Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بەرەو زەوییەكى دی…. عومەر جەلال

بەرەو زەوییەكى دی…. عومەر جەلال

Closed
by January 12, 2008 ئەدەب

      
 ئاو لەگەڕان  وەڕس بوو   
 بەرد هێند تامەزرۆى رۆیشتن بوو نابینا بوو
 نابینایى لە چاوەڕوانى رووناكیدا بووە تارمایى
 تارمایی بە هۆگریى ئاسوودەییەوە شێت بوو
 شێت بوون لەعاشق كوشتن راوەستا
 كتێب بەخەمى رامانەوە پەڕەكانى زەرد وشێوا
 باران لە دووبارەبوونەوەى بارینى گۆڕا
 بەفر سەماى بووە مەرگ و رەش هەڵگەڕا
 نسێ هێند بووە نسێ ى سروشت
 بە تیشكێكى رزیووى خۆر خۆى هەڵواسی
 ئەم زەوییە شوناسی مەرگى گرتووە
 خوێن تەنیا رووبارە بە شەپۆلەكانى تەڕمان دەكات
 جەنگ وەك گەمەى منداڵانە چاوشاركێمان لەتەك دەكات
 ئاگر بە سادەییەوە راڤەى مردنى ئاو دەكات
 ئاو بە شۆخییەوە دەست لەملى ئاگر دەكات
 جەلاد خۆى ساز دەكات بۆ كۆنسێرتى لە سێدارەدانى گوڵ
 گوڵ لەوەتەى هەیە قوربانییە
 عاشقە دۆڕاوەكان پەڕە پەڕەى دەكەنەوە بۆ بەختى نووستویان
 شاعیرە گەمژەكان  بە بێ بۆن دەیكەنە پەیڤى شیعرەوە
 مەرگى گوڵ كۆتا هێنانە بە ئەفسانە
 ئەفسانە جەنگێكە بە رێگاى قاچاخ بۆ زەوییەكى دى
 زەوییەك هێندەى دەریاكان خوێنى بەرهەم هێناوە
 زەوییەك هێندەى وەرینى گەلاكانى پایز ئافرەتى تێدا كوژراوە
 هەموو ئاخێكى مرۆ هێمایە بۆ رەتكردنەوەى ئەم زەوییە
 هەموو گەڕانەوەیەك بۆ منداڵى یەكسانە بەدابەشبوونى رۆحى زەوى
 مەنفا پەنجەرەیەكە بۆ رامان لە سكێچى زەوییەكى دى
 تەنیایى پرۆڤەى مەرگى ئەم زەوییەیە تێدا دەژین
 پێكەنین بە سوتانى شاعیرێك ئاماژەیە بۆ تڕۆكردنى ئەم زەویە
 گریان بۆ ئایندە خەوێكى قوڵە لە بەردەم باراندا
 خۆكوشتن ترۆپكى سڕینەوەى زەوییە لە تەختەڕەشی فەرامۆشیدا
 پێشوازى كردن لە مردووان پێشوازییە لە زەوییەكى دى
 ئاهەنگ گێڕان لە گۆڕستان یانى گەڕان بەدووى رێگایەك بۆ رەشكردنەوەى تەرمى زەوى
 بێدەنگبوون لە جەنگ بێدەنگبوونە لە تارماییەكانى دۆزەخ
 بەدەستهێنانى زەوییەكى دى
 خوێندنەوەى دیوە شارەوەكانى بەهەشتە
 بوون و توانام لەوەدا كۆكردووەتەوە ئەز,
 زەوییەكى دیكە  فەراهەم بكەم
 زەوییەك وەك ئاسمان تەنیا منداڵیى لێ بژێت
 زەوییەك وەك ئاو بەسادەییەوە بمبات
 وەك شیعرێكى نەمر بەخوێندنەوەى تەمەنم درێّژتر بكات
 زەوییەك بە بۆنى عەشق هەناسە بدەم
 شەونمى سەر گوڵە پەژمووردەكان خواردنەوەى بەیانیم بێت
 جێگەم لەناو باران راخرابێت
 خۆر ئاوابوون دواین هاورێ ى تەنیایم بێت
 زەوییەك بۆنى خوێن و جەنگى تێدا نەبێت
 ماڵەكانى لە گەڵا درووستكرابێت
 مرۆڤەكانى شەهیدانى رێگاى عەشق بن
 چ بەخشندەییە لە زەوییەك بیت جەنگى تێدا نەبێت
 چ ئاسوودەییەكە لە ماڵیك بیت تەنیا خەیاڵ و بۆنى یارى تێدا بێت
 چ دۆڕانێكە شكستخواردوو بیت و گۆرانى بۆ ئەم زەوییە بێژییت
 هێندە پێم بەر گیای ئەم زەوییە كەوت مردم و زیندووبومەوە
 هێندە گوێبیستى تراژیدیا بووم خەندەم بیر چووەوە
 _با_ وەك منداڵى بردمى و بە دێوانەییى هاتمەوە
 -ئاو-وەك عەشق هێند گومانى لا دروست كردم كۆمبوومەوە بەئەندازەى  بەرد
 -باران-بەو هەموو هێزەى شۆردمیەوە و لە بۆنى غەمى ئەم زەوییە پاك نەبوومەوە
