تێكستی پیرۆز‌و ترسی وه‌رگێڕان
پێشه‌كی
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه، ناونیشانه‌كه‌ی بریتییه له: (تێكستی پیرۆز و ترسی وه‌رگێڕان) ده‌یه‌وێت له ده‌وری بابه‌تێك بسووڕێته‌وه و ده‌ستنیشانی ڕه‌وشه‌كه و پهنجهنومای ئه‌و هۆكارانه بكات، كه ئه‌و دۆخه‌یان سازكردووه، دۆخێك كه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ناونیشانی ئه‌م باسه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئاشكرای ده‌كات، یاخود په‌رده له‌سه‌ر ئه‌وه لاده‌دات، كه ئێمه چی ده‌كه‌ینه بابه‌تی ههڤپهڤینو لێره‌دا ده‌كه‌وینه سۆراغی چی، چونكێ كه ده‌ڵێین كتێبی پیرۆز، مه‌به‌سته‌كه‌مان ڕوونه، ئه‌وه‌ی به‌نیازین بیكه‌ینه كه‌ره‌سته‌ی باس، وه‌رگێڕانی تێكستی پیرۆزی موسوڵمانان (قورئان)ه. هۆكاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی بابه‌تی وه‌رنه‌گێڕان یان ترس له وه‌رگێڕانی تێكستی پیرۆزی له زۆر سرووت و نه‌ریتی ئایینی‌دا بۆ سه‌ر زمانی كوردی بۆ گه‌لێك شت ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا به‌گوێره‌ی توانا ده‌مانه‌وێ په‌نجه‌یان بۆ ڕاكێشین.
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه پۆلێنی دوو به‌ش كراوه، لێره‌دا كورته‌یه‌ك له‌سه‌ر هه‌ر یه‌ك له‌م به‌شانه‌ی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه پێشكه‌ش ده‌كه‌ین.
له به‌شی یه‌كه‌مدا له‌ژێر ناونیشانی (تێكستی پیرۆز، پێش كاری وه‌رگێڕان) باس له‌وه ده‌كرێت كه بۆچی تێكستی ئایینی، كاتێك ده‌گاته به‌رده‌ست ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی به زمانی ئه‌و تێكسته ئایینییه قسه ناكه‌ن، هه‌ر به زمانی یه‌كه‌م ده‌مێنیته‌وه و هه‌ر به زمانی خۆی كار له لایه‌نگر و هه‌وادارانی ده‌كات، لێره‌دا سه‌باره‌ت به نه‌ته‌وه‌ی خۆمان، مه‌به‌ستمان له ئایینی ئیسلامه، كه لای ئێمه‌ی كورد زۆربه‌ی زۆری سرووت و نه‌ریته‌كانی وه‌ك (بانگ، نوێژ، شایه‌تومان، یاسین و خوێندنی قورئان و هه‌ندێ جۆر دووعا… هتد) هه‌ر به زمانی عه‌ره‌بی ئه‌نجام ده‌درێن و به زمانی كوردی ئه‌نجام نه‌دراون، لێره‌دا باس له هۆكاری ئه‌م حاڵه‌ته ده‌كرێت، له‌مه‌شه‌وه تیشك ده‌خرێته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له‌به‌رئه‌وه‌ی زمانی قورئان وه‌ك یه‌كه‌مین تێكستی پیرۆزی ئایینی موسوڵمانان، بریتییه له عه‌ره‌بی، بۆیه زمانی عه‌ره‌بی هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر زمانی نه‌ته‌وه موسوڵمانه ناعهرهبهكاندا زاڵ كردوه.
له به‌شی دووه‌مدا له‌ژێر ناونیشانی (تێكستی پیرۆز، دوای كاری وه‌رگێڕان)، باس له پرۆسه‌ی وه‌رگێڕانی قورئان ده‌كرێت، ئه‌وه ڕوون ده‌كرێته‌وه كه بۆچی ماوه‌یه‌كی زۆر و به درێژایی چه‌ندین سه‌ده ئه‌م پرۆسه‌یه ئه‌نجام نه‌دراوه، هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش ده‌كرێت ئێستا سه‌ره‌ڕای وه‌رگێڕانی ئه‌م تێكسته پیرۆزه، به‌ڵام تائێستا هه‌موو مامه‌ڵه و په‌یوه‌ندییه‌كی موسوڵمان له‌گه‌ڵ ئه‌م تێكسته‌دا هه‌ر به زمانی یه‌كه‌مه، خوێندنی قورئان له هه‌موو بۆنه‌و مه‌راسیمه جۆراوجۆره‌كاندا هه‌ر به زمانی عه‌ره‌بییه و بانگ و نوێژ و شایه‌تومان و هه‌ندێ جۆر دووعا، به هه‌مان شێوه هه‌ر وه‌رناگێڕدرێن، له‌مه‌شه‌وه ئه‌وه‌ی شوێنی جه‌ختكردنه‌وه‌ی زیاتره ئه‌وه‌یه، كه ئایا وه‌رگێڕانی تێكستی پیرۆز چۆنه؟ ئه‌م تێكسته پیرۆزه چی به‌سه‌ر دێ دوای وه‌رگێڕان و توانای وه‌رگێڕ له‌م كاره‌دا چه‌نده و…هتد، هه‌روه‌ها باس له‌و دۆخه ده‌روونییه ده‌كرێت كه خوێندنه‌وه‌ی قورئان به زمانی یه‌كه‌م دروستی ده‌كا و له زمانی دووه‌مدا ئه‌و سیحره‌ی نامێنێت.
به‌هیوای ئه‌وه‌ین، له‌م نووسینه‌دا، هزر و بیركردنه‌وه به‌باشی كاری خۆیان كردبێت و بابه‌ته‌كه‌ش بابه‌تێكی ئامانجدار و پێویست و هزر به‌رهه‌مهێن بێت.
تێكستی پیرۆز‌و ترسی وه‌رگێڕان
وه‌ك ڕاستییه‌كی گه‌لێك ساده، سه‌ره‌تای ئه‌م باسه ده‌بێت ئه‌وه بڵێم، له‌نێو كولتووری ئێمه و كولتووری سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگا موسوڵمانه‌كان و ئه‌و گه‌لانه‌ی هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی ئایینی ئیسلامن، كتێبی پیرۆزی موسوڵمانان، یاخود قورئان، ئه‌و كتێبه‌یه كه پیرۆزییه‌كه‌ی به گه‌لێك شێوه و له چه‌ندین ڕووه‌وه ئه‌فسووناویمان ده‌كات. سه‌رچاوه‌گه‌لی ئایینیی وا له‌م كتێبه ده‌دوێن، كه (قورئانی پیرۆز، گوتاری زاتی خواوه‌ندی مه‌زنه، كه له یه‌ك كاتدا ئه‌زه‌ل و ئه‌به‌د و سه‌رجه‌م ڕاستییه‌كان ده‌بینێت. س4، ل204) وه‌ها ته‌ماشای ئه‌م كتێبه ده‌كرێت، گه‌ر به بێ ڕێز ته‌ماشای بكه‌ین، یان به چاوێكی بێ قهدرانهوه لێی بڕوانین، یان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به خراپ ناومان هێنا و به ناڕاست و درۆ سوێندمان پێ خوارد، ئه‌وا هیچ دوور نییه، هه‌روه‌ك چۆن لایان وایه له ڕابردووش‌دا زۆرجار شتی وه‌ها ڕووی داوه، كاره‌ساتێك ڕوو بدات یاخود ئه‌و كه‌سه‌ی وه‌ها مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵا قورئاندا كردوه و به‌و چه‌شنه ڕه‌فتاری نواندووه، به‌ڵایه‌كی به‌سه‌ردا بێت و تووشی نه‌هامه‌تی و ڕۆژ ڕهشییهك بێت، یاخود وه‌ك ده‌ڵێن قورئان بیگرێت. ئه‌م كتێبه نه‌ك هه‌ر به سه‌رچاوه‌ی هه‌موو زانست و په‌روه‌رده و ڕه‌وشتی جوان و هه‌موو شتێكی په‌سند و… هتد ده‌زانرێت و داده‌نرێت، به‌ڵكو وه‌ك ده‌ڵێن (هه‌موو شتێك له قورئاندا هه‌یه، به‌ڵام هه‌موو كه‌سێك ناتوانێت هه‌موو شتێكی تێدا ده‌ربهێنێت، چونكه وێنه و شێوه‌ی شتان له قورئانی پیرۆزدا جیاجیا و جۆراوجۆر ده‌رده‌كه‌ون. س4، ل353). یان ده‌ڵێن (قورئان سه‌رگوزشته‌ی ئه‌زه‌لیی كتێبی مه‌زنی گه‌ردوون و ته‌رجومانی ئه‌به‌دیی ئه‌و زمانه جۆربه‌جۆرانه‌ی بوونه‌وه‌رانه، كه ئایاته تهكوینییهكان ده‌خوێننه‌وه، موفه‌سیری كتێبی هه‌ردوو جیهانی په‌نهان و ئاشكرایه، زمانی جیهانی په‌نهان (غیب)ه له جیهانی بینراودا (شهاده)دا. س4، ل 538). ئه‌گه‌رچی ئه‌و (قورئان) ته‌نها وه‌ك موعجیزه‌یه‌كی زمانی خۆیمان بۆ ده‌رده‌خا و ناسنامه‌ی خۆیمان پێشكه‌ش ده‌كات، به‌ڵام له‌نێو فه‌زای كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژی و ئه‌قڵیی ئێمه‌دا به درككردن و د‌رك نه‌كردن به‌م شێوه موعجیزه‌یه و به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانرێ چۆن و بۆچی و به چ پێوه‌رێك موعجیزه‌یه‌كی زمانییه و چۆن ئه‌م ناسنامه‌یه‌ی خۆی ده‌سه‌لمێنێت، كه‌چی پێشبینی و چاوه‌ڕوانیی گه‌لێك شێوه‌ی جیاجیای موعجیزه‌ی دیكه‌ی لێ ده‌كرێ، بێجگه له‌مه‌ش قورئانی پیرۆز به سه‌رچاوه‌ی كۆمه‌ڵێك ئیعجازی تر داده‌نرێت له‌وانه: په‌ی بردن به‌زۆر هه‌واڵی نادیار و رووداوی جارێ ڕوونه‌داو و نه‌هاتوو بردووه و به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر باسی كردوون، هه‌روه‌ها په‌ی به لایه‌نی ناڕوون و په‌نهانی ناخی مرۆڤ و نهێنیی گه‌ردوون بردووه. ئه‌م كتێبه چیرۆك و سه‌رگوزه‌شته‌ی پێغه‌مبه‌رانی پێشووی، به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست و دروست گێڕاوه‌ته‌وه و خه‌ڵكی له ژیاننامه‌و به‌سه‌رهاتیان ئاگادار كردۆته‌وه. هه‌روه‌ها باوه‌ڕداران پێیان وایه شێوازی ڕه‌وانبێژیی تێكستی قورئان، له پله‌یه‌كی بێ هاوتادایه، شتێكی تریش كه هه‌میشه وه‌ك ئیعجازی قورئان باسی لێوه ده‌كرێت ئه‌وه‌یه، كه هیچ كه‌س ناتوانێت له‌وێنه‌ی ئه‌م قورئانه بهێنێت یان دابنێت، یان بیڵێ و بینووسێت، وه‌ك له ئایاتی (88)ی سووره‌تی (الاسرا‌و)دا هاتوه: (لایأتون بمپله ولو كان بعچهم لبعچ ڤه‌یرا، ناتوانن وێنه‌ی ئه‌م قورئانه بهێنن، ئه‌گه‌ر هه‌ندێكیشتان پشتیوانیی ئه‌وانی ترتان بن.)
