Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
تاکتیکى پارێزگاکان و سیناریۆى پێکهینانى حکومەت

تاکتیکى پارێزگاکان و سیناریۆى پێکهینانى حکومەت

Closed

 

 

 

 

 

لە دواى تەواو بونى هەڵبژاردنەکان و ڕازى بوونى قەوارە بەشدار بووە کانى ناو پڕۆسەى هەڵبژاردن ، وە لە دواى دانیشتنى یەکەمى خولى چوارەمى پەرلەمان و دانانى کەسێک بۆ پێکهێنانى حکومەت لە حیزبى زۆرینە ، دانیشتنەکانى سەبارەت بە جۆرى پێکهێنانى حکومەت و چۆنێتى بەشدار بونى قەوارە براوەکان دەست پێ دەکات ، ئەمەش بە دوو جۆر دەبێت جۆرێکیان نهێنین و پڕە لە یارى و سیناریۆ  ، لە نێوان چەند قەوارەیەکى براوە یان جۆرێک لە هاوپەیمانێتى بە پێ ى بەرژەوەندى و نزیکیان لەیەکترەوە … واتا لە دواى هەڵبژاردنەوە و دەرچونى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانەوە ، یاریەکان و دنیا بینیەکان دەکەونە بەردەم محکوم بوون بەو یاریانە ، تا ئەو کاتەى بە ئاشکرا دەست دەکرێت بە دانوستان .. با لە خۆمان بپرسین پێش بە فەرمى کارکردن بۆ پێکهێنانى حکومەت چ لە گۆڕێدا بووە ..؟

هەر لە دواى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانەوە ئەوەى پێ ى دەوترا گۆڕانى نەخشەى سیاسى و هاوکێشەى سیاسى زیاتر ڕوو بە ڕووى یەکێتى بویەوە ، پارتیش لەم ڕوو بە ڕوو بونەوەیەدا پشکى بەرکەوت ، بە جۆرێک بەشکردنى پۆستەکان لە نێوان یەکێتى پارتى ، لە نیۆان هەرێم و بەغدادا بە پێ ى پەیمانى ستراتیژى ، کەوتە بەر هەڕەشەى هەڵوەشاندنەوەوە ، کە پارتى خۆى هەستى بەمە کردوە کە تحویل بونى زۆنى سەوز بۆ نیلى ئەو ڕۆژەى لێ ئاوا دەکات ، کە بتوانێت لەگەڵ یەکێتى پەرە بەم دەسەڵات و بەشکاریە بدات ، بە جۆرێک یەکێتى ببوە ئەو پردە سەلامەتەى کە پارتى بەسەردا دەپەڕێوە بۆ داگیرکردنى پۆستە باڵاکان بێ هیچ مەترسیەک ، کە هەموو ئەمانە بە بێ هەڵبژاردن و بە تعین لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکرا ، بەڵام کاتێک بزوتنەوەى گۆڕان دروست دەبێت ئیتر ئەم ڕێکەوتنە دەکەوێتە بەردەم هەڵوەشاندنەوە و دروست بونى سەرەتاى قۆناغێکى نوێ ، کە پێویستە حیزبەکان یارى تر بکەن بۆ ئەوەى بتوانین لەگەڵ ڕۆحى سەردەم و ئەم قۆناغە نوێیەدا بگونجێن ، ئەو پردەش کە پارتى بەسەریدا تێدەپەڕى نەیتوانى بەرگرى مانەوەى بکات و ڕوخا ، ئێستە پارتى کەوتوەتە بەردەم بزوتنەوەى گۆڕانەوە کە هێزى دوومە ، ئەگەرى ئەوەى لێدەکرێت ببێتە هێزى یەکەم و پارتى خۆشى ئەم ڕاستیە دەزانێت ، وە بزوتنەوەى گۆڕان لەم چوارچێوەیەدا و لە ناو هاوکێشەى ئەم گۆڕانکاریانەدا خاوەنى ئەقڵێکى گەورەى یارى کردنە و وە گیرفانەکانى پڕە لە کارتى بردنەوەى ئەم یاریانە ، وە دەشزانى چۆن یاریەکان بکات ، وە خاوەنى تاکیتیک و سیناریۆى گەورەیە  چونکە دروستکەرى قۆناغى نوێیەیە ، وە گەمەکان لە بەرژوەندى گۆڕاندایە ، وە دروستکەرى ئۆپۆزسیۆن و هوشیارکردنەوەى تاک و دەوڵەمەندکردنى پاشخانى ڕۆشنبیرى سیاسى گشتى و شەڕکردن لە پێناو بنەبڕکردنى گەندەڵى و خواردنى مافى تاک …هتدە …. هەمو ئەمانە بونەتە کارتى بە هێز بە دەست بزوتنەوەى گۆڕانەوە ، لەم نێوەندەدا پارتى کە هێزى یەکەم محکومە بەو یاریانەى کە فرە سەرن و دەبێت بزانێت چۆن لە پشتى پەردەوە کارت بە کارت دەکات لەگەڵ هێزى تازە ، وە چۆن دەتوانێت لەم دۆخە ڕزگارى ببێت .. ئەمانە هەمووى زەمینەیەکیان دروست کردوە بۆ یارى و سیناریۆ و تاکتیکەکان بە جۆرێک دوو هێز ئەگەر چى لە ڕوى دنیا بینى و سەردەم و کاتیشەوە جیاواز بن دەکرێت کارتەکانیان بگۆڕنەوە .

