Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
بە دواداچون بۆ وتارێکى بەختیار محەمەد

بە دواداچون بۆ وتارێکى بەختیار محەمەد

Closed
by January 18, 2013 گشتی

 

 

 

( پاراسیتۆڵ … )

 

کاتى خۆى لە گۆڤارى ئایندەدا ، وتارێکم لەسەر ڕۆمانى ( پێدەشتى کارمامزە کوژراوەکان ) ى شێرزاد حەسەن نوسى .. نە نوسەر ، نە هیچ کەسێک بە دواداچونێکى بۆ وتارەکەم نەکرد ، ئەوەیش کەمێک پەستى کردم چونکە نوسینى وتار بە هەرحاڵ نیشاندانى کۆمەڵێک بیر و بۆچوونە کە لە زۆر حاڵەتدا دیالۆگ و چەند و چوون هەڵدەگرێ ..پاشان بۆم دەرکەوت هەندێک نوسەر بێدەنگى هەڵدەبژێرن وەک نیشانەیەک بۆ بە هیچ نەزانین و پەراوێزخستنى نوسەرەکە و بابەتەکەیشى ..ئەوەیش لە خۆبەزلزانینى فیکریەوە سەرچاوە ئەگرێ ، کە بەڕاى من خۆبەزلزانینێکى زۆر ناقۆڵایە ..

من وا نیم ..لە ئەمسەرى چەپەوە هەتاکو ئەو سەرى ڕاست هەر وتارێک بخوێنمەوە و بارى سەرنجم لەلا دروست بکات ، بەبێ پرینگانەوە و دوو دڵیى ئەیخەمە سەر کاغەز ..تەنانەت زۆر جار بەهۆى بەدواداچونێکەوە نزیکترین هاوڕێم لێم زیز بووە و تاکو هەنوکە کە لوتمان بە یەکترا ئەتەقێ ، سەرى لوتێک ئەخورێنێ و وانیشان ئەدات کە نەیبینیوم ، یاخود نازانێ من کێم ..یان هەر بە ڕۆژى نیوەڕۆ پشت گوێم ئەخات و کابرا واتەنیش : کام شاخە بەرزە ، فەرموو بیگرە .. !ئەمەیان تا ڕادەیەکى زۆر لە جەهالەتەوە هاتوە و ..تەنها لاى ئیمە نیە تەنانەت لە کاتى مایکل ئەنجیلۆ و جۆرج بەرنادشۆ و ئێج جى وێڵز و ولیەم سارۆیانیشدا جۆرێک لە تێکەڵاو کردنى بابەت و نوسەر و .. زیز بوون لە یەکترى لەسەر بارى سەرنجێک هەبووە ، بەڵام من زۆر بە ڕاستى نازانم لەم سەردەمى نەش و نماى میدیا و ئایدیۆلۆژیا و ڕاگەیاندنەدا ، هێشتا کەسانێک هەبن لە ڕەخنەیەکى بابەتیانە زویر بن یاخود بە بابەتێکى خاترانە و هاوڕێیانە کەیفخۆش بن ..پێویستە بە هیچ جۆرێک بابەت و کەسایەتى نوسەر تێکەڵاو نەکەین ، بۆ ئەوەى نەکەوینە هەڵەى زەقەوە وەک ئەوەى کە عادل باخەوان لە فەرەنسا سەرقاڵى خوێندنى کۆمەڵناسى و ئەنسرۆپۆلۆجی بوو ، کەچى لە کوردستان جۆرەها بەرگى زەندیقى و کوفر و ئیلحادیان پڕ بە بەرى دووریبوو .. یان کاتێک فاروق ڕەفیق چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ میدیایەکى یەکگرتودا بە ناوى ( پاکس ئەمریکانا) وە ساز کرد ، لە زۆر گۆشە و جێگاى ئەم کوردستانەى خۆماندا ڕمڵى ئەوە لێدەدرا کە فاروق ڕەفیق گەڕابێتەوە بۆ ئامێزى ئایین و بەو نزیکانە ببێ بە مەلاى دوانزە عیلم ! .. یاخود ناتوانیت دوو دێڕ دەربارەى ئازادى مێیینە بنوسیت یان بێژیت ، یەکسەر کۆمەڵێکت لێ ڕاست ئەبنەوە و پێت ئەڵێن: تۆ خۆت قبوڵ ئەکەیت خوشک و ژنت ئەو ئازادییە وەربگرن ؟؟.. بە ڕاستى ئەم تێکەڵاوکردنەى بۆ چوون و کەسایەتى تایبەتى نوسەر ، هەڵەیەکى زۆر ناشیرینە و .. ئەچێتە قاڵبى کرچ و کاڵى و ..ناکامى لێکدانەوە و تەنانەت نەخوێندەواریشەوە بە واتا فراوانەکەى .. لەگەڵ داخێکى زۆردا ، ئەو دیاردەیە بەردەوامە و تاکو هەنوکەیش بەندە دژایەتى ئەو حاڵەتە ئەکەم بەڵام لەگەڵ خۆمدا ! ، چونکە ئیستا زۆربەى میدیاکان بابەتم بۆ بڵاوناکەنەوە ، هۆکارەکەى بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە ڕۆژگارێک بوو لە کوردستانى نوێ و بزوتنەوەى ئیسلامى و یەکگرتوو و ئاڵاى ئازادى و ئاسۆ و پەیامى ڕاستى و ئایندە و شیعرستان و زانستى سەردەمدا ئەمنوسى ، بۆ ئەوەى بۆ هەمووانى ئاشکرا بکەم کە ئەکرێ نوسەر و بابەت جیا بکەینەوە و .. ئەکرێ لەسەر ناسنامە ، بابەتەکان پۆڵێن نەکەین ، سەرئەنجام وەک کابرا ئەڵێ بومە کوردەى لە هەدوو جەژنە نائومێد .. هەرگیز و بۆ لەحزەیەکیش هەستم بە پەشیمانى نەکردووە لەو هەڵوێستەم و ئێستایشى لەگەڵدا بێ ، خۆم بە کۆیلە و پاڵەى هیچ دەزگایەکى فیکرى و حیزبى نازانم بەڵکو دەزگاکانى ڕاگەیاندن وەکو کۆمەڵێک لاپەڕەى سپى تەماشا ئەکەم کە پێویستیان بە خەڵکانێکە بابەتیان تێدا بنوسێ ، نەک خۆیان لەسەر تاپۆ و تەملیک بکات .. ئەوەندەیش لە دەزگایەک ئەمێنمەوە کە داواى دوو ڕەسمى شەخسیم لێ ئەکات ، ئیتر من هەڵدێم .. لە زۆر شوێن هەڵهاتوم و بە قەدەر هەموو دونیایش پێکەنینم هاتوە ..دڵنیام هەتاکو بابەت و نوسەر ، لە ئیحتیواکردنى یەکترى ڕزگار نەبن ، فیکر و شێلم لە یەکترى جیاناکرێنەوە و ..مێزگرد و سەرخەرمان بە یەک ئاڕاستەدا ئەڕۆن ..

