Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
بۆچی چیرۆك ناخوێنینەوە?!

بۆچی چیرۆك ناخوێنینەوە?!

Closed

 بۆچی چیرۆك ناخوێنینەوە?!
 سەباح ئیسماعیل

چیرۆك وەكو ژانر لە دوای شیعر باشترین جەماوەری خوێنەری لە خۆ كۆ كردبووەوە، چونكە چیرۆك باسی لە حەز و ئاوات و خەونەكانی ئینسانەكان دەكرد و عەشقی لەلا جوانتر دەكردین، خۆ ئەگەر بێ ئومێدیشی بكردینایا، ئەوا لە ئەنجامدا پێی دەگوتین ژیان زۆر لەوە خۆشترە، كە ئێوە تێیدا دەژین.  واتا بێ ئومێدی لە ناخ چاندنەكەش ئاگادار كردنەوەیەك بوو لەو وەزعە نالەبارەی تێیدا دەژیاین. لەدوای پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و داهێنانە یەك لەدوای یەكەكانی وەك سەتەلایت و ئەنتەرنێت، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مەیدانی چیرۆك چۆڵتر و كەم خوێنەرتر دەبێ، چیرۆكنووسانیش لە مێژە دركیان بەمە كردووە و هەندێكیان زوو مەیدانەكەیان چۆڵ كرد و ڕووەو ماڵی ڕۆمان ملیان نا. چونكە ڕۆمان ژانرێكە لەگەڵ ڕەوتی سەرهەڵدانی پیشەسازی و بەرەوپێشچوونی ئابووری سەری هەڵداوە، ئنجاش ڕۆمان چونكە لە پانتایییەكی فراوانتر و كراوەتردا كار دەكات و وەڵام بە پرسیارێلێكی زیاتر دەداتەوە و بەهۆی زۆریی ڕووداوەكان و چوونە ناو یەكیانەوە، سەرنجمان زیاتر بۆ خۆی كێشدەكا و بەهۆی وەسفی ناو ڕۆمانەوە زیاتر لە واقیعەكە نزیكترمان دەكاتەوە، هەر بۆیەش دەگوترێت ڕۆمان ئەدەبی سەردەمە. هەریەكێك لە ئێمە ئامادەیە ڕۆمانێك بخوێنێتەوە، وەلێ كەممان ئامادەین چیرۆكێكی ئێستا بخوێنینەەوە، داخۆ ئەمە لە سۆنگەی چییەوەیە گەلۆ? چیرۆكی ئێستا هێند بە تەمومژ دەئاخێوێ، گەلێك جاران بەیەك خوێندنەوە كۆدەكانی ناكرێنەوە و پێویست بە خوێندنەوەیەكی تر دەكات. كەم خوێنەریش بوار و مگێزی ئەوەی هەیە جارێكی دی بگەڕێتەوە سەر ئەو چیرۆكەی بە ئاسانی كلیلی ڕەمزەكان ناداتە دەست. چونكە ڕۆژ بەڕۆژ مرۆڤ بواری جووڵانەوە و خوێندنەوەی بەر تەسكتر دەبێتەوە. هەڵبەت ئەگەری ئەمەش پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و داگیر كردنی كاتی زۆر و بێ ڕەحمیی بازاڕ و قورسیی ژیانە، كە دەبێ بە دوویدا ڕابكەیت، تا بتوانیت ژیانێكی مەمرە و مەژی بگوزەرێنێ. خاڵی دووەمیش دووركەوتنەوەی ناوەڕۆكی چیرۆكەكانە لە بابەتی ڕۆژ و ئەو ڕووداوە ترسێنەرانەی وەك سێبەر بەدوومانەوەن، من بڕوام وایە مەودای كاری ئەدەب بێ سنوورە و پانتایییەكانی دیاری ناكرێن، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت باس لە ڕووداوە بچووكەكانی شوێنانی تر بكا و ڕووداوە گەورەكانی ئێرەش بە فەرامۆشی بسپێرێت، هەرچەندە ڕووداوی گەورە و بچووك لە ئەدەبدا نییە و دەكەوێتە سەر سەلیقە و توانای نووسەرەكە، چونكە نووسەری زیرەك و بیرفراوان و هۆشیار لە بچووكترین ڕووداو  گەورەترین چیرۆك بەرهەم دێنێت. دەكرێ لە چیروكێكدا جوانترین ڕەخنە لە تیرۆر و شەڕی تایفی و نەتەوەیی بگیرێت، بێ ئەوەی ناوی ببرێت، بەوەی لە میانەی بەرجەستەكردنی ڕووداوێكەوە ئەو تاوانكارییانە ڕیسوا بكرێت. بێگومان چیرۆكیش خۆی لەخۆیدا وەك ژانرەكانی تر فكر و جوانكاری و بەخۆدا چوونەوەیە، تەنانەت ڕێبازی (هونەر بۆ هونەر)یش، كە جەماوەر و موریدی تایبەت بەخۆی هەیە و گوایا  خاڵییە لە فكر، ئینجاش جۆرێكە لەبەرجەستە كردنی فكرێك، كە نایەوێ ناوی بهێنرێ، یاخود شەرمنە و ڕووی خۆ دەرخستنی نییە. لە كۆی ئەم قسانەدا، دەگەمە ئەو ئەنجامگیرییەی بڵێم، چیرۆك ئەگەر شێواز و تەكنیكی خۆی نەگۆڕێ و گۆڕانكاری تێدا نەكرێت، ئەوا ڕووەو پووكانەوە و نەمان ملدەنێ و بەیەكجاری مەیدانەكە بۆ هونەری ڕۆمان چۆڵدەكات.

 ojeen_sabah@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.