Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بە ژن کردنی فەلسەفە وژن بوون بە دیدی دلۆز

بە ژن کردنی فەلسەفە وژن بوون بە دیدی دلۆز

Closed
by February 6, 2014 فەلسەفە

 

 

 

لە ناو فەیلەسوفە هاوچەرخەکاندا بە دەگمەن فەیلەسوفێک بدۆزینەوە وەک ژیل دلۆز بە دوای خوێندنەوەی نوێی چەمکە فەلسەفییەکانەوە بوو بێ، دلۆز لە بوارگەلی وەک مێژو، کۆمەڵناسی، دەرونناسی، رەخنەی هونەری، سینەمای، وێژەی، فۆتۆگرافدا چالاک بووە.  بەربڵاوی باس و لێکۆڵینەوەگەلێک ئەنجامی داون، چە لەوانەدا بە تەنیا نووسیونی و چە لەوانەشدا لە گەڵ فێلکس گاتاری، دەروناسی ئیتالی نووسیوێنی، رون و بەرچاوە. ئەو شێوەیەکی بە تەواو جیاوازی بۆ خوێندنەوەی بەرهەمە فەلسەفییە کۆنەکان گرتوەتە بەر. فەلسەفەشی لە زۆر بەربەستی بەردەمی ڕزگار کرد. فۆکۆ لە ڕستەێکی بە ناوبانگدا ئەڵی: ئەگەری ئەوە هەیە سەردەمی داهاتوو سەردەمی دلۆز بێ. لەوانەش گرنگتر ئەوەیە، دلۆز لە سەردەمێکدا بینینی مارکسیستی و فرۆیدی باو بوون، بە ئەدەبیاتێکی جیاواز لە رێبازی مارکسیستی و فرۆیدی بیری کردۆتەوە.
دلۆز لە گەڵ گاتاری زۆر بوار و کایەیان بە سەر کردوەتەوە، لە بایلۆژیەوە دەستیان پێ کردوە تا ئەگا بە بوارەکانی کۆمەڵناسی و کەلتور و میژوی دیرین و دەروناسی و هونەری هاوچەرخ و بارۆک و فەلسەفەی وێنە، ئەمە جگە لە دو کتێبی لە سەر مارسێل پرۆست و کافکا، هەروەها کتیبەکانی تری دلۆز لە سەر دیوید هیوم ،سپینووزا ، کانت ، نیچە، فوکۆ.

بە رای دلۆز و گاتاری مروڤ لە سەرەتایترین دۆخدا گیانەوەرێکی بایلۆژیە کە مەیل و ئارەزوەکان ئەیبەنە پێشەوە و وەک ماشین ئەیخەنە کار. ئارەزو هاودەمێکی هەمیشەیی مرۆڤە کە لە دایک بوونەوە بۆ مردن لە گەڵیدا ئەبێ. میژوی مەیل و ئارەزوەکان  لە تاکێکەوە بۆ تاکێک ئەگۆرێ، بە بڕوای ئەم دوو فەیلەسوفە دوو جۆر مەیل و ئارەزو لە مروڤدا هەیە کە ناویان لێ ناون : ئارەزوی پارانۆیی و ئارەزوی شیزۆیی.
