Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بەكێڵگەكردنی جەستەی ژنان، سوكایەتیكردنە بەهزری مرۆڤبوون

بەكێڵگەكردنی جەستەی ژنان، سوكایەتیكردنە بەهزری مرۆڤبوون

Closed
by September 6, 2012 ژنان

 

 

 هۆكارەكان، زاتی، یان بابەتی، سیاسی، یان كۆمەڵایەتی، هەر چییەك بن، بەگومانم لەوەی هەتا ئێستایش، تاكی كورد، توانیبێتی ئازادی خود لەخۆدای خۆی بەمانكردبی لەخۆدا..

 بێگومان، هەتا ئێستایش، ئەوە تاكی كورد نییە، وەك یەكەیەكی بنەڕەتی ڕۆڵدەبینێت لەپێكهێنانی جڤاكەكەیدا، بەڵكو ئەوە خودی جڤاكە لەبری تاك بیر دەكاتەوەو، لەبری تاك بڕیار دەداو، ژیان دەنووسێتەوە لەدو توێی میزاج و، كولتورێكی باوگیردا، بۆیە ئەگەر تۆی ژن، كۆیلەی ئاو هەڵكێشان و، خۆ وشككردنەوەی خۆتبیت لەخۆدا، ئەوا منی پیاویش، لەفۆڕمێكی تردا، كۆیلەی  ئاخهەڵكێشان و، خۆ خاڵیكردنەوەی خۆمم بەهەمان شێوە لەخۆدا..

 دیارە ئەو تاكەی ئازادی خۆد لەخۆدای خۆی، بەمانا نەكردبێت لەخۆدا، بێگومان سەر بەهەر ڕەگەزێك بێت، بەر لەوەیش بەكۆیلە كرابێت لەلایەن جڤاك، یان ئەوانی ترەوە، ئەوا خودیخۆی بەرەو خود كۆیلەیی خۆی بردوە، بەم عیبارەتە، زۆرینەی ڕەها لەتاكی كورد، نەك هەر جارێك، بگرە دوجاریش كویلەین، جارێك كۆیلەی بەندوباوە كۆمەڵایەتی و، جڤاكییەكان، جارێكیش كۆیلەی نەسازییە خودییەكانی خۆمان لەخۆدا، ئەم هەموو حەسرەت و، قەهرەیش، تەنهاو تەنها لەوەها بێماناكارییەكی جڤاكی و، نائازادی خودییەوە، سەرچاوەیان گرتووەو، بەس ‌!..

 بەمانایەكی تر، تۆی ژن، بۆ دەچەوسێندرێیتەوە؟، ئەی باشە چەوسێنەر، بۆ دەبێ‌ منی پیاوبم؟ بوونمان هاوبەش، ژیریمان هاوبەش، ژیانمان هاوبەش، مردنی هاوبەش، پێمبڵێن‌ ئەی تاكە بڕیاردەر بۆ منم؟، ئایا زەوی نێرە؟!، ئەی پلە نزم بۆ هەر تۆی؟، كێ‌ پیاوی باڵاتكرد؟ ئایا ئاسمان مێیە؟! تاڵاوی ئەم هەموو ڕهاییە لەبڕیاردان، سوێراوی ئەم هەموو پلەبەندییە لەوابەستەیی، تۆ بڵێی لەكویی عەقلانیەت و، لەكوێی لۆژیكەوە، ڕژاونەتە وجودمانەوە؟!..

تۆی ژن، بۆ نیوەی جڤاك و، نیوەكەی تری بۆ منی پیاوم؟، ئەم ناتەواوییەی بوون!، دەرهاویشتەی چجۆرە ڕێسایەكی مێگەلی و، دەرچەی چجۆرە یاسایەكی فیزیكی و، ماتماتیكییە؟، چجۆرە ئاین و، بیردۆزەو، فەلسەفەیەك، وەك ژمارە لەتاكێتیمان دەڕوانن‌؟!..

 ئایا، نیووەی پرتەقاڵ + نیووە سێوێك لەمیوەجات، = بەچەن پرتەقاڵ و، سێوی تەواو، لەباخچەدا؟، ئایا، نیوەی نێرو، نیوەی مێرێك لەمرۆڤدا، = بەچەند مێرو، نێری تەواو، لەجڤاكدا؟..

