Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
بۆ ڕێگرتن لە بەنۆرماڵبوونی سکانداڵ

بۆ ڕێگرتن لە بەنۆرماڵبوونی سکانداڵ

Closed
by May 27, 2012 گشتی

 

 

سەرۆکی هەرێم هەفتەی پێشوو لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمدا دەنووسێت کە توێژەری ئەمریکیی مایکڵ ڕۆبن لەسەر ئەوەی دەستدرێژیی سێکسیی کردە سەر قوتابیانی زانکۆ، لە کارەکەی دەرکرا. لەبەرامبەردا مایکڵ ڕۆبن بەڕەهایی هەبوونی دۆخێکی وا ڕەت دەکاتەوە. لەم دۆزەدا یەکێک لەم دوو کەسە دەبێت ڕاست نەکەن چونکە ناکرێت لەیەککاتدا ئیددیعای هەردوولایان ڕاست بێت.

بۆ خەڵکی ئێمە بێئەندازە گرنگە دوای ئەم دۆزە بکەوێت و لێی نەگەڕێت تا ئەو شوێنەی بۆی دەردەکەوێت ئایا کام لەو دووە ڕاست ناکەن. ئەگەر دەرکەوێت کە تۆمەتەکەی سەرۆکی هەرێم ڕاستە، ئەو کاتە کۆمەڵگای ئێمە و بەتایبەت میدیاکاران دەبێت پرسیاری ئەوە بوروژێنن کە ئایا دۆخێکی وا بۆچی کاتی خۆی لەناو فەزای گشتییدا نەبوو بە هەواڵ و چۆن بوو لە پشت پەردەوە چارەسەر کرا و کێ بوو بڕیاری دا مایکڵ ڕۆبن سزا نەدرێت. لەوەش گرنگتر، ئایا سەرۆکی هەرێم کە ئەمەی دەزانی، چۆنە ویستوویەتی و پێی ئاسایی بووە تائێستا ئەو زانیارییە لە ڕای گشتیی شاراوە بێت. ئەم پرسیارانە پرسیارن لەسەر سکانداڵێک کە سەرۆکی هەرێم خۆی لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێت ڕووی داوە. ئێمە بینیمان ساڵی پار سەرۆکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی، دۆمێنیک شتراوس کان، بۆ ماوەی مانگ و نیوێک ڕێگەی پێنەدرا لە نیویۆرک دەرچێتە دەرەوە تەنها لەبەر ئەوەی ژنێکی خزمەتگوزار لە ئوتێلێکدا وتبووی گوایە شتراوس کان دەستدرێژیی سێکسیی کرۆدتە سەر. بۆیە گرنگە سەرۆکی هەرێم مولزەم بکرێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە بۆچی ئەو کاتە لە مایکڵ ڕۆبن گەڕا و چۆن بوو تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسیی ئەوی بۆ سەر قوتابیانی زانکۆ بەجیددی وەرنەگرت.

خۆ ئەگەریش دەرکەوت کە مایکڵ ڕۆبن ڕاست دەکات و ئەو تۆمەتەی سەرۆکی هەرێم پێیدا کردووە تۆمەتێکی ناڕاست و پێ لەهەوایە، ئەوا کارەکە زۆر خەتەرناکتر و سکانداڵەکە زۆر گەورەتر دەبێت بۆ سەرۆکی هەرێم. ئەو کاتە مانای ئەوەیە کە سەرۆکی هەرێم بەدئیستیفادەی گەورە لە پۆستی سەرۆکایەتیی ئەم هەرێمەی ئێمە دەکات و کاریگەریی ئەو پۆستە دەقۆزێتەوە بۆ بردنەپێشەوەی شەڕی خۆی لەگەڵ نەیارانی خۆیدا، یان ڕاستتر بڵێین، بۆ پەردەپۆشکردنی کاری نایاسایی و گەندەڵیی خەتەرناک. بڵاوکردنەوەی قسەی هەڵبەستراو لەناو دەقی ڕاگەیەندراوی ڕەسمیی سەرۆکایەتیی ئەم هەرێمەدا بەدئیستیفادەیەکی ئەوەندە خەتەرناکە لە دەسەڵاتدارێتیی و بێمنەتییەکی ئەوەندە گەورەی سەرۆکی هەرێمە بە متمانەی خەڵک کە دەیهێنێت بکرێت بە سکانداڵێکی گەورە لە وڵاتدا کە تا لێسەندنەوەی پلەی سەرۆکایەتیی هەرێم لە بارزانیی درێژەی هەبێت.

