Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
بۆئەوەى عەلمانیەتى توركیا پارێزراوبێت گەڕانەوەى pkk بۆ ژێرچەترى پەرلەمان پێویستە

بۆئەوەى عەلمانیەتى توركیا پارێزراوبێت گەڕانەوەى pkk بۆ ژێرچەترى پەرلەمان پێویستە

Closed
by January 12, 2008 گشتی

سەباح تاهیر….. 
 
 سەرەتا ڕاستیەك هەیە كەوەك ئەلف وبێى سیاسەت وایە ئەویش " نەدوژمنى هەتا سەر نەدۆستى هەتاسەر " لە هاوكێشەى سیاسى نێو خۆیى و نێودەوڵەتى بوونى نییە . بەڵكو شتێك هەیە ناوى بەرژەوەندى هاوبەشە كەلایەنەكان كۆدەكاتەوە. نمونەش زۆرە هەروەها سوپاى سوورى ئیرلەندى و بەریتانیا.  وەك بەڵگەى زیندوو بخەمەڕوو.
 ڕاستە زۆربەى پارتە توركەكانى توركیا ئێستاشى لەگەڵدابێت پارتى كرێكارانى كوردستان دەخەنە لیستى ترۆر بەڵام دڵنیام لەو ڕاستیە گەیشتون فەرامۆشكردنى مەسەلەى كورد تا كۆتا مەحاڵە بەتایبەتى دواى ئەم هەموو گۆڕانكاریانەى سیستەمى نوێى جیهانى هێناویەتە كایەوە دواى نەمانى جەنگى سارد.
 پارتە ئایدیا ناسیونالستەكانى تورك زۆربەى زۆریان عەلمانین ئەگەر هەندێكیان بەڕووكەشیش بێت ، مانەوەى توركیا بە عەلمانى لە بەرژەوەندى دەروازەكردنەوەى یەكێتى ئەوروپایەو تاكەزامنى دیموكراسیشە لەو ووڵاتە. دیارە شكست هێنانى یەكە یەكەى پارتە عەلمانیەكانى توركیا لەبەردەم تەوژمى عەدالەت وگەشەپێدانى ئاڕاستە ئیسلامى، دوورنییە بناغەى چەسپاوى عەلمانى و دیموكراسى و خەونى بەئەندام بوونى توركیا لە یەكێتى ئەوروپا  لێژبكا و لەڕەگەوە هەڵتەكێنآ كەلەلایەن ئەتاتورك بناغەكەى دانراوە.
 پارتى عەدالەت وگەشەپێدان نزیكەى 80كورسى لە ناوچەى كوردنشین بەدەستهێناوە جگەلەوەى كوردەكانى ئەستەمبۆل وئەنقەرە و ……… هتد پێدەچێت زۆرینەیان دەنگیان بەم پارتە دابێت ، ئەمەش گورزێكى گورچكبڕە لە عەلمانیەكان و ناسیونالستەكان.
 عەدالەت و گەشەپێدان ئەم درزەى نێوان كورد و ناسیونالستەكانیان بەباشى قۆزتەوە لە هەڵبژاردنەكان بەتایبەتى لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەى بەم دواییە ، لێزانانە زۆرینەى كورسیەكانى پەرلەمانى بۆخۆى چنیەوە بەئەنجامى ئەم دەسكەوتەش پۆستى سەرۆك كۆماریشیان بەدەست هێنا كەبە سونبل و پارێزەرى عەلمالنیەت ئەژماردەكرێت.
 ئەم پارتە لە یارییەكانى بەردەوامە ئێستا دەیهەوێت دوژمن بە دوژمن لەنێوببات ، بەم جۆرە كورد واتەنى بەبەردێك دوو چۆلەكە بكوژێت . سوپا كەتاكە بەربەستە ماوە لەبەردەم پارتى عەدالەت و گەشەپێدان بەتێوەگلاندنى بەشەڕى پ ك ك ئەگەر سوپا توانى گەریلاكان لەنێو ببات یا تاوەكو ڕادەى لاوازبوونێكى ئاوا كە سەنگى نەمێنێت ، ئەوا پارتەكەى ئەردۆگان حەریفێكى سەرسەختى لەگۆڕەپانى سیاسى لە كۆڵدەبێتەوە ئەویش بەئاسانى دەنگى زۆربەى كوردەكان بۆخۆى مسۆگەر دەكات . ئەگەر سوپا توشى قەیران هات لە پەیوەندیەكانى ناتۆ و ووڵاتەیەكگرتوەكانى ئەمەریكا ، وەشكستى هێنا لەشەڕى پ ك ك ئەوا بێگومان تاكە ئاستەنگ و گەورە بەربەستى لەڕیگادا نامێنێت ، بۆ سەرتاپا گۆڕانكارى لە دەستوور و سیماى عەلمانى توركیا كەدەمێكە زەمینە سازى بۆ دەكەن ئیسلامیەكان ، بۆ ئەوەى پێگەى ئیسلامى سیاسى خۆیان زیاتر و زیاتر بەهێز بكەن . هەربۆ ئەوەشە تەنگژەى سنوور زەقدەكرێتەوە تاوەكو گۆڕانكارى لە مادەكانى دەستووردابكەن لە بەرژەوەندى ئایدیاكەیان.
 بەڵام ئەگەر ناسیونالستە عەلمانییەكان زەمینە سازى بۆ هاتنى پ ك ك بۆ نێوخەباتى سیاسى و پەرلەمانى توركیا لە ئەستۆ بگرن ئەوا هاوكێشەكان دوور نییە بە تەواوى بگۆڕێت، بە تایبەتى لە هەلومەرجى ئەمڕۆكە تەواو لەبارە . پارتى كرێكارانى كوردستان گۆڕانكارى لە بەرنامەو ستراتیژى خۆى كردوە ، ئێستا ئەم پارتە وازى لە دروشمى جیابونەوە و دامەزراندنى دەوڵەتى كوردى هێناوە و بەرنامەى سیاسیشى كردۆتە  سوسیال دیموكرات . تەنانەت لەزارى سەرۆكى پارتى ناوبراو چەندین جار دروشمى مافى چارەنوس لە چوار چێوەى توركیا دوبارە بۆتەوە لەمەش زیاتر لە زارى سەركردە سەربازییەكانى پ ك ك ئاشكرا كراوە ئامادەن  واز لە خەباتى چەكدارى و توندوتیژى بێنن ئەگەر زەمینە سازى سیاسیان بۆ بكرێت خەباتى سیاسى و دیموكراسى و پەرلەمانى بكەن.هەموو ئەوانە ئاماژەى گرنگن، جگە لەوەش ناسیونالستەكان بەكارهێنانى هێزیان تاقیكردۆتەوە لەبەرامبەر كورد هیچ ئەنجامێكى پۆزەتیفى نەبوە، لەم بارەوە خاوەن ئەزموونێكى دەوڵەمەندن لەكاتى حوكمڕانیان.
 بە گەڕانەوەى پارتى كرێكارانى كوردستان گۆڕەپانى شارە كوردیەكان لەدەست"ئاك پارتى" نامێنێت ، زۆر جار باس لەوە دەكرێت دەنگدان بە ئاكەپە تاكتیكى كورەكانە ، هەندێكیش وایدەبینن كوردەكان دەڵێن دوژمنى دوژمنم دۆستمە لەم ڕوانگەیەوە دەنگیان بە دژەكانى ناسیونالستەكان داوە بەم مەرامە.
 ئاكەپە پێش هەڵبژاردنەكان موغازەلەى كوردەكان دەكات ، وەك چۆن لەم هەڵبژاردنانە بینیمان ، ئەردۆگان لە دیاربەكر ڕایگەیاند كێشەى كورد هەیەو پێویستى بە چارەسەرى ئاشتیانەیە. بەڵام دواى دەرچونەوەیان بە زۆرینە بە كاریگەرییەكى زۆرى دەنگى كوردەكان ، تاكە وەزیرى بە ڕەگەز كوردى لە كابینەى پێشووى ئەمیشى لابرد نەك هەرئەوە نەك ڕێگاى نەدا بە ڕەگەز كوردەكانى ئەندام لەلیستى ئاكەپە بەكوردى قسەبكەن بەڵكو داواى لە نوێنەرە كوردەكانى سەر بەپارتى كۆمەڵگەى دیموكراسیش كرد بە كوردى نەئاخڤن لە هۆڵى پەرلەمان بەبیانووى ئاڵۆزى دروست بوون لە گەڵ ناسیونالستەكان.
 لە زارى بەرپرسى گەورەى پارتى داد دەبیسترێتەوە كەبەنیازن لە هەڵبژاردنەكانى داهاتوو شارەوانى دیاربەكریش بەدەست بێنن ، ئەمەشیان بۆ مەیسەر دەبێت ئەگەر پارتى كرێكارانى كوردستان تێك بشكآ و پارتى كۆمەڵگەى دیموكراتیش قەدەغەبكرێت ، ڕەنگە ئەم ئامانجەیان ساناتر بێتەدى.
 بەڵام وەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا بە هێنانەوەى پارتى كرێكارانى كوردستان بۆ نێو چەترى پەرلەمان و ئاسایى كردنەوەى ناوچە كورد نشینەكان ، پێشبینى دەكرێت زۆرینەى كورسیەكانى ئەم ناوچانە بۆ پارتە كوردیەكان بێت كە بە سروشتى خۆیان گەلى كورد گەلێكى عەلمانى و دیموكراس خوازە وەك لە پارتە ئۆپزیسۆنەكانیشیانەوە دیارە.
 كەواتە بەدەستهێنانى ئەم ڕێژە كورسیە لەلایەن كوردەكان و لە دەستدانى ئەو ڕێژەیە لەداد و گەشەپێدان ، گومانى تێدانییە ، هاوكێشەكە بۆ بەرژەوەندى پارتە عەلمانیەكان و عەلمانیەتى توركیا دەشكێتەوە ، مەترسى كوژاندنەوەى یاخود كاڵبونەوەى عەلمانى دەڕەوێتەوە و ڕەنگە بە گەیشتنى كوردەكان بەمافى سیاسیان  ، خەونەكانى توركییاش بێنێتە دى كە بێگومان مەسەلەى كورد لەم ووڵاتە بەبەرستێكى گەورەیە لەبەردەم بەئەندام بوونى توركیا بۆ یەكێتى ئەوروپا. بۆیە دەكرێت بەرژەوەندى هاوبەش دژەكانى دوێنآ كۆبكاتەوە، لە هاوپەیمانییەكى نوآ كە ناسیونالستەكورد و پارتە ناسیونالستە توركەكان لەخۆبگرێت لەپێناو بەرگرتن لە تەوژمى ئیسلامى سیاسى كەخۆى لە پارتى عەدالەت وگەشەپێدان دەبینێتەوە…
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.