 بێگومان، نەنیووەی پرتەقاڵێك بەكۆكردنەوە لەگەڵ نیووەی سێوێك دەكاتە یەك جۆری تەواو لەمیوەو، نەنیووەی سێوێكیش بەكۆكردنەوە لەگەڵ نیووەی پرتەقاڵێك دەكاتە یەك جۆری تەواو لەهەمان میووە، بەڵێ‌ دواجار ئەوان میوەن، بەڵام نابن بەنیووەی یەكتر، چونكێ‌ ئەوان لەبنەمادا، دو جۆر میووەی سەر بەدو درەختی سەربەخۆن، هەروەك چۆن نەپیاوێك نیووە مرۆڤە تا بەكۆكردنەوە لەگەڵ نیووە ژنێك بكاتە یەك مرۆڤی تەواو، نەژنێكیش نیووە مرۆڤە تا بەكۆكردنەوە لەگەڵ نیووە پیاوێك بكاتە یەك مرۆڤی تەواو.

 بۆیە ئەگەر ئەم كۆكارییەی میوەجات، بۆ كوشتنی چێژ بێت لەبۆتەی باخچەدا، ئەوا ئەم بەنیووە تەواوكار بیینەی مرۆڤیش، بۆ بەرینكردنەوەی جیاوازی ڕەگەزی و، بۆ كوشتنی تاكە وەك مرۆڤ لەبۆتەی میگەلدا.

 میووەجاتەكان فرە چەشن و، فرە چێژو، سەر بەهەزارەها فرەیشن لەدرەخت، بەڵام مرۆڤەكان مێربن، یان نێر، نابی وەك ژمارەو دو ڕەگەز سەیر بكرێن، نیووە مرۆڤبینی، نیووە بوون بینینەو، دەبێت بكرێتە مایەی گاڵتەجاڕی، ئەم هەبوونە بۆ دەبێ‌ وەك قێزەونترین بارهەڵگری نەفرەت لەیەكتری بەرەو سەر هەڵمانگرێ‌؟..

لەوباوەڕەدام، بەر لەهەر شتێك، مرۆڤبوونمان دەبێ‌ بەمانا بكرێتەوەو، لەژێر پرسیار، بهێندرێتە دەرەوە، بەپێچەوانەوە، ئایا ئەمەیە مرۆڤبوون، یان ئاژەڵی دەردەسەری؟!، ئایا ئەمەیە ژیانكردن، یان تەیكردنی شەقامەكانی بێخەبەری؟!، كورت و پوخت، دوبارەی دەكەمەوە، دەبێ‌ هەبوونمان بەهەموو ماناكانییەوە، بەمانبكەینەوە!، ئەمەیە دوا كرۆك و، دوا وڵام !..

وتم هەبوون، یانی هەبوونی خود لەخۆدا: تۆ خۆت بهێنە بەر تەماشای خۆت و، مرۆڤانە بڕوانە، ئایا دوا بڕیار سەبارەت بەخۆت، هەر خۆتی؟، ئەگەر وایە، ئەی ئەم هەموو ڕەفتارە نەشازو، ئەم هەموو توندوتیژییەی ناوخیزان و، دامەزراوە جیاكانی تری جڤاك، یان ئایا ڕەوایەتی بەكۆیلەكردنی هەمە چەشنەی هاوبەشەكەت لەكوێی هەبوونی مرۆڤبوونتەوە، هانی؟!، ئایا تۆ بۆ‌ وابكەی هاوبەشەكەت لەبری عەشق، هێزی پێویستبێت بۆ ژیانكردن لەگەڵ تۆدا؟، ئایا تۆ ئەوە دەزانی ئەوە هەر كۆیلەكراو نییە نادیارێك دوا بڕیار لەچارەنووسی دەدات؟، تۆ دەزانی خودی كویلەگەریش وەك مرۆڤ، لەشوێنی شیاو بەهەبوونی مرۆڤدۆستانەی خۆیدا نییەو، ئەویش هەست و بیركردنەوەكانی دیارە بەجۆریكی تر، بەرەو خودكۆیلەیی دەیبەن، دەزانی دواجار ئەویش هەر كویلەیە، كۆیلەی خەون و، خەیاڵ و، ئەندێشەو، فكرو، فراوانخوازییەكانی خۆی!..

بەم پێوەرانە، لەكوێ‌ هێزی ملپێكەچكردن، لەئارادا نەما، لەكوێ‌ ڕێساو یاسا باوگەراكان، بازاڕیان نەما، لەكوێ‌ ئازادی خود لەخۆدای تاكێتی خۆتت لەناو خۆدا بەماناكردەوە، بەڵێ‌، لەو شوێن و، ژینگەیەشدا، مرۆڤبوونت، شوێنی شیاو بەهەبوونی خۆی دەگرێت، لەوێووە دەتوانی پڕوپوچیش لەڕەگەوە ڕیشەكێشبكەیت، دەتوانی ژیانێكی بەماناتر بهێنیتە ئاراوە، دەتوانی بەرپەرچی هەموو ئەو سوكایەتیپێكردنە بدەیتەوە، كاتێك لەسەر دەستی تاك و، گروپە كۆنزێرڤاتیڤەكان لێرەو لەوێیەك بەرامبەر بەهزری مرۆڤبوون دەكرێت.

