Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ترپەی دڵم لەسەر دڵڕەقی زەمەنا..

ترپەی دڵم لەسەر دڵڕەقی زەمەنا..

Closed
by March 11, 2009 چیرۆک

چیرۆک

 ترپەی دڵم لەسەر دڵڕەقی زەمەنا..
غەفور ساڵح عەبدوڵا

پێت وابوو کە لێت جیا ببمەوە ئیدی بیری تۆ نایەت بە سەرمدا
وەلێ چی بڵێم جگە ئەم کڵپەیە ئاگرێکی دیکە نیە لە گیانی مندا ..!!
-فروغ فروخزاد-

ئەوەی لەخەیاڵم نەبوو ئیمشەو روویدا، شتێک زۆر پەیوەندی گیانی بەگیانی، یان چارەنووسسازی بەمنەوە هەبوو، کە چەند ساڵێک بوو دەمەویست لە هەموو کون وقوژبنێکی بوونمدا بیسڕمەوە، بگرە نامەویست کەسیش ناوی بهێنێ، چونکە زۆر مەینەتیم بەدەستیەوە دیبوو، هۆکارەکەیشی ئەو خۆشەویستیە سەرنەکەوتوە بوو، کە نازانم چۆن ناوی خۆشەویستی بوو؟. پەیابوونەوەی لەم شەوە تۆف و سەختەدا بەدبەختیەکی دیکە بوو ، بڕوام نەدەهات کەس لەم شەوە سەختەدا ، با لەو پەڕی دنیاشەوە بێ منی بیرکەوێتەوە ! من دەمێکە خۆمم لەبیرکردوە، چۆن ئەوەی کە چووە سەر خەرمانی بەدبەختیەکانم ، منی بیرکەوتەوە؟ هەرچەندێ حەزناکەم زاراوەی کشاوەرزیش بەکاربهێنم، وەکو ئەوەی زۆر لە نوسەرەکان دەسبەرداری نابن و، بەکاردەهێنن وەکو شتی دانسقەو دەگمەن بۆ نموونە: شەغرە، گێرە ،جەواڵ، جەنجەر، رەشکە و، کەر لەکوێ کەووتوە و کونە لەکوێ دڕاوە !..تاد…ئەم کارەساتەی منیش پەیوەندە بەو کۆمەڵگا کشاوەرزیە دواکەوتووەوە ، ئەی ئەگەر دواکوتوویی نەبووایە ، چۆن( ن ) بریارێکی وەها جەرگبڕی دەداو ئیستایش باجەکەی دەدات؟!.. دەرەوە سەرمایەکی یەکجار سەخت بوو ، لە دوێنێوە بەفربارینەکە وەستابوو ، بەڵام وشکە سەرما ئەوەندەی دیکە ئاسنشی رەق دەکردو بەستبووی. لەژوورەکەم لەبەر سەرما خەوم لێ نەدەکەوت ، ژوورێکی رووتی گەورەی ئوتێلێک بوو، دەمێک بوو تەنیایی ببووە بەشم ،مەگەر لە من تەنیاتر (فروغ) بووبێت ، -هەمیشە تەنیام وتەنیایی ناوەکۆڵم دەکات-، بەقەد ئەوەی -فروغ-یش لەدوای مەرگی خۆم بەجێناهێلم ، کەچی –فروغ- 37 تومان و8 ریاڵ وپاکەتێک جگەرەی لێ بەجێما!. بەبیریشم نایەت کەسێکی دڵسۆزم هەبووبێت، یان خەمخۆریک، تەنها دایکێکم هەبوو ، وەکو دایکی (رامبۆ) ساڵانیکە جێمهێشتووە ، نە ئەو دەزانێ چیم بەسەرهاتووە ، یان نەدەمزانی ئەو چی بەسەرهاتووە! وەکو بایەقوش تەنیا بووم، بایەقوش دەتوانێ بە قیڕە قیڕ گوزارشت لەدەردی تەنیایەکەی خۆی بکات، من لەوەشدا کۆڵەوار بووم. هەرچەندێ ئێوارە لەگەڵ هاورێ هەمیشە مەستەکانم زۆرم خوارد بووە ، بە تایبەتی لەوەتەی ( ن ) ، بۆچەند ساڵێک دەچێ لەکوت وپڕێکدا شووی کردبوو ، بێ ئەوەی ئاگاداریشم