تا حیکایه‌ته‌کانی شار، گه‌ڕانه‌وه بۆ ژیان
شانۆنامه
– دیکۆر:
مه‌سره‌ح به‌ته‌واوی ڕه‌شه.
له یه‌کێک له ته‌نیشته‌کانه‌وه هێڵێکی دیار مه‌سره‌ح ده‌کات به دووبه‌شی نا یه‌کسانه‌وه.
– مه‌تریاڵ:
که‌ڵه‌که به‌ردێکی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ به قه‌باره‌ی جیاواز له ناوه‌ڕاستی مه‌سره‌حدا.
یه‌ک کورسی قه‌باره گه‌وره.
– ده‌نگ:
ده‌نگی ڕه‌شه‌باو گێژه‌ڵووکه.
گۆرانیی ‹‹وه‌رزه ئاڵه‌کانی عه‌ده‌م››ی عه‌دنان که‌ریم.
– ئه‌کته‌ره‌کان:
که‌سایه‌تیی یه‌که‌م: ڕه‌نگی سپی ‹‹ئاماژه‌یه‌ک بۆ شه‌هید››
که‌سایه‌تیی دووه‌م: ڕه‌نگی ڕه‌ش
که‌سایه‌تیی سێیه‌م: ڕه‌نگی ڕه‌ش
که‌سایه‌تیی چواره‌م: ڕه‌نگی ڕه‌ش ‹‹کچ››
که‌سایه‌تیی پێنجه‌م: مناڵێک ‹‹کچ›› به جلی کوردیی ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌وه ‹‹ئاماژه‌یه‌ک بۆ مناڵی شه‌هید››
جگه له ‹‹ک.1›› هه‌ر یه‌ک له ئه‌کته‌ره‌کان له شانی چه‌پییه‌وه پارچه قوماشێکی سپیی باریک به‌ره‌و لای ڕاستی که‌مه‌ری هه‌یه.
– نمایش:
ته‌نیا ‹‹ک.1›› به‌دیار ده‌که‌وێت، هیچ جوڵه‌یه‌کی نییه له به‌شی یه‌که‌می مه‌سره‌حه‌که‌دا ڕووه‌و به‌شه‌که‌ی تر دانیشتووه، پارچه قوماشێکی سپی به‌هێواشی دێته خواره‌وه‌و دایده‌پۆشێت، ڕووناکییه سووره‌که ورده ورده کز ده‌کرێت تا ئه‌ندازه‌یه‌کی که‌م‌و له‌سه‌ری ده‌مێنێته‌وه، ده‌نگی ڕه‌شه‌با تێکه‌ڵ به سۆلۆی نای ده‌بیسترێت.
کورسییه‌که له گۆشه‌یه‌کی مه‌سره‌حه‌که‌دا سه‌ره‌و خوار هه‌ڵواسراوه.
‹‹ک.2›› لای ڕاستی مه‌سره‌ح دانیشتووه:
[هیچ شتێک ئاسان نییه، هیچ شتێک ئه‌وه‌نده به ئاسانی نه‌هاتووه، هه‌ر شته‌و بۆخۆی به ئه‌ندازه‌یه‌ک سه‌خته، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی پێ به مێرووله‌یه‌کیشا بنێیت، ده‌بێ سه‌ره‌تا پێ به دڵی خۆتدا بنێیت.. به‌ڵام بۆچی هه‌موو ئینسانه‌کان دڵیان نیه؟ بۆ هێندێ که‌س بێ دڵن؟ ئه‌ی مرۆڤینه! سنگی ئێمه چیی تیایه؟ بۆ دڵمان وه‌ک ده‌نگی نووساوی مناڵه هه‌ژارێکی برسی ناگری؟ ئه‌م ترپه سارد‌و سڕانه چ مانایه‌کیان هه‌یه؟ نا ئه‌مه زۆر سه‌خته زۆر].
