Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
”بەهاری عەرەبیی“ …  ڕێبوار ڕەشید

”بەهاری عەرەبیی“ … ڕێبوار ڕەشید

Closed
by December 17, 2011 گشتی

محەمەد بویئەزیزیی لە ١٨ دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٠ دا لە تونس لە تووڕەیی خۆی دژ بە شێوە بەرخوردیی پۆلیسی تونس کە نەیانهێشت داشقەی سەوزەفرۆشیەکەی بگێڕێت، ئاوری لە خۆی بەردا و خۆی بە سووتان کوشت. گەلانی وڵاتانی عەرەب وا پێ دەنێنە ساڵهاتی جوانەمەرگبوونی محەمەد و بە هەزارانی وەکو ئەو و لەو جەوانتر و بەساڵداجووتر و بەتەمەنتر لەو ساڵەدا لە وڵاتی جیاوازی عەرەبیی گیانیان لە دەست داوە. بە پێی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ژمارەی کوژراوان هەر بە تەنها لەو وڵاتەدا لە پێنج هەزار تێپەڕی کردووە.
دەگوترێت کە پێ و قەدەمی خۆقوربانییکردنی محەمەد بویئەزیزیی بوو کە بوو بە هۆی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبیی و سەرجەم گێژەڵووکەی بزووتنەوەکانی پاش ئەو، کە بۆ نموونە زین العابدین بەن عەلی و خانەوادەکەی بە هەڵهاتن ناچار کرد و حوسنی موبارەک و خانەوادەکەی دەستگیر کرد و موعەمەر قەزافی و منداڵەکانی لە بەرچاوی جیهان بێکەسکوژ کرد و ئێستایش لە دەوری دەسەڵاتی عەلی ساڵح لە یەمەن لوول دەخوات. محەمەد بویئەزیزیی بوو کە بە کڵپەی ئاوری لەشی خۆی کۆتایی بە زستانی عەرەبی هێنا و باوەشی بۆ بەهاری ڕەنگینی عەرەبیی کردەوە.
بەڵام تێپەڕبوونی ساڵێک بە سەر ئەو بەهارەدا کە ئێستا دەکرێت بە ناوەعدە ناوی ببرێت، لە ڕووانگەیەکی ئاییندەبینییەوە لەوە ناچێت مژدەی وا خۆشی پێ بێت کە لە سەرەتادا مەلانی خۆشخوان بۆیان دەجریواند.
ڕۆژێک لە ڕۆژان ئایدیۆلۆژیی ڕەسمیی کۆلۆنیالیزم پێی دادەگرت کە لە فڵان وڵات هەژار و بێ سەروسامانە و توانای خۆبەخێوکردنی نییە. بە مێژووی تۆمارکراو دیتمان کە هیچ وڵاتێک هەژار نییە. لە وڵاتانی گوایا هەژاری وەکو تونس و میسردا بە بیستەها ملیارد دۆلار، بێ لە جۆری سامانی دیکە، دزراوە. لیبیا کە لە سەر دەریایەک نەوت ڕاکشاوە موعەمەر قەزافی هەر بە پارەی نەقد زیاتر لە سەد ملیارد دۆلاری بردووەتە دەر.
خەڵکانی عەرەب بە گشتیی گلەیی لەوە دەکەن کە چەند کەسێکی نەفامی ناڕەوا بە هاوکاریی خانەوادە و خزموکەسوکاریان دەستیان بە سەر وڵاتیاندا گرتووە. لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، و بەتایبەتییش پاش ساڵانی شەستەکان و شکستی عەرەب لە دوو شەڕی جیهانگیریاندا دژ بە ئیسرائیل، بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی نەتەوەیی توند لە ژێرەوە وەکو هەویری فەرامۆشکراو هەڵ دێت.
