تاوانی شاعیر چییه..؟؟
هه‌ندێك بابه‌تی ئه‌ده‌بی
(1)
تاوانی شاعیر چییه..؟؟
به‌كێ به‌ین ئیلتیجا،بۆ كێهه ده‌رچین
ده‌بێ دولبه‌ر كه‌هات ئێمه به‌سه‌ر چین(فه‌ره‌زده‌ق) له شه‌ڕه شیعر‌و داشۆرینهكانی بۆ (جه‌ریر) ده‌نووسێ: من مه‌رگم..! كه ئه‌وه ده‌نووسێ وامه‌زه‌نده ده‌كا ئیتر جه‌ریر خۆشی بكوژێ ناتوانێ وه‌ڵامی بداته‌وه، پاش مه‌رگ چی ده‌مێنێ؟!
فه‌ره‌زده‌ق یه‌كێكه له شاعیره گرنگه‌كانی عه‌ره‌ب كه له‌سه‌رده‌می ئه‌مه‌وییه‌كاندا ژیاوه‌و ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌با سێ به‌شی زمانی عه‌ره‌بی له‌به‌ین ده‌چوو. له‌و شیعره‌یدا تووشی غرورێكی سه‌یرو بێ ئاگاییه‌كی سه‌یرتر بووه، ئه‌و ئه‌و ڕاستییه‌ی له‌بیرچۆته‌وه كه شیعر هه‌رگیز له شوێنێكدا قه‌تس ناخوا. جه‌ریر دوای ژان و ژوو وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێ: من ڕۆژگارم.. مردن ده‌ڕواو ئه‌و هه‌ر ده‌مێنێ!!
ئه‌و سه‌رده‌مه باوه‌ڕێكی وا هه‌بووه كه شاعیران چه‌ند چینێكیان هه‌س، فه‌ره‌زده‌ق له چینه‌كانی سه‌ره‌وه‌یه له شاعیرییهتداو دوای مردنیشی جه‌ریر لاواندنه‌وه‌یه‌كی جوانی بۆ نووسیوه كه‌ده‌ڵێ: ( لعمری لقد أشجی تمیماً وهدَها .. علی نكبات الدهر موت الفرزدق…)
ئه‌و سه‌ره‌تایه‌م بۆ ئه‌وه بوو هه‌ردوو وشه‌ی مه‌رگ و ڕۆژگار ، كه هه‌ریه‌كه‌یان هه‌موو هێندی خۆی تاقی ده‌كاته‌وه بۆ شكاندنه‌وه‌ی ملی ئه‌وی تریان.. مردن به‌و هه‌موو جه‌به‌روتی خۆیه‌وه كه‌هیچ پاشا‌و دهسهڵاتدارێكیش خۆی له‌به‌ری ڕاناگرێ كه‌چی هێنده زه‌لیل و ده‌سته‌پاچه‌یه له‌به‌رانبه‌ر ڕۆژگاردا و هه‌ر ده‌ڵێی نیشه.. هه‌ر زاڵمه‌و زهوالێكی هه‌یه.
ماوه‌یه‌ك بوو ڕه‌خنه‌و لێكۆله‌ره‌وانی كورد وابه‌سته‌ی هه‌ندێك بیروباوه‌ڕی سیاسی گشتگیر‌و مۆمیایی بوون و ئه‌ده‌بیان به پێوانه‌ی ئه‌و بیر‌و باوه‌ڕانه ده‌پێوا. جارێكیان ده‌رباره‌ی مه‌حوی شاعیر كه من له‌سه‌ره‌تادا به‌و دوو ڕسته شیعرییه‌ی ئه‌و ده‌ستم پێكردووه، كه‌ده‌ڵێ : له مه‌یخانه خودا! گه‌ر ئێمه ده‌رچین.. به‌كێ به‌ین ئیلتیجا …. تاد. له‌باسی ئه‌وداو جارێكی تر ده‌رباره‌ی "نالی" یش هه‌مان شت وتراوه، كه‌له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باش له ڕه‌وتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی خۆیان نه‌گه‌یشتوون بۆیه شیعرێكیان نییه بۆ ئه‌و ڕووداوانهیو هه‌ڵوێستیان نه‌بووه… ئه‌و جۆره لێكدانه‌وانه تا ئه‌مڕۆش به‌جۆرێكی تر هه‌یه‌و داوای هه‌ڵوێستی له‌و چه‌شنه له شاعیرانی ئه‌مڕۆش ده‌كه‌ن.. ئه‌وان به مه‌نتیقی "مه‌رگ"ه كه‌ی فه‌ره‌زده‌ق وا زهن ده‌كه‌ن ئیتر زاری شاعیران ده‌به‌ستن و چی واشیان پێ نییه تا به‌رگری له‌خۆیان بكه‌ن.