کاتەوە لەو مەسەلە چارەنووسسازەی هەردووکمان!. قیروسیا قەیناکە شووی کرد ، بەڵام هەرنەبووایە شووی بەکەسێک کردبایە لەم وڵاتە بووایە، نەک بەهەندەرانیەک ، هەر هیچ نەبووایە جار بەجار لەگەڵ مێردە خەڵاتاوەکەی دەمبینی و، چاومان لەیەک دەبڕی و سوکناییەکمان دەهاتێ. چونکە بەراستی ئەو بڕوای بەهیچ جۆرە خیانەتێک نەبوو، نەخوازەڵا خیانەتکردن لە مێردەکەی، با هەرچەندێکیش منی خۆشبوێ ، تابڵێم بە مەیلی جارانەوە خیانەت لە مێردەکەی بکات و بێتەلام . هەر لەم چیرۆکەشدا رادەی خۆشەویستی وشەیدایی ئەوتان بۆ دەردەکەوێت . بەراستی نەمتوانی ئەم چیرۆکەی خۆم یان ئەم بەسەرهاتەی خۆم نەنووسمەوە، هەر خەریکی بابەتی جاد بم ، هەرچەندێ خۆشەویستییش بابەتێکی زۆر جادی مرۆڤە.. ئیدی دوای ئەو، تەنیاییەکەم هێندەی دیکە خەست بوەوە، ئەوەندەیدیکە غەرقی مەی و مەیخانە بووم ، بەراستی خەریکە وەکو (ئەدگار ئاڵان پوو)م لێدێت و، هەر ئەوەم ماوە لە کوچەو کۆڵانەکان لە مەستیدا بکەوم. لێتانی ناشارمەوە چەند ساڵێکە لەگەڵ ژنەکەم جیا بووینەتەوە و، ئەو بۆ خۆی شووی کرد. هەر خۆشەویستی (ن)یش بووە هۆی لەیەک جیابوونەوەمان ، بە دڵداری ژنەکەم نەهێنا بوو ، بگرە وەکو چاوبەستراوێک دەست بخاتە سەر شتێک ، ئاوها وەکو پیتاقە بۆم دەرچوو بوو ، کەچی پیتاقەیەکی خراپیش نەبوو، بەڵام خۆشەویستی( ن ) فریوی دام ، تا ژنەکەم پێ ی زانی و، شوولی لێ هەڵکێشا و ووتی یان من یان ( ن )؟ منیش هات بەدەمماو وتم ( ن) . نەشمزانی ئەو خۆشەویستیە دەبێتە خوومێک و دەچێت بە باڵای تەمەنما!. بەهەرحاڵ، ژوورەکەم سۆپاشی تیا نەبوو، تیای هەبوو بە ناو ، وەلێ لەبەر ئەوەی هیسی دەکرد، هەر چارەکە سەعاتێک دوای هەڵبوونی دەمکوژاندەوە، ناچار بووم هەر زوو خۆم دەکرد بە ژێر لێفەو پەتانیەکانەوە. گەرچی زۆریش دەترسام وەکو (سادق هیدایەت) دوای ئەوەی لاشەکەم لەژوورەکە بۆگەن دەکات ئەوجا بزانن مردووم بمدۆزنەوە. ژوورەکە پەنجەرەێکی گەورەی تیا بوو، ئەوەندەی دیکە یارمەتیدەر بوو تا سەرما لە ژوورەکە چڕبێتەوە. تاکە چاکەی سەرماکە ئەوەبوو مۆرانەو مێرولەی کردبووە کونەوەو لە خواردن و بەرماوەی خواردنەکانم دووری خستبوونەوە. ئەو شەوە لەبەر سەرما نەمتوانی لە ژێر بەتانیەکانیش بێمەدەرەوەو خواردن بخۆم ، باشترین خواردنم فەلافل و نۆکاوی ساردەوە بوو، یان هێلکەی کوڵاو بوو. زۆریش لاواز ببووم و ئیشتەهای خواردنم نەما بوو ، بەیانیانیش زۆر بەزەحمەت راست دەبوومەوە و دەچووم بۆ فەرمانگاکەم ، لەوێش لە سەروچاوی ژن و کچە فەرمانبەر و پیاوە فەرمانبەرە نەعلەتی و حەسوودەکاندا دەیان