‹‹ک.3›› له سه‌ر به‌رده‌کان دانیشتووه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ک ده‌خوێنێته‌وه، ڕۆژنامه‌که لاده‌بات:
[قه‌ت بیستووته به‌هۆی ئازاری ویژدانه‌وه سیاسییه‌ک، سه‌رۆکێک، یان ته‌نیا که‌سێکی ئاسایی مردبێت؟ ئه‌گه‌ر هه‌بووه ئه‌ی ئه‌و هه‌موو زوڵمه‌ی له ئێمه کران، ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ی ده‌رحه‌قمان کران بۆ که‌سێک به‌ڕاستی مات نه‌بوو؟ هه‌ندێجار که‌سێک ئه‌بینین ده‌ستی شکاوه، ده‌زانی بۆ؟ پاشقولیان لێ گرتووه‌و خستوویانه به‌عه‌رزا، به‌ڵام که‌سێکت دیوه له ویژدانی خۆی هه‌ڵکه‌وتبێ‌و نییه‌تێکی خراپی شکابێ؟]
ک.2: تا ئێستا که‌سم نه‌دیوه بڵێ من موحاسه‌به‌ی خۆمم کرد، یان باشبوو فریاکه‌وتم تۆزێ دانیشتم‌و سه‌رزه‌نشتی خۆمم کرد.
ک.3: هه‌ر که هه‌وا تاریک بوو ڕائه‌که‌ین ئه‌خه‌وین، بێ ئاگا له‌وه‌ی له تاریکییا پێویستمان به ئاگایی‌و وریابوونه‌وه هه‌یه. ‹‹چاوم دائه‌خه‌م و عاقڵانه زمانم ئه‌به‌ستم›› ئه‌مه فه‌لسه‌فه‌ی ئێمه‌یه، ئێمه موعتادین به تاریکی، موعتادین به خه‌و و موعتادین به خڵه‌فانی گه‌وره.
ک.2: ئێمه هیواکانمان له ڕۆژه ڕووناکه‌کانا درووستده‌که‌ین، هه‌ر که شه‌ویش داهات، هه‌مووی ڕه‌ش دائه‌گیرسێن‌و ئه‌خنکێن.
ک.3: قه‌ت له شیرین خه‌ودا ڕاچڵه‌کیویت؟
ک.2: به‌ڵێ؛ زۆر جار، به‌ڵام جارێکم بیرنایه دووای ڕاچڵه‌کینه‌که نه‌خه‌وتبێتمه‌وه.
ک.3: قه‌ت ده‌ستت داوه‌ته به‌ردێکی ڕزیوو و بۆنی کۆشکێکی لێهاتبێت؟
قه‌ت که‌لاوه‌یه‌کت هێناوه‌ته باوه‌شته‌وه‌و حیکایه‌تی شارێکی تازه‌ی بۆ بگێڕیته‌وه؟
قه‌ت گوێت له ڕژانی مشتێ خۆڵ بووه‌و له خوڕه‌ی کانییه‌ک بچێت؟
قه‌ت له‌سه‌ر مه‌چه‌کی مناڵێکی ڕه‌شپۆش، هێزی فرمێسکت بینیوه چۆن ژیانی تێک ده‌شکێنێ؟
ک.2: که‌واته کێ حه‌ز ده‌کا خه‌ڵکی ئه‌م شاره هه‌ر هه‌مووی که‌ڕبن؟
ک.3: زۆر که‌س.. ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگیان خۆش نییه، به‌ڵام هه‌ر سوورن له‌سه‌ر گۆرانی وتن وه تێشناگه‌ن که ئه‌مه هه‌روا ئاسان نییه.
ک.2: هێندێجار چۆله‌که‌یه‌ک به‌هه‌زار مه‌ینه‌ت کولله‌یه‌ک ڕاو ده‌کا، به‌ڵام که ده‌گه‌ڕێته‌وه ده‌بینێ هێلانه‌که‌ی وێرانکراوه، به‌ڵێ، ئه‌وکاته تێده‌گات هیچ شتێک ئه‌وه‌نده ئاسان نییه.
ک.3: من بۆنی ئازادی ده‌که‌م ئیتر هه‌سته‌که‌م ئێمه‌ش هه‌ین.
