Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
توندوتیژیی فیزیکیی دژی مێینە

توندوتیژیی فیزیکیی دژی مێینە

Closed
by February 5, 2009 ژنان

توندوتیژیی فیزیکیی دژی مێینە
خەتەنە وەک نموونە
  ستیڤان ئەحمەد "شەمزینانی"

Shamzini79@hotmail.com

چەمکی توندوتیژیی: بەسەرنجدان لەمێژووی کۆن ونوێی مرۆڤ لەسەر زەوی، توندوتیژیی یان زەبروزەنگ بەشێک بووە لەسروشت ورەفتاری رۆژانەی. ئەم توندوتیژییە هەر بەوەوە نەوەستاوە لەبەرامبەر ئاژەڵ یان سروشت ئەنجام بدرێت، بەڵکو لەگەڵ گەشەکردنی ژیارو پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، توندوتیژیی پێچەوانەوە بووەتەوە بۆ نێو خودی مرۆڤەکان خۆیان. مرۆڤی سەرەتایی بۆ پەیداکردنی ژەمە خواردنێک لەپێناوی مانەوەدا ناچاربووە لەرێی زەبروزەنگەوە ئەو ژەمەخواردنە مسۆگەر بکات، ئەویش لەرێی راوشکارەوە. بەپێی میتۆلۆجیاش توندوتیژیی (زەبروزەنگ) هەر لەگەڵ مرۆڤدا سەریهەڵداوەو هەتا هەنووکەش هەر لەگەڵیدا دەژی و نەشونما دەکات. بەوتەی (میشێل ڤیڤێۆرگا)ی سەرۆکی رێکخراوی ئەنتەرناسیۆنالی سۆسیۆلۆژیی"… ئەوەی ناویدەنێین زەبروزەنگ لەنێو زەمەنە جیاوازەکاندا بەچەندین شێوەی جیاواز خۆی مانیفێست دەکات..".  بەپێی میتۆلۆجیای ئیسلامیی هەر لەسەرەتای جێگیربوونی مرۆڤ لەسەر زەوی، کوڕەکانی (ئادەم) مومارەسەی توندوتیژییان کردووە، هەر بەپێی ئەو میتۆلۆجیایە دوای ئەوەی خواوەند قوربانیی هابیل وەردەگرێت و بەپێچەوانەوە ئەوەی قابیل رەتدەکاتەوە، قابیل هەڵدەستێت بەکوشتنی هابیل. ئیدی ئەمە سەرەتای یەکەم توندوتیژیی مرۆڤە بەپێی میتۆلۆجیای ئیسلامیی. هەندێک لەزانایانی دەروونناسیی لەئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان ولێکۆڵینەوەی وردیان لەمەڕ سروشت وئەدگارو سایکۆلۆژیای مرۆڤ گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی توندوتیژیی بەشێکە لەسایکۆلۆژیای مرۆڤ ولەرێی جیناتەوە نەوە لەدوای نەوە دەگوێزرێتەوە. بۆ روونکردنەوەی زیاتر ئەم تیۆرە، پێویستمان بەخوێندنەوەو سەرنجدان لەهەڵهێنجانەکانی (سیگمۆند فرۆید)ی خاوەنی قوتابخانەی دەروونشیکاریی هەیە. بەبڕوای فرۆید لەهەر مرۆڤێکدا دوو رەمەکی جیاوازی دژ بەیەک لەئارادان کەهەریەکێکیان بەرپرسیارە لەجۆرێک لەرەفتاری مرۆڤ، ئەو دوو رەمەکەش لای ئەو فەیلەسووفە بریتین  لە(تاناتۆس وئیرۆس) یەکەمیان بەرپرسیارە لەهەست ورەفتاری شەڕئەنگێزانەی مرۆڤ وئەویتریشیان بەپێچەوانەوە بەرپرسە لەهەستی ئیرۆتیک وژیاندۆستیی مرۆڤ. رۆشنبیری ناوداری ئێرانی " د.کاووس سەید ئیمامی" دەربارەی ئەم بیردۆزەی فرۆید دەڵێت (تیۆری کلاسیکی فرۆید یەکێک لەتیۆرە گرنگەکانی دروونناسی کۆمەڵایەتییە سەبارەت بەتوندوتیژیی. فرۆید یەکێک لەبەستێنە گرنگەکانی توندوتیژیی بەبوونی پرەنسیپێک بەناوی غەریزەی مەرگ یان تاناتۆس لەدەروونی مرۆڤدا دەزانێت. بەبڕوای فرۆید، ئەم پرەنسیپە دژ بەپرەنسیپی ژیان یان غەریزەی سێکسە. لەراستییدا فرۆید لەسەر ئەو باوەڕەیە کەئەنگیزەو ویستی سێکس مەیل بۆ ژیان لەمرۆڤدا بەهێزدەکات وسەرچاوەی سەرهەڵدانی چالاکیی وئینێرژیی پۆزەتیڤە لەمرۆڤدا. لەئاست ئەوەشدا غەریزەی مەرگ، مەیل بۆ توندوتیژیی ورووخاندن لەمرۆڤدا بەهێز دەکات). ئەگەرچی توندوتیژیی دێرین (ئەوکاتەی هێشتا مرۆڤ لەقۆناغی کۆمۆنەی سەرەتاییدا بوو) بەجۆرێک بووە مەگەر بەدەگمەن پێچەوانە بووبێتەوە بۆ ئاستی خودی مرۆڤەکان. بەڵام هەروەک پێشتر وتمان لەگەڵ گەشەکردنی ژیارو بەجێهێشتنی قۆناغی کۆمۆنەی سەرەتایی، توندوتیژیی پێدەنێتەوە قۆناغێکی نوێوە،کەدەکرێت لەپوختەترین دەربڕیندا بڵێین قۆناغی توندوتیژیی بەرنامە بۆ داڕێژراوە، ئەو توندوتیژییەی سیستم ورژێمە کۆمەڵایەتی وسیاسیی و ئاینییەکان بۆ پاراستنی خۆیان وبەرژەوەندییەکانیان چوارچێوەیەکی شەرعیی یاخود یاساییان پێبەخشیوە. 
بەڵام دەکرێت لێرەوە لەچەند روانگەیەکەوە پێناسەی چەمکی توندوتیژیی یاخود زەبروزەنگ بکەین:
رۆشنبیری ئێرانی "د.محەمەد زەیمەران" پێیوایە( لەساکارترین پێناسەدا دەکرێت بووترێت توندوتیژیی بریتییە لەهاویشتنی جۆرێک زیان یان کپکردنی ئەویدی لەرێی کوشتن یان زیان گەیاندنی رۆحی. هەندێک لەبیرمەندان پێیانوایە دەتوانرێت ئەم چەمکە تادەڤەری "هەڕەشە"ش بگشتێندرێت ودرێژبکرێتەوە. واتە ئەگەر کەسێک هەڕەشەی توندوتیژیی لێکرا، بۆ وێنە هەڕەشەی مەرگ، یان هەڕەشەی زەڕبەی جەستەیی ورۆحیی رەنگە بکرێت بەتوندوتیژیی دابنرێت). ئەم پێناسەیە جەخت لەوە دەکاتەوە توندوتیژیی بەشێوەیەک لەشێوەکان بریتییە لەزیانگەیاندن بەئەودیدی. بێگومان ئەم زیان گەیاندنە تەنێ روویەکی ماددیی نییە بەڵکو دەکرێت دیوێکی مەعنەویشی هەبێت "وەک توندوتیژیی رۆحی ودەروونی وئابووری وسێکسیی".
"ج.فرویند" پێیوایە(زەبروزەنگ بەو هێزە دەوترێت کەراستەوخۆ هێرش دەباتە سەر کەسانی تر وماڵ و سامانیان، چ وەک تاک تاک یان وەک دەستەو گروپ، بەمەبەستی زاڵبوون بەسەریاندا لەرێگەی لەناوبردن و تێکوپێکدان وهێنانە چۆک وتێکشکاندنیانەوە).