ئارەزوی پارانویی ئەوەیە لەو ساتەوەی مرۆڤ پێئەخاتە کۆمەڵگاوە، مەیل و ئارەزوەکانی لەلایەن کۆمەڵ و مەزهەب و ئایدۆلۆژیاکانەوە سەرکوت ئەکرێن. کۆمەڵ ئارەزو بەرەو ئەو شوێنە تایبەتە ئەبات کە خۆی ئەیەوێ. بە بڕوای دلۆز کۆمەڵ پڕە لە بانگەشە بۆ بەرهەمی جیا و فرە رەنگ، لە بەرهەمی کارخانەکانەوە تا بەرهەمە ئایدۆلۆژیەکان، کە مرۆڤەکان بۆ لای خۆیان رائەکێشن. گەر کەسێک تێکەڵی ئەو کایانە نەبێ، لە خۆیدا هەست بە کەم بوون و دودڵی و هەراسی زۆر ئەکا، ئەو هەستەش ئەبێتە مایەی ترس و نیگەرانی. کە ئەمە هەمان ئارەزوی پارانۆییە کە لەگەڵ ترسدا ئەجوشێ، ترس لەوەی نەبینە خاوەنداری شتگەلێ ئەوانی تر هەیانە، ترس لەوەی ئەوانی تر کە بە پێوەدان و پیوەری کۆمەڵ ئەژین، خاوەنداری سیفەتە کۆمەڵایەتیەکانن، بماندەنە بەر گاڵتە و سزادان و هەڵسەنگانی نادروست …. ئەوەی ئەم ترسە ئەجوشێنێ کۆمەڵگای سەرکوتکەر و فەرمانڕەوا  ستەمکارەکانن. هەر کۆمەڵە و نەزمێکی کۆبەندی هەیە کە تاکەکانی خۆی ئەخاتە نێو. ئارەزوی پارانۆیی ئەوەیە لە ترسی کۆمەڵ هەمیشە ئەچین بەرەو پیری ئەو ئارەزو و مەیلانەوە کە کۆمەڵگا دایناون و بە رەسمی ناساندونی. ئەم ئارەزو لە ژێر باری ترس و شەرمدا جۆشیاون و پێیان گرتوە.
ئارەزوی پارانۆیی ، ئارەزویەکی ناکامە، چونکە کۆمەڵ و خێزان پێکەوە سەرکوتی ئەکەن و رێگای خۆیانی ئەدەنێ، ئیتر ئیمە سایەقی ماشینی ئارەزوەکانی خۆمان نابین بەلکو کۆمەڵگا و فەرمانرەواکان ئارەزوەکانمان ئەبەنە پێش، کۆمەڵگا ترسی هەیە لەوەی مرۆڤ خۆی سایەقی ئارەزوەکانی خۆی بێ، لە بەر ئەوە کۆنترۆڵی مرۆڤەکان بەجۆرێ ئەکا، ئارەزوەکانی خۆیان بدەنە دەست کۆمەڵ تا لە سایەی ئەودا رەنگ و رویەکی هێور و دەستەمۆ وەرگرن. تۆڕی چنراوی حەرامکاری و قەدەغەکان بە سەرکوتی ئارەزوی تاکەکان تەواو ئەبێ، ئەبێتە مایەی شێوانی دەرونی و پەشۆکانی ڕۆحی، وائەکا ئارەزوەکان بخرێنە دواوە و هەستکردن بە تاوانباری و غەمگینی لە مرۆڤەکاندا دروست بێ. کۆمەڵ و خێزانە سەرکوتکەرەکان، بە راکێشانی مەیل و ئارەزوەکان بۆ سەر رێگایەک کە خۆیان ئەیانەوێ، لە رێگای  یاسا و نورمە وشک و سەختەکانیانەوە، ویژدانێکی غەمگین و پەشۆکا لە هاوڵاتیانی خۆیاندا ئەخولقێنن. بە ئارەزوی فەرمانرەوایان، ڕێگای ئارەزوەکان ئەبەسترێن و پەیوەندی سنوردار و بچوکیان بۆ دروست ئەکرێ، جێبەجێبونی مەیلەکان سروشتێکی تەلقینی و لە سنوری قاڵبی سەپێندراودا ئەبێ. 
