بێجگه له من ..هه‌ر هه‌موویان عاشق بوون
*شوێن: هه‌ولێر..
*گه‌ڕه‌ك: كوران..
*كات: ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كان..
*قۆناغی : هه‌رزه‌كاری..
كه ئاوڕ له‌و رۆژگاره دوور و دێرینه ده‌ده‌مه‌وه، كۆڵێك سه‌رسام ده‌بم، چونكه زۆر چاك له یادمه كه هێشتا دوا قۆناغی سه‌ره‌تاییمان ته‌واو نه‌كرد بوو، زۆربه‌ی كوڕیژگه‌كانی براده‌رم خۆیان وه‌ك عاشق ده‌نواند،زۆرینه‌ش به دوو ساڵ پۆلێكیان ده‌بڕی، بۆیه فه‌راقه ببوون، من ده‌زانم پێناسه‌ی عاشق و عیشق وه‌ها ئاسان نیه، لێ ئه‌و وه‌خته هه‌ر وا باو بوو، ناز و فیزێكی گه‌نجانه‌ش بوو كه له‌و نازناوه كه‌متریان نه‌وێت، وا مه‌زه‌نده ده‌كه‌م رۆڵی فلیمی هیندی له‌وه‌دا جێنه‌خشی رۆحی خۆی له‌سه‌ر هه‌مووان دانابوو، ئه‌و فلیمانه هه‌ر هه‌موومانی خۆشخه‌یاڵ كردبوو كه ئێمه‌ش گه‌وره ده‌بین و یارو دڵخوازی خۆمان ده‌بێت، من یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی كه كچه‌و كوڕه‌ی عاشقی ناو فلیمه‌كه بۆ یه‌كدی نه‌ده‌بوون، به مه‌رگ یان لێكدابڕان كۆتایی ده‌هات، نه‌خۆش ده‌كه‌وتم و شینی حه‌سه‌ن و حوسه‌ینم ده‌كرد، دایكه كڵۆڵه‌كه‌م وه‌ك خه‌سته‌یه‌كی ناو جێگا‌و كه‌وتوو به ده‌ردێكی ئیلاهی خه‌می لێده‌خواردم و نه‌یده‌زانی بۆ وا زوو زوو ده‌كه‌ومه ناو جێگا، به‌ده‌م نزا‌و پاڕانه‌وه له خودا ده‌پاڕایه‌وه كه كوڕیژگه‌كه‌ی لێنه‌ستێنێت، زۆربه‌ی هاوڕێكانی گه‌ڕه‌ك هه‌ر به ڕاستی یان به خه‌یاڵا ” ده‌سته گوڵی” یان ” ده‌سكه گوڵی” خۆی ده‌ستنیشان كردبوو، ئه‌و دوو ده‌سته‌واژه‌ی ناو كه‌وانه‌كان له‌و رۆژگاره‌دا بۆ هه‌ڵبژاردنی ” یار” به‌كار ده‌هات، هه‌روه‌ها” قل” یشی پێده‌وترا، خۆ هه‌ندێكجار ده‌بووه شه‌ڕ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی هه‌مان كچۆڵه له‌لایه‌ن دوو یان سێ كوڕی كه‌له‌كه‌وێت، كه جاری وا هه‌بووه خوێنی تێدا ده‌ڕژا، له‌وه‌شدا بوو كچه‌ی هه‌ش به‌سه‌ر هه‌ر ئاگاشی له‌و جه‌نگی تۆلازانه نه‌بوو، هه‌ڵبه‌ت جار بووه كه له هیچ و خۆڕایی كچه‌ی به‌سته‌زمان، نه خواردی و نه‌كردی، له‌كه‌دار ده‌بوو كه دوو سێ هه‌تیوی لاكۆڵان و په‌ته‌ڕی ده‌موددانی یه‌كدیان ده‌شكاند، جا وه‌ره كچه‌ی تاین ئابڕووی له‌هیچه تكاوت، كۆ بكه‌ره‌وه. من ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت به‌وه سه‌رسامم كه چۆنچۆنی هه‌ر هه‌موو كوڕه‌كان نازناوی شاعیرانه‌یان هه‌ڵگرتبوو، هه‌ر هه‌موو نازناوه‌كانیش: غه‌مبار و بێچاره‌و شێواو و دڵبه‌ند و بێلانه و خامۆش…هتد. من كه هێشتا نه‌مده‌وێرا به ته‌مه‌نه‌وه عاشق بم و نازناوێك بدۆزمه‌وه، به‌دزیی و یان به‌ئاشكرا شیعران بۆ دولبه‌ره‌كه‌م بنووسم، منێك كه ئه‌وه‌نده ڕیوه‌ڵه‌و جیقن و نابووت بووم، له هه‌رچی بچوومایه، هی ئه‌وه نه‌بوو فیزی ئه‌وه‌م هه‌بێت بڵێم دڵخواز و قلی خۆم هه‌یه، له هه‌مووی كوشنده‌تر ئه‌وه بوو كه باڵق بووم و دایكم پێیزانی، فه‌رمانی ده‌ركرد كه ئیتر منداڵی ته‌واو، بۆم نیه وه‌كی جاران له‌گه‌ڵا كچانی گه‌ڕه‌كێ گه‌مان بكه‌م و هه‌موو كچانی گه‌ڕه‌ك خوشكمن و ژنه‌كانی دایكمن، ناكرێت و نابێت سه‌ر به‌رز بكه‌مه‌وه و له كچه‌كان ڕابمێنم، ئه‌وه‌یان حه‌رامه و خودا كوێرم ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌م بڕوا به دایكم بوو.. ئه‌وه‌نده‌م خۆشده‌ویست كه ناچار بووم به گوێی بكه‌م، هه‌ر به‌وه‌نده‌ش نه‌وه‌ستا، په‌لی منی گرت بردمی بۆ لای ” مه‌لا حه‌سه‌ن” تكای لێ‌كرد كه هه‌موو “قورئان”م پێ خه‌تم بكات، هه‌ر واش بوو، له‌و ته‌مه‌نه ساوایه‌وه كه‌وتمه رۆژوو گرتن و نوێژكردن، به جۆرێك كه هه‌موو ده‌مێك ناوپستێرم ته‌ڕ بوو، به‌ته‌واوی بووم به سۆفی قوون ته‌ڕ، كچی چی و گه‌زی چی و جاوی چی..!
