Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
تویوتا …فەڕۆخ نێعمەتپوور

تویوتا …فەڕۆخ نێعمەتپوور

Closed
by July 4, 2013 چیرۆک

 

 

 

 

دوکانەکەی لە دەرەوەی شار بوو. لە چۆڵەوانییەکی پشتی ئەو گردەی، شاری لە بەشی گەرمێن جیادەکردەوە. لەوێ دادەنیشت و چاوەڕوانی مشتری دەکرد. پشت لە گەرمێن و روو لە باکوور. هەمیشەیش مشتری هەبوو. ئەوەندە زۆر بوون کە میکانیکەکانی ناو شار بەخیلیان پێدەبرد. ئەم بۆ خۆی دەیگوت بە ناو شار و دەرەوەی شار نیە، بە ژاپۆنە! ژاپۆن گەر پێی خۆش بێت لە هەر شوێنێک بیت، رزقی خۆی هەر دەگەیەنێت. بەڵام خەڵک گاڵتەیان بەم قسەیە دەهات. ئەوان پێیان وابوو مشتری زۆرە، چونکە زۆر هەرزانتر سەیارەکانی چاک دەکرد. ئەوەندە هەرزان کە ناوبانگی دەرکردبوو و خەڵکێکی زۆریش ئیتر روویان تێدەکرد.

لە دونیادا ئاشقی ماشینی ژاپۆنی بوو. نەک تەنیا سەیارەی ژاپۆنی لێدەخوڕی، بەڵکوو حەوشەکەی پشتەوەی دووکانەکەیشی پڕی سەیارەی وڵاتی چاوبچووکەکان کردبوو. دەیکڕین و دووای کەمێک دەست پیاهێنانیان، دەیفرۆشتنەوە. ئەوەندە ئاشقی سەیارەی ژاپۆنی بوو کە ناوی دووکانەکەی نابوو “ژاپۆن”. 

بەڵام ئەم ئەشقە هەر بەمە رانەوەستابوو. سێ منداڵی کچی هەبوو کە بە ریز ناوی نابوون “تویوتا”، “نیسان” و “مەزدا”. دەیگوت لە راستیدا ئەم ناوانە کوردین و ژاپۆنییەکان دزیویانن. دەیگوت تویوتا لە راستیدا هەمان “تۆی و تۆی” کوردییە، نیسان هەمان “نیەسمان” و مەزدایش هەمان “مەزە”یە! کاتێ لە چاخانە لە دووای کار دادەنیشت و هاوڕێیەکانی لێی کۆدەبوونەوە، بە وردی بۆ هەزارەمین جار باسی سەرچاوەکانی ئەم وشانەی دەکرد. ماندوو نەدەبوو. دەیگوت:

ـ “تۆی و تۆی” بە واتای ئەوەیە کە تەنیا هەر تۆی و بەس، تەنیا تۆ لە دونیادا هەی. ئەمەیش بە جۆرێک لە جۆرەکان لە قورئانەوە هاتووە. “مەزە” یش بۆ خۆی دیارە، دووای شتی تاڵ دەخورێ. خۆشترین بەلەزەتترین خواردنی دونیایش خواردنی دووای شتی تاڵە. “نیەسمان”یش هەر هەمان نیەسمانە، چونکە لەوە باشترمان نیە! ئەوسا بزەیەک دەنیشتە سەر لێوەکانی و درێژەی دەدا و دەیگوت: “هەندێک کەس لە خۆوە گاڵتە بە لەهجەی سنەیی دەکەن!”

