تاكی كورد هاوار ده‌كات و كۆمه‌ڵگاكه‌شی نائارام!!
بونیاد‌و پێكهاته‌ی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك له دونیادا خه‌سڵه‌ت‌و سیفه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی‌و رۆشنبیری خۆی ره‌نگڕێژ‌و فه‌راهه‌م ده‌كات ، شارستانییه‌ت‌و ژیار ، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی خۆی له مێژوودا جێهێشتووه ، هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیش هۆكارێكه‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی خۆی ده‌بێت له‌خه‌مڵاندنی ستایڵی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا، بۆ وێنه كۆمه‌ڵگاكانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تێكڕا‌و كه‌متازۆر یه‌ك شه‌قڵ‌و شێوازن له‌چۆنییه‌تی گوزه‌راندا.
كۆمه‌ڵگاكانی لای ئاسیای رۆژهه‌ڵاتیش ، چین‌و ژاپۆن شێوازی ژیان‌و ئاستی رۆشنبیرییان له یه‌ك ده‌چێت‌و له زۆر بواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا، حه‌ز و ئاره‌زوویان. خواردن‌و حه‌واندنه‌وه‌یان، كاركردن‌و یاریكردنیان. كاسپیكردن‌و په‌روه‌رده كردنیان (به‌پێی كاریگه‌ری شارستانییه‌ت ) زۆر هاوتا‌و له‌یه‌كچوون.. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگاكانی نێو كیشوه‌ری ره‌شی ئه‌فریقا ، خه‌سڵه‌تی هاوبه‌شیان هه‌یه‌و فه‌رهه‌نگ‌و كه‌لتوور و شێوازی خێزان‌و گوزه‌رانیان له یه‌كتر ده‌چێت.!
ئاشكرایه كۆمه‌ڵگاكانی كیشوه‌ری سه‌وز‌و رازاوه‌ی ئه‌وروپاش ، خه‌سڵه‌تی هاوبه‌ش له‌نێوانیاندا زۆره ، هه‌رچه‌نده بلۆكی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ رۆژاواكه‌یدا توزێك جوودان ،به‌ڵام فه‌رهه‌نگ‌و كه‌لتووریان هاوبه‌شه.
ئێمه‌ش له كۆمه‌ڵگای كوردیدا ، به‌و پێیه‌ی كه‌هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیایی كه‌وتۆته رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه …. هه‌روه‌ها دراوسێی كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی‌و فارس‌و توركین ، تێكڕایان ئیسلامین‌و به كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتووه‌كان ده‌ژمێردرێن ،شێوازی ژیان‌و گوزه‌ران‌و كه‌لتوور‌و فه‌رهه‌نگی رۆشنبیریمان وه‌كو ئاینه‌كه‌مان هاوبه‌شه‌و له‌زۆر رووی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابوورییه‌وه له یه‌كتر ده‌چین. ره‌نگدانه‌وه‌ی كاریگه‌ری شارستانی‌و ژیاریی به‌سه‌ر ستایل‌و شێوازی ژیانه‌وه ، زۆر ئاشكرا‌و دیاره ، یه‌كێك له‌و خه‌سڵه‌ته گرنگانه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی هاوچه‌رخ ره‌خساندوویه‌تی ، نه پاراستنی هێمنی‌و ئارامییه له خێزان‌و له‌نێو كۆڵان‌و له‌نێو خوێندنگه‌و ته‌نانه‌ت له‌نێو داموده‌زگا میدییه‌كانیشدا.
یه‌كه‌مین هاوار‌و ژاوه‌ژاوێك كه له‌م جۆره كۆمه‌ڵگایانه‌دا هاتۆته مه‌یدانه‌وه، بانگدانی مزگه‌وته‌كانه، كه زیاتر له چوارده سه‌ده‌یه هه‌ر به‌و شێوه كلاسیكی‌و ره‌وه‌ندی‌و كشتوكاڵییه‌ی خۆی ماوه‌ته‌وه‌و گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه.. به پێچه‌وانه‌ی كلێساكانی رۆژاواوه كه ته‌نها لێدانی زه‌نگه‌و ئه‌مێستا ئه‌ویش زۆر هێمنتر بۆته‌وه و له‌گه‌ڵ گۆڕان‌و په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگادا ، ئه‌ویش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌و بێزارنه‌كردن‌و جاڕس (ئیزعاج) نه‌كردنی خه‌ڵكی به‌هێند وه‌رگیراوه!