لای موسوڵمانان، قورئان ته‌نها ڕێبه‌رێكی لێزان و زیره‌ك نییه بۆ ده‌ستگرتنی مرۆڤ له نێو جه‌نگه‌ڵا و ساراكانی ژیاندا، به‌ڵكو به‌رجه‌سته‌ترین و باڵاترین و سه‌روه‌رترین مۆدێل و شێوازی هۆشیاریی و ئهقڵیشه، كه به‌رده‌وام ده‌بێت هۆشیاریی مرۆڤ و ئه‌قڵی مرۆڤ له‌به‌رده‌م ماناكانی ئه‌ودا له‌نگه‌ر بگرێ و له‌ژێر سێبه‌ری ئه‌ودا درێژه به ژیان بدات. موسوڵمان، قورئانی به سازگارترین كانی بیركردنه‌وه زانیوه و ده‌زانێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه هه‌میشه ده‌بێت بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌وێوه ته‌ڕ و پاراو بێت و به ئاوی ڕه‌وان و موباره‌كی ئه‌و تینوێتیی خۆی بشكێنێ.
قه‌باره‌ی ئه‌ستوور و پڕ سامی ئه‌م كتێبه، شێوازی تایبه‌ت له خه‌ت و پۆلێنكارییهكهی، كڵێشه‌ی به‌رگه جوان و بهههیبهتهكهی و هاوكات هونه‌ركاریی لاپه‌ڕه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر و به ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر، موسوڵمانی سه‌رسام كردوه، له‌ولاشه‌وه جیاوازیی خوێندنه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵا خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر كتێبێكی دیكه‌دا جۆره واقوڕمانێكی تره و فه‌زای سایكۆلۆژیی ئه‌م موسوڵمانه‌ی له به‌رامبه‌ریدا گۆڕیوه. كتێبی پیرۆز (قورئان) له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا كتێبێكی دیاره و تاكی سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی كه‌نتۆر و سه‌رتاق و ڕه‌فه‌ی ماڵان و ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌ستی منداڵا نایگه‌نێ كراونه‌ته جێگه‌ی شیاوی ئه‌م كتێبه، تا به هیچ جۆرێك هیچ زیانێكی پێ نه‌گات و دووربێت له هه‌موو ده‌ستتێوه‌ردانێكی ناشایسته. له‌وه‌ته‌ی باوه‌ڕدانی ئه‌م كتێبه په‌یدابوون، ڕۆژانه و له زۆربه‌ی كاروباره‌كانی ژیانی مرۆڤدا به‌رده‌وام سوێند به‌م كتێبه خوراوه و ته‌نها دهستپیادانێك به به‌رگه‌كه‌یدا بهسبووه بۆ دڵنیابوون له كه‌سی سوێندخۆر و ڕاستگۆیهتیی ئه‌و و باوه‌ڕپێكردنی. قورئان له نێو بهرماڵا و ئه‌و پارچه قوماشانه‌ی حاجییه‌كان له حه‌ج ده‌یانهێنایه‌وه به‌ڕێزه‌وه هه‌ڵگیراوه، یاخود به په‌ڕۆی سه‌ر شه‌خس و موشایهخان ئه‌م كتێبه پێچراوه و به‌مه‌ش هێنده‌ی دیكه ترس و بیمی مرۆڤی ئێمه‌ی پێ زیاد كردوه و ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی زیاتر له‌لا چه‌سپاندوون كه به‌بێ ده‌ستی به ده‌ستنوێژ نه‌توانن توخنی ئه‌م كتێبه بكه‌ون و به‌بێ كه‌شێكی لێوان‌لێو له‌و په‌ڕی ئارامی و له‌سه‌رخۆیی و به‌بێ ماچكردنی به‌رگی ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار تۆزاوی و نوساندنی به ته‌ختی نێوچه‌وانه‌وه نه‌توانن ده‌ستی بۆ ببه‌ن و په‌ڕه‌كانی هه‌ڵبده‌نه‌وه و وشه‌یه‌كی لـێ بخوێننه‌وه. هه‌ڵسوكه‌وت و بیركردنه‌وه و نیگای قورئانخوێنانیش له‌م كتێبه پیرۆزه وه‌ها بووه كه سه‌رچاوه‌یه‌كی ئایینی بۆمان ڕوون ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: (پێویسته له سه‌ره‌تاوه ده‌ستمان به‌ده‌ستنوێژه‌وه بێ و جلوبه‌رگمان نوێژیی و پاك و خاوێن بێت، هه‌روه‌ها به دڵا و هۆشێكی خاوێن و بێگه‌رده‌وه له قورئان بچینه پێشه‌وه. هه‌ڵوێستمان وه‌ك هه‌ڵوێستی به‌نده‌یه‌كی دڵسۆز وا بێت، كه نامه و په‌یامی خوای په‌روه‌ردگاری ده‌خوێنێته‌وه، یان جوانتر وه‌ك سه‌ربازێكی باوه‌ڕداری گوێڕایهڵاو به‌هێز و گورجوگۆڵا وا بین كه بهلاغات و فه‌رمانه سه‌ربازی و سیاسییه‌كانی سه‌ركرده‌كه‌ی ده‌خوێنێته‌وه و په‌له‌ی ئه‌وه‌یه‌تی زووتر كۆتایی پێ بێت و بچێت په‌یڕه‌وی بكات، ئینجا كه به ده‌ستنوێژه‌وه هاتیته پێش، با ڕوو به قیبله دانیشی چاو و ئه‌ندامه‌كانی ترت به‌ملاولادا نه‌گێڕی. س6، ل11)
بۆ ئه‌وه‌ی زۆر درێژه نه‌ده‌ین به شوێن و كاریگه‌ریی ئه‌م كتێبه له نێو دونیای ئێمه و ژیانی ئێمه‌دا، بۆ ڕوون كردنه‌وه‌ی قسه‌كانم، به‌بێ هیچ زیادهڕهوییكردنێك ده‌ڵێم ئه‌م كتێبه له زۆربه‌ی زۆری جموجوڵه كۆمه‌ڵایه‌تیی و مرۆڤایه‌تییه‌كانی ئێمه‌دا كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌بووه و تیشكی بڕیار و فرمانه‌كانی كه‌وتۆته سه‌ر سیستمه حقوقییهكانهوه و ئه‌خلاق و به‌ها و بیركردنه‌وه‌كانی ئێمه سیستماتیزه كردوه، زۆرتر له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه گشتی و به‌ربڵاوه ناڕۆین، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی ئێمه‌یه و لێره‌دا ده‌مانه‌وێت قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین ئه‌وه‌یه، كه وه‌ك ده‌زانین زمانی ئه‌م كتێبه زمانێكی دیاریكراوه و زمانی ئێمه نییه، به‌بێ زانینی ئه‌و زمانه‌ی كه كتێبه‌كه‌ی پێ نووسراوه‌ته‌وه، تێگه‌یشتن و شاره‌زابوون و سهوداكردنێكی زۆر كه‌میش له‌گه‌ڵا گه‌وهه‌ر و ناوه‌رۆكی ئه‌م كتێبه‌دا كارێكی مه‌حاڵه و گه‌ر هه‌رچیش بكرێت و هه‌رچۆنێك كاری له‌گه‌ڵدا بكرێت، هه‌ر پڕ هه‌ڵه و پڕ كه‌موكوڕی ده‌بێت. لێره‌وه گرینگیی كاری وه‌رگێڕان و بایه‌خی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م تێكسته له زمانه بنچینهكهوه بۆ زمانێكی دیكه ده‌رده‌كه‌وێ و وه‌ك پێویستییه‌ك خۆی ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵام پێش هه‌ر شتێك ده‌بێ بپرسین: ئاخۆ وه‌رگێڕانی كتێبی پیرۆز (قورئان) بۆسه‌ر زمانێكی دیكه، هێنده‌ی هه‌ر كتێبێكی ئاسایی دیكه كه له زمانێكه‌وه وه‌رده‌گێڕدرێت بۆ سه‌ر زمانێكی دیكه، كارێكی ئاساییه؟ ئایا هه‌موو ئه‌و به‌ها و گرینگییانهی كتێبه‌كانی جیهان هه‌یان بووه له ساته‌وه‌ختی وه‌رگێڕان و گۆڕینی زمانه‌كه‌یاندا، له وه‌رگێڕانی قورئانیشدا هه‌مان به‌ها و گرینگی به‌دی ده‌كرێت؟ ئایا پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان هه‌موو مانا و ده‌لاله‌ته ئهفسووناوییهكانی تێكستی پیرۆز له زمانی بنچینه‌وه بۆ نێو زمانی دووه‌م ده‌گوێزێته‌وه و كارێكی له‌م چه‌شنه له قودره‌ت و توانای وه‌رگێڕدایه؟ چونكه ئه‌و بۆچوونانه‌ی زانستییانه له پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان ده‌ڕوانن پێداگیریی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن، نه‌ك هه‌ر وه‌رگێڕانی تێكستێكی پیرۆز و خاوه‌نی ئه‌و ڕهوانبیژییهی باسی لێوه ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت هیچ كارێكی وه‌رگێڕان ناكاته تێكسته بنچینه‌ییه‌كه و هیچ ده‌قێكی وه‌رگێڕاو كۆپییه‌كی و ده‌قاوده‌ق و سه‌دله‌سه‌دی ده‌قه بنچینه‌ییه‌كه نییه. (چونكه یه‌كجار زه‌حمه‌ته وشه‌ی زمانی یه‌كه‌م و دووه‌می كاری وه‌رگێڕان له مانا و قاڵب و ڕهمزیهتدا یه‌كسان بن و هه‌مان بارگه و وزه و توانای ده‌ربڕین و گوزارشت و گواستنه‌وه و گه‌یاندنیان هه‌بێت. س7، ل61) به‌ڵگه و ڕوونكردنه‌وه و سه‌لماندنیش بۆ ئه‌م قسه‌یه ئه‌وه‌یه (هیچ وه‌رگێڕێك ناتوانێت هاوتایه‌كی ته‌واوه‌تی ده‌قی یه‌كه‌م به‌ده‌سته‌وه بدات، بگره هه‌ندێ بابه‌تی میناكی زاراوه، ئیدیۆم، نوكته، په‌ند و هێمای ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بی زۆربه‌ی كات نایه‌نه وه‌رگێڕان. س7، ل68)
