تاعونێك به‌ڕێوه‌یه بۆ جه‌مال غه‌مبار
كه له كۆتایی نه‌وه‌ته‌كاندا دیراسه‌یه‌كم له‌سه‌ر كۆشیعره‌كانت( مه‌نفاكان لێره‌وه ده‌ست پێده‌كه‌ن) نوسی و له ڕۆژنامه‌ی ئاڵای ئازادی دا بڵاوم كرده‌وه، بۆ یه‌كه‌مجار له هۆڵی ڕۆشنبیری ده‌سته‌كانت گوشیم و وتت سوپاس بۆ ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه، هیچمان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌مان نه‌ده‌كرد تاعونێك بڵاو بێته‌وه، هیچمان بیرمان له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه كه ڕۆژگارێك دێت نه‌ك كتێب، توڕه‌یی نه‌وه‌كان زۆر شت له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌سوتێنێت. هیچمان خه‌یاڵمان بۆ ئه‌وه نه‌ده‌چوو كه سوتان به‌شێك ده‌بێت له كه‌لتوری ئێمه. له سوتانی باره‌گاوه كه قورعانی تێدایه، بۆ سوتانی مه‌یخانه‌كان، له خۆسوتانی مێینه‌یه‌كه‌وه كه مۆبایله‌كه‌ی كه‌وتۆته ده‌ستی براكه‌ی، بۆ سوتانی سروشت و دارستانه‌كان. هاوڕێم به‌ڕاستی كه‌سمان بیرمان له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه.
هاوڕێم له دۆخێكداین هه‌میشه كه‌لتوری شه‌ڕ و سوتانی ئه‌وی تر ده‌بینم. چما ته‌له‌فزیۆنه‌كان نه‌وه‌یه‌ك په‌روه‌رده ناكه‌ن بۆ سوتان و ڕه‌تكردنه‌وه؟ ده‌زانی هاوڕێم دۆخێك تێكه‌وتووین ده‌بێت چاوی منداڵه‌كانمان بگرین تا ئه‌م هه‌موو وێنه ناشرینانه له ته‌له‌فزیۆنی كوردییه‌وه نه‌بینن، ده‌بێت گوێچكه‌ی كچ و كوڕه‌كانمان بگرین تا ئه‌م هه‌موو جنێوه نه‌بیستن كه له ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه هێزه كوردییه‌كان به‌یه‌كتری ده‌ڵێن. جه‌مالی هاوڕێم كێشه له سوتانی كتێبه‌كانتدا نیه، كێشه له‌وه‌دایه ئه‌م سوتانه له كتێبه‌وه بگوازرێته‌وه سه‌ر ئینسان. كێشه له‌وه نیه مه‌نفاكانی تۆ ده‌سوتێن، كێشه له‌وه‌دایه مرۆڤی ئێمه له‌م وڵاته بۆخۆی بوه‌ته مه‌نفی.