وا پێدەچێت خەڵکی عەرەب بە گشتیی پێیان وا بێت کە خودا دوورکەوتوونەوە و خۆداسەپاندنی چەند دیکتاتۆرێک لە سەریان جۆرێکە لە غەزەبی ئیلاهی. لەم سەردەمەدا ئیسلامی عەرەب لەو سیاسییەی کە هەمیشە بە مێژوو هەبووە زیاتریش رووەو سیاسیبوون هەنگاو دەنێت. ئیخوان موسلیمین و بزووتنەوەی سەلەفیی گەورەترین هێزی سەرجەم وڵاتانی عەرەبن. لەوانەدا کە سەر بە خۆرئاوان هەر تاکێکیان بە زەبری هێز خەفە دەکرێت و ناهێڵن نووزەی بگاتە گوێی دەراوسێیش. ئەو وڵاتە عەرەبیانە لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئوروپای خۆرئاوادا بە موحافەزەکاری پێشکەوتوو یان ڕوو لە دیموکراسیی ناوزەندن.
لەو وڵاتە عەرەبیانەدا کە حاکمان دۆستی نێزیکی خۆرئاوا بوون و دیکتاتۆرەکان بە هیمەت و ئیزنی خۆرئاوا، نەک “ئەڵڵا”، لە سەر حوکم مابوون، شتێکی دیکە لە پشت ڕمانیانەوە بوو، نەک مەرگی محەمەد بویئەزیزیی. خۆرئاوا کە پاش شۆڕشی ئێران و هاتنە سەرکاری حکومەتی خومەینی و زەنجیرە ڕووداوی دیکەی لەو جۆرە لە ئافریقا و ئاسیا دەرسیان وەرگرتبوو، دەیانزانی کە ناڕەزاییەکی گەورەی نوێ و هاو دەقی هەلومەرجی ئەمڕۆ لەو کۆمەڵگایانەدا تا دێت سنوور دەشکێنێت و بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی سیاسیی نەتەوەیی لەو دۆخە فرە گونجاوەدا دەماسێت، هاتن و بە پلانی ورد گرەوێکی پێشوەختیان لە گەلانی عەرەب بردەوە.
ئەم جارە، لە بریتی ئەوەی پشتگیریی لە دیکتاتۆرگەلێکی بەدفەڕی بۆگەنکردووی و قێزەون بکەن، دەستیان لە پشت و لە ژیر باڵیان بەردا. بە یارمەتیی هەڕەشەی جۆراوجۆر نەیانهێشت ئەرتەش و هێزە ئەمیەتیەکانی دیکتاتۆر کۆمەڵکوژیی لە شێوەی ئێستای سووریا دژ بە خەڵک ئەنجام بدەن. هەمووان بینیان کە ڕووخانی ئەو حکومەتە سامناکانە فرە هاسانتر بوو لەوەی بە خەیاڵدا دەهات.
خۆرئاوا، پاش چەندین دەیە لە یارمەتیی لۆجێستیکیی و دیپلۆماسیی و سیاسیی و سپایی بەو دیکتاتۆرانە، ئێستا بوو بە شٶڕەسواری ڕزگارکردنی ئەو گەلانە. جێی تەوس نییە کە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و یەمەن بە گلەییەوە لەوە تووڕەن کە خۆرئاوا بە دەنگیانەوە ناچێت. بزووتنەوەگەلی ئیسلامیی سیاسیی نەتەوەیی کە یەکێک لە دروشمە سەرەکیەکانیان دژایەتیکردنی خۆرئاوا بوو، لە پڕێکدا لەگەڵ خۆرئاوادا کەوتنە ناو پەردەی بووک و زاواییەوە. لە پڕێکدا نە ئەوان ڕێگایان بۆ سیاسەت لێگیرا و نە خۆرئاوایش قۆچدار بوو.
خەڵکی ئاسایی ناحەقیان نییە کە پێیان وابێت خودا هەر کاتێک بیەوێت “موعجیزە” دەنوێنێت.