هه‌ر به‌ڕاستی بێ تامم كردبوو.. جار هه‌بوو پێكه‌وه له‌گه‌ڵا یوسف ـ ی براده‌رم كێبڕكێمان ده‌كرد كه كامه‌مان ده‌توانین دوو مانگ و سێ مانگ بێ‌وچان خۆمان ڕابێنین و سه‌یری كچان نه‌كه‌ین، هه‌ردووكمان خه‌ونمان به‌وه‌وه ده‌بینی كه وه‌ك یوسف پێغه‌مبه‌ر داوێنپاك بین و سه‌د “زوله‌یخا” نه‌توانێت فریومان بدات.!! ئه‌م مه‌شق و ڕاهێنانه‌ی خۆ به فریشته‌زان بۆ من دوازده ساڵی خایاند، ئه‌وه‌ی ئاسووده‌ی ده‌كردم چوونه به‌هه‌شت نه‌بوو به ته‌نیا، به‌ڵكو شاگه‌شكه‌بوونی دایكم بوو به كوڕه‌كه‌ی كه خه‌ریكه دوو باڵی لێده‌ڕوێت و ده‌فڕێت، وه‌ك باوكه نه‌گریس و قومارچی و له دین هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كه‌ی نیه‌و هه‌موو گه‌ڕه‌ك سوێند به‌سه‌ری ده‌خوات. وه‌لێ خۆ ناكرێت من “پووشكه‌به‌قنگه” یان ئه‌و مه‌له به‌هه‌شتییه‌ش بووبم كه ته‌نها جریوه‌جریوم بێت. هه‌ر ئه‌و ده‌ورو زه‌مانه “ئیدریس”ی براده‌رم به حه‌ز و له‌زه‌تێكی زۆره‌وه فێری دوو شتی دژ به یه‌كی كردم: نوێژ و خۆ ڕه‌حه‌تكردن..!
ماڵوێرانم خۆم.. ده‌بوو پتر خۆم سزا بده‌م و قورئان بخوێنم و نوێژان بكه‌م و رۆژوو بگرم و نه‌زه‌ر نه‌كه‌م و..نه‌كه‌م و..نه‌كه‌م و .. تا به‌ر نه‌فره‌تی خودا نه‌كه‌وم، ئاخر خوێندبوومه‌وه كه خودا له رۆژی قیامه‌ت سه‌یری رووخساری حه‌وت كه‌س ناكات، یه‌كێكیان ئه‌و كه‌سه‌یه كه ده‌ستپه‌ڕ ده‌كات، وای له خۆم ڕه‌نج به خه‌سارێ!
