تارمایی نووسه‌ر، له‌پشت حیکایه‌تبێژه‌وه
کاریگه‌ریی گێڕانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه ڕاوه‌ستاوه، نووسه‌ر تا چه‌ند، خۆی له بیروڕای حیکایه‌تبێژ(راوي) هه‌ڵده‌قورتێنێت؟ چونکه ڕایه‌ک هه‌یه ده‌ڵێت: حیکایه‌تبێژ بریتییه له نووسه‌ر خۆی، یان هه‌ر خۆی نووسه‌ری ژێربه‌ژێره. ئه‌گه‌ر به وردی و به نیازی توێژینه‌وه، چیرۆک و ڕۆمان بیخوێنینه‌وه، هه‌ستیپێده‌که‌ین، له‌که‌م و له‌زۆر، خۆی، یان ده‌ستی شاراوه‌ی نووسه‌ر له‌پشت حیکایه‌تبێژه‌وه ئاماده‌یه، جا ئه‌و هه‌ر فێڵێکمان لێبکات، یان گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌ی به هه‌ر ڕاناوێک سپاردبێت و به‌هه‌ر هه‌نجه‌تێک، یاخود له ژێر هه‌ر ناونیشانێکدا خۆی شاردبێته‌وه. چونکه ئه‌وی نووسه‌ر ئه‌فرێنه‌ری چیرۆکه‌که‌یه. وه‌لێ به‌چیدا بزانین و چۆن له‌تافی گێڕانه‌وه‌دا تارمایی نووسه‌ر به‌دیارده‌که‌وێت؟ تۆ ده‌بینی حیکایه‌تبێژ به زمانێکی چڕ و زۆریش به ڕه‌وانی چیرۆک، یانژی ڕۆمانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی جارێک زمانی (زه‌لله)، یان ته‌ته‌ڵه بکات، یاخود بێ ئه‌وه‌ی که‌وتبێته هه‌ڵه‌یه‌کی زمانه‌وانییه‌وه.
زۆر جاران ده‌بینیت حیکایه‌تبێژ، یان چیرۆکبێژ به زمانی شیعر، یان به زمانی سینه‌ما و هونه‌ری شێوه‌کاری چیرۆکمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، له کاتێکدا خۆدی حیکایه‌تبێژ نه شاعیره، نه سه‌ر‌یشی له هونه‌ری سینه‌ما و تێکه‌ڵکردنی ڕه‌نگه‌کان ده‌رده‌چێت. به‌ڵکو ئه‌وی حیکایه‌تبێژ بابایه‌کی ساده و ئاسایییه له‌و گۆڕه.. ده‌بینی ڕسته‌کانی چڕ و به‌هێزن و پڕن له واتا و به ئاماژه و هێما ئاخنراون. که‌چی کاتێک دیقه‌تی حیکایه‌تبێژ ده‌ده‌یت، ده‌بینیت ئه‌و نه شاعیره، نه فیلۆسۆفه و نه هزرڤان، به‌ڵکو بابایه‌کی ده‌ستوپێ سپییه.
جار هه‌یه که‌سی حیکایه‌تبێژ، که له‌په‌ناوه ئه‌م هه‌موو زانست و هونه‌ره‌ی نواندووه، که‌چی وه‌کوتر، بۆخۆی کۆلکه خوێنده‌وارێکه له‌و گۆڕه، فڕی به‌سه‌ر ئه‌ده‌به‌وه نیه، یان هه‌ر خوێنده‌واریشی نییه! یاخود نادیاره، که‌س نازانێ ئه‌م حیکایه‌تبێژه کێیه و چ کاره‌یه. له ڕاستیدا هونه‌ری گێڕانه‌وه فێڵێکی جوانه، له لایه‌ن نووسه‌ره‌وه له وه‌رگر ده‌کرێت. له چیرۆک و ڕۆماندا حیکایه‌تبێژ، که له‌کاغه‌ز چێبووه، به‌هۆی که‌سێکه‌وه، که‌سێکی دیکه‌ی هاوشێوه، یان هاوئامانج، یاخود هاوده‌ردی وه‌بیردێته‌وه. به‌ڕاست حیکایه‌تبێژ، که وه‌ک بانکی زانیاری دێته پێش چاو، ئه‌م هه‌موو زانیارییانه له‌کوێوه دێنێت، ئه‌گه‌ر نووسه‌ر له‌پشته‌وه پێی نه‌ڵێته‌وه؟
حیکایه‌تبێژی چاو‌دێر، بۆ نموونه، ئه‌وه‌یانه، که ده‌ست وه‌رناداته نێو دنیای چیرۆک، یان ڕۆمانه‌که‌وه، به‌ڵکو بێلایه‌نه، ته‌نیا چاودێریی ڕووداوه‌کان ده‌کات. واته به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕای خۆی تێکه‌ڵ به ڕای قاره‌مانه‌کان بکات، یان نه‌ختاڵێک به‌لای هیچکامیاندا دابشکێنێت، چیرۆکمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه. له به‌رانبه‌ردا حیکایه‌تبێژیش هه‌یه، کاریگه‌ری خۆی له سه‌ر گێڕانه‌وه داده‌نێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی، ده‌که‌وێته نێوان قاره‌مانه‌کانه‌وه، یان ده‌بێته لایه‌نداری یه‌کێکیان، یان ده‌سته‌یه‌کیان. ئه‌مه‌یان ئه‌گه‌ر له چیرۆکی هاوچه‌رخدا هه‌ستی پێ کرا، ئه‌وا سوور بزانه له حیکایه‌تبێژی نێو حیکایه‌ته‌کانی فۆلکلۆره‌وه دزه‌ی کردووه و گه‌یشتووه‌ته چیرۆکی ئه‌م سه‌رده‌مه.