بەختیار محەمەد لەم سایتەدا وتارێکى بە ناوى ( ئیسلامیەکان دیکتاتۆرن ) بڵاو کردۆتەوە کە هەر لە ناونیشانەکەیەوە توڕەبوون بە بەختیارەوە دیارە ، ئاشکرایشە لە کاتى تووڕە بووندا باش نیە مرۆڤ نە قسە بکات.. نە بنوسێ ..نە هەڵوێستیش وەربگرێ ، چونکە جۆرێک لە تێکەڵاو کردنى بۆچوون و دید و بیروڕا ڕوو دەدات بە جۆرێک دواجار تێکەڵەیەکى وەکو چێشتى مجێور بەرهەم دێت ..ئەوەتا لە وتارەکەى بەختیاردا ، ئاوێتە بونیکى پۆڵەکان هەست پێدەکەین ، سەرەتا ئەو ڕەخنە لە هەموو ئاینەکان ئەگرێ ، کەچى تایتڵى وتارەکەى (ئیسلامیەکانە ) ..ئینجا بەردەبێتە سەر و پۆتەڵاکى کۆمۆنیست بەڵام تەنها بە دێڕێک بۆ ئەوەى بە خوێنەرى بڵێ : خەیاڵ نەکەن ! من کە هێرش ئەکەمە سەر ئیسلامیەکان ، کۆمۆنیست نیم ! ..هەروەها لە چەند ڕستەیەکیشدا باس لە دیکتاتۆریەتى یەکێتى و پارتى ئەکات ، بۆ ئەوەى دیسان وەک سەربەخۆیەک خۆى نیشان بدات ، کە لە ڕاستیدا هیچ پێویستیەکى بەو داپاچینە هەمەلایەنەى هەموو فیکرى ئیسلامى و عەلمانى و کۆمۆنیستى نەدەکرد بۆ ئەوەى بێلایەنى نوسەر ئیعلان بکرێ ، چونکە ئێمە هیچ حەقمان بەسەر ناسنامەى ئەوەوە نیە و تەنها خوێنەرى دەقەکەى ئەوین ..ئەو مەسەلانەیش تێکڕا نیسبین ، لە ئیسلامدا کە بانگەشەى یەکسانى ئەکرێ لە نیوان کوڕى ( عومەرى کوڕى عاس ) و کوڕى کابرایەکى قیبتیدا ، هەمان بانگەشەیە کە کۆمۆنیستەکان کردوویانە بە تێرمى خۆیان ..یەکێتى و پارتى کە جۆرێک لە ئاسایش و نانیان لە هەرێمى کوردستاندا دابین کردووە ، هەر هەمان بنەمایە کە لە قورئاندا باس لە خودایەک ئەکات کە نان و ئاسایشى فەراهەم کردووە و شایانى پەرستنە ..کەواتە ئایدیۆلۆژیەکان لەگەڵ ئەوەى تێکڕایان ڕەنگە دژیش بن ، لە بنەچەدا بۆ ئاسایش و بەختەوەرى مرۆڤ داڕێژراون ..ئەو ئوتومبیلانەى دروست ئەکرێن و ئەبنە مایەى لە ناوچوونى هەزاران مرۆڤ لەسەر ڕووى زەمین ، لە بنچینەدا بۆ بەختەوەرى مرۆڤ دروست کراون ..پەرستن لە ئیسلامدا تەنها تقوسە دینیەکان نییە ، بەڵکو لە وەسفى موحەمەد، پێغەمبەردا ، خێزانەکەى دەڵێت : قورئانێک بوو بەسەر زەویدا ئەڕۆیشت .. واتە بەرنامەیەکى پراکتیکى بوو .. هەڵًبەت ئەگەر بەرنامەیەکى دیکتاتۆرانە و تۆتالیتارى و میلیتاری بووایە ، لە دواى ڕوخانى دوا خەلافەتى ئیسلامى ، ملیارەها کەس لە دونیادا لەو ئیمپراتۆریەتە دیکتاتۆرە هەلًَدەگەڕانەوە و ئیسلام وجودى نەدەما ، هەروەکو چۆن نازیەت و بەعسیەت لەدواى ڕوخانى دەسەڵاتەکانیان ئەوەندە بچوک بوونەوە ، هەر نەمان ، بەڵام تازە پاپا ناوەندە تەبشیریەکان لەوە ئاگادار ئەکاتەوە کە ژمارەى موسوڵمانەکان لە کریستیانەکان زیاترە و حەفتا هەزاریشى تێپەڕاندووە ئەو جیاوازیە ، کە بەندە وەک بۆچونى شەخسى خۆم بەهارى عەرەبى و کوشتنى بە جوملەى موسوڵمانان بە هەوڵێکى کریستیانەکان تێدەگەم بۆ گَێڕانەوەى سیادەى ڕەقەمى بۆ کریستیان ، ئەوەیش لوتکەى دیکتاتۆریەتە ئەمڕۆ بە بەرچاو هەموو ناوەندەکانى مافى مرۆڤ و داکۆکیکارە دەولیەکانەوە ، ڕۆژانە سەدان و هەزاران موسوڵمانى سیڤیل لە وڵاتانى عەرەبى و ئەفریقیدا ئەکوژرێن تەنها لەسەر ناسنامەى ئاینى .. 