لەم جۆرە تێگەیشتنەوە، دلۆز و گاتاری نیازیان شکاندنی بەربەستی پێش ئارەزوەکانی مرۆڤە، بەجۆرێک مرۆڤەکان بتوانن ئازادانە بیربکەنەوە و مەیلەکانی خۆیان بهێننە دی. دلۆز و گاتاری باوەریان وایە گەر ئاڵوگۆڕی ئارەزوەکان بگرینە بەرچاو، ئەتوانین بزانین بۆ هەندێک دۆگما بەسەر عەقڵی خەڵکدا زاڵ ئەبێ. کۆمەڵگا تەنیا هەندێک لە شێوەکانی ژیان بە ڕەسمیەت ئەناسێ، هەر بۆیە کۆمەڵێک بنەما بەرهەم ئەهێنێ لەسەر تەوەری نەگۆڕان و سکون ئەخولێنەوە. ئیتر خواستەکانی یەکێتی و یەک ڕەنگی وە دانانی ئەرکانی نەگۆڕی فەلسەفی، بەخزمەتی سڕینەوە و `لە ناوبردنی فرەیی و زۆر ڕەنگی دێنە دونیاوە. مەیلی پارانۆیی مەیلێکی موحافەزەتکارە و ئارەزوی لە نوێ کردنەوە نیە.

شێوەیەکی تری ئارەزوەکان، مەیلی شیزۆییە. دلۆز و گاتاری ئەڵێن لەگەڵ هەموو سنور و قەید و بەندی مەیلی پارانۆیشدا هێشتا ئەتوانین ڕێگا بۆ  نوێ کردنە و چالاکی ئازادانە بدۆزینەوە. ئارەزوی شیزویی یان شیزوفرنی لای دلۆز و گاتاری مانایەکی بەربڵاوتر و فراوانتری هەیە وەک لە مانا باوەکەی لە دەروناسیدا، شەخسیەتی شیزویی لای ئەم دو فەیلەسوفە مانایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەرئەگرێ .عەشقی دلۆز بۆ ئەنتوان ئارتۆ نیشانێکی ڕونی تێڕوانینی دلۆزە بۆ مرۆڤی شیزویی، وەک کەسێک چوارچێوەی نۆرمە کۆمەلایەتیەکان ئەشکێنێ. لە دەرونناسیدا کەسی شیزویی کەسێکە لە بەرانبەری دەستە مۆ کردنی کۆمەڵدا ئەوەستێتەوە، هەر بۆیە  کەسی شیزویی بەردەوام لە پەراوێزی کۆمەلگا و دژ بە گوفتمانی باڵادەست ئەبێ، بە باوەری دلۆز و گاتاری  هەر مرۆڤێک ئەبێ خەسڵەتی شیزوفرنیکی تێدا بێ. دلۆز و گاتاری هەوڵیان داوە لە کایەی زانستی و ئایدۆلوژیدا مەیلی پارانویی بکەنە دەرەوە  و مەیلی شیزویی بخەنە جیگای، چونکە مەیلی شیزویی زندوێتی و بەردەوامی ئەبەخشێتە ئارەزوەکان و ناهێلێ لە چوارچێوەی تەسکدا بەرقەرار بن و ئەبنە هۆی دروست کردنی پەشێوی لە نەزمە جێگر و نەگۆرەکاندا. مرۆڤی شیزوفرنی بەردەوام لە نێوان دوو دۆخدایە، دۆخێکی بەستراو و نەگۆڕ و دۆخێکی دروستکەری ئارەزو و سنور بەزێن. کەسی شیزۆیی گەرچی لە ناو کۆمەڵدا ئەژی، بەڵام بەردەوام هەوڵ ئەدات کۆمەڵگا تێپەڕێنێ و دوورتر لەوە بروا کە کۆمەڵ رێی پێداوە. 

