Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بەرپرسێکی گەندەڵ! … ن/جەلال قادر

بەرپرسێکی گەندەڵ! … ن/جەلال قادر

Closed
by May 21, 2012 چیرۆک

 

 لەسەرشەقامی کۆڕنیش پیاسەم دەکرد لە پڕلافیتەیەکم بینی لێی نوسرابوو..( ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین بە لابردنی (حەمەی لوتکە) بەڕێوبەری ڕێگاوبان.
ئەم بابەتە سەرنجی ڕاکێشام ، تەلەفۆنم بۆ سەرنوسەری ڕۆژنامەی ئازادی کرد و لێمپرسی : حەمەی لوتکە کێیە و بۆ لایدەبەن لەسەر کارەکەی .
وەلامیدامەوە : هەندێک دەلێن لەبەر ئەوەی کوردە لایدەبەن.
منیش سۆزی کوردایەتیم بە جۆش هات، ئەدرەسی مالی حەمەی لوتکەم وەرگرت بە تاکسییەک تا بەردەم مالی چووم. پاسەوانی بەردەرگا لێیپرسیم : چیتدەوێ ؟.
وتم : ڕۆژنامەنوسم ، هاتووم چاوپێکەوتن لەگەل کاک حەمەی لوتکە بکەم.
وتی : ڕاوەستە.
پاسەوانەکە بە موبایەلەکەی لەگەل بەرپرسەکەی قسەی کرد . ئینجا ڕووی دەمی لەمن کرد و وتی:  وەرە دانیشە ..لەناوکابینەی پاسەوانەکە دانیشتم .
پاسەوانەکە وتی : فەرموو پرسیارەکانت بکە؟
وتم : پرسیاریچی ؟!. ئەی کاکە حەمە نایەوێ چاوپێکەوتنم لەگەڵ بکات؟.
پاسەوانەکە وتی : ئێستا قسەم لەگەل کرد، پێیوتم تۆ وەلامی پرسیارەکان بدەرەوە.
وتم : جا ئەوە چۆن دەبێت؟!
وتی : ئەرێ برا تۆ تازە ڕۆژنامە نوسی؟
وتم : بەلێ.
وتی: دەکەواتە گوێ بگرە . لەم ولاتە یەک ڕۆژنامە نوس چاوپێکەوتن لەگەل بەرپرس ناکات . هەموو هەوالەکان لە پاسەوانەکان وەردەگیرێ پاشان وێنەی بەرپرسەکە بە ئیمەیل بۆت دەنێردرێت . لەبەرئەوەی   شەو و ڕۆژ لەگەل بەرپرسەکەم دەتوانم وەلامی هەموو پرسیارەکانت بدەمەوە.
وتم : زۆر باشە . پرسیاری یەکەم . بۆچی کاکە حەمە لە بەڕێبەرایەتی لادەبردرێت؟.
پاسەوانەکە وتی : پرسیارەکەت زۆر سادەیە . مەگەر نازانیت لەم شارە دەیانەوێت کورسیەکانی کورد کەمبکەنەوە.
وتم : باشە . کورتەیەک لەسەر ژیانی کاکە حەمەم بۆ باسکە تا بتوانم ڕیپۆرتاژەکەمی پێبڕازێنمەوە.
وتی : جا کەس هەیە ژیانی ( مەحمەدی لوتکە) نەزانێت. ئەم کاک مەحمەدە هەر لەمندالییەوە حەزی کردووە بەسەر لوتکەی چیاکان سەرکەوێ بۆیە ناویان ڵێناوە حەمە لوتکە. پاشان زۆربەی ژیانی لە شاری (داناخی) هۆلەندا بەسەربردووە . هەر کە سەددام ڕوخا یەکسەر هاتەوە بۆ خزمەت کردنی شارەکەی.
چاوپێکەوتنێکی کورتم ئەنجامدا و لە کۆشکەکەی کاکە حەمە دوور کەوتمەوە. لەگەڵ دانشتوانی شارش هەندێک چاوپێکەوتنم کرد ئەوانش بەگەرمیەوە وەلامیان دامەوە و بەرگریان لە کاکە حەمە دەکرد.
ئەو شەوە نە نوستم تا ڕیپۆرتاژەکەم ئامادەکرد و بە ئیمەیلەکەم ناردم بۆ ڕۆژنامەی ئازادی .