کێشەى سەرەکى هزرى بەختیار لەم وتارەیدا دەرچوونە لە نیسبیەت لە بووندا ، ئەو نیسبیەتەى کە سەرجەم کایەکانى ژیانى گرتۆتەوە بە جۆرێک کە ئەلبێرت ئانیشتاین چاوى بە تیۆرى نیسبیەت هەڵهێنا ، شۆڕشێکى ڕۆحى و مادیشى بە دواى خۆیدا هێنا ..بەو پێیە لاى ئانیشتاین تەنها خێرایى ڕوناکى شتێکى ڕەهایە (موتڵەقە )، ئەگینا سەربارى دیاردەکانى تر لەسەر خولگەى نیسبیەتدان ..ئەکرێت خۆمان بە گەورە دابنێین بەڵام بە نیسبەت چۆلەکەیەکەوە .. ئەکرێ گۆى زەمین بە گەورە دابنێین وەلێ بە نیسبەت نەیزەکێکەوە .. منى مرۆڤ بە نیسبەت نەهەنگى شینەوە ئەبێ چى بم.. یاخود گۆى زەمین بە نیسبەت هەسارەیەکەوە کە ملیۆنەها ئەستێرەى تێدایە و بچوکترینیان دوو هەزار ئەوەندەى قەبارەى زەمینە ، ئەبێ چى بێ ؟؟ ..