لە ماوەی ئەو ساڵەدا ئەوی پێی دەگوترێت ”بەهاری عەرەبیی“ بێ لە کوشتار و کوێرەوەریی و هەڵهاتن و ڕاکەڕاک و برسیەتی و بێکاریی، هیچی دیکەی بۆ ئەو گەلانە لێ نەکەوتووەتە خوار. چینی کرێکار و بێکار و توێژی خوێندکارانی باڵا و ژنان لە دۆڕاوانی یەکەمن. چینی نێوەنجی قوڕی ئاییندەی نادیار و مەترسی قەیرانی بەردەوام دەپێوێت. تازە کە روو کراوەتە خودا، دەبێت زیاتریش رووی تێ بکرێت. تکا و پاڕانەوە دەبێت سەرەوژوور روو بە ئاسمان ببارێن.
ئەوەی کە چەند دیکتاتۆرێک بە نشێوی مێژوودا چوونە خوار و کە حەتمەن هەر دەڕۆیشتن دەستکەوتێکی باش بوو، بەڵام گەلانی وڵاتانی عەرەب دەبێت دوو تاوانی بۆ بدەن: یەکەمیان بۆ ساڵانێکی داهاتوو کە رەنگە زۆر دوورودرێژ بێت، دەبێت جەزری ئیسلامی سیاسیی بکێشن، کە وا دەزانن ئەوەیە کە دەیانەوێت، و نازانن ئەوەیە کە بەسەریاندا سەپێندراوە. دووهەمیان دروست رەهنی ئەو ”سەربەخۆی نیشتیمانیی“ ـەیان درێژ کردەوە کە پێیان وایە کڕیویانەتەوە و کە لایان وایە ئیتر وەکو مارەیی لە باخەڵیاندایە.
لە تونس ڕاشد ئەلغەوشی کە سەرۆکی ”نەهزەی ئیسلامییە“ و یەکێک لە ئەندامانی کۆنی ئیخوان موسلیمینە بەهێزترین کەسایەتی دەسەڵاتدارە. ڕاشد ئەلغەوشی هەر بە تەنها ڕابەرێکی سیاسیی نییە، بەڵکو خوێندنگایەکی تاییبەتیی ئیسلامیی سیاسییە و لە ئەسڵدا ئایدیۆلۆژیک و سەرجاوەی ئیلهامی پارتی دادوگەشەی تورکیایە. قەسەی تێدا نییە کە لە تونس لانی کەم بە لەوە زیاتر دەبێت. زۆر لە خەڵک دڵیان بەوە خۆشە کە راشد ئەلغەوشی هێندە میهرەبانە کە پێی وایە لە ناو دەسەڵاتی ئیسلامدا جۆری دیکە لە باوەڕ جێیان دەبێتەوە.
لە لیبی هێشتا موعەمەر قەزافی مابوو کە ڕایانگەیاند شەریعەتی ئیسلامیی سەرجاوەی یاسا و دەستوورە. لەو مانایەدا وا بۆ دە ساڵ دەچێت کە ”بەهاری عەرەبیی“ ئێراقی لە ئامێز گرتووە. چینی کرێکار و جووتیار و ژنان و خوێندکاران و بێکاران و ئایین و ئایینزاکانی دیکەی ئێراق لە گوڵزاری ئەو بەهارەدا دەیگوزەرێنن. ئەوانەی گومانێکیان لەو گوڵزارەی ئێراق هەیە، گومڕان.
حەتمەن لە ژێر ڕۆشنایی ئەو بەهارەدایە “یوسف القرضاوی” کە سەرۆکی جیهانیی یەکیەتی زانایانی موسڵمان (الاتحاد العالمي لعلماء المسلمين) ـە لە میواندارییەکەی لیبی ڕووبەرووی خەڵکی ئەو وڵاتە کە دووکەڵی پاش شەڕی ناوخۆیان لێ هەڵدەستێت، دانیشتووە و پێیان دەڵێت لیبیایەکان دەبێت شانازی بەوە بکەن کە دەگەڕێنەوە بۆ ڕیشەی ئیسلامیی.
