Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
بیرەوەری ساڵیادی (٩٥) ساڵەی شۆڕشی رووسیا

بیرەوەری ساڵیادی (٩٥) ساڵەی شۆڕشی رووسیا

Closed
by November 7, 2012 گشتی

 

شۆڕشی رووسیا چۆن شکستی هێنا؟

شۆڕشی رووسیا (ئۆکتۆبەری ١٩١٧ ) لە گەل پێشوازیەکی ئێجار گەورە و پڕ لە جۆش و خرۆشی جەماوەری لە سەرتاسەری جیهان بەرەو رووبۆوە. لە ناوەڕاستی کوشت و کوشتاری خوێناوی جەنگی جیهانی یەکەمدا شوراکانی “کرێکاران” و “سەربازان” توانیان دەسەڵاتی ووڵات بە دەستەوە بگرن. حکوومەتی نوێی سۆڤیەت، رووسیای لە جەنگ هێنایە دەرەوە، دەستی برد بۆ هێنانەکایەوەی ریفۆرمێکی ئەوپەڕ. کۆمیتەکانی کارگە دەستیان گرت بە سەر کارگەکاندا. جووتیارەکان بوون بە خاوەنی زەوی یەکانیان. دەسەڵاتی یاسادانان زۆرترین ئازادی دا بە ئافرەتان هەتا بە بەراورد بە  پێشکەوتووترین وڵاتانی جیهانش.

دەسەڵاتداری حکوومەتی تازە پەیامی دا بە گشت کرێکاران و گەلانی چەوساوە لە سەرتاسەری جیهان پەیوەست بن بە شۆڕشەکانی خۆتانەوە. هیچ سۆسیالیستێکی واقیعی ناتوانێ ئەم کۆشش و هاوپشتی یە درەوشاوەیە لە بەر چاونەگرێت.

لە گەڵ ئەوەشدا، هەر لە سەرەتاوە ئەم ڕژێمە سۆسیالیستە ساوایە ڕووبەرووی کێشەی زۆر گەورە بۆوە. سوپا سپییەکان جەنگێکی ناوخۆیی دڕندانە یان دەست پێکرد بە پشتیوانی سەرەکی حکوومەتە سەرمایەدارە مەزنەکان. ئەگەر چی رووسیا لە جەنگی جیهانی یەکەم دا زۆرترین سەربازی لە دەست دا لە هەر هێزێکی تری ئەو کاتەدا. پاش ئەمەش، لە جەنگی ناوخۆیی دا ڕێژەی مردن لەمەش زیاتر بەرز بۆوە. هەروەها تەشەنەکردنی هەژاری بووە هۆی گیان لە دەست دانی پێنج ملیۆن هاووڵاتی بە هۆی نەخۆشی گرانەتا (تیفۆس).

ئەو چینی کرێکارە ڕاستەقینەیەی کە شۆڕشی ١٩١٧ ی ڕێبەرایەتی کرد، کە زۆربەی دانیشتوانی شارەکانیان پێک دەهێنا کەوتنە بەر پەلاماردان، ژمارەیەکی زۆر لە باشترین و بە پرەنسیپترین چاڵاکوانەکانی چینی کرێکاران گیانیان لە دەست دا لە پێناوی بەرگریکردن لە شۆڕشەکەی خۆیان، لەهەمان کاتدا ئەوانەی مابوونەوەش بەردەوام بوون لە بەرێوەبردنی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی یە نوێیەکان. 

لەم پرۆسەیەی سەرکەوتنی جەنگی ناوخۆیی دا، ڕژێم لە ناوەوەڕا بۆگەنی (گەندەڵی) کردبوو. سیاسەتی زەبروزەنگ جێگای دیموکراسی جەماوەری گرتەوە و چوارچێوەی ژیان یانی  زیاتر و زیاتر بەرتەسک دەکردەوە. لینین لە لێکۆلینەوەکانی دا لە سەردەمانی ساڵانی ١٩٢٠دا، ئەو کات زۆر ڕاستگۆیانە و بێ بەزەیێتی گوتی، ” کرێکاران و جوتیارانی ئێمە” ئازار دەکێشن بە دەست دەوڵەتێکی نەخۆشی بیروکراتیکی مەترسیدار.”

