Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
تاجە گولینەکەی تالەبانی! …..سەرکەش

تاجە گولینەکەی تالەبانی! …..سەرکەش

Closed
by January 14, 2009 گشتی

 تاجە گولینەکەی تالەبانی! 
                                   
a_sarkash@hotmail.com

 نە خەونە و نە خەیالە، نەچاوم رەشکەو پێشکە دەکا، نە گرانەتامە تا ورێنەبکەم، بەم سەر و رشی بۆزەوەش ئامادە نیم درۆ و بوخت بە هیچ کەسێکەوە بکەم.
 ئەمە یەکێ لە کەنالە ئاسمانییەکانی (ی.ن.ك)ە* ئا ئەمەش بەرێز تالەبانییە بە گۆشت و خوێن و ئێسقانەوە (خوا بیپارێزێ)** وا تاجە گولینە دەخاتە سەر گۆری نەفرەتی سەربازی گۆربەگۆری سوپای نانیشتمانی ئێراق، ئەو سوپایەی هەرلە رۆژی دامەزراندنیەوە تا ئەمرۆ، سوپایەک نەبووە، کۆمەلانی خەلکی عێراق و کوردستان لە روویان بێت بە سوپایەکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان بناسن، چونکە سەرباز و سوپای ئێراق هەمیشە گوێ لەمستی*** دەسەلاتدارەتی پۆلیسی رژێمە یەک لەدوای یەكەکان بووە، هەمدیس مێژووێکی رەش، چلکن، بۆگەن و خوێناوی ی هەبووە لە کۆدەتا، پلانگێری، تیرۆر، تۆقاندن، کوشتن و لەت و پەتکردنی سیاسی، کۆمەلکوژی، کیمیاباران شەرەنگێزی و پەلاماردانی وولاتانی دراوسێ، هاوکات، سەرشۆر خۆبەدەستەوەدەر کرنووشبەر بۆ سوپای داگیرکاری ئەمریکا**** جارێ بۆ مرۆڤی کورد سوپا و سەربازی ئێراق هەمیشە تا بەم چرکە ساتەش رادەگا***** سوپا و سەربازی داگیرکەر، بێگانە، نامۆ، وێرانکار، تێکدەر بووە، هەر وەک سوپا و سەربازی هەر یەکێ لە سێ رژێمە داگیرکەرەکانی****** تری پارچەکانی کوردستان، سەرباز و سوپای ئێراق بۆ مرۆڤی کورد واتە هێرش و پەلاماری ئاسمانی و زەمینی، کیمیابارانی هەلەبجە، ژینوساید، ئەنفالکردنی فەیلییەکان، بارزانیەکان و گەرمیانیەکان، تێکدەر و راگوێزەر، وێرانکەری رەز و باخ و لەوەرگا، مزگەوت، کلێسا، فێرگەی مندالان، کانیاوەکان لە دێهاتەکاندا.
 هەر هەمان ئەم سەربازە وونە و ئەم سوپای ئێراقە کە ئەمرۆ لە دیدو روانگەی سەرۆک کۆماری سیمبول بۆتە نیشتیمانی و نەتەوەیی، لە ئەنفالەکان بنکەو بارەگای سەرکردایەتی ئۆپۆزۆسیۆنی لە دوورترین و سەخترین چیاکان تەخت و وێرانکرد، بنکەو بارەگا و کتێبخانەی هەر ئەم بەرێز تالەبانییە کە ئەوسا لێبووردنی گشتی هەموو ئێراقییەکی دەگرتەوە ئەم نەبێ، خستە ژێر پۆستالە رەشەکانیان، خودی تالەبانیشیان ئاودیوی ژێردەسەلاتی ئاخوندەکان کرد.
 لێرە جێگای خۆیەتی هەر لە خودی سەرەک کۆماری ئەمرۆ بەرێز تالەبانی پرسیارکەین ئەرێ ئەو سەرباز و سوپایەی ئەوێ رۆژێی ئێراق، سەرباز و سوپای نیشمانی بوو؟ ئەگەر وابوو کەواتە خودی خۆت و خەلکی ستەمدیدەی کوردستان لەوان رۆژاندا لێی یاخی ببوون چەکتان لە رووی هەلگرتبوو چۆن پێناسە دەکەن؟ هەر هەمان پێناسەكەی ئەوێ رۆژێی سەرباز و سوپای ئێراقی؟ خۆناکرێ بانێک و دووهەوابێ؟