لە میسر ڕێکخراوگەلی ئیسلامیی سیاسیی نەتەوەیی هێندە بەئەژمار بوون کە بێجگە لە ئیخوان ئەلموسلیمین لانی کەم ٦ دانە لە هاوپەیمانییەکدا بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد. ئەم ساڵ یەکێکی نوێ بە ناوی ”حیزبی ناوەندیی نوێ/ حزب الوسط الجدید“ سەری هەڵدابوو، کە وەکو شاخەیەک لە ئیخوان ئەلموسلیمین جیابووەتەوە. ئەمان وەکو ئەوانی دیکە ئەمسەر و ئەوسەریان نەگرتووە کە مرۆڤ لە تەکانی ناوەختیان بترسێت. ئەمان هەم نوێن و هەم میانگیر. لە ناو دەسەڵاتی ئەمانیشدا حەتمەن جۆرەکانی دیکەیش لە باوەڕ جێیان دەبێتەوە !!!
تاریق ئەلزەمر کە ئەندامی “البناء والتنميه” ـیە، پێش هەڵبژاردن لە میسر ڕایگەیاند کە لە هاوپەیمانیەکدا کۆبوونەتەوە. لایەنەکانی دیکە بریتین لە حزبی “مصر البناء”، و “حزب الفضيلة”، و “حزب الإصلاح والنهضة”، و “حزب التوحيد العربى”، و “حزب مصر الحرة”. قسەی تێدا نییە کە هەم شێوە شەریعەت و هەم شێوە بەڕێوەبردن و هەم ڕاپەڕاندنەکەی، بە بەهەشت و دەستکەوتەکانی ئەو دونیاشەوە، لەگەڵ هی ئیخوان ئەلموسلیمین جیاوازە. ”حزب النور“ یش حیزبێکی سەلەفیە و بەرنامەیەکی تەواوی بۆ بە ئیسلامکردنی دەوڵەت هەیە. خەڵکی میسر بەو هەموو حیزبە ئیسلامی‌یانەوە هەرگیز ناتوانن لەوە زیاتر لە خودا نێزیک بن. ئەمە هەر سەردەمی ”بەهاری عەرەبیی“ نییە، سەردەمی ”زێڕینی عەرەبییە“. لە ناوەڕاستیی ئاییندەیەکی تا مێشک و چاو بڕ بکات تاریک و نادیاردا، مرۆڤ نازانێت هیوای درێژخایان یان کورتخایان بۆ ئەو ”بەهارە“ بخوازێت!!
لە سووریا کە ئیخوان ئەلموسلیمین لە ساڵی ١٩٧٦ ـەوە بە ڕەسمیی کۆشش بۆ رووخاندنی ڕژیمی ئەسەد (باوک و کوڕ) دەکات لەوە دەچێت لە یەکێک لە مانگەکانی داهاتوودا زەحمەت بخەنە بەر یوسف القرضاوی سەرۆکی جیهانیی یەکیەتی زانایانی موسڵمان کە لە دیمەشقیش مژدەی هیدایەت بە خەڵکی سووریە بدات و وەبیر ئەمانیشی بهێنێتەوە کە سووریەکان دەبێت شانازی بەوە بکەن کە دەگەڕێنەوە بۆ ڕیشەی ئیسلامیی. لە سووریا زیاتر لە ٤٤ پارت و ڕێکخراوەی جیاواز هەن کە لانی کەم ٦ دانەیان کوردیین. ئیخوان ئەلموسلیمین لە‌سەریەک لە هەموویان بەهێزترە.