بەکورتی توندوتیژیی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی – سیاسییەو لەبەرەبەیانی مێژووەوە تا بەئێستا دەگات لەگەڵ مرۆڤدا تەریب لەئارادابووەو لەگەڵیشدا پێ بەپێی پێشکەوتنەکانی مرۆڤ ئەویش پێشکەوتووەو فۆرمی نوێ و جیاوازی بەخۆگرتووە.
توندوتیژیی فیزیکیی دژ بەمێینە: ناتوانین مێژوویەکی دیاریکراو دەستنیشان بکەین وەک سەرەتای پیادەکردنی کردەی توندوتیژیی لەلایەن رەگەزی نێرەوە لەدژی مێینە. ئەوەی ئێمە لەچیرۆکی مرۆڤایەتی دەیزانین، قۆناغی سەرەتایی ژیانی مرۆ لەسەر زەمین، قۆناغی دەسەڵاتی ژن یان دایک بووە (ماتریاکی). بەڵام دوای ئەوەی کشتوکاڵ لەلایەن ژنانەوە دۆزرایەوەو جێگۆڕکێ روویدا لەرۆڵی هەریەک لەهەردوو رەگەزەکەدا، ئیدی هێدی هێدی خاوەندارێتی بەروبوومەکان لەلایەن نێرینەوە کۆنترۆڵکرا، ئەم مۆنۆپۆڵکردنە پێویستیی ئەوەی هێنایە کایەوە پیاو شۆڕشێک لەدژی پێگەی بەهێزی ژنان بەرپابکات، بێگومان پیاو توانی دەسەڵاتی خۆی بەسەر مێینەدا بسەپێنێ وکودەتایەک بکات بەسەر رۆڵی ئەودا، هەر لەم نێوەندەدا بوو پیاو ئاینەکان ویاسا داهێنراوەکانی خۆی کردە زرێی بەرگریی ودرێژکردنەوەی دەسەڵاتەکەى لەبۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری مێینە. بێگومان مێژوو گەواهیی ئەوەمان بۆ دەدات یەکێک لەمیکانیزمەکانی بەچۆکداهێنانی مێینە لەلایەن ئەویتری نێرینەوە بریتی بووە لەزەبروزەنگ، ئیدی ئەم کردەیە لەئازاری جەستەیی ولەنێوبردنەوە درێژدەبێتەوە تادەگات بەگوشاری دەروونیی ورۆحیی. مێژوو پێماندەڵێت چەرخی دەسەڵاتی ژن یان کۆمەڵگای سەرەتایی زۆر کورتبوو، لەوە بەدواوە دەسەڵاتی پیاو هات، جگە لەوەی نەهامەتیی بۆ رەگەزەکەی دیکە هێنا، لەهەمان کاتدا بووە مایەی ناهەمواریی وئازار بۆ سەرجەمی مرۆڤایەتی بەهەردوو جێندەرەوە. لەو رێکەوتە بەدواوە ژن هەمیشە لەژیانی کۆمەڵدا بەمیکانیزمی توندوتیژیی کەنارگیرکراوەو لەچەندین ماوەی مێژووییشدا ژن بەئەندازەیەک چەوسێنراوەتەوەو تووشی زەبروزەنگ بووە کەهەرگیز سڵ لەکوشتنی سەدانیان لەیەک چرکەساتدا نەکراوەتەوە. چون لەدیدگای هەندێک کۆمەڵگەی ئەو کاتەی مرۆڤایەتیدا تەنانەت گومانیش لەمرۆڤبوونی خودی مێینە کراوە.
ئەگەر سەرنج بدەینە شارستانێتییە کۆنەکانی وەک یۆنان ومیسرییە دێرینەکان وبابلی وسۆمەریی و ئەکەدییەکان و…هتد، دەبینین هەمیشە پلەوپایەی مێینە لەخوارەوە بووەو هەمیشەش بەرێگای توندوتیژیی رێگەگیراوە لەهەر هەوڵێکی ژن لەبۆ گۆڕان دروستکردن لەجێگەو رێگەکەیدا. لەوە زیاتریش چونکە مێینە وەک مرۆڤ تەماشانەکراوە، وەک دەرعێک بەکارهێنراون یان لەکاتی جەنگەکاندا بەکۆمەڵ لەنێویان بردوون تا خۆراک بەشی پیاوان وەمێنێتەوە. "هیرۆدۆت" باسی بابلییەکان دەکات ودەنووسێت "بابلییەکان لەکاتی گەمارۆدانیاندا، بۆ ئەوەی خۆراکی زۆر لەناو نەچێت، ژنەکانی خۆیان دەخنکاند". دواتریش ئاینەکان رۆڵی نەرێنیان گێڕا لەشەرعییەتدان بەچەوساندنەوەو نواندنی زەبروزەنگ لەدژی مێینە. ئەگەر کەمێک چاو بەسفرەکانی تەوراتدا بگێڕینەوە ئەوسا بەروونی دیارە ئاینی یەهوودی چەندە سووک تەماشای مێینە دەکات و هەرواش ئاشکرایە چلۆن شەرعییەت دەدات بەبەکارهێنانی توندوتیژیی ولێدان لەبەرامبەریان. لەزۆربەی ئاینەکانی دیکەشدا بەهەمان شێوە رەوایی بەخشراوە بەنێرینە "چ لەشێوەی باوک ، چ لەشێوەی برا، چ لەشێوەی هاوسەر" توندوتیژیی دژ بەمێینە ئەنجام بدات. بۆ وێنە لەئاینی ئیسلامیدا لەنێو تێکستەکانی قورئان و لەمومارەسەی رۆژانەی ژیانی موسڵمانەکاندا ئەم رەواییدانە بەدیدەکەین. ئەوەتا لەئایەتی "34"ی سورەتی "النساء" بەمجۆرە رەوایی دراوە بەلێدان وبەکارهێنانی زەبروزەنگ لەدژی مێینە: "الرجال قوامون على النساء بما فچل الله بعچ على بعچ وبما انفقوا من اموالهم فالێالحات قانتات حافڤات للغیب بما حفڤ الله واللاتی تخافون نشوزهن فعڤوهن واهجروهن فی المچاجع واچربوهن فان اگعنکم فلا تبغوا علیهن سبیلا ان الله کان علیا کبیرا". مامۆستای شەهید "عەبدولخالیق مەعرووف" لەکتێبەکەیدا "ئادەمیزاد لەکۆمەڵی کوردەواریدا" دەربارەی هۆی هاتنەخوارەوەی ئەم ئایەتە دەڵێت: (بەیزاوی دەڵێ "هۆی هاتنی ئەم ئایەتە دەڵێن سەعدی کوڕی ئەلڕەبیع کەیەکێک بووە لەگەورە پیاوانی ئەنساری ژنەکەی "حەبیبە" ناو کچی "زەید" کوڕی "ئەبو زوهەیر"بووەو نافەرمانی کردووەو ئەویش زللەیەکی لێداوەو باوکی ژنە، ژنەی هەڵگرتووەو چووە بۆ لای پێغەمبەر"د.خ". پێغەمبەریش گوتوویە "با تۆڵەی لێبسێندرێتەوە" پاشان ئەم ئایەتە هاتە نووسین وپێغەمبەر "د.خ" فەرموویە "ئێمە شتێکمان ویست وخواش شتێکی تر، ئەوەی خوا ویستوویە چاکترە"). جگە لەمەش هەندێک لەو کەسانەی تەفسیری ئایەتی "نشوز"یان کردووە، رێبازێکی توندویان گرتۆتەبەر وتەنانەت وشەی "واهجروهن"یان بەمانای پەل وپێ بەستن بەکارهێناوە، لەو روانگەیەی کەوشەی "الهجر" ئەو پەت وگوریسە دەگەیەنێ کەحوشتری پێدەبەسترێتەوە. (تەبەری) لەتەفسیرەکەیدا بەمجۆرە لێکیداوەتەوە. "1".