 پاك بوونەوە یانى داوەت كردنى یار بۆ ماڵى دڵى شكاوى لە عەشق بە جێماو
 رووتكردنەوەى سروشت جۆرێكە لە شۆڕشی دژە زەوى
 فڕینى باڵندە نەفرەت كردنى زەوییە بە زمانى فڕین
 كوشتن میزكردنە بە رێساكانى ئەم ژیانە پووچە
 نەهیلیستیەت دوا كتێبە هاوڕێكانم مژۆڵى خوێندنەوەین
 خۆسوتاندن دواین گەمەیە كچە تەنیاكانى نیشتمان موعتادی بوون
  ئەى هاوڕێم (من) …
 جگەرە نەما نەیكێشى بە كۆڵت دا
 شەو نەما بەمەستى گوزەر نەكا
 ئێوارەكانت هەمووى لێوان لێو بوون لە غەمبارى
 جەنگ نەما ئەزموونى نەكەیت
 فرمێسكى ئەم ژیانە هەمووى سەردانى كردیت
 تەرمى پەپولەكان لە گیرفانەكانتدا خۆیان حەشار دابوو
 ببورە هاورێ (خۆم)…
 ئەم زەوییە سوودى نەماوە زووكە جێی بهێڵە
 ئەگینا شیعرەكانت دەدڕێنن
 شاعیرانى سادە و خوێنەرى سادە دەبنە پاڵەوانى ئەدەب
 لەبرى مۆزیك لولەى تفەنگەكان دەبنە هاورێ ى گەنجەكان
 لەبرى گۆرانى گوێبیستى هاڕەى ئەو فیشەكانە دەبین دەینێن بە مرۆڤە بێدەنگەكانەوە
 ئەو مرۆڤانەى هەمیشە خەون بە زەوییەكى دیەوە دەبینن و مەرگ رێگایان پێ نادات
 ئەى خۆم (هاورێ)…
 كاتى ئەوە نەماوە بە خوێندنەوەى كتێبەكانەوە رابمێنیت
 شوێنى ئەوە نییە  بەدەنگى بەرز بانگى یار بكەیت و رەتت بكاتەوە
 درەنگە دەرگاى زەوى دادەخرێت
 ناوى عەشقى لێبنێ و دواین سوێند بە شیعر
 بێژە بە كپیى
 ئەمە دواین شیعرە دەینووسم لەسەر گۆى ئەم زەوییە
 ئەمە دواین پەیامە بۆ كچێك رەقتر لە بەرد
 ئەم دواین هەناسەیە لەسەر ئەم زەوییە
 ئیدى نامەوێت
 چارەى رەشی ئەو مرۆڤانە ببینم هاورێكانمیان بەكوشتن دا
 ئەو مرۆڤانەى بێ سۆزبوون بەرانبەر بەهەشتى ئەم زەوییە و
 دۆزەخى ئاگراوییان بە دیارى هێنا بۆ ووڵاتەكەم
 ئەى من (هاورێ)..
 پێبكەنە تا تخووبى شێت بوون
  بۆ ئەو رۆژانەى سیزیڤ ئاسا ژیایت
 نەفرەت بكە لەو مامۆستایانەى وانەى ترس و ئیرەییان فێردەكردى
 ئەو قوتابخانە بەردباران كە
 چارەكە سەدەیەك تەمەنى دزى و زیندانى كردى
 وەك شێت
 بەرد بگرە ئەو مەلایانەى باسی دۆزەخیان بۆ كردى
 ئەو مەلایەى واى لێكردى بجەنگى دژى مرۆڤ
 لێبووردەى بگۆڕیتەوە توندووتیژى
 سیلەى كۆڵان لە خوێندا نابینرێت
 ماڵە سارد وسڕەكەى تەنیایى ئاگرى تێبەربووە
 زەوی جەستەى كون كون بووە
 بەئەندازەى ئەو شەهیدەى لە بەیانیەكى شەرمندا گولەباران كرا
 زەوى دەستى برینداربووە و هەر خوێنە
 بەسەرى ئێمەدا دەیهێنێ ئەگەر بە جێى نەهێڵین
 غەمى من نووسینەوەى زەوییە
 ئەو هەموو ئازار و شكستە چۆن جێ بكەمەوە
 ئەو گۆرانییە كوژراوانە چۆن بنێژم
 شیعرە پووچەكان چۆن راڤە بكەم
 چ شەرمە بۆ زەوییەكى دى تراژیدیا بە كۆڵ بەرم
 ئەم زەوییە شەرمەزارییە بۆ كەسێك
 بەرەو زەوییەكى دى بڕوات
 من دەستپێشخەرى ئەوانى دیم
 یەكەم كەسم ئەم زەوییە جێدەهێلم
 یەكەم كەسم كۆڵانەكانى منداڵیى جێدەهێلم
 پشت لەو زەوییە دەكەم تێیدا ژیام
 یەكەم كەسم لە پاش شكستى عەشق هەمیشە عاشق دەبمەوە
 لە پاش سوتانى ئەم شیعرە بەخەمەوە دەینوسمەوە
 مانیڤێستى زەوییەكى دى
 دەبێتە مارشی شۆرشم
 
  
 
 omerjelal@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.