 ئەگەر وابێ پێویستە بەرێزیان لەگەل کۆمەلانی خەلکی ئێراق و کوردستان بە شەهیدان و ئەنفالکراوە گۆرغەریبەکانیشەوە داوای  لێبووردن لەم سەرباز و سوپا قارەمانەی ئێراق بکەن کە بۆ سوپای داگیرکەری ئەمریکا هاتە سەرچۆک و خۆی بەدەستەوەدا.*******
 دوای ئەم چەند راستیانە کە تەنیا دلۆپێکن لە دەریای تاوانەکانی ئەم سەرباز و سوپایە، کە بەرێز تالەبانی زۆرتریشی پێیە لەم بارەیەوە دەبوا، تاجە گولینەی رووزەردی و شەرمەزای بخستایەتە سەر گۆری بۆگەنی سەربازی وون؟!
                                               سەرکەش/ئوپسالە/سوید
                                                     2009.01.09          
 ………………………………………………………..
 *رۆژانی 4،5ی مانگی یەک 2009
 **لە رۆژگارە تاریک و ئەگوستەچاوەکانی سەردەمی دیکتاتۆری گۆربەگۆر، هەرکە ناوی سەید ئەلرەئیس هاتبا دەبوو (خوا بیپارێزێ) وەک پاشگر بگوترێ دەنا دۆزەخ لەچاوەروانیدا دەبوو، بەرێز تالەبانیش کە بۆتە میراتگری پلە یەکی سەدام لە لاسایی کردنەوە، بە نموونە ئەم (تاجە گولینە) ئەفسوناوییەی بۆیە پێشنیار دەکەم ئەم پاشگرەی (خوا بیپارێزێ) بخرێتە دوای ناو و ئاولناوەکانی.
 ***لە ولاتێک کە لە ئەلف تا بای نقومی دیکتاتۆرییەت و پاوانخوازی دەسەلات بێ بە هەر نرخێک بێ ئەوا نەک سوپا بەلکو هەناسەش کۆنترۆلی دەسەلاتە و هەموو مانایەک لە بێ مانایی دا لە گیانەلایە، سوپاش وەک هەر دام و دەزگایەکی تر رەوش و رەوشتی نیشتیمانی و نەتەوەیی خۆی لە دەست دەدا.
 ****حکومەتی ئەمریکا خۆی خۆی وەک سوپایەکی داگیرکەر ساغکردەوە، بەرلەوەی لایەنێکی تر وای پێناسکا
 *****هەر ئێستا ئەگەر بایەکە بەئارەزووی کەشتیوان هەلکا، سوپا و سەربازی ئێراق هێرش پەلامار دێنێتەوە سەر ناوچەکانی هەرێمی باشووری کوردستان و داگیری دەکاتەوە ئالا گواوییەکەی بەعس دەچەقێنێتەوە، هەر وەک بەکردەوە لە جەلەولاو ناچەکانی گەرمیان دەستیان پێکرد و لە دواجاریش ه.پ.م ئاشبەتالیان لەم ناوچانەکرد.
 ******دیقەت بدەنە بێ شەرەفیینەکانی سوپا و سەربازی کۆنەپەرستانی ئیسلامی ئێران، سوپا و سەربازی سوپا و سەربازی کەمالیستە راسیستەکانی تورکیا، سوپا و سەربازی بەعسیە فاشیتەکانی سوریاش ئەگەر سەرقالی گرفتارییەکانی خۆیان  نەبووان ئاوا دەستەپاچە بۆی دانەدەنیشتن. بەکردەوە هەروەک جاری جاران هەرچوار رژێمی داگیرکەر هاورا هاوکار هاوئاهەنگن بەنهێنی بە ئاشکرا پیلانگێری تێکدانی حکومەت و دەسەلاتی هەرێمی باشووری کوردستانیانە.
 ******* پۆل بریمیر دەستە زێرینەکانی نەرزێ ئەم سوپا بێدەسەلات و بێکەلکەی بە هەلوەشانەوەو خەلات کرد و مێدالیای تەفرووتوناکردنی کردە ملی.
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.