لای زۆربه‌مان ئاشكرایه كه هه‌موو وه‌رگێڕانێكی سروشتی هه‌ر ده‌قێكی ئاسایی ئیدی له‌لایه‌ن هه‌ر وه‌رگێڕێكه‌وه ئه‌نجام بدرێت، خۆی دووچاری كۆمه‌ڵێك ته‌نگوچه‌ڵه‌مه و كێشه ده‌بێت. ئه‌وانه‌ی شاره‌زان و ئه‌وانه‌ی كاری وه‌رگێڕانی كتێب و تێكسته جۆراوجۆره‌كان ده‌زانن كه گه‌لێك شێواز و ڕێبازی جۆربه‌جۆری وه‌رگێڕان له ئارادان، هه‌روه‌ها هه‌میشه وه‌رگێڕ له زمانی دووه‌مدا هه‌وڵده‌دا مۆرك و خاسیه‌تی تایبه‌تیی زمانی خۆی به‌سه‌ر ده‌قی وه‌رگێڕاودا بسه‌پێنێت، لێره‌دا پرسیاری گرینگ و پرسیاری سه‌ره‌كیی باسه‌كه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه: ئایا ده‌قی پیرۆز یان تێكستی قورئان له وه‌ختی وه‌رگێڕانیدا بۆ سه‌ر هه‌ر زمانێكی تر، پاش ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵا هه‌موو ئه‌م كێشانه‌دا چۆن ڕزگاری ده‌بێت و چه‌نده به‌سه‌لامه‌تی هه‌موو مانا و ده‌لاله‌ت و په‌یام و به‌هاكانی بۆ خوێنه‌ری زمانی دووه‌م ده‌گوێزرێته‌وه؟
وهرگێڕانێكمان هه‌یه پشت به وشه به وشه ده‌به‌ستێت، له جێبه‌جێكردنی ئه‌م كاره‌شدا ماناكان و ده‌سته‌واژه‌كان دوور نییه بكه‌ونه به‌ر لێشاوی كۆمه‌ڵێك مه‌ترسییه‌وه، له‌م ڕووه‌وه فیتگنشتاین ئاگادارمان ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: (به‌شوێن واتای وشه‌دا مه‌گه‌ڕێ، به‌ڵكو دووی به‌كارهێنانی ئه‌و وشه‌یه بكه‌وه. س12، ل23)، هه‌روه‌ها وهرگێڕانێكمان هه‌یه له‌سه‌ر شێوازی وه‌رگێڕانی واتا به واتا كار ده‌كات، له‌مه‌شیاندا زۆرجار سیحری هه‌ندێ وشه و موفره‌داتی زمانی به‌تاڵ ده‌بێته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی (هه‌ندێ جار واتایه‌ك بازنه‌ی به‌كارهێنانی بچووك ده‌بێته‌وه و هه‌ندێ جاریش ده‌كشێ و فراوان ده‌بێته‌وه. س13، ل99). هه‌روه‌ها ناكرێت حیسابێكی ورد بۆ هه‌ندێ وشه نه‌كرێ، چونكه له هه‌موو تێكستێكدا چه‌ندان وشه هه‌ن كه وه‌ك میتافۆڕ به‌كارده‌برێن، میتافۆڕ (بریتییه له به‌كارهێنانی وشه‌یه‌ك كه مانایه‌كی جودا له مانا بنچینه‌ییه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێت. س14، ل168) واته ئه‌و وشه‌یه‌یه كه مانای ڕووكه‌ش و زوو هه‌ستپێكراوی ناگه‌یه‌نێت، ئه‌و مانایه نادات كه له واقیعدا به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی به‌كارده‌هێنرێت، له لایه‌كی تریشه‌وه پابه‌ندبوونی ته‌واو و ڕه‌ها به واتاوه بۆ خۆی ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵێك كێشه و گرفتی و كه‌لێنی تر، چونكه زۆر فه‌یله‌سووف و زمانه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان زمان ته‌نها له واتا پێك نایه‌ت، له‌م باره‌یه‌وه زمانه‌وانی ناسراو (دۆمان) ده‌ڵێت: (زمان بونیادێكی خوازراوه و به مه‌جاز و لێكچواندن كارده‌كات، ئه‌گه‌ر له‌و باوه‌ڕه‌دا بین كه زمان به‌ته‌واوی پابه‌نده به واژه‌وه، ئه‌وا ئه‌و بۆچوونه هه‌ڵه‌یه. س9، ل48)
هه‌ر ده‌رباره‌ی كاری وه‌رگێڕان، نموونه‌ی وه‌رگێڕانێكی دیكه‌مان هه‌یه كه شێوه‌ی كاركردنی وایه شان ده‌داته سه‌ر گێڕانه‌وه، له‌م ئاسته‌ی وه‌رگێڕانیشدا وه‌رگێڕ ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می تێگه‌یشتنمان له ده‌قه وه‌رگێڕاوه‌كه، هه‌روه‌ها وه‌رگێڕانی ته‌فسیری و وه‌رگێڕانی كورتكردنهوهش هه‌ریه‌كه‌یان بۆ خۆیان هه‌ڵگری چه‌ندین كێشه و گرفتی جۆربه‌جۆرن، كه لێره‌دا بواری ئه‌وه نییه ئاماژه‌یان بۆ بكه‌ین و په‌نجه‌یان بخه‌ینه‌سه‌ر. ئه‌مه بێگومان سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و گیروگرفته زمانی و كلتوورییانهی له هه‌ر وه‌رگێڕانێكدا دێنه پێش و ده‌بنه كۆسپگهلێكی قورس له‌به‌رده‌م وه‌رگێڕدا و وه‌رگێڕ ده‌خه‌نه به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گرینگ و ئاستی توانای ئه‌م مرۆڤه ده‌رده‌خه‌ن، له وێنه‌ی سیستمی فۆنۆلۆژی و سینتاكس و یه‌كه زمانییه‌كان و ده‌سته‌واژه و ئیدیۆم و گواستنه‌وه‌ی میتافۆڕهكان و چه‌ندین كێشه‌ی دیكه‌ی كه‌ڵچه‌ری كه ده‌بنه زه‌حمه‌ت و ماندووبوونێكی زۆر بۆ وه‌رگێڕ و كارده‌كه‌نه سه‌ر پرۆسه‌كه و ئاستی گه‌یاندنی مانا و په‌یامه‌كانی بۆ خوێنه‌ر و وه‌رگر.
شتێكی به‌ڵگه‌نه‌ویسته كه وه‌رگێڕ سه‌ودا و كاری له‌گه‌ڵ زماندایه، یان ڕاستر وایه بڵێین وه‌رگێڕ له‌ناو زماندا كار ده‌كات، بیركردنه‌وه له زمانیش هێنده سانا نییه، ئاڵۆزیی یه‌كێكه له خه‌سڵه‌ته دیاره‌كانی زمان، هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی بیركردنه‌وه‌ی ئایینی و فه‌لسه‌فی و دروستبوونی جۆرێك له هۆشیاریی لای مرۆڤ، بیركردنه‌وه له كرۆك و سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوون و كاركردنی زمان بۆته خه‌م و خولیای هزرڤان و فه‌یله‌سووفان و ئایین و پیاوانی ئایینه جۆراوجۆره‌كان، تا ئێستاش مه‌یدانی وتووێژ و پێكداچوونی بۆچوونه جوداكان هه‌ر گه‌رمه و له هه‌مووشی گرینگتر بیركردنه‌وه له زمان و كاری زمانه‌وانی په‌لی بۆ زۆر له لق و كایه جۆربه‌جۆره فه‌لسه‌فی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و مرۆییه‌كان درێژ كردوه، یان ڕاستتر ئه‌وان هانایان بۆی هێناوه، لێره‌دا به‌بێ ڕۆچوون و ڕوونكردنه‌وه‌ی زۆر كه ڕه‌نگه پێویستیش بێت، به كورتی ئاماژه به هه‌ندێ جۆر بیركردنه‌وه له زمان و كاری زمانه‌وانی ده‌ده‌ین، لای دوو زانای زمان‌ناسی وه‌ك بلوخ و تراگه‌ر (زمان ڕژێمێكه له ڕه‌مزی ده‌نگه دهستووربهدهرهكان، به یاریده‌ی ئه‌م ڕژێمه‌یه گرووپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له كۆمه‌ڵگایه‌كدا به‌یه‌كه‌وه زمانه‌كه به‌كارده‌به‌ن. س 10، ل10) هه‌روه‌ها زماناسێكی تر كه “هۆڵا” ه (له‌و باوه‌ڕه‌دایه، زمان خۆی فه‌رمانگه‌یه‌كه و به‌ڕێوه‌بردنی خۆی، له‌ده‌ست خۆیدایه. س10، ل11) یان پێی وایه (مرۆڤه‌كان ڕه‌مزه‌كان له شێوه‌ی “خوو ” دا بۆ تێكهڵبوونو كارتێكردن له یه‌كتری به‌كارده‌به‌ن. س10، ل12) هه‌روه‌ها لای زمان‌ناسی به‌ناوبانگ چۆمسكی (زمان توانایه‌كی بیۆلۆژییه. س10، ل16) زمان لای فه‌یله‌سووفێكی وه‌ك فهردینان دی سۆسێریش (بریتییه له سیسته‌م و یاسای تایبه‌تیی خۆی هه‌یه و پێكهاتوهكانی ئه‌و سیسته‌مه‌ش یه‌كگرتوو و هاوواتان و لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه سۆسێر بایه‌خ به فاكته‌ر یاخود هۆكاره ده‌ره‌كییه‌كانی زمان وه‌كو شارستانی‌و سایكۆلۆژی‌و مێژوویی …. هتد نادات. س2، ل38) كاره‌كانی ئه‌م فه‌یله‌سووف و زمانناسه به‌ناوبانگانه له زۆر كایه و بواری جۆراوجۆردا خراونه‌ته‌گه‌ڕ و كه‌ڵكیان لێ وه‌رده‌گیردرێت، بۆ نموونه گوتاری زمانه‌وانیی سۆسێر له‌بواری شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی كار پێكراوه، هه‌ندێ له بیرمه‌ندانی ئه‌م بواره كه‌ڵكیان له تێزه‌كانی سۆسێر وه‌رگرتوه و كاریان پێ كردوه، یه‌ك له‌وانه ژاك لاكانه، (له دوای شه‌سته‌كانه‌وه ژاك لاكان، وه‌ك شیكه‌ره‌وه‌یه‌كی ده‌روونی شوێنی له ناو فه‌لسه‌فه‌ی فه‌ره‌نسیدا داگیركردوه، ئه‌م شوێنه‌ش په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه كه لاكان ناوی وه‌ك نوێكه‌ره‌وه‌یه‌كی شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونیی فرۆید له‌سه‌ر بناغه‌ی تێكه‌ڵكردنی شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونیی فرۆید به وتاری زمانه‌وانیی سۆسێر. به‌م جۆره هه‌وڵی لاكان بۆ هاوتاكردنی شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی له‌ته‌ك وتاری زمانه‌وانیدا ئه‌و مۆدێله‌ی به‌رهه‌مهێنا كه به مۆدێلی شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونیی بنه‌ماخوازی ناوده‌برێت. س3، ل101) هه‌روه‌ها ماوه‌یه‌كی زۆره سه‌رقاڵی و خۆخهریكردنی ئهنسرپۆلۆژییهكان به جیاوازییه زمانهوانییهكانو جیاوازییه كولتوورییه‌كان بۆته هۆی ئه‌وه‌ی بیریاران و توێژه‌ران بیر له په‌یوه‌ندیی نێوان زمان و كۆمه‌ڵگا بكه‌نه‌وه.
