Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
بۆ یادى شەهیدکردنى هونەرمەند ( کاروان عوسمان )

بۆ یادى شەهیدکردنى هونەرمەند ( کاروان عوسمان )

Closed
by September 29, 2009 گشتی

پایزیی خەمێکى تر
زۆر دەمێکە دەمەوێت چەن دێڕێک پێشکەشى هونەرمەندى ئازیز ، پەپولەیەکى نوێ خوازى گەلەکەمان ، شەهید ( کاروان عوسمان )ى گۆرانى بێژو مۆزیسیانى کورد بکەم ، بەڵام لە ئێستادا فرسەتێکى باش بو بۆ ئەو وشانەى ، کە زۆرێکە وەک سەرەتاى شێعرێک لە گیانما ئەڕوێنو سەر هەڵەدەن ، سەرهەڵدانێک وەک شۆرشى لوتکەى بەرزى گۆرانیەک گۆرانیەک لە باران ، گۆرانیەک لە خۆرەتاو ، گۆرانیەک پڕ لە پەروەردەى مرۆڤ دۆستانە ئازیزان دەمەوێت کەمێک لە ئێوە دورکەومەوەو قۆڵ لە قۆڵى کاکە کاروان هەڵپێکمو ، وردە وردە هەر بە پیاسە تا دەچینە جادەى سەوەڵەکە ، کۆمەڵێ خەمى هونەرى کوردى بۆ باس بکەم کە چۆن داڕماوەو ، نە سێبەرێکى هەیە ئێمە لێى بوەستینو نە دیوارە رەنگاو رەنگەکەى ئەوساى مێژو ، کە بە دەستى کۆمەڵێک هونەرمەندى دێرینو نوێ خوازو کلاسیک و فۆلکلۆرو سونەتیو پاپى کوردى بونیات نراو ، ئیستا دێڕ بە دێڕى ونکراوەو وشەو دێڕى بێ سەرەو بەرەى وەک دڕک لە جێى ئەوان دا ئەخزێتە جەستەو رۆحى ئەم میلەتە … لە تەک ئەودا
کاکە کاروانى ئازیز ، چەن خۆشحاڵ بوم کە چاوم پێت کەوت ، بە راستى زۆر تامەزرۆ بووم کە بتبینم ، پێش ئەوەى بتناسم هەستم بە بۆشاییەک دەکرد لە هونەرەکەدا ، بەڵام دواتر کە گوێم لە گۆرانیە دڵپڕەکانت گرت ، تێگەشتم کە ئەگەر زوڵموو ستەمو تەعریبى سیاسیو نەتەوایەتیمان نەبا ، ئێستا هونەرى کوردى زۆر لە پێش بوو ، بەڵام لەوکاتەوەى دەسەڵاتێک لە ژێر ناوى یاساو دادپەروەرى ( وەحدە ، حوریە ، ئیشتراکیە ) ئاوەکەى رشت نەک هونەرى کوردى بەڵکو ( جینى ) نەتەوایەتى کوردى دەسکارى کرد ، ئازیزم تۆ لێرە نیت تا بزانی چى دەگوزەرێت ، گەر لێرەباى ئەو شۆرشگێرانەت دەبینى کە خەونو ئەندێشەى میلەتێک بوون ، ئیتر میلەتێکى تەوەلا ئاگاى لەوە نەبوە شۆرش گێرەکەى کێیەو لە چ توانایەکى فکریەوە هەڵهاتوەو هەڵگرى مەشخەڵى ئازادى بوە ،  ئێستا هێڵەکان بەرەو رەشبونەوە دەچن ، ئەوە بۆ چارەکە سەدەیەکە شاخ هاتوەتە بان جادەو ، بێ ئاگایانە بێ لاکردنەوە بۆ دواوە هەر درێژە پێدەرى ئەو رێبازەى پێشون ، هەر خەریکى سەرو وێزەى یەکترین ، تۆ لێرە نیت تا ببینى ئەم جادەیە ئێوارەى لێ دێ  دەیان مناڵى روتو هەژار باوەش بە کەوشەکانتا دەکەن بۆ کەرتە نانێ ، هەر لەگەڵ تۆزێک تاریک دادێ لە سەر مێزە سورو سپیەکانى رێستۆرانتەکەى سەرکەوت ، پڕ دەبێت لە گەنج بۆ باس کردنى خەمەکانیان ، ئارام خەمباریش خۆییو جانتاکەى شانى دێتو دەس دەکات بە نمایشى شانۆیەکى بێ کۆتایی ، وەک سەربازێکى ونبوو باسى خەمى ئەم نیشتیمانە دەکات ئیتر خەڵک بە دیاریەوە گەش گەش گوێ لە رازوو رەخنەکانى ئەو دەگرن ، هەر ئەوە باسى تۆ دەکاو لە باتى کاروانێ هەزار کاروان لە دەمى دەکەوێتە خوارێ ، هەندێکیش هەن لەگەڵ ئارام پەیدا دەبێت ، وەکو گورگى ترسنۆکى لەگەل بەجێماو ، کۆرسیەکان بە جێ دێڵن ، هەموو رۆژێ هەر لە سبەینان کە رۆژ هەڵدێ دەیانو سەدان پیاوى پیرو پەک کەوتە بە خۆیانو عارەبانەیەکى سەنگین ، لە گەڵ مەرگدا دەجەنگنو کار دەکەنو سواڵ دەکەنو گارەیان دێ ، کەسیش نیە پێیان بڵێ هۆ لالۆ ، ئێوە کەى وەختى کارکردنتان ماوە ئەى ئێوە نەبون نانتان بۆ شۆرش گێڕان دەبرد تا لە برسا نەمرن ، ئەى بۆ ئێستا وان لە سەر جادەو لە برسانا لارەى ملتان دێ ، بە حەفتاو هەشتا ساڵیش هەر کار دەکەن هەر سواڵ دەکەن ، شار شڵەژاو پڕ لە ژاوەژاو ،  حەبەشى ، بەنگلادشى ، ئێرانى ، تورک ، عەرەب ، زۆر خۆشتر لەوانو مناڵەکانى ئەوان دەژین ، ئەدى من چیبکەم لەو رۆژەوە ئاسۆى کوردایەتى روناکى تێ کەوتو ، هەر لەو رۆژەوە جەلادەکانى بەعس لە بەغدادە شومەکەى پایتەختى عێراق ، فویان لە گڕى چراکەى دڵى تۆش کرد ، بەڵام نەیانتوانى یەک گۆرانى تۆ خامۆش بکەن ، نەیانتوانى پەتى سێدارە بۆ گۆرانیو گیتارەکەت هەڵبواسن نەینتوانىو قەتیش ناتوانن …
ئاخر تۆ لێرە نیت تا نامەیەکى تر بنوسیت بۆ خۆشەویستەکەتو بڵێیت ،
( ئەى فریشتەکەم )
 لە نێو ژیانماندا دەنگو رەنگ نەماوە   ،   هەرچى سۆزو خەندەو بیروو رۆییو فەوتاوە ،
 سیماى خەڵکى شاریش وا بە دەس گورگەوە ، من نەبم تۆ نەبیت کێ گورگەکان راوکات
لە کۆتایی نامەکەشتا بنوسیت لەو دنیاش هەر شۆرش بەردەوامە ، کاکە کاروان تۆ لێرە نیت تا ببینیت چۆن کورە جاشو مستەشارو بەعسیە خوێن رژەکان هەر لەوپەرى دەسەڵاتو خۆش گوزەرانى خۆیاندان ، دەسەڵات هەر دەسەڵاتە هاوڕێم ، ئەو هونەرمەندانەى کۆرسو گۆرانیەکانى بەعسیان رێک دەخستو چڵپەیان دەهات ، ئێستاش هەر