Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
توعمى سوحوفى …. نەوزاد بەندى

توعمى سوحوفى …. نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

پێش هەمو شتێک ئەو تایتڵە عەرەبیە بێزارتان نەکات چونکە براگەورەکانمان هەتا دوو وشە کوردی بەکاردێنن، چەندەها ڕستەى عەرەبى وەکو کاڵاى تەنزیلات بە خێرایى خەرج ئەکەن ..ئەوەندەیشیان لێ جوانە نەبێتەوە ..هەروەها وەکو زمانزانەکان بە زارى فەرەنسى یێژن : زمانى بولبولان ..بە عەرەبیش وتراوە : زمانى ڕەوانبێژى .. تومەز براگەورەکانیش زانیویانە بە چەند وشەیەکى عەرەبی ، چەندەها ڕستەى کوردى تەعبیر و تەفسیر و تەقدیم ئەکرێ ، هەر بۆیە ئیقتیباسى ئەو زاراوانەیان بە تاک و کۆ کردووە ..شیعرەکانى مەحوى( بۆ نمونە) ، یەکپارچە وشە و زاراوەى عەرەبین ، لە کاتێکدا ئەو لە سەرەوەى مەجلیسى ئەدەبیاتدا ، بۆ خۆى پاڵى لێداوەتەوە ،  ئایا ئەمە لێهاتن نەبێ ، ئەدى چییە ؟( ئەى خوایە گیان ! ئەوە بابەتێکى تر لە مێشکمدا بروسکەى دا : لێهاتوویى و لێهاتن !! )

بە هەر حاڵ ، توعمى سوحوفى دوور و نزیک پەیوەندى بەو پەرەگرافەى سەرەوە نییە ، بەڵکو مەبەست لە چەشەى ڕۆژنامەگەرییە ، کە ڕەنگە بە زمانى کوردى هیچ مانایەکى سەر و مڕ نەدات بەدەستەوە ، یان ڕاستتر چەند فرسەخێک لە نیشانەکە دوورمان ئەخاتەوە ..

هەر بۆیە ناچارین بکەوینە ووردکردنەوەى بابەتەکە ..

هەموومان ئەگەر بۆ خۆشیش بوبێ لە ژیانماندا جارێک یان زیاتر هەوڵى ماسى گرتنمان داوە ، پارچە خواردنێک بە نوکى قولاپێکەوە هەڵئەواسیت و ..قولاپ بە دەزوویەکەوە پەیوەست ئەکەیت و .. هەڵى ئەدەیتە ناو ڕووبارەکەوە ..ئەم حاڵەتە وەکو ڕاستى و خەیاڵ .. واقیع و خەون ..ژیان و مردن وایە .. چونکە هەتاکو ئەو خاڵى دەزووەى کە بە ئاوەکەوە نوساوە ، ڕاستیە ، بەڵام پاشان وەکو وەهمێکى لێ دێ ، نازانیت لە ناو ڕووبارەکە چى ئەگوزەرێ و .. چ دەسکەوتێک چاوەڕوانت ئەکات ..ساندیاگۆى هێمنگواى ، دۆلفینێکى زەلامى بەو قولاپە بچکۆلانەیە ڕاو کرد .. پاڵەوانەکەى جۆن شتاینبکیش گەورەترین مروارى لە ناخى دەریادا دۆزیەوە ، بەڵام هیچیان بەختەوەر نەبوون ، ئەوەى هێمنگواى ، تەنها پەیکەرێکى ئێسکى گەیاندە کەنار .. بەڵام ئەوەى شتاینبک ، سەر و ماڵ و مناڵى لەلایەن دز و درۆزنەکانەوە بە مەبەستى دەستگرتن بەسەر مرواریەکەیدا، کوژران، بۆیە دواجار مرواریەکەى فڕێدایەوە ناو دەریا 

…( شایانى وتنە جۆن شتاینبک جیا لە نوسەرەکانى خۆمان، خۆى دانى بەوەدا نا کە هەر کاتێک ڕۆمانێکى هێمنگواى ئەخوێنێتەوە ، ئیلهامى ڕۆمانێکى بۆ دێت ، بە جۆرێک ئەڵێ: زۆر ئەترسم لە خوێندنەوەى ڕۆمانەکانى ئێرنست هێمنگواى ..!! کەچى لاى خۆمان نوسەر هەیە –حەى عەلا سەلات – دزیەکەى کردووە ، کەچى کە ڕەخنەگرێک ئەیدا لە ڕووى ، وەکو فیشەکە شێتە ئەچێ بە ئاسماندا و ..خۆى بە دەستپاکترین نوسەر و بەشەر ئەژمار ئەکات … )

ئینجا با بگەڕێینەوە بۆ ژێر ئاوەکەو قولاپەکە …

لە هەر چوار لاوە ماسى پەیدا دەبن و ..هێواش –هێواش لە توعمەکە نزیک ئەکەونەوە ..هەندێکیان شارەزان ، ئەزانن قەپى گەورە ،باجەکەى گەورەیە ، هەر بۆیە بە وردە قەپ بەشى خۆیان لە توعمەکە لێدەکەنەوە .. هەیانە ترسنۆکە و هەر بە دەور و خولى توعمى گۆریندا ئەخولێتەوە  و سیاسەتى (ئەم نانە بەو ڕۆنە ) پیادە دەکات ..بەڵام ماسى سەرەڕۆ و کاڵفامى وا هەیە یەکسەر توعم و قولاپ قوت ئەدات ، کاتێک خەبەرى ئەبێتەوە قولاپ لە مەڵاشوى گیر بووە و ..پاش چەند ساتێک لەناو قوڵینەى ماسیگرێکدا تەپ و تلێتى و ..پاشتر ئەکرێتە مەسگوف …