من  کەسێکم زۆر حەز بەخەوی بەیانیان دەکەم بۆیە ئەو ڕۆژە بێدار نەبوومەوە تا کاتژمێر دوانزەی نیوەڕۆ. هەر کە لە خەو هەلسام موبایەلەکەم داگیرساند لە پڕیکا گوێم لە دەنگی دەیان ماسجبوو، کاتێ خوێندمەوە سەیردەکەم هەموو دەستخۆشی بابەتەکەم لێدەکەن.
بە تاکسیەک ڕۆیشتم بۆ دەزگای ئازادی پێشوازییەکی گەرمیانکردم ..هەشتا هەزار دینارش لەناو زەرفێک درا پێم. سەرنوسەرەکە وتی : دەزانیت کاکە حەمەی لوتکە سوپاسی تایبەتی بۆ ناردووی..دەلێت پێویستە خەلات بکرێت.
وتم : بۆ بابە من چیم نوسیوە؟
سەرنوسەرەکە وتی : ئەوە ڕۆژنامەکە دووبارە بابەتەکەت بخوێنەرەوە.
بە وردی خوێندمەوە خۆمش بڕوام نەهات ئەم جۆرە داڕشتنە لە توانای منبێت .
ڕۆژنامەکەم گرتە دەست و لەسەر پردەکەی کۆڕنیش ڕاوەستام چاوەڕوانی تاکسیەکم دەکرد . لە پڕێکا تاکسییەک لەبەردەمم وەستا ژنێکی خرپن و خەپە دابەزی و ڕووی دەمی لێکردم وتی : تۆ کارزانی ڕۆژنامە نوسی؟
وتم : بەلێ ..
هەتا هێزی تیابوو دوو شەپا زڵی مزری کێشا بە بنا گوێما و وتی : هەی جاش قەلەم ئەم هەموو درۆیەت لە کوێ هێنا!.
منیش لەبەر ئەوەی گوێم کاس بوو واقم وڕمابوو نەمزانی چیبلێم؟ ژنەکە سواری تاکسیەکە بوەوە و بۆیدەرچوو.
هێشتا جێگا پەنجەی بە ڕوخسارم مابوو خێرا گەڕامەوە بۆ لای سەرنوسەرەکەم و خۆم کوتایە ژوورەکەی.
لێیپرسیم : ئەوە بۆ بناگوێت سوور بوەتەوە؟.
بەسەرهاتەکەم بۆ گێڕایەوە.
سەرنوسەرەکەم وتی : تووبلێ ژنەکەی ( حەمە لوتکە) بێت ئەم زڵە مزرەیەی لێدابیت؟
وتم : گوێبگرە من لە بابەتەکەم پەشیمانم..دەکرێت لە ژمارەی سبەینێ ئەم پەشیمانییەم بۆ بلاو کەیتەوە.
وتی : ئەوە تۆ باسی چییدەکەیت ..هەرچی ڕێکخراو ئەندامی حزبەکان هەیە خۆیان ئامادە کردووە خۆپیشاندان بکەن . داوا دەکەن کاکە حەمە بگەڕێتەوە سەرکاری خۆی.
وتم : من ئەوەندە دەزانم ئەم بەرپرسە شتێکی لەدوایەو ئەو ژنە لە بەلاش ئەو زڵەیەی لێنەدام..تکا دەکەم ئەم تێبینیەم بۆ بلاوکەرەوە. با جەماوەرش چەواشە نەکەین!
وتی : تۆ قوڕمان بۆ دەگریتەوە.
وتم : چۆن؟
وتی :  ئەم بەرپرسە هەزار سەگ و تواڵی لە دوایە..گێچەلێکمان پێدەکات.
وتم : باشە ..کەواتە من دەچمە ڕۆژنامەیەکی تر داوادەکەم پەشیمانبوونەوەکەم  بۆ بلاوبکەنەوە.
وتی : پێویست ناکات ئێمە لە گۆشەیەک بۆتبلاودەکەینەوە.
زۆر بەخەمباری بەسەر کۆڕنیشی خاسە شۆڕبوومەوە . گەنجێکی خۆشنوس پیکابەکەی پڕ لە لافیتە کردبوو لە قەراخ شۆستەکە ڕایگرتوو چەند لافیتەیەکی داکوتا. پاشان خۆشنوسەکە بەرەوڕووم هات دوای سلاو کردن دەستەکانی گوشیم ، وتی : دەستخۆشی ئەو بابەتەت لێدەکەم.
