Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
تاوێک له‌گه‌ڵ دونیایی شیعر له‌لای هه‌ندرێن

تاوێک له‌گه‌ڵ دونیایی شیعر له‌لای هه‌ندرێن

Closed
by June 9, 2008 ئەدەب


 هەندرێن: شیعرى كوردى لە نێوان دەق و خەمە گەورە و بچووكەكاندا لە هاتوچۆى سەفەرێكدایە……..

 (هەندرێن) یەكێكە لەو شاعیر و نووسەرە  هەرە جیددییانەى خاوەنى تایبەتمەندیى خۆیەتى، بەڵام ئەوەندەى وەكوو نووسەرێك ناسراوە، ئەوەندە وەكوو شاعیر نەناسراوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەوا شیعرەكانى بە سانایى و بەكەڵكى هەموو خوێنەرێك نایەن، بەو واتەیەى كەوا نوخبەیەكى ئێجگار كەم لە نێو ئەدەبیاتى كوردیدا شیعرەكانى ئەم پیاوە دەخوێننەوە، رەنگە هۆكارێكى هەرە گەورەى وەكوو ئەوانى تر قبووڵنەكردنى (هەندرێن) بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە ئاوێزانییەك دەبینین لە نێوان شیعرى ئەو و سوێدیى. ماوەیەك لەمەوبەر بە سەردانێك هاتەوە كوردستان، جگە لەوەى كۆمەڵێك جار بە یەكەوە دانیشتین، هاوكات بڕیاریشماندا دیمانەیەكى راستەوخۆ بكەین سەبارەت بە شیعر، ئەوە بوو شەوێكیان بە یەكەوە و لەگەڵ كۆمەڵێك برادەرى تر چووین بۆ (یەكێتى نووسەرانى هەولێر)، دوابەدواى مەستبوون و كاتژمێر (10) ى شەو كەوتینە نێو گفتوگۆیەكى قووڵ و فرە رەهەندەوە، لە ئەنجامیشدا ئەم دیمانەیە دروست بوو:
 
 سازدانى: رابەر فاریق….

 كوردستان راپۆرت: لە ئێستەدا شیعرى كوردى هێندەى بایەخ بە شتە گەورەكان دەدات (لە رووى فۆڕم و ناوەڕۆك و گەورەتركردنیان)، ئەوەندە و پتریش چاو لە شتە پەراوێزخراو و دەست لىَ نەدراوەكان دەنووقێنێت، پێتوایە لە نێوان گەورەیى و بچووكیدا شتى تریش هەبن، یاخود ئەمەیش نابێت بە قاڵب بۆ شیعر؟
 
