بە دانە و بە کۆمەڵ … نەوزاد بەندى
-1-
سیان شەربەتخانەیەکیان کردەوە
ناویان لێنا :
شەربەتخانەى قەیناکا..
-2-
دووان یەکتریان خۆشویست ،
چوون بۆ بازاڕى چەک و جبەخانە ،
بۆ کڕینى کەرەستەى پێویست ،
بۆ خۆشەویستى ..
-3-
حەوت سەد و چل و نۆ کەس کۆبوونەوە ،
بۆ ئەوەى شەقامێک بگرن ..
سێ پۆلیس
بە دوو دارەوە ،
هەموویانیان ڕاونا
-4-
حەوت پزیشک ،
بازگەیەکیان دانا ..
شا لەو بازگەیەى بدایە ،
ئەبوو بە سەپان ..
مەلاى دوانزە عیلم ،
ئەبوو بە کافرى سەر کێو ..
ئیتر نازانم لەو بازگەیە ،
چى ئەگوزەرا ..
چ قورەتیش بوو ڕەقابەى مالى و
پۆلیسى ئاداب توخنیان بکەوێ ..
-5-
شارێک هەبوو ،
سیخناخ لە کلینیک و
نەخۆشخانەى حوکومى و ئەهلى ..
هەروەها سیخناخ لە نەخۆش ..
ئیتر نازانم ئەو هەموو دەزگایە ،
سەرقاڵًى چى بوون ؟
چاککردنەوەى نەخۆش ،
یان برەودان بە نەخۆشى و
داهێنانى نەخۆشى نوێ ؟؟
-6-
پێشنیار ئەکەم ،
ڕۆژنامەیەک بکەوێتە بازاڕەوە ،
بە ناوى :
دەردى نوێ …
-7-
چوار خەم هاتن بۆم ،
خۆم نەدا بە دەستەوە ،
لە بالکۆنەکەوە خۆم فڕێدایە خوارەوە ،
وەک کچە ئینگلیزەکەى
کە لە ئوتێلێکى هیندستان ،
ویستیان ڕامى بکەن ..ڕازى نەبوو ..
خۆى فڕێدایە خوارەوە ..
( ئەوە یەکەم تۆڵە بوو ،
لە دواى گاندى ،
هیندییەک ،
لە ئینگلیزى کردبێتەوە )
-7-
شانزە هەزار خاوەن بڕوانامەى تازە هاتنە بازاڕەوە ..
بەڵام فەلافل ،
مقاوەمەى کرد ..
نرخەکەى هەر پێنجسەد دینارە ..
-8-
ڕۆژ بە ڕۆژ
سکرینى گەورەتر دێتە بازاڕەوە ،
بەڵام هەتا بێ ،
هەقیقەت بچوکتر ئەبێتەوە ..
ئێستا ئەمەوێ لە خاڵخاڵۆکەیەک بپرسم ،
سەبارەت بە تەوقیتى
چارەسەربوونى
کێشەکانى
شەفافیەت و
پرسى نەوت و
ئەگەرەکانى
پیاهەڵقژانى هێزە نەیارەکان ..
ئەوانەى هەتا دوێنێ ،
لە مەنتیقەتولخەزرا،
کاپاچینۆیان پێکەوە هەڵئەدا ..
-8-
شەست و حەوت ساڵى تر ،
پیرەمێردێکى حەفتا و سێ ساڵان ،
لەو بەرى شەقامەکەوە ،
بە کاوەخۆ ،
ئەیەوێ بچێتە دەرمانخانەیەکەوە ،
( ئەوە کوڕە حەوت ساڵانەکەمە )
بەڵام بە ڕاستى ،
نازانم خۆم لە کوێم …