تەواوی خەڵکی شار ئیدی ئەم حیکایەتەیان لە بەر بوو، بەڵام تەنیا شتێک هێشتا بێ وەڵام مابوویەوە ئەوە بوو کە ئەم وشە کوردییانە چلۆن لە هەموو ئەو دەریایانەوە تێپەڕیبوون و روویان لە وڵاتی ژاپۆن کردبوو. کاکی میکانیکیش وەڵامێکی ئەۆتۆی پێ نەبوو. کاتێک لێیان دەپرسییەوە ، چاوەکانی وەک چاوی ژاپۆنییەکان بچووک دەکردەوەو دووای ماوەیەک دەیگوت:

ـ وشە دەنگە و دەنگیش کەس نازانێ چی لێبەسەردێت! جاری وایە “با” لە گەڵ خۆی دەیبا، جاری وایە ئەو گوێیانەی بە رێکەوت گوێیان لێبووە و جاری وایشە بۆ خۆی دەڕوا، ئا، بۆ خۆی دەڕوا. هەندێ وشە وەک بنیادەمن، زۆریان حەز بە سەفەرە!

ساڵان تێپەڕین و تویوتا و نیسان و مەزدا گەورە بوون و بوونە گەورەکچی جوان و سەرنجڕاکێش. یەک لە یەکتر جوانتر. ئەم، خەنی و رازیی لە جوانیی کچەکانی، پێی وابوو رازێکی گەورە لە نێوان جوانی ئەوان و ناوەکانیاندا هەیە. لە خۆباییانە بە شەو لە بەر پەنجەرەکەدا دادەنیشت و لە کاتێکدا جگەرەی بە با دەکرد و لە رۆژئاوای شاری دەڕوانی، لە دڵی خۆیدا سوپاسی ژاپۆنی دەکرد. ئەو لە مێژ بوو بەو ئاکام و بۆچوونە گەیشتبوو کە هەتا چاو بچووکتر بێت، مرۆڤ زیرەکترە. بەڵگەیشی ئەوە بوو مرۆڤ لە کاتی بیرکردنەوەدا چاوەکانی بچووک دەکاتەوە، جا وەرە و هەر لە ئەزەلەوە و لە کاتی لە دایکبوونەوە مرۆڤ چاوەکانی بچووک بن! لای ئەو خەڵکی ژاپۆن هەمیشە خەریکی بیرکردنەوە بوون. لە خۆوە نەبووە توانیبوویان ئەم سێ مودێلە لە ماشین دروست بکەن، وەها کە تەواوی دونیا دابگرن.

ئێوارەیەکیان دووای نانی شەو لە دەرگایان دا. دوو پیاو هاتنە ژوورەوە. دوو میوان. ئەم دەیناسین. خەڵکی گەڕەکی پشت جادە بوون. ئەو گەڕەکەی زۆربەیان خاوەن سەیارەی ژاپۆنی بوون و هەر وەک ئەم لە ناو ماڵەکانیاندا سەر تاقچەکانیان پڕی ئەو وێنانە بوون کە تیایاندا مرۆڤ و ماشینی ژاپۆنی، ئاشقانە دەست لە ملانی یەکتری بوون! دوو پیاوی تەمەن گەڕاوە کە یەکیان وەک خۆی خاوەنی دووکانی چاککردنەوەی ئۆتۆمبیل بوو، بەڵام نەک ئۆتۆمبیلی ژاپۆنی. بە خێرهاتنی کردن. دانیشتن. چای هات و قسە و باسەکان دەستپێکرا و تەشەنەیان سەند:

ـ بە خێر بێن یاخوا!

ـ زۆر مەمنون خاڵۆ گیان، ماڵت ئاوا بێت!

ـ یاخوا بەخێر بێن! کار و ژیان چۆن دەڕوا، خۆ شوکور سەلامەتن؟

ـ لە سایەی سەری تۆ و رەحمەتی خوا خراپ نیە، دەگوزەرێ.