لە میسر کە بە بەهێزترین و پێشکەوتووترین وڵاتی عەرەبیی دادەنرێت بزووتنەوەی ئیسلامیی قافڵە سالارە. هیچ دیالۆگ و قسەوباسێکی ڕۆشنبیریی نییە بۆی هەبێت میچ و سنووری قورئان و حەدیس بەجێبهێڵێت. ئاکامی ئەم پرۆسەیە ناشێت شاراوە بێت. پارتی سۆسیالدیموکراتی میسر لە بەرنامەیەکی ٥٢ لاپەڕەدا هەرچەندە بە ناڕاستەوخۆ و بە شێوەی جیاواز دەریبڕیوە، بەڵام نەیتوانیووە ڕاشکاوانە باس لە پرسی سیکولاریزم و جیایی دین لە دەوڵەت بکات، لەبەرئەوەی هەموو باسێک کە خۆی لە عەلمانیی بدات لە لای زۆرێک لە ئیخوان موسلیمین و سەلەفیی و شێوەکانی دیکەوە بە کفر و بێخودایی دەبینرێت. ڕۆشبنیر زۆرن، لە عەرەبیشدا، کە لە پرۆسەی ڕۆشنگەرییدا بەشدار دەبن ئەگەرچی بشزانن لەسەریان دەکەوێت. بەڵام دۆخ هەن ڕۆشنبیر ناچار دەکەن کە پێشوەخت ئیمزای مەرگی خۆی بکات.
ئەڵبەت جێی شۆخیی نییە کە ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوگەلی بە ناو سایکولار ”ئەلعەلمانیە“، لە دونیای ئیسلامدا لە کردەوەدا فێڵباز و ساختەچی و دز و گەندەڵیان لێ دەرچوو. ئەوی ماوەتەوە بۆ خەڵک ئەو ئیسلامیانە بوون کە لانی هەرە کەم لە ڕووی ئابوورییەوە لەوانە خاوێنتر و دەستپاکتر و وەفادارترن بەرامبەر بە خەڵک و بە ویژدانیان.
لە وڵاتانی باکوور و خۆرهەڵاتی ئەفەریقا وەکو مەراکش ( مەغرب) و ئەلجەزائر و سومالی و سودان، لە خۆرهەڵاتی ناوین وەکو ئوردن و پاشان وڵاتانی کەنداو، دۆخی گەشەی ئیسلامیی سیاسیی، لە شێوەی ئیخوان ئەلموسلیمین و سەلەفیی، یان لە هەڵاهاتن و خۆکێشاندان یا هەر ئێستا بە بەرچاوەوە بەهێزن. خۆرئاوا سەرەڕای هەموو کۆمەڵکوژییەکی عەلی عەبدوڵا ساڵح جارێ هەر چاوپۆشیی دەکات و لە بەحرەین کوشتنی شیعە هەرایەکی گەورەی لێ نەکەوتەوە و لە کوێت و سعودیە چاوەڕووانی هەمان چاوپۆشیی و پشتتیگیریی بۆ کێشەیەکی لەوەی بەحرەین لە خۆرئاوا دەکرێت. جۆرەکانی ئیسلام کە لە سەر حوکم نیین و زۆر بە توندییش دەچەوسێنەوە بێگومان ئەو مافە بەخۆیان دەدەن کە لە ژێرەوە هەڵبێن و بماسێن.
تورکیا، ئەگەرچی لە سەر بیروباوەڕێک دامەزراوە کە لە ئەسڵدا هی عەرەبە، بەڵام لە پراکتیکی ٨ ساڵی رابردوودا حیزبی دادوگەشە نیشانی داوە کە دەتوانێت دیموکراتیش بپارێزێت و دڵی رۆژئاوایش ڕابگرێت و کوردستانیش بە داگیرکراویی و لە ناو بەکۆمەڵکوژییشدا ڕابگرێت. ئەوە هونەرێکە زۆرینەی ئیسلامیستە سیاسیەکان خوازیارن فێری ببن.