ک.2: چۆن ده‌زانیت؟
ک.3: سه‌یری ئاسمان ئه‌که‌م له‌بری فڕۆکه خۆر ده‌بینم، هه‌ناسه ده‌ده‌م له‌جیاتی بارووت بۆنی دایکم ده‌که‌م.
ک.2: ئه‌ی چی ده‌بیستی؟
ک.3: هه‌ناسه‌ی قووڵی پیره‌پیاوێک که فه‌رمانبه‌رێکی گه‌نج بۆڵه بۆڵی به‌سه‌ردا ده‌کات، له‌مسه‌ری شار پێکه‌نینی منداڵێک‌و له‌وسه‌ریش گریان، لێره چنگه کڕکێی هه‌ژارێکی ڕووت‌و ڕه‌جاڵ بۆ نانی ئێواره‌و له‌وێ عه‌یامێک چه‌پڵه‌و قاقاو هه‌لهه‌له‌ی عه‌شره‌تێک بۆ پیاوێکی تێـــر.
ک.2: که‌واته په‌له‌ت نه‌بێ هێشتا ماومانه، جارێ زۆر دوورین، هیچ شتێک ئه‌وه‌نده ئاسان نییه.
ک.3: لێره‌دا ده‌ست هه‌ڵده‌گرم‌و منیش ده‌ڕۆم. (به‌ره‌و به‌شه‌که‌ی تری مه‌سره‌ح ده‌ڕوات، له خه‌ته‌که نزیک ده‌بێته‌وه).
ک.2: به‌ڵام چۆن؟ ده‌زانی گه‌ر بڕۆیت چی به‌جێده‌هێڵیت؟ تۆ هه‌ست ناکه‌ی جێی ئومێدی که‌سانێکی تریت؟ هه‌مووکات ڕۆشتن یانی دوورکه‌وتنه‌وه له شتانێک که په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵت هه‌یه.. یانی به‌جێهێشتنی که‌سانێک که پێویستیان به تۆیه، ده‌زانم تۆش بێ ئومێدیت، به‌ڵام ڕۆشتنت یانی جێهێشتنی شارێک که خه‌ڵکه‌که‌ی چاوه‌ڕێی تۆن.. مه‌ڕۆ تکایه، شار پێویستی به ئێمه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م شاره له‌سه‌ره‌مه‌رگیشدابێت هێشتا پێویستی به ئێمه‌یه له‌ته‌نیشتییه‌وه دانیشین، دڵنه‌وایی بکه‌ین‌و سروودی بۆبڵێین، سروودی ڕزگاری‌و نیشتیمان‌و شه‌هیدبوون، تکایه مه‌ڕۆ با به‌فیدای شار بین.
ک.3: به‌ڵام..
ک.2: به‌ڵامی ناوێ، مه‌ڕۆ تکایه، سوێندت ده‌ده‌م بگه‌ڕێیته‌وه تا پێکڕا کاره‌که ته‌واوبکه‌ین‌و بڵێین ئێمه‌ش هه‌ین.
ک.4: ئێستا ئیتر زه‌مه‌نی گه‌ڕانه‌وه‌یه، ده‌بێ هه‌موومان بێ جیاوازی بگه‌ڕێینه‌وه.
ک.3: گه‌ڕانه‌وه؟ گه‌ڕانه‌وه بۆ کوێ؟
ک.4: له پێناوی ئه‌مڕۆدا قوربانییه‌کی زۆر دراوه، ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ لای شار‌و به‌رده‌وامی به هه‌وڵه ته‌واونه‌کراوه‌کان بده‌ین.
ک.2: نیشتیمان پێویستی به ئێمه‌یه، ئه‌م شاره له چاوه‌ڕوانی ئێمه‌دا وه‌خته سه‌ربنێته‌وه.
ک.3: به‌ڵام چۆن؟ هه‌ریه‌ک له ئێمه خووی به شتێکی تره‌وه گرتووه. تازه کێ سه‌ری ده‌په‌رژێته سه‌ر ئه‌م شتانه؟ ئێمه خه‌ریکه خۆشمان بیرده‌چێته‌وه.