تۆ کە ئەڵێى ( ئیسلامیەکان دیکتاتۆرن ) ئەمە شتێکى موتڵەقە واتا ملیمەترێک قەوارە بۆ ڕۆحى دادپەروەرى و تەساموح و دیموکراتى بۆ ئیسلامیەکان ناهێڵیتەوە ..ئەى باشە چى ئەڵێى لەگەڵ یەکگرتوى ئیسلامیدا لە قورسترین بار و دۆخى ئابڵوقەى ئابوریدا ، هەزاران هەتیوى کوردستانى بەخێو ئەکرد و قوتابخانە و نەخۆشخانەکانى دادەمەزراند و نۆژەن ئەکردەوە .. ئەى باشە چى دەڵێى لەگەڵ سەرۆکى ڕۆمەکاندا کە لە کاتى مردنى عومەرى کوڕى عەبدولعەزیزدا وتى : ( دادپەروەرترین کەسى سەر ڕووى زەمین ، مرد ) ؟؟ ..ئەى باشە چى دەربارەى وتەکانى گۆتە و بەرنادشۆ و غاندى و تەنانەت باراک ئۆبامایش ئەڵێیت کە سەبارەت بە تەساموح و مرۆڤایەتى ئیسلام قسە دەکەن ؟؟ ئەى چى دەڵێى سەبارەت بە ئیسلامبوونى لوتکەکانى فیکرى کۆمۆنیستى وەکو ئیحسان تەبەرى و رۆجێ گارودى ؟؟ چى ئەڵێى سەبارەت بە گەڕانەوەى ئەوروپیەکان بۆ ئایین بە پێى داتا و لێکۆڵینەوە ئەنسرۆپۆلۆجیەکان ؟؟

من لێرەدا ئازادى تەواو ئەدەمە بەختیار بۆ ئەوەى گوزارشت لە بیر و بۆچوونەکانى بکات ، بەڵام حەز ناکەم بە تووڕەیى و نازانستیانە کۆمەڵێک گرێى تەقلیدیى بخاتە ژێر میکرۆسکۆبەوە و . وا نیشان بدات کە ڕۆح و جەستە دوو فاقن ، واتا مومکین نییە کەسێک هەڵگرى فیکرى زیندو بوونەوە بێ و لە هەمان کاتیشدا بتوانێ لەم سەرزەمینە ماددیەدا سەرکەوتو بێ ..ئەى باشە چى ئەڵێى دەربارەى شارستانیە زەبەلاحەکەى ئیسلامیەکان لە کۆشکى سوور لە ئیسپانیا هەتاکو ئەگاتە ئەو هەموو قولە و پایە و شارستانیەى کە سەرجەم ئیمپراتۆریەتى ئیسلامى گرتۆتەوە و .. وڵاتانێکى وەکو تورکیا و هیندستان و ئیسپانیا زۆرترین گەشتیارەکانیان بۆ بینینى شارستانى ئیسلامى ڕوو ئەکەنە ئەو وڵاتانە ..ئایا ئیسلامێک ئەگەر نەتوانێ هەردوو دنیاکە پێکەوە گرێبدات و دوو فاق بێ ، چۆن ئەتوانێ دەوڵەتدارى و شارستانى بۆ چەندەها سەدە فەراهەم بکات ؟؟ ..چۆن ئەتوانێ سەردەمانێک بەغداد وەکو پایتەختى هەموو جیهانى لێ بکا و ببێتە سەرچاوەى زانست و داهێنان لەسەر ئاستى هەموو جیهان؟؟ ..من لە هەمان کاتدا بە هەندێک موسوڵمانى کاڵفام ئەڵێم : ئەگەر ئەوروپا و ئەمریکا بە دەست نەخۆشیە دەروونیەکان و ئێدزەوە بناڵێنن و خەریک بێ بفەوتێن ، چۆن ئەتوانن ئەو تەکنۆلۆژیا زەبەلاحە بەرهەم بێنن و بەشى ئێمەیشى لێ بدەن ؟؟ ئەگەر ئەوروپا و ئەمریکا لە فەساد و نەخۆشیە سێکسیەکاندا نوقوم بووبن ، چۆن ئەتوانن خۆیان و نۆ ملیۆن عێراقیش وەکو گوڵ پەروەردە بکەن و بازاڕەکانیشمان پڕ بکەن لە بەرهەمە فیکرى و تەکنیکى و تەکنۆلۆژیەکانیان ؟؟