جه‌مالی هاوڕێم تۆ زوو وتت مه‌نفاكان لێره‌وه ده‌ست پێده‌كه‌ن. ئیدی كه ئێره بوو به مه‌نفا، هیچ جوانییه‌ك، هیچ یاده‌وه‌رییه‌ك نه‌ما، ده‌بێت خۆمان بۆ ئاگری تر و سوتانی تر ئاماده بكه‌ین. هاوڕێم كه وڵات بوو به مه‌نفا بۆ نه‌وه‌یه‌ك، كه وڵات بوو به به‌هه‌شت بۆ نوخبه‌یه‌ك و دۆزه‌خ بۆ نه‌وه‌یه‌كی تر، كه خۆمان نه‌وه‌یه‌ك گه‌وره بكه‌ین و خه‌ونه‌كانیان بكوژین، شیعر له‌كوێی ئه‌م دۆخه‌دا جێی ده‌بێته‌وه؟ كتێب له كام ڕه‌فه‌ی سه‌رده‌می وادا ده‌بینرێت؟ هاوڕێم تاعونێك بڵاوبۆته‌وه له سوتاندنی كتێب تراژیدیتر. ئه‌م هه‌موو سوتانه بۆ كوێمان ده‌بات؟ به‌م هه‌موو برینه‌وه ڕوو بكه‌ینه كوێ؟ شیعر و پارله‌مان چی له‌م تاعونه كه‌م ده‌كاته‌وه؟
جه‌مالی هاوڕێم له‌گه‌ڵ سوتانی كتێبه‌كانی تۆدا له‌و شاره‌زووره‌ی نالی كچێكی چوارده ساڵ له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌رزییه‌ك گیانی سپارد. كه‌سمان به‌هانایه‌وه نه‌چووین. جه‌مالی هاوڕێم تو ڕوحی نالی شیعره‌كانی تۆ پیرۆزتره یان گیانی كیژۆڵه‌یه‌كی شاره‌زووری؟ ئێستا گه‌نجانێك ببینن تۆ ده‌ڕۆی بۆ پارله‌مانێك بۆ درێژه‌دان به سیسته‌مێك كه ده‌رزییه‌كی بۆ دابین ناكرێت بۆ ڕزگاركردنی ڕۆحی كیژۆڵه‌یه‌ك، ئه‌م گه‌نجانه ئازارت ناده‌ن، ده‌ستت بۆ نابه‌ن، ئاره‌زووی شه‌ڕیش ناكه‌ن، مه‌سجێكت بۆ ده‌نێرن ئه‌ویش به‌قوربانیكردنی كتێبه‌كانته.
جه‌مالی هاوڕێم كه‌سی كاكی، تۆ پرسیوته گه‌نجانی كه‌لار بۆ كتێبه‌كان ده‌سوتێنن؟ پرسیوته بۆ به جل ڕه‌شه‌كان ناسراون؟ جه‌مالی هاوڕێم ئه‌و ڕۆژه‌ی تۆ له كه‌لار كۆڕی شیعرخوێندنه‌وه‌ت هه‌بوو، هه‌مان ڕۆژ من له‌ناوگه‌نجه‌كانی كه‌لار كوڕێكم هه‌بوو له‌باره‌ی دنیای ئێمه له ئێستادا. ئه‌م گه‌نجه خوێنده‌وارانه، له‌نێوان من و تۆدا دابه‌ش ببوون، به‌ڵام هه‌رزوو زانیم ئێمه له‌به‌رده‌م نه‌وه‌یه‌كداین بیر له دنیایه‌كی تر ده‌كه‌نه‌وه، خه‌ونی تریان هه‌یه، هه‌ڵگری دیدێكی ترن بۆ ژیانكردن. ئه‌م گه‌نجانه به‌ته‌نها جێهێڵراون، نه شیعر كۆمه‌كیان ده‌كات نه پارله‌مان. ئه‌م گه‌نجه توڕانه ده‌بێت ئاشت بكرێنه‌وه. دڵیان به‌جۆرێك شكاوه به‌ته‌نها شیعر ئاشتیان ناكاته‌وه.
هاوڕێم كه كتێبه‌كه‌ت گه‌یشته ده‌ستی گه‌نجێك ئیدی مڵكی تۆ نیه، له‌سه‌ر سینگ داده‌نرێت یان له‌ناو ئاگر، ئیدی تۆ ساحێبی نیت. من ده‌زانم سوتانی ئینسان له سوتانی كتێبه‌وه ده‌ست پێده‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سوتانی كتێبه‌كانی تۆ ، ئینسان ده‌سوتێ و توشی شۆك نابین، برین ده‌بینین و پێده‌كه‌نین. سوتانی كتێبه‌كانی تۆ ئاگاداركردنه‌وه‌یه له‌م برینه، هوشیار كردنه‌وه‌یه له‌م خوێنه، سوێند به‌و دڵه ناسكه‌ت له‌وه زیاتر هیچی تر نیه.
azizrauf75@yahoo.com