Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
بە‌دۆزە‌خ؛ با  ماستە‌ر و دۆکتراشتان هە‌بێ.

بە‌دۆزە‌خ؛ با ماستە‌ر و دۆکتراشتان هە‌بێ.

Closed
by September 5, 2009 گشتی

 

بیرۆکە‌ی تە‌زاندن و داوە‌شاندنی هە‌ندێ نووسە‌ری کورد پێویستییە‌کی حە‌تمییە‌ بۆ ئە‌وە‌ی جڵە‌و بۆ کە‌سانێک شل نە‌کرێ بە‌ئارە‌زووی خۆیان تیۆرایزی  هە‌ڵسە‌نگاندن و بۆچوونە‌کانیان بکە‌ن و بە‌ شرۆڤە‌ی ئە‌کادیمیی و زانستییش بە‌سە‌ر خوێنە‌ردا ساغی بکە‌نە‌وە‌. ماوە‌ی چە‌ند ساڵێکە‌ سە‌رنجی ئە‌وە‌م داوە‌، هە‌ندێ نووسە‌ر لە‌پاڵ ناوە‌کانیاندا، دە‌نووسن خوێندکاری ماستە‌ر و دۆکترا لە‌ فڵان رشتە‌دا، لە‌ زانکۆی فڵانە‌ وڵاتی رۆژئاوایی، تە‌نانە‌ت‌ هە‌ندێک فێربوونە‌ تە‌نها باچلە‌ریان ( بە‌کالۆریۆس) خوێندووە‌، کە‌چیی زۆر هیچ نە‌دیتانە‌ لە‌ پاڵ ناوە‌کە‌یاندا،  باچلە‌ر لە‌ فڵان کاتە‌گۆریدا دە‌نووسن.

هۆکاری ئە‌مە‌ بۆ کۆمە‌ڵێ فاکتە‌ری خۆیی و سایکۆلۆژیی و سۆسیۆکولتووریی کۆمە‌ڵگە‌ی کوردیی دە‌گە‌ڕێتە‌وە‌. هە‌ندێ نووسە‌ری کورد پێیانوایە‌ ئە‌گە‌ر‌ توانای داڕشتنیان هە‌بوو، بڕوانامە‌یە‌کی زانکۆییان هە‌بوو ئیتر نووسە‌رو رۆشنبیرن و تێزی ئە‌کادیمیی دە‌نووسن. خوێندکاری ماستە‌رو دۆکتراکانیش بە‌ئاماژە‌کردنیان بە‌ بوارە‌کە‌ی خۆیان، دە‌یانە‌وێ بڵێن، چە‌ند پلە‌یە‌ک لە‌سە‌روو نووسە‌ری نۆرماڵە‌وە‌ن و بە‌ ستایڵی ئە‌کادیمیی فێری نووسین و خوێندن بوونە‌ و پلە‌کانیان لە‌سە‌رووترە‌. ئە‌وانە‌یش  کە‌ ناوی زانکۆیە‌ک بە‌ ناوە‌کە‌یانە‌وە‌ دە‌لکێنن، هە‌مان دە‌ردی خۆبە‌کە‌مزانیی و خۆبە‌بچووکزانی لە‌ناخیاندا هە‌یە‌، بە‌وە‌ی لە‌ زانکۆیە‌کی رۆژئاوایی خوێندکارن یان مامۆستان ئیتر ئە‌و کە‌موکوڕییە‌ زاتییە‌یان دە‌شارنە‌وە‌و بە‌ رە‌ونە‌قێکی تر دە‌ری دە‌خە‌ن.
ئە‌م دە‌ردە‌ ئە‌وە‌ندە‌ی لە‌ناو کورددا هە‌یە‌، لە‌ناو نە‌تە‌وە‌کانی دە‌وربە‌ری کوردستاندا نییە‌. زۆر زۆر بە‌کە‌میی لە‌رۆژئاوادا هە‌یە‌. لە‌ وڵاتانی رۆژئاوا، کاتێ پێویست دە‌کات پرۆفایلی خۆت بنووسی، ئە‌گە‌ر وتار و توێژینە‌وە‌یە‌ک بۆ شوێنێک ، دە‌سگایە‌کی ئە‌کادیمیی بۆ بڵاوکردنە‌وە‌ لە‌چە‌شنی ژۆرناڵ بنێریت. یان رێزومێیە‌ک Résumé  بۆ کارپە‌یداکردن بۆ کۆمپانیایە‌ک یان هە‌رشوێنک بنێری. ئاخر بە‌ڕاستیی ئە‌م خۆهە‌ڵنان و بە‌خۆداهە‌ڵدانە‌ شە‌رمێکی گە‌ورە‌یە‌ وتارێک بنووسی و لە‌پاڵیشیدا خوێندکاری ماستە‌ر و دۆکترا بنووسی، لە‌کاتێکدا لە‌ رۆژئاوا ئە‌وە‌ندە‌ بڕوانامە‌ی ماستە‌ر زۆرە‌ کە‌ شایانی ئە‌وە‌ نییە‌ بیکە‌ی بە‌ تایتڵێک  و بە‌ خۆتیە‌وە بلکێنی‌.