بەزەییم دەخوێندەوە ، دەیانزانی(ن) غەدرێکی گەورەی لێکردبووم، هەستیان دەکرد مەرگم نزیکە ، هەندێجار یەک دوو لە کچەکان دەهاتنە لام ودەیانووت: – کاک ئومێد هەندێ خواردنەوە کەمکەرەوە ، ئەوەی تۆ خواردنەوە نیە بگرە خۆکوشتنە. – ئافرەت کەی ئەوەیە تۆ جوانی خۆت بخەیتەسەری .. ئاوڕ بدەرەوە دەیان کچی جوان ئامادەن شووت پێ بکەن. دەمێک بوو ئەم قسانەم لەپێ کردبوو، چونکە هەرگیز بڕوام بە چیرۆکی ئەفسانەی وەکو رۆمیوو ژوولێت و شیرین و فەرهاد و مەجنون لەیلاش نەبووە، بگرە هەمووی وەکو ئەم چیرۆکەی بەردستتان وایە. ئەقڵی مرۆڤی دەستبەتاڵ و لێقەوماو خوڵقاندوونی، مرۆڤ تائیستا لە هەزارەی سیێەمدا دەیەوێ لەئەفسانەکانی ئەسخیلۆس و هۆمیرۆس دا بژێت!.. من بۆ ( ن ) خەمبار نەبووم ، بگرە بۆ ئەوە خەمباربووم، کە خۆشەویستترین مرۆڤ لەم سەر زەمینەدا لە پشتەوە چەقۆی ژەهراوی لێدام و بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت! من ئیستا نازانم ئەو کردەوە نامرۆڤانە کوت و پڕیەی بۆچی بوو ؟ چی هانیدا ئەو غەدرە گەورەیە لەخۆی و منیش بکات؟. لەوانەیە لەدرێژەی ئەم چیرۆکەشدا بۆتان ساغ نەبێتەوە! وەکو ووتم دەمێک بوو هەندێ وورەم هاتبوەوە ، بەوەی گوایە خۆشەویستی (ن ) مۆتەکەیەک بوو رەویەوە و دووبارە نابێتەوە. ئەویش لەو هەندەرانە لەخەویشدا منی بەخەیاڵدا نایەت. کەچی هەموو بۆچوون و غایڵەکان ئەم شەو لنگەو قوچ بوونەوە، قوڕبەسەر خۆت خەمەت کەم بوو، ئەم شەو ئەوەندەی تری خەستکردەوە، ئەی خۆم نەمدەووت گۆم تا قووڵ بێت مەلەی خۆشە! دەی بزانم لەم بەحری غەمە چۆن مەلە دەکەیت؟. ئەو برادەرانەی کە( ن )یان دەناسی هەرکە بەسەردان دەهاتنەوە بۆ نیشتیمان، دەترسام چاوم پێیان بکەوێ ، نەوەک هەواڵی ئەوم بدەنێ و برینەکان تازە بکەونەوە..بەڵام هیچ چارێکت نیە خەمی ئەو قەدەری تۆیە ئاخر شەڕ! خەریک بوو چاوم دەچووە خەو یان ناچووە خەو ، هەندێ جار لە نێو تاریکیکەدا تارمایی باوکم دەهاتەپێش چاوم، دەمبینی تەماشای دەکردم و فرمێسک بە روومەتە قوپاوەکەیدا بۆ بەدبەختیەکەم دەهاتە خوارەوە. گوێم لەزرمەی دەرگا بوو، گوێم لێ بوو شاگردی ئوتێلەکە بوو، دەیووت(مامۆستا ئومێد ،مامۆستا ئومێد) .هەرچۆنێک بوو بەدەم لەرزەوە خۆم لەژێر نوێنەکە دەرهێناو، بەلەپەکوتێ بەرەو دەرگاکە رۆیشتم و کردمەوە، شاگردەکە لەبەر ئەوەی کارەبا نەبوو لایتێکی بەدەستەوە بوو ، رووناکیەکەی بەشەرمێکەوە ئاراستەی من کرد و وتی: – مامۆستا ئومێد داوای لێبوردن دەکەم ،کاتیش درەنگە و نووستبووی، ئێوارە کەسێک ئەم زەرفەی هێنا، بە ناونیشانی ئوتێلەکەی ئێمە هاتووە ، ئەوەی هێنای دەیووت فاکسێکی پەلەیە بۆ جەنابت ، داوای لێبوردن دەکەم من دوام خست وابزانم ئەو ناونیشانەی بۆی هاتووە ئەوانیش دوایان خستووە..