گه‌رچی له‌و رۆژگاره‌دا گه‌ڕه‌كی ئێمه به خه‌ڵكی هه‌ژارو كه‌مده‌رامه‌ت ئاوه‌دان بوو، ژیان ته‌ژی بوو له ڕه‌نج و خۆڕه‌تاندن بۆ پاروویه‌ك نان، وه‌لێ نه‌خۆشی و نه‌بوونی و خه‌م و وه‌یشوومه‌ی زینده‌گی واینه‌ده‌كرد كه‌س نووچ بدات و چه‌كه‌كانی له به‌رامبه‌ر دێوه‌كانی زه‌مانه‌دا فڕێ بدات، به‌تایبه‌تی مێردمنداڵان و هه‌رزه‌كاره‌كانی، ئه‌و ته‌مه‌نه هی ئه‌وه‌یه كه له هیچه دڵت به كه‌مترین شت خۆش بێت، له یادمه زۆرینه تاوه‌كو پاره‌ی چوونه سینه‌مای په‌یدا ده‌كرد..به‌رد شه‌قی ده‌برد. هه‌میشه وا رێكده‌كه‌وت كه ژماره‌یه‌ك له‌و كوڕانه چوست و چالاك بوون، جیڕ و ڕكابه‌ر كه له هیكڕا كارێكیان ده‌دۆزییه‌وه و گیرفانه‌كانیان به عانه‌و ده‌فلوس و درهه‌م ده‌زرنگایه‌وه، هاوینان وه‌ختی پشووی مه‌كته‌ب زۆربه‌ی كوڕیژگه‌كان ده‌چوونه قوڕكاری، من بۆ خۆم ته‌مه‌نم نۆ ساڵ بوو كه بۆ یه‌كه‌مین جار ویستم دڵی دایكم خۆش بكه‌م، له‌ته‌ك وه‌ستا “سمكۆ” ی دراوسێمان چوومه سه‌ر خانوویه‌ك كه گه‌یشتبووه سه‌ر ئاستی چیمه‌نتۆ گرتنه‌وه بۆ سه‌ر ده‌رگا و په‌نجه‌ره، بۆ به‌دبه‌ختی نه ده‌ستكێشی لاستیكم پێ‌بوو، له‌وه‌ش خراپتر له ناو هه‌موو ئه‌و قاپانه‌ی كه ده‌بوو چیمه‌نتۆی گیراوه‌ی پێ بكێشینه‌وه بۆ وه‌ستاكه‌مان، زێده له هه‌مووان قاپه‌كه‌ی من كون بوو، دره‌نگیش پێمزانی، كه پێشمزانی كار له كار ترازا بوو، چونكه شۆڕاوگه‌ی چیمه‌نتۆكه به هه‌ر دوو ده‌ستم و سینه‌و سك و بگره به‌ناوگه‌ڵمدا جۆگه‌له‌ی ده‌به‌ست تاوه‌كو له‌ناو پێڵاوه لاستیكه‌كانمدا هه‌ر دوو پێم خرچه خرچی ده‌هات، تا گه‌یشتمه ده‌مه‌و نیوه‌ڕۆ زانیم كه هه‌موو جه‌سته‌م به‌و تێزابی چیمه‌نتۆیه سووتاوه، وه‌لێ به‌رگه‌م گرت چونكه پێم شه‌رم بوو بڵێن منداڵێكی بێ غیره‌ت بوو، نیوه‌ڕۆ به شه‌رمه‌وه داوای گۆڕینی قاپه‌كه‌م كرد، وه‌ڵامه‌كه‌یان جه‌رگبڕ بوو، وتیان قاپی زیاده‌ی لێ نیه، له هه‌مووی كوشنده‌تر پێستی گوونم بوو كه ئه‌ونده ناسك و ته‌نك بوو به‌ته‌واوی ئاگری به‌ردا بووه دڵم، له مزگه‌وتێكی نزیك ئاوم پێدا كرد.. وه‌لێ هه‌یهات.. نه‌مده‌وێرا سه‌یری بكه‌م، نیوه‌ڕۆ نان و ته‌ماته و ترۆزیم به ماستاوه‌وه خوارد، تاوه‌كو پاره‌كه‌م بۆ بمێنێته‌وه، چه‌ند جارێك به‌دزییه‌وه هه‌ر دوو ده‌ستم خسته ناو ماستاوه‌كه چونكه چیمه‌نتۆكه به ته‌واوی سووتاندبووی. ئه‌وه‌ی وایكرد دلێرانه بمێنمه‌وه و به‌رگه بگرم، له‌تاو ئه‌و جه‌هه‌ننه‌مه‌ی بۆم داگیرسا بوو به‌و چله‌ی هاوینه غار نه‌ده‌م، ئه‌و داخه بوو كه ده‌ترسام لای باوكم ڕسوا بم و به ناپیاوم بزانێت، چونكه هه‌میشه به دایكمی ده‌وت:
” زارۆك..ئه‌و هه‌تیمه‌ی كوڕت ده‌ست و پێ سپییه، به كه‌ڵكی فلوسه‌كی نایه.. ئیشی چی و ته‌ڕه‌ماشی چی؟!”
دایكم كوێرانه متمانه‌ی پێمبوو، یان وای ده‌ویست كه به‌سه‌ر خۆمدا نه‌شكێمه‌وه..به‌رپه‌رچی ده‌دایه‌وه:
” كوڕه نه‌ك گاڵته.. عگیده.. ده‌یبینی چ نێره زه‌لامه‌كی لێده‌رده‌چیتن..!”
ئه‌و شه‌ڕه كۆتایی نه‌بوو..هه‌ر دایكیشم به زۆرداره‌كی بردمی بۆ مه‌كته‌ب، ده‌نا بابم گاڵته‌ی پێده‌هات ئه‌و رۆژه بێت و من ببمه ئه‌فه‌ندی..!