دوای ئە‌وە‌ مە‌رج نییە‌ ئە‌گە‌ر لە‌ رۆژئاوا خوێندت، ئیتر کرێدتە‌کە‌ت پێرفێکتە‌. لە‌ رۆژئاوا خوێندن بە‌پارە‌یە‌، بە‌پارە‌ دە‌توانی بڕوانامە‌ بکڕیت. وە‌ک دۆکتراکە‌ی نێچیرڤان بارزانیی لە‌ زانکۆیە‌کی ئە‌مێریکیی بە‌پارە‌و دیارییە‌کی زۆر پێی بە‌خشرا. بە‌شێک لە‌وانە‌ی ئێستا بە‌ خوێندنی ماستە‌ر و دۆکتراوە‌ خە‌ریکن و  هە‌ندێکیشیان تە‌واویان کردووە‌ بە‌ بڕوانامە‌ی ساختە‌وە‌ وە‌رگیراون. بە‌تایبە‌ت پێش رووخانی رژێمی بە‌عس بڕوانامە‌گە‌لێک  لە رۆژگارێکدا لە‌‌ بازاڕی پاسە‌پۆرتە‌کە‌ی سلێمانیی و شێخە‌ڵای هە‌ولێر،  کۆمە‌ڵی قاچاغچیی تە‌کنیککار دروستی کردوون و لە‌ ئە‌وروپای رۆژهە‌ڵات و تە‌نانە‌ت لە‌ رۆژئاواش بە‌پارە‌ وە‌رگێڕدراونە‌تە‌ سە‌ر زمانە‌ بیانییە‌کان و بە‌پارە‌یە‌کی دیاریکراو یان بەهۆی سیستە‌می سۆشیالی هە‌ندێ وڵاتە‌وە‌ دە‌ستیان لە‌خوێندن گیر بووە‌. مانای ئە‌وە‌ نییە‌ کە‌ ئە‌مانە‌ کە‌سانی پرۆفێشناڵی ئە‌کادیمیین و نووسینە‌کانیان بڕشتی ئە‌کادیمیی و زانستیی هە‌یە‌ و خێریان بۆ کوردستان دە‌بێت.

بۆ ئە‌وە‌ی خوێنە‌ری ئە‌م نووسینە‌ لە‌خۆڕایی پێم نە‌ڵێ " دە‌می ناگاتە‌ ترێ و دە‌ڵێ ترشە‌"، پێویستە‌ بە‌دوور لە‌ خۆهە‌ڵنان‌، کە‌ هە‌میشە خودسە‌ناکردن‌ بە‌نە‌نگیی دە‌زانم، من خۆم دوو ماستە‌رم لە‌ رۆژئاوا خوێندووە‌و هە‌نووکە‌ش بە‌حیساب خوێندکاری دۆکترام، هە‌موو ئە‌وانە‌ی لە‌ نزیک و دووریشە‌وە‌ من دە‌ناسن ، دە‌زانن بە‌ بڕوانامە‌ی ساختە‌ی عێراقە‌وە‌‌ نە‌مخوێندووە.  بە‌ڵام بۆ یە‌ک ساتیش چییە‌ خۆم پێوە‌ رانە‌داوە‌‌ و نایشیکە‌م. بە‌ڵام بە‌ڕاستیی زۆر قە‌ڵس دە‌بم بە‌‌سە‌نای هە‌ندێ کە‌س ‌ کە‌ خۆیانی پێوە‌ ڕادە‌دە‌ن. ماستە‌رو  دۆکترات هە‌یە‌، لە‌ زانکۆ وانە‌ دە‌ڵێیتە‌وە‌ کارێکی باش دە‌کە‌یت، پێش ئە‌وە‌ی خزمە‌ت بە‌ گە‌لە‌کە‌ت، بە‌نە‌تە‌وە‌کە‌ت، بە‌ مرۆڤایە‌تی بکە‌یت بە‌ خۆتی دە‌کە‌یت. ئیتر ئە‌م خۆهایڵایتکردنە‌ی بۆچییە‌؟