وەلامیم نەدایەوە.ئینجا وتی : ڕاستی کارزان گیان..ڕسقی شەش مانگت بۆ دابین کردم.
سواری پیکابەکە بوەوە و ڕۆیشت . بەوەدەچوو لە سایەی بابەتەکم هەرکەسەو بەرژەوەندیەکی هەبێت.
بیرم لەوە دەکردەوە چۆن بگەمە ئەو ژنەی شەپازڵەکەی لێدام. ڕۆیشتم بۆ لای پاسەوانی بەرپرسەکە .
باوەشی پێماکرد و ماچبارانی کردم . وتم دەمەوێ کاکە حەمە ببینم ؟
وتی : کاتێکی خەراپ هاتووی..نوستووە و بێدارنابێتەوە تا نیوەشەو.
وتم : ئەی تۆ بۆ پێت نەگوتم ئەم کاکە حەمەیە خێزاندارە ؟
وتی : نەخێر ژنی نییە!
وتم : ئەی بۆ خەلکی دەلێن ژنی هەیە؟
وتی : ڕاستە ژنی هەبوو بەس ئێستا پێکەوە ناژین.
وتم : ئەی ژنەکەی لە کوێیە؟
وتی : ژنەکەی جاران لە پارێزگا فەرمانبەر بوو..بەس تۆ بۆ دەپرسی؟
وتم : لەبەر ئەوەی زانیاری زیاترم پێویستە.
وتی : بابە ئێستا کاک مەحەمەد سەڵتە  ..ژنەکەی تەلاق داوە.
لە پاسەوانەکە دوور کەوتمەوە . خێرا بە سواری تاکسیەک بەرەو پارێزگا چووم. کاتێ گەیشتمە بەردەرگای پارێزگا پاسەوانەکان وتیان : بۆ کوێ برا؟  دەوام تەواو بووە .
سەیری کاتژمێرەکەم کرد سێ وسیوپێنج دەقە بوو..وتم : مەگەر دەوام تا کاتژمێر چوار وپێنج نییە؟
وتیان :  تۆ دەلێی لەم شارە ناژیت!
وتم : پرسیارێکم هەیە.. ژنیكی کەمێک قەڵەو هەیە لێرە کارمەندە ناوی نازانم دەمەوێت بببینم؟
وتیان : ئێرە پڕی لەژنی فەرمانبەرە!
وتم : ئە و ژنە کات خۆی هاوسەری ( حەمەی لوتکە)  بووە!
وتیان : ئۆو..باجی ڕوناک..سبەینێ وەرەوە دەتوانی بیبینی.
سوپاسیانم کرد و بەرەو ماڵ شۆڕ بوومەوە . گەیشتمە ژوورەکەم هەندێک  سەیری ئیمەیل و وێپسایتەکانم کرد لێیخەوتم تا بەیانی .
باشبوو ئەو بەیانییە زوو بە ئاگا هاتم کتژمێر نزیک دە و چڵ خولەک دەبوو. ئەم کاتانە بۆمن هەر بەیانی زووە.
چایەکم فڕکردو بە سواری تاکسی تا بەردەم بینای پارێزگا چووم. پاسەوانەکان منیان ناسییەوە . بانگیانکردم : وتیان ژمارەی موبایلەکەت چەندە؟ باجی ڕوناک نایەوێ بتبینێ بەس خۆی تەلەفۆنت بۆ دەکات.
ژمارەی موبایەلەکەم دا بە پاسەوانەکان ..ئەوانش تەلەفۆنێکیان کرد بۆ باجی ڕوناک وتیان : ئەوە کارزان لێرەیە و ئەمەش ژمارەی موبایلەکەی.
سەیری موبایلەکەم کرد کوژابووەوە خێرا دامگیرساند ..هیواش هیواش لە بینای پارێزگا دوور کەوتمەوە.
لە ڕێگا هەر لافیتە بوو بە ئاسمانا هەلواسرابوو هەرچی حزب و ڕێکخرا هەبوو نوسیبویان : ئێمە دەنگمان دەدەینە پاڵ ( حەمەی لوتکە).
گەیشتمە تەنیشت بانکی ڕافدەین زەنگی موبایەلەکەم لێیدا . وەلاممدایەوە. باجی روناک بوو.
وتی : تۆ کارزانی ؟
منیش یەکسەر دەنگیم ناسییەوە کە ئەم ژنە بوو شەپا زڵەکەی لێدام.
وتم : بڵێ ؟
وتی : یەک کاتژمێرتر وەرە بۆ چێشتخانەکەی حەسیرەکە .
وتم : زۆر باشە خۆ ئەمجارە تێمهەلنادەیت؟ .
وتی : نا مەترسە ..ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەکە پەشیمان بوونەوەکەتم خوێندەوە..منیش لێتدەبوورم.
بەرەو لای حەسیرەکە بەڕێکەوتم.. لە ڕێگا سەرنوسەرەکەم تەلەفۆنی بۆکردم .
وتی : ئەوە تۆ لە کوێی؟ بەزمێکت بۆمان ناوەتەوە وبۆ خۆتش هەلاتووی.
وتم : نا هەلنەهاتووم هەروا بەدوای ئەو بەزمەم.
وتی : هەر ئێستا وەرە بۆ لام..نابینی شار بە لافیتە ڕازاوەتەوە ..سەد هەڕەشەش لە (کاکە حەمەوە) بۆمان هاتووە.
وتم : باشە دێم سێ کاتژمێرییتر.
تەلەفۆنەکەم داخست. کەچێ دووبارە زەنگی لێدایەوە. وتم  فەرموو:
دەنگێک وتی : تۆ کارزانی ڕۆژنامە نوسی؟
وتم : فەرموو.
وتی : فەرموو نا فەردەگوو..سەگباب ئەو پەشیمان بوونەیەوە چییە نوسیویتە. شت دەنوسیت و پەشیماندەبیتەوە. وەلاهی دەبێت وەک کار سەرتبڕم!.
پەیوەندییەکە پسا. تۆزیك شڵەژام. وتم بەخوا لەمەودوا دەبێت ئاگادارخۆمبم .
گەیشتمە چێشتخانەی حەسیرەکە باجی روناک چاوەڕوانم بوو. بە بزەی پێکەنین پێشوازیلێکردم ولەسەر مێزێک پێکەوە دانیشتین.
سەرەتا لێیپرسیم بۆ وا شڵەژاوم . منیش وتم : لە ترسی تۆ !
بە قسە خۆشەکانی هەموو شتی لەبیربردمەوە .
ئنجا وتی بابێینە سەرباسەکەم : من و (حەمەی لوتکە) ناسیاوی یەکین و لە مندالیەوە یەکتر دەناسین . لە سەردەمی هەرزەکاری یەکترمان خۆشویست و بۆ یەکتر دەمردین . ئەم خۆشەویستیەمان هەموو کەس پێیدەزانی..لە هەشتاکان چاوەڕوانبووم حەمە بێ بۆداخوازیم..کەچی ڕۆژێکیان نامەیەکی بەدەستم گەیشت تیایدا نوسیبووی : بمبوورە من دەبێت ولات جێبێلم ، دەچمە هەندەران..بەلام تۆ جێنایەڵم چونکە تۆ هەردەم لە دڵمای .. ڕۆژێک دێ بەیەکتر شاد دەبین.

لە کۆتایی هەشتەکانەوە من بووم بە فەرمانبەر لە پارێزگا کاکە حەمەش لە هۆلەندا نیشتەجێ بوو، کەچی یەک ڕۆژش پەیوەندی پێوە نەکردم. لە لای خزم و کەس و کارش لە هەوالی نەپرسیم. منیش ئەو هەموو ساڵە بە عەشقی ئەو دەتلامەوە تا تەمەنی گەنجیم تێپەڕی و خەلکی ناویان لێنام کچە قەیرەکە، کەسش نەدەهات بۆ داخوازیم چونکە پێشتر لەگەڵ حەمە پەیوەندی هەبوو ئیترئەم خۆشەویستییە بووبە لەکەیەک بەناوچەوانمەوە.
دوای ڕوخانی سەدام زۆرکەس لە هەندەران گەڕانەوە کاکە حەمەش گەڕایەوە . لە دوورەوە بینیم سەڕەڕای ئەوەی زۆر لێی تووڕە بوبووم بەلام لەگەل بینینی هەرچی گلەیی و تووڕە بوونم هەبوو سڕانەوە.  باوەشمان بەیەکدا کرد و لەپاش چەند دانیشتنێک بڕیارماندا ببین بە هاوسەر. هەرچەندە چەند هاوڕێیەکی حەمە پێیانوتم :  ئەوکاکە حەمەیە لە هۆلەندا  قومارچییەکی پیسبووە.
