Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بەرەو سەرکەوتن لە١٢ی حوزەیران

بەرەو سەرکەوتن لە١٢ی حوزەیران

Closed
by June 9, 2011 گشتی

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی دوانزدەی حوزەیران کە رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی نوێنەرانی پارلەمانی تورکیایە، کارو خەبات‌و هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بەوپەڕی جۆشوخرۆشەوە لەسەرتاسەری تورکیاو شارو شارچکەو گوندەکانی باکووری وڵات بەڕێوە دەچێت.
بێگومان هەڵبژاردن بۆ گەلی ئێمە لەباکوور ئەزموونێکی تازەیە، ئەو چەند هەڵبژاردنانەی کە لەخولەکانی رابردوودا لەتورکیا ئەنجام دراون مەگەر لەو دە پانزدە ساڵەی دوایی دەنا گەلی ئێمە راستەوخۆ نەیتوانیوە یان راستتر بڵێین رێگەی پێنەدراوە وەک کورد گوزارشت لە خۆی بکات‌و وەک هێزو لایەنەکانی دیکەی ناو تورکیا لەچوارچێوە‌و قەوارەیەکی تۆکمە‌و یەکگرتووی وەک ئەمجارە بەشداری لەهەڵبژاردنەکاندا بکات. ئەوەندەی کە بەشداریشی کردووە لەگەڵ کۆسپ‌و تەگەرەو هەموو شێوازەکانی رێگرتن رووبەڕو بۆتەوەو دەوڵەتی تورک ئەوپەڕی ساختەکاری‌و زەبروزەنگی لەهەمبەر خەڵکی کورد بەکارهێناوەو تا بۆیکرابێت لێنەگەڕاوە هێزو قەبارەو سەنگی راستەقینەی گەلی کورد دەربکەوێت. وەک ئاشکرایە ئێستا تێکۆشانی ئازادیی گەلەکەمان لەباکوور چۆتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتووتر کە بێگومان ئەمەش بەخوێن‌و خەبات‌و خۆڕاگریێکی قارەمانانە بەدەستهاتووەو لەو رووەوە هەموومان دەبێ شانازی بەگەلەکەمان لەباکوورو پێشەنگە سیاسیەکانی بکەین کە پرسی کوردیان گەیاندە ئەم ئاستەی ئەمڕۆ. ئەو هەڵبژاردنەی ئەمجارەش دەبێتە وێستگەیەکی زۆر کاریگەرو مەزن کەوەک چاوەڕێ دەکرێ ئەگەر خەڵکی کورد بەتواناو ئامادەییێکی باشەوە بەشداری تێدا بکات‌و دەنگ بەکاندیداکانی (بەرەی رەنج، ئازادی‌و دیموکراسی‌)  بدات، ئەوا ئیدی فشارو بەربەستەکانی دەوڵەتی تورکیا وەک جاران ئەو کاریگەریانەیان نابێت لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.
ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ خەڵکی کوردستان کە لەو هەڵبژاردنەدا سەرکەوتنێکی گەورە دەستەبەر بکات، چونکە سەرکەوتن لەو هەڵبژاردنەدا دەبێتە مایەی:
١- یەکخستنی ریزەکانی گەل‌و مکومکرنی یەکێتیی نەتەوەیی،
٢- بەهێزبوون‌و پێشکەوتنی خەبات‌و تێکۆشانی هێزو لایەنە سیاسیە پێشەنگەکانی باکووری کوردستان کە ئێستا لەچوارچێوەی بەرەیەک بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە یەکیانگرتووە،
٣- خێراترکردنی پرۆسەی چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد،
٤- بەخشینی پاڵپشتی‌و گوڕو تینێکی مەزن بەبەشەکانی دیکەی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە نەتەوەیی‌و نیشتمانیەکانمان‌.
بۆیە چاودێرانی سیاسی‌و هێزو لایەن‌و کەسایەتیە دیموکرات‌و ئاشتیخوازەکانی کوردستان‌و تورکیا زۆر بەبایەخەوە لەو هەڵبژاردنە دەڕوانن‌و گەلەکەشمان وەک چۆن بەجۆشوخرۆش‌و متمانەبەخۆبوونیکی زۆرەوە لەهەڵمەتەکانی هەڵبژاردن‌و پشتگیری‌و پشتیوانیی خۆی بۆ کاندیداکانی کورد شەوی خستۆتە سەر رۆژ، بەئومێدو گەشبینیێکی زۆریشەوە چاوەڕێی ئەنجامەکەیەتی.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.