وان ، هەر کۆنە وان ، تۆ لێرە نیت تا ببینی شاعیرێک هەموو تەمەنى لە پاییزدا ون کردوەو هەموو دڵۆپە بارانو گەڵاو درەختو هەژارو نیشتیمانى نوسیوەتەوەو کەلێنێکى ئەدەبى فرە گرنگى لە مێژودا پڕکردوەتەوە ، کەچى برسى برسى لەوساى مەرگو ژیان برسیترە ، ئەو ژەنراڵەى پاییز ئێستا هەموو قژى سپى سپییەو ، تاکە تاڵێکى هەرگیزاو هەرگیز لە سایەى کەسدا رەش نابێتەوە ، شاعیریش هەیە یەک دێڕى نیە لە سەر لێوى هیچ مرۆڤێک ، کەچى قەسرو قەمەرەى بە سێت هەیە ، هەندێکیشیان حەز دەکەن بچنەوە لادێ !! بەڵام لە لادێو گوندە مۆدێرنەکانى شاردا ، کە خانوى تیا دروست کراوە بە بیست دەفتەر دۆلارە ، ئەوەى ئێستا ریکلامى بۆ دەکات لە تیڤیەکان کە چۆن گاڵتە بە خەڵکى لادێ دەکەن لە دەربڕینى ریکلامەکەدا ، ئەتوانى بەو بیست دەفتەر دۆلارە ، لە گەرمیان پێنج گوندى پێ بکڕى بە مەڕو ماڵاتو داروبەردیەوە ، ئاوایە ژیان هاوڕێم ، کەس نازانێ هێڵى رەشو سپى کامەیە ، خیانەت پڕۆژەیە ، یەکسانى پەژارەیە ، جاسوسى نیشتیمان پەروەرییە ، گەر یەکسان خواز بیت تا دەمریت برسیو دەربەدەر دەبیت ، ئیتر نازانم کەى ئەم شۆرشە لە گیانماندا بە راستى دێتە دەرەوەو بەرو لوتکەى چیا هەڵدێو ، دەبێتە سەربازى بازى بەرزەفڕى بەندى قەفەس شکێن ، تۆ لێرە نیتو نازانى چى دەگوزەرێ ، هەرچى هونەرمەندە ئەیکەن بە موچە خۆرو سەربەستى تەواوى دەبەسنەوە بە موچەکەیەوەو هەرکە فزەى هات ئەو تیکە نانەى دەبڕنو وەسیلەى سەرەتایی ترین ژیانى لێ دەسەننەوە ، ئیدى هەر چاوەرێیە موچەکەى سانتیمێک یان دوان زیادکاو تۆزێ سیماى گەش بێتەوە ، جار جارێکیش کۆمەلێکیان دەنێرن بۆ دەرەوەى وڵات ، جا کە دێنەوە لاى هاوڕێکانیان باسى باڕو هونەرى خواردنەوەو رابواردن دەکەن ، وە سەیرى چەن شوێنێکى کۆنو مێژویی دەکەنو ئاو بێنەو دەست بشۆ ، دى هونەرى چیو نوێێ کارى چی  هەمووى لە بەیتێکا چەقیوەو دەڵێن ، کورە من حەقم چیە  دەس بگرە بە کڵاوەکەى خۆتەوە  ئیتر دە کەس کڵاوى هەیەو هەزار نیەتى ، پیاوى واش هەیە تەڕتەڕ نەباشى لە هەموو شوێنێکو لە هەموو ساتێک بونى هەیە ، فول مواسەفاتە بە قەد بیست مۆزەفیش موچەى هەیە ، ئەونەى من بە ئاگام ئەم مۆسەفاتانەى تیایە ، ئەکتەرە ، گۆرانى بێژە ، میتفەعى دروست ئەکا ، دەمانچە ئەفرۆشێ ، سەفیرى گۆرانى کوردیە ، کە گۆرانى بێژى بیانى دێت ئەو پێشوازى