 هەندرێن: پێموایە شیعرى كوردى، واتە شاعیرى كوردى، ئەوەندەى گرنگیى بە شتە لۆكاڵییەكان دەدات، ئەوەندە گرنگى بە شتەكانى تر نادات، لەبەر ئەوەى ملكەچ و وابەستەیە بە شتە لوكاڵییەكان، كە ئەمەیش سیستەمێكى جیهانگیریى ئایدیۆلۆژیە، كێشەى شیعرى كوردى لەو دۆخەى كە ئێستە تێیدا دەژیێت، ئەوەیە كەوا كەوتووەتە ژێر كۆمەڵێك شتى لۆكاڵیى، واتە شتە فەردییەكان، ئەمەیش وا دەكات كەوا لە ئێستەدا شیعرى كوردى بكەوێتە نێو چوارچێوەیەك، ئەم چوارچێوەیەش پڕیەتى لە عەشق بۆ بەرانبەرەكان و خەم و كێشە زاتییەكان، هاوكات ئەو پارادۆكسەى شاعیرى كوردى، یاخود زمانى كوردى، لە ئێستەدا لە لایەكەوە هەنگاوێكى سەرقاڵ و وابەستەیە بە بە بەرپرسیاریەتى، یاخود بە پرەنسیپە جیهانییە گەردونییەكان، لە هەمانكاتیشدا دەتوانین بڵێین لە رووى زمان و فۆڕمەوە تەواو رەنگدانەوەیەكە لە حیكایەت و خەمە خودییەكان، بۆیە تا ئەمڕۆ شیعرى كوردى هەڵگرى ناسنامەى خۆى نییە و نەیتوانیوە خۆى لە مۆدێرنیزم و پۆست مۆدێرنیزمدا لە یەكترى جوایەز بكاتەوە و ناسنامەیەكى تایبەتى هەبێت و ئەوانیدیكە لە خۆیدا كۆبكاتەوە و ئەركى سیاسى و نادروستى لە كۆڵ بكاتەوە و بیسپێرێتەوە بە (شیعرییەت)، بەو مانایەى كە تا ئێستە كۆى پێكهاتەكان یاخود ناوكۆیى لە جڤاكى كوردیدا، واتە تاكى شاعیرى كوردى، پێیەكى لەناو خەمە گەردوونییەكانە، واتە خەمە نیشتمانییەكانە، خەمە نەتەوەییەكانە، هاوكاتیش لە ژێًر كاریگەرییەكانە، ئەو كاریگەرییانەى بە هیچ شێوەیەك دەرگەیەك بۆ دۆزینەوەى مانا تایبەتییەكان و خۆبوون ناكەنەوە و دەیخەنە ژێر ركێفەكانى خۆى،  پێیەكەى تریشى لە نێو خەمە فەردییەكانە، ئەو خەمە فەردییانەى كەوا لە یەككاتدا هەم داهێنان و هەم شكستى دەق بەرهەم دەهێنن و رووبەرووى پارادۆكس و ناتەبایى و لە هەندێك كاتیشدا ناكۆكى و بێماناییمان دەكەنەوە. لێرەدا شیعرى كوردى، لەم قۆناغەى ئێستەدا، لە نێوان هەنگاوێكى گەردوونى و خەمە لۆكاڵییەكاندا بە جۆرێك لە جۆرەكان گیرى خواردووە و هاوكات فەزایەكیشى خولقاندووە بۆ سەرهەڵدانى قەیران، بۆیە چاوەڕٍێى ئەوە دەكەین كە شیعر و شاعیر و زمانى كوردى بتوانن لەو پرۆسەیەدا بەرەو هەنگاوێكى تازەگەر و فرە رەهەند بڕۆن.