بۆ كتێبه شیعری كه‌وتنه‌خواره‌وه له‌تۆ منیش قسه‌یه‌كت بۆ ده‌كه‌م له‌نیوه‌رۆ كۆنتر بێ
له‌ئه‌ده‌بیاتدا ئاسان و جوان نیه مرۆڤ دۆستی دوێنێ ئه‌مرۆ به‌دوژمن بزانێت و لای عه‌وام باسی ڕابردوی تێكئاڵان و ڕاموسانی بن سوانه و ژوانی شه‌وانی ئه‌نگوسته‌چاو بكات.من و شیعر ده‌مێكه ته‌ڵاقمان له‌یه‌كتری وه‌رگرتوه نه‌من ئه‌و ده‌خوێنمه‌وه نه ئه‌ویش دێته ماڵی خه‌یاڵی ئه‌ندێشه‌م.كه‌ده‌ڵێم دۆست،مانای وایه من و شیعر له زۆر شت‌دا هاوبه‌ش بووین،به‌ڵام جاری وا هه‌بوو ئه‌و ده‌هات من ڕام ده‌كرد یان من ده‌چوم به‌ره‌و پیری و بۆ ناو ئه‌و ئاوه‌ی له‌سه‌ر شه‌پۆله‌كان مه‌له‌ی ده‌كرد و بۆم ڕاو نه‌ده‌كرا وه‌ك ماسیه‌كی لوس له‌ده‌ست خه‌یاڵم ڕای ده‌كرد.زۆر جاریش ئه‌و ده‌هات و من ده‌منوسی،ئه‌و ده‌بو به‌وشه من ده‌م كرد به‌شیعر،ئه‌و ده‌هاته باوه‌شی هه‌ست و ناخی ژیریم من نازم ده‌كێشا و لهبێشكهی ئه‌شقدا ڕام ده‌ژاند.
كه ده‌ڵێم نه‌یار،ئه‌و فێڵی لێ كردم،ئێستا وه‌ك ئه‌وسا ئه‌و بۆ ناخم به‌وه‌فا نیه و زۆر زوو ماڵی دڵمی به‌جێهێشت و ئه‌و ئێستا ئه‌و بۆشایه گه‌وره‌یه‌یی ناخی ڕۆحم پڕناكاته‌وه،ئه‌و به‌خۆی نه‌زانیوه كه ده‌بێ بازار جێ بێڵێت چونكه له‌هه‌راج خانه‌ی بازاری ئه‌ده‌بیات هه‌رزانترین نرخی هه‌یه،ئه‌و به‌خۆی نه‌زانیوه هه‌ستی ئه‌و مرۆڤانه‌یه په‌یڤه‌كانی هێنده سه‌نگینن هه‌ر وشه‌یه‌ك به‌قه‌د ئه‌و به‌ردانه سه‌نگینن كه هه‌ره‌می وڵاتی فرعهونهكانی بنیات ناوه و نابێ بێته بازار و وه‌ك یاری منداڵان هه‌رزان فرۆش بكرێت،شیعر دبێ مرۆڤ به‌دوایدا بگه‌ڕێت نه‌ك شیعر به‌دوا مرۆڤدا بگه‌ڕێت،گه‌ر وا بێت و شیعر بفرۆشرێت مانای وایه فرۆشتنی مرۆڤیش ئاسایه.ئه‌گه‌رچی شیعر له‌منداڵدانی هزری مرۆڤدا له‌دایك ده‌بێت،به‌ڵام دروستیش وایه هه‌ر مرۆڤ به‌دوای شیعردا بگه‌ڕێت هه‌ر وه‌ك چۆن من وێڵی ئه‌و بوم نه‌ك ئه‌و وێڵی من بێت، چونكه پێش ئه‌وه‌ی شیعر بۆ كه‌س بنوسرێت ده‌بێ شیعر بۆ خۆی شیعر بێت و بۆ خۆی خۆی نوسیبێت و به‌شیعریش بۆ مرۆڤ بخوڵقێت چونكه شاعیر وه‌ك ژیان و وه‌ك پروشه به‌فر جار له‌دوای جار به‌سه‌ر سروشت دا ده‌باریت و به شیعر ده‌خوڵقێ و به‌شیعریش ده‌توێته‌وه.