ک.4: به‌ڵێ.. هه‌موو شتێکمان له‌بیرکردووه، ته‌نانه‌ت فێری بێ باکی بووین، به‌ڵام هێشتا دره‌نگ نییه تا ئاوڕێک له قوربانییه‌کانی ڕابوردوو بده‌ینه‌وه.
ک.2: پشت به ڕابوردوو ده‌به‌ستین‌و شه‌ره‌ف بۆ ئێستا ده‌گێڕینه‌وه.
ک.3: به‌ڵام ئه‌مه هه‌روا ئاسان نییه، من چیم له‌ده‌ست دێت؟
ک.4: به‌یانیه‌ک له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستیت‌و ده‌بینیت هیچ شتێک له‌جێی خۆی نییه، لووره لووری ڕه‌شه‌با ده‌تترسێنێ، ناوماڵه‌که‌ت هه‌ڵڕژاوه، چاوه‌ڕوانی هیچ که‌سێکیش نیت، ده‌ست ده‌به‌یت جگه‌ره‌یه‌ک داگیرسێنیت، به‌ڵام زۆر له‌ناکاو ته‌قه‌ی ده‌رگاکه ده‌بیستی، پێمبڵێ له‌و کاته‌دا چی ده‌که‌ی؟
ک.3: نامه‌وێ بزانم کێیه! یه‌کسه‌ر ده‌خه‌ومه‌وه.
ک.2: هه‌ر ئه‌مه‌یه له دونیا دوورت ده‌خاته‌وه، هاتنه ده‌ره‌وه له‌تاریکی‌و دووای زه‌مه‌نێک دووباره گه‌ڕانه‌وه بۆناوی یانی سجنکردنی خۆت، چونکه شه‌رم داتده‌گرێ گه‌ر ڕۆژێک ویستت بچیته ده‌ره‌وه.
ک.3: که‌واته میوانه‌که بانگ ده‌که‌م تا ناوماڵه‌که‌م له‌گه‌ڵدا ڕێک بخاته‌وه.
ک.4: نه‌خێر نابێت.. پێویسته خۆت به‌خێرایی ده‌ست بکه‌یت به ڕێکخستنه‌وه‌ی.
ک.3: به‌ڵام بۆچی نابێ؟
ک.2: چونکه میوانه‌که هه‌رشتێکی به‌رده‌ست بکه‌وێ به ئاره‌زووی خۆی ده‌یخاته ئه‌و شوێنه‌ی که‌پێی خۆشه.
ک.4: که‌واته خۆت شته‌کان ڕێکده‌خه‌یته‌وه، به‌ڵام له کۆتاییدا به‌ڵێن به ماڵه‌که‌ت بده که شپرزه نه‌بیت‌و جارێکی تر دووباره‌ی نه‌که‌یته‌وه.
ک.2: ئه‌و کاته ده‌توانیت ده‌رگا له میوانه‌که‌ت بکه‌یته‌وه‌و جگه‌ره‌که‌ش پێکه‌وه بکێشن.
ک.4: ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان به خۆمان هه‌بێ هیچ شتێک مه‌حاڵ نییه.
ک.2: گه‌ر هه‌مووشمان باوه‌ڕمان به‌خۆمان هه‌بێ، ئه‌وا باوه‌ڕمان به‌وانی تریش ده‌بێ‌و یه‌کده‌گرین.
ک.4: ده‌بێ ئێمه‌ش له‌ززه‌ت له مرۆڤ دۆستی ببه‌ین، ده‌بێ خوێنی گه‌ردنی یه‌ک بسڕین، فێری خۆشویستن ببین‌و ئاگامان له حاڵی یه‌کتربێت.
ک.2: که‌واته با وابکه‌ین خه‌ڵک ژیانی خۆش بوێت.
ک.3: یانی ده‌توانین یه‌کترمان خۆشبوێ؟
ک.4: ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ی ژیان له‌یه‌کدی نه‌گرین، بێگومان ده‌توانین.
ک.2: سه‌ره‌تا ده‌بێ وریای ده‌سته‌کانمان بین‌و بزانین چه‌پڵه بۆ کێ لێ ده‌ده‌ین!.