ئه‌م كورته باسكردنه له‌سه‌ر زمان و بۆچوونی ئه‌م فه‌یله‌سووف و زمانناسانه، ته‌نها بۆ ئه‌وه بوو، كه بزانین زمان نه‌ك هه‌ر بۆ وه‌رگێڕێك، به‌ڵكو بۆ فه‌یله‌سووف و زمانناسانیش، زمان شتێكی خاڵیس و بێ كێشه نییه و وه‌رگێڕ كاتێك هه‌ر تێكستێك وه‌رده‌گێڕێت ڕووبه‌ڕووی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه و كێشه‌ی زۆر ده‌بێته‌وه و كه جگه له كه‌موكوڕییه‌كانی وه‌رگێڕ، زمان خۆی خاوه‌نی ئه‌م سروشته‌یه. هه‌رگیز لێره‌دا له بایه‌خی وه‌رگێڕان كه‌م ناكه‌مه‌وه و ده‌زانم كه گرینگی و سوود و كاریگه‌رییان له هه‌موو سه‌رده‌م و قۆناغه جیاوازه‌كان و شارستانیه‌ته جۆراوجۆركاندا وه‌ك خۆر دره‌وشاوه‌ته‌وه، چونكه به‌ڵگه‌نه‌ویسته له‌لام كه وه‌رگێڕان توخمێكی سه‌ره‌كیی پێشكه‌وتنی هه‌ر ژیار و كلتوورێكه. به‌بێ ئاماده‌بوونی ئه‌م توخمه ڕه‌وتی فیكر و مه‌عریفه‌ی هه‌ر ناوه‌ند و شوێنێك له دۆخێكی مه‌نگ و ئیفلیجدا ده‌چه‌قێ و مه‌حكوم ده‌بێ به پاسیڤبوون و پاشكه‌وتن. به‌ڵام من لێره‌دا له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌نه گرینگه‌ی وه‌رگێڕان ڕاناوه‌ستم، به‌ڵكو هه‌ڵوێسته‌یه‌ك له ئاست وه‌رگێڕانی كتێبه پیرۆزه‌كاندا به تایبه‌ت قورئان ده‌كه‌م. به بۆچوونی من ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕانی قورئان گواستنه‌وه‌ی مانای وشه و ڕسته و دێڕ و ئایات و سوره‌ته‌كان بێت له زمانێكه‌وه بۆ زمانێكی دیكه، ده‌بێ بزانین كتێبی پیرۆز (قورئان) هه‌ر بریتی نییه له‌م مانایانه و قورئان ته‌نها كۆمه‌ڵێك مانای سه‌ر وشه و ڕسته‌كانی پێشكه‌ش به باوه‌ڕدارانی ناكات. ئه‌وه‌ش وه‌ك ڕاستییه‌كی ڕوون ئاشكرایه كه بیركردنه‌وه و تێڕوانین له وشه هێنده سانا و بێ سه‌رئیشه نییه چونكه (وشه به دیوێك په‌یوه‌ندیی وه‌زیفی و ڕه‌مزی و سایكۆلۆژی‌و فۆنێمیو مۆرفۆلۆژیو سینتاكسی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، به دیوه‌كه‌ی دیكه ئیحا و ده‌لاله‌ت و تروسكانهوه و هه‌ست و ڕیتم و ئیراده به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، به‌مانایه‌كی دیكه ده‌كه‌وێته نێوان جه‌سته و ڕۆحه‌وه، ئه‌گه‌ر له جه‌سته‌دا یه‌كێتیی وشه ڕۆڵی سه‌ره‌كی ببینێت، ئه‌وا له ڕۆح‌دا به حاڵهتهكانهوه په‌یوه‌ست ده‌بێت، به‌و مانایه‌ش درێژبوونی خه‌یاڵی وشه وه‌ك چۆن به مێژووی ماناوه به‌نده، به‌هه‌مان شێوه‌ش ته‌قینه‌وه، مانا و ئیحا و ئیقاع و وزه لێخشاوهكانی ناوه‌وه و ئه‌و حاڵه‌ته چهپێنراوانهی كه به پیته‌وه په‌یوه‌ستن ڕۆڵی خۆیان هه‌یه. س8، ل18)
ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕان هه‌وڵێك بێت له‌پێناو ئه‌وه‌دا تا خوێنه‌رانی زمانی وه‌رگێڕ (واتا زمانی دووه‌م) بتوانن به ئاسانی له‌و تێكسته وه‌رگێڕاوه تێ بگه‌ن، خۆ زۆر گرینگه بیرمان نه‌چێت ئیش و مامه‌ڵه‌ی موسوڵمان له‌گه‌ڵا قورئاندا ته‌نها تێگه‌یشتن نییه له گه‌وهه‌ر و كرۆكی كتێبی پیرۆز. لێره‌وه ده‌بینین وه‌رگێڕ له‌به‌رده‌م كتێبێكی ئاسایی‌دا نییه و كاری وه‌رگێڕانه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ڕێ ناكا، چونكه ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ریه‌تی بیكات وه‌ك وه‌رگێڕانی كتێبه‌كانی تر نییه، به‌م پێودانه بێگومان كاری وه‌رگێڕانی كتێبی پیرۆز (قورئان) جۆره دهستبۆبردنێكه بۆ ئه‌م كتێبه وه‌ك هه‌ر كتێبێكی ئاسایی دیكه و هێنانه‌وه و كردنه‌وه‌یه‌تی به كتێبێكی ئاساییی وه‌ك كتێبه ئاساییانه‌ی، نووسه‌رانی ئاسایی دهیانووسن له‌به‌رئه‌وه هه‌موو هه‌وڵێك بۆ وه‌رگێڕانی كتێبه پیرۆزه‌كان، دواجار وه‌كو خۆركه هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیانگه‌یاندن به شوناسی پیرۆزییه‌كه‌ی، كاری وه‌رگێڕان وه‌ك به‌ڵایه‌ك له‌و باڵه‌خانه‌یه‌ی كه پیرۆزیی تێكسته‌كه دروستی كردوه، قووت ده‌بێته‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌م بڕیاره‌مان به‌په‌له‌دا به‌ڵام پاش كه‌مێكی تر كه ئه‌مانه‌مان ڕوون كرده‌وه و به‌ڵگه‌مان بۆ دروستی ئه‌م بڕیاره‌مان هێنایه‌وه، ئه‌وساكه تێ ده‌گه‌ین بێ هۆ نه‌بووه له ڕۆژگاره جیاوازه‌كانی مێژوودا و له شوێنه جیاجیاكانی جیهاندا، هه‌موو هه‌وڵێكی سه‌ره‌تایی بۆ وه‌رگێڕانی هه‌موو كتێبه پیرۆزه‌كان یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن پیاوانی ئایینه‌وه به‌ری پێگیراوه و به گوناه و كوفر و نه‌شیاو ناودێر كراوه و به توندی به‌رپه‌رچی هه‌ر هه‌وڵێكی هه‌ر كه‌سێك دراوه‌ته‌وه بۆ وه‌رگێڕانی تێكستی پیرۆز، ئه‌م ڕێگیریكردنه له وه‌رگێڕانی كتێبه پیرۆزه‌كان له‌لایه‌ن پیاوانی ئایینه‌وه، ته‌نها و ته‌نها بۆ ئه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه و له‌به‌رئه‌وه نه‌بووه تا به‌س خۆیان دهمڕاستبن، به ته‌نها خۆیان حوكم و بڕیار و داواكارییه‌كانی نێو ئه‌و ده‌قه پیرۆزانه به خه‌ڵكی ئاسایی و نه‌خوێنده‌وار و زماننه‌زان بگه‌یه‌نن و هه‌موو كه‌سێك، بۆ هه‌موو شتێك و بۆ هه‌موو پرسیارێك بگه‌ڕێته‌وه لای ئه‌مان، به‌ڵكو هاوكات به‌رگریكردن و پاراستنی ئه‌و كه‌شه بهئهفسوونكراوه و سامقوڵخێنه، بووه كه ئه‌م تێكستانه له‌به‌ر دیده و ده‌ستی خوێنه‌واران و نه‌خوێنده‌واراندا هه‌یان بووه و به‌شێوه‌یه‌كی توند نواندوویانه، به‌رپه‌رچدانه‌وه و ڕێگریكردن له وه‌رگێڕانی قورئان بۆ ئه‌وه بووه تا ئه‌م كتێبه شوێنه شیاوه‌كانی خۆی جێ نه‌هێڵێت و له ته‌نیشت كتێبه‌كانی دیكه‌دا دانه‌نرێ و وه‌ك ئه‌وان ده‌ستی بۆ نه‌برێ.
هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م كتێبه پیرۆزه بۆچی وه‌رنه‌گێڕدراوه یان وه‌رگێڕدراوه به‌ڵام دره‌نگ و به‌شێوه‌یه‌كی نائاسایی، ئه‌وه‌یه كه ئه‌م كتێبه (قورئان) ته‌نها له نێو ڕووبه‌ری ئه‌قڵی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌دا كارناكات، تاوه‌كو به‌لامانه‌وه ئاسایی بێت به هه‌ر زمانێك بیخوێنیته‌وه، نه‌خێر ئه‌م كتێبه هوروژمێكی گه‌وره بۆ سه‌ر پانتاییی سایكۆلۆژیی مرۆڤی موسوڵمان ده‌بات. ته‌نها به‌رنامه‌ڕێژیی مۆراڵا و چالاكییه‌كانی مرۆڤ ناكات تا بڵێین ئاساییه با ئه‌و یاسا و ده‌ستوورانه به‌م زمانه نه‌بن با به‌و زمان بن، خۆ گرینگ ئه‌وه‌یه بزانرێت ئه‌و یاسا و ده‌ستوورانه چین، به‌ڵكو هێزێكی چالاك له نه‌ستماندا مۆڵ ده‌دات تا له‌پشت زۆربه‌ی زۆری پرۆسه‌كانی ئه‌قڵماندا ده‌ستی به‌زه‌بری خوڵقێنه‌رانه‌ی خۆی بخاته‌كار.