بە هەمان شێوە  کە ڕووداوێکى سیاسى خۆى ئەکات بە مەیدانەکەدا ، وەکو توعمێکى سوحوفى وایە ..هەندێک ڕۆژنامەنوسى زەمانەساز کە بە زاراوەى قاوەخانەکان پێیا ئەوترێت : مەسڵەحچى ، هەڵئەسن بە خواردنى ئەو توعمە سوحوفیە بە جۆرێک نە ڕاوکەر بتوانێ قولاپەکە لە مەڵاشویان گیر بکات و .. نە برسێتیش بتوانێ هەڕەشە لە داهاتوویان بکات .. ئەم جۆرە ڕۆژنامەنوسانە دەست ئەکەن بە سیاسەتى مەد و جەزر ، هێندە توعمەکە ڕادەکێشن کە نەرمایى پێوە بێ ..لە خاڵى بەریەککەوتن لەگەڵ کانزاى قولاپەکەدا ، ئەکشێنەوە  ، بە واتایەکى تر ئەکەونە باسکردنى جۆرەکانى قولاپ و مێژووى قولاپ و جوگرافیاى قولاپ و ..مەرج نیە هەموو قولاپێک کوشندە بێ و پێ دەچێ هەندێ قولاپ هەبن لە لەبزینە نەرمتر و شیرینتر بن ، پاشان کێ دەڵێ مردن بە قولاپ جۆرێ لە جۆرەکانى سەربەرزى و بەرخۆدان نییە ؟؟ شایانى باسە ئەم جۆرە ڕۆژنامەنوسانە تێر ئەبن و هونەرى پارەکەڵەکەکردن فێر ئەبن ، لە بەرامبەر ئەوەدا ماسیەکى زۆر ئەکەن بە قولاپەکانەوە..( جێى پێکەنینە کە لە سەردەمى ڕژێمى بەعسدا ، یەکێک لەو نوسەرانە ئەوەندە بابەتى حەماسى ئەنوسى ، لاوێکى کەرکوک وا لێدەکات واز لە خوێندن بێنیت و بچێتە شاخ ، لە ڕێکەوتێکدا دێتە شار و حەز ئەکات چاوێکى بەو نوسەرە بکەوێ کە وەکو سیمبوڵى خەباتى خۆى تەماشاى ئەکات ، کە لە دەرگاکەیان ئەدات ، دایکى ئەیکاتەوە و ئەڵێ : وەلڵا ڕۆڵە ! هێشتا لە سوپاى عێراقە و دوو هەفتەى ماوە بۆ مۆڵەتى مانگانەکەى !!! ) ..بەڵام ڕۆژنامەنوسانێکى تریش هەن وەکو کەڕەى شەربەت ، خۆیان لەو توعمە سوحوفیە نەبان ئەکەن و خەریکى نان و کەوەرەکەى ڕۆژانەى خۆیانن و .. ئەزانن کە لە پشت هەر توعمێکى چەورەوە ، قولاپێک هەیە و .. هیچ دوگێکى سەرەڕێگا بێ مڵامەت نییە ..ئەمانە تۆزى هەژارى و برسێتى و لەیادکردن دایانئەپۆشێ و تەنانەت دراوسێکانیشى نازانن ڕۆژنامەنوسە ..ئەمانە نوسەرى دەستسپیان پێ ئەوترێ ، حەز ناکەن خۆیان و ئەوانى تر بڕەنجێنن ، ئەوەندە لەگەڵ هەواڵدان کە نەبێتە هۆى ئازاردان و هەڵخەڵەتاندن ، قولاپ با هەڵبدرێ  ، ئەوان خۆیانى لێ لائەدەن ، ئەو خەڵکەیش ئەگەر خۆیان بە ئاقڵ ئەزانن ، پێویستە قەپ نەکەن بە هەموو شتێکدا …

هەرچى جۆرى سێیەمى ڕۆژنامەنوسانن 

، یەکسەر قەپاڵ ئەکەن بە قولاپدا و .. ئەکەونە هات و هاوار و .. لە بنى هەمانەکە ئەدەن ..ئەمانە تەمەنیان کورتە ، چونکە هێشتا دنیا کۆتایى نەهاتوە و ئەمانە بانگەشەى کۆتایى دنیا ڕادەگەیەنن ..هێشتا ڕاوکردن لە چڵە پۆپەى خواستەکاندایە و .. ئەمان بانگەشەى یۆتۆپیا و کۆمەڵگاى نمونەیى ئەکەن …هەر بۆیە بە داخەوە ! ئەم جۆرە نوسەرانە ئەبن بە قوربانیى ، بۆ توعمێکى سوحوفى بێ نرخ ..بەڵام چى بڵێین ؟ بنیادەم شیرى خاوى خواردووە ..

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.