کۆمەڵی کوردەواریش وەک کۆمەڵێک کەهێشتا هەردوو نەریتی ئیسلامیی وخێڵەکیی بوونی کارایان لەنێویدا هەیە، بێبەش نییە لەپیادەکردنی توندوتیژیی دژی مێینە، بەپێچەوانەوە یەکێک لەچەوسێنەرترین کۆمەڵەکانە سەبارەت بەچەوساندنەوەو ئازاردانی ئەویتری مێینە. ئامارەکانی چەند ساڵی رابردوو بەئێستاشەوە لەمەڕ کوشتن وچەوساندنەوەو خۆسووتاندنی ژنان ولێدان وسووکایەتیکردن بەمێینە شایەتی ئەو راستییەن. تەنانەت لەکۆمەڵی کوردەوارییدا توندوتیژیی وبێحورمەتیکردن بەمێینە بەئەندازەیەکە تاکی مێ خۆی پەنا دەباتە بەر خۆکوشتن وخۆسووتاندن، ئەمجۆرە لەکوشتنی مێینە هەم بەشێک دەبێت لەپرۆسێسی سپیکردنەوەی ئابڕووی بنەماڵەو لەهەمان کاتدا ئەویتری پیاو کەخوازیاری کوشتنی تاکی مێینەیە بێبەریی دەبێت لەئەنجامدانی ئەو تاوانە. بەبڕوای (ئادلەر)ی زانای دەروونناسیی (خۆکوشتن هەموو کاتێک توندوتیژترین بیرکردنەوەیە لەتوانج تێگرتن لەخودی خۆ وتۆڵەکردنەوەیە لێی). کۆمەڵگەی شەرەفپارێزی کوردەواریی دۆخێکی بۆ ژنان خوڵقاندووە لەگەڵ بچووکترین مومارەسەی رەمەکەکانیان بەتایبەت رەمەکی سێکس خۆیان وەک تاوانبار وگوناهبار بێتە بەرچاو، هەربۆیە ناچارن رەخنە لەخودی خۆیان بگرن بۆ ئەو لەرێ لادانەیان لەکولتووری باوی کۆمەڵگەو رووشاندنی شەرەفی بنەماڵەکانیان، بەم هۆیەوە هەوڵی تۆڵەکردنەوە لەخۆیان دەدەن وپەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن، چ لەشێوەی خۆسووتاندندا، چ لەشێوەکانی تری خۆ لەناوبردندا. لێرە لەکوردستان چەمکی شەرەف ئەو کۆنسێپتەیە کەرۆژانە ژیانی مێینە لووشدەدات ورەوایی وکوتەک دەداتە دەستی پیاو بۆ تەمێکردن ولێدان و ئازاردانی جەستەیی ورۆحی مێینە. شەرەفیش هەروەک "نەزەند بەگیخانی" دەڵێت "لەلای کورد وشەی نامووس راستەوخۆ گرێدراوەتەوە بەژن وسێکچوالێتی ژنەوە". ئەم چەمکە وەک چەمکێکی ئاکاریی لەکۆمەڵی ئێمەدا لەپێش هەر پاساوێکی ترەوە رەوایی بەخشیوە بەکوشتن وچەوساندنەوەو بەکارهێنانی توندوتیژیی لەدژی ژنان. ئەم کردەیە نەک هەر لەلایەن کولتوورو نەریتی خێڵەکییەوە پشتیوانی لێدەکرێت، بەداخەوە ئاین و یاساکانیش (یاساکانی باری کەسێتی وەک نموونە) بەشێوەیەک لەشێوەکان بۆی بوونەتە پاڵپشتێکی شەرعیی و یاسایی. جیا لەوەش هەنووکە ولەسەردەمی پێشکەوتنی کۆمەڵی مرۆڤایەتی، لەپێشکەتووترین کۆمەڵەوە تا دواکەوتووترینیان هێشتا لێدان وبەکارهێنانی مامەڵەی رەق وزەبروزەنگ لەدژی مێینە لەئارادایە. بەپێی "ئامارەکانی سازمانی بیهداشتی جیهانیی WHOلەئاکامی لێکۆڵینەوەیەک کەلەسەر زۆربەی کۆمەڵگاکانی جیهانیی بووە. ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە 25-16% ژنانی جیهان بەدەست هاوسەرەکانیانەوە تووشی ئازاری جەستەیی بوون. نزمترین رێژەی ئەم ئامارانە وڵاتگەلی پێشکەوتوو وزیاترین رێژەی لەهیندو مالیزی و نیگاراکوا بووە. هەروەها ساڵانە چوار ملیۆن ژن لەلایەن مێردەکانیانەوە تووشی ئازاری جەستەیی دەبن و 28% پیاوانی جیهانیش لەژنەکانی خۆیان دەدەن و 17% ئەو ژنانەی تازە شوویان کردووە لەلایەن مێردەکانیانەوە تووشی توندوتیژیی دەبن". "2". توندوتیژیی دژی ژنانیش هەر بەوەوە نەوەستاوە تەنێ لەسنووری لێدان و کوشتن وئازاردانی جەستەییەوە بمێنێتەوە بەڵکو ئەم زەبروزەنگە تێپەڕیوە بۆ توندوتیژیی ئابووری و رۆحی و دەروونی وسێکسیی. ئاخر سێکسفرۆشیی چیتر نییە جگە لەجۆرێکی زۆر هۆڤانەی توندوتیژیی ماددیی و مەعنەویی دژی تاکی مێینە،ئێستاش کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەدۆخێکدایە هیچیتری پێ نییە بۆ بەگژاچوونەوەی دیاردەی لەشفرۆشیی، جگە لەسەرژمێریی وباج خستنەسەر لەشفرۆشەکان، کەوەک وتمان ئەم دیاردەیە روویەکی هەرە بەرجەستەی توندوتیژییە دژ بەژنان لەکۆمەڵگە پێشکەوتووەکانەوە تادەگات بەپاشکەوتووەکان.
خەتەنە: توندوتیژیی فیزیکیی دژ بەمێینە هەر بەوەوە نەوەستاوە کاردانەوەی بەرخودێکی کۆمەڵایەتی تاکی مێینە بێت، بۆ وێنە زۆربەی جار کوشتنی مێینە دوای مومارەسەکردنی هەندێک ئازادیی دێت کەلەدیدگای خێڵەکیی ونەریتیی کۆمەڵی ئێمەدا تێپەڕینە لەهێڵی سوور وبەزاندنی سنوورو پەرژینەکانی کولتووری چەقبەستوو. بەڵام بۆ حاڵەتی خەتەنە، توندوتیژییەکە شتێکی جیاوازە، چونکە ئەم پیادەکردنەی زەبروزەنگ لەدژی تاکێکی مێینەی تازە لەدایکبوو یان منداڵ، بەشێک نییە لەکاردانەوەی کولتووریی لەلایەن ئەویتری پیاوەوە. بەڵکو زەبروزەنگێکی بێ پاساوەو نەریتی کۆمەڵایەتی بەسەرچوو وەک بەشێک لەهەوڵەکانی بۆ سنووردارکردنی توانای سێکسیی ئافرەت پیادەی دەکات. چونکە بەپێی تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی وفەرهەنگیی کۆمەڵگە رۆژهەڵاتیی وئیسلامییەکان ژن سەرچاوەی گشت ئاشووب وناکۆکییەکانەو سنووردارکردنی رەمەکی سێکسیی ئەو رەگەزە لەیەکێک لەماناکانیدا بریتییە لەسنووردارکردنی راددەی ئاشووب وناکۆکی ونەهامەتیی لەکۆمەڵدا. خەتەنەکردن کە ترادیسیۆنێکی هەرە دێرینی شارستانێتییە سەرەتاییەکانی ئەم ناوچەیەیە، هێشتاش لەسەردەمی گلۆبالیزەیشن وگەیشتنی مرۆڤایەتی بەقۆناغی پێکەوەبەستن وپێشکەوتنی ئەلکترۆنی و زانستیی، درێژەی هەیەو لەزۆربەی کۆمەڵگە رۆهەڵاتی وئیسلامیی وپاشکەوتووەکاندا ئەنجام دەدرێت. کەم نین ئەو ژنانەی رۆژانە دەکەونە بەر رەحمەتی چەقۆی خەتەنە، کەم نین ئەو مێینانەی هێشتاش تاڵاوی ئەو ئازارە لەبن نەهاتووەیان لەبیر نەچووەتەوە. خەتەنە ناوێکە یان کردارێکە وەک سێبەرێکی ترسناک تەنانەت هەڕەشە لەنەوەکانی ئایندەی زۆرینەی کۆمەڵە رۆژهەڵاتیی وئیسلامییەکان دەکات. خەتەنە کردەیەکە هێشتا نەوەی نوێی مێینەی لەترسەوە ئاڵاندووەو دەئاڵێنێت، لەگەڵ ئەوەی خەباتی فێمینیستی وئازادیخوازیی زۆر رێگاو هەنگاوی بڕیوەو زۆر دەستکەوتی بۆ ژنانی جیهان دابینکردووە کەچی تا بەئەمڕۆ دەگات نەیتوانیوە سنوورێک بۆ پیادەکردنی ئەو نەریتە زۆر ترسناکە دابنێت، یان بەمانایەکی تر لەگەڵ ئەوەی بزوتنەوەی ژنان زۆر هەنگاوی ناوە بەڵام خەتەنەکردنی رێژەیەکی بێشوومار وسەرسووڕهێنەری مێینە، مانایەکی پێچەوانە نیشان دەدات.