بەلام ئەو بەڵێنیدا و وتی : من ئەگەر لەم شارە کارێکم دەستکەوێت و تۆش فەرمانبەربیت دوو منداڵمان هەبێت و بەختەوەر بژین ئیتر من چیمداوە لە تاراوگە!
بە قسە زڵەکانی هەلخەلەتام زۆری نەبرد شووم پێکرد .
 ڕۆژێکیان بردم بۆ پارێزگا تا لەوێ پارێزگاری شارەکەم کارێکی بۆ بدۆزێتەوە.
لە پڕێکا بینیم کاکە حەمە نامەی کەسێکی حزبی پایەبەرزی دایە دەست پارێزگا . کاتێ پارێزگا خوێندیەوە بەگەرمی پێشوازی لێکرد و وتی: بەم زووانە لە شوێنێک داتدەمەزرێنم.
لە ڕێگا کە گەڕاینەوە وتم : حەمە ئەی تۆ بۆ بە منت نەوت نامەت پێیە تا منیش ئەوەندە لە پارێزگار نە پاڕامایەوە.
وتی  : قوڕ بەسەر تۆ بیست ساڵە لەوێ خزمەت دەکەیت کەچی هەرفەرمانبەریت. منیش بە فیکەیەک دەبم شت.
وتم : جا خوابکات تۆ ببیت بەشت منیش لە پاڵت دەحسێمەوە.
 کاکە حەمە کرا بە بەڕێوبەری ڕێگاوبان. یەک ساڵی نەبرد کاکە حەمە دەیان زەوی فرۆشت و بانکی پڕ کرد لە دۆلار. منیش هەستم دەکرد دزی دەکات و لەگەل بەرپرسەکانیتر دەستی تێکەڵە، لە لایەک دەوڵەمند بووبووین لەلایەکش ویژدانم ئازاری دەدام هەرکە منداڵێکی هەژارم دەبینی وامدەزانی پارووی دەمی ئەوانە  ئێمە دەیخۆین.
لە پاش سالێک ئێمە منداڵمان نەبوو. چووین بۆ لای پزیشک لە ئاکامدا بۆ مان دەرکەوت کە خەتای کاکە حەمەیە منداڵمان نابێت. من بە حەمەی مێردم وت: دەزانی بۆ منداڵمان نابێت؟
وتی : بۆ؟
وتم : لەبەرئەوەی ئەوەندە پارەی ئەم میلەتە دەدزین..خواش خەزەبی لێگرتووین.
لەو ڕۆژەوە کاکە حەمە خەراپ گۆڕا ..دوو خانوومان هەبوو، خانویەکیان من تیایدەژیایم بە هەفتەش جارێک نەدەگڕایەوە بۆلام..لە خانووەکەیتر لە گەل پاسەوانەکانی دەستیان کرد بە گەعدە گێران و قومار کردن.  کاتێ دەمبینی ووردە گلەییم ڵێدەکرد.
ئەویش دەیگوت : چیت لێبکەم . من هاتمەوە تۆ هیچت نەبوو. ئێستا دوو سێ کۆشکت هەیە. بە لەیلا عیلوی گڕتدەدەم.. تەنەکەیەک زیڕت هەیە.. ساڵی دووسێ سەفەری تورکیا و شام و میسرت پێدەکەم..ئیتر تۆ بەچی تێر دەبیت؟.
منیش یا بێدەنگ دەبووم یان دەمگوت : تۆش هاتییەوە فلست نەبوو ئەو هەموو شتەت لە کوێ بوو؟
بەم جۆڕە هەمیشە مشت و مڕمان بوو. تا ڕۆژێکیان چاودێریم کرد بینیم ئەمە نەک قوماردەکات و گەندەڵە بەلکو هەرچێ ژنە لەشفرۆشی شار هەیە شەوانە لەگەڵیان دەخەوێ.
جام کە پڕبوو لێیدەڕژێ..چووم بۆ لای پارێزگاری شار هەموو شتەکانم بۆ گێڕایەوە. ئەویش خوا هەلناگرێ وتی : ئەم کەیسە وردەکاری زۆری دەوێت.