كاره‌ساته‌كه له‌وه‌دابوو كه ئێواره نیوه‌مردوو ده‌ستمان له كار هه‌ڵگرت، من له وه‌ستا سمكۆ نزیك بوومه‌وه، زانی هه‌موو گیانم سووتاوه‌و خه‌ریكه له هۆش خۆم ده‌چم، كه ده‌ستی راسته‌م پان كرده‌وه ئه‌و پێنج درهه‌مه‌ی هه‌قی سووتانم له‌به‌ر هه‌تاو و چیمه‌نتۆ وه‌ربگرم، بینی كه ده‌ستم خوێن ده‌ده‌ڵێنێت، به‌و په‌ڕی بێباكی و لاقرتێوه.. به‌ده‌م قاقاوه وتی:
” گۆتم مه‌یه.. هی ئه‌وه نیت.. به‌س ده‌ی له پیاوان ده‌قه‌ومێت.. به‌س سبه‌ی ده‌ستكێشت له بیر نه‌چێت، گه‌ر هه‌ر نه‌بوو، چه‌رمی گوونی بابت گه‌له‌ك جیڕ و قایمه..بیكه به ده‌ستكێش..!”
هه‌مووان هاوئاهه‌نگی وه‌ستاكه‌م ده‌تریقانه‌وه، چیرۆكی یه‌كه‌مین رۆژی كرێكاریم وانه‌ی یه‌كه‌م بوو وه‌ك مێرمنداڵێك كه تێبگه‌م جوانی و خۆشی و میهر و سۆزی گه‌وره‌كان درۆیه‌كی گه‌وره‌یه.
سه‌ره‌ئه‌نجام كه درهه‌مه‌كانم وه‌رگرت چوومه سه‌ر حه‌وزی قوڕاوی و لیخن و پڕ تا سه‌ر لێوار، به‌و نیازه‌ی هه‌ر دوو ده‌ست و پێیه سووتاوه‌كانم بخه‌مه ناو ئاوه‌كه‌ی، بگره هه‌موو جه‌سته‌م كه گڕی گرتبوو، بێ‌ئاگا له خۆم هه‌ر پێنج درهه‌مه‌كه‌م كه ده‌یكرد دوو سه‌د و په‌نجا فلووس له گیرفانی كراسه شڕه‌كه‌مه‌وه، شه‌ڵاڵا و نوقمی ئاره‌قه و چیمه‌نتۆ، سووكێ خزانه ناو حه‌وزه‌كه و مایه‌پووچ مامه‌وه، چاوه‌كانم پڕ بوون له گریانێك، به‌س نه‌ده‌كرا له‌به‌ر چاوی هه‌موویان نامووسی خۆم ببه‌م ، فرمێسكه‌كانم له‌گه‌ڵا قوڕاوی ناو حه‌وزه‌كه خوارده‌وه، یه‌كه‌مین شت كه بیرم لێكرده‌وه دایكم بوو كه چاوه‌ڕوانی كوڕه ئازاكه‌ی بوو ره‌نجی ئه‌و رۆژه‌ی بخاته ده‌ستی و خوشك و براكانم به‌و كه‌م پاره‌یه خه‌نی بكات كه به‌ڵێنه هه‌ر یه‌كه و شتێكیان بۆ بكڕێت، منی نۆبه‌ره‌ش ده‌سته سووتاوه‌كانم بشارمه‌وه‌و شانازی به‌وه‌وه بكه‌م كه سه‌لماندم پیاوم، له‌وه غه‌مگینتر ئه‌وه بوو كه باوكم بزانێت گه‌لحۆیانه پاره‌كه‌م لێكه‌وتۆته ناو حه‌وزه‌كه، بێگومان جڕتێكی قایمم بۆ لێده‌دات و به‌و په‌ڕی لاقرتێوه به دایكم ده‌ڵێت:
“هۆ زارۆك.. نه‌مگۆت كوڕه‌كه‌ت گووی سه‌گیش نیه..ئه‌وه‌تا ده‌ست له گوونان درێژتر هاتیته‌وه.. ترحێو له منداڵی چه‌چه‌بڤه..!”
ئه‌م هه‌قایه‌ته وا كۆتایی نایه‌ت، دوور و درێژه، من نه‌مده‌ویست هه‌ر باسی بكه‌م، به‌ڵام سیحری گێڕانه‌وه ئه‌وه‌یه كه له خۆته‌وه رێچكه‌یه‌كی دیكه دێته به‌رده‌مت، هه‌تا گه‌ر كوێره رێگاش بێت.. ملی پێوه ده‌نێیت و ده‌تبات، من هه‌نووكه وام لێهات، به‌س هیچ شتێك نیه به جۆرێك له جۆره‌كان په‌یوه‌ندی به یه‌كدییه‌وه نه‌بێت..كوو.. یان چۆنچۆنی؟
زۆر چاك..من كه ئه‌وه‌نده شه‌رمن و به‌سته‌زمان بوو بم، كه دواتر هه‌موو كوڕانی گه‌ڕه‌ك زانیان چیمه‌نتۆ چۆته ناو سه‌ری په‌نجه‌كانم و كێر و گوونم، سك و سینگوڕك و هه‌ر دوو ڕانم و بگره هه‌ر هه‌موو ئازای له‌شم به شۆڕاوگه‌ی چیمه‌نتۆ سووتاونه‌ته‌وه، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه به‌یانی زوو ده‌ستم داوه‌ته قاپێكی كون، شه‌رمم به خۆم بووه داوای گۆڕینی قاپه كونبووه‌كه بكه‌م، له بیرم نه‌بووه ده‌ستكێشێك په‌یدا بكه‌م، بێئه‌وه‌ی بزانن كه من ئاماده بووم بمرم نه‌ك له رۆژی یه‌كه‌مه‌وه ئه‌و هه‌موو داوایه‌م هه‌بێت، ئه‌ی كه‌واته به چی بیسه‌لمێنم پیاوم و ئازام و تا ئێواره‌ش نه‌به‌زیوم.