لینین و هاوڕێکانی هەمیشە ئەوەیان دووبارە دەکردەوە ئەگەر شۆڕش پەرەنەسینێت (بڵاونەبێتەوە) بۆ ووڵاتانی تر، ئەوە لەوانەیە تووشی شکست دەبێت. شۆرشی رووسیاش ڕووبەرووی ئەم گۆشەگیریی و مانەوە بوو. لینین قوولتر ئەمەی شیکردەوە کە پێی وابوو لە ناوخۆی رووسیەشدا “بەناخداچوون بیروکراتیک””bureaucratic degeneration”  زیاتر دەبێت. لە ناوەڕاستی ساڵانی بیستەکاندا ستالین بوو بە سەرۆکی پارتی دەسەڵاتدار، وازی لە ئەنتەرناسیونالیزمی بەلشەفیکی هێنا. لە دوای ئەوەش ستالین جاری دا کە “سۆسیالیزم لە یەک وڵاتدا” ئیمکانی هەیە و پەسەندە. 

تاوەکو نیوەی ساڵانی بیستەکانیش وەسفەکانی لینین بێ زیاد و کەم لە سەر رووسیا ڕاست و دروست بوون. بەڵام لە کۆتایی بیستەکاندا ستالین ئاراستەیەکی تازەی گرتەبەر، ڕایگەیاند کە لە سەر رووسیا پێویستە سیاسەتی” پێگەیشتنەوە و بەجێهێشتن”جێ بەجێ بکات لە “catch up and overtake” بەرامبەر بە ووڵاتە سەرمایەدارە مەزنەکانی جیهان. 

ئەم سیاسەتە تازەیە لە بەرنامەی پێج ساڵەدا پەسەند کرا. ئەم پرۆژەی بە پیشەسازی کردنە هێرشێکی دڕندانە و هەمەلایەنە بوو بۆ سەر داخوازییەکان  و مافەکانی خەڵک. ئەم کاتەی کە کرێ ڕاستەقینەی کرێکاران چوو بووە سەرەوە لە ساڵانی بیستەکان دا، لە بەرنامەی پێنج  ساڵیدا بە زەبروزەنگ هێنایانەوە خوارێ. لەو کاتەی کە جووتیاران زەوییەکانیان بە دەست هێنا لە ساڵی ١٩١٧دا، دوا بە دوای ئەوە مەجبوور کران بۆ بەرنامەی هەرەوەزی کشتوکاڵی. ئەمەش بە کردەوە مانای رەتکردنەوەی یەکسانیخوازی نێوان هەموو مرۆڤەکان بوو، کە خۆی لە خۆیدا سیاسەتێکی ئەنتی سۆسیالیستی بوو.      

ستالین لە ژێر ناوی “بنیاتنانی سۆسیالیزم” لە باڵاوە (لەسەرەوەڕا) سیاسەتی شۆڕشی چەواشەی بەرێوە دەبرد. ئەو پاشماوە دیموکراسییە جەماوەرییەی کە هی دەورانی ساڵی ١٩١٧ بوو، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەمووی سڕینەوە. ئۆردوگای زۆرەملێی کاری دروست کرد، کە ملیۆنەها کرێکاری کۆیلە تیایدا کاریان دەکرد. لە ساڵی ١٩٣٠ دا پۆلیسی سیاسی ستالین تاک بە تاکی ئەم کۆمۆنیستانەی زیندانی کرد یاخود تیرۆرکرد کە نوێنەرایەتی بیرەوەری ڕاستەقینەی شۆرشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ بوون. 

تراژیدیاکە لەوەدا بوو، زۆری کۆمۆنیستەکان و ئەندامانی پارتە کرێکارییەکان لە سەرتاسەری جیهان دەیانزانی ستالین درۆ دەکات، بەڵام لە هەمان کات دا بەرگری یان لە م بارودۆخە کارەسات بارەی رووسیا دەکرد بە وێنەی سۆسیالیزم.