کەواتە ناکرێ ئێمە بە ڕەهایى قسەى ڕەق و تاوان ئاڕاستەى ئایدیۆلۆژیایەک بکەین کە ملیارەها کەس هەڵگرى ئەو ئایدیۆلۆژیایەن و .. لە هەموو پێگەکاندا تەواجودیان هەیە لە کورسى سەرۆکایەتیەوە تاکو عەرەبانچیەک کە پاقلەى سەوز ئەفرۆشێت ..

ئەوەى کە جێگاى سەرسوڕمانە لە وتارەکەى بەختیاردا ، بە لایەوە شتێکى مەحاڵە کەسێک بتوانێ بۆ بەهەشت بژى و لە دنیایشدا دەسکەوتى مادى هەبێ ، بە ڕاى ئەو کەسێک کە نیازى وایە لە دواى مردن زیندو بێتەوە ، ئەبێ واز لەم دنیایە بێنێت و ببێ بە سۆفى یان تیرۆریست !! ..دەبا بۆ پێغەمبەرى ئیسلام بڕوانین ، زیاتر لە خێزانێکى هەبووە ، خواردن و خۆشى دنیاى واز لێ نەهێناوە و دەوڵەتداریشى کردووە ..لە هەمان کاتدا بۆ بەهەشتیش هەوڵى داوە ..زۆر دژى ئەو کەسانەیش وەستاوە کە گۆشەگیر بوون و بۆ نوێژ و ڕۆژوو و عیبادەت خۆیان تەرخان کردووە ، بەڵکو ئەو داواى کردووە خەڵک بەرهەم هێن بێ .. خۆ ئەگەربە تەماى پاداشتێکى گەورەتر بێ لە دواى زیندوو بوونەوە ، ئەوە نەک هەر لە بەرهەمهێنان و دادپەروەرى ساردى ناکاتەوە بەڵکو بە گوڕ و تینێکى زیاترەوە لە دنیادا کار دەکات بۆ ئەوەى جێگایەکى باشترى دەست بکەوێ لە ڕۆژى زیندوو بونەوەدا .ئاشکرایە ئەگەر ئامانجەکانى مرۆڤ لە دنیادا بن ، هەرگیز تینوێتى بە دەسکەوتەکانى دنیا ناشکێ ، ئاسۆى تموحاتەکانى مرۆڤ لە دەسکەوتەکانى دنیا فراوانترن ، باشترین بەڵگەیشم ئەوەیە مرۆڤ هەرگیز بە بەش و داهاتى خۆى ڕازى نییە و بەردەوام هەوڵ بۆ زیاتر دەدات ، بیریارێکى ئەمەریکى بە ناوى ئەنتۆنى ڕابینز ئەڵێ : لە ژیاندا ڕاوەستان نیە ، بەڵکو سەرکەوتن یان دابەزین هەیە .. ئەم حاڵەیش ململانێیەکى ناخۆشى دروستکردووە و ..سەرەتاى دروستبوونى دیکتاتۆریەتى ڕاگەیاندووە لە فیکرى مرۆڤایەتیدا ، چونکە یەک دنیا چۆن بەشى تموح و ئومێدى ملیارەها کەس ئەکات ؟؟کاتێک ئایین ئومێدە گەورەکانى مرۆڤ ئەباتە دواى مردنەوە ، ئەوسا مرۆڤ بە خۆشى و تامەزرۆییەوە ئەژى بە هیواى گەیشتن بەو بەهەشتەى سەرەتا و کۆتایی و بڕانەوەى نییە ..هەر لەو پێناوەیشدا ئەبێ بە مرۆڤێکى دادپەروەر و ڕاست و دروست ..بڕوانە زانایەکى وەکو ( بۆر ) کە خەڵاتى نۆبڵى لەزانستى کیمیادا هەیە ، ئەڵێ : ( بۆم دەرکەوت دنیا هیچ نییە چونکە تەواو ئەبێ ، بە خۆشى و بە ناخۆشى ، هەر تەواو ئەبێ ..لەبەر ئەوە ئەگەڕێمەوە بۆ ئایین بۆ ئەوەى ئامانجێکى گەورەم هەبێ ، خۆ ئەگەر مردم و بەهەشت نەبوو ، هیچ زیانێکم نەکردووە .. بەڵام ئەگەر هەبوو ، ئەوا بەختەوەر ئەبم ! )