باوكم له چایخانه‌ی گه‌ڕه‌ك بۆ هه‌موو پیاوانی گێڕا بۆوه، ژنه‌كان له ده‌می مێرده‌كانیانه‌وه زانیان، دایكی نائومێدم به‌ده‌م حه‌سره‌ت و گرینه‌وه رازی دڵی به‌كوڵی بۆ هه‌موو ژنان و كچانی دراوسێ دركاندبوو كه من چۆن بووم به “عیبره‌ت” ی دونیا و قیامه‌تێ، ده‌ستی به‌یه‌ك داداوه و فرمێسكی بۆ رانه‌گیراوه كه هه‌میشه ئاماده‌و به سێلاو بۆ پشیله‌ی نه‌خۆشیش ده‌یڕژاند، ئیدی له شه‌و و رۆژێكدا هه‌موو گه‌ڕه‌ك زانی من بێكه‌ڵك و گێلۆكه‌و ده‌سته‌پاچه‌م، وه‌ك نه‌خۆشێكی تلاوه به ده‌ست حه‌وت ده‌ردانه‌وه، گه‌وره‌و بچووك، نێر و مێ، گه‌نج و پیر ..پۆل پۆل ده‌هاتن، ئه‌وه‌یان هیچ سه‌یر نه‌بوو، چونكه ئه‌گه‌ر مریشكێكی كوردی هێلكه‌كه‌ر له‌وپه‌ڕی گه‌ڕه‌كی “كوران” نه‌خۆش بكه‌وتایه و پاشان بمردبایه، ئه‌وه هه‌مووان پرسه‌یان بۆ ده‌گرت و هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌م به‌وی دیكه‌ی ده‌گوت:
” هه‌زار حه‌یف و موخابن ئه‌و مریشكه نازداره‌ی ماڵی مام بایزی مرد..!”
شكستی من له رۆژی یه‌كه‌می چوونه “قوڕكاری” كه وامان پێده‌وت، ونبوونی ئه‌و درهه‌مه نازدارانه، سووتانی هه‌موو جه‌سته‌م به شۆڕاوه‌گه‌ی چیمه‌نتۆ ببوو به ده‌نگ و باسی سه‌ر دێڕی هه‌واڵه‌كان بۆ چه‌ندین رۆژ، یه‌كه مانشێتی لاپه‌ڕه‌ی سه‌ر زاری كچان و ژنان، پێڕابواردنی هه‌تیوه چوختییه‌كانی گه‌ڕه‌كێ، له دڵی خۆمدا سوێندم ده‌خوارد كه ئه‌گه‌ر له‌و ده‌رده قورتارم بوو، هه‌ر هه‌ستمه‌وه.. ده‌یسه‌لمێنم كه پیاوم..
به‌س ئه‌وه‌ی كه هه‌رگیز بۆم نه‌كرا و رووم نه‌بوو، ئه‌وه بوو كه بۆ ساڵانێكی زۆر تا له‌و گه‌ڕه‌كه بووین نه‌متوانی هیچ رۆژێك وه‌ك براده‌ره‌كانم لاف و گه‌زافی ئه‌وه لێبده‌م كه منیش ئه‌وه‌تا حه‌ز له كچێك ده‌كه‌م.بێجگه له‌وه‌ی كه هه‌موو كچانی گه‌ڕه‌ك له‌چاوی دایكم كه ده‌بوو من بیسه‌لمێنم: خوشكم بوون.
وه‌لێ هه‌موو ئێواران به تاسووقه‌وه چاوه‌ڕوانی ده‌نگه خۆش و پڕ له ئاواز و ئاهه‌نگه‌كه‌ی “شوكرولڵای بابان” م ده‌كرد كه شیعره كۆن و تازه‌كانی ده‌خوێنده‌وه، له دڵی خۆمدا ده‌موت ئه‌و رۆژه دێت كه منیش گوڵی خۆمم ببێت، خۆ زۆر جاریش گاڵته‌م به حه‌زو دڵداری براده‌ره‌كانم ده‌هات، كه منی به‌هه‌شتی په‌ریزاده‌كانی فیرده‌وس چاوه‌رشێمن، دره‌نگتر كه تاریك داده‌هات و ته‌نها فانووسێك ژووره گڵینه‌كه‌مانی رۆشن ده‌كرده‌وه، له رادیۆی “كرماشان” ه‌وه گوێم بۆ هه‌موو هه‌قایه‌ته‌كان ڕاده‌دێرا كه به زنجیره پێشكه‌ش ده‌كران، شاگه‌شكه ده‌بووم. له چیرۆكی نشوستی یه‌كه‌مین رۆژی چوونه سه‌ر كار‌و ئیش و رسوابوونم خراپتر ئه‌وه بوو كه ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد له حه‌مامی ژنانیش ده‌ركرام، ئه‌و سه‌رده‌مه كه‌م ماڵا گه‌رماوی وا باشی هه‌بوو كه ته‌واوی چڵكی خۆی دابنێت، به‌تایبه‌تی گه‌ڕه‌كی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه كه هه‌ژارنشین بوو، ناچار كچ و كوڕیژگه‌كان له‌گه‌ڵ دایكانیان هه‌فته‌ی جارێك پێكڤه ده‌چوونه حه‌مامی بازاڕی، بگره خیزانی وا هه‌بوو مانگی جارێك بۆی ده‌سازا بچێت، كوڕه هه‌راشه‌كانیش له‌ته‌ك باوكانیان به‌ختی ئه‌وه‌یان ده‌بوو بچنه گه‌رماوی پیاوان.