ئه‌گه‌رچی نۆسهدهیهك ده‌بێت ئه‌م تێكسته پیرۆزه بۆ سه‌ر زمانی ئینگلیزی و پاش ئه‌ویش بۆ سه‌ر چه‌ندین زمانی جۆراوجۆری دیكه وه‌رگێڕدراوه، به‌ڵام هه‌تا نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌دواوه قورئان نه‌كراوه‌ته كوردی. ئه‌گه‌رچی هه‌ر به‌م خه‌سڵه‌تی پیرۆزییهشیهوه نزیكه‌ی چوارده سه‌ده‌یه هاتۆته نێو دونیای كۆمه‌ڵایه‌تیی و مه‌عریفی و سایكۆلۆژیی ئێمه‌وه. هه‌ر ئه‌م بهكوردینهكردنهشی له‌لای ئێمه زیاتر ئه‌م خه‌سڵه‌تی پیرۆزییه‌ی به‌رجه‌سته‌تر و تۆختر كردۆته‌وه. خه‌سڵه‌تی پیرۆزیشی زیاتر گه‌رانتی به شه‌ریعه‌ت و یاسا و بڕیاره‌كانی داوه و له سه‌روو چالاكی و توانسته‌كانی ئه‌قڵی مرۆڤه‌وه خۆی نمایشكردوه، به‌م شێوه‌یه جۆرێك له فه‌نتازیا و بیركردنه‌وه‌ی به مرۆڤی ئێمه به‌خشیوه و فه‌نتازیا و بیركردنه‌وه‌كانی مرۆڤ خۆی سست و پاسیڤكردوه و له‌وێشه‌وه وه‌های تێگه‌یاندوه تا وه‌ك هێزێكی باڵا ته‌ماشای بكه‌ن و به كلیلی كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی هه‌موو كێشه و ناهه‌موارییه‌كان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌موو پرسیاره‌كانی مرۆڤی بزانن و له هه‌مان كاتدا هه‌موو پرسیار و گومانێكیش بۆ سه‌ر كتێبی پیرۆز ڕیشه‌كێش بكه‌ن.
له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌دواوه به‌شێوه‌یه‌كی پچڕپچڕ و هاوكات له‌گه‌ڵا هه‌وڵدان بۆ ته‌فسیركردنی وشه به وشه و ئایات به ئایات، وه‌رگێڕانی ئه‌م كتێبه پیرۆزه به‌دی ده‌كرێ، هه‌تا له‌م دواییانه‌دا چه‌ند وه‌رگێڕانێكی كوردی سه‌رتاپای تێكستی پیرۆزی قورئان كه‌وتنه نێو كتێبخانه‌كانه‌وه، كه هه‌ریه‌كه‌یان له به‌رگێكدا یان زیاتر، كۆی هه‌ر سی جزمهكهی قورئانیان به وه‌رگێڕاوی و له‌پاڵا تێكسته‌كه‌دا به زمانه بنچینه‌ییه‌كه‌ی خۆی تێدا جێگا كردۆته‌وه. پێموایه هه‌ریه‌ك له‌م هه‌وڵانه و هه‌موو ئه‌وانی تریش كه به نیوهناچڵا و به‌شبه‌ش كاری وه‌رگێڕانی قورئانیان ئه‌نجامداوه، شایه‌نی ده‌ستخۆشی و ڕێزلێنانن و پێویسته به بایه‌خه‌وه لێیان بڕوانین، به‌ڵام ڕه‌خنه‌یه‌ك كه له سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌وڵانه بگیرێت ئه‌وه‌یه، هیچ یه‌كێك له‌م وه‌رگێڕانانه تێكستی قورئانیان وه‌ك هه‌ر تێكستێكی ئاسایی دیكه وه‌رنه‌گێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی.
له ده‌ره‌وه‌ی تێكڕای ئه‌و گیروگرفتانه‌ی هه‌موو وه‌رگێڕێك له كاتی وه‌رگێڕاندا تووشی ده‌بێ، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م باسه‌مان ته‌رخان بێت بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئاستی ئه‌م وه‌رگێڕانانه و چۆنیه‌تیی به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی ئه‌م كارانه و به‌بێ ئه‌وه‌ی لێره‌دا په‌نجه بخه‌ینه سه‌ر لایه‌نه باش و خراپه‌كانی نێو پرۆسه‌ی وه‌رگێڕانی ئه‌م تێكسته خۆی له‌لایه‌ن ئه‌م وه‌رگێڕانه‌وه، واته به‌كورتی به‌بێ ئه‌وه‌ی كاری ئێمه لێره‌دا بریتی بێت له هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م وه‌رگێڕانانه و به‌راوردكردنی هه‌ردوو زمانه‌كه به یه‌كتری و پهنجهنوماكردنی بهسههووداچوونهكانی وه‌رگێڕ، ئاماژه بۆ دوو خه‌وشی نێو هه‌ریه‌ك له‌م پرۆسانه‌ی وه‌رگێڕانی تێكستی پیرۆز (قورئان) ده‌كه‌م. له تێكڕای ئه‌م وه‌رگێڕانانه‌دا له دوو ڕووه‌وه ده‌سته‌وه‌ستانی و نابوێریی هه‌ریه‌ك له وه‌رگێڕه‌كان له ئاست كه‌شه ئهفسوونزهدهكانی نێو تێكستی پیرۆزدا به‌دی ده‌كه‌م، كه ڕووی یه‌كه‌میان ئاماده‌بوونی ده‌قی پیرۆزه به زمانه بنچینه‌ییه‌كه‌ی خۆی و به‌هه‌مان كڵێشه و شێوازی خه‌ته‌وه له‌پاڵا هه‌ریه‌ك له‌و وه‌رگێڕانانه‌دا، ته‌نانه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی زه‌ق و به‌رچاوتریش، خه‌وشی دووه‌میان له‌و وه‌رگێڕانانه‌دا مه‌به‌ستم هه‌وڵدانی وه‌رگێڕه‌كانه بۆ سه‌پاندنی جۆرێك له ته‌فسیر بۆ یه‌ك به یه‌كی وشه و ئایاتهكان له‌گه‌ڵا وه‌رگێڕانه‌كه‌دا.
لێره‌وه ده‌چمه سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیارێكی وه‌ها كه بۆچی ئه‌م دوو خاسیه‌ته‌ی نێو ئه‌و كاری وهرگێڕانانهم به دوو خه‌وش و جۆرێك له ده‌سته‌وه‌ستانی و نابوێریی وه‌رگێڕم ناودێر كرد؟ خۆ ڕه‌نگه سه‌باره‌ت به ئاماده‌بوونی ده‌قی پیرۆز به زمانه بنچینه‌ییه‌كه‌ی و له پاڵا ده‌قه وهرگێڕاوهكهدا، بیانووی وه‌رگێڕ ئه‌وه بێت بڵێت من ئه‌م كاره‌م له‌به‌رئه‌وه كردوه، تا خوێنه‌ر بتوانێ تێكسته وه‌رگێڕاوه‌كه و ده‌قه بنچینه‌ییه‌كه له‌گه‌ڵا یه‌كتردا به‌راورد بكات، ئه‌ویش هه‌م له‌پێناو فێربوون و شاره‌زابوونی خوێنه‌ر له زمانی یه‌كه‌مدا و هه‌م له‌پێناوی په‌نجه‌خستنه سه‌ر كه‌موكوڕیی كاری وه‌رگێڕانه‌كه، ئه‌مه بیانوو بۆ خه‌وشی یه‌كه‌میان، بیانووی خه‌وشی دووه‌میشیان واته بۆ كاری ته‌فسیركردنی وشه و مانای ئایاتهكان له‌ته‌ك وه‌رگێڕانیاندا، له‌مه‌شیاندا وه‌رگێڕ پێمان بڵێ ئه‌مه‌م له‌به‌ر خاتری لێكدانه‌وه و ئاسانكردنه‌وه و ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتردا كردوه بۆ خه‌ڵكی ئاسایی، تا ماناكان و ڕاستییه‌كان نه‌شێوێنرێن و خراپ لێك نه‌درێنه‌وه و به‌ڕاستی به خه‌ڵكی بگه‌یه‌نم. به بۆچوونی من ئه‌م دوو بیانووه هیچیان له جێگه‌ی خۆیاندا نین و هه‌ردووكیان ڕه‌خنه هه‌ڵده‌گرن.
پێشتر ئه‌وه‌مان وت كه به‌شێكی زۆر له هۆكاری ئهفسوونزهدهكردنی مرۆڤی ئێمه له‌لایه‌ن قورئانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شێوه‌ی خه‌ت و قه‌واره و كڵێشه‌ی به‌رگ و لاپه‌ڕه‌كان و شێوازه تایبه‌تییه‌كه‌ی خوێندنه‌وه‌كه‌ی، له‌مه‌وه خۆم وا هه‌ست ده‌كه‌م بهسههوودانهچووبم گه‌ر پێموابێ هه‌موو ئه‌و وه‌رگێڕانانه‌ی كه ده‌قه بنچینهكهیان دیسانه‌وه و هه‌ر به هه‌مان شێوازی خه‌ت و كڵێشهوه ئاماده كردۆته‌وه و له‌پاڵا وه‌رگێڕانه‌كه‌دا خستوویانه‌ته به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ر بێجگه له هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌شه ئهفسوونزهدهیهی ئه‌م ده‌قه به زمانه بنچینه‌ییه‌كه‌ی به‌رهه‌می ده‌هێنێ، هیچی دیكه‌ی له‌پشته‌وه نییه، یاخود بێجگه له ترسان له‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌ی وه‌رگێڕانه نه‌بێته هۆی دروستبوونی پریشكێك بۆ نێو خه‌رمانی پیرۆزیی ئه‌م تێكسته، لێكدانه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی گونجاو هه‌ڵناگرێ.
قورئان خۆی له شوێنێكدا پێمان ده‌ڵێ كه جوانخوێندنی قورئان جۆرێكه له عیبادهت و خێره، له‌م باره‌یه‌وه له ئایاتی (91-92) ی سوره‌تی (النحل) دا هاتووه: (وأمرت أن أكون من المسلمین وان اتلوا القرێ‌ن فمن اهتدی فإنما یهتدی لنفسه.) عیبادهت و خێریش پاداشتی خۆی هه‌یه، هه‌روه‌ها گوێلێگرتنی قورئان ئه‌میش جۆرێكی دیكه‌ی عیباده‌ته و خێره و جۆرێكی دیكه‌ی پاداشتی هه‌یه، هه‌روه‌ك له ئایاتی (204) ی سوره‌تی (الاعراف) دا هاتووه: (واژا قری القرێ‌ن فاستمعوا له وانصتوا لعلكم ترحمون) گه‌ر ئه‌زموونی بكه‌ین و تێبینی بكه‌ین له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی قورئان به زمانێكی دیكه پرۆسه‌ی جوانخوێندنی قورئان مانایه‌كی نامێنێت، له‌به‌رئه‌وه مانایه‌كی نامێنێ، چونكه كاتێ من قورئان به زمانی خۆم ده‌خوێنمه‌وه، ئا له‌وكاته‌دا ئاواز و مۆزیكی خوێندنه‌وه له كاتی وه‌رگێڕانی ئه‌م تێكسته‌دا هه‌ر له جێگه‌ی خۆیان ده‌مێننه‌وه و له‌گه‌ڵا وه‌رگێڕدا بۆ ناو زمانی دووه‌م نایه‌ن و وه‌رگێڕ ناتوانێت ئه‌م گواستنه‌وه‌یه ئه‌نجام بدات، واته من به‌بێ بوونی ئه‌م ئاوازه قورئان به زمانی خۆم (كوردی) ده‌خوێنم. خوێندنه‌وه‌ی قورئانیش به‌بێ ئه‌م ئاوازه تایبه‌تییه وه‌ها ده‌كات ئه‌و حوزن و ئه‌و فه‌زا سایكۆلۆژییه دروست نه‌بێ وه‌ختێ خوێندنه‌وه‌یه‌كی مۆزیكی و ئاوازدار له زمانی یه‌كه‌مدا به‌رهه‌می ده‌هێنێت. وه‌رگێڕانی ئه‌م تێكسته پیرۆزه بۆ هه‌ر زمانێكی دیكه سه‌رئه‌نجام تێكڕای وشه و ده‌سته‌واژه و میتافۆڕ و ئیدیۆم… هتد ده‌كه‌ونه ژێر ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگێڕ له زمانی دووه‌مدا و ته‌نانه‌ت خوێنه‌ریش ده‌توانێت به ئاسانی یاری به وشه‌كان بكات، ده‌سته‌واژه‌كان به‌جۆرێكی دیكه دابڕێژێته‌وه، به چه‌شنێكی تر ته‌عبیر له ماناكان بكا و چۆنی بیه‌وێ به‌و شێوه‌یه دروستیان بكاته‌وه، یان ته‌نها مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی ئه‌وان ناوه‌رۆك و مانای ئایاتهكان بێت، بێگومان به‌و پێیه‌ی كه خۆیان تێی ده‌گه‌ن، ئیدی به‌لایانه‌وه گرینگ نه‌بێت له چ فۆرمێكدا به‌رهه‌میان ده‌هێننه‌وه.