ئەو کۆمەڵناسە فەرەنسیانەى کە سەردانى وڵاتى مۆریتانیایان کرد ، بۆ ئەوەى دەربارەى خێڵەکى و تێرمى خێڵەکى لەو بیابانە کاکى بە کاکیەى مۆریتانیادا توێژینەوەیەک بکەن ، تەماشا ئەکەن خەڵکە سادە و ساکارەکەى ژیانێکى زۆر خۆش و کاکڵەدار ئەژین ، کە توشى گەورەترین نەهامەتى ببن ، ئەڵێن : دواجار هەموومان بۆ لاى خودا ئەگەڕێینەوە .. ئیتر وەکو هیچ نەهامەتیەک ڕووى نەدابێ ، ئەگەڕێنەوە بۆ چالاکیە سروشتیەکانى ڕۆژانەیان ..

ئەم ژیانە بەهێز و پڕ لە بارگە ڕۆحیە ، واى لە کۆمەڵناسە فەڕەنسیەکان کرد نەگەڕێنەوە بۆ فەڕەنسا و هەر لەوێدا ئیعلانى موسوڵمانبونى خۆیان بکەن و بچنە ژێر خێمە و خەریکى ئاژەڵدارى و خواناسى بن ..

لەم نمونانەدا مەبەستم نییە وەکو کەسێکى بانگخواز یان خەتیبى مزگەوت بانگەشە بۆ ئاین بکەم ، بەڵکو مەبەستمە بە بەختیار بڵێم بە پێچەوانەوە کەسێک ئومێدى زیندوو بونەوەى نەبێ ، کەسێکى لاسەنگ دەردەچێ و .. ئەو شتانەى کە لە دنیایەکى ناجێگیردا دەستى دەکەوێ ، بە هیچ جۆرێک نایگەیەنێتە دڵنیایى .. ئەوەتا لە وڵاتێکى وەکو دانیمارکدا کە ژیانێکى مادى بەرزى بۆ تاکەکانى فەراهەمکردووە ، کەچى زۆرترین نەخۆشى دەروونى و خۆکوشتن لە نێوان لاواندا لەو وڵاتەدا تۆمار کراوە .. 

