تاباڵنده‌بووم….؟ …. به‌كرده‌روێش
ده‌ق:
تاباڵنده بووم و دێوی ئیره‌یی ده‌ستی لێنه‌وه‌شاندبووم سۆزی به‌رزترین فڕین ئاوازی هه‌میشه‌یی دڵم بوو، له‌بێده‌ربه‌ستی دوو ده‌نك دانه‌وێڵه گه‌لێ باڵنده‌م سه‌رسام كردبوو، هه‌میشه نه‌غمه له‌سه‌ر نه‌غمه پڕ به‌گه‌رووم ده‌مچریكاند، له‌به‌رزترین چڵه‌وه بۆ دوورترین لوتكه ده‌مڕوانی، له‌گه‌ڵ شه‌قژه‌نی فڕه‌ی باڵه‌كانمدا گه‌لێ دیمه‌ن و وێنه‌ی جوانی ئه‌زه‌لی فڕینم له‌هه‌وادا وێنه‌ده‌كێشا، گه‌رچی به‌لاشه جكۆڵه بووم، به‌ڵام له‌هیچ مه‌لێكی دارستان خۆمم به‌كه‌متر نه‌ده‌زانی، په‌ڕوپۆیه‌كی ڕه‌نگاڵه‌ی جوانم هه‌بوو، شاباڵه‌كانم چوون نووكی خه‌نجه‌ر تیژبوون، له‌مژینی بۆنوبه‌رامه‌ی ناسكترین گوڵدا وه‌ستا بووم، شه‌وانه له‌نێو باوه‌شی جوانترین خونچه‌دا نه‌بووایه نه‌ده‌نووستم، ئای..تا باڵنده بووم نانی گه‌رم و گوڕی دۆستایه‌تیم هه‌میشه به‌ته‌نووری دڵه‌وه بوو، نه‌زمانم فێری جنێو و نه‌چاویشم ئاشنای بینینی دیمه‌نه نه‌گریسه‌كان بوو، نه‌زمانیشم چێژاوی پیس و پۆخڵی ببوو، نه‌لووتیشم شاره‌زای هه‌ڵمژینی بۆنی گه‌ن ببوو، تاباڵنده بووم رۆژگارم هه‌مووی كازێوه بوو، له‌گفتوگۆو قسه‌و باسه‌كاندا جگه له‌جوانترین وشه هیچیترم نه‌ده‌زانی، له‌ڕووی هه‌موو مه‌لێكدا پێده‌كه‌نیم و ده‌مجریواند، به‌ئاره‌زووی خۆم ده‌فڕیم وده‌نیشتمه‌وه، مینای دڵم له‌ئاوێنه‌ی رۆژ بێگه‌ردتر بوو، كینه‌و به‌خیلی هیشتا په‌یان نه‌هێنابووه نێو گوڵزاری دڵم، له‌مانای درۆ‌و ده‌له‌سه هیچم نه‌ده‌زانی، رۆژگارێك بوو پاكترین باڵنده‌ی دنیا بووم.
كه‌باڵنده بووم هه‌میشه خه‌یاڵم فراوان ومێشكم ئاسووده بوو، خۆراك وخواردنم ته‌نیا میوه‌جات بوو، له‌سازگارترین كانی نه‌بووایه ئاوم نه‌ده‌خوارده‌وه، كاتێك خۆمم ده‌شت و له‌به‌ر تیشكی هه‌تاو خۆمم هه‌ڵده‌خست، به‌كۆلكه‌زێڕینه‌ی جوانیم گه‌لێ باڵنده‌ی قه‌شه‌نگم حه‌یران ده‌كرد، له‌دارستاندا گه‌ڵیكم عاشق هه‌بوو، ڕاسته به‌رز ده‌فڕیم به‌ڵام هه‌رگیز لووت به‌رزو له‌خۆبایی نه‌بووم، كارم به‌كاری هیچ مه‌لێكه‌وه نه‌بوو، به‌رده‌وام له‌بیری دانانی ئاوازی نوێ و بیری نوێ و نه‌غمه‌ی نوێ‌دا بووم، به‌سات له‌جوانی گوڵێك ورد ده‌بوومه‌وه، له‌گه‌ڵ گولاندا پێوه‌ندییه‌كی روحی گه‌وره‌م هه‌بوو.
تاباڵنده بووم هێنده خاوێن و بێگه‌رد بووم عه‌تری پاكیم لێ ده‌چۆڕا، شه‌وگار تادره‌نگانێك له‌ژێر تریفه‌ی مانگه‌شه‌ودا له‌م چڵ بۆ ئه‌و چڵ ده‌فڕیم، ده‌فڕیم و گۆرانیم ده‌گوت، كاتی باران و نمه‌ش له‌خشووعه‌وه گوێم له‌و سیمفۆنیا خۆشه ڕاده‌گرت، عومری باڵنده‌ییم وه‌رزێكی سه‌وزی هه‌میشه به‌هار بوو، ئه‌و ده‌مه هه‌رگیز خه‌ونی ئاشه‌كه‌و پاشه‌كه‌م نه‌ده‌بینی، زه‌ڕه‌یه‌ك ترس له‌دڵمدا نه‌بوو، زۆرجار ده‌بوومه فریاد ڕه‌سی گه‌لێك باڵنده‌ی لێقه‌وماو، ژینی دارستانم خۆشترین ژیان بوو، كاتێك جگه له‌گفه‌ی باو هاژه‌ی چۆم و ڕوبار و كانیاوه‌كان زیاتر هیچم نه‌ده‌بیست، پاكترین هه‌واوم هه‌ڵده‌مژی، خاوێنترین سروه ختووكه‌ی ده‌دام، تاخه‌وی بیرچوونه‌وه ده‌یڕاژانم، تانه‌ببووم به‌م دێوه‌زمه‌یه‌ی ئێستا ژینی دارستانم ژیانێكی ده‌گمه‌ن بوو…ئای تا باڵنده بووم…؟
به‌كرده‌روێش/ خورماتوو