ئیدی لەشەرما بەبێ خواحافیزیش لیێداو رۆیشت و، منیش دەرگاکەم داخست. ئیدی تاگەیشتمە سەرنوێنەکەم بەو تاریکیە یەک دووجار لەبەر نیگەرانی پێم لەهەوا هەڵدەکەوت و، هەر بەبۆشایی خۆم دەگرتەوە. بەراستی من لە هیچ کوێ نە برادەری زۆر دڵسۆزم هەیە و، نەکەسی خەمخۆر ئاوها لەو هەندەرانە منی لەم ئوتێلە گومناوە دۆزیبێتەوەو بەسەرم بکاتەوە، هەر خێرا بە لەپەکوتێ چرا لالەکەم دۆزیەوەو چەرخەکەم لەژێر سەرینەکە دەرهێناو هەڵمکرد، بەراستی خەریک بوو زەرفەکە پشت گوێ بخەم ، وەلێ شتێک لە ناوەوە رایدەوەشاندم و ، هانی دەدام زەرفەکە بکەمەوە. بەترسێک وخەمساردیشەوە فاکسی ناو زەرفەکەم دەرهێنا ، پێنج لاپەڕەو نیوی نووسین بوو، هەرکە دەست خەتەکەم بینی سەرەگێژەم پێکەوت و ووتم دڵم دەوەستێ. هەرچۆنێک بوو وورەم دایە بەرخۆم و ، درۆیش دەکەم بڵێم ئەگەر بەدیتنی دەسخەتەکەی نەگەشامەوە، بێ ئەوەی بچمە ناو مەبەستی نامەکەوە ، ووتم دیارە هەستی بەئازاری ویژدان کردوە و لەمێردەکەی جیابووەتەوە بەتەمای گەڕانەوەیە بۆ نیشتیمان!. ئیدی ئەو شەوە خەوو سەرمام لەبیرچوەوە.دەستم کرد بەداگیرساندنی جگەرەی یەک لەدوای یەک. دەست خەتی جوان نەبوو وەکو خۆی ، دەسوخەتەکەی پێچەوانەی خۆی بوو، یەکەم ووشەی نامەکە ئاوها دەستی پێکرد 🙁 خۆشەویستە غەدرلێکراوەکەم…)! تاس بردمیەوە و هەندێ تارمایی لەبەر رووناکی چراکە هاتنە بەر چاوم ، دوای بۆم دەرکەوت کە سەرگورشتە لێڵەکەی خۆم بوو ، لەناوەاراستەوە هەندێ رووناک بوەوە، بۆم دەرکەوت وێنەکەی( ن ) بوو. چۆن دانپیانانێکە دوای شەش ساڵ بەدەم ئەو غەدرەوە دەتڵێمەوە،ئیستا بەئاگاهاتووەتەوە؟! (( من ئیستا وەزعم زۆر لەتۆ شڕترە، لەم دواییە برادرێکتم بینی و هەواڵی تۆم پرسی، زانیم هێشتا لەو شارە ماوی ولەو ئوتێلێەش ماوی کە چەند جارێک دەهاتم بۆلات . ئیدی نەمتوانی بێدەنگ بم هەموو شتێکت بۆ نەگێڕمەوە، گەرچی لەم نامە کورتەدا ناکرێت! ئەگەر بمبینی نامناسیتەوە، نازانم ئەو بڕیارە سەخیفە چی بوو منی خستە ئەم هەڵدێرەوە، لەوەتەی چووم بۆ هەندەران، هەر ساڵێک لای میردە سەگبابەکەم مامەوە،دوای ئەوی سکم پڕ بوو کوڕێکم بوو، ناوی تۆم لێناو چووم لەلای خێزانێکی کوردی کەرکوکی داڵدیان دام ، بەراستی لێت ناشارمەوە مێردەکەم بۆم دەرکەوت منی هێنا بۆ هەندەران بۆ ئەوەی کاسبیم پێوە بکات، کەهات بۆ داخوازیم لەوێ زۆر رێک وپێک بوو ، زمانی شیرین بوو. دیار بوو کە من تۆ لەشتێکدا جیاواز