لە بەرەی چەپەوە، ئەوانەی ئۆپۆزیسۆنی ستالین بوون و تێدەکۆشان بۆ ئەوەی نیشانی بدەن ئەوەی کە لە رووسیادا روو دەدات مانای چی یە. لیۆن ترۆتسکی، بەرجەستەترین و بەرچاوترین نەیاری ستالین بوو، ئەو (ترۆتسکی) هێشتا هەرلە ژێر فۆرمەلەی ڕەخنەکانی ساڵی ١٩٢٠ ی لینین دا بوو، ئەو دەیگوت رووسیا “دەوڵەتێکی کرێکاری ناتەواوە” “degenerated workers’ state”. بۆ ترۆتسکی، بوونی موڵکداریەتی دەوڵەتی مانای ئەوە بوو، لە بارێکدا شتێکە لە سۆسیالیستی، هەتا ئەگەر فۆرمێکی لادەرانەش بە دەستەوە بدات. ترۆتسکی باوەری بەوە نەبوو کە چینێکی باڵادەستی تازە دروست بووە لە رووسیا.

کەسانی تریش، بۆ نموونە وەکو ماکس شاچمەن  Max Shachtman ی ئەمریکایی، پێی وابوو رووسیای ستالینی کۆمەڵگایەکە لە سەر ئەساسی چەوساندنەوەی چینایەتی دامەزراوە. بەڵام هیچ لێکدانەوەیەکی نەبوو لە سەر هەڵمەتی ستالین سەبارەت بە پیشەسازی دانان و برەوپێدانی، یاخود بایەخ دان بە پیشەسازی قورس و تەقەمەنی، کە تەواوی پارەو تێچوونەکەشی دەکەوێتە سەر شانی جەماوەر.

کێشەو ناکۆکییەکانی جەنگی جیهانی یەکەم بووە هۆی ووریابوونەوەیەک. کە ستالین توانی دەسەڵاتەکەی درێژ بکاتەوە بۆ سەرانسەری ئەوروپای ڕۆژهەڵات، ئەویش بە دانانی دەسکەلاکانی لەم ووڵاتانەدا و کۆپی کردنی هەمان ڕژێمەکەی خۆی. ئایا ئەمانە حکوومەتی کرێکاران بوون؟ ئەگەر وابێت، مانای وایە سۆسیالیزم چی تر پێویستی بە شۆڕشی کرێکاری نی یە.

لە کۆتایی ساڵانی ١٩٤٠ دا تۆنی کلیف  Tony Cliff سەرئەنجام باشترین تیۆری مارکسیستی لە سەر رووسیا و ئەوروپای ڕۆژهەڵات پێشکەش کرد. ئەو سوور بوو لە سەر ئەوەی رووسیای ستالینی بە هیچ شێوەیەک حکوومەتی کرێکاری  نی یە و هەتا حکوومەتێکی کرێکاری ناتەواویش نییە.

بە بەڵگەوە، موڵکداریەتی دەوڵەتی (سەرمایەداری دەوڵەتی ) به هیچ جۆرێک سۆسیالیستی نی یە- و تەنها بە خۆمالی کردنی پیشەسازی یە، وەکو ئەوەی لە بەریتانیاش رووی دا، بۆ نموونە خەلووزی بەردین کە کرێکارانی خەلووز لە ساڵی ١٩٨٤ دا جەنگیان لە بەرامبەریاندا بەرپاکرد. سەرمایەداری دەتوانێ بەشێک بێت لە موڵکداریەتی دەوڵەتی (سەرمایەداری دەوڵەتی)، هەر وەکو مارکس و ئەنگلسیش لە سەدی نۆزدەهەمدا  مشت ومڕ یان لە سەر کردووە.

ستالین پاشکەوتووی ئابووری کۆمەڵگای رووسیای کردە مەسەلەیەکی زۆر پێویست و بەهانە بۆ گرتنە بەری سیاسەتی “فریاکەوتنەوە و بەجێهێشتن”، ستالین ڕێچکەیەکی سەرمایەداری تایبەت بە خۆی پیادە کرد. رووسیای ستالینی بە ڕێک و ڕەوانی  بوو بە کۆمەڵگایەکی چینایەتی، دوا بە دوای ئەوە توند و تیژترین چەوساندنەوەی بەکارهێنا لە بەرامبەر بە چینی کرێکاران، ئەمەش بووە هۆی گەشەی خێرای ئابووری لە ساڵانی سیەکاندا.