 بەكێڵگەو، خۆراك و، یاپراخكردنی ژنێك، لەبنەمادا سوكایەتیكردنە بەهزری مرۆڤبوون، ڕوانگەی بەخزمەتكاربینینی پیاوێك، هزری خۆ لەخۆدای خۆ بەپلە بەرزتر تەماشاكردنی خودێك، لەبنەمادا سوكایەتیكردنە بەهزری مرۆڤبوون، هەر جۆرە پوچی و، هەر جۆرە دەڵڕەقییەك، لەناو خێزانەوە بگرە بۆ هەتا ئەوسەری پێكهاتە كارگێڕی و، جڤاكییەكانی تر، لەبنەمادا سوكایەتیكردنە بەهزری مرۆڤبوون، نیشانەی ئەوەیە مرڤبوونت لەژێر پرسیاردایە، مایەی ئەوەیە دامەزراوە كۆمەڵایەتی و، سیاسیەكانت، ژێرخان و، سەرخانە ئابورییەكانت، زانست و، زانیارییە هەمەكییەكانت، هێشتا زۆر زیاتر زیانبەخشن وەك لەوەی سودبەخش و، دانابن.

ڕاست نییە، تۆ پەرلەمانت هەبێ‌ و، یاساكانت لەبری هاوسەنگی، ‏یەكەیەكی بێمانا لەنێوان نێرو، مێدا دروستبكەن، ڕاست نییە، تۆ حكومەتت هەبێ‌ و، نێر لەبری ئەوەی مرۆڤێكی خۆشگونجاو بێت، سەردارێكی دڵڕەق، ژنیش سەپانی پوش برینج بێت!، ئایا وەها بەرخۆرییەكی ناعەقلانی، دەبێتە ژیان و، دەبێتە شكۆمەندی لەهەمبەر مرڤبوونت؟!..

 نەخێر، رێزدارترین ‏ژن، ئێستا لەم وڵاتەدا، سەركوتكراوترینیانە، تەنانەت سەریان غەرقی شەونمی هەستیاری پێكراوەو، ئەو جوانییەی هەبوونیش پێیبەخشیوون، زاڵگەڕایی هزری خیڵ و، كاوێژی باوگەرایی گروپە كۆنزێرڤاتیڤەكان، لێیان هەڵپڕوكاندون، مێینەی بێدەسەڵات و، چەوساوە، جوانی و، سۆزو، ئەوینداری لەكوێ‌ بوو!..

 ئەوەی ڕوئەدات، پەلكێشكردنی ئەوین، نییە، بۆ پێكهێنانی ژیانێكی هاوبەش، زۆربەی هەرە زۆری، هەڵاتنە لەدنیا داخراوەكەی ناو خێزان، كەچی ئەوەندە ناباو، دوبارە دەكەوێتەوە هەمان گێژاو، ئەی لەسەرەتای ڕێگەدا، تەڵاق و، هەڵنەكردن بەیەكەوە یانیچی؟ ئەی لەهەر بەرەبەیانێكدا، خۆ كوشتن و، خۆ سوتاندن و، دەرهاویشتەی ئەم هەموو حەسرەتە یانیچی؟!..

 باوەڕ دەكەم، ئەوەی دەرونێك هاوسەنگ دەكات، ئەوا هارمۆنیاو، سۆزی مێشك و، لێدانی رێكوپێكی ترپەكانی دڵبێت، بەڵام مرۆڤێك لەجەنگەڵدا، هاوسەنگی دەرونی لەكوێ‌ بوو!، مێشكێكی هەنجن هەنجن و، ترپە هەلا هەلاكانی دڵێك، سۆزو، رێزو، خۆشەویستی لەكوی بوو!..

لەدنیای كراوەدا، ژن و، كچانێك هەن، ڕەنگە تەنها پەژارەیان، بریتیمابێت لەسوڕی مانگانە، هەیشن لەدنیای داخراودا، پتر لەهەر سات و، سەردەمێكی ڕابردو، ئێستا پڕن لەدەردو، پڕن لەپەژارەی ڕۆژانەو، هەفتانەو، مانگانەو، ساڵانە، سوڕی لەزەتی كۆنەپارێزان، دەبەنگیكردون، دەبەنگ، كەچی هێشتایش زۆرینەن ئەو ژنانەی شانازی بەلاوازییەكانی خۆیانەوە دەكەن، زۆر زۆرن ئەو ژنانەی چێژ لەدیوەزمەی پاتریاكی وەردەگرن، نوخبەو، نوێنەرایەتییەكانیان ئەوەتان پێشوازی لەفرەژنی دەكەن، ئاییییی چەند بەئازارە!، چەند بەئازارە قەشەنگترین گوڵە جوانەكانی وجود، پەڕ پەڕو بێباكانە، لەژێر دەستە ڕەشەكانی جەهل و، دەستەمۆییدا، قەدەر بیانكرۆژێ‌!..