بووین ، ئەویش مەسەلەی قەدەریەت بوو، کە زۆر شانۆی کۆنی گریک بڕوای پێ هەبوو ، بۆ نموونە شانۆی ئۆدیبی سۆفۆکڵیس ، من دیار بوو ئەو قەدەریەتە هەڵیخەڵەتاندم و لەخشتەی بردم ، تا ئەو غەدرە گەورەیە لەخۆم وتۆ بکەم. تۆ کەسێکی هەمیشە سەر سەخت بۆی ، کەی بروات بەوشتە قۆڕانە هەبووەو، جرتت بۆیان کێشاوە! ئەوەی منی بەم ژیانی وغوربەتەوە گرێدابوو: دوو(ئومێد) بوو ، تۆ و کوڕەکەم ، لەدووری تۆدا بۆنم دەنا بە(ئومێد) ی کوڕمەوە و، ئەوم لەئامێز دەگرت وتۆم بیردەکەوتەوە، ئەم ساڵانە پڕ نەهامەتیە تەنها خەونم هەبوو ، تەنها خەونە کە تەمەنی مرۆڤی بێ ئومێد ولێقەوماو درێژدەکات ، زۆرجار بیرم دەکردەوە بڕیاری یەکجارەکی بدەم و بگەرێمەوە بۆ نیشتیمان، بەڵام شەرمەزار بووم بەرامبەر بە خۆشەویسترین کەس لەم سەر زەویە، بۆیە دیسان خۆم دایە دەستی قەدەر و چاوەرێ بووم.. ( جەمیلە) لە چیرۆکەکەی -جەنگیز ئیتماتۆف-دا ، چەند ژنێکی ئازاو بەجەرگ بوو ، هەرکە مێردەکەی پشت گوێ ی خستبوو، کەوتە دوای ئەو سەبازە هەڵاتووەی کە لە کێڵگەکەیان ببووە کریکار وبەدڵ خۆشیویست و رۆیشت لەگەڵیداو،رزگاری بوو لەو مێردە دواکەوتووە کەمنموودەی، چەند زۆر لە جۆری ئەم چیرۆکە جەرگبڕانە ، وەکو چیرۆکی فلیمی(The bridges of (madeson country. نیوان کابرایەکی بە ساڵاچووی رەبەنی وێنەگر و ژنێکی خاوەن مێردو مناڵی پشت گوێخراو.کە هەموو جارێک دەیبینم ، ناتوانم پرَ بە دڵ نەگریم. یان دڵیشم نەدەهات (ئومێد) لەوماڵە بەجێبهیلم و سەری خۆم هەڵگرم وبڕۆم ، یان خۆم تووڕدەمە دەریاوە، یان وەکو (فروغ) شووشەیەک حەبی گاردیناڵ بخۆم و رزگارم بێت، گەرچی فروغ نەمردو بۆ قوڕبەسەریەکانی ژیان مایەوە.. ئەوەی مێردە خوێڕیەکەم بوو ، بەیەکجاری رزگارم بوو لێی و پار بووە ژێر ئۆتۆمبیلەوە و، یەک دوویەک لەکەس وکارەکەی هاتن بۆ ئێرەو قەرەبوویەکی باشی مردنەکەیان وەرگرت و رۆیشتنەوە..منیش لەنیشتیمان لەبرایەکی هەمیشە سەرخۆش وبێ مەسرەف وخوشکێکی بێوەژن کەسی دیکەم نەماوە و ، واتا (ئومێد)یش کۆپیەکی دەقاودەقی تۆیە!(ئومێد )، ئیستا تەمەنی پێنج ساڵە. خۆم لەکارگەیەک دامەزراوم بەو ئیشە ویارمەتی بژی ومەمر ژیان دەبەینە سەر. بەبیرت دێ جارێکیان ئەو چیرۆکەی –چیخۆف-ت دامێ (خانمە خاوەن سەگەکە)؟ چەند من و(ئانا سیرگیڤنا) بە یەک دەچین ؟ هیچ نەبێ ئەو سگەکەی هاورێی خەمی بوو، هەرکە دێمەوە ۆ ماڵ ئومێد وەکو باوکە لەوەلاتر رۆیشتووەکەی ، ئەوندەی کە بێزارم دەکات ، ووڕکاویە، دەمێک بوو دەمویست نامەت بۆ بنووسم و دڵی خۆمت بۆ بکەمەوە، بەڵام هێندە شەرمەزارم لە ئاستی تۆ جورئەتم نەدەکرد ، هەست دەکەم چەند بەرامبەر خودی خۆشم کەرامەت رووشاوم!.