دواکەوتنی ئەم مەسەلەیە بێئەندازە گرنگە، بەتایبەت چونکە سەرۆکی هەرێم ئەو تۆمەتەی بەرامبەر بە مایکڵ ڕوبن وەک بەڵگەی ناڕاستیی ئەو قسەیە دێنێتە پێشەوە کە ڕۆبن دەڵێت گوایە مانگی پێشوو مەنسوری کوڕی سەرۆکی هەرێم لە گازینۆیەکی دوبەیدا سێ ملیۆن و دووسەدهەزار دۆلاری لە موڵکی گشتیی ئەم هەرێمەی ئێمەی لە قوماردا دۆڕاندووە. بۆیە بێدەنگەکردن لەو تۆمەتەی بارزانیی بەرامبەر بە مایکڵ ڕۆبن، بێدەنگەکردنە لەئاست تۆمەتێک کە سەرۆکی هەرێم هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی نەچێتە، یان نەبرێتە، پای قسەکردنی ڕاستەوخۆوە لەسەری. لەم سیاقەدا دوو پرسیاری زۆر سادە و ڕەوا هەن کە گرنگە خەڵک و میدیاکان سەرۆکی هەرێم بخەنە ژێر گوشاری وەڵامدانەوەوە پێیان: یەکەم، ئایا هێنانەپێشەوەی باسی هۆکاری دەرکردنی ڕۆبن لە زانکۆ هەر تەنها حیکایەتێک نییە بۆ گواستەنەوەی فۆکەس و کاڵکردنەوەی باسی دۆزەکەی مەنسوری کوڕی؟ دووەم، ئایا بۆچی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم یان پدک لای پۆلیسی ئەمریکیی بە تۆمەتی ناوزڕاندن داوایەک لەسەر مایکڵ ڕۆبن تۆمار ناکەن؟

دەوترێت ئەمە یەکەم جاری نییە سەرۆکی هەرێم لەجیاتی قسەکردن لە خودی بابەتەکە، دەچێت هێرشبەرانە بە خستنەپاڵی تۆمەت و قسەهەڵبەستن لە مینبەری سەرۆکایەتیی هەرێمەوە ڕووبەڕووی ئەو ڕەخنە و تۆمەتانە دەبێتەوە کە ڕووبەرووی دەبنەوە. هەندێکیش ئەمە وەک ئارگیومێنتی ئەوە بەکار دەهێنن کە مادام وایە کەواتە پێویست ناکات دوای ئەوە بکەوین دەریبخەین کە ئەو تۆمەتەی سەرۆکی هەرێم دژ بە مایکڵ ڕۆبن ڕاست نییە چونکە هیچ سوودێکی نابێت و هیچێک لە هەستکردن بە مەسئولییەتی بارزانیی لە قسەکردندا زیاد ناکات.

منیش دەزانم کە بارزانیی سەرۆکێکە کە بۆ پەڕاندنەوەی خۆی لە ڕەخنەی ڕەخنەگران، بێحیسابانە و بێباک لە توڕەیی خەڵک، پەنا دەباتە بەر بڵاوکردنەوەی داتای ناڕاست و شێواندنی ڕاستییەکان و لابردنی فۆکەس لەسەر بابەتە ئەسڵییەکە. هەر بە موبارەکەی ئەو بوو ساڵ و نیوێک بەر لەئێستا لیژنەیەک ئەوەی ڕاگەیاند کە سەردەشت عوسمان تیرۆریست بوو. تیرۆریستبوونی سەردەشت عوسمان زانیارییەک بوو کە لەئاستی فەرمییدا هەر تەنها لیژنەکە و سەرۆکایەتیی هەرێم ڕەسمییەتیان پێدا، ئەگینا لەئاستی شەعبییدا ئێمە هەموو خەڵکی کوردستان، تەنانەت بە سەرۆکی هەرێم و ئەندامانی لیژنەکە خۆشیانەوە، هەموو دەمانزانی و کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە ئەوە درۆیەکی گەورەیە کە سەرکردە پایەدارەکان سەفارشیان دابوو لیژنەکە وا بۆیان داڕێژێتەوە.