مادام تۆ خەمێكى گەورەى گەردوونیت هەیە، لە هەمانكاتیش خەمێكى زاتى و تا ئێستە نەتتوانیوە خۆت یەكلایى بكەیتەوە و بیت بە خاوەنى جیاوازى و ئەدەبێكى جوان و ئاوەڵاى گەورە، پێویستە رێگە لەو پەرش و بڵاوییە بىَ بنەما و ئاژاوانە بگریت. بەڵام جگە لەوەش كێشەیەكى تر هەیە، ئیتر كێشەى هەرە گەورەى شاعیرى كوردى ئەوەیە كە نەیتوانیوە خەمە جڤاكى و فەردییەكان لە یەكترى جوایەز بكاتەوە و بە شێوەیەكى جوان تەوزیفیان بكات. ئێمە دەزانین تاكوو قۆناغى پۆست مۆدێرنیزم، كە خەمى شیعر بە گشتى و هیى كوردى بەتایبەتى، خەمە گەورەكان بووە، واتە بابەتە گەورەكان بووە، ئێستا لێرەدا بە هۆى ئەم كاریگەرییە دەرەكییەوە، كە پۆست مۆدێرنیزمە، ئەوەیە كە شیعرى كوردى لە نێوان دەقە گەورەكاندا، واتە لە نێوان بابەتە گەورەكاندا، یاخود بابەت و خەمە بچووك بچووكەكاندا، لە هاتووچۆى سەفەرێكدایە، بۆیە دەتوانین بڵێین داهێنان لە سادەكردنەوەیەكدا پەیوەندیى بە بابەتە گەورەكانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندیى بەوەوە هەیە كە تواناى شاعیر لە شیعر و زمان و داهێناندا ئامادەگیى هەیە یان نا، كەواتە: گرنگ نییە شاعیر بە چ زمانێك دەنووسىَ، بەڵكوو ئەوە گرنگە بەو زمانە چۆن دەنووسێت و دەپەیڤێت و داهێنان دەهێنێتە ئاراوە، پەیوەندیى داهێنان پەیوەست نییە بەو بابەتەى كە نووسەر هەڵیبژاردوون بۆ لەسەر نووسین كەوا گەورەیە یاخود بچووكە، چونكە شاعیر دەتوانێت بابەتێكى بچووك گەورە بكات، ئەوەش لەوێوە كەوا دونیایەكى فرە رێگەى هەیە، بەوەى كە فۆڕم ئیستێتیكاى دەقیش دەگرێتەوە، یاخود بابەتێكى گەورە بە بچووك نیشان بدات، هاوكات ئەم پرۆسەیە پەیوەستە بە فۆڕمیش. تۆ دەتوانیت وەكوو شاعیرێكى بەهرەدار، خاوەن زمانێك، خاوەن بیرۆكەیەك، دەتوانیت بیكەیت بە بابەتێكى گەورە و بیبەستیتەوە بە كۆى خەمێكى گەورەى جڤاكى، خەمێكى گەورەى نەتەوایەتى، خەمێكى گەورەى تاك (فەرد_ ئیندیڤید). هاوكاتیش دەتوانین بڵێین شاعیرێك كاتێك لەسەر رۆشنبیریى شیعرى، لەسەر مەسەلەیەكى نەریتى كە پرسیارە گەورەكانى وەكوو شۆڕشگێڕیى و وەكوو نەتەوایەتى، وەكو شەهیدبوون، وەكو قوربانى دەپەیڤێت و دەنووسێت، ئاسایییە، بەڵام ناتوانین لە ئیستێتیكا و لەسەر زمانى پیاسەكردنى زمانى شاعیرێك، ئەزموونێك كە لەسەر پیاسەى پشیلەیەك دەڕوات و بەرجەستەى دەكاتەوە، لە ئێستەو كۆندا، لە شیعرى مۆدێرنیزم و پێش مۆدێرنیزمیشدا، لە شیعرى ئێستا و نەوەكانى رابردوودا، لە یەكتریى جوایەز بكەینەوە. قەیرانەكەى ئێستەى شیعرى كوردیى بە هیچ كڵۆجێك مەسەلەى بابەت نییە، بەڵكوو هەمیشە مەسەلەى كەرەستەكانى شیعرە، واتە كەرەستەكانى: ئێستێتیكا، زمان، هاوكاتیش مەسەلەى داهێنان، وروژاندن، حەپەساندن، لەسەر بابەتێكى گەورە هەتا بابەتێكى بچووك و هەڵبژاردنیان و تەوزیفكردنیان بە شێوەیەكى پوخت.
 