مێردەکەم دوای چەند مانگێک کەوتە گومانەوە کە لە نیشتیمان رابردوویەکم هەبووە و بەجێمهێشتووە، بەتایبەت دوای لەدایکبوونی ئومێد گومانەکەی زیادی کردو، دەیپرسی بۆ ناوم نا –ئومێد- ! چونکە زۆرجار داوای دەکرد بەناوی باوکی ئەوەوە ناوی بنێم، یان ناوی کەسێکی خۆی یان کەسێکی دیکە، ئیتر باش بوو دوای ئەوە جیابووینەوە)) .. وام لێهات خەریک بوو بڕوا بە قەدەریەت بهێنم ! زۆر دەترسام بچمەوە سەر نامەکەی ، چونکە چاوەرێ ی خراپترم دەکرد، منیش بەرگەی لەوە زیاتر ناگرم ، ئەمجارە لەرزێکی زۆر دایگرتم ، دەترسام رۆژ نەبێتەوە ، هەر شەو بێت! ئەم شەو ئەم سەرمایە بمکوژێت، دەمێک بوو بەهۆی ئەم لەبیرچوونەوەیەش زۆر شت ببوونە قوربانی ئەو لەبیرچونەوەیە و، زۆر شتی گرنکی ژیانم لەبیرچوو بوەوە، کە بەلامەوە زۆر گرنگ بوون، ناو وشوێن وئەوی پەیوەست بوو بەچارەنووسمەوە. بەو سەرمایە نازانم پەروانەیەک لەکۆێوە هات ونووسا بە چراکەوە؟ یان خەیاڵی ئەو بوو لەترسی تاریکی بە دەووری بلووری چراکەوە دەخولایەوە! سێ پیت لە پیتەکانی وشەی (پەروانە) سێ پیتی ناوەکەی ئەویشن. ئەو گیاندارە بەستزمانە چ چارەنووسێک هانی دابوو بەم شەوە سەخت ولەم ژوورە ساردەدا ببێتە هاوریێ تەنیاییم، باش بوو تەنیایەکەم هەندێ سووک بوو ، توانیم لەخوێندنەوەی نامەکەی( ن) بەردەوام بم: (( نازانم باسی چی بکەم لەسەر ئەم لاپەڕە کەڕولاڵانەدا، چۆن لە ئەم دەریای غەمی منە دەگەن ، ئای چەند دەترسم ئەم نامەیە رێگا وێڵ بکات و، هەرگیز نەگاتە تۆو نەشگاتە هێچ کوێ. چونکە ئەگەر بە تۆیش نەگات با کەسێکی تر بیخوێنێتەوە و، بزانێ ئەم دنیایە چەند لەو خەڵکە بەدبەختە پڕە کە دنیای خۆیان نیە!.-هێلین- لە تەڕوادە چەند بەجورئەت بوو ، مێردە خوێڕیەکەی بەجێهێشت وکەوتە دوای-پاریس-ی خۆشەویستی . کەچی من پێچەوانەی ئەو بووم، خۆشەویستەکەم بەجێهێشت وکەوتمە دوای کەسێکی بوودەڵەو نەدیو نەشارەزا !. دەزانی زیاتر چی هانیدام ئەم ملهوڕیە بکەم؟ بەڵێ زۆر دەترسام تۆ ببیت بە "راسکۆلینکۆف" ومنیش ببمە "سۆنیا"، من داخوازیم زۆر بوو، تۆیش فەرمانبەرێکی تازە ودستکورت وپەناهەندەی ژووری ئوتێلێکی هەرزان بووی. یان بیرم لەوە دەکردەوە وەکو"فرمیناداسا"و"خۆفیناڵ ئۆربینۆ"مان لێبێت و ئەوجا بۆ یەک ببین. بەهەرحاڵ، ئیستا تەنیا ئاواتم ئەوەیە کوڕەکەم گەورەکەم و بۆئەو دەژیم وهیچی تر.