یەکێ لە میتافۆرەکان کە دلۆز و گاتاری، بۆ دەرخستنی روی فەلسەفەی فرەگەرای خۆیان بەکاریان هێناوە، وشەی (ریزۆمە). ریزۆم لە بایلۆژیدا بە لقە رەگاکانی گیایەک ئەوترێ، کە بە پێچەوانەی ڕەگی ئاسایەوە تەشەنە ئەکەن و لە ژێر زەوی بڵاوئەبنەوە. ڕەگ لە گژ و گیای ئاسایدا، بەیەک لقی سەرەکیدا ئەڕوات و لەو ڕەگەوە بنجک و بەشی نوێ دەرئەدا، بەڵام ڕیزۆم، بە هەموو ئاڕاستەیەکدا ئەروات و گەشەئەکا. مانای ڕیزۆم بە ڕونی فەلسەفەی فرەگەرا و دژ بە یەک بۆتەی دلۆز نیشان ئەداتەوە. دلۆز لە نێوان بیرکردنەوەی درەختی و بیرکردنەوەی ڕیزۆمیدا جیاوازی دائەنێ. بیرکردنەوەی درەختی، هەمان فەلسەفەی کلاسیکی (بوونە)، ئەو فەلسەفە وەحدەتگەرایەیە کە کاریگەری لەسەر هەموو زانستەکان داناوە، وەک ئیلاهیات و هونەر و بایلۆژی و توێکاری بەدەن و بیناسازی. ئەم فەلسەفەیە ئاشکرا ئەندێشەی بە ڕەنگی خۆی ڕەنگ کردوە.  لە حاڵێکدا ئەندێشەی ریزۆمی جۆرە وجۆرە یا ناهێڵدارە و زو تێکەڵاوی جۆرە ئەندێشەکانی تر ئەبێ، لە زۆر لاوە پەیوەندی لەگەڵ بیرکردنەوەکانی تردا دروست ئەکا، لەسەر بوونی یەک سەرچاوەی سەرەکی دروست نابێ کە دەمێ سەرچاوە وشکی کرد بیرکردنەوەش بمرێ، بیرکردنەوە لێرەدا وابەستی قەدێکی ئەستور نیە، بە جۆرە لقێکی واوە نە بەستراوە کە خۆراک و بەشە بژیۆی خۆی تەنیا لە قەدەکە بستێنێ، بەڵکو خۆی بە هەر کوێدا بێ ئەجوڵێ و توانای تەشەنە و فراوان بوونی هەیە . بۆ ئەندێشەی ریزۆمی ئەو سنوربەندی و خانە بە خانە کردنە کە لە ئەندێشەی درەختیدا هەیە بوونی نامێنێ. ئەندێشەی درەختی وەک ڕاستە هێڵ ئەجوڵێتەوە، لە کاتێکدا ئەندێشەی ڕیزۆمی هێڵی نیە و بە هەر ئاڕاستەیەکدا ئەشێ بکشێ، لە نێوان بیرکردنەوە جیاوازەکاندا پەیوەندی بەرقەرائەکا و لەوانەوە ئەندێشە و بنکۆی  تازە دروست ئەکا. بە هۆی ئەم سروشتە ناهێڵدار و چالاکەوە ڕیزۆمەکان سەر ئەکێشنە هەموو شوێنێک، ئەمەش سروشتێکی یاخی ئەبەخشێتە ئەندێشەدارانی ڕیزۆمی کە وائەکا سنورەکان ببەزێنن و بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی درەختییەوە کە هەمیشە حەزی بە سەنتەر و ڕاستە هێڵە، ئەوان بێ مەرکەزبن و لە هەر خاڵێکی تازەوە ڕێیەکی نوێ دەست پێ بکەن. لە ئەندێشەی ڕیزۆمیدا سەرەتا و کۆتاییەک نیە، باوترین نمونەگەلێک بۆ ڕیزۆم دنیای ئینتەرنێتە، کە زۆر باڵ و فرە هێڵە، لەوێدا زانیارییە جۆراوجۆرەکان لە تۆڕێکی بێ کۆتایدا تێکەڵ ئەبن و دەستپێک و دواهەمین جێیەک بوونیان نیە. مرۆڤ ئازادە لە کوێوە ئەچێتە ژورێ و لە کوێوە دێتە دەرێ، نە سەرەتا بوونی هەیە و نە کۆتایی، بەڵکو هەموو خاڵێکی خالی دەست پێ کردن و خاڵی کۆتایشە. 

لەم وتارەدا مەبەستمان ڕوانینە لە بیرکردنەوەی دلۆز و گاتاری لە ڕێگای چەمکی پارانۆی و شیزۆیەوە، بۆ کەسایەتی ژن و داڕشتنی گفتمانێکی نوێ بۆ ژن بوون.