 كوردستان راپۆرت: "ئەگەر شیعر پرۆسەى زەواجكردن بێت لەگەڵ خود"* (تاك_فەرد)، گێڕانەوەى یەكەم شەوى جووتبوون بێت لەگەڵ وشە و ریتمەكانى، شاعیر چییە و شێوازەكانى بە نووسینكردنى خەیاڵ و دنیابینییە تایبەتییەكانى چۆنن و لە كوێى بوونییەوە هەڵدەقوڵێن؟
 هەندرێن: بە تێڕوانینى من، ،پرۆسەى شیعر نووسین، پرۆسەیەكە لەسەر سەفەر، بەڕێوە بوون، لێرەدا پرسیارى فەلسەفە و پرسیارى شیعرى لىَ دەردەپەڕێت. كاتێك كە تۆ پرسیارت هەبوو، كاتێك كە دۆشدامانت هەبوو، لەوێدا بەڕێوەبوونێك بەڕێوەیە، ئەوبەڕێوەبوونە بەرەو جیهانێك، بەرەو نادیارى، بەو واتەیەى خاڵى سەرشارى شاعیر، ئینجا پرسیارەكەى گەورە بێت، یاخود بچووك بێت، پرسیارێكى ئیرۆتیكى بێت، یاخود چاوبازى، سێكسگەرایى بێت یاخود، یاخود ئیرۆسى بێت، یاخود پرسیارێكى كەونى/ گەردوونى نیشتمانى گەورە بێت، ئەوەیە كە شاعیرێك بەڕێوە رێدەكات، بەڕێوەبوونى زمان خۆى لە خۆیدا دەست پێشخەرییەكە یاخود رێنیشاندەرییەكە بەرەو جیهانێك كە نامۆیە بە ئێمەجیهانە خودییەكەى كە خۆى جیهانێكى ناوەكییە رێدەكات، بۆیە كێشەى شاعیربوون ئەوەیە، كە هەمیشە لە نێوان زمان و چرپەكانى زماندا، كوشتەى خەون بینینە، ئەمەش بنەماى داهێنانى شیعرە. لێرەدا، لە نێوان سەفەر و لە نێوان خاڵى ئەو ئامانجەى كە شاعیر دیاریى كردووە، دیالۆگێك لە نێوان خەیاڵ/ زمان، لە نێوان وێنەكان، بۆ نموونە خەمە خودییەكان، هەتا دوایى فەزایەكى ئێستێتیكى و جیاواز دەخولقێنێت، لەو بەڕێوە بوونە دا پرۆسەى شیعر، پرۆسەى خود، پرۆسەى بیركردنەوە لە خود، پرۆسەى داهێنان، پرۆسەى جوانناسى (ئێستێتیكا)، دەتوانێت لە خۆیدا بەرجەستەیان بكات، بۆیە دەتوانم بڵێم لە وەڵامى پرسیارەكەدا باسى ئەوە بكەین كە خەمە خودییەكان/ خەمە بوونییەكان، ئەوەیە كەوا شاعیربوون واتە بەهۆى سەفەرێك بەڕێوەیە بەرەو بوون، ئەو بەڕێوە بوونە ستراتیژێك و ئایدیۆلۆژیایەك نییە بۆ ئەوەى رووبەرووى پرسیارێك ببینەوە، یاخود ئامانجێكى دیاریكراوى كۆنكرێتى ببینەوە، پرسیارى شیعر لێرە دا، پرسیارى بوون، هەمیشە سەفەرێكە و هەمیشە بەڕێوەیە، دەتوانین بڵێین هەمیشە ئەڤین بازییەكە و عەشقێكە لەگەڵ زمان، لەگەڵ وێنە، لەگەڵ شیعرییەت، لەگەڵ شیعربوون، لەگەڵ وشە، لەگەڵ خەیاڵ، لەگەڵ وێناندن، لەو سەفەربوونەوە، لەو ئەزموونانەوه‌، لەو وێستگانەى كە تۆ بەدەم رێوە، بەرەو ئەم خەمە بوونییە،  بەرەو ئەو بە دەركەوتنە، بەرەو ئەو ئامانجەى كە تۆ دەیپێكى، بەڕێوەیە. بۆیە شیعر پڕۆسەیەكە بەدەم رێوە، هەمیشە سەفەرێكى بىَ كۆتایییە، لەوێدا كۆتاییبوون خۆى لە خۆیداكۆكردنەوەى  تەنیاییە. دەتوانین پرسیارەكەت كۆبكەینەوە و بڵێین كۆكردنەوەى تەنیایى و خەمە گشتییەكان، عەشقە تایبەتییەكان، دواجاریش هەموو ئەمانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن كە شاعیر چۆن دەتوانێت كۆى عەشقە تایبەتییەكان، تاكە كەسییەكان، زمان، دواجاریش ئەوەیە كە ئەو سەفەرەى پاڵ بە شاعیرەكەوە دەنێت، دۆشدادەمێنێت، كە عەشقە، كە خەمە تایبەتییەكانە، هەموو تایبەتمەندییەكیش ئەوەیە كە تۆ بتوانى لە كۆى ئەوانەدا شێوازێك بەرجەستە بكەیت، ئەو شێواز بەرجەستەكردنەیش كۆكردنەوەى كۆى ئەو شتانەیە لە نێو مەعریفە، لە نێو عەشقە بچووكەكان،   ئەزموونە سادەكان، شتە تایبەتییەكانى ،تاكەكەس، هاوكاتیش زمان و جوانناسى و شكست و سەركەوتن.
 