من ئەڵێم ئەمڕۆ کە کۆڵۆنیالیستێکى وەکو ئەمریکا پاشاى سەرزەمینە ، بێگومان بەدەوام لە هەوڵى ئەوەدایە گۆمەکە لێڵ بکات بۆ ئەوەى ڕاوى تێدا بکات .. گۆم کە لیڵ بوو ، ڕاوچى و نێچیر لە یەکترى جیا ناکرێنەوە ..ئەوە وەکو فیلمێکى هۆلیود وایە ، لەلایەک بانگەشەى مافى مرۆڤکردن و .. لە لایەکى تریش برەودان بە پیشەسازى چەکى کۆکوژ و ترسناک ..ئەوان پێویستیان بە چەندەها کێشەى ئاینى و ئایدیۆلۆژیە لەم ناوچەیەدا کە ناویان لێناوە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست .. یان بازاڕى هەمیشەیى ساغکردنەوەى چەکەکانیان .. ئەمڕۆ ئەو جەنگەى بە ناوى موعارەزە و دەسەلات لە سوریا ئەگەڕێ ، لە ناوەرۆکدا سوپەر مارکێتێکە بۆ فرۆشتنى کۆمەڵێک چەکى ئەمەریکى و ڕوسى ..دروستکردنى ئیسڕائیل و کۆمارى ئیسلامى لە ناوچەکەدا وەکو دوو کەڵەشێر .. وەکو دوو دۆنکیشۆت ، مەبەستى سەرەکى تیایدا تەنها بۆ برەودانە بەو بازاڕە ئیقلیمیەى چەک .. بێگومان هەتاکو زیاتر مرۆڤایەتى بۆ پێشەوە بڕوات ، ئەوان پێویستیان بە سیناریۆى بەهێزتر هەیە بۆ ئەوەى ئەو خەڵکە وا لێبکەن چەکەکانیان لێبکڕن و بە یەکترەوەى بنێن ..دوا سیناریۆیش هێنانە سەر دەسەڵاتى ئیسلامیەکانە لە تورکیا و وڵاتە عەرەبیەکان ، تاکو دڵنیا بین لەوەى شەڕ و ئاژاوە و چەک تەقاندن قەدەرێکە و ..هیچ گەمەیەکى سیاسى نییە ..ئیتر جۆرەها دەستە و کۆمەڵەى ئیسلامى دروست ئەکرێن ، هەر هەموویان

کاراکتەرى ئەو دراما خەفەتئامێزەن ، کە تیایدا خەڵکەکە هان دەدەن بۆ کوشتنى یەکترى .. بۆ مێزگرد .. بۆ چەلەحانێ .. بۆ ئیتیجاهولموعاکیس ..چونکە ئەو پیشەسازیە زەبەلاحانەى چەک کە ئەمرۆ بە تریلیۆن دۆلار چەک ئەفرۆشێ ، لە بەرامبەردا ڕۆژ بە ڕۆژ دووبەرەکى و جەنگى گەورەتر و گەورەترى ئەوێ .. ڕقى ئەستورتر و ..هەڵمەتى بەور ئاساى ئەوێ ، بڕوانە لەشەقامەکانى سوریا چى ڕوو دەدەن .. بڕوانە مردن چەند ئاشناکراوە بە مرۆڤ ..مردن چەند پێویستکراوە ..ڕێگایەک نیە بەناو مردندا تێنەپەڕێ و .. منداڵێک نییە بەیانیان و ئێواران قژى مناڵەکان دانەهێنێ و نەیانبات لەگەڵ خۆیدا بۆ عەدەم ..

لەبەر ئەوە پێویستە نەچینە بەرەکانى جەنگەوە .. نەیشبینە هاندەر بۆ ڕقلێبوونەوە ..بە هیچ ئایدیۆلۆژیایەکیش نەڵێین :دیکتاتۆر ..ئەوەیش باش بزانین ، کە لە هەموو فیکرێک دوو جۆر هەیە ، جۆرێکیان خەڵکێکى پێ دەوڵەمەند ئەبێ و .. جۆرەکەى تریش خەڵکێکى پێ ماڵوێران ئەبێ ..تەنانەت لەسەر ئاستى دەنکێک حەبى پاراسیتۆڵیش ، هەر بە هەمان شێوەیە ..ئاخر پاراسیتۆڵ چیە چەندەها جۆرى هەیە ..لە هەرزانەوە بۆ گران .. گرانتر .. گرانترین ..هەرزانەکە بۆ هەژارانە ، بۆ ئەوەى بیخۆن و ژەهراوى بن ..گرانترینەکانیش بۆ دەوڵەمەندەکانە بۆ ئەوەى قوتى بدەن و لە سەرئێشە ڕزگاریان بێ …ئیتر نازانم من و بەختیار کام جۆرەى پاراسیتۆڵ هەڵبژێرین ؟؟ ههههههههه

 

 

نوسینى : نەوزاد بەندى

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.