مێژووی خەتەنە: لێرەوە هەوڵدەدەین دوای پێناسەکردنیی کردەی خەتەنە ، مێژووی سەرهەڵدانی بناسێنین، بەتایبەت وەک دەبینرێت رەگوریشەی ئەم نەریتە لەنێو کولتووری رۆژهەڵاتیدایە. بەپێی زۆرینەی پێناسەکان:
خەتەنەکردنی مێینە بەئینگلیزیی بە"female genital mutilation" ناسراوەو بە "FGM" کورت دەکرێتەوەو بریتییە لەبڕینی قیتکە (clitoris)،بەشێک یان هەموو لچی گەورەو بچووکی ئەندامی سێکسیی مێینە(Labien)."3" ئەم وشەیەش لەزمانی عەرەبیدا "ختن" لەرووی زمانەوانییەوە فرمانی رابردووەو مانای "بڕی" لەخۆ گرتووە. بێگومانیش مەبەست لەو بڕینە، بڕینی بەشێکە لەئەندامی زاوزێی مرۆڤ "چۆک وقیتکە" .
"ویڵ دیورانت" لەنووسینە بەناوبانگەکەیدا "چیرۆکی شارستانی – قێە الحچارە" ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، خەتەنەکردن نەریتێکی کۆمەڵایەتی باوبووەو لەسەردەمی میسرییە کۆنەکاندا فیرعەونەکان پەیڕەویان کردووەو لەکاتی دەسەڵاتی عیبرانییەکان وسەهەڵدانی ئاینی جودا بۆ عیبرانییەکان گوێزرایەوەو لەرێگەی ئەوانیشەوە بۆ نیمچە دوورگەی عەرەبیی گوێزرایەوە. "4". هەروەها "مانتێگازا"ی مرۆڤناسی ئیتالی ساڵی 1885 نووسیوویەتی"خەتەنەی ژنان لەمیسردا داکەوتووە، چونکە پیاوانی میسریی پێیان خۆش نەبوو لەکاتی جووتبووندا ژنان بەشی هەوەس وئیشتایان بەدەستەوەبێت". بەڵام یەکەمین ناوهێنانی دەگەڕێتەوە بۆ هیرۆدۆت "Herodotus"ی مێژوونووسی گریکیی لەسەدەمی پێنجەمی پێش زاین، بەبڕوای هیرۆدۆت، میسرییە کۆنەکان وبەشێکی سەرەکی دانیشتوانی مەکسیک "المایا" کەبریتین لەکۆنترین شارستانێتییەکانی جیهان، هەروەها کەنعانییەکان ودانیشتووانی نیوە دوورگەی عەرەبیش لەپێش هاتن وسەرهەڵدانی ئاینی ئیسلامدا پێی ئاشنابوون. هەندێک لەسەرچاوە مێژووییەکان شێمانەی ئەوە دادەنێن ئەم دیاردەیە لە200 ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیحەوە سەریهەڵداوە، بەڵام هەندێکی تریان لەچەشنی "دیورانت"لەو باوەڕەدان مێژوویەکی دێرینتری هەیەو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی فیرعەونەکان لەمیسری کۆندا. سەبارەت بەدەرکەوتنی سەرەتای ئەم دیاردەیەش هەروەک دەستنیشانکردنی مێژوو وساتەوەختی سەرهەڵدانی خەتەنە دیار نییەو چەندان سەرنج و رای جیاواز جیاوازی لەسەرە. بەشێک لەمێژوونووسان بۆ ئەوە دەچن لەکیشوەری ئەفەریکادا سەریهەڵداوە، وەک هیرۆدۆت کەلەکتێبە بەناوبانگەکەیدا "مێژوو" جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە خەتەنە لەنزیکی رووباری نیل واتە میسر سەریهەڵداوە. بەڵام هەندێکی تر بۆچوونیان بەپێچەوانەوەیەو پێیانوایە ئەم نەریتە لەنێو گەلە رەچەڵەک سامییەکاندا لەنموونەی عەرەب سەریهەڵداوەو دواتر گەشەی کردووەو پەڕیوەتەوە بۆ نێو کولتوور و ترادیسیۆنی کۆمەڵگاکانی دیکە.
نووسەری داکۆکیکار لەمافی ژنی کورد "مەرزە جەوانمەرد"بەپشت بەستن بەهەندێک شێمانە لەو بڕوایەدا خەتەنە لەنێو عەرەبەکاندا سەریهەڵداوە. ئەو دەنووسێت ( زۆر کەس دەڵێ ئەم کردەوەیە لەنێو سامییەکاندا داکەوتووە، لەبەرئەوەی کەعەرەبەکان زۆر پابەندبوون وئێستاش یەکێک لەهەرە لایەنگری خەتەکردنن. "کوڕی دایک خەتەنە نەکراو" پیسترین جنێوە کە کەسێک دەتوانێت بەکەسێکی تری بدات. ئەو ئەنگیزانەی عەرەبان سەبارەت بەخەتەنەی ژنان دەیڵێن، هەروەک ئەنگیزەکانی دەورانی هەرە کۆن سەبارەت بەخەتەنەکردنی پیاوان، جۆراوجۆرە. هۆی سەرەکیی باس لەپاکیی ژنانە). بەکورتی ئەوەی دەکرێت لەئەنجامی راڤەو بۆچوونی مێژوونووسان وپسپۆرانەوە تێیبگەین، بریتییە لەوەی، خەتەنە دیاردەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتییە ومێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە، کەوەک ئاشکرایە دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە پێش زاین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دیاردەیە زادەو هەڵقوڵاوی نەریتی کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکانە، جا لەکیشوەری ئەفەریکا یان راستتر بیڵێین میسر سەریهەڵدابێت یان لەنێو عەرەب ونەتەوە سامییەکاندا، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کەکۆمەڵگە ناخۆرئاواییەکان دۆزەرەوەی خەتەنەن. هەر لەبەر ئەم فاکتۆرە زۆر سادەیەشە دەبینین ئێستاش زۆرترین رێژەی خەتەنەکردن لەمجۆرە کۆمەڵانەدا رۆژ لەدوای رۆژ برەوی هەیە.
جۆرەکانی خەتەنە: بێگومان خەتەنەکردن وەک نەریتێک کەمێژوویەکی زۆری بڕیوەو لەچەندان کۆمەڵدا لەئارادا بووەو هەیە، تەنیا یەک تاکە جۆر نییە، بەڵکو لەشێوازی پیادەکردن وچۆنێتی لێکردنەوە لەئەندامی زاوزێی مێینە جیاوازیی زۆر لەنێوان هەریەک لەجۆرەکاندا هەیە. بەشێکی بەرچاو لەدەزگا پسپۆرەکان ومێژوونووسان چەند جۆرێکیان لەخەتەنەکردن دەستنیشانکردووە هەر لەرۆژگاری دێرینەوە تا ساتەوەختی ئێستامان.لەوانە:
1- خەتەنەکردنی نیوە دوورگەی عەرەبیی: لەشێوەی خەتەنەکردنی پیاوەوە نزیکە، لەمجۆرەدا هەڵدەستن بەبڕینی سەری پێستی قیتکە بەبێ ئەوەی ئازارێکی ئەوتۆی خەتەنەکراوەکە بدەن.