ئه‌بو داود و بوخاری گێڕاویانه‌ته‌وه كه پێغه‌مبه‌ری موسوڵمانان فه‌رموویه‌تی (قورئان به ده‌نگ و ئاوازهكانتان خۆش بكه‌ن- زینو القرا‌ن باصواتكم س6، ل13) به‌ڵام كاتێ قورئان به زمانێكی دیكه ده‌خوێنی ئیتر ئه‌وه له‌یاد ده‌كه‌یت ده‌نگت خۆشه یان نا، هیچ بایه‌خێكی نییه ئه‌وه‌ی له قوڕگته‌وه ده‌رده‌چێت سازگاره یان ناسازگاره، له خوێندنه‌وه‌ی قورئاندا به زمانی وه‌رگێڕدراو شتێك نامێنێت پێی بوترێت جوانخوێندنی قورئان، چونكه له زمانی دووه‌مدا نوونی ساكینه نامێنێ، تا ئاگاداربین له كوێدا ئه‌م نوونه (أچهار) هو ده‌رده‌كه‌وێ و ده‌خوێندرێته‌وه، بشزانیت له‌وێدا (اقلاب) هو ده‌گۆڕێت بۆ ده‌نگی پیتی (م) چونكه پیتی (ب) ی به‌دوادا هاتوه، له‌و لای تریشدا ئه‌م نوونه ساكینه (اخفاو) هو ناخوێنرێته‌وه له شوێنێكی تریشدا (ادغام)هو تێكهه‌ڵكێشی پیتێكی دیكه ده‌كرێ وه‌ك له زمانه بنچینهییهكهدا به‌م ڕێسایانه كار له‌گه‌ڵ نوونی ساكینهدا ده‌كرا. له زمانی یه‌كه‌مدا نه‌بێ له هه‌موو زمانێكی دیكه‌دا ئه‌وه فه‌رامۆش ده‌كه‌یت كه دوو پیتی (م) یه‌كیان وه‌ستاو و ئه‌وی تریان بزواو بوو له‌گه‌ڵا یه‌كدا تێكهه‌ڵكێش ده‌كرێ، ئه‌گه‌ر به‌دوای یه‌كدا هاتن به‌پێی یاسایه‌كی دیاریكراو پێی ده‌وترێت حاڵه‌تی (ادغام). هه‌روه‌ها گه‌ر پیتی (ب) له‌دوای ئه‌م میمه ساكینهوه هات ده‌بێته حاڵه‌تی (اخفاو) و ناخوێنرێته‌وه، پیته‌كانی (ئهلف، واو، یاو) ئه‌و سێ پیته‌ن به‌پێی چه‌ند مه‌رج و یاسایه‌كی تایبه‌تی له‌كاتی خوێندنه‌وه‌یان له زمانی یه‌كه‌مدا، ده‌نگه‌كه‌یان درێژ ده‌كرێته‌وه، ئه‌مه‌ش ئاوازێكی تایبه‌تی به خوێندنه‌وه‌ی قورئان ده‌به‌خشێ و پێی ده‌گوترێ (مد) و ده‌بێت قورئانخوێنی زمانی یه‌كه‌م به هیچ جۆرێك له ڕێساكانی غافڵ نه‌بێت، ئه‌م (مد)هش چه‌ند جۆرێكی هه‌یه، به‌ڵام له‌كاتی وه‌رگێڕاندا نه ئه‌م سێ پیته و نه هیچ پیتێكی دیكه‌ی له‌م چه‌شنه بوونیان نامێنێ و حاڵه‌تی (مد) له‌ناو ده‌چێ، به‌م هۆیه‌شه‌وه ئه‌و ئاوازه تایبه‌تییه دروست نابێ كه له زمانی یه‌كه‌مدا دۆخێكی سه‌رنجڕاكێشی دروست ده‌كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وه‌ختی خوێندنه‌وه‌ی قورئاندا به هه‌ر زمانێكی دیكه‌ی جگه له زمانی یه‌كه‌م هه‌ر بیریشمان نییه (مد) چییه، (مد)ی سروشتی چییه، (مد)ی ناویه‌ك وشه (متصل) كامه‌یه و له‌كوێی تر پێی ده‌وترێ (مد)ی ناو دوو وشه (منفصل)، چۆن (مد)ی په‌یدابوو (عارچ) و پێویست (لازم) بناسینه‌وه، له هیچ زمانێكی دیكه‌دا پیته‌كان دابه‌ش ناكرێن بۆ سه‌ر پیته شهمسییهكان و پیته قهمهرییهكان، هه‌تاكو گرینگی به‌وه بده‌ین له میاندا پیتی (لام)ی نێو ئهلفولامهكان ناخوێنرێنه‌وه و له‌وی تریاندا ده‌خوێندرێنه‌وه. كه وشه‌ی (الله)مان وه‌رگێڕا بۆ هه‌ر زمانێكی دیكه ئیتر پێویست ناكات سه‌یری دوا پیتی پێش ئه‌م وشه‌یه بكه‌ین، تا بزانین ئه‌گه‌ر ئه‌م پیته سه‌ر و بۆر (فه‌تحه و چمه) ی هه‌بوو كه‌واته (لامی) وشه‌ی (الله) كه به قه‌ڵه‌وی ده‌خوێندرێته‌وه و ئه‌گه‌ر ژێره (كسره)ی هه‌بوو، لامهكهی به لاوازی ده‌خوێندرێته‌وه.
وه‌ختێ هه‌موو ئه‌م پره‌نسیپ و یاسایانه‌ی نێو خوێندنه‌وه‌ی كتێبی پیرۆز به زمانی یه‌كه‌می، له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی به زمانی دووه‌م هه‌ڵوه‌شانه‌وه، ڕاسته‌وخۆ چه‌ندین نه‌ریت و یاسای دیكه كه خوێنه‌ری زمانه بنچینه‌ییه‌كه جێبه‌جێی ده‌كات، ئه‌وانیش تێك ده‌چن، كه خوێندنه‌وه‌ی قورئان به‌بێ هیچ پره‌نسیپ و یاسایه‌ك و به‌بێ هیچ ڕیتم و مۆزیكایهك به‌ڕێوه‌چوو، به‌هه‌ڵه‌داچوون نابێ گه‌ر بڵێم هیچ گۆڕانێكی ئه‌وتۆ به‌سه‌ر فه‌زای سایكۆلۆژیی ئێمه‌دا ناهێنێ و جوڵاندنی هه‌موو به‌شه‌كانی جه‌سته‌مان به‌و ڕێزه بێ سنووره‌ی پێشتره‌وه خامۆش ناكات. له‌م سۆنگه‌یه‌وه هیچ مانایه‌كی قورس و پڕ بایه‌خ بۆ عیبادهت و خێر نامێنێ، له‌م خوێندنه‌وه‌یه‌دا نه كه‌سی خوێنه‌ر به‌ته‌مایه قورئانخوێندن به عیبادهت بۆی بژمێردرێ و نه چاوه‌ڕوانی پاداشتیشه. گوێگریش هیچ سه‌رسام نابێت به شێواز و ئاواز و ڕیتمی خوێندنه‌وه‌یه‌كه و، كه بیستی وه‌ك هه‌ر كۆمه‌ڵێك ده‌نگ و وشه و ڕسته و مانای ئاسایی تر گوێی بۆ ڕا ده‌دێرێ. له گۆڕانی هه‌موو ئه‌م شتانه‌شه‌وه زه‌حمه‌ته بایه‌خێك بۆ له‌شی پاك و ده‌ستی به‌ده‌ستنوێژ و له‌سه‌رخۆیی و بهئهدهبدانیشتن و نه‌پچڕاندنی خوێندنه‌وه‌كه و… هتد، بمێنێ یان سه‌داسه‌د په‌یڕه‌وكردنیان گرینگ و مه‌رج بن و گوێ پێ نه‌دانیان گووناه بێت.