ئێستە ئەوەى کە یارى کەرى سەرەکیە گۆڕان و پارتیە ئەوەشى کە ئەقڵى سەنتەر و یەک بڕیارى تێدا نەماوە و بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت یەکێتیە ، چونکە یەکێتى تواناى تێگەیشتنى لە سیناریۆ و یارى و تاکتیکەکان نەماوە ، هەموو بڕیار و وتاکتیکەکان ئەوە دەردەخەن کە زۆر سە رەتاییانەیە و خاڵیە لە تێگەیشتن و یارى ، لێرەوە دەتوانین ئەم یاریانەى پارێزگاکان و پێکهێنانى حکومەت بخوێنینەوە :   

لە دواى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانەوە یەکێتى دەیویست نەهێڵێت گۆڕان بە تەنها بەشدارى لە حکمومەتدا بکات ، دواى ئەوە نەیتوانى بەرەى ئۆپۆزسیۆن هەڵبوەشێنێتەوە ، ئەوەش دەزانین کە لە نێوان تورکیا و ئێران ڕێکەوتنێک هەیە لەسەر هەرێمى کوردستان و وە ئەمریکاو ئەوروپا و ڕوسیاش ڕازى بون بە مەرجێک بەرژەوەندى هەمەلایەنى تێدا پارێزراو بێت ، لە ناو هەرێمیشدا رێکەوتننامەى ستراتیژى هەیە کە دوو هێز بوون ، یەکێتى یەکێک بوە لەو هێزانە ، ئەیویست گوشار بۆ ئێران و تورکیا و پارتى دروست بکات کە نەهێڵن گۆڕان بەشدارى حکومەت بکات ( ئەمە سەرەڕاى جیاوازى بۆچون لە نێو خۆى یەکێتیدا بە تایبەت باڵى کۆترەکان و هەڵوکان ) … ئەگەر ئەمە ئەو کارتە بوبێ کە یەکێتى بەکارى هێنا بێت ، ئەوا گۆڕان کارتى بەهێز ترى پێیە ، کە ئەویش بردنەوەى لە سنورى سەوز و تحویل کردنى بۆ زۆنى نیلى ، وە کارتى پارێزگاکانى بەکار هێنا و لە بەرامبەردا پارتیش بەمە ڕازى بوو بەمەرجێک کەمترین قسە لەسەر سەرۆکایەتى هەرێم بکرێت ، پارتى ئەوەش دەزانێت کە پارێزگاکان ناشەرعین ئەگەر پێداگرى بکات ئەوا دەکەوێتە خانەى خۆسەپاندنێکى ئاشکراوە ، وەک گۆڕان براوە بووە لە دوو پارێزگادا ، ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت ئەوا براوەى یەکەم دەبێت و لە سنورى سلێمانیشدا زیادى کردوە ، دیسانەوە هەر پشکێکى دەبێت لەبەرامبەر پشکى بەرەى ئۆپۆزسیۆن لە هەولێردا  ، واتا بۆ پارتى هاوسەنگیەک دروست دەبێت بەڵام لەگەڵ یەکێتى ئەو هاوسەنگیەى چەندین ساڵە هەبوە ئەو هاوسەنگیە نابێت ، بۆیە کاتێک گۆڕان کارتى پارێزگا بەکار دەهێنێت لەو لاوە پارتى مسۆگەر کردوە بە پاڵپشتى کردنى ( بە کارت بە کارت) وە دەبێتە کارتێکى بەهێز تا یەکێتى ناچار بکات مل بۆ بەشدارى گۆڕان کەچ بکات و وادەیەکیش بۆ هەڵبژاردنەکانى  پارێزگاکان دابنرێت ، ئەو کات بە هەردوو دیوەکەدا یەکێتى دۆڕاوى یەکەم دەبێت …. وە ئەوەش دەزانین تا ئێستا گۆڕان دەستى بۆ کارتى ناوچەیى نەبردوە ، چونکە گۆڕان دەیەوێت یەک ستراتیژ هەبێت ، وەک ستراتیژى ئێرانى و تورکى نەک دێژکراوە ئەو دوو ستراتیژە .. با