Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
تۆم و جێری هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی دەكەن

تۆم و جێری هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی دەكەن

Closed
by September 16, 2008 گشتی

 "تۆم" و "جێری" هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی دەكەن
 سەنگەر زراری
 sangarzrary@gmail.com

 پشیلەیەك چەند جارێكە فێربووە خۆی هەڵدەداتە ناو تۆڕەكانی كارەبای پێنجوێن و كارەبای ئەم ناوچەیە دەبڕێت، ئەمە لە هەواڵەكاندا بڵاو كرایەوە، دەبێ چ دەستێكی تێكدەرانە و گێرەشێوێن لەپشت ئەم پشیلانەوە بێت بۆ شێواندنی باری ئەمنی و نەتەوەیی كوردستان؟ كارەبای خەڵك چ رێیەكی لەوان گرتووە؟ باشە كە حكومەت كارەبا دابین بكات بۆچی پشیلە لە هەوڵی تێكدانی بارودۆخەكەدایە؟ خۆ هیچ نەبێ بڕێك رووناكی بەر ئەویش دەكەوێ؟ دە وەرە ئێستا ئەگەر حكومەت ئەو پشیلانە دەسگیر بكات، یاخود پەرژینێك دابنێ بۆ ئەوەی چیتر خۆیان هەڵ نەدەنە ناو تۆڕی كارەباكەوە، ئەوكات هەموو دەڵێن حكومەت دژی ئازادییەكانە و دەیەوێ پشیلەكان كۆتوبەند بكات؟!!
 ماوەیەك بەر لە ئێستاش مشكێك خۆی لە ناو شیری بایعدا حەشاردابوو، ئەی رۆژنامەنووسە زمان درێژەكان لە كوێن؟ بۆ ئەوەندە ئازا نین لەسەر ئەم مشكە ناڕەسەنە بنووسن كە دەیویست ئاسایشی خۆراك لە هەرێمەكەمان تێك بدات؟ خۆ ئەگەر حكومەت كارێكی بكردایە هەموو لەسەری بەدەنگ دەهاتن و دەیانكردە هات و هاوار و قەلەمەكانیان حازر بوو؟!
  تۆ وەرە ئێمە "مشك" و "پشیلە"كانیشمان وەكو هی خەڵك نییە، مشك و پشیلەی دنیا خەریكی دەركردنی ئەفلام كارتۆنی "تۆم" و "جێری"ن و دڵی منداڵان خۆش دەكەن، ئەوانەی ئێمەش خەریكی ئەوەن گەورەكان بێزار دەكەن و ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی خۆراك دەشێوێنن.
 هەر "تۆم" و "جێری" نا، بەڵكو ماوەیەكە زۆربەی ئاژەڵەكان دژی ئێمە كەوتوونەتە كار، وێنەی مارێكی كوژراویان بە بلوتوس بۆ ناردم كە درێژییەكەی بەقەدەر درێژی عەمودێكی كارەبا دەبوو، گوتیان ئەم مارە لە گوندێكی دەوروبەری هەولێر بووە، بێگومان ئەگەر چاونەترسانە و بوێرانە نەیانكوشتبا، چەندین كەسی دەكردە قوربانی.
 ئەو مار و دوپشك و حەشەراتانە.. بەتەواوی خەڵكی دەوروبەری شاریان هەراسان كردووە، برادەرێك كە منداڵی وردیشی هەیە گوتی: هەر لەوماوەیە دوو "مار"م لە ماڵەكەی خۆمدا كوشتووە، خۆ ناڵێن ئەمەش خەتای حكومەتە.
 جگە لەمانە باسی هەندێ ئاژەڵ و حەشەراتیان بۆ كردم كە لەو گوندە دوورەدەستانە پەیدا بوونە، پیاوە بە تەمەنەكانی ئەوێ گوتوویانە لە ژیانماندا ئەو نەوعە حەیوان و حەشەراتانەمان نەدیتییە، خوا پێم نەگرێ دەڵێن ئەمەریكییەكان لەگەڵ خۆیاندا ئەو نەوعە حەیوان و حەشەراتانەیەان هێناوە بۆ ئەوەی بارودۆخی كوردستانی پێ بشێوێنن! بەڵام نەیانگوت بۆ؟ ئەی بۆ ئەمەیان چی دەڵێن؟ ئەمەیان خەتای كێیە؟!
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.