2- خەتەنەکردنی "بیکەر براون" ئامانجی بڕینی قیتکەیە.
3- خەتەنەکردنی فیرعەونی: ئەمەش وەک خەساندنی پیاوان وایە، تیایدا هەموو ئەندامە دەرەکییەکانی سێکسی ئافرەت لێدەکرێتەوە "قیتکەو هەردوو لێوەکانی ناوەوەو دەرەوە" پاشان برینەکە بەتەواوی دەدوورنەوەو تەنیا کونێکی زۆر بچووک نەبێت ئەویش بۆ دەرچوونی میز وخوێنی مانگانە. پاشان تەداوی دەکرێت و ئافرەتەکە ناچار دەکرێت بۆ ماوەی "40" رۆژ لەجێگادا بکەوێت تابرینەکەی ساڕێژ دەبێتەوە. "5".
رێکخراوی تەندروستی جیهانیش "WHO" لەلای خۆیەوەو دوای لێکۆڵینەوەی ورد چوار جۆری دیاریکردووە:
1- لابردنی بەشێک یان هەموو میتکە(clitoris) کەپێی دەوترێت "CLITORIDECTORY".
2- لابردنی میتکە لەگەڵ لابردنی بەشێک یان هەموو لچی گەورەو بچووک کەپێی دەوترێت "EXCISION".
3- لابردنی هەموو ئەندامی دەرەوەی کۆئەندامی زاوزێ، لەگەڵ دوورینەوە بەتەواوەتی، جگە لەهێشتنەوەی کونی میز وخوێنی سووڕی مانگانە.
4- ئەمجۆرە سووکترین جۆریانە کەخۆی تەنیا لەکونکردن وسمینی ئەندامەکانی زاوزێدا دەبینێتەوە"6".
بەشێوەیەکی گشتیی هەر یەک لەفۆرمەکانی خەتەنەکردن لەئاسانترینیانەوە تادەگات بەناڕەحەت ودژوارترینیان چیتر نییە جگە لەدیوێکی تری مامەڵەی هۆڤانەی فەرهەنگی باوکسالاریی لەدژی مێینە، هەر کام لەو شێوەو شێوازانە بگریت بەنۆرەی خۆی کاریگەریی نەرێنی هەیە لەسەر تەندروستی وکەسێتی تاکی مێینە، کەلەدواتردا دێینە سەر باسی زیانە تەندروستی و رۆحییەکانی ئەو کردارە. بەڵام گرنگترین مەبەست لەپوختەترین دەربڕین و قسەدا ئەوەیە، خەتەنەکردنی ژنان بەهەموو فۆرمەکانییەوە روویەکی تری توندوتیژیی پیاوسالارانەیە لەبەرانبەر بەویتری مێینە.
لێکەوتە نێگەتیڤەکانی خەتەنە:بەپێی بۆچوونی پزیشکەکان وپسپۆرانی دەروونی، خەتەنەکردنی مێینە چەندین دەرئەنجامی نێگەتیڤی هەیە، هەم بۆ سەر باری تەندروستی وهەم بۆ سەر باری دەروونی تاکی مێ. تا ئەو ئەندازەیەی بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سوێدییەکان خەتەنەکردنی مێینە دەبێتە هۆی ناپیتی. لەم رووەوە لێکۆڵینەوەیەکی سوێدیی روونیکردۆتەوە خەتەنەکردنی مێینە دەبێتە هۆکارێکی سەرەکیی بۆ ناپیتی کچان. پسپۆرەکان بەمەبەستی تاقیکردنەوەی زانستیی وسەلماندنی ئەم ئەنجامە بەشێوەیەکی زانستیی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ "300" ئافرەتی سودانی ئەنجامداوە کەبەشێک لەئەندامی زاوزێیان لێکراوەتەوە، لەئەنجامدا ئەوە دەرکەوت رێژەی ناپیتی لەم ژنانەدا پێنج بۆ شەش جار زیاترە بەبەراورد لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی خەتەنە نەکراون. لەوەش ترسناک ومەترسیدارتر ئەوەیە هەندێک توێژینەوەی زانستیی دەریانخستووە، خەتەنەکردن دەبێتە هۆی تەنەشەکردنی ڤایرۆسی نەخۆشیی ئایدز. لەوبارەوە هەندێک لەپسپۆران خەتەنە بەیەکێک لەهۆکارەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسی ئایدز بۆ ژنان دەزانن. گۆڤاری لەنسێت "lancet"یش ئاشکرایکردووە خەتەنەکردنی مێینە یەکێک لەکاراترین هۆکارەکانی تووشبوونی ئافرەتان بووە بەنەخۆشیی ئایدز. هەروەها روونیشی کردۆتەوە هەر خەتەنە یەکێکە لەهۆیەکانی چێژ وەرنەگرتنی ئافرەتان لەمومارەسەی سێکس بەتایبەتی لەدوای پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە. بەشێوەی گشتیی زیان ولێکەوتە نەرێنییەکانی کرداری خەتەنەکردن لەرووی تەندروستییەوە دەکرێت لەم حاڵەتانەدا چڕ بکرێنەوە: خوێن بەربوون وهەورکردنی بەردەوام ودرێژخایەنی زایەند"مهبل" ومنداڵدان، پەشێوییەکانی بۆری میزکردن ودەرکەوتنی کیس یان دوومەڵ کەلەوانەیە ببێتە هۆی داخستنی بۆری میزکردن یان کونی زاوزێکردن وهەندێکجار بەردەوامبوونی خوێنی مانگانە بۆ چەند رۆژێکی زیاتر لەسروشتی خۆی ومانەوەی بەشێک لەخوێنی پیس لەناو لەشدا، هەروەها چەندان کێشەی تری هەیە لەکاتی منداڵبووندا روودەدەن. "7". لەزۆربەی حاڵەتەکاندا خەتەنەکردنی مێینە یان دەبێتە هۆی نەزۆکی یان تووشبوون بەئازارێکی زۆر ودژوار لەکاتی دووگیانیی ومنداڵبووندا. هەروەها دەبێتە هۆی تورەکەکردن لەناو پێستداو کۆبوونەوەی کێم وگرێی پێست، هەندێک جاریش دەبێتە فاکتۆری نەخۆشیی ئەقڵیی وتێکچوونی مێشکی مێینە. بەشێوەی مەیدانیش گۆڤاری لەنسێت "lancet" لەگەڵ چەندان ژن گفتوگۆی لەنزیکەوەی کردووە کەخەتەنە کراون، پشکی زۆری ئەو ژنانە بەدەست ئازاری زۆر، میزبەخۆداکردن، نەزۆکیی، برینی قووڵ لەناوەوەو گیروگرفتی دەروونییەوە دەناڵێنن. ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لەکچانی منداڵ لەئەنجامی ئەو کردەیەوە گیان لەدەستدەدەن، چ لەئاکامی کاریگەریی برین ورێژەی لێکردنەوە لەمیتکە، چ لە بەرئەنجامی خراپی ئەو ئامێر وچەقۆ وکەرەستانەی بەکاردەهێنرێن بۆ ئەو کردارە، یان بەهۆی نەزانینی دوورینەوەی ئەو برینەی دروستدەبێت.
لەرووی دەروونییشەوە خەتەنەکردن دەبێتە هۆی پەشێویی دەروونی ورۆحیی، هەروەها دەبێتە هۆی خەمۆکی و
نائارامیی ودڵەڕاوکێ و رەشبینی و زوو هەڵچوون وتووڕەبوونی بەردەوام و بێ هۆکار و بێزاریی بەردەوام. هەر لەم بوارەدا هەندێک تاقیکردنەوەی زانستیی دەیسەلمێنن: ئەو ئافرەتانەی لەکاتی خەتەنەکردنیاندا بێهۆش نەکراون، دووچاری بارێکی ناهەموار دەبنەوە، ناتوانن لەئەندامی زاوزێی خۆیان نزیک ببنەوەو لەکاتی جووتبووندا تووشی هیستریا دەبن ولێرەوەش ئەو ئافرەتانە ناتوانن ئارەزوو وحەزی سێکسیی خۆیان وپیاوانی خۆیان تێر بکەن.