تازە دەست لە من بشۆرە ، دەزانی هەموو جارێ ئەو وێنەیە دەردێنم و بەدیاریەوە تێر دەگریم ، ئەو وێنە هەتیووەی کە پێکەوە لە چێشتخانەیەکی شار پێکەوە دانیشتبووین وگرتمان، تۆ لەلای چەپەوە خەمبارو دوور هەڵدەروانی و،منیش لەلای راستەوە بە بزەیەکی دڵخۆشیەوە تەماشات دەکەم، نازانم و لەبیرم نەماوە ئەوسا تۆ بۆ وادوور رۆیشتبووی و، منیش دڵم بەو تێڕامانە هەمیشە خەمبارەت خۆش بوو؟! هەموو جارێکیش شیعری ئەو گۆرانیەی "داریوش" دەڵێمەوە ، کە تۆ لە سەر کارتۆنێک نووسیبووت وبەدیواری ژوورەکەتەوە لەو ئوتێلە هەڵتواسی بوو: " خۆزگە هۆشیاریی بەنەسیبم نەبووایە چونکە هۆشیاریی خەمێکی گەورەیە" بۆیە لێت دەترسام ، لەو هۆشیاریەت دەترسام کە لە پێناویدا هەموو شتێک بخەیتە ژێر پێتەوە، بە منیشەوە)).. نەمتوانی ئەمشەو خوێندنەوەی نامەکەی تەواوکەم، سەرمام بوو، چاوم سوورهەڵگەرابوو، پەروانەکەش کە لەمەوبەر لەدەوری چراکە دەخوولایەوە، بەقەد بلوری لالاکەوە وووشک ببوو، گیانی دەرچووبوو. دڵم نەهات بە مردوویش لە بلورەکەی بکەمەوە، با تاهێزی مابێ بەمردوویش لەگەڵ رووناکی چراکەدا بێت. هەر لەبەر ئەوەش بوو چراکەم نەکوژاندبوەوەو ، خەوم لێکەوتبوو .بۆ بەیانی لەخەو هەڵسام ، بگرە لەدەنگی زرمەی دەرگای ژوورەکەم بەئاگاهاتمەوە، سەعات (10)ی بەیانی بوو، دەرگام کردەوە هەمان شاگردی ئوتێلەکە بوو، وتی (مامۆستا ئومێد ، ئەم زەرفەش ئەم بەیانیە هاتووە). نازانم بۆ لە خۆمەوە دڵم داخورپا! بەخاویەکەوە زەرفەکەم کردەوە ، بە بێتاقەتیەکی ئێجگارەوە کردمەوە، هەرکە کردمەوە تەنها وێنەیەکی تیا بوو، ئەو وێنەیەی کە لەنامەکەیدا باسی کردبوو ، وێنەی من و( ن) خۆی بوو، لەیەک دوو جێگاوە بە ئاگری جگەرە سووتا بوو ، بۆیە یەکسەر هەر بەتەنیشت شیعرەکەی "داریوش"ەوە چەسپم کردو، خۆم گۆری و دەرچوومە دەرەوە..کزەیەکی سارد تەزیوو هەڵیکردبوو، بەهەزار حاڵ خۆم گەیاندە فەرمانگەکەم..دەشێ دوای ماوەیەکی دیکە کەسێک ، یان هەواڵێکم بۆ بێت ، کە لەژوورەکەیدا بەگاز مردووە ، یان کەوتووەتە دوای کابرایەکی وەکو ئەوەی "جەمیلە"ی ئیتماتۆف و رۆیشتووە، یان خۆی فرێداوەتە دەریاوە ، یان شووشەیەک حەبی گاردیناڵی خواردوە و کەس فریای نەکەوتووە مردوەو، کوڕەکەیشی دامەزراوێکی منداڵ بەخێوکردن دەیگرێتەخۆی…. نازانم چۆن بوو ئەم ووتەیەی "جوبران خەلیل جوبران"م بیرکەوتەوە کە دەڵێ: (دوای مردنم کەسێکی دیکە دێت بەردێکی نوێ زیاد دەکات، بەم شێوەیە نەوەیەکی زۆر دێن ودەژین و دەمرن، لە هەموو نەوەیەکدا برایەکی من دێت بەردێک دەتاشێ ولە شوێنێک دایدەنێ و بەو شێوەیە ، تا پەرستگا درووست بکات و ئەوانەی لە بەرزایین بیکەنە داڵدەی خۆیان".. فەبریوەری 2009 سلێمانی ..

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.