ک.4: ده‌بێ خه‌یاڵی گه‌وره‌ترمان هه‌بێ، نه‌وه‌ستین‌و به‌رده‌وام بین.
ک.2: هه‌میشه شار له ئێواره‌یه‌کی خۆپه‌رستدا ده‌بێت به سۆزانی، چونکه خۆر له به‌یانییه‌کی ترسنۆکدا هه‌ڵنایه‌ت.
ک.4: که به لایلایه‌ی که‌سێک ده‌خه‌ویت، قه‌ت به گریان‌و هه‌نسکه‌کانی خه‌به‌رت نابێته‌وه.
ک.2: زۆر دیقه‌ت به ئه‌گه‌ر ژیان هه‌نگاوێک چووه پێشه‌وه با ئێمه دوو هه‌نگاو بڕۆین، ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێکیش هاته دوواوه ئه‌وا یه‌ک هه‌نگاو ده‌چینه پێشه‌وه، هه‌رچۆن بووه ده‌بێ وابکه‌ین، بۆئه‌وه‌ی دوواکه‌وتوویمان بگه‌یه‌نینه‌وه به ژیان.
ک.5 دێته ژووره‌وه:
ک.4: ده‌بێ له‌خۆمان بپرسین ئاماده‌ی چی ببه‌خشیت، بۆ خۆشبه‌ختی میلله‌تێک؟.
ک.5: باوکی من ژیانی خۆی به‌خشی، ئه‌و له کاتێکا جێی هێشتم فریانه‌که‌وتم ده‌سته‌کانی ماچ بکه‌م، ئه‌و به‌جێی هێشتم‌و هه‌مووشتێک له‌به‌رچاوما بووه به‌خوێن، دایکم ده‌ڵێ باوکت زۆر چاوه‌ڕێی کردی، ئاواتێکی گه‌وره‌ی ئه‌وه‌بوو که تۆ ببینێ، به‌داخه‌وه فریا نه‌که‌وت. ئیتر بزانن که ئه‌مه هه‌روا ئاسان نه‌بووه، بۆ قه‌دری نازانن؟ بۆ؟ با منیش هه‌ست به غه‌ریبی نه‌که‌م.. با منیش بژیم. بمگێڕنه‌وه بۆ ژیان، من پێویستم به‌وه‌یه.
ک.4: باوکی تۆ ته‌نیا ناوێک نییه.. ئه‌و ڕه‌مزی عومرێک تێکۆشانه که هه‌موو ڕۆژێک ده‌ستی به‌دڵی ئه‌مڕۆوه‌یه.
ک.3: هێندێ که‌س ئه‌وه‌نده گه‌وره‌ن له نیشتیمانێکدا جێیان نابێته‌وه. به‌ڵام هێندێ گه‌وره‌ش هه‌ن ته‌نانه‌ت زۆر به‌ئاسانی له کونه مشکێکدا جێیان ده‌بێته‌وه.
ک.2: باوکی تۆ ڕۆشت چه‌پکێ گوڵ بۆ ئێمه بێنێت، گوڵه‌کانی نارده‌وه‌و خۆی نه‌گه‌ڕایه‌وه.
ک.3: ویستی پێش ئه‌وه‌ی شار له گێژاوی ئه‌مڕۆدا بخنکێ، به‌یانییه‌کی ڕۆشنی بۆ درووستبکا. ئه‌و به‌یانییه هات‌و ژیان وه‌فایه‌کی نه‌بوو.
ک.5: ئه‌ڵێن باوکم وتوویه‌تی باکم به ژیانی خۆم نییه، ویقاری شارێک ده‌بینم که له‌دووره‌وه ده‌بریسکێته‌وه، قه‌ینا ئه‌گه‌ر گۆزه‌کانی ئه‌مڕۆ پڕبن له خوێن، گرنگ کانییه‌کانی به‌یانییه که وشک نابن‌و خوڕه‌یان دێت، مردن به‌دیار کانییه‌کی وشکه‌وه، باشتره له ژیانێکی تینوو و سواڵکردن بۆ جامێک ئاو.