بپرسین گۆڕان چۆن دەتوانێت کەیسى پارێزگا بجوڵێنیت لە بەرامبەر کەیسى پێکهێنانى حکومەتدا ، کاتێک دەتوانرێت پارێزگا بجوڵێنرێت کە زۆرینەى ئەندامانى ئەنجومەن ڕازى بن لەسەر هەڵبژاردنى پارێزگاى نۆى ،  یان 40000 ئیمزا کۆبکرێتەوە ، ئەم دوو ئەگەرە بۆ گۆڕان زۆر ئاسانە ، چونکە لە کۆى 28 ئەندامى ئەنجومەن 20 لایەنگرى پڕۆژەکەى گۆڕانن ، بۆیە توانى وەک کارتێکى بەهێز بەکارى بهێنى گوشار بۆ سەرۆکایەتى هەرێمیش دروست بکات ، چونکە بە پێ ى دەستورى عێراقى سێ پارێزگا دەتوانن هەرێمێکى فیدراڵ بۆ خۆیان دروست بکەن ، خۆ ئەگەر بە زۆرینەى دەنگى ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگا داوا بکەن سلێمانى جیا بێتەوە ئەو کات هەرێمى کوردستا هەڵدەوەشێتەوە ، ئەمانەش ماناى ئەوە نیە گۆڕان بیەوێ ئەمە بکات ، نەخێر تەنها وەک وەرەقەیەک بەکارى دەهێنێت ، بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى پارێزگاکان بکرێت ، وە ئەوە دەزانێت کە براوەیە و  پارێزگا بە شێوەیەکى شەرعى دەکەوێتە دەستى ، کاتێکیش سەرۆکى هەرێم دەڵێت سلێمانى هێڵى سورە ئەمەیان جگە لە ڕاگەیاندن هیچى تر نیە ، بەشى دووەمى قسەکانى کە دەڵێت دەبێت هەڵبژاردن بکرێت ئەمەیان ئەو کارت بە کارتەیە کە دروست بووە ، بە هەموو دیوەکانا گۆڕان توانى جوانترین یارى بکات و هەولێریش داوا بکات کە هەڵبژاردن بکرێت ، واتا پارتى و گۆڕان ئەو براوانەن کە کارتەکانیان یەکسانە بە یەک ، ئەگەر لەسەر ئاستى ئابورى ناوچەیشەوە سەیر بکرێت ئەوا هەرَیمى کوردستان خاوەنى 200 ملیار مەتر غازە ، کە زۆرى دەکەوێت ناوچەى گەرمیان و چەمچەماڵ کە وا بڕیارە ببسترێتەوە بە بۆرى غازى هەولێر+ ئەنقەرەوە بۆ ئەوروپا ڕەوانە بکرێت کە ئەورپاو 42% غاز لە ڕوسیا وەردەگرێت ئەمەش دەبێت جیگرەوەى ئەو غازەى کە ڕوسیا دەیدات بە ئەوروپا ، ڕوسیا زۆر جار ئەم وەرەقەى غازە وەک کاتى بەرامبەر بە ئەورپا بەکار دەهێنێت ، لەم ڕوەشەوە گۆڕان پشکى شێرى بەردەکەوێت چونکە لەو ناوچانەن کە زۆرینەى دەنگى تیا هێناوە .. دەکرێت کارتەکان زۆر بن ( وەک کارتى میدیا و کارتى کۆمەڵایەتى و کارتى پێشمەرگە و کارتى ناوچەیى و… هتد  ) بەڵام ئێمە قسە لەسەر ئەو کارتانە دەکەین کە لەم کاتانەدا بە کارتى سور دەڕوات یان بەکارتى شێر … ئیتر ئەوەى دەمێنێتەوە جۆرى گۆڕانەکان و کاراکردنى کارتەکانى ترە ئەو کات بۆ هەر تاکتیک و سیناریۆ دەورى کارتى تر قسەى ترمان دەبێت .. ماوەتەوە بڵێین خەنجەرى بەر پشتوێن مەرج نیە بۆ شەڕ بێت بەڵکو زۆر کات بۆ نیشان دانى کارتە بۆ بەرامبەرەکەى .

بەختیار شارەزورى 
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.