 
كوردستان راپۆرت: پێتوایە ئەركى شیعر تیماركردنى برینەكانى خەیاڵ بێت نەك جەستە، بۆ ئەوەى لە شیعردا زمانێكى مەجازیى تایبەت و قووڵ و فرەرەهەند ئامادەگیى هەبێت، پێویستە چى بكەین، هاوكات (ئارتۆر رامبۆ) پێى وایە كەوا دروست وابوو مرۆڤ لە هەندێك حاڵەتدا بڵێت"بیر كەرەوەم" نەك (بیر دەكەمەوە)، تێڕوانینى تۆ لەم بارەیەوە چۆنە؟ 
 
 هەندرێن: شیعر بەرجەستەكردنەوەى زمانە لەنێو زمان و خەیاڵ و فەنتازیا و خودئاگایى. خوێندنەوەى ئەزموونەكانى رابردوو خۆى لە خۆیدا رووبەرووبوونەوەى خودە لەگەڵ دونیایەكى لە یەككاتدا ئامادە و نائامادە، هاوكات دەرگەیەكە بۆ ئەوەى بەرەو گەردوونێك بڕۆیت كەوا بەرەو خود و نادیارى و گەڕانەوەیەك بۆ لاى یادەوەریى جەستە و ئەقڵ ببیتەوە ، بۆ ئەوەى كەسێكى تر بەرجەستە بكەیتەوە لە خۆتدا (دۆناو دۆن) بىَ. ئێمە بۆ ئەوەى لە رابردوو رۆ بچین و جوانیى بەرهەم بهێنین، پێویستە بیرى لێ بكەینەوە، واتە: ئەزموونى رابردوو، ئەزموونە بچووكەكانى رابردوو، كۆى ئەزموونە تاكە كەسییەكانى رابردوو، وا دەكات لە رابردوودا ئێستە و لە ئێستەیشدا یادەوەرییەك بخولقێنین و شتێكى پەرجوویى دانسقە بەرجەستە بكەین لە خۆمان بچێت، ئەو ئەزموونەش لە هەموو كاتێكدا هەڵگرى زمانێكە، هەڵگرى شێوازێكە، كەوا لە راستیدا بەو زمانە دەپەیڤین و لە نێو شێوازەكەشدا شێوازى تر و فەزاى تر بەرجەستە دەكەین كە رووبەرووى خۆمانمان دەكەنەوە و دەبن بە پردێك بۆ تەئویلكردنى زمان بۆ لاى یادەوەرى و تەئویلكردنى شێوازێك بۆ لاى شێوازێكى تر. ئەوەى من لە پرسیارەكەت تێگەیشتبم: شیعر خەیاڵ و واقیع لە یەك بۆتەدا دەتوێنێتەوە و لەوێوە شیعرییەتى خۆیمان نیشان دەدات و  لە هەمانكاتیشدا مومكین نییە ئەو زمانە مەجازییەى كە باسى دەكەیت، بە خۆى و رەهەندەكانییەوە، بەخۆى و ئەو رێگە بچووكانەى كەوا لێى دەبنەوە، یەكتریى نەدۆزنەوە و بەرەو لاى شیعرییەت و دونیاى فەنتازیامان بكاتەوە و فرە تێڕوانینەكانى شاعیر بخاتە روو. كەواتە: لەو كاتەى كە شیعر روو دەكاتە خەیاڵى شاعیر، خودى شیعر هەڵگرى هیچ نییە جگە لە (شیعرییەت)، بۆیە ئەوەى دەكەوێتە سەر شانى -شیعر-  لە خۆیەوە هەڵنەقوڵیوە، بەڵكو شاعیر پێى دەسپێرێت و ئەركى قورس دەكات، ئیتر لەویوە بۆ خوێنەرى نائاسایى دەردەكەوێت كە ئەم شیعرە خۆرسك نییە، بەڵكو شتێكى دراوەتە پاڵ، یاخود وەزیفەیەكى پێدا شۆڕ كراوەتەوە، كە ئەم كارەش لە لاى من بە پەسەند ناكەوێتەوە. شیعر پرسیار دەهێنێتە ئاراوە، ئەو پرسیار بوونە، ئەوەى كە (رامبۆ) باسى دەكات، ئەوەیە كە تۆ هەمیشە بەرەو ئەو داهاتووە بچیت، یاخود بەرەو ئەو نادیارییە بچیت كە ژیانێكى دیكە و ئەزموونێكى دیكەن و دەتوانیت لە نێو خۆتدا بەرجەستەیان بكەیتەوە، ئەوەش ماناى ئەوەیە، كەوا ئەم ئەزموونە بە پێى دابەشبوونى ئەو دۆشدامانە، ئەو بوونە، ئەو پاشخانە، یاخود ئەو خاكە كە تووشى دۆشدامانت دەكات بەرەو رووى رابردوویەكت دەكاتەوە، لە نێوان ئەو رابردوو و داهاتووە دا، لە راستیدا پرۆسەیەك یاخود ئەزموونێكى تەمومژاوى هەیە، ئەو تەمومژە وەهات لىَ دەكات لە كۆى ئەو پرۆسەیەدا لە گفتوگۆیەكى هەڵشێلان و خەمڵاندن و لە گفتوگۆیەكى بەردەوامدا بیت، بۆ ئەوەى بتوانیت ئەو گەردوون و جیهانە داگیر بكەیت، كەوا لەوێدا خودى خۆتى تێدا رادەگەیەنى و دەبیت بە هۆى سەرهەڵدان و گەشەسەندنى پرۆسەكە.
 