بەڵام سەرمایەداری تەنیا چەوساندنەوە ناگرێتەوە، بەڵکو پێشبڕکێ (بەربەرەکانی)شی تێدایە. بە هیچ جۆرێک ئیمکانی نییە “خود بە خودی” لە رووسیا سەردەربکەیت. بەڵکو ئەمە بەشێکە لە پێشبڕکێی ئابووری جیهانی.

میکانیزمی سەرەکی بەربەرەکانی لە روسیادا، پێشبڕکێی میلیتاریزم بوو. بۆیە دروست کردنی چەک و تەقەمەنی پێویستییەکی لە پێشتری هەبوو لە دروستکردنی کەرە لە گەشەی ئابووریدا. 

رووسیا و پاشکۆکانی (ئەوروپای ڕۆژهەڵات) وەکو بەشێک لە سەرمایەداری جیهانی تووشی قەیرانی ئابووری بوون. کە بووە هۆی پێشهاتی چەندین ڕووداو و شۆڕشی مەزن لە ساڵانی پەنجاکاندا لەوانە: ئەلمانیای ڕۆژهەڵات، پۆلەندە، هەنگاریا و چیکۆسلۆڤاکیا. لە کۆتاییشدا (سەرئەنجام) تەواوی ماڵە گەورەکەی ستالینیزم لە ساڵانی ١٩٨٩- ١٩٩١ ڕووخا، لە گەل ئەوەشدا زۆربەی ئەو ووڵاتانە بە شۆڕشی جەماوەری زۆر مەزن هەرەس یان هێنا. لەم ئەزموونە تراژیدیانە دوو خاڵی گرنگی لێ بەرز بۆوە. یەکەم، پێویستە سۆسیالیزم ئەنتەرناسیونال بێت، ئەگەر نا لە ناوخۆیدا یاخود لە دەرەوە شکستی پێ دێنن. دووەم، سۆسیالیزم و دیموکراسی بەرفراوان ئەلقەیەکە و هەڵناوەشێتەوە. 

 

  ئەم وتارە لە ڕۆژنامەی کرێکاری سۆسیالیست (Socialist Worker) www.socialistworker.co.uk } {بڵاوکراوەی پارتی کرێکارانی سۆسیالیست- بەریتانیا { www.swp.org.uk } بڵاوکراوەتەوە. کە لە بنچینەدا زنجیرە وتارێکە لە چەندین ژمارەی یەک لە دوای یەکی رۆژنامەی کرێکاری سۆسیالیست بڵاو بۆتەوە.  

 دەربارەی نووسەر:

کۆلین بارکر (Colin Berker) لە ساڵی ١٩٣٩ لە دایک بووە. پێشتر مامۆستای کۆمەڵناسی بووە لە زانکۆی مترۆپۆلیتن لە شاری مانچستەر لە بەریتانیا. لە گەل ئەوەشدا نووسەر و مێژوونووسێکی مارکسیستە. خاوەنی چەند پەرتووک و نامیلکە و وتاری جۆراو جۆرە. هەروەها هەموو ساڵیکیش یەکێکە لە وتاربێژانی ڤیستیڤالی مارکسیزم لە لەندەن. کۆلین بارکر لە ساڵی ١٩٦٠ وە ئەندامی پارتی کرێکارانی سۆسیالیست- بەریتانیایە، کە جاران ناویان “سۆسیالیستە ئەنتەرناسیونالەکان” بوو. بۆ زیاتر شارەزابوون و ئاشنابوون بە بیروباوەر و بابەتەکانی کۆلین بارکر دەتوانن سەردانی ماڵپەری ئەرشفی مارکسیستەکان بکەن لە ئۆنلاین بەم ناونیشانە: 

 http://www.marxists.org./history/etol/writers/barker-c/index.htm

 

نووسینی: کۆلین بارکر (Colin Barker)    

و.لە ئینگلیزییەوە: ئازاد ئارمان azadarman@hotmail.com / 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.