چ رۆژێكی ره‌ش و شووم بوو كه خانمی حه‌مامچی سه‌ر ده‌خیله‌كه له من ورد بۆوه كه په‌لم به ده‌ستی دایكمه‌وه بوو له‌ته‌ك خوشك و براكانم، مۆڕه‌و خێسه‌ی لێكردم و دایكیشم وه‌ك تاوانبار نیگای له‌نێوان منی بزبزۆك و خانمی سه‌ر عه‌رشی گه‌رماو كه ناز و فیزه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده گه‌وره بوو، وه‌ك ئه‌وه وابوو ده‌رگاوانی به‌هه‌شت بێت نه‌ك حه‌مامێك كه قیژه‌و هاواری ژنه‌كان و كچانی ده‌گه‌یشته گوێم، له گه‌رمه‌ی گفتوگۆی له‌گه‌ڵا ئه‌و هه‌موو عه‌با به‌سه‌ره ئاوڕێكی له دایكم دایه‌وه و بێباكانه و سه‌ردارانه وتی:” ئه‌وه چیه زارێ..ناكات “شیرۆ” ت هێنا بێت بیبه‌یته ژوورێ..؟”
دایكم كزۆڵه‌و تكاكارانه داوای لێ‌كرد كه خودا هه‌ڵناگرێت كوڕه‌كه‌ی دڵ‌سارد بكات و ئه‌و هه‌موو رێگه دوور و درێژه به لۆژه‌لۆژ بچێته‌وه ماڵێ، هه‌ر ره‌نگه بزر ببم، هه‌ر ئه‌مجاره‌و به‌س.. جارێكی دیكه له‌گه‌ڵا بابی ملی خۆی ده‌شكێنێت و نایه‌ته‌وه ئه‌و ناوه. زۆر به خه‌مساردییه‌وه، به‌ده‌م خه‌نده‌یه‌كی خواره‌وه داوای كرد بچمه به‌رده‌می و ده‌ستی بمگاتێ.. دایكم شێواو گومانی لێ‌كرد كه ده‌بێت نیازی چی بێت..!
خانمی نێرناس ته‌واوێك بۆ من نووشتابۆوه و وتی:
” مه‌ترسه زارێ خۆ نایخۆم .. ده‌ست له كیر و گونی ده‌ده‌م.. خوشكم لۆ خۆت غه‌شیم ده‌كه‌یت..كوڕه‌كه‌ت خۆی هه‌ر وا گزگله و به عه‌ردییه‌وه نووساوه، ده‌نا سووندت له‌سه‌رم نیه زه‌كه‌ری ئێسقانی كردییه.. خوشكۆره خۆت سۆر و شین مه‌كه‌وه..!”
دایكی داماوم له من ڕاماو وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و ئێسقانكردنه‌ی چووكم گوناهی من بێت و وه‌ك ژنه‌كه لێم مۆڕ ببۆوه و هه‌م به‌زه‌ییشی به مندا ده‌هاته‌وه كه چ زوو وام لێهات به كه‌ڵكی حه‌مامی ژنان نه‌یه‌م. به قه‌هرێكه‌وه كه ناورانه‌وه‌و سۆز و تكای دایكانه‌ی لێده‌تكا به‌رپه‌رچی ژنه‌كه‌ی دایه‌وه: ” خواگیر.. گوناهت ده‌گاتێ.. لێمانگه‌ڕێ پشیله‌شۆری ده‌كه‌م و چاوتروكانێك ڕه‌وانه‌ی ده‌رێی ده‌كه‌مه‌وه..ئێسقانی چی و گۆشتی چی.. خوا بناسه..!”
بنه‌بڕ ده‌نگی هه‌ڵبڕی و دوا فه‌رمانی ده‌ركرد: ” با له كنه من دابنیشێت تا ئه‌نگۆ ته‌واو ده‌بن.. زارێ ژنانم لێ هار مه‌كه .هه‌ر دوێنێ هه‌تیمه‌كی وه‌كی ئه‌وه‌ی توو، چاوبز، چوو بووه جوڕنی به‌رتاشینه‌كه‌و زه‌ق زه‌ق له ژنان ڕاما بوو.. هه‌ر بوو به رۆژی حه‌شرێ.. خه‌ریك بوو ژنان یه‌كدی بخنكێنن..!”