بەڕای دلۆز و گاتاری فەلسەفەی ڕۆژئاوا، بەردەوام رووی لە وەحدەت و پشتی لە جیاوازی بووە. بەو مانایە کە تا ئێستا مێژوی فەلسەفە  فرەیی قەبوڵ ناکات ، بە هەمان جۆر جیاوازی جنسیش کە یەکێک لە دیاردەکانی جیاوازی و فرە ڕەنگیە لە پیاواندا کورت ئەکاتەوە و ژن ئەکاتە دەرەوەی خۆی. دلۆز و گاتاری ئەم گوفتمانە وەها تۆخ ئەکەنەوە کە ڕزگاربوونی فەلسەفە لە بەربەستەکانی یەک ڕەنگی و یەک بوون، ئەبەستنەوە بە هێنانی گوفتمانی ژن بۆ ناو فەلسەفە. دلۆز چەمکی (بە ژن کردنی فەلسەفە) ئەکاتە تەوەرێکی گرنگی ئەندێشەی خۆی و لەو ڕوەوە، دلۆز بیرکردنەوەی پیاوانە بە بیرکردنەوەیەکی درەختی ناو ئەبات، کە مەرکەزگەرایە و بە راستە هێڵدا ئەڕوات، بە پێچەوانەی ئەندێشەی ژنەوە کە سروشتێکی ڕیزۆمی هەیە و لە پەراوێزی گفتمانی سەردەستی پیاواندا ئەوەستێ، لە ژێرەوە بێ هیچ قەد و ستونێکی سەرەکی گەشەئەکا، بەردەوامیش مایل بە دوور کەوتنەوەیە لە مەرکەز. بە روانینی دلۆز و گاتاری، کۆمەڵی ئودیپی، لە پرۆسەی ئامادەکردنی تاکدا بۆ ناو کۆمەڵ، لە چوارچێوەی خێزاندا، باوک ئەکاتە نوێنەری سەرکوت کردنی مەیل و ئارەزوەکان، لە تەواوی کۆمەڵگاشدا ئەو ڕۆڵە بە نێر ئەبەخشێ و ژن ئەکەوێتە پەراوێزی گوفتمانی سەردەستەوە. ئەوان پێیان وایە ژن بوون مانای تێکدان و روخاندنی ئەو بونیادە ئۆدیپیەی خێزان و لە مەرکەز وەدەرنانی باوکان و پیاوان و لەقکردنی پیاوسالاری. 
لەم گوفتمانەدا ژن بوون تەنیا چەمکێکی پێچەوانەی نێر بوون نیە، بەڵکو سڕینەوەی چەمکی تاک ڕەنگیە کە پیاوسالاری وەک نەزم لەسەر شانی ڕاوەستاوە. بە دەرکەوتنی ژن بوون وەک گوفتمان، هەر گوفتمانی نێر ناکەوێتە مەترسیەوە، بەڵکو هەر شتێ پێکهاتی دەسەڵاتی نێری خولقاندوە کۆتایان دێ و ئەڕوخێن، چونکە ژن بوون لە سروشتی خۆیدا مەرکەزگەرا نیە و لەگەڵ بونیادی پیاوسالاریدا ناگونجێ. ژن بوون مانای ژیان بۆ بوونە جیاوازەکان و راکردن لە تاکە بوونێک، بە پێچەوانەشەوە پیاوبوون یەک بوون و یەک ڕەنگیە و فرەیی لە خۆی ناگرێ. ژن بوون وەک ریزۆم وایە، تۆڕێکی ناچونیەک و بێ سەردەست و ژێر دەست و لەهەمان کاتدا چنرا و گونجاو لەگەڵ یەکدا دروست ئەکا. 