 ئیسلام و خەتەنە: بەڵگە مێژووییەکان سەلماندوویانە خەتەنە دیاردەیەکە پێش هاتنی ئاینی ئیسلامیی لەنیوە دوورگەی عەرەبی، سەریهەڵداوەو بڵاوبۆتەوە. تەنانەت سەرچاوە مێژووییەکان دیرۆکی خەتەنە دەگەڕێننەوە بۆ رابردوویەکی زۆر دوورتر وهەندێکیان پێیانوایە بەهەزاران ساڵ پێش زایین ئەو کردارە لەمیسردا ئەنجامدراوە.
بەڵام ئەوەی خەتەنە لەئیسلامدا چۆنەو حکومەکانی چین؟ رایەکی کۆنکرێت نییە لەبارەیەوەو موفەقیهەکانی ئیسلام راو سەرنجی جیاوازیان لەبارەوە هەیە. هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی خەتەنەکردنی نێرینە بریتییە لەیەکێک لەفەرزەکانی ئاینەکەیان یان هیچ نەبێت ئیسلام رێگریی لێناکات، ئەوەی دەمێنێتەوە ناکۆکی شەرعناسەکانە لەسەر خەتەنەکردن وجۆری خەتەنەکردنی مێینە بەپێی شەریعەتی ئیسلامیی. بێگومان لەناو تێکستەکانی قورئاندا هیچ تێکستێک نابینین فەرمان یان نەهی کردبێت لەئەنجامدانی خەتەنەکردنی مێینە. ئەم ئاماژەپێنەکردنەی قورئان بووەتە هۆی ئەوەی شەرعناس وموجتەهیدەکان لەنێو فەرموودەکانی پێغەمبەردا بەدووی رەوایی یان پێچەوانەکەی خەتەنەی ئافرەتاندا بگەڕێن. بەگوێرەی ریواتێکی بەهێز "متفق علیە" دەگێڕننەوە پێغەمبەر وتوویەتی "اژا جلس بین شعبها الاربع – ای اگرافها- ومس الختان الختان فقد وجب غسل" ئەم حەدیسە هەم لە ئەبو هوڕەیڕەوەو هەم لەعائیشەی هاوسەری پێغەمبەرەوە ریوایەت کراوەو بەگوێرەی زانستی فەرموودە "علوم الحدیپ" بە فەرموودەیەکی سەحیح ناسێنراوە. واتەی فەرموودەکە ئەوە دەگەیەنێت هەر کاتێک هەردوو جێگەی خەتەنەکراوی ژن وپیاو بەریەک کەوتن ئەوە خۆشواردن فەرز یان پێویست دەبێت. لێکۆڵەرەوانی فەرموودە لەمانای ئەم ریوایەتەدا ئەوەیان لێکداوەتەوە: چونکە پێغەمبەر وتوویەتی جێگەی خەتەنەکراوی ژن وپیاو، ئەمە بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی پێغەمبەر نەهی نەکردووە لەخەتەنەکردنی مێینە. هەندێکی تر لەشەرعناسان پێیانوایە ئەم فەرموودەیە نابێتە بەڵگەیەکی شەرعیی بۆ واجبوونی خەتەنەی مێینە. بەڵکو هێنانەوەی دووجاری وشەی " الختان" مەبەست لەوە نییە هەردوو لا خەتەنەکراون، بەڵکو ئەو وشەیە لەوێدا بۆ "تغلیب"ە واتە دوو شت ناوێکیان لێبنرێت. بۆ نموونە "القمران" واتە "قمر – شمس" یان "العمران" بریتین لەهەریەک لە"عومەر وئەبوبەکر". ئەمە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە ئەو فەرموودەیەی "ئەبوداود" لەزمانی "ئوم عەتیە" گێراویەتییەوە کەناوبراو دەڵێ: ژنێک هەبوو لەمەدینە خەتەنەی کچانی دەکردو پێغەمبەر بەلایدا رەتدەبێت وپێیدەڵێ زۆر دەست دامەگرە…، بەفەرموودەیەکی لاواز دەدانرێت وبەپێی بنەماکانی "ئسوڵی فیقه"یش هیچ فەرموودەیەکی لاواز نابێتە بنەمای حکوم. ئەبوداود خۆیشی کەفەرموودەکەی ریوایەتکردووە دیسان بەلاوازی داناوە بەو هۆیەوەی "محەمەدی کوڕی حەسان"ی تێدایە. هەروەها ئەو فەرموودەیەی لە"حەجاج"ەوە گێڕدراوەتە، گوایە پێغەمبەر وتوویەتی "الختان سنە للرجال ، مکرمە للنساء" هەردوو ئیمامی "بەیهەقی وقورتووبی" جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە بەحکومی ئەوەی "حەجاج" پیاوێکی ناراست بووەو هیچ متمانەیەکی لەسەر نەبووە، ئەم فەرموودەیە بە بەهێز دانانرێت، بۆیە حسابی لاوازی لەگەڵدا دەکرێت. جیا لەم فەرموودانەش کۆمەڵێکی تر هەن، بەڵام زۆربەیان فەرموودەی لاوازن و وەک لەپێشتریشەوە وتمان هیچ فەرموودەیەکی لاواز بەهیچ بیانوویەکەوە نابێتە بنەمایەک بۆ دەرکردنی حکومێکی شەرعیی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناکۆکیی و رای جیاواز لەنێوان شارەزایان وپێشەوایانی فیقهی ئیسلامیدا هەیە لەمەڕ خەتەنەکردنی مێینە. لای ئیمامی شافیعی خەتەنەکردنی ژنان هەروەک خەتەنەی پیاوان فەرزێک و پێویستییەکی ئاینییە. لەم رووەوە ئیمامی "نەواوی" وەک یەکێک لەشوێنکەوتووانی مەزهەبی شافیعی و دووەم ئیمامی ئەو مەزهەبە دەڵێت" رای راست ئەوەیە کەئیمامی شافیعی فەتوای لەسەر داوەو تەواوی زانایان فەرموویانە کە لەسەر ژن وپیاو فەرزە". بەشێوەیەکی گشتیی حەنبەلییەکان پێیانوایە: بۆ پیاوان سووننەتەو بۆ ژنان پێویست نییە. حەنەفیی ومالیکییەکان پێیانوایە: بۆ ژن وپیاو سووننەتە، خۆ ئەگەر دەرکەوت خەتەنە لەبەرژەوەندیی ژناندا نییەو نەکرا، هیچ سەرپێچی و گوناهێکی تێدانییە. هەر لەو راستایەدا شەرعناسی ناودار "سەید سابق" لەکتێبەکەیدا " فقە السنە"دا پێیوایە کۆی ئەو فەرموودانەی دەربارەی خەتەنەکردنی ئافرەتان ریوایەتکراون هەموویان لاوازن و سەحیحیان تێدانییە . ئەمەش دەبێتە بەڵگەیەک بۆ ئەوەی ئیسلام خەتەنەکردی ئافرەتانی بەفەرز نەزانیوە. شێخ ئیبنو عوسێمین دەربارەی خەتەنەی ئافرەتان دەڵێت" خەتەنەکردنی پیاوان، بەرژەوەندیی پیاوەکانی تێدایە، چونکە بەنەبڕینی ئەو پێستەی سەر گۆپکەی چۆکیان مەرجێکی نوێژ نایەتەدی کەبریتییە لەپاکژیی ئەندامانی لەش، چونکە لەکاتی هەبوونی ئەو پێستەدا میزی تێدا کۆدەبێتەوە، بەڵام بۆ ئافرەتان وانییە". دەتوانین بڵێین بەپێی بنەماکانی فیقهی ئیسلامیی خەتەنە بابەتێکی مشتومڕئامێزەو رای پێچەوانەوەو جیاوازی لەسەرە، سەبارەت بەخەتەنەکردنی نێرینە جیا لەوەی جیاوازیی هەیە لەبۆچوونی زانایاندا بەڵام کارێکی نەهی لێکراو نییە، هەرچی پابەندە بەخەتەنەکردنی ژنانەوە جگە لەمەزهەبی شافیعی بەلای زۆرینەی موفەقیهین ومەزهەبەکانی ترەوە کارێکی پەسەند نییەو هیچ بەڵگەیەکی بەهێز لەقورئان وسووننەتدا لەبەردەستدا نین ئەوە بسەلمێنێت خەتەنەکردنی مێینە کردارێکی ئاینیی یان شەرعییە.