وتم : چۆن؟
وتی : خۆمان قوڕمان بۆ خۆمان گرتۆتەوە. ئێستا ئەم برادەرە بووەتە کەڵەگا و لەدەستی حزبەکان دەرچووە و ناشتوانین بەناوی گەندەڵی دەریبکەین.
وتم : بۆ نا؟
وتی : دوژمنەکانمان پێیانخۆشدەبێت ، بەس تۆ سەبرم لێبگرە من چارەیەک دەدۆزمەوە.
وتم : ئەوەی لەسەر منبوو پێموتی ..لەمڕۆ بەدواوە مێردی من نییە.
داوای جیا بوونەوەم لە حەمە کرد کەچی تا ئێستا وەلامم ناداتەوە . لە دادگا شکاتم لێکرد و داوام لەدادگا کرد جیامان کاتەوە کەچی لەوێش دەستی دەڕوات و پێیاندەلێت ئەمە کێشەیەک خێزانییە بە عەشایری حەلی دەکەین. پێمووتووە من هیچم لێتناوێت ئەوەش خشڵ و زێڕو ماڵت .  کەچی تەلاقم نادات، نازانم بۆ خوا تەلاقی داوەتە دەست پیاو؟! .
لەم کاتە باجی روناک پەنجەکانی قرتاند و وتی : کارزان با واز لە باسکردنی ژیانی خۆم بهێنم!
ئنجا بێمە سەر ئەو ڕاپۆرتەی تۆ نوسیت لەسەر ژیاننامەی کاکە حەمە . تۆ حەمەت کردووە بە پالەوان ، نوسیوتە  لەبەر ئەوەی کوردە دەردەکرێت ، ڕاستییەکەی وانییە لەسەر گەندەڵی دەردەکرێت. ئەم خەلکە لە گوێ گا نووستون. ئەم حزبانەش لەبەر ئەوەی پیاوی خۆیانە پێیان نەنگە دان بە ڕاستییەکە بنێن. لەلایەکی ترحەمەش حەزدەکات کێشەکە بکات بە کێشەی نەتەوە.
پێش ئەوەی تۆ ئەم ڕاپۆرتە بلاو کەیتەوە چوومە لای ڕۆژنامەنوسێک بابەتەکەم بۆ باسکرد وتی : نابێت بەرپرسە کوردەکان وەک گەندەل نیشانبدەین دوایی ئابروومان دەچێت.
وتم : کوردی چی؟ ئێمە خوێنمانڕشت بۆ ئەوەی دزێک بێت سەروەت و ماڵمان گسگ بدات؟ ئەم دەعبایە  ڕەوشتی بەرپرسی تیا نییە..پاشان خۆ کورد سەید نییە. جاران هەزارەها جاشمان هەبوو. ئێستاش دەیان ژنی لەشفرۆشمان هەیە.
بەهەرحال کەس ئامادە نەبوو ئەم بابەتە بنوسێتەوە. تۆ سەرەداوی ئەم بابەتەت کردەوە.هەستم کرد تۆ فریو دراویت خەریکە کاکە حەمە بکەیت بە فس فس پالەوان کەچی یەک ڕۆژیش تەقەیەکی بە دوژمنەوە نەناوە. کەچی فایلێکی بۆ خۆی کردووە گوایە کات خۆی تەنزیمی بووە!.
وتم : قسەکانت تەواو بوو.
وتی : نەخێر قسەکانم تەواو نابن..ئاخۆ چەند گورگیتر هەن وەک ئەم کاکە حەمەیە.
وتم : بەڕاستی لوتکەیە.
وتی : دەبا پێت بلێم ڕۆژێکش لوتکەی شاخی نەبینیوە…لەسەردەمی منداڵی تایەکیان دابووە دەستی وتبیان حەمە ئەم تایە بەرە سەر لوتکەی ئەو گردە بۆ ئاگری نەورۆز.
ئەویش وتبووی : من لە لوتکە دەترسم .
لەو ڕۆژەوە ناویاننا (حەمە لوتکە). کەچی ئێستا هەرچی زەوی بنار گردی نەورۆز هەیە داگیری کردووە سەد مەتر سەد مەتر دەیانفرۆشێتەوە.
وتم : ئێستا چیبکەین؟
وتی : ئەی من یەک کتژمێرە گوێزت بۆ دەژمێرم..ئەم وتانەی من بۆ باسکردی بینووسەوەو بلاوی بکەرەوە.