 كوردستان راپۆرت: ئەو جورئەتەى كەوا لە كاتى نووسیندا رووبەرووى دەبیتەوە، هەمان ئەو جورئەتەیە كەوا لە كاتى پەیڤین لەگەڵ نووسەرێك و كەسێكى ئاساییدا، لەسەر زمانى شیعریتدا ئامادەگیى هەیە؟
 
 هەندرێن: پرسیارى داهێنان، بە تایبەتى پرسیارى شیعر، راستییەكەى زۆر تاكە كەسییە، پەیوەندیى بە ئەوانى ترەوە نییە و هەر كەسێكى تریش نزیك بكەوێتەوە لەو پرسیارە خودگەرایییە ئەوا داهێنان بەرەو كاڵبوونەوە و لە نێو چوون دەچێت و شتێك نامێنێتەوە بۆ لەسەر وەستان و تێڕامان و توێژینەوە و كار لەسەر كردن. تۆ كاتێك كە دەقێكى شیعریى داهێنەرانە دەنووسیت، كە تۆ بتوانیت ئەو پەیوەندییە، ئەو پرسیارە، ئەو دۆشدامانەى كەوا لەگەڵ ئەوەى تردا دەیخولقینێت و تووشى بوویت بۆ ئەوەى لەگەڵ زماندا، لە پرۆسەى زماننووسیدا، لە پرۆسەى تەنیاییدا بتوانیت بەرجەستەى بكەیت، واتە: كاتێك كە تۆ دەقێكى شیعریى دادەهێنى  كە لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ ئەوانى تردا پرسیارى تازەت هەیە و پێكەوە تووشى وروژاندن و دۆشدامان و جۆرە حاڵەت و دۆخێك دەبنەوە كە ئێوە نازانن بەرانبەر ئەو ئەزموونە هاوبەشە چیتان هەیە و چى بەرهەم دەهێنن. لێرەدا پرۆسەى نووسین، پرۆسەى داهێنان ئەوەیە و بەو شێوەیە دروست دەبێت، كاتێك كە تۆ گۆشەگیر و تەنیا و نامۆ دەبیت، ئەو نامۆبوونە لە پرۆسەى زماندا خۆى لە خۆیدا چڕكردنەوە و دواجاریش ئاكامگیرییەكە، لە پرۆسەى گفتوگۆ كردن لەگەڵ ئەوانى تردا، واتە: گفتوگۆكردن، دۆشدامان، پرسیاركردن لەوەى كە تۆ دەچەقیت لە نێو ئەوانى تردا، ئەوەیە كە تۆ ئامانجێكى تر، دەقێكى شیعریى داهێنان بهێنیتە وجود، بۆ ئەوەى بتوانیت خۆت بیت، بۆ ئەوەى بتوانیت خۆت لە نێو ئەوەى تردا بەرجەستە بكەیت، رەنگە ئەمیش بە شێوازێك لە شێوازەكان ببێتەوە بە (تۆ).
 