لێ دەکات ، فۆتۆگرافەرە ، بێژەرە ، شۆرشگێڕە ، هەزەلییە ، پارە بە ناوى هەژارانو نەخۆشو دەس کورتەوە کۆ دەکاتەوەو حەپە لوشى دەکات ، مودیرە سکرتێرو سکرتێرەى هەیە ، بە کورتى جۆکەرێکى هەمە چەشنەیە دایمە گاڵتە بە خەڵکیش دەکات ، وە کولفى کولیشە ، لە هەردوو فەنتەڵسەکە خاوەندارێتى هەموو شتێکى هەیە ، لاى هەرکامیان بێت هەر تاقانەیە ، وە زۆر دیوى ترى هەیە کە ئێمە نایبینین ، لەم شارەدا لەم هەرێمە چوار ملیۆن کەسیەدا ، بۆ بۆنە نیشتیمانیەکان دەرۆن لە دەرەوەى وڵات هونەرمەند دێنن بۆ ئەوەى گۆرانى بە باڵایاندا هەڵبدات ، ئتر کەسە بە ناو هونەرمەندەکەش وەک ئەو مەوادە بە سەرچوانە وایە کە لە سینو بەرازیلەوە دەیهێننو دەرخواردى ئەم میلەتەى دەدەن ، ئێ خۆ چار چیە گۆرانى بەشێکە لە پەروەردەو خۆراکى رۆحیشە ، ئیتر مناڵى سەر بێشکەش گۆرانى بە سەر بێوەژن و ناشیرین کردنى نامەى کەسایەتى مێیینە لە سەر زمانیەتى ، ناشزانێ ماناکەى چیە ئەو لە سەر ئەو گۆرانیە ئقاعیە بێ مانایە پەروەردە بوە لە رێگاى گوێچکەیەوە ، کە من لە فێرگەکەى خۆمدا یەکەم کۆرس تەنها باس لەوە دەکەم کە چۆن گوێچکەى خۆت پەروەردە دەکەیت ، بۆ نمونە ئەو کەسانەى کە بە داییمى گوێ لەو گۆرانیە بازاریانە دەگرن ، کاردانەوەیەکى خراپ لە سەر چۆنێتى دەربڕینو هەڵسوکەوتیان لە سەر شانۆى رێرەوى ژیانیان دروست دەکات بە شێوەیەک کەسەکە بێ ئاگایە لێى ، ئەگەر پێى بلێیت گوێ لە مۆسیقاى سەمفۆنى ، یان کلاسیک یان هەر گۆرانیو مۆسیقایەکى باڵا بگرە ، بە شێوەیەکى نامۆو توڕە هەڵەشاخێ پیاتا ، جگە لەوەى هونەرەکانى ترى وەک شانۆ ، سەماى بالێ ، تەشکیلىو ، تاد ،،، هەموى رەفزە بەلایەوە ، لە کاتێکدا ئەو بێ هۆشە لەوەى کە رۆحى خۆى توشى پەژارە کردوە ، چونکە مۆسیقاو گۆرانى ئەو راستیەیە ، کە بەردەوام خۆشەویستىو بەها ئینسانیەکان دەبەخشێتەوە بە رۆحى خود ، وەک ئەو گۆرانیە بە نرخانەى بەرێزت کاکە کاروان کە قەت ماڵ ئاواییمان لێ ناکاو هەمیشە لە ناوەماندا کار لە سەر جوانیو نیشتیمان پەروەریمان دەکات ، ئەوەش بزانە حوکمەتى هەرێم راوێژکارە هونەریەکەى بە ملیۆن دۆلارى لە بەردەسدایە ناتوانێت کارێکى وا بکات یان بە شێوەیەکى یەکسان هاوکارى هونەرمەندان بێت ، چەن بەهرەمەندێکى کۆ کردوەتەوە بە مەیلى خۆى لە لوبنانو تورکیاو ئەو وڵاتە عەرەبیانە رادەبوێرێ ، سوکایەتى بە هەموو کورد دەکات وا دەزانێت ئەم قسانەى ئێمە دەیکەین قسەى بێ شوێنو بێ جێیە ئەمەش شۆرشى کوردى ، ئێمە لە سەرەتاوە واماندەزانى کێشە هونەریەکانمان ئەم راوێژکارە بەرێزە بە جدى کارى بۆ دەکات بەڵام نەمانزانى سوکایەتى بە میلەتەکەشمان دەکات ، رەنگە بڵێت ئەو کچانەم لە ئەوروپاوە هێناوە ئەمانە تەمسیلى کچى هەولێرو کورد دەکەن ، داخەکەم کە هەولێر خۆى بە هۆلاکۆ بەزێن دەزانێ کەچى دەسەمۆى راوێژکارێکى حوکمەتە ، ئینجا کاکە کاروانى ئازیز ..  پارتەکەیشى بە تەمایە بەو ئەفکارانە خەڵک دەنگى بۆ بدات ، هاوڕێى خۆشەویست تۆ لێرە نیت ، تا ببینیت چۆن بە هێمنی کاول بووین ، ئێمە وا لە ناخو سەرماندا نیشتیمانى خەونەکانمان دەسڕنەوە ، خۆزگەم بە خۆت کە لێرە نیت ، خۆزگەم بە خۆت لە ناو دڵى ئەم خاکەدا بەو ئەندێشە پیرۆزە نیشتیمانیەوە راکشاویت ، خۆ من زۆر کات دایکم پێم دەڵێ رۆڵە کە تۆ شەوان درەنگ دێیتەوە دڵم لە مشتمایە ، بۆ دەنوسیت تۆ چیت داوە لەمانە هەزارى وەک منیان جەرگ سوتاو کرد ، منیش دەڵێم دایە نوسینەکانى من زمانى پەپولەیان هەیە ، کەس هەقى منى نیە ، من خۆم خۆم ئەدەم لە گڕى مۆمەکە ، منیش حەز دەکەم شان بەمە ژێر باڵى ئەم وڵاتە بریندارە ، بەڵکو هەموو هەست بکەین بە زامى ، ئاخر خودایە کە من دایکم بۆ فیرارى باوکم دڵى لە مشتیا بوبێو ، بۆ شمشاڵو کاروانى شەهیدانەکەى ئەوساى کاکم هەر دڵى لە مشتیا بوبێو ، ئەمرۆى کوردو کودایەتى بۆ منیش هەر دڵى لە مشتیا بێ ، ئیدى بۆ دایەى منیش وەک دایەى تۆ کاکە کاروان هەر چاوەڕێ هەر چاوەرێ لە ئۆمێدى گەڕانەوەى مندا نەبێت ؟

 

تێبینى : باسکردنى لایەنى رەخنەیی ناکانە ئەوەى کە من هێڵە رەشو سپیەکانم تێکەڵ کردبێت ، بەڵکو بە پێچەوانەوە خەڵکو نوسەرو خوێنەرو رۆشنبیرانى راستەقینە دەزانن ، کێ شۆرش گێڕى راستەقینە بوەو هەیە ، یان هەر شتێکى تر کە بەر باس بکەوێت ، بۆیە من نامەوێت بە شانو باڵیاندا هەڵبدەم شۆرشگێڕى راستەقینە ئەرکى خۆی بە جێ دەهێنێت ، پێویست بە باسکردنى ناکات ، من تەنها لایەنى رەخنەییم باس کردوە هەڵبەت لە ئێستادا هێڵى رەش بە زەقى دیارە ، بۆیە بە زەقیش هەر لایەنى نا کامڵ دێتە باسو خواست ، ئەگەر سروشت کردیو ئەم رەخنەو گلەییانەى ئێمەى گەنج جێى خۆى گرت ، ئەوا بزەى لێومان دەخەینە سەر کاغەزوو بە شانازیەوە پێشوازى لێ دەکەین ، دڵنیاشم لە شوێنى هەموو رەخنەیەک بەدیلێکى فرە باشمان هەیە ، دەنا خۆم ناخەمە بەرپرسیارێتى مێژویەکى رەشو بەتاڵ …
