Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
تویتەر لە سعودیە  …      ڕزگار عومەر

تویتەر لە سعودیە … ڕزگار عومەر

Closed

 

 

 

     لە نیوەی دووەمی ساڵی 2012 دا ، بەڕێوەبەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایانگەیاند کە زیاد بوونی بەکاربەرانی تویتەر لە ووڵاتی سعودیە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەڕێژەی 3000% زیادی کردووە . بڵاوکردنەوە لە تویتەر کە بە ” جریوە ” ناو دەبرێ  لە گەڵ ئەم زیاد بوونەی بەکاربەران گەیشتە 50 ملیۆن جریوە ! ئەوەی جێگای سەرنجیش بوو لە 48% بەکاربەران ئافرەتن . ئەم دیاردەیە پەیوەندیەکی بە تینی بە بارودۆخی سیاسی وکۆمەڵایەتی ئەم ووڵاتە هەیەو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی فەیسبوک وتویتەر و ئینتەرنێت بەگشتی بوونەتە ئامرازێک و مەیدانێکی گەورەی بەرامبەرکێ سیستەمی حوکم و هاوڵاتیان .

     ئەم زیاد بوونە دەرگای جیاوازی کردۆتەو بەرەو ڕووی پێکهاتەو بەرژەوەندە جیاوازەکان . بۆ نموونە بۆ بزنسمانێکی وەکو ( ئەمیر بن طەلال ) کە یەکێکە لە ئەمیرەکانی خانەوادەی مەلەکی ئەم زیاد بوونە بە لۆژیکی بزنس مامەڵەی لەگەڵ دەکاو لەیەکەم هەنگاودا بایی 300 ملیۆن دۆلار پشک لە تویتەر دەکڕێتەوە ، بە پێچەوانەی ئەمەش لایەکی هاوڵاتیانی سعودیە کە خوازیاری ڕیفۆرم وگۆڕانن لە ژیانی سیاسی  و کۆمەڵایەتی بە تایبەتی لە پەیوەند بە- ئازادی گشتی وتایبەتی- تویتەر بەکاردێنن بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی وهاوهەڵوێستی بەرامبەر حکومەت دام ودەزگا توندڕەوە ئاینیەکان کە بەشێکن لە سیستەمی حوکم . 

لە بەرامبەردا لایەکیتری کۆنەپارێزی توندڕەوی ئاینی و لایەنگرانی حکومەت ڕوویان لە توێتەر کردووەو ڕۆژانە هەزاران ئەکاونت زیاد دەبێ و شەڕەکە  گەرمتر دەبێت . زۆربەی لایەنگرانی حکومەت کە ئەکاونت دەکەنەوە وێنەی خۆیان دانانێن ، تایبەتمەندی تویتەریش بە جۆرێکە ئەگەر وێنە دانەنێیت بۆ ئەکاونتەکەت ئەوا لە شوێنیدا وێنەی هێلکەیەک جێگیر دەبێ ! بۆیە گاڵتەیەکی باوی خەڵک دژ بەم ئەکاونتانەی لایەنگرانی دەسەڵات ئەوەیە کە ناویان لێ ناون ” هێلکەکانی حکومەت ”  .

 

     چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ئازادیە گشتیەکان ، بە تایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی سعودیە ژیان بەسەر دەبەن ،  دیدێکی مۆدێرنیان هەیە بۆ ڕەخنە لە سیستەمی حوکم  لەو بڕوایەن کە کە حکومەت و کۆمەڵگەی سعودی شکستی هێناوەو لە دیاری کردنی فۆرمێک و چوارچێوەیەک بۆ ژیان . هێزە  دینیەکانی ئەوێ  دابەش بووە بۆ سەر دووبەرە ، بەرەیەکیان بەشێکە لە سیستەمی حوکمڕانی و بەشەکەیتریشی لە قاعیدە نزیکەو پێوایە سیستەمی حکومەت بە ئەندازەی پێویست شەریعەو ئیسلام جێ بەجێ ناکا ! ئەم بەرەیە واتە ئەوەی کە ئایدیۆلۆژی قاعیدەیە  لە هەشتاکان دەستکردی خودی دەولەت بوون کە وەکو موجاهید ڕەوانەی ئەفغانستانی دەکردن ، ئەمە بناغەیەکی بۆ هەمیشە بەرهەمهێنانەوەی توندڕەوی دروست کرد کە هەر لە نێو وڵاتدا دەمێننەوەو بە دڵنیایی دەیانەوێ کۆمەڵگە بە ئارەزوی ئەوان بەڕێوە بچێ . هەردوو بەرەی دینی چ حکومی چ ناحکومیەکە تەنیا لەیەک شت هاوبەشن کە ئەویش وەستانەوە بەرەو ڕووی ڕیفۆرم و باڵی گۆڕانخوازی کۆمەڵگە . 

 

     زوو یان درەنگ سعودیە قەیرانەکانی قوڵتر دەبێ ، کە تەنیا پەیوەست نیە بە ناوخۆ بەڵکو بوعدی نێو دەوڵەتیشی هەیە . لەباری مێژویەوە ڕۆڵی پێویست بوونی ڕۆژئاواو ئەمریکا بەم جۆرە لە ڕژێمی سیاسی کاڵتر بۆتەوە ، هەروەکو چۆن لەم ڕۆژانە چەند دەنگێک لە نێو کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا دەکەن ئەمریکا چاو بە پەیوەندیەکانی بخشێنێتەوە لە گەڵ دەوڵەتی قەتەریش . باڵی ڕیفۆرم و دروست کردنی کۆمەڵگایەکی مۆدێرن لە سعودیە لەبەرامبەر کۆنەپارێزی توندڕەویدا هێشتا دەنگێکە ناتوانێ شەڕەکە لە دونیای مەعنەوی تویتر بگوازێتەوە بۆ سەرجادەو مەیدانەکان . بەڵام  ، بە دڵنیایی لە نێو تویتەر براوەن و ” هێلکەکانی حکومەت ” ئەوەندەیان نەماوە بۆگەن بن  .

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.