تێوری چیرۆکیش پێمان ده‌ڵێت، نووسه‌ر له گۆشت و خوێنه و مرۆڤه، که‌چی حیکایه‌تبێژ بوونه‌وه‌رێکه له مه‌ره‌که‌ب و کاغه‌ز چێبووه. نووسه‌ر بوونێکی ڕاستینه‌ی له ده‌رێی ده‌قدا هه‌یه، وه‌لێ هه‌رچی حیکایه‌تبێژه بوونێکی ڕاستینه‌ی له نێو ده‌قدا هه‌یه و ته‌نیا له‌نێو ده‌قدا ئاماده‌یه. حیکایه‌تبێژ، که جڵه‌وی گێڕانه‌وه‌ی به‌ده‌سته، وه‌های لێ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ڵام ئه‌وه ڕۆنه‌ر، یان نووسه‌ر خۆیه‌تی، که ده‌سه‌ڵات به حیکایه‌تبێژ ده‌به‌خشێت و ده‌یخاته سه‌ر ڕاسته‌ڕێی چیرۆک گێڕانه‌وه. کاتێک ڕۆنه‌ر، ئه‌م یان ئه‌و ڕاناو ده‌خاته‌کار، ئه‌وا به‌و کاره‌ی، سه‌متی گێڕانه‌وه‌ی ده‌ستنیشان کردووه.
یه‌ک له‌باری خۆم، ده‌توانم بڵێم حیکایه‌تبێژ کوتوموت خۆم نیم، به‌ڵام نزیکه له خۆمه‌وه، چونکه خۆم هه‌ڵمبژاردووه و خۆم کاری گێڕانه‌وه‌م پێ سپاردووه. لێره‌دا گرینگ ئه‌وه‌یه، حیکایه‌تبێژ بێلایه‌ن بێت و ماوه‌یه‌ک له نێوان ئه‌و و چیرۆکنووسدا به‌جێبهێڵێت، نه‌بادا ده‌ستبخاته نێو کاره‌که‌یه‌وه، که وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت، خوێنه‌ر، یان وه‌رگری وریا به‌شداری له‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا بکات. به‌و واتایه‌ی ئه‌وی وه‌رگر، هه‌ڵوێست له کاره‌کته‌ره‌کان وه‌ربگرێت، نه‌ک ده‌قنووس، که ده‌کاته چیرۆک‌نووس. که‌واته هه‌ر داشکاندان و لایه‌نداریه‌ک به‌لای قاره‌مانانی چیرۆکدا، له‌لایه‌ن نووسه‌ر خۆیه‌وه بێت، بێ واتایه و به‌چاکه‌ی چیرۆکه‌که‌ی ناشکێته‌وه.
که‌سی سێیه‌می تاک، له تافی ڕابوردوودا حیکایه‌ت ده‌گێڕێته‌وه، وه‌لێ ئه‌و نه‌خش و کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئێستا داده‌نێ، چونکه ئه‌و له ئێستادا و به به‌رچاوی خۆمانه‌وه چیرۆک ده‌یگێڕێته‌وه. وه‌لێ ئه‌گه‌ر ئێمه، به‌وردی زه‌ینی بده‌ینێ، ده‌توانین دووری و نزیکی حیکایه‌تبێژ له نووسه‌ر خۆیه‌وه هه‌ستپێبکه‌ین و کاریگه‌رییه‌کانی نووسه‌ریش له‌سه‌ر حیکایه‌تبێژ ده‌ستنیشان بکه‌ین، جا ئه‌و به هه‌ر ڕاناوێک چیرۆکی بۆ ئێمه گێڕابێته‌وه، یان هه‌ر فێڵێکی لێ کردبین. حیکایه‌تبێژیش هه‌یه وه‌ک ڕۆژنامه‌نووس چلۆن ڕاپۆرت ده‌نووسێت، ئه‌ویش ئاوا ڕووداوه‌کان ده‌گێڕێته‌وه. واته چیی دیوه و چیی بیستووه، بێ که‌م و زیاد هه‌ر ئه‌وانه ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌گه‌ر بڵێی ئه‌مه‌یشیان شێوازیکه، گه‌وره نووسه‌ری وه‌ک مارکیز له ڕۆمانی (هه‌واڵی فڕاندن) دا به‌کاریهێناوه و سه‌رکه‌وتوویش بووه. وای بۆ ده‌چم، که گێڕانه‌وه به ڕاناوی که‌سی یه‌که‌می تاک، جۆره گونجاندن و هاوئاهه‌نگییه‌ک له‌نێوان حیکایه‌تبێژ و خوێنه‌ردا بهێنێته ئاراوه، که ڕه‌نگه خوێنه‌ر به‌گیانی خۆشبێت و ئاسانتر به‌که‌سیه‌تییه‌کانی چیرۆکه‌که ئاشنا ببێت.
