توخوا له‌گه‌ڵ خۆتان بمبه‌ن بۆ كۆبوونه‌وه‌كان
كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵات.. كۆبوونه‌وه‌ی ئۆپۆزسیون و ئۆپۆزسیۆن.. كۆبوونه‌وه‌ی ئۆپۆزسیون و ده‌سه‌ڵات.. كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیون.. كۆبوونه‌وه‌ی دووقۆڵی و سێ قۆڵی.. كۆبوونه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه.. كۆبوونه‌وه بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تر ..
ئه‌مه دۆخی سیاسی ئێستای هه‌رێمی كوردستانه و ئه‌مه سه‌ردێڕی گرنگترین هه‌واڵی كه‌ناڵه حیزبی و ته‌نانه‌ت سه‌ربه‌خۆكانیشه له‌هه‌رێمی كوردستان , كه‌چی خه‌ڵكی كوردستانیش ڕۆژ به‌ڕۆژ له چاوه‌ڕوانی ئه‌م گه‌مه سیاسیانه‌دا ژیانیان قورس‌تر و گرانتر ده‌بێ.. بۆیه زۆر حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌م جاره له‌گه‌ڵ به‌رپرسه كورده‌كانمدا بڕۆم و له‌سه‌ر مێزه‌كانی ئه‌وان دابنیشم حه‌زده‌كه‌م وه‌ك ئه‌وان ئه‌و قسانه بكه‌م كه پێشتر بیستوومه حه‌زده‌كه‌م خه‌ڵكی كوردستان بمبینن كه له‌گه‌ڵ هه‌موو حیزبه‌كاندا داده‌نیشم و هیچ سودێكیشی نیه, حه‌زده‌كه‌م ئه‌و مناقه‌شانه بكه‌م كه سه‌ركرده‌كانم له سه‌ری ڕێناكه‌ون منیش له‌گه‌ڵ هیچ بۆچونێكی ئه‌وان ڕێناكه‌وم..
توخوا ئه‌م جاره له‌گه‌ڵ خۆتان بمبه‌ن.. من نه‌ده‌سه‌ڵاتم و نه‌ئۆپۆزسیون , به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات وه‌ك ده‌سه‌ڵات قسه ده‌كه‌م و له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیونیش داكۆكی له‌مافی ئه‌وان ده‌كه‌م بۆیه زۆر حه‌زده‌كه‌م بێم له‌گه‌ڵتان..
حه‌زده‌كه‌م بیم بۆ كۆبوونه‌وه‌كان , حه‌زده‌كه‌م بێم ئاو و بی‌بی‌سی ومیوه‌ی سه‌ر مێزه‌كانتان بخۆم حه‌زده‌كه‌م بێم تاوه‌ك ڕۆژنامه‌نوسانی ئه‌م وڵاته به‌خۆمه‌وه مه‌شغوڵ بكه‌م و وایان لێبكه‌م چه‌ندین كاتژمێر چاوه‌ڕوانم بكه‌ن..
حه‌زده‌كه‌م بێم بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌كه‌م بچێته سه‌ر ڕووپه‌ڕی یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌كان و سه‌ره‌تای یه‌كه‌م هه‌واڵی كه‌ناڵه‌كان.. كه كۆبوونه‌وه‌كه ته‌واو بوو حه‌زده‌كه‌م زومی كامێرا‌كان وێنه‌م بگرن , مایكی كه‌ناڵه‌كان ڕووم تێبكه‌ن..
به‌ڵام وه‌ك ئێوه قسه‌ناكه‌م قسه‌ی من جیاوازه له‌قسه‌ی سه‌ركرده‌كانی وڵاته‌كه‌م , كه‌هاتمه ده‌ره‌وه هه‌موو ڕاستیه‌كان وه‌ك خۆی باس ده‌كه‌م باسی ده‌كه‌م كه نه‌شهاتینایه‌و كۆش نه‌بوینایه‌ته‌وه هه‌ر وه‌ك ئێستا بوو , باسی ده‌كه‌م كه نه‌ئۆپۆزسیون به‌مه‌رجه‌كانی ده‌سه‌ڵات ڕازی ده‌بێت و نه‌ده‌سه‌ڵات توانی قبوڵكردنی داواكاریه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی هه‌یه.
باسی ده‌كه‌م كه‌پێش كۆبوونه‌وه‌كه و دوای كۆبوونه‌كه‌ش هیچ له بارودۆخی گه‌نجان و هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌م ناگۆڕیت..
به‌شی هه‌موو كه‌ناڵه‌كان قسه ده‌كه‌م قسه‌ی زۆر ده‌كه‌م , ئه‌وه‌ی كه به‌ئێوه ده‌وترێت مه‌یڵێن من ده‌یڵێم ..