شیعره‌كانی نالی و وه‌فای و مه‌وله‌وی مه‌حوی و پیره‌مێرد و گۆران و بێكه‌س و دڵدار و هێمن…بوون به‌سه‌راب،شیعری ئازاد و شیعری سه‌ربه‌ستیش بوون به دڵۆپه ئاوێك و نا شیعری نا شاعیریش بوو به شیعر،ئای له‌م فه‌نته‌ڵۆسه،ئای له‌م دونیا سه‌یره سڵ له‌وه ناكرێته‌وه سنورێك بۆ چاپكردنی ناشیعری ناشاعیر دابنرێت،كه سه‌ره‌تا زۆر شیرینه به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وشه‌كان نابن به‌شیعر له‌به‌رامبه‌ر شیعردا، بۆیه ئه‌و په‌شمه‌كه شیرینه دواجار ده‌بێته ژه‌هری تاڵ.
كتێبه شیعری ” كه‌وتنه‌خواره‌وه له‌تۆ “ی شاعیر ” سدیق علی ” له‌م نوسینه‌ی خواره‌وه‌دا وه‌ڵامێكه بۆ پێشه‌كیه‌كه‌ی سه‌ره‌وه كه له‌سه‌ر ناشیعر و ناشاعیر شتێكم ووت،به‌ڕاستی شاعیر ئه‌وه‌نده جوان به‌شیعری جوان په‌یڤیوه بۆیه من و شیعر جارێكی تر ماره‌ی یه‌كتریمان بڕیه‌وه و ئاشت بوینه‌وه.
من باسی كتێبێك ده‌كه‌م “بۆ تێگه‌یشتن له‌باخچه ده‌بێ تا سنه‌وبه‌ره‌كان داده‌نیشن بهپێوهبین ” كه پڕ به‌باوه‌شی گه‌رم و پڕ له شیعری ناسك و پڕ له‌جوانی و پڕ له خۆشه‌ویستی و پڕ هۆنینه‌وه‌ی ئاوازی ژیان دۆستیه،ئه‌وه‌نده‌ش پڕ له‌هه‌ناسه‌ی ئه‌و وشانه‌یه
“له‌ترسی قاقا ترشاوهكانی كچانی كۆڵان” له‌بیره‌وه‌ری منداڵی خۆی ڕاده‌كات و “نایه‌ڵێت له‌ژێر سوانهیهكی نیوه هه‌تاودا ڕاكشێت”
شیعره‌كانی ئه‌م كتێبه چه‌ند پڕ له‌چریكه‌ی ڕۆحی مرۆڤێكی بێ ئۆقره‌یه بۆ گرتنی مریشكه‌كانی كۆڵان،ئه‌وه‌نده‌ش
“به‌سه‌ر جۆگه‌یه‌كی پڕ ته‌رمی سوێردا ده‌ڕوات\ به‌سه‌ر ئاگرێكی بسك سور و لچك شین‌دا ڕێده‌كات\ به‌سه‌ر دوكه‌ڵێكی چاو سه‌وزو\ ڕووبارێكی پرچ خاو‌دا ده‌ڕوات”
ئه‌م كتێبه پڕا و پڕه له‌نهێنی حه‌قیقه‌ت،نهێنی ئه‌و واقعه كه‌شف ده‌كات كه له‌نێو ڕازه‌كانی وشه خۆیان مه‌ڵاسداوه. هه‌ركه یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ی به‌رگی كتێبه شیعری “كه‌وتنه خواره‌وه له‌تۆ” هه‌ڵمدایه‌وه،شاعیرم له‌نێو شیعری “ئاسن”دا بینی و پێی ووتم:
“دواجار منیش تۆم كهدهرۆی\ منیش ڕهشهبایهكم كه زه‌وقی ئاوڕدانه‌وه‌ی نه‌ماوه\ منیش بڵێسه‌یه‌كی دوكه‌ڵ هه‌ڵگرتوم\ كه خۆڵه‌مێش به‌دوای پێیه‌كانیه‌وه جێ دێڵێ”
منیش وه‌ك خوێنه‌ری شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره به‌شاعیر ده‌ڵێم نا،تۆ ئه‌و شیعره‌ی وه‌ك قه‌نه‌فڵی سه‌رسنگی كیژان هه‌میشه به‌وشه‌ی ناسك بۆن پڕژێنمان ده‌كه‌ی ئه‌ی شاعیر.من له ده‌قی جوانیش تۆرا بووم تائه‌و كاته‌ی تۆم نه‌ناسی و نه‌شمتوانی ده‌قی جوانی شیعری بناسم تائه‌وكاته‌ی بینیم ئاسن له‌شیعری ئاسندا به‌گه‌رمی وشه ده‌توێته‌وه،نه‌رمی وشه ئاویه‌كان له‌شیعری ئاسندا ڕه‌قای ئه‌و ئاسنه له‌به‌رده‌میدا ده‌چه‌مێته‌وه كه هیچ گورزێك نه‌یتوانیوه سه‌ری پێ نه‌وی بكات.هه‌سته‌كانی ئه‌م شاعیره هه‌ستی مرۆڤێكه بارانی به‌هار حه‌دی چیه به‌بێ شیعری ئه‌و ببارێت،پڕوشه به‌فری زستان حه‌دی نه‌بێ به‌بێ وشه‌ی ئه‌و گربگرێت تیشكی خۆره‌تاوی هاوینیش وه‌ك دره‌ختی پایز گه‌ڵا شیعری لێ ببارێت.