هه‌ر له وه‌رگێڕانی قورئان و خوێندنه‌وه‌ی به زمانێكی دیكه، باوه‌ڕێكی تری نێو قورئان ده‌كه‌وێته به‌ر مه‌ترسییه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كاتێك ئه‌م تێكسته پیرۆزه بۆ سه‌لماندنی ناوازه‌یی و بێ وێنه‌یی خۆی و بۆ ئه‌وه‌ی گومانمان له‌لا نه‌هێڵێ كه ده‌قێكی ئاسمانییه، دێت ته‌حه‌ددا ده‌كا و به مرۆڤ، به تایبه‌ت به‌وانه‌ی گومانیان هه‌یه ده‌ڵێ با له نموونه‌ی سووره‌تێكی ئه‌م قورئانه شتێكی دیكه‌مان بۆ بهێنن كه هاوتای ئه‌مه‌ی نێو قورئان بێت. له به‌رامبه‌ر تێكستی پیرۆزی قورئان به زمانه بنچینه‌ییه‌كه‌ی خۆی وا بیر ده‌كرایه‌وه كه (ئه‌م ڕه‌وانبێژییه خاوه‌ن ئیعجازهی قورئان له: پاراوی و جوانی و پته‌ویی هۆنین و ناوازه‌یی و نامۆیی و باشیی شێوازه‌كان و ته‌واوی و به‌رزی و خاوێنێتیی ڕوونكردنه‌وه و هێز و ڕاستیی واتاكان و زمانپاراویی و ڕه‌وانیی وشه‌كانییه‌وه هه‌ڵقوڵاوه. س4 ل541) ئێستا با بزانین ئه‌م باوه‌ڕه و ئه‌م داواكارییه‌ی نێو تێكستی پیرۆز بۆچی له‌كاتی وه‌رگێڕان و خوێندنه‌وه‌یدا به زمانێكی دیكه ده‌كه‌وێته به‌ر مه‌ترسییه‌وه و خودی داواكارییه‌كه له‌سه‌ر مرۆڤ قورس و جێبه‌جێكردنی گران نابێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر باسمان كرد له زمانی دووه‌مدا هه‌موو پره‌نسیپ و مه‌رجه‌كانی جوانخوێندنی قورئان وه‌ك ئه‌وه‌ی له زمانی یه‌كه‌مدا هه‌ن، نامێنن و وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ ناكرێن، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش له هه‌مان كاتدا چ خوێنه‌ر و چ وه‌رگێڕ ئازادن له‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له ماناكان به چ شێوازێك و له چ فۆرمێكدا داده‌ڕێژنه‌وه و چۆن ته‌عبیر له ناوه‌رۆك و كرۆكی وشه و ڕسته و ئایاتهكان بكه‌ن. یان ڕاستتر با بڵێین سنوورێكی دیاریكراو هه‌یه له‌به‌رده‌م توانای مرۆڤ بۆ داڕشتنه‌وه و نازانرێت كێ له هه‌موان جوانتر ئه‌م كاره ده‌كات و توانای داڕشتن و ته‌عبیركردنی چ مرۆڤێك له‌سه‌روو توانای هه‌موانه‌وه‌یه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ر له زمانی یه‌كه‌مدا به هه‌ر نرخێك بووه ئه‌و باوه‌ڕه‌مان قبوڵ كرد كه گوایه كه‌س ناتوانێت شتێكی دیكه له نموونه‌ی ئه‌م ئایات و سووره‌تانه بهێنێت و هاوتای ئه‌وان بێت، ئه‌وا له زمانی دووه‌مدا چڕوپڕیی مانای ئایاتهكان و هێزی گه‌یاندن و ئاستی ده‌ربڕینیان ده‌كه‌وێته سه‌ر توانا و سه‌لیقه‌ی مرۆڤێكی ئاسایی كه پێی ده‌وترێت وه‌رگێڕ. وه‌ك ده‌زانین توانا و سه‌لیقه‌ی وه‌رگێڕیش وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكی تر سنوورداره، ئه‌و پاراوی و جوانی و پته‌ویی هۆنین و ناوازه‌یی و نامۆیی و باشیی شێوازه‌كان و ته‌واوی و به‌رزی و خاوێنێتیی ڕوونكردنه‌وه و هێز و ڕاستیی واتاكان و زمانپاراویی و ڕه‌وانیی وشه‌كان كه وه‌ك ڕهوانبیژییهك به پله‌ی ئیعجاز بۆ قورئان ته‌ماشا ده‌كرا، ئێستا له پرۆسه‌ی وه‌رگێڕاندا له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و توانا و لێهاتوویی مرۆڤێكی وه‌رگێڕدان و ئه‌و به‌رهه‌میان ده‌هێنێته‌وه و دروستیان ده‌كاته‌وه، بۆیه به‌بێ هیچ ده‌مارگرژی و سهرسووڕمانێك ده‌شێت چه‌ندان تێكست له زمانی دووه‌مدا بخوێنینه‌وه و به نموونه بیهێنینه‌وه، كه له‌ڕووی زمانه‌وه گه‌لێك پاراوتر و له‌ڕووی ده‌ربڕینه‌وه هونه‌ریتر و له‌ڕووی گه‌یاندنه‌وه به‌هێزتر و له‌ڕووی ماناشه‌وه قوڵتر و چڕوپڕتر بن، چونكه ئه‌و وه‌رگێڕه‌ی تێكستی پیرۆزی قورئان هه‌رگیز ناتوانێت نموونه‌یه‌كی ئایدیاڵ و سه‌روو توانای به‌شه‌ریمان پێشكه‌ش بكات، هه‌ر بۆیه پێش ئه‌م كاره زۆر كه‌س و ته‌نانه‌ت له باوهڕدارهكانیش پێیان وا بوو (هه‌رگیزاو هه‌رگیز ناگونجێ به‌جۆرێكی ڕاسته‌قینه و به‌ته‌واوه‌تی قورئانی پیرۆز ته‌رجه‌مه بكرێت و ناتوانرێت شێوازی به‌رزی ئیعجازه مه‌عنه‌وییه‌كه‌ی بۆ هیچ زمانێك وه‌ربگێڕدرێت، تێگه‌یاندنی خه‌ڵك له‌و چێژ و حه‌قیقه‌ته‌ی كه له شێوازی به‌رزی ئیعجازه مه‌عنه‌وییه‌كه‌ی قورئاندان، كارێكی گه‌لێك دژواره. س5، ل659).
پاش ئه‌مانه ئێستا ڕه‌نگه به ئاسانی تێ بگه‌ین بۆچی وه‌رگێڕه كوردییه‌كانی تێكستی قورئان هه‌میشه حه‌زیان كردوه ده‌قی قورئان به زمانه بنچینه‌ییه‌كه‌ی، واتا به زمانی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵا وه‌رگێڕانی كوردییه‌كه‌دا بنووسنه‌وه و زۆریش ئه‌م كاره‌یان به لاوه پێویست و گرینگ بووه، یان ده‌شێت ئێستا تێ بگه‌ین بۆچی ئه‌و وه‌رگێڕانه نه‌یانوێراوه به‌بێ دانانه‌وه و نووسینه‌وه‌ی ئه‌م تێكسته به زمانی یه‌كه‌م، تێكستی پیرۆز وه‌ر بگێڕن. گه‌ر سه‌یری ئه‌و كاری وه‌رگێڕانانه بكه‌ین، ده‌بینین كه دانان و نووسینه‌وه‌ی ده‌قی پیرۆز به زمانه بنچینه‌ییه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك بووه كه پێش خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر وشه‌یه‌كی وه‌رگێڕاو هه‌مان وشه‌یان به زمانی یه‌كه‌م نیشانداوینهتهوه. ئه‌وان باش هه‌ستیان كردوه كه ئه‌گه‌ر بێت‌و خوێنه‌ر ته‌نها تێكسته وه‌رگێڕاوه‌كه بخوێنێته‌وه ئه‌وا هیچ دوورنییه هه‌موو ئه‌و ته‌مومژه‌ی خوێنه‌ر ئه‌فسوونزه‌ده ده‌كه‌ن بڕه‌وێنێته‌وه، كه له ئاست ئه‌م تێكسته‌دا تووشی بووه و هیچ دوور نییه ئه‌و دۆخه پڕ سه‌رسامی و واقوڕمانه كۆتایی پێ بهێنێت و فه‌زای سایكۆلۆژیش هێور بكاته‌وه، هاوكات هیچیش دوورنییه خوێندنه‌وه‌ی قورئان به زمانێكی تر و به‌بێ هیچ گوێدانه یاساكانی جوانخوێندن و به‌بێ هیچ ڕیتم و مۆزیكێك، مانایه‌ك بۆ عیبادهت و خواپه‌رستی بهێڵێته‌وه. گه‌ر ئه‌مه وا بێت بێگومان گوێلێگرتنیشی هیچ چێژێكی ئه‌وتۆی تێدا نامێنێ و گۆڕانێك به‌سه‌ر باری ده‌روونیی ئێمه‌دا ناهێنێ، له‌به‌رئه‌وه له هه‌ر دوو باره‌كه‌دا واته چ له گوێگرتن و چ له خوێندنه‌وه‌ی تێكستی قورئاندا، قورس و زه‌حمه‌ته خوێنه‌ر یان گوێگر ئه‌م كاره‌ی خۆی به عیباده‌تكردن بزانێ و چاوه‌ڕێی پاداشت بێت. ئیمامی غه‌زالی ده‌یوت: (ئه‌گه‌ر له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی قورئاندا غه‌م و ماته‌م داینهگرتنی، ئه‌وا پێویسته بۆ ئه‌و دڵه چه‌شنی به‌رده‌ت بگریت كه خوێندنه‌وه‌ی قورئانیش دایناچڵهكێ و نایگرێنێ. س11، ل178) به‌ڵام خۆ خوێندنه‌وه‌ی قورئان به زمانی دووه‌م، به وه‌رگێڕدراوی ئه‌و ته‌مه عاتیفییه ساده و ساكاره به‌سه‌ر ده‌روونی خوێنه‌ردا ناكێشێ و به‌هۆی خاڵیبوونه‌وه‌ی ئه‌م تێكسته وه‌رگێڕدراوه له ئاواز و حوزنی ده‌نگه‌وه، ئیتر زه‌حمه‌ته مرۆڤ بخه‌نه‌وه سه‌ر باری شیوه‌ن و ماته‌م و هه‌ڵڕشتنی فرمێسكی گه‌رم و به كوڵ.
ئه‌مانه‌ی باسمان كردن هه‌مووی كۆمه‌ڵێك ترسن كه له وه‌رگێڕی تێكستی پیرۆز ئاڵاون و هه‌ر ئه‌و ترسانه ده‌یجوڵێنن و ئاراسته‌ی ده‌كه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی عیبادهت و خواپه‌رستیی له خوێندنه‌وه و گوێلێگرتنی قورئاندا له كیس نه‌چن و یاسا و نه‌ریته‌كانی په‌یوه‌ندی و جوانخوێندنی قورئان به‌رده‌وام له مێشكماندا بن و په‌یڕه‌وییان لێ بكه‌ین، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخانه‌ی ئهفسوونزهدهمان ده‌كه‌ن و فه‌زای سایكۆلۆژیی ئێمه ده‌شێوێنن هه‌ر له شوێنی خۆیاندا بمێننه‌وه و تێك نه‌چن، وه‌رگێڕی تێكستی پیرۆز دێت له‌كاتی وه‌رگێڕانه‌كه‌یدا، ئه‌م تێكسته‌مان به زمانی یه‌كه‌م نیشان ده‌داته‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاوتر و ڕوونتر ده‌یخاته به‌ر دیده و هه‌ستمان، هه‌روه‌ها به هه‌مان خه‌ت و كڵێشه و وێنه‌ی به‌رگه‌وه له پاڵا وه‌رگێڕانه‌كه‌دا دای ده‌نێ، به‌جۆرێكیش دای ده‌نێ كه وامان لێ بكات به‌ر له وه‌رگێڕانه‌كان تێكسته بنچینه‌ییه‌كه ببینین و بخوێنینه‌وه.
