ترس له هه‌ڵه‌بجه! ترس له قوربانی!
ئاساییه مرۆڤ له جه‌للاده‌كه‌ی بترسێت چونكه ژیانی ته‌واوده‌كات، به‌ڵام ئاسایی نیه له قوربانی بترسێت له‌كاتێكدا قوربانی لانیزۆر جێگه‌ی رێزه‌و لانیكه‌میش جێگه‌ی به‌زه‌یی. سه‌یره له قوربانی بترسیت‌و له‌گه‌ڵ ئه‌نفالچی‌و مسته‌شار‌و تاوانبارانی كیمیاباراندا دۆست‌و هاوپه‌یمان بیت، 16/3 ئه‌مساڵیش، سه‌رله‌به‌ری به‌رپرسه‌كان به ئۆتۆمبیله‌كانیانه‌وه‌و له‌ناو كه‌ژاوه‌یه‌كی توندوتۆڵی پاسه‌وانیدا به‌ناو خه‌ڵكدا چوونه ناو هۆڵی یاده‌كه، ئه‌و ترسه‌ی له‌واندا ده‌خوێنرایه‌وه زیاتربوو له‌و ترسه‌ی له‌شاخدا له زه‌عیم سدیق‌و به‌عسیه‌كان ترسابوون، به‌ڵام ترسی ئه‌مڕۆ له توڕه‌یی‌و كه‌مینی ناكاوی هاوڵاتیانه‌وه بوو!
تا هه‌نوكه‌ش هاوڵاتیانی كورد له جیهاندا‌و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان له كوردستاندا له “یوسف” ده‌چن، براكانیان بێره‌حمترن له نه‌یاره‌كانیان، “گورگه‌كان به‌به‌زه‌ییترن له براكانی”، چونكه رۆحی هه‌ڵه‌بجه‌یان بردوه‌و جه‌سته‌یان به‌دیار داڵ‌و كه‌لاوه‌كانه‌وه جێهێشتووه، له دوای 1988ه‌وه هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ك دروستكرا كه پارتی‌و یه‌كێتی‌و هێزه ئیسلامیه‌كان ده‌یانویست، نه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ك ببوژێننه‌وه كه بچێته‌وه ناو كلتور‌و جوانناسی زه‌ینی مرۆڤی كورد‌و گۆرانیه فۆلكلۆره‌كان‌و چیرۆكه‌كان.. ئه‌مڕۆ مرۆڤ كه ناوی هه‌ڵه‌بجه ده‌بیستێت له دوای 1988ه‌وه‌وێنای ده‌كات نه‌ك ئه‌و مێژووه‌ی له زاكیره‌ی كۆ‌ویژدانی جارانی ئه‌ده‌ب‌و كلتوری پێشیندا هه‌بوو، نه‌ك ئه‌و شوێنه‌ی له ته‌نیشت به‌هه‌شت‌و خه‌یاڵ بۆكردنی شاعیرانه‌وه داده‌نرا، واژه‌و شوێنه‌كانی هه‌ڵه‌بجه له ناسكی‌و خه‌یاڵیدا پێش 1988 ده‌چونه ناو شیعر‌و گۆرانیه‌كانه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئیدراك‌و جوانیدا یاریان ده‌كرد بێئه‌وه‌ی هیچ ئاڵۆزیه‌كی شیعری‌و‌وشه‌سازی بۆ ده‌قه‌كان بسازێنن. به‌راستی دوای هه‌شتاوهه‌شت هه‌ڵه‌بجه‌یان “دروستكرد” نه‌ك “دروستیانكردبێته‌وه”.. ئاخ له ئایدۆلۆژیاكانی دوای شۆڕش، كه قوربانیدان درێژه‌پێده‌ده‌ن..
به‌رپرسانی حكومی‌و حزبی هێنده كاری ناشایسته‌و نابه‌جێی‌و به‌ڵێنی بێكرداریانداوه، بێزراوبوون. ئه‌مرۆش له قوربانیه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال ده‌ترسن، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌نفالچی‌و ئه‌نجامده‌رانی تاوانه‌كه‌دا ئارام‌و ئاسوده داده‌نیشن‌و به‌بێترس گه‌عده ده‌سازێنن.. چیه ئه‌م هه‌موو دوركه‌وتنه‌وه‌یه له قوربانی‌و هاوڵاتیان؟!