بەپێچەوانەوە، ئایا، ‏هەرهیچ نەبێ‌، هاوەڵیكردنێكی ‏عەقڵانیانەی ڕەگەزی، بەس نییە، بۆ ئەوەی كوڕو كچانێكی ‏پڕ سەرنجترو، خوشك و، برایانێكی پڕسۆزترو، ‏نێرو مێردایەتییەكی دڵسۆزترو، مەعقولانەترمان هەبێت؟، ئایا، وەها بیركردنەوەیەك، هەرهیچ نەبێ‌، نامانكاتەوە بەمرۆڤیكی سەر ڕاست و، نامانكاتەوە بەهاوڵاتییەكی باش و، خاوەن نەخش؟..

 تۆی نێر، هەرگیز لەمێرت پرسیووە، ئەو شتانەی بەلای ئەوەوە گرینگن خۆیان لەچیدا دەبیننەوە؟، هەرگیز بەلاتەوە گرینگ بووە، لەخەون و، خەمەكانی ئەو تێبگەی؟، تۆ هەرگیز بەلاتەوە گرینگ بووە، لەئازاری راستەقینەی دایك و، هاوسەر، خوشك و، كچكەت لەدنیای راستەقینەی خۆیاندا، تێبگەی؟..

 بەداخەوە، تاوانی دژ بەمێینە خۆ تەنها هەر لەبەدكاری دڕندەكانی دنیای كۆنەپارێزاندا، كورتنابێتەوە، لەدنیای كراوەیشدا، ئەوە هەر ڕاستە، بەڵام بەجۆرێكی تر، لەوێش هێشتا، مێینە خاوەنی هەموو مافە مەدەنیەكان نین‌، دڵخوازانە بۆیان نییە دەركەون، خۆ ویستانە بۆیان نییە بپۆشن، بەبێ واژۆی نیرینە، تەنانەت پاسپۆرتی سەفەریشیان پێنادرێت، بەبێ‌ هاوەڵیكردنی نێرینە بۆیان نییە سەفەر بكەن، هێشتا پیاو، دوا بڕیار لەچارەی دەدات!، ئەمانە مشتێكن لەگرفتەكان، خەتەنەكردن، ئەوە هەر هیچ، شەرەف و، بێشەرەفی ئەوە هەرهیچ!، مەرگی ژن بەئاسایی، وەختە ببێتە دیاردەیەكی چاوەڕێنەكراو، لەهەمبەر ئەو بابەتە، جارێكی تریش دەمەوێ‌ ئەوە دوبارە بكەمەوە،” هەموو ئەوانەی خود شەرەفی خۆیان لەوی بەرامبەردا دەبینن، بەرئەنجامی خود بێشەرەفی خودی خۆیانەو، بەس”، چونكێ‌ ئەوەی ئەمڕۆ بەبیانوی شەرەف ڕوئەدات، بەبەراورد لەگەڵ سەدەكانی ناوەڕاست، تەنانەت لەسەرئاستی ئەوروپایش، هەر زۆر قێزەونتر دەردەكەوێت!.. 

ئەگەرچی ئێستا مەسەلەی رزگاری مێینە لەخۆرئاوادا، تاڕاددەیەكی بەرچاو، بووە بەحەقیقەت، لەو نێوەدا، ڕێكخراوەكانی ژنان و، بزوتنەوە فێمینیستیەكان، ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕن، بەڵام سەركردەی هەموو ئەم بزاوتانە، بەتەنها هەر مێینە نین، یانی هەر ئەوانە نین بەرژەوەندی ڕەگەزی كۆیكردونەتەوە، بگرە هەموو ئەو نێرینانەی مرۆڤانەیش بیر دەكەنەوەو، تێدەگەن بەیەكەوە لەدنیایەكدا دەژین، سەرمەشقی وەها شێوە تێكۆشانێكن، بەڵام لەوڵاتانی دواكەوتوو، یا تازە گەشەكردودا، ئەوە نەك هەر بەمانا نەبووە، خودی رێكخراوەكانی پەیوەیست بەوەها تێكۆشانێكیش، هێندەی بۆ نوێنەرایەتیكردنی ئایدیۆلۆژیەتی ڕوتی حزبین، هەرگیز، وەها ڕۆڵێكیان نەبینیووەو، نەیانتوانیووە وەك ئەوەی شیاو بەهەبوونە، هەبن!..

ئەرسەلان مەحمود

ئەم وتارە/ لەڕۆژنامەی ڕێوان بڵاوكراوەتەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.