Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بەشوێن پێكانی گەنجێكی دەست بەتاڵدا

بەشوێن پێكانی گەنجێكی دەست بەتاڵدا

Closed
by July 10, 2008 گشتی

 بەشدارى سیاسی , بەبێ گەنج و لەگەڵ گەنجدا
 
 محمد حسین
  ژیانی سیاسی كوردستان لە موفارەقەیەكی گەورەدایە paradox) ), زۆربەى ئەوكەسانەى لە بوارەجیاجیاكانی سیاسەتدا چالاكن , فڕیان بەسەر سیاسەتەوە نەماوە ,  ئەندامانی حیزب زۆر بەدەگمەن نەبێت پاڵنەر و ئەنگێزەى سیاسیانەیان تیا نابینرێت , لەبەرامبەریشدا ئەو كەسانەى خەمی سیاسیانەیان هەیە و بەتەنگی گرفتە سیاسیەكانی كۆمەڵگاوە دێن , خۆیان دورە پەرێز گرتووە و عەیبیان لێ دێـت بەشدارى دام و دەزگا سیاسی و حیزبیەكانی ئەم وڵاتە بكەن , بەجۆرێك كە بەشدارى سیاسی وەك مشەخۆرى و خۆفرۆشى سیاسی  لێهاتووە ,  دورە پەرێزی و ناكارایش بۆتە جۆرێك لەهەلوێست و بەرەنگارى .. ئەمە دیاردەیەكی كەم وێنەو دەگمەنە لەمێژویى مرۆڤایەتیدا , كەسیش لارى لەوە نیە كە ئەنجامێكی سروشتى ئەو شێواوی و وێرانیەى ئەخلاق و نەریتە سیاسیەكانە , یەكێكە لەو ماكانەى گەندەڵى و سەركوتكارى سیاسی لەكوردستاندا دروستى كردووە , مەسخبونی سیاسەت بۆهونەرى پارەكۆكردنەوەى ناڕەواو تاڵانكردنی ئابورى نیشتمانى ڕێگەى بۆ خۆشكردووە ..
  بێگومان هاوكێشەیەكی پێكەنیناویە , چۆن ئەكرێت كەسانێك كە خەمی سیاسیانەیان هەیە بەشدارى سیاسیان پێ عەیب بێت , لەكاتێكدا ئەوانەیش بەكردەوە سیاسین , بەلایانەوە سیاسەت هونەرى گیرفان پڕكردن و ڕاو و ڕوتكردن بێت  ؟
 ئەگەر بەڕوكەش تەماشاكەین كۆمەڵگاى ئێمە هەر هەمووی سیاسیە , سەرانسەرى بازاڕبگەڕێ كەسێك نادۆزیتەوە بایەخی بۆدەنگ وباسە سیاسیەكانی وڵاتی خۆمان و جیهان و ناوچەكەیش نەبێت ,  هەر كەسێك بیەوێت دواگۆڕانكاریەكانی كێشەى عەرەب – ئیسرائیل بزانێت پێویستى بە شیكەرەوەیەكی پرۆفێشیناڵ نیە شیكاری بۆبكات , بەڵكو هەر لەلاى خۆیەوە و نزیكترین كەس هەڵبژێرێت , هەموو ئەو بۆچونانەى شەوی پێشتر كەناڵە فەزاییەكان بەبینەریان بەخشیوە , سادەو ساكار و بەلاش  ئەیخاتە بەردەستی .
    لە مۆسكۆى ڕۆژگارى یەكێتی سۆڤێتدا , ئەیانگوت " ئەگەر لەنیوەشەوێكی درەنگوەختدا ,  ڕۆشنایى ناو ژورى یەكێك لەئاپارتمانەكان لەپەنجەرەكەوە دیاربوو , ئەوە بێگومان یان كوبیەكانن سەرقاڵى سەماكردنن  , یان عێراقیەكانن خەریكی مشتومڕى سیاسین " .. ئەم نوكتە مۆسكۆییە , تاڕادەیەكی زۆر بۆ ئەمڕۆى خەڵكی كوردستانیش هەر ڕاستە , بەڵام بەدەستكاریەكی بچوكی یەكێك لە (یان) ەكانەوە , چونكە لەكوردستان كەس نازانێـت وەك كوبیەكان سەما بكات , ئەوەى كاتژمێر 2ی شەو گڵۆپی ژورەكەى بگڕێت , یان لە بێ كارەبایدا خەوی لێنەكەوتووە  , یان تەكەتولات و حیزب حیزبێنە گڵۆڵەى بەرژەوەندیە كانی خستۆتە لێژى . بەڵام گەر ئەم پەرۆشیە سیاسیە هاوڕێ بوایە لەگەڵ بەشداریەكی چالاكی سیاسیانەى هاووڵاتیاندا , ئەوالانی كەم لە (دانیشتنە مێژوییەكانیدا ) نیگەرانی خەوپیاكەوتنی ئەندامانی پەرلەمان نەئەبوین , بەرامبەر تاڵانكردنی سامانی وڵاتەكەمان بێ دەنگ و نوزە دانەئەنیشتین .. بەڵام ئێمە چونكە نەگبەتین , تەنها لە جەلەحانێ و چەپڵەلێداندا ئەكتیڤین  , ئەگینا بۆ خەمە سیاسیەكانی ژیانی ڕۆژانەى خۆمان