وه‌لێ چیرۆکبێژ، ڕۆڵی فره گرینگ له بونیادی چیرۆکدا ده‌گێڕێت. له‌مه‌ڕ ڕاستودروستی پێشهات و ڕووداوه‌کان قه‌ناعه‌ت به‌خوێنه‌ر ده‌کات. له چیرۆکدا، نامه‌ی چیرۆک‌نووس هه‌رچییه‌ک بێت ئه‌و ده‌یگه‌یه‌نێت. خۆیه‌تی چیرۆک ده‌گێڕێته‌وه. سه‌رچاوه‌ی ده‌نگوباس و زانیارییه و کاره‌کته‌ره‌کانی چیرۆکمان پێ ده‌ناسێنێت. ئه‌ڵقه‌ی پێوه‌ندیی نێوان چیرۆک‌نووس و وه‌رگره. هه‌ر ئه‌ویشه چنینی چیرۆک له سه‌ره‌تاوه بۆ کۆتایی ڕێکده‌خات و پێشکه‌ش به خوێنه‌ری ده‌کات. له په‌یدابوونی پێشهات و مه‌ترسیی نوێ، ئاماژه به‌خوێنه‌ر ده‌دات و که‌شوهه‌وای چیرۆک ده‌خولقێنێت.
ئه‌گه‌ر له‌مڕوووه به‌راوردێک له‌نێوان چیرۆکی کوردی و چیرۆکی عاره‌ببیدا بکه‌ین، ده‌بینین چیرۆکی کوردی واقیعیتر و لۆجیکیتر ده‌که‌وێته پێش زه‌ین و چاوی وه‌رگر، چۆن؟ نووسه‌ری کورد به‌و زمانه ده‌نووسێت، که وه‌رگر ڕۆژانه قسه‌ی پێده‌کات. ئه‌وه‌نده هه‌یه، چه‌ند پێیکرابێت، له وشه‌ی قه‌رزکراوی بیانی خۆی پاراستووه و له ڕووی ڕێزمانیشه‌وه بێهه‌ڵه ده‌قه‌که‌ی نووسیوه. واته جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ له‌نێوان زمانی نووسه‌رو زمانی وه‌رگردا، یان له‌نیوان زمانی حیکایه‌تبێژ و زمانی وه‌رگردا نییه، که له‌مپه‌ری له‌نێوانیاندا چێکردبێت.
وه‌لێ هه‌رچی چیرۆک‌نووسی عاره‌به، به‌زمانێکی دروستکراوی ئه‌وتۆ ده‌نووسێت، وه‌رگر ڕۆژانه مامه‌ڵه‌ی پێناکات. ئه‌مه‌یش کێشه بۆ حیکایه‌تبێژی نێو چیرۆک چێده‌کات. بۆچی هه‌موو چیرۆکبێژه‌کان به زمانی ستاندارد (فوسحا) چیرۆک ده‌گێرنه‌وه، که خه‌ڵکه‌که خۆیان، ڕۆژانه به (عامی، جڵفه) گوتوبێژ ده‌که‌ن؟ ئایا لۆجیکی تێدایه شوانێکی نه‌خوێنده‌واری عاره‌ب به‌زمانی موته‌نه‌بی و مه‌عه‌ڕی و جه‌واهیری چیرۆکان بگێڕێته‌وه، که وه‌رگری ئاسایی ناچاره بۆ واتای زۆرێک له وشه‌کان (وه‌ک بیانییه‌ک) قامووسی (مونجید)یان به‌شوێندا بگه‌ڕێت؟ بڕوانه چ له‌مپه‌رێکی زمان له‌نێوان نووسه‌ر و وه‌رگری ئه‌واندا هه‌یه، که ده‌قی چیرۆک له بنه‌ڕه‌تدا ده‌قێکی زمانییه!
سه‌رنج: ئه‌م بابه‌ته له ژماره (84)ی کۆواری (نه‌وشه‌فه‌ق)دا بڵاوبووه‌ته‌وه.