ـ وەڵڵا بە من بێ، گەر من سەرۆک حکومەت بم، ناهێڵم لە سەیارەی ژاپۆنی چییە زیاتر روو لەم وڵاتە بکا، جا تو خوا حەیف نیە ئەو هەموو پارە دەدرێ بەو سەیارانەی پاش ماوەیەک وەک داشقەیان لێدێت؟

ـ ئەشەمیلا وایە (ئەوی تریان بە لەپی دەست لە لا ملی خۆی دا. شەققەکەی وەها هات، ژنەکەی کە خەریکی چای تێکردنی دووبارە بوو، ترساو لایکردەوە)، ئەرێوەڵڵا بە حەق وایە. بەڵام چی دەکەی، دونیا پڕی خەڵکی نەزانە.

ـ هەر نەزان؟ کوڕە گێلیش. نەزانی چارە سەر دەکرێ، بەڵام گێلی نا. گێلی زگماگە!

ئەو میوانەی وا وەڵامی دەدایەوە، لە نێواندا بە چەند ئحمێکی یەک لە دووای یەک، هەوڵیدا قوڕگی ساف کا و سەری باسێکی تر بکاتەوە، بەڵام مەگەر خاوەن ماڵ دەرفەتی دەدا. بۆ چەندمین جار دەستێکی بە سمێڵەکانیدا هێنا و سەرئەنجام مەودایەکی بەگرهێنا و گوتی:

ـ هاتووینەتە خزمەتت هەتا…

ـ بە راستمە کاکە! گەر خەڵکی بزانن ماشینی ژاپۆنی چ نیعمەتێکە، دەچن بەر دەرگای حکومەت دەگرن و بە سەریاندا دەسەپێنن. ئۆتۆمبیل، بەس ژاپۆنی! بەس و بەس. ئەم وڵاتە بەس دەبێ ئەوانی تیابن (لێرەدا سەری تەواو بەرز کردەوەو گەردنی راکێشا)، بەڵکوو خوا رەحم کا و بەرە بەرە بە هۆی رەحمەتی سەیارەکانییانەوە چاوەکانی ئێمەیش بچووک بکاتەوە و ئیتر ئەم میللەتە رزگاری بێت!

ـ هاتووینەتە خزمەتت تا لە حوزوری جەنابتدا ئەو جەسارەتە بە خۆمان بدەین باس لە خزمەتکارێکی خۆت بکەین کە حەزی بە نۆکەریی جەنابتە و…

ـ خۆ گاڵتە نییە، بەس بەنزینی تێکە و تەواو، وەک کێچ دەفڕێ. نە گەرم دەکا و نە رۆنیشی کەم دەکا. بەس پێی پیانێ! لە کۆنەوە وتوویانە سەیارەی ژاپۆنی و سێ شت… رۆن و بەنزین و ئاو. ئەم سیانەی هەبێ، ئیتر هیچی تری ناوێ. تەنیا ئەم سیانە!

ـ خوا ژیان و کەس و کارت بپارێزێ. یاخوا سەلامەت بیت. عەرزم کردیت هاتووینەتە خزمەتت تا باس لە تویوتا بکەین. گەر جەنابت ئیزنت لە سەر بێت نۆکەرێکی تۆمان هەیە و بە خزمەتکاری خۆتی قەبوڵ بفەرمووی و تویوتای بدەیتێ!

ئەم کە دووا قومی لە چەندمین چایی ئەو شەوە دەدا، بە پەلە دەستی بۆ جگەرەی سەر تەپڵەکەکە درێژ کرد، مژێکی قوڵی لێدا و ئەوجا زۆر خێرا گوتی:

