Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
تاوانێکی تابڵێی قێزەون و دڕندانەیە

تاوانێکی تابڵێی قێزەون و دڕندانەیە

Closed
by December 5, 2012 گشتی

 

 

 

لە فەیسبووک و لە یوتوب، بۆ چەندین جار تاوانی ئەو پیاوە دڕندەیە پیشاندەدرێت کە بە زۆر سێکس لە گەڵ کورێکی گەنجدا دەکات، ئەم دڕندەیە چەند دڕندەیەکی تری بەدەورپشتەوەیە کە پێدەچێت خزم و کەسی بن، هەندێکیان دەڵێن دەی بە تەواوی هەمووی بۆ……. ، هەندێکیتریان دەڵێن نا بەس بۆی…… ، ئەوانیتر دەڵێن هەتیو بوەستە خۆت بەس ڕاپسکێنە با رزگارتبێت، کابرای دڕندەش وەک وەحش سواری پشتی ئەو گەنجە قوڕبەسەرە بووە و لەسەر یەک لێیدەبپرسێت بیڵێ لەسەر چی واتلێدەکەم!. من نامەوێت ئەو وێنە قێزەونە و لینکەکەی لێرەدا نیشانبدەم، بەڵام بە پێویستم زانی ڕای خۆمی لەسەر بڵێم. کە هیوادارم هیچ ڕۆشنبیر و نووسەر و خاون ویژدانێک بێدەنگ نەبێت و بوەستێتەوە دژی ئەم کارە قێزەونانەی ناو کۆمەڵگای کوردی.

من لەگەڵ ئەو ڕایەدام کە پێیوایە ئەم جۆرە تاوانە قێزەونانە پیشاننەدرێن، پیشاندانی ئەو وێنانە زۆر خراپە، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی هەموو کەس لە فەیسبووک سەیریدەکات، بۆ منداڵان زۆر خراپە، جۆرێک لە ڕاهێنان و خووپێوەوەرگرتن دروستدەکات بە کاری سێکسی نابەجێ و بە زۆر و تۆڵە سەندنەوەوە. ئەمە جگە لەوەی هەموو ئەو ژن و پیاوانەی کە سەیری ئەم جۆرە وێنە قێزەونانە دەکەن ئاستی هوشیارییان وەک یەک بەرز نییە و لێکدانەوەی خراپی بۆ دەکەن. باشترین شت کەمپین دروستکردنە دژی ئەم توندوتیژییانە، هەوڵدانە بۆ گەیاندنی کەسانی تاوانبار بە دادگا و سزادانیان. لە لایەکیتر من ئەوە تەنها بە تووندوتیژی سێکسی دانانێم، ئەوە تۆڵە سەندنەوەیە، تۆڵە هەمووی خراپە بە تایبەتی تۆڵەیەک کە لەسەر کارێک کراوە کە زۆر ئاساییە، لەسەر ئەوە کراوە کە ئەو کوڕە گەنجە قوربەسەرە کچی ئەو کابرا تاوانباررەی خۆشویستووە. بۆیە ئەوە توندوتیژیی کۆمەڵگایەکی نەخوێندەوار و تا سەر ئیسقان خێڵەکییە لە سایەی دەسەڵاتێکی سیاسیی خێڵەکییەوە، ئەوە بۆ سێکسکردن نییە بە زۆر(کە هەڵبەت سێککردن بە زۆریش لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا زۆرە)، بەڵکو بۆ تۆڵەسەندنەوەیە، ئەوەتا ئەو دڕندانەی بە دیارێوەن لەسەر یەک لێیدەپرسن لەبەرچیی وای ڵێدەکەیت؟ تا ئەویش ئیسراحەتی نەفسی بکات و بلێت لەبەر ئەوەی حەزی لە کچەکەم کردوە، من هیوادارم هەموو پسپۆرانی  بواری سایکۆلۆجی کۆمەڵگا لەم مەسەلەیە بێدەنگ نەبن و قسەی زۆر لەسەر بکەن و سکاڵاش تۆمار بکەن، چوونکە ئەم درندەییە کۆمەڵگا بەرەو تاوانی گەورەتر و کارەساتی کۆمەڵایەتی گەوەرەتر دەبات. ئەم تووندوتیژیی و کارە قێزەونە لە پێش هەموو کەسێکدا دەبیت دادوەرە گشتییەکان لێیبێنە قسە و قبوڵی نەکەن، ئەم تاوانانە لە دەیان ئۆپەراسوێنی دجلە ترسناکترە، ئەم تاوانانە هیچی کەمتر نییە لە تاوانی جینۆساید، ئەگەر تاوانی جینۆساید بۆ ئەوە بوو کە بە یەکجار پاکتاومان بکات، تەشەنەکردنی ئەم جۆرە تاوانانە ڕۆژ بە رۆژ و وردە وردە پاکتاومان دەکات و بە یەکجار هەرچی مۆراڵی مرۆیی و کەرمەتمان هەیە لەکەدار دەکات و وێران دەبین. وێرانبوونی کۆمەڵایەتی زۆر خراپترە لە وێرانبوونی باری ئابووری، چوونکە کە لە رووی کۆمەڵایەتییەوە وێرانبووین ناتوانین و خۆمان بۆناگیرێتەوە و وێرانییەکانی ئابووری و باری دەروونی و سیاسیی و فەرهەنگی خۆمان  بۆچاکناکرێتەوە.  مرۆڤ ئەساسە لە هەموو مەسەلەیەکدا، وێرانی مرۆڤەکان و کەرامەتشکاندنی مرۆڤەکان هەموو وێرانییەکانی تر بە دوای خۆیدا دەهێنێت. کاتێکیش مرۆڤ هەستی بە کەرامەتبەرزیی و شکۆمەندی خۆیکرد ئەوە دەتوانێت بەسەر هەموو وێرانییەکانی تردا سەرکەوێت سا درەنگ یان زوو. حورمەت و ڕێزی مرۆڤ بوێریی و ئازایەتی بە دوایخۆیدا دەهێنێت، کاتێکیش مرۆڤەکان بە تایبەتی گەنجەکان کە شکۆمەندییان نەما ئەوە کارەساتی نەمانی شکۆمەندی کۆمەڵگا بە دوای خۆیدا دەهێنێت. توندووتیژی هەرچییەک بێت هۆکارەکەی نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی هێندە ترسناکە کە ماڵوێرانیی و دواکەوتوویی و تاوان بە دوای تاواندا دەهێنێتە ئاراوە. تکایە با کەمپین دروستبکەین بە هەموومان دژی ئەم جۆرە تاوانانە.

 

جیهاد موحەمەد/نەرویج 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.