سه‌ره‌تای ناسینی ئه‌م شاعیره بۆ من هه‌ر ناوێك بو بۆ شیعر پاشان له‌خول و ده‌وره‌كانی ڕۆژنامه‌نوسی وه‌ك مامۆستای وانه ناسیم،دوای ئه‌وه بۆم ده‌ركه‌وت كه ئه‌و هه‌ر مامۆستای وانه نیه به‌ڵكو هاوڕێیه‌كی بهئهمهكیشه،من له‌و شاعیر و مامۆستا‌و هاورێیه زۆر شت فێر بووم كه پێشتر پێیان ئاشنا نه‌ببووم،بۆیه لێره‌وه قه‌رزداری خۆم ڕاده‌گه‌یه‌نم ئه‌گه‌ر ئه‌و منی وه‌ك ڕۆژنامه‌نوس قبوڵ كردبێت،چه‌نده ئاسانه به‌شداری خول و ده‌وره‌كان بكه‌یت،هێنده‌ش ئاسان نیه ببیت به ڕۆژنامه‌نوس،چه‌ند بتوانیت وشه ڕیز بكه‌یت،هێنده‌ش ئاسان نیه بتوانیت ببیت به نوسه‌رێكی سه‌ركه‌وتوو.چه‌ند ئاسانه شیعر بخوێنیته‌وه،هێنده‌ش ئاسان نیه ڕه‌خنه له‌شیعری شاعیرێك بگریت،چه‌ند ئاسانه بنوسیت هێنده‌ش ئاسان نیه وشه بكه‌یت به‌شیعر.
بیره‌وه‌ریه‌كانی ئه‌م شاعیره سێبه‌ره‌كانی پشت ماڵ و كۆڵانه قور و چڵپاوه‌كانی پشت ماڵ شیعری جوان و درێژییان لێ هونراوه،هه‌ر حه‌ز ده‌كه‌یت له‌ژێر سێبه‌ری خانویه‌كی قوڕدا له‌سه‌ر گڵی ڕشێندراو دابنیشیت و ئه‌و ڕیحانانه بۆن بكه‌یت كه بۆنی شیعریان گرتوه.
هه‌مومان ده‌زانین له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستادا زۆربه‌ی خه‌ڵك له‌جیاتی ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی بیر و هۆش به‌رۆشنبیری گشتی،سه‌رقاڵی خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی باڵهخانهكانیانن به‌ڵام ئه‌و سه‌رقاڵی خۆ دروستكردن و سه‌رقاڵی بنیات نانی باڵه‌خانه‌ی شیعره،بۆیه شوره‌یه شانازی به‌م شاعیره نه‌كه‌ین و شیعره‌كانی به شیعری ئێستا و داهاتو نه‌بینین،شوره‌یه شاعیر هه‌بێ،شیعر هه‌بێ به‌ڵام گوێی بیسه‌ری شیعره‌كانیان نه‌بین.
ئه‌م شاعیره گه‌نجه به‌شداری زۆربه‌ی فێستیڤاڵه گه‌وره‌كانی وه‌كو فێستیڤاڵی ساڵانه‌ی گه‌لاوێژی كردوه و به‌پله‌ی نایاب و زۆربه‌شیان پله‌ی یه‌كه‌م بووه و شیعره‌كانی ئه‌و له‌ڕیزی شیعری ئه‌و شاعیرانهدابووه كه له فێستیڤاڵه گه‌وره‌كانی جیهان خه‌ڵات ده‌كرێن.