ئێمه له نێو ماڵه‌كه‌ی خۆماندا ، بێزار‌و بێواز ده‌كرێین ، هه‌ر خێزانه‌ی ده‌سته‌یه‌ك یان ده‌رزه‌نێك مناڵی هه‌یه‌و هه‌موویان هاوار ده‌كه‌ن‌و ده‌قیژێنن ، یاری تۆپ تۆپێن‌و دووگۆڵی له‌نێو كۆڵانی ته‌سك‌و خۆڵاوی‌دا داده‌مه‌زرێنن … هاوار‌و قیژه‌و جنێوی ئه‌م منداڵانه ده‌گاته عه‌رشی كردگاری مه‌زن … ره‌نگه رۆژی ده‌یانجار بیكێشن به‌ده‌رگا‌و په‌نجه‌ره‌و ته‌وقی سه‌ردا … هه‌روه‌ها دایك به‌سه‌ر مناڵه‌كانیدا ده‌قیژێنێ‌و هاوار ده‌كات … ناتوانێت به‌هێمنی‌و به‌ئارامی قسه له‌گه‌ڵ مناڵ‌و جگه‌رگۆشه‌ی خۆیدا بكات ، چ جای له‌گه‌ڵ ده‌رو دراوسێ‌و مێرده‌كه‌ی خۆیدا … ئه‌مه بێجگه له ده‌نگی به‌رزی رادیۆ‌و ته‌سجیل‌و ته‌له‌فزیۆن ، ده‌نگی به‌رزی گۆرانییه به‌جۆش‌و خرۆش‌و ناوازه‌و ناڕه‌سه‌نه‌كانیش ، نه‌ك ده‌نگی فێنكی زیره‌ك‌و خالقی‌و سابووری …! ئینجا ده‌نگی (موه‌لیده‌ی) كاره‌بای گه‌ڕه‌ك یان موه‌لیده‌ی دراوسێ كه له‌گه‌ڵ شه‌فه‌ق‌و بانگی مه‌لا ده‌نگی ناخۆشه‌كه‌ی سبه‌ینێدا ، وه‌كو دووپشكه ره‌شه له‌نێو جێگه‌دا پێوه‌ت ده‌دات‌و خه‌وت لێده‌زڕێنێ … هه‌ندێك دراوسێ په‌یدا بوون ، یه‌ك كیلۆ بزمار كۆده‌كاته‌وه‌و له‌گه‌ڵ شه‌فه‌قدا ،یان له‌نیوه‌شه‌ودا ته‌ق.. ته‌ق زرم.. زرم به‌چه‌كوشێكی مرۆڤكوژانه‌وه ده‌یدات به‌دیواری ماڵه‌كه‌تدا‌و ئیدی هاوار‌و داد بۆ كوێ ده‌به‌یت؟
كۆمه‌ڵگای ئێمه، سیخناخ‌و لێوانلێوه له هاوار‌و ده‌نگه ده‌نگ‌و ژاوه‌ژاو ، رۆژی سه‌دانجار ماتۆڕی سێتایه‌یی‌و مه‌كینه‌ی تراكتۆر‌و ڤڕه‌ڤڕه‌كانیان له‌به‌رده‌رگاكه‌ماندا هاوار هاواریانه‌و داد‌و فیغانیانه بۆ فرۆشتنی شمه‌ك‌و خۆراك‌و كاڵا‌و غاز‌و مریشكی قه‌ڵه‌وی زیندوو. ئێستا نوێترین داهێنانیان ئه‌وه‌یه كه‌قه‌ناعه‌تیان به ده‌موهاواری خۆیان نه‌ماوه ، به‌ڵكو له‌به‌رخاتری چاوی گه‌ش‌و مێشكی ساف‌و حه‌ساوه‌ی ئێمه، سه‌رویه‌ك بڵندگۆی زه‌به‌لاحیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و هه‌تا خودا حه‌زبكات هاوارده‌كه‌ن.. كوله‌كه، ته‌ماته، غاز، غاز.. مریشكی قه‌ڵه‌و ،مامری قه‌ڵه‌و.
ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت چه‌نده‌ها ساڵه (ئاوی كوردستان) بێزی نایه‌ت به به‌لوعه‌كه‌دا و به پیاسه بێته ده‌ره‌وه ، به ماتۆڕ و به ڤڕه‌ڤڕ نه‌بێت سه‌ری شكۆمه‌ندی ده‌رناهێنێ‌و ناچێته نێو ریزی ته‌نكییه ناشرینه‌كانی حه‌وشه‌و سه‌ربانه‌كانمانه‌وه كه ئه‌وانیش زه‌حمه‌تی‌و ژاوه‌ژاویان بۆ زیاتر كردووین! هه‌روه‌ها سه‌ر شه‌قامه‌كانی كوردستانی ره‌نگینمان بیر نه‌چێت كه دیمه‌نی ده‌ستگێڕ و عه‌ره‌بانه‌و شتومه‌كی سه‌ر شۆسته‌ی دوكانه‌كان بێسه‌ر‌و به‌ره‌یی‌و ئاژاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی خوڵقاندووه ، له‌وه‌دا كه هه‌ریه‌كه‌یان هاوار‌و بانگدانی خۆی خستۆته گه‌ڕ و خه‌ڵكی پیاده‌ش هه‌روا نیو مه‌ترێكیان بۆ رۆیشتن‌و هاتوچۆ بۆ ماوه‌ته‌وه و له‌و لاشه‌وه سه‌یاره و ته‌كسی به هۆڕن لێدان مێشكی سه‌رت قانگ ده‌ده‌ن‌و له‌ولا تره‌وه دوكانی تۆمارگاكان به ده‌نگی به‌رز (عه‌زیز وه‌یسیان) خستۆته سه‌ر‌و كه‌س گوێی له‌كه‌س نییه ، كه‌س نامه‌ی كه‌س ناخوێنێته‌وه ، ته‌نها ئه‌وه‌نده نه‌بێت كه خه‌ڵكی تووڕه‌ن‌و مۆڕه‌و خێسه له‌یه‌كتری ده‌كه‌ن‌و هه‌موو مێشكی پڕه‌و لێی ده‌ڕژێ … بۆیه جنێو و بۆكس و شه‌ق ئاماده‌یه‌و سه‌عاتی سفری وه‌شاندنیان زۆر نزیكه …!
ئێستا دیارده‌یه‌كی دیكه‌ش زیادی كردووه كه بریتییه له زۆر بوون‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی ماتۆڕ ، كه سه‌ر شه‌قام و بگره شۆسته‌كانیشی پڕ كردووه له ژاوه‌ژاو و ڤڕه‌ڤڕ!
تاكی كورد له كۆمه‌ڵگای پڕ ژاوه ژاو‌و ده‌نگه ده‌نگ‌و زاق و زریقدا ژیانی نائاسایی ده‌گوزه‌رێت.. بۆیه هه‌میشه توڕه‌یه ، بێزاره، ماندووه، مێشكی سه‌قه‌ته و كار‌و ئیشی سه‌قه‌ته ، كه‌س بۆ خۆی ناژی‌و به هێمنی‌و به‌له‌سه‌ر خۆیی‌و به‌نه‌رمونیانی بتوانێت گوێ له پارچه‌په‌ك مۆزیكی پیانۆ یان فلوت‌و شمشاڵ و گیتارێك بگرێت‌و خه‌یاڵ‌و خه‌ون‌و خولیا‌و ئه‌ندێشه‌كانی په‌ره‌پێبدات. له‌پڕداو به‌بێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت ، بونه‌وه‌رێك له ماڵی دراوسێكه‌ته‌وه ئه‌ڵێی مار پێوه‌ی داوه، مۆبایلێكی پێیه‌و هه‌موو گه‌ڕه‌ك گوێیان له‌كه‌ین و به‌ین‌و پاره‌و دۆلار په‌یداكردنییه‌تی له ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه !! ئیدی تۆیه‌كی مه‌ده‌نی‌و رۆشنبیر‌و نوسه‌ر‌و خاوه‌ن پرۆژه‌و خه‌یاڵ‌و رۆحییه‌تێكی جوان‌و بێگه‌رد‌و ئاست به‌رز چۆن ئه‌توانیت هێمن‌و ئارام‌و له سه‌رخۆ و ئاسووده بیت؟
به‌ڵام هه‌رگیز هاوار و فیغان و قیڕه قیڕی مرۆڤه ره‌مه‌كی و هه‌ره‌مه‌كی و غه‌ریزییه‌كان بوار ناده‌ن!
كۆمه‌ڵناس: حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