 نمونەیەک : من کە باسى هونەرمەندێکى خراپ بکەم یان هەر شتێکى تر ، پێویست ناکات بڵێم رێزم هەیە بۆ هەموو هونەرمەندان ، چونکە ئەمە نوسینەو پاشان من باسى هونەرمەندى خراپم کردوە ، هونەرمەندبونیش پێش هەموو شتێک ناوێکى پیشەییە ، ئەوە دەبێتە درێژکردنەوەیەکى بابەتى ، من پێم وایە دەبێت نوسین لە قسە کردن زۆر جودا بێت ، لە گەڵ رێزم بۆ تێبینى ئەو برادەرانەى بە هەڵە یان ویستیان وابوە لە نوسینێکى من وا تێبگەن ، ماڵى خۆت رەشو سپى کردنەوەیان لە سەر ماڵى سپى خەڵک ، رەشکردنەوەى هەموو هەوڵکانى ترن …
لایەنگرى : لاى من هەر کەس خۆى بە خزمەتکارى ئەم میلەتە بزانێت ، لە سەر مەیدانى کارکردن بیسەلمێنێت ، ئەوە گەورەترین میداڵى نەتەوایەتى دراوە لە یەخەى ، کاتێک پشتیوانیمان لە لیستى گۆران کردوە ئیتر هەر وا بێخەمانە دەسبەرداریان نابین ، وا بە ئاسانى لیان خۆش نابین ، وە قبوڵیش ناکەین ئۆپۆزسیۆن هەر ئۆپۆزسیۆنى دەمانچە بە لاقەوەکان بێت ، ئێمە چاوەرێین بە زوترین کات نمونەى کارکردنیان ببینین ، من جادەو قیرتاو کردنم ناوێت ، من ژیانم دەوێت ، جادەو بانو ئەو شتانە هەر دەسەڵاتێک هەبێت دەیکات ، چونکە پێش ئێمە خۆیان بە سەریدا دەڕۆن ، وە بینیومانە چۆن جەلادو جاسوسەکان لە کاتى هەڵبژاردنەکاندا دۆلار باران کراون بەس لە بەر ئەوەى ئیدانەى  یەکسانیو خەڵکى فەقیرو هەژارى کورد بکەن ، بە هەدەردانى پارەیەکى زۆر بۆ کارێکى بێ بنەما ، ماناى ئەوەیە خەڵکى کوردوستان ئێمە سوکایەتیتا پێ دەکەین ئەوەتا پارەى قەڵەموو دەفتەرو خواردنو ئاوی پاکو هونەرو هەموو شتێکى ئێوە ، ئەخەینە ژێر پێمان ….

    
     نوێنەر ئەحمەد
                                      
    باپیرانمان خەمیان دەخوارد 
     بەڵام ئێمە خەم دەمان خوات ،،،
باپیرانمان خەم وەکو تەم پەنجەرەى دڵى دەگرتن ،
خەمی ئێمەش خەنجەرێکەو وا لە مێشکا ……
   خەمى ئەوان جوتێ چاو بوو ، عاشقێکى پیتى ناو بوو
 دوو شاباڵى لێ دەڕواندن دەفڕین دەفڕین ….
   خەمى ئێمەش مستێکى قورسە بۆ ناو دەم 
       جوتێ چاوى پڕ لە قینە ، توشت دەکاو جێت دەهێڵێ

 کاروان عوسمان

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.