هە‌ندێکی تر لە‌وانە‌ی دە‌ڵێن مامۆستای زانکۆین، مەهزە‌‌لە‌یە‌‌کە‌‌ ئە‌وسە‌ری دیار نە‌بێ. بێگومان کۆمە‌ڵێ خە‌ڵکی ئە‌کادیمیی بە‌رچاومان هە‌یە‌ لە‌ زانکۆکانی رۆژئاوادا وە‌ک د.محە‌مە‌د کە‌مال و د.بورەان یاسین و چە‌ندینی تر. بە‌ڵام ئە‌و رە‌شۆکییە‌ بێ تێکستانە‌ی بە‌خۆیان دە‌ڵێن مامۆستای زانکۆ بە‌مشێوە‌یە‌یە‌: لە‌ رۆژئاوا ئە‌گە‌ر ماستە‌رت خوێند و لە‌ دۆکترا وە‌رگیرایت، ئە‌و کاتە‌ دۆکتە‌رە‌کە‌ی خۆت کە‌ سە‌رپە‌رشتیاری تۆ دە‌کات، سە‌ری قاڵ دە‌بێت و ئە‌و وتار و توێژینە‌وانە‌ت دە‌داتێ کە‌ خوێندکاری باچلە‌ر دە‌یان نووسێ و تۆش نمرە‌یان بۆ دادە‌نێی بە‌پێی کرایتێریایە‌ک کە‌ دۆکتە‌رە‌ پسپۆرە‌کە‌ی خۆت بۆی داناویت. بە‌واتایە‌کی تر تۆ یارمە‌تی دۆکتە‌ر یان پرۆفێسە‌رە‌کە‌ی خۆت دە‌دە‌یت، کە‌چیی بە‌ خوێنە‌ری کورد لە‌ کوردستاندا دە‌ڵێ مامۆستام لە‌فڵانە‌ زانکۆی بە‌شانوشە‌وکە‌تدا.

هە‌ندێ لە‌ دۆکتە‌رە‌ تە‌وە‌زە‌ل و بێ تێکستە‌کانی زانکۆکانی کوردستان، رۆبۆتە‌کانی حیزب و پیاوی سە‌رکردە‌ سیاسییە‌کان نموونە‌ی ئە‌و خڵتە‌وخاشە‌ بە‌ناو ئە‌کادیمیستانە‌ن کە‌ جگە‌ لە‌زیان، ناتوانن یە‌ک دانە‌ تێکستی دە‌وڵە‌مە‌ند‌ پێشکە‌شی ئە‌وە‌ی بە‌ کتێبخانە‌ی کوردیی ناسراوە‌ بکە‌ن. یە‌ک توێژینە‌وە‌ چییە‌، یە‌ک وتاری دە‌وڵە‌مە‌ند بە‌ئارگیومێنت، تە‌نانە‌ت یە‌ک هە‌ڵوێستی ئە‌کادیمییش ناتوانن دە‌رببڕن. جا ئە‌م بێ مە‌عریفانە‌ بوونیان هە‌بێ و نە‌بێ ، قورساییان چییە‌؟ لە دواجاردا پێویستە‌ ئاماژە‌ بە‌وە‌ بکە‌م، زۆربە‌ی نووسە‌رە‌ بە‌تواناکان و فە‌یلە‌سووفە‌ ناودارە‌کانی جیهان لە‌ رێگە‌ی خوێندنە‌وە‌ی چڕوپڕو نووسینی کتێب و تێکستی دانسقە‌وە‌ ناسراون، نە‌ک لە‌ڕێگە‌ی بڕوانامە‌ی زانکۆییە‌وە‌.

 پێشموایە‌ ئینتێڵە‌جێنسیای کوردیش مە‌رج نییە‌ لە‌ رێی بڕوانامە‌ی ئە‌کادیمیی و زانکۆییە‌وە‌ قورسایی خۆی ساغبکاتە‌وە‌، بە‌ڵکو لە‌ڕێگە‌ی گە‌یاندنی مە‌عریفە‌ و تێکستی دە‌وڵە‌وە‌مە‌ندە‌وە‌ دە‌توانن خۆیان بە‌ ئینتێڵە‌جێنسیای کوردیی بناسێنن. کورد لەهە‌موو شت زیاتر پێویستیی بە‌ خوێندنی ئە‌کادیمیی و زانستیی هە‌یە‌، پێویستی بە‌نووسینی دە‌قی ئە‌کادیمیی و تێکستی پڕ لە‌مە‌عریفە‌ هە‌یە‌، کوردە‌کانی دایاسپۆرا باشترین کار دە‌کە‌ن لە‌ زانکۆکان و کۆلێژە ناودارە‌کاندا بخوێنن، بە‌ڵام گوناهیان دە‌گاتێ ئە‌گە‌ر خۆیانی پێ فش بکە‌نە‌وە‌و بیکە‌ن بە‌کرێدت و بە‌خە‌ڵکی کوردستانی بفرۆشنە‌وە‌.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.