 
كوردستان راپۆرت: لە كام كاتدا تێكەڵاوبوونى شیعر و فیكر خزمەت بە پرۆسەى شیعرنووسین دەكەن و لە كوێدا دژبە یەكتریى دەوەستنەوە؟ بۆ ئەوزەى شاعیر رووبەرووى زیانەكانى فیكر نەبێتەوە، گەرەكە رەچاوى چى بكات و لە چى دوور بكەوێتەوە؟
 
 هەندرێن: لە لاى من كێشەى دەقنووسی – داهێنان، بە تایبەت جوانناسى (ئێستێتیكا) -كە ئێمە لێرەدا مەبەستمان شیعرە- ، بەر لەوەى لەگەڵ ئەوانى تر كێشەت نەبێت و تووشى بێئومێدى و دۆشدامان نەبیت، ئەو كاتە تۆ ناتوانیت ئەزموونێك كەڵەكە بكەیت، ناتوانیت پرسیارێك بەرهەم بهێنیت سەبارەت بە بوون، سەبارەت بەوەى كەوا تۆ لە كوێدا دەژییت، سەبارەت بەوەى ناسنامەكەت لە كوێیە و چۆن دروست بووە، كەواتە: ئەزموونى تۆ لەگەڵ ئەوانى تر ئەو پرسیارەیە كە تۆ كێى؟ ئەو پەیوەندییەى كەوا ئێستە لە نێوان من و تۆدا دروست بووە و سەبارەت بە شیعر قسە دەكەین، ئەو پەیوەندییە لە دۆشدامانەكانەوە بگرە تاكو دەگات بە تووڕەبوون و هەڵەكان و دڵرەنجانەكان و هاوتێڕوانینەكان، هەموو ئەمانە لە دوا جاردا دەبن بە هۆى خولقانى كۆمەڵێك پرسیارى فەلسەفیى، بەوەى كە: تۆ لە كوێدا دەژییت؟ بۆچى دەژییت؟ لە كوێدا دەوەستیت لەگەڵ ئەو پەیوەندییەدا و بە تێڕوانینى تۆ ئەنجامى دانیشتنەكە چۆن دەكەوێتەوە؟ لەگەڵ ئەوەى كە تۆ پەیوەندییەكى قووڵ و فرەرەهەند و بە تەنیاو دابڕاو و (فەزایەك لە تەنیایی) دروست دەكەیت. ئەو ململانێیە لە نێوانى ئەو فرە جیهانییەدا ئەزموونێكى تاكە كەسیى بەرهەم دەهێنێت، ئەو پەیوەندییە لەگەڵ ئەوانى تردا، وا دەكات كە تۆ زمانێك، شێوازێك، هاوكاتیش ئاراستەیەك و رەوتێك بگریتە بەر، لێرەدا ئەو تایبەتمەندى و جیاوازییە كەوا تۆ دەتەوێت باسى بكەیت و پرسیار لە بارەیەوە بكەیت و شتى ترى لىَ هەڵبهێنجى، لەو پرۆسەیەدا و لەگەڵ ئەوانى تردا بەرجەستە دەبێتەوە.
 