دلۆز وائەبینێ ئەگەر فەلسەفە (ژن بوون) قەبوڵ بکا، ئەتوانێ هاوشان بەو قەبول کردنە، بچێتە شوێن سنورە تازەکان و لە یەک ڕەنگی قوتاری بێ و فرەیی بکاتە سیفەتێک بۆ خۆی. بەمەش ژن بوون سەرەکیترین هەنگاوێکە فەلسەفە بۆ بەردەوامی خۆی بینێ.  گرنگی دان بە شوناسی ژنانە، فەلسەفە لە بەربەست و سنورداریەکان ڕزگارئەکا و پەلکێشی لای پەراوێزەکانی ئەکا  و ئەو ناوچانەی کە لە مەرکەزدا نین و فەرامۆش کراون ئەبنەوە جێگای بایەخ و گرنگی. ژن بۆ دلۆز، وەک ڕەمزێکە بۆ سنورە ناجێگرەکان، مەجازێکە بۆ بێنرخ کردن و سوک کردنی ئەو گوفتمانەی وەکو جەمسەری پەراوێز و لە کارخراو لە ژنی روانیوە. ژن بوون واتە ژیان بە جۆرێکی تر، فەلسەفەش ئەبێت لە جیاوازیەکانی (ژن بوونەوە)  بۆ گەیشتن بە مەیدان و بوارەکانی تری ئەندێشە کەڵک وەربگرێ. تا بتوانرێ زانستەکان و فەلسەفەکان و هونەرەکان جارێکی تر لەگەڵ ژیان تێکەڵ بکرێن، تێکەڵ بوونێک نە لە جۆری سەردەست بوونی یەکێک لەسەر شانی ئەوی تر، بەڵکو بوونێک هاوشان بێ بە یەکسانی و بەرابەری و بەرهەمهێنان. ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە دلۆز ناوی (ژنێتی) لێ ئەنێ. 
ژن بوون بە پێناسی دلۆز، مانای هەستانەوەی ئەوەی لە بیرچۆتەوە و لە فیکر و خەیاڵی کەسدا نەماوە، ژن بوون بە تەنیا سیفەتێ نیە بۆ ژن، بەڵکو بۆ هەر شتێ مەیلی پارانۆیی لە کۆمەڵ دەری کردبێ و لە پەراوێزی نابێ. ژن بوون یانی جیاوازی و دروستکردنی شتێکی تر کە هەمان ئەو شتەی پێشو نیە کە مێژوی پیاوسالاری تۆماری کردوە. فەلسەفەی ژن بوون حاڵەتێکی شیزۆیە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە ترسێکی پارانوئی و ئەکادیمیک بیباتە پێشەوە، سەرکەشی و خەت شکێنی ئەکاتە مەبەستی خۆی. 
لە وڵاتگەلی خۆرهەڵاتیدا گوفتمانی ژن بوون  بەو جۆرەی دلۆز ئاماژەی پێ داوە، کار و فەرمانی تۆختری هەیە. ژن بوون هەر گوفتمانێکی زانستی یان فەلسەفی جیا ناخاتەوە، بەڵکو ئەتوانێ کۆمەڵ و نورمەکان بنێتە ژێر پرسیار. ژن بوون وەک شێزوفرن بوون، شکانێکە بۆ چەق بەستن و سکون. گەر لەم ڕوانینەوە سەیری کێشەی ژن بکەین، ئەبینین شتێک نیە بە ناوی گوفتمانی ژنەوە. چونکە زۆرینەی کەسانێک لە بواری ژناندا ئیش ئەکەن و چالاکی ئەنوێنن، کێشەی ژنیان بۆ خودی ژن کورت کردۆتەوە. گەر ژن بوون تەنیا لە ژندا کورت بێتەوە، ئەو کات سیفەتێکی شیزۆیی و ڕیزۆمی وەرناگرێ، ژن خۆی ئەبێ بە مەرکەزێک بەرامبەر بە مەرکەزێکی تر، بە هێز و دەسەڵاتێ لە بەرامبەر هێز و دەسەڵاتێکی تر، مانای لە مەیلی پارانویی پیاوانەوە ماڵ ئەگوێزینەوە لای مەیلی پارانۆیی ژنان، ئەوە لە کاتێکدا ژن ئەتوانێ نوێنەری جۆرە نەزمێکی تر بێ کە ئارەزو و مەیلەکان لە نێویا دەستەمۆ نەبن. خێزان لە کۆمەڵگا ئیسلامیەکاندا بەجەشنێکی بەرچاو مەرکەزێکی هەیە کە پیاوە، گوفتمانی ژن بوون ئەبێ لەگەڵ خۆیدا هەوڵی ئاوەژوکردنەوەی خێزان بدا. دروستکردنی خێزانێک کە مەرکەزی نەبێ، ژن تێیدا پەراوێز نەگرێ، شەرتە بۆ کۆمەڵگایەک، تا مەرکەزە مەزهەبی و سیاسیەکانی خۆیان بە خاوەنداری هەموو شت نەزانن. لە ئەندێشەی ڕیزۆمیدا ژن ئەبێتە نوێنەری هەڵوەشانەوەی هەموو شێوەکانی ستەمکاری. 