خەتەنەو جیهانی سەردەم: لەگەڵ ئەوەی خەباتی بزوتنەوەی ژنانی جیهان چەندان وێستگەی گرنگیی مافەکانی  مێینەی بڕیوە، بەڵام هێشتا چەندان جۆر لەتوندوتیژیی دژی ئافرەتان لەبرەودایە، یەکێک لەهەرە دیارترینیان خەتەنەیە کەئەمڕۆ وەک دیاردەیەکی جیهانی سەیری دەکرێت وبوونی هەیە. رۆژانەو هەفتانەو مانگانە هەزاران کچی منداڵ لەناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەفەریکا ورۆژهەڵاتی ناوەڕاست وهەندێک لەوڵاتە دواکەوتوو و ئیسلامییەکان ئەم کردەیەیان بەسەردا دووبارە دەبێتەوەو لەبەشێک لەو جێگایانە وەک نەریتێکی ئاینیی و لەهەندێکی تردا وەک کەلەپوورێکی دێرین ونەریتێکی کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەچێت. هەرچەندە بەدەیان رێکخراوی جیهانی ولۆکاڵی لەخەباتدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەو نەهێشتنی ئەم دیاردە توندوتیژ ودژە ژنە، بەڵام وەک ئەوەی لەرێی ئامارەکانەوە دەیزانین هێشتاش ئەو کردارە بەشێکی دانەبڕاوە لەفەرهەنگی و مامەڵەی زۆرێک لەکۆمەڵگەکان. رێکخراوی تەندروستی نێودەوڵەتی "WHO" رایدەگەیەنێت ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن منداڵ لەچەندان دەوڵەتی جیاجیا خەتەنە دەکرێن. هەروەها بەپێی هەندێک سەرژمێریی وئاماری رێکخراوە پەیوەندیدارەکان هەر ئێستا لەجیهاندا زیاتر لە 135 ملیۆن ئافرەتی خەتەنەکراو هەن. ئەو ئامارانە ئەوەش دووپاتدەکەنەوە 85% رێژەی خەتەنەکراوەکان دەکەونە کیشوەری رەشەوە" ئەفەریکا". هەرچی لێکۆڵینەوە سوێدییەکانە روونی دەکەنەوە ئەو نەریتە لەزیاتر لە 30 وڵاتی جیهاندا لەنموونەی وڵاتانی وەک "ساحل ئەلعاج، غانا، کینیا، چاد، کامیرۆن، عەرەبستانی سعوودی، میسر، سودان، مالیزیا، ئەندەنوسیا، ئوردون، ئێراق، ئێران، سووریەو هتد" پەیڕەو دەکرێت. بەداخەوە رەوەندەی بێگانە لەچەقی خۆرئاواو وڵاتە ئەوروپییەکان وئەمەریکادا هەڵدەستن بەخەتەنەکردنی منداڵەکانیان بەبێ هیچ رێگرییەکی ئەوتۆ، چونکە لەبەشێک لەوڵاتە ئەوروپییەکاندا سیاسەتی فرە کولتووریی بۆتە بەڵایەکی گەورەو رەوەندە جیاجیاکان چەندان کاری ناپەسەندو نایاسایی بەو ناوەوە ئەنجام دەدەن، ئێستاکە تازە بەتازە ژمارەیەک لەدەوڵەت ئەوروپییەکان بیریان لەقەدەغەکردن ورێگرییکردن لەمجۆرە کردەوانە کردۆتەوە، لەمبارەوە حکومەتی فینلەندیی خەتەنەکردنی منداڵان بەتاوان دەزانێت ولێپێچینەوە بەپێویست دەزانێت لەگەڵ بکەرەکانیدا .هاوشان لەگەڵ ئەمەدا دەیان رێکخراو وکۆڕو کۆبوونەوەی جیهانی ولۆکاڵی لەکارکردندان بۆ نەهێشتن وکەمکردنەوەی رێژەی خەتەنە، زۆرێکیش لەرێکخراوە جیهانییەکانی وەک "ئەمنستی" بڕیاریانداوە وەستانەوە بەرەو رووی خەتەنەکردن بکەن بەئەجیندەی کاری رێکخراوەکانیان و لەسەر ئاستی بەرفراوان وجیهانی کەمپین وهەڵمەتی جۆراوجۆر ساز بدەن بۆ کەمکردنەوەو نەهێشتنی ئەو دیاردەیە. نووسەری ئێرانی "نوشین غەبرایی" دەربارەی فۆرمی کاری ئەم رێکخراوانە بەتایبەت لەکیشوەری رەش دەنووسێت " بەپێی راپۆرتی WACC لە26 ئاوریڵی ئەمساڵدا، نیل فۆرد سەرۆکی بەشی خەبات بۆ نەهێشتنی خەتەنەی ژنان لەئەفەریکا لەرێکخراوی یۆنیسێف، سیاسەتێکی تازەو سەختی بۆ خەبات دژی ئەو کردەوەیە، گرتۆتە پێش ولەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەگان و زۆر رێکخراوی تری ناحکومیی وفێمینیستییەکان بۆ مافی لەدەستچووی ژنانی ئەو ناوچانە دەستیان داوەتە هێندێک کاری بەپەلە، بۆ نموونە رێکخراوەکانی RAINBO، NOCIRC، PRB TOSTAN، FGC، WOWORC، PRB وسەدان ئۆرگان ورێکخراوی ناحکومیی دیکە بۆ خەبات بۆ نەمانی خەتەنەی ژنانیان کردۆتە سەر فەسڵی کاری خۆیان وهەوڵی جیددی بۆ دەدەن. تەواوی کارناسان، کۆمەڵناسان ودەروونناسانی پسپۆر لەو بارەیەوە لەسەر ئەو باوەڕەن کەخەباتەکە نابێ تەنیا بەشێوەی فیزیکیی وترسان لەگیروگرفتی قەزاییەوە بێ، بەڵکە لەپەنا ئەو سەختگرتنانەو بەڕێوەبردنی یاساو لەبەرچاوگرتنی سزای قورس بۆ سەرپێچیکاران وسزادانیان بەپارەیەکی زۆر، دەبێ هەوڵبدرێ بۆ گۆڕینی بیروبۆچوونی خەڵک".