ک.4: شه‌هید یانی سه‌دان ساڵ خوێن، یانی تێپه‌ڕینی بایه‌کی بێ منه‌ت، که له ڕۆژگاره تاڵه‌کانه‌وه هه‌ڵده‌کاو له نگه‌ری ڕزگاربوون ده‌گرێ، شه‌هید یانی ڕازی نه‌بوون، یانی یاخیبوون‌و ده‌یانجار وتنی نه‌خێر.. ئاخر ئه‌م غافڵگیرییه‌ی ئێمه تاکه‌ی؟ ئه‌م هه‌موو بێ باکییه بۆ؟ که‌ی له‌م ئازاره تێده‌گه‌ین؟ چۆن ڕابوردوو به ڕۆحماندا ڕۆده‌چێت؟
ک.5: خودایه گریانی ئێمه که‌ی ته‌واو ده‌بێ؟ بۆ له سووچێکی ئه‌م دونیایه‌دا نه‌ختێک ئۆقره‌ییمان نییه؟ چه‌شتنی ئه‌م هه‌موو تاڵییه له‌به‌رچی؟ غه‌م‌و کاره‌سات هه‌تا که‌ی؟ ئه‌م هه‌موو مردنه بۆ؟ خودایه بۆ؟
ک.2: هه‌موو عومری ئێمه ژماردنی کاره‌سات‌و مه‌ینه‌تی بوو، قوربانیدان‌و ڕشتنی خوێن بوو، ئێواره‌یه‌ک نه‌بوو به‌دیار خۆمانه‌وه دانیشین‌و جه‌نگ به‌ڕێ نه‌که‌ین.. ئێمه شه‌ڕ سه‌ری خواردین، جه‌نگ؛ خه‌ریکبوو له بێخمان بێنێ.. سه‌یرکردنی قافڵه‌کانی ته‌رم کاڵی کردینه‌وه.
ک.4: ئیتر کاتی ئه‌مانه نه‌ماوه، ده‌بێ به‌ئاگا بێینه‌وه، ده‌بێ به‌ره‌و ژیان بڕۆین، با یه‌کبگرین سه‌یری ڕابوردوو بکه‌ین‌و ئێستا له‌خوێن پاک بکه‌ینه‌وه.. تێکشکانه‌کانمان ڕێکده‌خه‌ینه‌وه‌و شانازییه‌کان پیرۆز ده‌که‌ین!
ک.3: یه‌کگرتن قۆناغێکی تره، ئێمه پڕین له ئه‌زموون، هه‌تا ده‌گه‌ینه ژیان یه‌ک ده‌گرین.
‹‹هه‌موو ئه‌کته‌ره‌کان کورسییه‌که داده‌گرن‌و ده‌یبه‌نه ناوه‌ڕاستی مه‌سره‌ح، وه به‌رده ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌کان به‌ده‌وریدا ڕیزده‌که‌ن››
‹‹ک.3›› له‌سه‌ر کورسییه‌که داده‌نیشێت: ئێوه پێتان وایه شه‌هید ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
ک.2: بگه‌ڕێته‌وه که چی ببێت؟ که جارێکی تر شه‌هید ببێته‌وه؟ که ببینێت هیواکانی خه‌ونێک بوون؟ بگه‌ڕێته‌وه تا دڵی به کێ خۆش بێت؟ پێم ناڵێی؟ ئاخر بۆچی بگه‌ڕێته‌وه؟
‹‹ک.3›› کورسییه‌که به‌جێده‌هێڵێت‌و هیچ ناڵێت.
‹‹ک.4›› له کورسییه‌که ورد ده‌بێته‌وه: هه‌ستده‌که‌م ئه‌م کورسییه ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه، له‌وانه‌یه له‌ناویدا ون ده‌بم. به‌ڕاستی ئه‌مه شوێنی من نییه.