 
كوردستان راپۆرت: لە شیعرى تۆدا هەم حەقیقەتى پەتى و هەم خەیاڵى خۆرسك دەبینرێن، ئەمە جگە لەوەى ئەم دووانەیەت تێكەڵ بە یەكتریى كردووە بە شێوازێكى هونەرییانە، سەركەوتنى هەرە گەورەى خۆت لە نێَو ئیشكردن لە فەزاى كامیاندا دەدۆزیتەوە؟
 
 هەندرێن: ئەزموونى من وەكو ئەوەى كە شیعر دەنووسم، ئەزموونى ئەوەى كە تۆ داهێنان دەكەیت وەكو تاكە كەسێك، لە راستیدا، هەموو پەیوەندیى ئەو دەقنووسینە بەوەوەیە كە ئەو رارایییە، ئەو گومانەى كە تۆ لە نێو خەیاڵى خۆتدا هەڵتگرتووە، ئەو گومانەى كە تۆ كەسێكى مەعریفییت و لە نێو خەیاڵێكى تەواو رووتدا دەژییت، ئەو كاتانەى كە تۆ واقیعێك لە نێو پێناسەیەكدا بەرجەستە دەكەیت، ئەو بەرجەستەكردنەش هاوكات هەڵگرى جۆرێك لە سەركەوتن و گومان بەرهەم دەهێنێت لە بەرانبەر ئەوانى تردا، ئەو بەرجەستەكردنە لە نێوان ئەوەى من و مەعریفەدا، لە نێوان خەیاڵ و هەست، لە نێوان فەنتازیا و واقیعدا، كۆى ئەوەیە كە داهێنان پێناسەیەتى، بەو واتایەى بەبىَ بوونى ئەو ئەزموون و نائومێدبوونە، ئەزموونى شوهرەكان و ئەزموونى ئەوەى كە تۆ دەكەویت و ئەزیەت دەدرێیت لەلایەن ئەوانى دیكەوە، واتە: نوشوستیى داهێنى و پەیوەندیت لەگەڵ ئەوانى تردا- زمان تووشى سەرمەستییەك دەبیت، كۆى ئەوانە كۆڵەكەى سەرەكیى شیعر نووسینن، كۆڵەكەى دەق بەرهەمهێنن، بەبىَ بوونى ئەو نوشوستى و سەرمەستبوون، هاوكات ئاوێزانبوون، عاشقبوون بە شوێنەكان، بە كاتەكان، بە تاكەكەسەكان، بە ئەزموونى ئەوانى تر، بە ئەزموونى خود، خۆى لە خۆیدا ئەوە دەگەیەنێت كە شیعر هەڵگرى هەموو ئەم تایبەتمەندییانەیە.دەتوانم بڵێم شیعرى من لەو پرسیارەدا وەها خۆى دەدۆزێتەوە كە عەشقێكى تایبەتم هەیە و دێرەكانم بە جۆرێك لە جۆرەمان بە سانایى وەرناگیرێن، رەنگە ئەمەش هۆكارەكەى ئەوە بێت كە خوێنەرى كورد بە شێوەیەكى بەرفراوان ئاگادارى شیعرى جیهانیى نەبێت و تەنیا بە كوردەكانەوە سەرقاڵ بێت یان، بە هۆى ئەو مۆدە شیعرییەى كە دەبێت بە باو یان وەك ئەوەى بە ‌هۆى ئە‌و مۆدە شیعرییەى كە دەبێتە باو یان وەك ئەوەى كە ئێستاش ئاوازێك لە شیعرى ئاسۆیى، حیكایەتكراوە بە‌ مۆدە‌‌، راهاتووە‌. 
 
 * ئەم رستەیە هى (بەسدار سامى) یە، بەڵام بەشێوەیەكى تر دامڕشتووەتەوە.   
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.