ده‌گێرنه‌وه پاشای (تێزار) روسیا جه‌ماله‌دینی ئه‌فغانی له كاتی مانه‌وه‌ی له‌و‌وڵاته‌دا ده‌بینێت‌و لێیده‌پرسێ: هۆكاری ناكۆكیت له‌گه‌ڵ شای ئێران‌دا چی‌بوو؟ ئه‌فغانی ده‌ڵێت: من باوه‌ڕم به حكومه‌تێكی شورایی هه‌بوو به‌ڵام ئه‌و ره‌تیكرده‌وه، تێزار ده‌ڵێت: پاشای ئێران له‌سه‌رحه‌قه، خۆ ناكرێت پاشایه‌ك ملكه‌چی ئیراده‌ی جوتیارانی وڵاته‌كه‌ی بێت. ئه‌فغانی-ش ده‌ڵێت: خاوه‌ن شكۆ تێزار! من‌وابیرده‌كه‌مه‌وه باشتره ملیۆنان خه‌ڵك دۆستی شای خۆیان بن تا دوژمنانێك هه‌میشه له كه‌میندابن‌و له چاوه‌ڕوانی هه‌لێكدابن بۆ لادانی. تێزار له‌م قسه‌یه نیگه‌ران بوو‌و هه‌ستایه‌وه سه‌رپێ‌و به ئاماژه‌یه‌ك جه‌مالی ئه‌فغانی میوانی خاوه‌ن شكۆیان ئیزندا.
به‌ڕاست به‌رپرسانی كورد كام رێگا هه‌ڵده‌بژێرن؟ دۆستایه‌تی خه‌ڵك یان نه‌یاری؟ پشتیوانی قوربانیانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان كه‌مینی ئه‌و قوربانیانه؟ ناپرسن‌و بیریان نایه‌ته‌وه سته‌م له ئه‌ستوریدا ده‌پچڕێت؟ بۆچی ناتوانن سنگی بێنازی قوربانی له خۆبگرن، له‌گه‌ڵیاندا له یاده‌كه‌یاندا بێجامتاریك‌و به ئاشكرا به پیاده له‌گه‌ڵیان گوزه‌ربكه‌ن به‌ڵام ئه‌نفالچیه‌كان له سه‌روی دیوه‌خانه‌كانه‌وه داده‌نێن، خۆ ئه‌وانه جه‌لادی پێشمه‌رگه‌و قوربانیه‌كانن؟ جێی گومانه به‌رپرسانی ئه‌مرۆ پێشمه‌رگه بووبن قه‌د “پێشمه‌رگه‌ی راسته‌قینه” نه‌یتوانیوه نانی دوژمنه‌كه‌شی بخوات نه‌ك رێزی لێبگرێت، چونكه نه‌یده‌ویست نمه‌كی بكات‌و روگیربێت له سزادانی؟ ده‌ترسا ژه‌هرخواردی بكه‌ن.. جێی گومانه نه‌وه‌ی ئه‌و گه‌له بن نیوسه‌ده قوربانیدا!
“به‌رپرسانی كورد بۆ له قوربانی ده‌ترسن؟” ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه‌وه‌ڵامه‌كه‌ی مرۆڤی كورد زۆر ماندوده‌كات. ئه‌م ترسه‌ی به‌رپرسان له دوو حاڵه‌ت به‌ده‌رنیه: یان ئه‌وه‌یه سه‌ردانی دوژمنه‌كه‌ی ده‌كات یاخود ئه‌وه‌یه سه‌ردانی دۆستێكی ده‌كات كه نیگه‌ران‌و توڕه‌ی كردوه.
ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌بوو بوو لای هاوڵاتیه‌كی ئاسایی له یاده‌كانی تاوانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا دێته زه‌ینیه‌وه:”بۆچی به‌رپرسه‌كانی كورد به ئۆتۆمبێلی جام تاریك‌و به‌نادیاری ده‌چنه هۆڵی یاده‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفاله‌وه‌و ترسیان هه‌یه به ئاپۆره‌ی خه‌ڵكدا تێپه‌ڕن؟ بۆچی له ناو هۆڵه‌كه‌دا شوێنی به‌رپرسه پله‌یه‌كه‌كان له ئاپۆره‌ی به‌شداربوان جیاكراوه‌ته‌وه؟ بۆچی یاده‌كه زۆرتر له رووی ئه‌منیه‌وه بیری لێده‌كرێته‌وه‌و ژماره‌ی چه‌كبه‌ده‌سته‌كان زیاتره له ژماره‌ی به‌شداربوانی مه‌راسیمه‌كه؟ بۆچی هه‌موكات حكومه‌ت‌و حزبه‌كان مۆدیڵێكی چه‌كبه‌ده‌ست ده‌هێنن كه نه له هه‌ڵه‌بجه ده‌گه‌ن‌و نه له له‌هجه‌كانیشیان تێده‌گه‌ن؟ ئایا بۆ ئه‌وه نیه گه‌ر شتێك رویدا نه‌ترسن‌و خاترانه نه‌گرن‌و په‌لاماری هاوڵاتیان بده‌ن‌وه‌ك ئه‌وه‌ی 2006 كردیان؟”
به دڵنیاییه‌وه به‌رپرسانی كورد كاتێك به‌شداری بۆنه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌م دوو مۆدێل به‌رپرسه‌ن، یان دوژمنن به هاوڵاتیانیان، یان دۆستێكی خراپ‌و توڕه‌كه‌ر‌و په‌نده‌رن، له هه‌ردوو حاڵ‌دا جگه له به‌خۆداچونه‌وه و داننا به هه‌ڵه‌كانیاندا هیچ رێیه‌كی دیكه‌یان نیه.
وه‌ڵامه‌كه‌ش نابێت هه‌ر ئه‌مه بێت: ئاخر ره‌نگه پێڵاویان تێبگرن، كێ نالێت ته‌قینه‌وه‌یه‌ك رونادات، كێ ده‌ڵێت نابێته خۆپیشاندان، خۆ ره‌نگه ئاماده‌كاری كرابێت بۆ سوككردنی به‌رپرسه‌كان…تاد.
ئه‌م ترسانه هه‌موویان جێی خۆیه‌تی، به‌ڵام راستیه‌كه‌ی ئه‌مانه ئه‌نجامی دۆخه‌كه‌ن نه‌ك هۆكار، هه‌ر له‌م ئه‌نجامه‌وه ده‌بێت بگه‌ینه ئه‌وه‌ی بۆچی ئه‌و هه‌موو چه‌كبه‌ده‌سته؟ بۆچی جامڕه‌ش؟ بۆچی به‌رپرس جیا له خه‌ڵك؟ بۆچی ترس له هاوڵاتی؟ بۆچی ترس له قوربانی؟ بۆچی خه‌ڵك توڕه‌یه پێڵاو ده‌هاوێت؟
هه‌روایه ده‌بێت بترسن كاتێك له ساڵی 1998ه‌وه پێیانده‌ڵێن “له په‌رله‌مانه‌وه به بڕیارێك ده‌رچووه هه‌ڵه‌بجه ده‌بێته پارێزگا”و وا 15 ساڵه جێبه‌جێنه‌كراوه، ده‌تانه‌وێ گوڵباران بكرێن؟ له كاتی هه‌ڵمه‌تی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵبژاردندا به خه‌ڵك ده‌ڵێن ده‌نگ بده‌ن تا هه‌ڵه‌بجه بكرێته پارێزگا! ده‌تانه‌وێت به ئاسایی سه‌ردانی “رۆحه برینداره‌كان به به‌ڵێنی بێكردار” پێشوازیت لێبكه‌ن. لایه‌نگرانتان ده‌یانوت: ئه‌مجاره‌یان راسته چونكه سه‌رۆك واناسراوه دره‌نگ به‌ڵێنده‌دات به‌ڵام كه دای جێبه‌جێی ده‌كات، دای به‌ڵام جێبه‌جێی نه‌كرد!
هه‌ردی مه‌هدی میكه