سه‌باره‌ت به نالی و مه‌حوی و ئه‌وانی تریش، ڕۆژگار سه‌لماندنی كه ئه‌و جۆره بیركردنه‌وانه ده‌مرن و ئه‌وان هه‌رده‌مێنن، ئه‌وه‌تا ئه‌گه‌ر كورد بیه‌وێ شانازی به چه‌ند شاعیرێكی خۆیه‌وه بكه یه‌كێك له‌وانه نالی .. مه‌حوییه. ئه‌وه‌ش باشترین جۆری كوردایه‌تییه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان مه‌به‌ستیانه‌و خه‌می كوردایهتییانه. ئه‌و جۆره نووسه‌رانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌تیش شیعر به پاشكۆی سیاسه‌ت و ئایدۆلۆجیا ده‌زانن بۆیه داوای له‌و چه‌شنه‌ی ڕووبه‌ڕوو ده‌كه‌نه‌وه. شاعیران ئه‌و كه‌سانه‌ن هه‌میشه به‌سه‌ر پردی سیراتدا ده‌په‌ڕنه‌وه،ئه‌گه‌ر ڕه‌وتی با نه‌ڕۆن پێیان ههڵدهخلیسێ و ده‌كه‌ونه ئاگری جه‌هه‌ننه‌مه‌وه!! . بۆیه خوێنده‌وارو نووسه‌ری لێهاتوو ده‌توانن له‌ڕێی ده‌قی شیعریی ئه‌و شاعیرانه‌وه ئه‌و جومگو گرنگه سیاسی و غه‌یری سیاسییانه‌ش بدۆزنه‌وه كه هێمان بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌وانی تێدا ژیاوه.
دیاره ئه‌و كاره‌ش به لێكدانه‌وه‌ی ڕه‌واڵه‌تی و عه‌قڵی ڕووت ناكرێ. ماوه‌یه‌ك به‌ری وتارێكی كورتی هێرمان هیسه‌م خوێنده‌وه ده‌رباره‌ی " جه‌نگ و ئاشتی" .. ئه‌و ده‌ڵێ ئاشتی سه‌رانسه‌ری جیهان له ڕێگای ئاوه‌زه‌وه نایه‌ته دی ، به‌ڵكو له‌ڕێی گیانه‌وه دێ. ئه‌و كاته‌ی به‌هۆی قوڵترین زانیارییه‌وه بتوانین دژ به یه‌كه‌كان له‌ناخی خۆماندا بسڕینه‌وه‌و ڕه‌ش بكه‌ینه سپی و شه‌ڕ بكه‌ینه خێر.. هیندییه‌كان به‌و جۆره زانیارییانه ده‌ڵێن" ئاتمان" و چنییهكانیش پێی ده‌بێژن" تاو" واتا ڕێگاو عیساییهكانیش ده‌ڵێن "ڕه‌حمه‌ت". من خۆم له‌وانه نیم كه وابزانم شاعیر ده‌بێ له‌بورجی عاجه‌وه بژی تا جوانترین ده‌قی خۆی بنووسێ. خۆ ئه‌گه‌ر واشی كرد ده‌ك هه‌زار جار ده‌ستی خۆش بێ . من كاڵه‌ك خۆرم و بێستان ڕن نیم، بۆیه ده‌قه شیرین و نهمرهكهم مه‌به‌سته. پاشان خۆمهرج نییه ئه‌دیب و به‌تایبه‌تیش شاعیر دیارترین ڕۆشنبیریی سه‌رده‌مه‌كه‌ی بێ كاری ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیری دوو بواری جیاوازن. ئه‌دیب ده‌بێ شاره‌زابێ له كاره‌كه‌ی خۆی كه نووسینه‌و داهێنانه، ئه‌مه‌ش پێویستی به زانیاریی جیاواز‌و پشكنین و گه‌ڕان له‌ناو زمان‌و شته‌كان و مرۆڤدا هه‌یه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش پێویستی به جورئه‌تی تێپه‌ڕاندنی تخوبهكان هه‌یه، جائه‌و تخوبانه له زانیارییه‌كاندا بن یا له‌و ده‌قانه‌ی به‌ر له‌خۆی نووسراون‌و پێویسته تێپه‌ڕێنرێن. ئه‌و جۆره زانیارییانه هه‌ر ته‌نیا له‌ناو كتێبدا نین ، له‌ناو ژیاندان.. ده‌بێ نووسه‌ر بگه‌ڕێ به‌دوایانداو له‌په‌نا بینراو و بیستراوهكانهوه بیاندۆزێتهوهو بیانهێنێته‌وه ناو ژیانی تازه لهدهقهكانییدا. ئه‌وه‌ی جیمس جۆیس كردوویه‌تی له‌ژیانی بلومدا شتێكی له هیچه‌وه نه‌خوڵقاندووه، به‌ڵكو ئه‌و جۆره خه‌ون و خولیایه به‌شێوه‌یه‌ك هه‌بووه به‌ڵام په‌رش و بڵاوبووه، له‌سیاقی تردا بزربووه یا جێگه‌ی بایه‌خ نه‌بووه، بیر تیژیی و خه‌یاڵی جۆیس سه‌ر له‌نوێ خوڵقاندوویهتییهوه.