٣٢ ساڵ لەمەوبەر بوو ئەو ”بەهاری عەرەبییە“ ڕووی لە ئێران کرد. هەندێک کەس ئۆباڵی نەهامەتیەکان دەخەنە ئەستۆی شیعەبوونەکەوە. هەموو ئیسلامیستێکی سیاسی نەتەوەیی عەرەب شانازیی بەوە دەکات کە هەروەکو ئێران خاوەنی دەسەڵات و تەنانەت هێزی ئەتۆمییش بێت، بەڵام پێیان وایە ئەمان کە سوننەن بە دروستییەوە ڕوویان لە “ئەڵڵا”یە و گەمەی سیاسی ش بە دۆزی فەلەستینی ناکەن.
لە کوردستان موسڵمانبوون هەمیشە لە پلەیەکی بەرزدا بە تایبەتیی لە ناو ماڵ و بە گشتیی لە مزگەوتدا هێڵراوەتەوە. لە سەرەتای هاتنەسەرکاری حکومەتی خومەینیەوە هەندێک لە کوردی موسڵمانیش خەریکی بە سیاسیکردنی ئیسلام و بە ئیسلامکردنی حکومەت و دەوڵەتن. سعودی عەرەبییش بۆ هاوسەنگ ڕاگرتنی کردەوەی ئێران بەهەمان سەنگ پارسەنگ ڕادەگرێت. موسڵمانانی ڕێکخراو لە کوردستان نانیان لە هاوڕێ عەرەبەکانیان زیاتر لە ڕۆندایە. ئەگەر هەندێک لە عەرەبەکان ساڵەهایەک زیندان و یاخیبوونیان دەکێشا، ئەمان لە فەزای ئازاددا تێ دەکۆشن و ئیلهامیان لە وڵاتگەلێکەوە بۆ دێت کە لەوەبەر و هەر ئێستایش لە داگیرکردنی کوردستان و کوشتنی خەڵکی کوردستاندا چالاکن.
لەو ڕووەوە ئیسلامیستە سیاسیەکانی کوردستان پێویست ناکات نەتەوەیی بن کە نییشن، بەڵکو دەتوانن داشێکی دامەزراندنەوەی ئیمپراتۆریی عوسمانیی یان ئیمپراتۆریی ئیسلامیی عەرەبیی بن، یاخود لە ڕاگرتن و هێشتنەوەی ئیمپراتۆریی سەفەوییدا وەفادار و چالاک بن. خێر تا گەورەتر بێت باشترە.
بەو شێوەیە، دوور لە هەرچەشنە سۆز یا دەمارگیریەک، ئەو جۆرە لە ”بەهاری عەرەبیی“ ڕووی لە کوردستانیشە. ئەگەر خەڵکی کوردستان لە مانای خەباتی ئازادیخوازانە و لە مانای دادوەریی کۆمەڵایەتیی، بە جیاوازیی ڕوون و ئاشکرای ئایین لە دەوڵەت و لە حکومەت، حاڵیی نەبن، ئەوا هێندە لە خودا نێزیک دەبنەوە کە وەکو برا عەرەب و فارسەکانیان سەریان ناپەرژێتە سەر هیچ پرسێکی زەمینیی.
سەرجەم وڵاتانی ئیسلامیی کە بێ ڕاگەیاندن شەریعەت و حەدیسیان کردوە بە دەستوور و بە سەرچاوەی دەستوور و بە سەرچاوەی ئیلهام، نموونەیەکی بەرچاون بۆ فێربوون. لیبی و تونس و میسر و ئێرانی ئێستا نموونەیەکی بەرچاون بۆ وەرگرتنی دەرس و تێگەیشتن لە زەنگی ”بەهاری عەرەبیی“.

 

١٠/١٢/٢٠١١
تێبینیی: ئەم وتارە ١٠/١٢/٢٠١٢ لە  ”هەڵوێست“ دا بڵاو کراوەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.