ئێستا له‌ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان”ڕاپه‌ڕین” زۆربه‌ی ناوچه‌كانی تری كوردستان،شیعری هاوشێوه‌ی وه‌ك شیعری ئه‌م شاعیره ئاوا داهێنه‌ر وه‌كو ئه‌و له‌شیعردا،له‌م فه‌وزای ئێستای به‌ناو شیعری سه‌ربه‌ست و شیعری ئازاد و شیعره مۆبایل و شیعره نا شیعره‌كان زۆر ده‌گمه‌نه.
هه‌روه‌ك چۆن شیعر و په‌خشانی جاران بوون به بناغه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ئێستای كوردی،پێشبینی ده‌كه‌م شیعره‌كانی ئێستای ئه‌م شاعیره ده‌بنه به‌ردێكی بناغه‌ی ڕاگری شیعری داهاتو له شیعر و ئه‌ده‌بیاتی كوردی.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هه‌نگاوێك له‌هه‌ستی داهێنانی ئه‌ده‌بیات و شیعری ئه‌م ده‌ڤه‌ره بچینه پێش،پێشنیاز ده‌كه‌م به‌رپرسانی ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین پێویسته شاعیر و ئه‌دیبانمان تا خۆیان زیندون به دروستكردنی پهیكرێك یان ناو نانی هۆڵی كتێبخانه گشتیه‌كانی سنوره‌كه یا باخچه و شوێنه گشتیه‌كان به‌سه‌ر بكرێنه‌وه.
شاعیر له‌شیعری “له‌نیوه‌رۆ كۆنتر”دا له‌كتێبه شیعری “كه‌وتنه‌خواره‌وه له‌تۆ” ده‌ڵێ :
قسه‌یه‌كم بۆ بكه
سه‌وز بێت هێنده‌ی سه‌روه‌تی هاوڕێی ڕه‌نگ و فڵچه و ئاو
بێ دین بێت هێنده‌ی پڵنگه‌كانی ماردین
تاریك بێت هێنده‌ی ئه‌شكه‌وته‌كانی قه‌باد
غه‌مبار ئه‌وه‌نده‌ی غوربه‌تی جه‌مال
قوڵ هێنده‌ی مه‌ركانه‌كانی دلاوه‌ر
كورت و درێژ بێت ئه‌وه‌نده‌ی ویژدان و ڕیشی تیرۆرستێكی ماڵ له‌سێبه‌ر
كورت بێت هێنده‌ی
شایه‌تمانی حاجیه‌كی نوێژ فرۆش
سپی بێت هێنده‌ی دایكێكی ده‌ست بهكهف
كورتر بێت له‌ته‌مه‌نی منداڵێكی ڕا كرد‌و له‌حه‌مام.
وه‌ك خوێنه‌ری ئه‌م كتێبه ده‌ڵێم
منیش ده‌ڵێم قسه‌یه‌كت بۆ ده‌كه‌م
كورت هێنده‌ی سێبه‌ری نیوه‌رۆ
درێژ ئه‌وه‌نده‌ی شه‌وگاری پاڕانه‌وه له‌خودا
كورت هێنده‌ی ته‌مه‌نی نزایه‌كی قبوڵ كرا‌و
درێژ ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ونی قه‌یره كچێك
كورت هێنده‌ی نوێژی به‌یانی
درێژ تر له ته‌مه‌نی په‌پوله
كورت هێنده‌ی شه‌ڕواڵی پیاوێكی شه‌هوانی
درێژ ئه‌وه‌نده‌ی مێژووی په‌تی سێداره
كورت هێنده‌ی داگیرساندنی جگه‌ره‌یه‌ك
درێژ ئه‌وه‌نده‌ی پیاسه‌ی شیعرێك
كورت هێنده‌ی خه‌ونێكی خۆش
درێژ ئه‌وه‌ندی كابوسی شیعرێكی شیعرێكی خنكاو
به‌ڵێ منیش قسه‌یه‌كت بۆ ده‌كه‌م
مزر هێنده‌ی ماچی هه‌نارێكی لێو قه‌ڵشیو
گه‌رم ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌نگوستیله‌یه‌كی ماره فڕێدراو
بڵند هێنده‌ی سه‌ری شیعرێكی ئه‌تك كرا‌و.
“كه‌وتنه خواره‌وه له‌تۆ” دواین كتێبه شیعری كاك سدیق علی شاعیره
چاپی 2012