وتم : بە خوا جوانە . پێش ئەوەی تۆ ببینم بە تەلەفۆن هەڕەشەی لێکردم وتی : دەبێت وەک کار سەرتبڕم.
باجی روناک پڕ لە خەم وەلامی دامەوە : من  کچێنیم بە فیڕۆ چوو ، وەک ژن  ژیانم  چوو. خۆشەویستیش جگە لە خەم چیتر نەبوو .
چاوی بڕییە چاوم و وتی : کارزان، تۆ گەنجی ژیانێکی درێژت لەبەردەمدایە ،  دەتوانی ئەم بابەتە بە ناوی منەوە بلاوکەیتەوە. با کاکە حەمە من بکوژێت.
وتم : ئەمە کێشەیەکی ئالۆزە!.
باجی روناک بە توڕەییەوە وتی : ئالۆزی چی؟ من ئامادەم هەموو شت لەدەست بدەم تەنانەت ژیانشم بخەمە مەترسی لە پێناو ئەوەی بتوانم ڕێگا لە دزێک بگرم چیتر سەروەت وسامانی شارەکەم نەدزێ.
وتم : تۆ ژنێکی قارەمانی، بەس تۆ تا ئێستا کەست بینیوە سزا بدرێت؟
وتی : با کاکە حەمە یەکەم کەسبێت .مەگەر تۆنازانیت چەند ڕۆژێکیتر خۆپیشاندان سازدەکرێت..وێنەکەی کاکە حەمە شار دادەپۆشی؟.
وتم : لەم ولاتە لەجیاتی بەرپرس ڕۆژنامەنوس سزا دەدرێ!
لەگەڵ باجی روناک  نەگەییشتنە ئەنجامێک . ناچاربڕیارماندا جارێکیتر یەکتر ببینینەوە.
یەکڕاست چووم بۆ لای سەرنووسەرەکەم . قسەکانی باجی روناکم بۆ گێڕایەوە.
سەرنوسەرەکە وتی : با بزانین تا بەیانی چیدەبێت.؟
وتم : سبەینێ چی ڕوودەدات؟
وتی : خۆپیشاندان!
وتم : ئەی تێبینی و پەشیمانبوونەوەم بلاونەکردەوە؟
وتی : خەلکی تێبینیەکان ناخوێننەوە!.
بە دڵتەنگی و توڕەیی و شپرزەیی دەزگای ئازادیم بە جێهێشت. هەرچەندە سەرنوسەرەکە پێیوتم : کارە چیتر بەتەنیا مەسوڕێوە!. بەس من حەزم بەتەنیایی دەکرد.
شەوێ پارێزگاری شارلە میدیاوتەلەفزیۆنەکانی شارەوە  داوای لە خەلکی کرد کە خۆ پیشاندان نەکەن.
لە چەند کەنالێکیتر کاکە (حەمە لوتکە) بە ورەیەکی بەرزەوە هاواری دەکرد و دەیگوت : ئەگەر ئەم کارە بەسەر مندا تێپەڕێ، سبەینێ هەموو کورسییەکانمان لێدەسێنن.
وایدەزانی مافی نەتەوەییمان بە کورسی دەسێندرێت.
هەرچۆنێک بوو بۆ سبەینێ خەلکی بێ مۆلەت خۆپیشاندانیان کرد..منیش لە دوورەوە تەماشای خۆپیشاندانەکەم دەکرد.
خۆشنووسەکەم بینی پیکابەکەی پڕکرد بوو لە لافیتە، یەک یەک دابەشی دەکرد بەسەر خۆپیشاندەرەکاندا!.
چەند ئۆتۆمبیلێک بە بەردەممدا تێپەڕی بە پۆستەری (حەمەی لوتکە) ڕازاندرابووەوە، دەتگوت زاوایەو دەچێت بە دوای بووک.
لەم کاتە لانکرۆزەرێکی جامڕەش لەبەردەمم ڕایگرت ، چەند چەکدارێک دابەزین و هەلیانکوتایە سەرم بە قۆناخە تفەنگ شان وملیان شکاندم، لە هۆش خۆم چووم، ئیتر نەمزانی (کاکە حەمەی لوتکە) و خۆپیشاندانەکە چییان بەسەرهات؟!

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.