دایكم ترسی لێ‌نیشت و به په‌له بردمییه ده‌رێ و به لاڵه‌پتێ و شه‌رمه‌وه به دایكمی وت: “قه‌یدی ناكات هۆ دا گیان.. بزر نابم و ده‌چمه‌وه.. له‌مه‌ودوا بابم ده‌مبات..!” قوڕگم پڕ بوو له گریانێ و هیچی دیكه‌م پێنه‌وترا.
خودا بۆی ناردم.. هه‌موو گه‌ڕه‌ك وه‌ك به‌زمه‌كه‌ی نشوستیم له رۆژی قوڕكاری و بزر بوونی درهه‌مه‌كان و نه‌خۆش كه‌وتنم بوو به قسه‌و باسی پڕ له لاقرتێ و مه‌زاقی هه‌موو گه‌ڕه‌ك كه من له حه‌مامی ژنان ده‌ركراوم، له‌به‌رچی..؟ چونكه منی بیژمۆت به قه‌ولی ژنه‌ی حه‌مامچی ” زه‌كه‌رم ئێسقانی كردووه..!”
ئه‌یه‌ڕۆ.. وه‌شێره.. حه‌یاچوونه.. توو خواكه‌ی توفلێكی وا مه‌عسووم.. چ خێرێكی خودای بوو..هی كوڕه‌كه‌ی خۆی ئێسقانی نه‌كردییه .. به كه‌یفی گوونی خۆی كیرم كیرم به‌ناو ژناندا ده‌سووڕێته‌وه……!!!
ئیتر ته‌واو دڵداری و سه‌ر بڵندكردنی چی.. وامده‌زانی گه‌ر سه‌ر به‌رز بكه‌مه‌وه و بمبینن له كچان و ژنانی گه‌ڕه‌كێ ده‌ڕوانم، هه‌ر هه‌موو ده‌زانن هی ئه‌وه‌یه منی حه‌رامزاده گه‌وره بوویمه و ئێسقانی كردووه، هه‌ر كه‌سێك باسی ئێسقانی ناو شله‌ی بامیه‌و و باینجانیشی بكردایه من ” ئێسقان” ه‌كه‌ی خۆم و ئه‌و نامووس بردنه‌ی به‌ر ده‌ركی حه‌مامی خانه‌قاــ م وه‌بیر ده‌هاته‌وه، بۆ به‌دبه‌ختی له‌و رۆژگاره‌دا هه‌موو ماڵێك به‌لووعه و ئاوی سه‌ر به خۆی نه‌بوو، به‌لووعه‌یه‌كی خێراتی ئاو له‌به‌رده‌می ماڵی ئێمه هه‌بوو، كه زۆربه‌ی كچان و ژنانی گه‌ڕه‌ك ئاویان لێده‌برد، ئاویشیان ته‌واو هه‌بووایه بۆ قسه‌و باسی دونیاێی ده‌هاتنه به‌ر به‌لووعه‌كه، من ده‌بووایه دایكم بكه‌م به سیخوڕ كه ئه‌و كاته بچمه ده‌رێ كه به‌ر به‌لووعه‌كه چۆل ده‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی دیل و زیندان بم، دایكم سه‌د جاران دڵنیای كردمه‌وه كه خه‌ڵكی وا نین كه بێ ئیش و كار بن، ئه‌و به‌زمه‌ی تۆیان بیر چۆته‌وه، وه‌لێ شه‌رم و شكانی خۆم لێمنه‌ده‌گه‌ڕا، هه‌ر به راستیش هه‌ستیار و شتێكی بڵح و پیس بووم، كه ده‌هاتمه‌وه‌ش ناچار بووم چاوه‌ڕێ بكه‌م تا ئه‌و عه‌زازیله و حه‌شاماته‌ی به‌ر ده‌ركی ماڵمان په‌رت ده‌بوون، قوتابیانی مه‌كته‌به‌كه‌م زانیان، ژماره‌یه‌ك له مامۆستاكانم، كوڕانی گه‌ڕه‌ك خوا خوای به‌زمێكی وایان هه‌بوو، زوو زوو به قۆشمه‌وه كه ده‌رده‌كه‌وتم..هه‌ر یه‌كه‌و پلارێكی تێده‌گرتم..