بۆیه تكایه له‌گه‌ڵ خۆتان بمبه‌ن
حه‌زه‌كه‌م بێم بۆ ئه‌وه‌ی بزانم تازه‌ترین قسه‌ی سه‌ركرده‌كانی وڵاته‌كه‌م چیه بزانم ئه‌وانیش وه‌ك هاوڕێكانم له فه‌یسبوك به (ئه‌حۆله)وه مه‌شغوڵن..
كه هاتم جل وه‌ك ئێوه له‌به‌رده‌كه‌م قه‌ته‌كه‌م به‌هه‌زاران دۆلار ده‌كڕم گۆره‌ویه ئیتالیه‌كان له‌پێ ده‌كه‌م قه‌میسه پرته‌قاڵیه‌كه‌م له‌به‌رده‌كه‌م , دێم وا دێم فه‌رقم نه‌بێت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وڵاته‌كه‌م..
ئه‌و ڕۆژه‌ی كه دێم , ڕۆژی پێش ئه‌وه نه‌وت وه‌رناگرم به‌رمیل به‌پاڵ له گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی ئه‌ودیوی خۆمان ناهێنمه‌وه ئه‌و ڕۆژه سه‌یاره‌كه‌م به پاڵ ناخه‌مه ئیش , شه‌و له سه‌ره‌و خواركه ڕای ناگرم به‌ئۆتۆمبیلی وه‌ك ئۆتۆمبیله‌كانی ئێوه‌دێم.. كه‌هاتم مۆبایله‌كه‌م پڕده‌كه‌م له كارت ته‌نانه‌ت 300 دیناره قه‌رزه‌كه‌ی ئاسیایش ده‌ده‌مه‌وه ئه‌وه‌ی كه كارتم پێنه‌بوو لێم وه‌رگرت .. هاتم به سپۆرتی دێم به ئاوی گه‌رم ڕیشم ده‌تاشم به یانیه‌كه‌ی قه‌یماغ ده‌خۆم..
به‌ڵام بمبورن ئه‌گه‌ر كه‌مێك دواكه‌وتم من له ده‌ربه‌ندیخانه‌وه دێم به‌و ڕێگایه‌دا دێم كه چه‌ند ساڵه ئێوه بۆتان چاك ناكرێ.. به‌وتونێله‌دا دێم كه‌تا به‌نێویدا تێپه‌ڕ ده‌بیت ڕه‌نگت زه‌رد ده‌بێته‌وه.. دێم به‌ته‌نیشت ئه‌و تانكه‌ره سوته‌مه‌نیانه‌دا دێم كه خۆتان نه‌بێ كه‌س نازانی هی كامتانه بۆ كوێ ده‌چێ.. من و له‌و شاره‌وه دێم كه له ته‌نیشت به‌حرێكدایه‌و ئاوی نیه بیخواته‌وه.. دێم له‌وێشه‌وه ده‌چم بۆ دوكتۆر چونكه شاره‌كه‌ی من دكتۆه‌كانی ده‌ڵێی چاوشاركێت له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن ئه‌وه‌نده به‌زه‌حمه‌ت ده‌یان بینیت.. دێم به‌وه‌ره‌قه‌ی كاره‌بای ئه‌م مانگه‌وه دێم تاوه‌ك پێتان بڵێم هه‌رچه‌نده سبلیتیشم نیه چه‌ند كاره‌بام بۆ هاتۆته‌وه.. دێم و داواكاری هه‌زاران فه‌رمانبه‌رتان بۆ دێنم كه بستێك زه‌وی نیه تێیدا نیشته‌جێ بن.. به‌بۆڵه‌بۆڵی كرێنشینه‌كانه‌وه دێم.. دیم داواكاری ئه‌و گه‌نجانه‌تان بۆ دێنم كه ته‌مه‌نی گه‌نجێتیان له خوێندندا به‌سه‌ر برد و دانامه‌زرێن.. هه‌موو ئه‌و پیره‌ژنانه‌تان بۆ دێنم كه‌مانگی 37 هه‌زار دیناریان هه‌یه , هه‌موویان دێنم خۆتان 3000 ئابوونه‌كه‌شیان لێ بسێنن..
كه‌هاتم به‌پێكه‌نینه‌وه ته‌وقه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م توند ده‌سته‌كانتان ده‌گوشم وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆر بیرتان بكه‌م واناكه‌م كه هه‌ست به‌شه‌رمه‌زاری بكه‌ن بۆیه تكایه له‌گه‌ڵ خۆتان بمبه‌ن چونكه من ته‌نها یه‌كجار ده‌مه‌وێ بێم بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وانه دوای ئه‌وه ئیتر بۆ خۆتانی به‌جێ دێڵم..
بابان ئه‌نوه‌ر – ده‌ربه‌ندیخان
Baban.anwar@gmail.com