ـ بە تایبەت تویوتا، ئا تویوتا. ئەوانی تریش هەر زۆر چاکن، بەڵام تویوتا شتێکی ترە. پاشای هەموویانە. ئافەرین بۆ کوڕت! وەک وتم تەنیا بەنزینیان تێبکە. تویوتا جاری وایە بەنزینیشی ناوێ. وەڵلاهی جارێکیان لە گوندێک دەهاتمەوە. لە نیوەی رێ بەنزینم لێبڕا. نیوەڕۆیەکی یەکجار گەرم بوو. ناو جەرگەی هاوین. سەیارە چییە بە دەرەوە نەبوو. تا چاو کاری دەکرد هیچ زیندەوەرێک نەدەبینرا. دەزانی چیم کرد؟ ئا (لێرەدا دەنگی نەوی کردەوە و بە لاچاو سەیرێکی ژنەکەی کرد کە خەرێکی خاوێن کردنەوەی دەوری سەماوەرەکە بوو)، میزم تێکرد کاکە، میز! دەزانی بۆ خۆیشم باوەڕم نەدەکرد، بەڵام گرتی. من لە رقا وام کرد، کەچی سەیارەکە لێم تێگەیشت. کاکە، لێشت تێدەگەن! گاڵتە نیە نی، چاو چکولە دروستی کردووە. ئیتر سویچم لێدا و ئیتر گەیاندمییە شار. کاک خۆ لە خۆوە نیە من ئەوەندە باسی سەیارەی ژاپۆنی دەکەم… حەتمەن دڵی چووەتە ئەو تویوتا سورەی کە لە حەوشەکەی پشتەوە دامناوە. ئا، لە مێژە لەوێیە. عەیبی نیە، تەنیا ئەوەندە نەبێ زۆر لەوێ ماوەتەوە!

دوو میوانەکە سەیری یەکتریان کرد. ئەوەی وا قسەی دەکرد، سەرلەنوێ بە چەند کۆکەیەک هەوڵیدا قوڕگی دیسان ساف بکاتەوە. ئەوسا گوتی:

ـ سەیارەی ژاپۆنی لە جێی خۆی. جەنابت چ دەفەرمووی هەر وایە. هەر خوا خۆی دەزانێ ئەمانە چۆن تووانیویانە شتی وا دروست بکەن،…

ـ جا قوربان بە سەرچاو! سبەی بینێرە با چاوی پێ بکەوێ. لە سەر پارەکەیشی دەسازێین. باوەڕ بکە ئەوە یەکەم جارە دووای ئەو هەموو ساڵە سەیارەی ژاپۆنی ئەویش تویوتا لای من بمێنێتەوە. دەزانی شانسیش بۆی هەیە. دەڵێن جاری وایە ژاپۆنییەکانیش هەڵە دەکەن.

ئەو میوانەی وا قسەی دەکرد، سەیرێکی هاوڕێکەی کرد. هەوڵی دا لە قسەوەی گلێنێ. بەڵام بێ سوود بوو. ئەوی تریان وەها لە ناو جیهانی خاوەن ماڵ دا رۆچووبوو کە هێنانە دەرەوەی مەحاڵ بوو. 

ـ سبەی جوان دەستێکی پیا دێنم. خاوێن خاوێنی دەکەمەوە. هەتیوێکم لایە باش شارەزای ئەمەیە. پێی دەڵێم دەورێک سواری بێت. بۆ تاقیکردنەوە مەبەستمە. ئاخر دەزانی پیاو دەبێ ئاگای لە مشتەری بێت. کاکە وەک دەڵێن ماڵی دونیا چڵکی دەستە. دەزانی تەنیا پیاوەتی و پیاوچاکەیی دەمێنێ. ئەوی تری هەموو تڕەهاتە! ئەرێ، دواتر کوڕەکەتان بنێرە. ئەویش دەتوانێ سواری بێت، ئا، سواری بێت. خۆ ناکرێ هەر ئاوا بێ تاقیکردنەوە و سواربوون ماڵ بدەیتە دەست خەڵك. خەڵکی خۆ پارەیان نەدۆزیوەتەوە.