“لێده.. ئێسقانی كردییه.. چت ده‌وێتن هه‌تیم..؟ هه‌موو شێت بووینه لۆت.. ئاخر ئه‌وه‌تا بێزی نایه‌ت بێته ناومان..هی مه‌ش وه‌كی چه‌رمه چه‌قاڵته‌ی به‌سه‌ر گوونماندا شۆڕ بۆته‌وه.. له‌وه‌ته‌ی حه‌مامی ژنان هه‌یه نه‌مانبیست یه‌كێك له‌سه‌ر ده‌عبا نازداره‌كه‌ی ده‌ركرا بێت.. ده با بیبینین.. خۆ ناخۆین.. خۆ بۆته مجێوری مزگه‌وتێ ..خودا خۆشیده‌وێت وه‌كی مه سه‌گ و سووك نیه، هێشتا بستێكه و خودا لۆی ده‌كات به ئێسقان.. به‌شه‌ره‌فم وا بڕوات كچه‌تیمه‌كی نادۆزینه‌وه مێردمان پێبكات…”
هیچم نه‌ده‌وت.. چونكه ماوه‌یه‌ك وه‌ك سه‌گم لێهاتبوو ، به هه‌موویان ده‌وه‌ڕیم و له دووره‌وه جوێنم بۆ ده‌ناردن.. وه‌ها خۆشه ببوون.. له‌زه‌تیان له‌و جنێوانه ده‌كرد.. جار جار كه ته‌واو تووڕه‌م ده‌كردن.. تێهه‌ڵدانی گه‌رمم ده‌خوارد.. ناچار ملم دا و وازم له خۆم هێنا.. به‌ڵام تا له‌و گه‌ڕه‌كه بووم هه‌رگیز نه‌متوانی روو به‌روو … پڕ به دڵ له كچۆڵه‌یه‌كی جوان ڕابمێنم..زۆر دره‌نگتر زانیم كه من گه‌نجییه‌تیم به‌با چوو..
قۆشمه‌و و گاڵته‌جاڕییه‌كه هه‌رگیز كۆتایی نه‌هات.. وه‌لێ ساڵانێك دواتر خۆم به‌ر له هه‌ر هه‌موو هاوڕێكانم خۆم ده‌كرد به مه‌زه‌و به‌زمی كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كان..زوو زوو ده‌موت: نزیك نه‌بنه‌وه.. خوێنی خۆتان له‌سه‌ر خۆتان.. ئه‌وانیش سایلی من ده‌یانكرد به گۆبه‌ندێك نه‌بێته‌وه.. به یه‌كدیان ده‌وت هه‌نووكه له ئێسقان ده‌رچووه .. بۆته شێلمان.. هه‌زار حه‌یف و موخابن كه هه‌ر یه‌كه‌و به لایه‌كدا ڕه‌وی كرد.. نه‌خۆش كه‌وت و.. مرد..كوژرا.. گه‌رداوی زه‌مانه له‌به‌ر سه‌ده‌ها سۆنگه هه‌مووانی له من بزر كرد…ئه‌وه‌نده‌م له یاد ماوه چ به راست بێت و چ به درۆ هه‌ر هه‌موویان عاشق بوون.. بێجگه له من…!
تێكستی: شێرزاد حه‌سه‌ن
په‌راوێز:
+زۆر دره‌نگتر.. ته‌مه‌نم بوو به (30) سی ساڵ بڕیارمدا له سلێمانی ژن بێنم بێنم، چونكه هه‌م دوور بووم و هه‌م هه‌موو كچانی هه‌ولێر خوشكم بوون: دایكم واته‌نی.
باوكم وتی:
” چ به‌ڵاته.. جارێ زووه و خوشك و براكانت هێشتا ساوان..تۆ نۆبه‌ره‌یت و له‌سه‌رته به خێویان بكه‌ی..!”
به شه‌رمه‌وه سه‌یری دایكم كرد و وتم: ” پلكه زارێ ئه‌توو قسه‌ت چیه.. هه‌قمه هه‌نووكه ژنه‌كی بینم یا نا؟”
به خه‌مێكه‌وه وتی كوڕه‌كه‌م” چما ژن له هه‌ولێرێ بڕا بوو؟”
به مه‌زاقه‌وه وتم ” هۆ دا ..ئاخر گوناهی تووه.. هه‌موو كچان و ژنانی هه‌ولێرت كرده خوشك و دایكم..!” تاوێك ڕاما و .داماو له نێوان نه‌خێری باوكم و ترس و خۆشی و دوودڵی خۆی و حه‌زی زۆری من كه هه‌موو چیرۆكی ناسینی خۆم و ئه‌و كچه‌م بۆ باس كردبوو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و خه‌یاڵ و ترسه ده‌ری بكه‌م.. به خه‌نینه‌وه وتم:
” پلكه زارێ.. له كه‌نگێوه ئێسقانی كردووه.. خوا هه‌ڵناگرێت.. خه‌ریكه ده‌پووكێته‌وه..!”
به شه‌رمی ژنێكی ده‌شته‌كییه‌وه ڕووی خۆی له من شارده‌وه و به خه‌نده‌ی جوانترین دایكه‌وه له دونیا..وتی: ” شه‌رم و شكۆی نه‌مایه.. پیاوه‌كه . وازی لێبینه.. به كه‌یفی خۆی.. چ ده‌كه‌ی بیكه..جه‌رگه‌كه‌م.. هه‌ر مه‌مانفرۆشه لۆ ژنه‌كی غه‌ریبه‌ی شاران..!”
به دڵنیایی كوڕه شه‌رمنه‌كه‌ی جاران وه‌ڵامم دایه‌وه:
” كوو ده‌بیتن هۆ دا.. خۆت ده‌زانی. خۆ ئه‌وه‌نده حه‌رامزاده نیم..!”sherzadhassan2003@yahoo.com