ک.2: ئه‌م کورسییه هی ته‌نیا که‌سێک نییه، سه‌دان شه‌هیدی بۆ دراوه، زۆربه‌مان تاڵی‌و سوێریی ڕۆژگارمان بۆی چه‌شتووه، هه‌م له ڕابوردوو و هه‌م له ئێستاشدا، ده‌بێ وابکه‌ین له داهاتوودا سه‌رچاوه‌ی خۆشبه‌ختی هه‌مووان بێت. ئه‌مه هه‌روا به ئاسانی نه‌هاتووه. بۆیه که‌سیش ناتوانێ به ئاسانی پێی بگات!
له‌م کاته‌دا ‹‹ک.5›› ده‌خه‌نه سه‌رکورسییه‌که.
ک.5: ئاخ باوکه! خۆزگه ئێستا ده‌تبینیم، ئاخر بۆ ئه‌وه‌نده زوو ڕۆشتی؟ سه‌یرکه خه‌ریکه خه‌ونه‌کانت یه‌نه‌دی.. باوکه تۆ ڕۆشتی‌و من به گریان خۆم ده‌خه‌ڵه‌تێنم. من زیاتر له هه‌ر شتێک، پێویستم به تۆ بوو. به‌ڵام ئێستا کێ ئاماده‌یه ببێ به باوکم؟ باوکێک به‌ڕاستی باوکم بێت، ئێواران که هاته‌وه ماچم بکاو ده‌ستمبگرێ. شه‌وان حیکایه‌تم بۆ بگێڕێته‌وه‌و گۆرانیم بۆبڵێ‌و نه‌هێڵێ بترسم. کێ ده‌توانێ کێ؟
ڕووناکیی سه‌ر ‹‹ک.1›› پێده‌کرێت:
من زیاتر له شه‌هیدبوونم غه‌مباربووم، نیگه‌رانبووم له‌وه‌ی نیشتیمان چیی به‌سه‌ردێ؟ کێ ئاگای له منداڵه‌کانم ده‌بێ؟ به‌ڵام شه‌هیدبوون؛ گه‌وره‌تر له ڕێبازێک، شانازییه‌که مرۆڤ هه‌ڵیده‌بژێرێت. ده‌نگی من پڕه له قردێله‌ی سووری ئه‌و گۆرانییانه‌ی بۆ ڕزگاری نیشتمان چڕاون، ئه‌مه ته‌نیا ڕێگایه‌ک بوو له ئێواره‌یه‌کدا نیشتیمانه‌که‌م بگه‌یه‌نێته ڕزگاربوون، ئه‌م شاره بخاته‌وه ژێر ڕووناکیی خۆرێکی نوێ. ئه‌م شاره هه‌مووکات پێویستی به ئێوه هه‌یه، هه‌وڵه‌کان زۆرن که ده‌یانه‌وێ نیشتیمان تاریک بێته‌وه، ده‌بێ ئێوه نه‌هێڵن. به‌رده‌وامی بده‌ن به‌خه‌بات‌و نه‌هێڵن جارێکی تر وێرانکاری ڕووبدات. ئێوه به‌رپرسن له ئاینده، به‌رچاوی منداڵه‌کان مه‌که‌ن به‌خوێن، نه‌هێڵن جارێکی تر شیوه‌ن ڕووبدات. ئیتر خوێنی ئێوه بۆ ژیانه نه‌ک بۆ ڕشتن. خه‌بات له پێناوی مانه‌وه‌دا بکه‌ن‌و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ژیان، تا منیش به ئارامی پشوویه‌ک بده‌م‌و دڵخۆشبم به ئاینده‌ی ئه‌م شاره.
له‌م کاته‌دا گۆرانیی ‹‹وه‌رزه ئاڵه‌کانی عه‌ده‌م›› به ده‌نگی ‹‹عه‌دنان که‌ریم›› ده‌بیسترێت. ڕووناکییه‌کان ورده ورده کزده‌کرێن تا به‌ته‌واوی ده‌کوژێندرێنه‌وه.
کۆتایی!
هاوکار که‌ریم
حوزه‌یرانی 2012
Hawkarkareem@hotmail.com
تێبینی: له ڕۆژی (19/07/2012) له یادی ڕاپه‌ڕینی پێنجوێندا ئه‌م شانۆیه له لایه‌ن (گرووپی شانۆیی موفتی)ه‌وه نمایشکرا.