ئەمە وایە، بەڵام مامەڵەی دروست لەگەڵ ئەو جۆرە چەکەدا کە بارزانیی بەکاری دەهێنێت ئەوە نییە کە هەر تەنها بێهیواییەک پیشان بدەیت و بڵێیت ئەو فێری ئەو کارەیە و بۆیە پێویست ناکات دوای بکەوین. بەڵکو ڕێک بەپێچەوانەوە، من پێموایە کە تاکە ڕێگایەک بۆ لەدەستوەرگرتنی ئەم چەکە لە بارزانیی ئەوەیە کە ڕۆژنامەکان و ڕای گشتیی دوای بکەون و تا نەبێتە سکانداڵێک بە قەبارەی ئەسڵیی خۆیەوە، نەهێڵن ئەو قسانە تێپەڕن.

دووبارەبوونەوەی زۆری بەدئیستیفادەیەی بارزانیی لە دەسەڵاتدارێتیی و پۆستەکەی خۆی ئارگیومێنتێکە بۆ ئەوەی کە ئەو مەسەلەیە ئیتر بەجیددی وەربگرین و لەسەر ئەو خراپبەکارهێنانەی دەسەڵات، لە سەرۆکی هەرێم بکرێت بە هەڵا، نەک بەپێچەوانەوە. قسەی ئەوەی کە ئەو هەروا بووە، قسەیەکە کە دەیەوێت توانای شۆکبوونی ئێمە بە سکانداڵ لاواز بکات و، سکانداڵ و گەندەڵییە گەورەکان نۆرماڵیزە بکات لە چاوی ئێمەدا. ئەسڵەن ئەم سڕبوونی توانای شۆکبوونەیە کە کارێکی کردووە گەندەڵیی گەورە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕووبدات و لەبەرامبەردا هیچ عاقیبەتێکیشی بۆ بکەرەکەی نەبێت. ئەم نەبوونی عاقیبەتەش خۆی بەدەوری خۆی ڕێگە خۆش دەکات گەندەڵکاران ئیتر ترسی ڕەخنەیان نەبێت و بە خەیاڵی ڕاحەتەوە درێژە بە گەندەڵییەکانیان بدەن.

دیارە ئەم جۆرە ڕەخنەیەی کە دەڵێت ئەمانە هەروان و هیچ سوودێکی نابێت و پێویست ناکات زۆر دوای ئەو بەدئیستیفادانەی سیاسەتمەداران بکەوین لە پۆستەکانیان، جۆرە ڕەخنەیەکی تائاستێکی زۆر باوە لە ناوەندی سیاسیی و ڕۆشنبیریی ئێمەدا. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەم جۆرە ڕەخنەیە زیاتر لەلایەن ئەو تاک و هێزە ڕادیکاڵانەوە دێن کە تەواو ناڕازین لە دۆخی هەنووکەیی و لە دەسەڵاتدارێتیی گەندەڵانەی پدک و ینک. زۆرێک لە خەڵکی ڕەخنەگری ئێمە وادەزانن کاریگەرترین ڕەخنە ئەوەیە بێزاریی دەربڕیت و پێناسەیەکی ڕەش بکەیت بە باڵای بەرامبەرەکەتدا و بڵێیت لەوە باشتری لێ چاوەڕوان ناکرێت. لەکاتێکدا ئەم جۆرە ڕەخنەیە نەک کار لەسەر گوشارهێنان بۆ ئەو کەسە ناکات کە خۆی شایان بە ڕەخنە کردووە، بەڵکو نۆرماڵیزەی ئەو سکانداڵە دەکات کە لەسەر دەستی ئەو قەوماوە و داوا دەکات لەوە زیاتر لەو کەسە داوا نەکەین.

واپێدەچێت هەر بیرکردنەوەیەکی لەم جۆرە بێت لە ڕەخنە کە وایکرد میدیاکان زۆر دوای ئیدیعاکانی مایکڵ ڕۆبن و بارزانیی دژ بەیەک نەکەوتن و لێگەڕان خەڵک هەر داتای تەواوی نەکەوێتە بەردەست کە پیشانی بدات ئایا مایکڵ ڕۆبن یان مەسعود بارزانیی کامیان ڕاست ناکەن، لەکاتێکدا ئەمە بەر لەهەر کەس و دەزگایەکی تر لە کۆمەڵگادا، ئەرکی میدیاکانە دوای بکەون.

 

سیروان عەبدول

                                    sirwanebdul@yahoo.co
                                        26.05.2012

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.