ژن بوون لای دلۆز بە مانا لەفزیەکەی ژن نایە، بەڵکو فەلسەفەیەکی جیاوازە کە ئەشێ تەنیا لە ژن بوونەوە بەرهەمبێ، جۆرە دۆخێکی شیزۆییە کە کۆمەڵگا لەگەڵ خۆی بەرەو پێش هەڵئەگرێ و هەنگاوێ بۆ باشتری ئەبات. ژن بوون ڕەمزە بۆ جیهانێک کە مەرکەزەکانی خۆی لە دەست دابێ، ئەوە تەنیا مەرکەزی پیاو بوون ناگرێتەوە، بەڵکو هەر جۆرە مەرکەزێکی تریش، لە هەر جێیەک بێ. ژن کاتێک قەبوڵ ئەبێ کە کۆمەڵگا لە پاڵ ژندا هەموو پەراوێزەکانی تریش لە خۆیدا بسڕێتەوە و دەرگا لەسەر ئارەزوە شیزۆیەکان بخاتە سەر پشت. نابێ ژن خۆی تەنیا بە نوێنەری ژن بزانێ، بەڵکو بە نوێنەری هەر مەیل و ئارەزویەکی سەرکوت کراو . ئەمەش گرفتی کەسانێکە لەسەر کێشەی ژن نووسیویانە، کاتێ کێشەکەیان لە ژن خۆیدا دیل کردوە. لێرەدا جۆرێ فیمینزم هەیە ژن ئەکەنەوە بە مەرکەز، لە بری مەرکەزگەرای نێر مەرکەزگەرایەکی مێیانە دائەنێن. هەموو جۆرە مەرکەزگەرایەکیش تەنیا نێرسالاری بەرهەم ئەهێنێتەوە، چونکە لە بری ئەوەی دەرگا لە فرەیی بکاتەوە، ئەچێتەوە سەر دۆخە یەک ڕەنگە کۆنەکە. هەڵگرتنی گوفتمانی ژن بوون بە دوپات کردنەوەی زۆری قسە لەسەر ژن نابێ، گوفتمانی ژن بریتیە لە قەبول نەکردنی هەموان بۆ ڕۆڵێک کە پێیان سپێردراوە. بەپێی دلۆز و گاتاری هەر گوێ نەگرتنێ لە کۆمەڵگا شێوەیەکە لە شێوەکانی ژن بوون. 
ژنی وڵاتانی ئێمە، جۆرێکی پارانۆین تا شیزۆی، لە پاشەرۆژدا ئەبێ ئەو هاوکێشەیە ئاوەژوبێ، ئەبێ ژن شیزۆی بێ تا پارانۆیی. 
——————————
سەرچاوەکان
ژیل دلوز،نواموزی در فلسفە،مایکل هارت،رضا نجف زادە،تهران،نشر نی1391
ژیل دلوز،کلر کولبروک،رضا سیروان،نشر مرکز،تهران1387
نیچە و دلوز،پرویز همایون پور،نشر قطرە،تهران1388
ژیل دلوز،محمد ضیمران،فصلنامە ادبی خوانش
نگاە ژیل دلوز بە فلسفە،محمد ضیمران
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.