‌یه‌دا جه‌نگاوه‌ره‌كان هێنده عاشقی مردنن ده‌ترسن نه‌كوژرێن بۆیه ناچنه جه‌نگ .
هه‌ڵبه‌ته ئه‌م چه‌ند وشه‌یه ته‌عبیر له گه‌وره‌یی ئه‌و كتێبه كه ( باڵنده‌ی گۆڕستان) ه ناكا ، به‌ڵام پێم‌خۆش بوو هه‌ر چۆنێك بێ شتێكی له باره‌وه بنووسم و باسێكی لێبكه‌م .
نووسینی : ئه‌حمه‌د سه‌ڵاواتی
( تاران)
سه‌رچاوه :
باڵنده‌ی گۆڕستان ، شیعر ، چاپی یه‌كه‌م ، 2011 , تاران ، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای سه‌ڵاواتی بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه .