Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
بۆچی ئەمریکا ئوسامە بن لادنی کوشت؟

بۆچی ئەمریکا ئوسامە بن لادنی کوشت؟

Closed


 

هەتاوەکوو ئەمڕۆش کوشتنی ئوسامە بن لادن لەلایەن ئەمریکاوە ، بۆتە جێگای قسەوباس  و لێکۆڵینەوەی زۆربەی ناوەندە سیاسی و میدیاکانی جیهان . کوشتنی ئوسامە بن لادن ، تەنها کوشتنی سەرۆکی گرووپێکی تیرۆریستی نییە ، کەهەموو جیهانی خستبووە لەرزە، بەڵکو ئەم کوشتنە کۆمەڵێک هۆکاری نهێنی و سیاسەتی درێژخایانی ئەمریکای لە پشتە.  ئەوەی زۆر روون وئاشکرایە ، کە ئوسامە بن لادن سەردەمانێکی زۆر لەکاتی جەنگی ساردا ( لە نێوان یەکێتی سۆڤێت و ئەمریکا) ، بە گیان و سامانی خۆیەوە ، هاریکاری ئەمریکای کردووە. لەهەمانکاتیشدا گەورەترین سوودی بە ئەمریکا گەیاندووەو زۆرترین زەرەریشی لە یەکێتی سۆڤێتی جاران وەشاندووە. بە بڕوای من لەپاش نەمانی یەکێتی سۆڤێتیش ، ئەم پیاو هەر ئاوی کردۆتە ئاشی ئەمریکاوە . لەپاش نەمانی یەکێتی سۆڤێت و  ترسی کۆمۆنیستی ، رۆژئاوای تووشی قەیرانێکی گەورە کردبوو. پاش ئەوەی دوژمنێک نەما بۆ ئەوەی خەڵکی خۆیانی پێهەڵخەڵەتێنن و کۆمەڵگاکانیان لەدژی دوژمنێک کۆبکەنەوە، هەروەها نەمانی دوژمن یانی نەمانی شەرو چەکداری . لێ ئەمەش ناکرێت ، چونکە شەڕ بەشێکی گرینگە لە سیستەمی سەرمایەداری جیهانی  و بازرگانیەکی باشی قازانج بەخشیشە بۆ رۆژئاوا. گەر دوژمن نەمێنێت ، دەبێت کارگەکانی چەک هەموویان دەرگاکانیان دابخەن. هەربۆیە گەر دوژمنیش نەبێت ، ئەوا لەبەر خاتری پێداویستی ئابووری ، هەر دەبێت دروستبکرێت . ئەمڕۆ ئیسلامی سیاسی و تیرۆری قاعیدە، بۆتە هۆی ئەوەی ، کە وێنەیەکی شەیتانی لای مرۆڤی رۆژئاوایی دروستبکات . بوونی ئەم دوژمنە لە دوو لاوە سووودمەندە بۆیان : یەکەم ، کۆمەڵگاکەیان کۆدەکەنەوە. دووەم : بەردەوام بوونی شەرو پیشەشازی و بازرگانی چەکوتەقەمەنی . ئەمرۆ ئەمریکا توانیوویەتی هەموو رۆژئاوا لەژێر دەوارەکەی خۆیدا ( ناتۆ) کۆبکاتەوەو بیانکات بەدژ گەلانی مووسڵماندا. پاشان هەر ئەم ئوسامە بن لادنە ، بوو بەهۆی ئەوەی کە دوو شەڕی گەورە بخووڵقێنێت ( ئەفگانیستان و عێراق) . ئەم دووشەڕەش جگە لە ماڵوێرانی و کاولکاری ، هیچی بۆ ئەم دوو گەلە نەهانی ، بەپێچەوانەوە سوودێکی باشی بە رۆژئاوا گەیاند بەتایبەتی لە رووی ستراتژیەوە . ئەمڕۆ ئەمریکا لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناڤیندا ، سەربازگەو فرۆکەخانەی تایبەت بەخۆی هەیە . خۆی بۆتە پۆلیس و دادوەرو موفتی وبازرگانی ئەم ناوچەیە . لەهەمانکاتیشدا سوودێکی ئێجگار باشی بە کۆمپانیاکانی چەکوتەقەمەنی ئەمریکاوئەوروپا گەیاند.
لێ پرسیاری گرینگ ئەوەیە ، بۆچی ئەمریکا ئەمڕۆ بڕیاری کوشتنی ئوسامەی دا ؟ ئەوەی کە زۆر روون و ئاشکرایە کە دەمێکە ئەمریکا شوێنی ئوسامەی زانیوە. هەروەک لە میدیاکانی جیهاندا بڵاوبوویەوە، کە ئوسامە لە 2005 وە لە عابودئابادی پاکستان ژیاوە. ئەم شارەش زیاتر دانیشتوانی لە خەڵکی  ئەفسەری گەورەی سووپا و کارمەندی گەورەی دەزگای هەواڵگری پاکستانی  تێدا ژیاوە. ئەمریکاش دەمێکە ئاگاداری ئەم زانیاریە بووە. لێ پرسیاری گرینگ ئەوەیە ، بۆچی چەند ساڵە ئەمریکا ئوسامەی نەکوشتوە؟ پاشان بۆچی ئەمڕۆ دەیکوژێت ؟ .
بە بڕوای من ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار .

یەکەم ناوخۆیی :
وا بۆ ماوەی دەساڵە ئەمریکا  وێنەی شەیتانێکی لەناو مێشکی  هاوڵاتییانی خۆیی و جیهاندا دروستکردووە، هەتاوەکوو ئەمرۆش کەس نازانێت ئەم شەیتانە لەکوێیە و مانای چییە ئەمریکا بەهێزترین دەوڵەتی جیهانەو ساڵانە بە سەدان ملیارد دۆلار دەدرێتە سووپا و دەزگاکانی هەواڵگری ، کەچی ناتوانێت ئەم کابرایە بگرێت؟! . بۆیە بڕیاریانداوە کەلە یادی 10 سالەی رووداوەکانی 11 سێپتەمبەردا ئوسامە بگرن . بۆئەوەی کەمێک باوەڕی بۆ خۆیان بگەڕێننەوە.
لەلایەکی تریشەوە پەیوەندی بە هەڵبژرادنەوەی باراک ئۆباماوە هەیە، چونکە ئەم برادەرە دەیەوێت جارێکی تر خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێتەوە . لەلایەکی تریشەوە ئۆباما خەون بەوەوە دەبینێت ، کە خۆی بکاتە یەکێک لە سەرۆکە ناودارەکانی  ئەمریکا وەکوو ( رۆزلڤێلت ، ئایزنهاوەر ، ریگن ) . دیارە ئەمان لە شەڕو تاڵانی جیهاندا بەتایبەت لە شەری دووەمی جیهان و شەر لەدژی سۆڤێت ناویان دەرکرد . ئەمیش دەیەوێت لە ڕێگای شەڕی لەدژی ئیسلامی سیاسی و قاعیدە ، ناوبانگ بۆ خۆی پەیدابکات .
دووەم : لە رووی دەرەکیەوە
بە بڕوای من ئەم گرتنە زیاتر پەیوەندی بەو هەلوومەرجە هەیە کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەیبینێت . لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی شۆرش بەردەوامە ، ئەمانیش نایانەوێت ئیسلامی سیاسی بەگشتی و قاعیدە بەتایبەتی سوود لەم وەزعە سیاسیە نوێیە وەربگرن . ئەمان لە ڕێگای کوشتنی ئوسامەوە، دەیانەوێت گورزێکی باش لە ئیسلامیەکانی ئەم ناوچەیە بوەشێنن .

عەرەبستانی سعودی /
بە بڕوای من کوشتنی ئوسامە پەیوەندیەکی ئێجگار بەتینی بە وەزعی ناوخۆی عەرەبستانی سعودیەوە هەیە .  ئەمریکا زۆر بەترسەوە دەستکاری وەزعی ناوخۆی سعودیەی کردووە. لەلایەکەوە مەلیک عەبدوڵا نەخۆشە، لەلایەکی تریشەوە گیانی شۆرشگێری و دژایەتی حوکمی دیکتاتۆرەکان هەموو رۆژهەڵاتی گرتۆتەوە. ئەمریکیەکان باشیش دەزانن ، کە ئوسامە ئەندام ولایەنگرێکی ئێجگار زۆری لەناو سعودیە هەیە ، بەڵکە تاکە  باڵی ئۆپۆزسیۆنی بەهێزە لەم وڵاتەدا . من واهەست دەکەم ، کە پاش ماوەیەکی تر ، دەستکاری عەرەبستانی سعودیە دەکەن و  لەوێش شۆرشێک لەدژی بنەماڵەی ئال سعود بەرپا دەبێت .

پاکستان /
جارێک پێش هەمووشتێک گیران و کوشتنی ئوسامە بن لادن ، گەورەترین سووکایەتی و ئابڕوچوون بوو بۆ پاکستان . چونکە ئەمریکا هێزێکی گەورەی ناردۆتە ناو شارێکی سەربازیەوەو ئوسامە کوژراوەو پاش ئەوەی کە هێزەکە گەراوەتەوە ئەفگانیستان ، ئینجا ئەمریکایەکان  پاکستانیەکانیان ئاگادارکردۆتەوە!!. واتە پرسە گوورگانەشیان پێ نەکردوون . ئەمەش خۆی لەخۆیدا لە ڕووی یاسانێودەوڵەتیەکانەوە ، گەورەترین پیشێلکاری دەگەیەنێت . لەڕووی سیاسی و مۆڕاڵیشەوە ، سووکایەتیەکی گەورەیە بۆ ئەم وڵاتە . پاکستان کە گەورەترین وڵاتی ئیسلامیەو خاوەنی بۆمبی ئەتۆمیشە، ئەم کارە چ لە ڕووی ناوخۆییەوە چ لە رووی دەرەکیشەوە سووکایەتیەکی زۆری بەم وڵاتە گەیاند.  دیارە هەروەک ئەمریکایەکان  خۆیان ئاشكرایان کرد ، کە پێش 5 مانگ مەشقیان لەسەر چۆنێتی ئەم کارە کردووەو لە رووی سیاسیشەوە باش لێکیان داوەتەوە، واتە کارەکە شتێکی کتووپڕ نەبووە . من واهەست دەکەم ، کە ئەم کوشتنە سەرەتایەک بێت بۆ  دەستێوەردانی ئەمریکا  لەناو  ناو پاکستان . بگرە هەروەک رۆژنامەی یونگە ڤێلتی ئەڵمانی نووسیوبووی ( ئەمریکا بەم کارەی پاکستانی خستە لیستی دەوڵەت فاشیلەکانی جیهانەوە ) واتە ئەمریکا  وەکوو ( ئەفگانیستان و سۆمالیا وعێراق) حساب بۆ پاکستان دەکات .  ئەمە سەرەتایەکی ترسناکە بۆ تێکدان و وێرانکردنی ئەم وڵاتە . ئەم کارەی ئەمریکا ، تەپڵ لێدانی شەڕێکی ترە ، کەلە ئەمجارەیان لە پاکستان دەکرێت ، یان  هەمان چارەنووسی ( ئەفگانیستان ، لوبنان ، عێراقی ) دەبێت .
دواخاڵ کە دەمەوێت باسی بکەم ، ئەویش چۆنێتی کوشتنی ئوسامە بن لادنە . دیارە هەروەک پاشتر دەرکەوت ، کە ئوسامە بە دیلی گیراوەو بە دیار چاوی ژن ومنداڵەکەیەوە کوژراوە. پاشانیش فڕێدراوەتە ناو دەریای عەرەبیەوە.
دیارە پێش هەمووشتێک ئەمە خۆی لەخۆیدا گەورەترین سووکایەتیه بە ئەمریکا خۆی ،چونکە ئەم وڵاتە خۆی بە دایکی ئازادی و دادپەروەری و لێبووردەیی دادەنێت ، کەچی لەم کارەیدا پشت بە عەقڵیەتی ( تۆڵە و نەریتی عەشائیری دەبەستێت) . واتە دەوڵەتێکە کەهیچ باوەڕی بە بنەماکانی ماڤی مرۆف ( هەرچەندە پێشتریش )هەر باوەڕی پێ نەبووە. پاشان ئەمە چ ئەخلاقێکە تۆ بێیت بەم شێوەیە کابرا بکوژیت. ئەمە یەکەمین جارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ، دەوڵەتێک دوژمنەکەی فرێبداتە ناودەریاوە. ئۆباما دەڵێت : ( ئەوەی دژی کوشتنی بن لادن بێت ، ئەوا خاوەنی عەقڵێکی سەلیم نییە) . باشە بە چ لۆژیک و عەقڵ سەلیمێک  ، بە چ دادگایەک ئەم جۆرە کوشتنە قبووڵ دەکات ؟! .
دیارە لەمەشدا ئەمریکا ئامانجێکی تری هەیە ، ئەویش ئەوەیە، هێندەی تر بەنزین بەم شەڕەدا بکات و گیانی ئیسلامی توندڕەوی و فاشیستی بەهێزتربکات . چونکە بوونی ئەم شەڕەو ئەم گرووپە تیرۆرسیت و فاشیستانە ، گەورەترین سوودیان بە ئەمریکا گەیاندووە. لەوانە بێت خەڵکانێت پێیان سەیربێت یان باوەڕ نەکەن کە ئەم گرووپانە سوودمەندن بۆ ئەمریکا نەک زەرەرمەند. تۆ گەر سەیری کارەکانی ئەم گرووپانە بکەیت دەبینیت ، لەماوەی 10 ساڵی رابووردودا هیچ چالاکیەکی وایان لە رۆژئاوادا نەکردووە. لێ 10 ساڵی ڕێکە ، رۆژانە تەقینەوە وکاری تیرۆریستی هەموو جیهانی ئیسلامی گرتۆتەوەو هەردوو وڵاتی ( ئەفگانیستان و عێراقیشی) وێران و خاپوور کردووە.  ئاخر گەر ئەمانە نەبوونایە ، ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی ، ئەم هەموو لەشکرکێشیەیان بۆ ناوچەکە نەدەکرد ، گەر ئەمان نەبوونایە ، شەڕی عێراق و ئەفگانیستان نەبوو.
بەداخەوە ئێمە وەکوو هەمووکارێکمان ، خوێندنەوەیەکی زۆر ئاساییانە بۆ رووداوەکان دەکەین . پێم سەیرە بەڕێزان سەرۆک مام جەلال و هۆشیار زێباری ، یەکسەر برووسکە و خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەمریکا دەردەبڕن . ئەمە لەکاتێکدا هەموو جیهانی ئیسلامی بەترسەوە سەیری ئەم کارەی کرد . ئەم برووسکە و شایی وخۆشیە، وا دەکات قاعیدە بکات بە گژ گەلی کوردا.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.