کاکی میوان دیسان لە هاوڕێ واق وڕماو و حەپەساوەکەی رووانییەوە. بۆ یەکەم جار دووای ماوەیەکی زۆر پاڵی دایەوە و، تەسبێحەکەی ناو دەستی چەند جارێک بە پەلە و زۆر بە خێرایی هەڵسوڕاند. چاوەکانی، بە بێ مەبەست و سەرگەردان بە ژوورەکەدا گەڕان. وەک بڵێی بە شوێن فریادڕەسێکدا دەگەڕێ. کەسێک کە لە قسەی تێبگا. چاوی لە سەر ئەو وێنەیەی سەر تاقچەکە راوەستا کە تێیدا کاکی خاوەن ماڵ وەها دەستی خستبووە سەر نیسانێک، وەک بڵێی هاوڕێیەکی خۆی لە کاتی وێنەگرتندا لە ئامێزگرتووە.

ـ پێم وابێ جەنابت بە جوانی…

ـ ئەی چۆن، هەر زۆر بە جوانی دەیانناسم. وەک منداڵی خۆم. وەک ئەو رێگایەی هەموو رۆژێک پیایدا دەچم بۆ کار. گاڵتە نیە کاکە. چونکە کوڕی جەنابیشتە، هەوڵ دەدەم بەو هەتیوە بڵێم جوانتر دەستێکی پیا بێنێ. هەڵبەت لە راستیدا زۆری ناوێ. ژاپۆنییە کاکە ژاپۆنی! بەڵام بۆ ئەوەی کوڕەکەی جەنابت دڵی لێمان نەڕەنجێ و گلەییمان نەیەتەوە سەر، وای دەست پیا دەهێنین کە کاتێک سواری بوو لە خۆشیا شاگەشکە بێت…

کاکی میوان تا دەهات زیاتر سوور هەڵدەگەڕا. ئیستا ئیتر بە پەنجەکانی دەنک دەنکی تەسبێحەکەی ناو دەستی دەگرت و لە کاتێکا ورتەیەکی وەک “استغفراللە” لە لێوەکانییەوە دەهاتە دەر، بەرەو دوواوە بەڕێی دەکردن. بازدانێکی بەرد لە سەر بەرد یاخود بەرد لە دووای بەرد بۆ پەڕینەوە لە ئاوی گوناە و غەفڵەتی عەبد. عەبدێکی کافر کە ئەشقی وڵاتێکی کافر کوێر کوێری کردبوو. 

ـ زۆر چاکە قوربان سبەی دێینە خزمەتتان… کوڕەکەم دەنێرم… ئیستا ئیتر لە خزمەت مەرەخەس دەبین… زۆر سوپاس و داوای لێبوردن کە ئەمشەو کاتمان گرتیت.

هەستایە سەر پێ. هاوڕێکەی نەجووڵا. ئەو هێشتا چاوی هەر لە سەر خاوەن ماڵ بوو. دەنگی دا. هاوڕێکەی راچڵەکا و هەستایە سەرپێ.

ـ نا نا، بینێرە! حەتمەن با بێت، لە خزمەتداین. بەس با دەمەوە نیوەرۆ بێت. بەیانییەکەی زوو وەعدم لە گەڵ دوو کەسی تردا هەیە، بەڵام دوواتر بەخێر بێت. دووکانێ خۆیەتی. دەزانی، من پێم وابێ لێی دەحەسێتەوە. قەت لە بیری ناچێتەوە. کاکە! من چەندین ساڵە سوار تویوتا دەبم. لەوەدا نیە. وەک وتم تەنیا سێ شتی دەوێ… ئاو و …

میوانەکان ئەوەندە بە خێرایی هەناویان هەڵگرت و لە پلیکانەکان سەرەوخواربوونەوە کە لەبەر زرمەی دەنگی پێی خۆیان ئاگایان لە وشەکانی دوواتر نەبوو. کاتێک ئەوان رۆیشتن و ون بوون، کاکی میکانیک رووی کردە ژنەکەی و گوتی:

ـ کچ چۆن بە خوێڕی وا دەدەم. کوڕی ئەم باوکەیە. ئەو باوکەی وا لە دونیادا رقی لە سەیارەی ژاپۆنییە و قەت قسەیەکی خێری بۆ ماشینی ژاپنی بە دەما نەهاتووە!

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.