چونكه ئه‌گه‌ر به‌ڕاده‌ی ڕۆشنبیریی ئه‌و سه‌رده‌مه بێ ڕه‌نگه ده‌یان ڕۆشنبیریی گه‌وره هه‌بووبن له ئیرله‌ندا كه ڕه‌هه‌ندی ڕۆشنبیرییان زۆر فراوان و هه‌مه‌جۆرو لایه‌نتر بووه، كه‌چی جۆیس نووسه‌ر بووه‌و هه‌زاران گه‌وهه‌ری زانیاریی زۆر ورد‌و نهێنی ناخی مرۆی ئیرله‌ندی و هه‌ندێك له‌وه‌ش زیاتر ده‌ڕۆن و ده‌ڵێن نهێنی مرۆی جوله‌كه‌ی دركاندووه به‌وه‌ی خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌و دروستكردنی به‌هه‌شتی بزربوو و خاكی میعادی جوله‌كه‌كانی دروست كردووه.. داهێنانی له‌و چه‌شنه هه‌زارو یه‌ك لێكدانه‌وه هه‌ڵده‌گرێ به‌بێ ئه‌وه‌ی شیرینی خۆی له‌ده‌ست بدا.
هه‌ندێك له ڕۆژنامه‌نووسه‌كان كه خۆیان تازه سه‌ریان له قهپێڵك ده‌رهاتووه، ده‌نووسن، گۆیه ڕۆژنامه‌ی كوردی گرفتاری ده‌ستی ئهدیبهكانه.. ڕاسته‌و منیش ده‌زانم كه زمانی ئه‌ده‌ب و ڕۆژنامه دوو شتی جیاوازن.. بهڵاِم كاره‌كه به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ڕاسته‌و ئه‌دیبانیش تووشی نه‌خۆشی ڕۆژنامه بوون و مه‌به‌ستیشم ڕۆژنامه‌ی كوردییه، كه‌نه‌ك به‌هره‌ی تێدا به‌رجه‌سته نه‌بووه، به‌ڵكو بهداخهوهپێویستی به به‌هره‌ش نییه.
ئه‌ده‌ب ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه ماڵی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی و له‌و زیاده نا ئهدهییانه ڕزگاری بێ ((ئه‌و قسه‌یه زیاتر شیعر ده‌گرێته‌وه)) . لێره‌دا پێویسته بپرسم ، ئایا شیعر پێوستی به ڕۆشنبیریی و زانیاریی فیكر نییه؟ "به‌ڵێ" به‌ڵام چ جۆره زانیاریی و فیكرێك..؟
ئیبنو عه‌ره‌بی زانست و زانیاریی دابه‌شكردۆته سه‌ر سێ جۆر، یه‌كیان هی ئاوه‌ز و ئه‌قڵه‌و هه‌مووان هه‌یانه، ئه‌وی دی زانستی ئهحواله، ئه‌وانه هه‌یانه كه ئه‌زمووندارن، هی سێیه‌میان زانستی نهێنییه‌كانه كه به‌پێی ئیبنو عه‌ره‌بی پێغه‌مبه‌رو ئه‌ولیا هه‌یانه، شاعیرانیش له‌هه‌مان چینی ئه‌وانن. ئه‌و جۆره زانسته هه‌ر ته‌نیا ئه‌قڵ و هه‌سته‌كان به‌شداری ناكه‌ن له‌دروستكردنی، بڕێ‌جار چاو به‌ئاسته‌م بنوقێنی جوانتر ده‌بینی!!دڵشاد عه‌بدوڵڵا