پولێكی قەڵب ناهێنین . بۆیە زۆر ئاساییە  ئەو بەڕێزانەى نیوەى تەمەنیان بەدیار هەواڵە تەلەفزیۆنیەكانەوە ئەبەنە سەر هیچ قەلەقی گرفتە سیاسیەكانی گۆڕەپانی كوردستان نەبن , كە چاودێرى دواهەڵوێستەكانی بۆش وئەحمەدی نەژاد ئەكەن , نازانن وەزیرى كارەباى وڵاتەكەى خۆمان ناوی چیە , لەكاتێكدا كێشەى هەرە سەرەكی وڵاتى ئێمە كارەبایە , وەك ئەوەى شاعیرێكی میلیش پێشبینی كردووە " ئەگەر تەنها ڕۆژێكیشمان مابێـت لەدنیادا هەربەحەسرەتی كارەباوە ئەمرین " .
 سستی بەشدارى سیاسی گەنجان ئەبوایە خەمێكی گەورەى فكرو سیاسەتى ئەم وڵاتە بوایە , ئەو بێ باكی و خەمساردیەى هەیە تەنها تابورى پیاوە گەندەڵەكان و پاسەوانە پیرەكان فراوانتر ئەكات , هەرگیز چانسی چارەسەرى هیچ كێشەیەك گەورەتر ناكاتەوە .. بۆیە خراپترین هەڵوێست لەسیاسەتدا بێدەنگی و دورەپەرێزیە , كە تۆ بێدەنگ بویت و خۆت لەگرفتەكان دزیەوە , ناڕاستەوخۆ بەواتاى ڕازی بونت دێـت بەوەى كە ئێستاهەیە و لەئایندەیشدا دروست ئەبێت .. ئەو دەنگانەی هەمیشە بەئاراستەى گەورەتركردنی نائومێدیەكانی گەنج لەبەشدارى سیاسیدا قسە ئەكەن , بەمەبەست بێت یان بێ مەبەست  ئاو بەئاشى گەندەڵكاراندا  ئەكەن .
 من ئەزانم ئیشكردن لەناو دەزگا گەندەڵ و تۆپیوەكانی سیاسەتكردن لەئەمڕۆى كوردستاندا زۆر زەحمەتە , كەم كەس ئەتوانێـت چاوى خۆى بنوقێنێـت لەو ئاشبەتاڵە سیاسی و ڕۆحی و ئخلاقیەى حیزبى كوردی توشى هاتووە , بەڵام ئەمانە نە دوا مۆدێلى سیاسەتكردنن و نە كۆتایى مێژویشن , ئەكرێـت مۆدێلێكی نوێى سیاسەت كردنی گەنجانە دابهێنرێت , مۆدیلێك بێ لێشاوی پارە بەهەدەردان بژی , بێ هەڵواسینی وێنەى هیچ كاریزمایەك  بەردەوام بێـت و كاریگەرى خۆیشى هەبێت .
  كەس نیە نەزانێت ژینگەى سیاسی كوردستان چەند نالەبارە بۆدروستكردنی هەر مۆدێلێكی نوێى كارى سیاسی , مرۆڤ تاهەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو دۆخە سیاسیەى ئەمڕۆ نەكات نازانێت چ كاولكاری وسەرگەردانیەك وڵاتی گرتۆتەوە  , مەگەر ئەم دایالۆكەى خوارەوە ( كە لەنێوان دووان لەسەكردەكاندا دروست بووە )بتوانێـت وێنەیەكی بێ ڕتوشى سیاسەت وئخلاقیاتی سیاسەكانمان نیشانبدات .
 دیارە  ژیانی سیاسیەكانیش خاڵى نیە لەنوكتەو دیمەنی كۆمیدی و خۆش , كە هەر بەفەزڵى ڕوخۆشی و قسەخۆشەكانی خۆیان دەگاتەوە ئێمەیش .. لە دانیشتنێكی دۆستانەدا , سەركردەیەكی حیزبی بە هاوكارەكەى خۆى ئەلێت :-
 — كاك (…) قومار دەكەیت ؟
 ئەویش بەزەردەخەنەیەكەوە پێى ئەڵێـت :-" نەوە الله كاك (… ) , هەر هیچى لێنازانم  "
 جارێكی تر پێى دەڵێتەوە :-  " ئەى ویسكی دەخۆیت " ؟
 زۆر بەستەزمانانە وەڵامی ئەداتەوە و ئەڵێت :- " نە بەخوداى ئەویش ناوخۆم " .
 بۆجارى سێهەم دەمی لەبناگوێى نزیك ئەكاتەوەو , بەدەنگێكی هێورتر  ئەڵێت " ئەى  كچۆڵەى ناسكت لۆ دێنن " ؟
 دیارە ئەمجارەیش هەر بەنەخێر وەڵامی ئەداتەوە   .. ئیتر كاك (… ) پرسیاركەر  بێتاقەت ئەبێت و ئەڵێت " باشە پێم بڵێ ئیتر بۆچی سیاسەت ئەكەیت ؟ ویسكی نەخۆیت و قومارنەكەیت و كچۆڵەى ناسكت لۆ نەهێنن و … ,  خەریكی چیت ماڵ خراپ , بۆناچیتەوە ناو ماڵ و منداڵى  خۆت دانیشیت و …
 muhemedhusen@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.