خەتەنە لەکۆمەڵی کوردەوارییدا: بۆ نووسینی ئەم باسەو دۆزینەوەی سەرەداوی مێژووی ئەو دیاردەیە لەکۆمەڵی کوردەوارییدا، زۆر گەڕام بەدوای سەرچاوە مێژووییەکاندا، تاوەکو سەرچاوەیەکم دەست بکەوێت، بەڵام بەداخەوە هیچ کڵافەیەکی داوی ئەو مێژووەم بەردەست نەکەوت. رەنگبێ یەکێک لەهۆیەکان بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ژن لەمێژووی کۆمەڵی ئێمەدا شایانی ئاوڕلێدانەوە نەبووە، یان بەمانایەکی تر کتێبی مێژووی ئێمە تەنیا بریتییە لەرەفتارو بەسەرهاتی پیاوەکان، ئەمەش وادەکات مێژووی ئێمە مێژوویەکی تەواو پیاوانە بێت. بەهەرحاڵ خەتەنەکردن لەکوردستان ئەگەر مێژوویەکی زۆر کۆنیشی نەبێت بەبەراوورد بەکۆمەڵەکانی تر، ئەوە هیچ کات گومان لەسەر ئەوە نییە، خەتەنە بەپێی تێپەڕین وپیادەکردنی لەمێژووماندا بووە بەجوزئێک لەترادیسیۆن ونەریتی کۆمەڵایەتیمان. بێگومان هەر کام لەشارو شارۆچکەکانی کوردستان بگریت خاڵی نییە لەپیادەکردنی ئەو کردارە، ئەوەی دەگۆڕێت تەنیا گۆڕانە لەرێژەدا، چونکە بەپێی زۆرێک لەداتاو ئامارەکان دەرکەوتووە خەتەنەکردنی کچان لەناوەندی شارەکان بەبەراوورد بەناوچەکانی کەنار "گوند وشارۆچکەکان" رێژەکەی کەمترە. جگە لەوەش بەپێی کولتووری شارەکانیش گۆڕان وجیاوازیی هەیە لەرێژەکاندا. بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوی جیهانیی لەشساغیی 60% ژنانی باشووری کوردستان خەتەنە کراون. هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی "نۆشین غەبرایی" تەنیا لەئاواییەکی باشووری کوردستاندا لەکۆی 1544 ژن وکچ، 907 کەسیان خەتەنەکراون. هەروەها بەگوێرەی لێدوانی "فەلاح مرادخان" رێکخەری گشتیی رێکخراوی وادی ئەڵمانیی خەتەنەکردن لەکوردستان بەشێوەیەکی مەترسیدارو بەربڵاو پەیڕەو دەکرێت و رێکخراوەکەشیان هەستاوە بەئەنجامدانی ئامارێک لە 201 گوندو شارۆچکەی هەولێرو سلێمانی ودهۆک وکەرکووک لەنێوان ساڵانی 2005-2007  بەمەبەستی زانینی رێژەی خەتەنەکراون، لەئەنجامدا دەرکەوتووە، لەکۆی 5628 ئافرەت 3502 یان خەتەنەکراون، ئەم رێژەیەش دەکاتە 62% سەرجەم ئەو ژنانە. "8". ئەم رێژەیە واتای رەوشێکی مەترسیدار بۆ مێینە لەکوردستان مانیفێست دەکات، ئەم ئامارە دەیسەلمێنێت لەکوردستانیش ژنان لەژێر توندترین شێوەی توندوتیژییدا ژیان دەگوزەرێنن. لەئاوها حاڵەتێکیشدا کەیاسای خەتەنە لەپەرلەمانی کوردستانەو چەندان رێکخراوی داکۆکیکار لەمافی ژن ومافی مرۆڤ هەزاران واژۆیان بۆ قەدەغەکردنی ئەو رەفتارە کۆکردۆتەوە، پەرلەمان هیچ دەنگێکی ئەوتۆی نییەو بەگوێرەی وتەی رۆژنامەکانیش پەرلەمانتارە پیاوەکان شەرم لەتاوتوێکردن و گفتوگۆی ئەم پرسە دەکەن. بێگومان شەرمکردن وپشتگوێخستنی ئەو پرسە خۆی لەخۆیدا جگە لەسووک سەرنجدان وتێڕوانینی ئاکارییانەی پەرلەمانتاران بۆ کەسێتی ژن، جۆرێکیشە لەپاڵپشتیکردنی ئەو نەریتە رزیو وکۆنە لەدژی ژنان. بچووککردنەوەشی دیسان تاوانە، چونکە بەوتەی یەکێک لەپەرلەمانتارە ژنەکان، زۆرێک لەپەرلەمانتارانی کوردستان پێیانوایە دیاردەکە شتێکی ئەوتۆ نییە تاوەکو پێویستی بەدەرچوونی یاسایەک هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی. دواجار تەنیا هەر ئەوەندە دەڵێین ئەو چەند راپۆرت وبەدواداچوون وئامارەی لەرۆژنامەکانی کوردستان لەمەڕ خەتەنە بڵاوکراونەتەوە بەسن بۆ ئەوەی بزانین رێژەو قەبارەی ئەو تاوانە چەندەو چۆنیش ژنانیش لێی تووڕەو بێزارن؟.  بەسیشن بۆ ئەوەی لەکوردستان لەرێگەی هەڵمەتێکی نیشتمانی سەرتاسەرییەوەو بەیەکخستنی وزەی رێکخراوەکان وحکومەت کۆتایی بهێنرێت بەپیادەکردنی خەتەنە.
ئەنجامگیریی: ئەوەی لەلای هەموو لایەکمان روونە، خەتەنە جگە لەوەی نەریتێکی کۆن ودواکەوتووانەیە، کۆمەڵێک ئیفرازاتی نێگەتیڤیشی بۆ سەر تاکی خەتەنەکراو هەیە. بەڵام تاکە شتێکی گرنگ لەم نێوەندەدا بریتییە لەسنووردارکردن وهەوڵدان بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە، ئەم کارە چەند میکانیزم ورێگەیەکی خۆی هەیە، لەوانەیە دوو لەگرنگترینیان لەم دوو میکانیزمەدا خۆیان ببیننەوە:
لایەنی یاسایی: پێویستە دەوڵەت ودەسەڵاتی یاسادانان لەرێگەی تێکستێکی یاسایی روون وئاشکراوە هەم خەتەنە قەدەغە بکات، هەم سزای یاسایی "ماددیی ومەعنەویی" بۆ سەرپێچیکاران دابنێت. ئەم یاسایە بەفۆرمێک دابڕێژرێت هەموو بڕگەو لایەنەکانی ئاشکرابن وهیچ لوغزێکیان تێدا نەبێت، بەمەش یاسا دەبێتە هۆیەکی بنەڕەتیی بۆ پاراستنی تاک لەتوندوتیژیی کرداری خەتەنە.
لایەنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی: ئەم رێگایە بریتییە لەهۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵ ودامەزراوەی خێزان، تا نەبنە هۆکاری خەتەنەکردنی منداڵەکانیان. ئەم رێگەیەش خۆی لەخۆیدا بەهۆی چەند میکانیزمێکی ترەوە دێتەدی، لەوانە: بوونی سیستمێکی پەروەردەیی مودێرن وشارستانی و لیبراڵ، پاڵپشتێکی میدیایی کارا، ریفۆرمی کۆمەڵایەتی وئاینیی و…هتد. ئەم رێگەیە وادەکات فەزایەکی وەها بێتەدی، لەپێش دامودەزگاکانی میرییەوە خودی خێزانەکان رێگریی بکەن لەخەتەنەکردنی منداڵەکانیان "بەتایبەتی منداڵە کچەکانیان". بێگومان رێگەو میکانیزمی تریش هەن بۆ رووبەرووبوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە،بەڵام ئەو دوو لایەن و میکانیزمەی لەسەرەوە باسکران، لەگرنگترین وکاراترین رێگەو ئامڕازەکانی رێگەگرتنن لەئەنجامدانی ئەو کردارە، خۆ ئەگەر هاتوو ئەو دوو میکانیزمە لەشوێنی خۆیاندا بەکارهێنران هەرگیز دیاردەیەک لەکۆمەڵدا نامێنێت ناوی خەتەنە بێت.

سەرچاوە وپەڕاوێزەکان:
1- گۆڤاری (دەنگێ) ژمارە "2" تەمووزی 1996 ، لاپەڕە 127.
2- د.روئیا تلووعی "هەرگیز لەژن بوونم پەشیمان نیم" چاپی یەکەم – 2006، لاپەڕە 146. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.
3- www.xozga.com
4- گۆڤاری (دەنگێ) ژمارە "1" ئازاری 1996 ، لاپەڕە 84.
5- زاریا عومەر "کورتە باسێک لەمەڕ خەتەنەکردنی ئافرەتان"، گۆڤاری "هزری نوێ" ژمارە"3" نیسانی 1999.
6- ئاواز عەبدوڵڵا – سۆران – مهاباد حەمەرەزا "ئازارەکانی من" لاپەڕە 17، چاپی یەکەم – 2006 لەبڵاوکراوەکانی یەکێتی ژنانی کوردستان.
7- زاریا عومەر- هەمان سەرچاوە.
8- هەفتەنامەی "رووداو" ژمارە "24" دووشەممە 1592008 ، لاپەڕە 12.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.