Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
تارمایى و پێشگرتن لە ژیاندۆستى

تارمایى و پێشگرتن لە ژیاندۆستى

Closed
by November 12, 2008 گشتی

 تارمایى و پێشگرتن لە ژیاندۆستى
 فەرمان ساڵح

 ئێمە زۆرجار بۆ گەیشتن بەهەندىَ ویستى ناوەوەى خۆمان پەنا بۆ رێگاى جیاوازو بیركردنەوەى جیاواز دەبەین، جا رەنگە زۆر لەو رێگاو بیركردنەوانە شتگەلێكى ناكۆكبن بە داب و پیرۆزى و شتى دیكە، زۆرجاریش پەیوەندیان نەبێت بە جەوهەرى ئەو پرەنسیپە ئەخلاقیانەى كە پێویستە لەهەریەك لە جێناوەكانى من.. تۆ.. ئەو.. بوونیان هەبێت، ئەوەش وایكردووە هەمیشە لەنێو بازنەیەكى چەقبەستودا خولبدەین و نەگەین بە ئامانج.
  من پێموایە لەكۆمەڵگاكاندا ئەگەر جیاوازى تەنها لەبیركردنەوەدا بێت و نەگاتە ئاستى ئاكارو كاردانەوەى نادروست، ژیان بە ئاقارێكى راسترۆدا دەڕوات و لێكترازان و نابەرابەریش دروست نابێت، بەڵام كاتێك ئەو هاوكێشەیە پێچەوانە دەبێتەوە، ئەوە جۆرێك لە بەجێمان و پاشەكشە روودەدات و ناتوانرێت پێشبڕكىَ لەسەر مانەوەو لۆژیكى یەكدى قبوڵكردن بكرێت.
  زۆرجاریش بۆ كوشتنى جیاوازى و قوڵكردنەوەى توندوتیژى لە هەناوى كۆمەڵگادا، هەندىَ كەس ئایین دەكەن بەپاساو ولێرەو لەوىَ ئیزافەى ناعەقڵانى و بىَ بنەمادەخەنە سەر دین و ژیان و ژیارى، ئەوەش لە زۆر حاڵەتدا بۆتە هۆكارى چێكردنى تارمایى لە نێو ئەو ئیتارە جوانەى ژیانى تێدا دەگوزرەرىَ، ئێمەش لە هەفتەنامەى زارى كرمانجى جارجارلەو پێناوەدا و بە ئاوەژووكردنى مەبەستەكانمان لەلایەن هەندىَ كەسەوە بەناوى ئایین و پیرۆزییەكانەوە هێرشى ناڕەوامان كراوەتەسەر.
 هەفتەى رابردوو بەمەبەستى دەربڕینى پشتیوانى و هاوسۆزى بۆ ئەو رۆژنامەنووسانەى لە زیندانە تاریكەكانى جیهاندا بەبىَ هۆو تەنها لەسەر ئازادى دەربڕین و نووسین زیندانى كراون محەمەدى حاجى كەریم و هاوكارانى لە نووسنگەى سۆرانى سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستان لە هۆڵى كۆمەڵگاى دارایى سۆران گردبوونەوەیەكیان بە ئامادەبوونى رۆژنامەنووسانى دەزگاكانى راگەیاندنى سۆران رێكخست و لەوێدا ژمارەیەكى زۆر لە رۆژنامەنووس و كارمەندى دەزگاكانى راگەیاندن ئامادەبوون،  بۆ رێزگرتن لە رۆژنامەنووسانى زیندانى و رەتكردنەوەى پرەنسیپى توندوتیژى دژ بەرۆژنامەنووسان داوا لە ئامادەبووانى ناو هۆڵەكە كرا خولەكێك بەبىَ دەنگى هەڵستنە سەرپىَ، بەڵام هەندىَ لە ئامادەبووان كە سەر بە راگەیاندنى حزبێكى ئیسلامى بوون لەشوێنى خۆیان هەڵنەستان و سەرنجى زۆرێك لە ئادەبووانیان راكێشا، ئێستاشى لەگەڵ دابێت من لە نهێنى ئەو هەڵنەستان و بێڕێزى نواندنەى ئەوان بەرامبەر بەئیرادەى رۆژنامەنووسانى زیندانى تێناگەم، بەپێى ئەو شارەزاییەى خۆشم لە هیچ ئاینێكى ئاسمانیدا رێزگرتن لە ئیرادەى ئینسانەكان لادان نییەو ناشچێتە خانەى گوناهە گەورەكان!!! جگە لەوەش هەر لەو هۆڵەدا زاناومامۆستاى بەڕێزى ئایینى ئامادەبوون و بەڕێزەوەش هەڵستانە سەرپىَ.
 هەر ئەو بەڕێزانەیش كە لەو بۆنەیەدا رێزیان لەو رۆژنامەنووسانەى كونجى زیندانەكان نەگرت و بەقسەى خۆیان هەڵسان كوفرەو كردەیەكە ناكۆكە لەگەڵ دین، ئەگەر لەماڵەكانیان یان لەبارەگاى راگەیاندنەكەشیان سەردانیان بكەى دڵنیام لەسەر كورسییەكەى خۆیان هەڵدەستن و تا دەرگاى دەرەوەش لەپێشوازیتدا بە پێوە دەوەستن، بەڵام ئەوان تەنها دەیانەوىَ واپیشان بدەن كە جیاوازن و لاشیان گرنگ نییە بەو هەڵوێستە نەرێنیانەیان چەندە دەمانگەڕێننەوە دواوە و نائومێدمان دەكەن، بۆیە هیوادارم ئەو جۆرە كەسانە كە بڕوایان بە مرۆڤدۆستى و گۆڕان و پێشكەوتنى شارستانیەتەكان نییە، لەبۆنە نیشتمانى و مرۆڤدۆستییەكاندا بانگهێشت نەكرێن، چونكە ئەوان بەو كردانەى خۆیان هەستى ئەو كەسانە برینداردەكەن و لە ناخەوە ئازاریان دەدەن، كە ژیاندۆستن و رێز لە ئەویدى جیاوازیش دەگرن.  
 
 FARMANSALIH@GMAIL.COM
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.