هه‌موو ئه‌م بۆچوونانه‌ی لێره‌دا خستمانه‌ڕوو ڕه‌نگه سه‌ره‌داوێكی ئه‌و پرسیاره بێ وه‌ڵامه‌مان بۆ ده‌رخه‌ن، كه بۆچی تا ئێستا ئیماندار و بڕواداره‌كانی ئێمه نه‌ك هه‌ر بیریان له‌وه نه‌كردۆته‌وه ڕۆژێ له ڕۆژان خوێندنی ئایتهلكورسی و بانگ و نوێژ و یاسینی سه‌ر ته‌رمی مردوان و فاتیحه‌ی پرسه و چه‌ند شێوه‌یه‌كی سڵاوكردن و شایه‌تومان و هه‌ندێ جۆر دووعامان بۆ سه‌ر زمانی خۆمان بۆ وه‌ربگێڕن، تا ئاسایی بێت هه‌موو خه‌ڵك به زمانی خۆیان هه‌موو ئه‌مانه بخوێننه‌وه و گوێیان لێی بێت، نه‌ك هه‌ر هیچ هه‌نگاوێكیان بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌مانه نه‌ناوه، به‌ڵكو زۆر به‌توندی و به‌بێ هیچ پاساوێكی شه‌رعی و به‌بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی نێو قورئان خۆی، دژ به‌م كارانه وه‌ستاونه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رچی له خوێندن و وتنه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێك له‌مانه‌دا به زمانه بنچینه‌ییه‌كه‌ی خۆی له‌لایه‌ن هه‌موو خه‌ڵكه‌وه به خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار و مناڵا و گه‌وره و خه‌ڵكی گه‌نج و به ته‌مه‌نه‌وه، د‌رك به‌ده‌یان هه‌ڵه و خوێندنه‌وه و وتنه‌وه‌ی ناڕێكوپێك ده‌كه‌ین، له‌م پهیڕهویكردنهی خوێندنه‌وه و وتنه‌وه‌ی تێكستی پیرۆز به زمانی یه‌كه‌م له لایه‌ن هه‌موانه‌وه شێوازێكی هه‌ڕه‌مه‌كی و پڕ له كه‌موكوڕی هه‌ست پێ ده‌كه‌ین و وه‌ك ئه‌وه‌ی جوانخوێندن و یاساكانی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و تێكستانه داوامان لێ ده‌كه‌ن، په‌یڕه‌و ناكرێن، به‌ڵام هێشتا ئیماندار و بڕواداره‌كانی ئێمه ڕاهاتن و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵانه و گوناهی ئه‌م هه‌ڵانه و تێكدانی ئه‌م یاسایانه‌ی جوانخوێندن به باشتر و شهرعیتر ده‌زانن وه‌ك له‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵك به زمانی خۆیان هه‌موو ئه‌مانه بخوێننه‌وه و له ڕێوره‌سم و بۆنه و نهریتهكانیاندا بیانڵێنه‌وه.
كه‌واته لێره‌دا ده‌شێت ئه‌و بیانووه‌ی وه‌رگێڕه‌كانی تێكستی پیرۆز به دروست نه‌زانین، كاتێ بڵێن ئێمه له‌به‌ر خاتری خوێنه‌ر و بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ری تێكسته‌كه به هه‌ر دوو زمانه‌كه به‌راورد بكات، به باشی له زمانی یه‌كه‌م شاره‌زابێت و سوودی لـێ ببینێت، هه‌روه‌ها خوێنه‌ره هۆشیارهكانیش بتوانن كه‌موكوڕیی وه‌رگێڕانه‌كه بخه‌نه‌ڕوو و ڕاستیان بكه‌نه‌وه، نادروستیی ئه‌م بیانووه له‌وه‌دایه كه ئێمه‌ی خوێنه‌ر هێنده زۆر قورئانمان به زمانه بنچینه‌ییه‌كه دیوه، هه‌موومان ده‌زانین قورئان به زمانی یه‌كه‌م هێنده زۆر و به‌ربڵاوه ڕه‌نگه په‌یداكردن و بهردهستكهوتنی بۆ هیچ كه‌سێ ئه‌سته‌م نه‌بێت، ئیتر ڕاستی و دروستی له‌وه‌دا چییه ئه‌وان بڵێن بۆ شاره‌زابوون و فێربوونی خوێنه‌ر ئه‌م كاره‌مان كردوه، چونكه ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر مه‌به‌ستی شاره‌زابوونی زیاتر و فێربوون بێت له زمانی یه‌كه‌مدا، ئه‌وا هیچ گرانییه‌كی تێدا نییه ئه‌گه‌ر بێت و دوو نوسخه له‌م تێكسته بهێنێت، یه‌كێكیان به زمانی یه‌كه‌م و ئه‌وی تریان وه‌رگێڕاو بێت، ئه‌وسا به‌راوردیان بكات و شتی زیاتری لێوه فێربێت، یاخود خوێنه‌ری تایبه‌تمه‌ند و پسپۆڕ و هۆشیاریش له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانێت وه‌رگێڕانه‌كه له‌گه‌ڵا ده‌قه بنچینهییهكهدا به‌راورد پێ بكات و بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر ده‌رببڕێ و په‌نجه بخاته سه‌ر هه‌ڵه و كه‌موكوڕییه‌كانی، هه‌روه‌ك چۆن ئێمه ڕۆژانه ده‌بینین و شتێكی ئاساییشه چه‌ندان تێكستی وه‌رگێڕدراو له لایه‌ن بهراوردكاران و ڕه‌خنه‌گرانه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێن و له‌گه‌ڵ ده‌قه بنچینهییهكهدا به‌راورد ده‌كرێن و بۆچوونیان له‌سه‌ر ده‌رده‌بڕدرێ و ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گیردرێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا، یه‌كێكی تر له خه‌وش و نابوێرییهكانی ئه‌و وه‌رگێڕانانه، بریتییه له هه‌وڵدانی ئه‌و وه‌رگێڕانه بۆ ته‌فسیركردنی وشه به وشه و ئایات به ئایات له‌گه‌ڵا وه‌رگێڕانه‌كاندا (جگه له یه‌ك دوانێكیان كه به‌بێ ته‌فسیر وه‌رگێڕانی ئه‌م تێكسته‌یان ئه‌نجامداوه) وه‌ك وتیشمان ڕه‌نگه ته‌نها بیانوویان ئه‌وه بێت، تا پرۆسه‌ی تێگه‌یشتن له‌و تێكسته له‌لای خه‌ڵكی ئاسایی ئاسان بكرێته‌وه و هه‌موو شتێكیان بۆ ڕوون بكرێته‌وه، له هه‌مان كاتدا به‌ر بگیرێت له شێواندن و خراپ لێكدانه‌وه‌ی مانا و ڕاستییه‌كانی ناوی. ڕه‌خنه‌ی من له‌م پرۆسه‌ی ته‌فسیركردنه له‌پاڵا تێكستی وه‌رگێڕاودا ئه‌وه‌یه كه ئه‌م كاره ده‌نگی خوێنه‌ر و ته‌ئویلی خوێنه‌ر و لێكدانه‌وه و تێگه‌یشتنه‌كانی خوێنه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و تێكستانه ده‌كوژێ، پرۆسه‌ی ته‌فسیركردنی قورئان هه‌وڵ ده‌دا ته‌نها مانایه‌ك وه‌ك ته‌نها مانایه‌كی حه‌قیقی له لای خوێنه‌ر به‌رجه‌سته بكات و په‌لی خوێنه‌ر بگرێ بۆ گه‌یشتن به حه‌قیقه‌تێكی موتڵه‌ق، له‌وێشه‌وه پانتاییی مانا و ده‌لاله‌ته‌كانی تێكسته‌كان ته‌سك بكاته‌وه و بوار نه‌دات پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی مانا له‌لای خوێنه‌ر بكه‌وێته گه‌ڕ. به‌شێوه‌یه‌كی تر ته‌فسیركردنی ئایاتهكان فره‌ماناییی ئه‌و ئایاتانه ده‌كوژێ، له جێگه‌ی ئه‌و ته‌نها مانایه‌ك وه‌ك حه‌قیقه‌تێكی موتڵه‌ق ده‌خاته به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ر و خوێنه‌ر له‌سه‌ر ڕووبه‌ری بینراو و هه‌ستپێكراوی وشه و موفرهداتهكان ڕاده‌گرێ و پشتی وشه‌كان و ئه‌و دیو موفرهداتهكان و ڕووبه‌ره نهدیتراوهكانمان پێ فه‌رامۆش ده‌كا و ناهێڵێ ڕۆشنایی چاوی ئێمه بگاته ئه‌وێ. لێره‌وه ته‌فسیركار له‌سه‌ر ته‌واوی مانا و خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی وشه و ڕسته و ئایاتهكان ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌سه‌پێنێ و ڕێگه به سازدانی ئه‌و زه‌مینه‌یه نادات تاوه‌كو هه‌م تێكستی پیرۆز و هه‌م هۆشیاریی خوێنه‌ر به‌ڕووی یه‌كدا بكرێنه‌وه و په‌یوه‌ندیی و سه‌ودا و مامه‌ڵه‌یه‌كی پڕ له ئه‌فراندن بێته كایه‌وه، كه دواجار ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش دیسان ده‌چێته‌وه خزمه‌ت بهئهفسووناویكردنی مرۆڤه‌وه، دیسان مرۆڤ به فه‌زایه‌كی سایكۆلۆژیی نائاسایی ته‌سلیم ده‌كات و زه‌بری ئه‌و هێزه غه‌یبی و نائه‌قڵانییه له نه‌ستدا به‌گوڕتر و چالاكتر ده‌كات، كه له به‌رهه‌مهێنانی پرۆسه مه‌عریفی و ئهقڵییهكاندا ڕۆڵێكی گه‌وره ده‌بینێ و له‌وێشه‌وه له سه‌رجه‌م مۆراڵا و په‌یوه‌ندیی و چالاكیی و كردار و بۆچوونه‌كاندا ڕه‌نگدانه‌وه ده‌نوێنێت.
پرۆسه‌ی ته‌فسیركردنی وشه به وشه و ئایات به ئایاتی تێكستی پیرۆزی قورئان له لایه‌ن وه‌رگێڕه‌كانی ئه‌م تێكسته‌وه، جۆرێكه له داڕشتنی ساده و ساكاری عاتیفی له‌پێناو كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی ئایدیۆلۆژیدا، كه سه‌ره‌نجام به كوشتنی ڕه‌هه‌نده جۆربه‌جۆره‌كانی زمان و به‌رگرتن له ته‌قاندنه‌وه‌ی مانا لای خوێنه‌ر كۆتایی پێ دێت، ئه‌م داڕشتنه ساده و ساكاره عاتیفییه كه له‌پێناو كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی ئایدیۆلۆژیدا خۆی زاڵ كردوه، ڕی له دروستكردنی واقیعێكی تر ده‌گرێت و خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ ڕام ده‌كا، چونكه وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وام هه‌موو ڕۆژێك له هه‌موو بۆنه و نه‌ریته ئایینییه‌كاندا دووباره ده‌بنه‌وه و به گوێی هه‌مواندا ده‌درێنه‌وه.
له قاڵبدانی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ و یه‌خسیركردنی به كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی ئایدیۆلۆژی به‌هۆی ته‌فسیركردنی وشه به وشه و ئایات به ئایاتی تێكستی پیرۆزی قورئان له لایه‌ن وه‌رگێڕه‌كانی ئه‌م تێكسته‌وه، ڕێ له دروستكردنی فه‌نتازیا ده‌گرێت، فه‌نتازیایه‌ك كه ده‌كرێت وه‌ك جۆرێَك له ته‌ئویلی تایبه‌ت بۆ ئه‌م تێكسته سه‌رهه‌ڵ بدات، فه‌نتازیایه‌ك كه خه‌یاڵی كۆمه‌ڵایه‌تی له چوارچێوه‌ی سنووره ته‌سكه‌كانی واقیعێكی ئاماده‌كراو ڕزگار بكا و له جێی وه‌رگرتنی كۆمه‌ڵێك ئه‌مر و نه‌هی و كۆمه‌ڵێك ده‌ستوور و ڕێسای وشك و مرۆڤ جڵهوكهر، سه‌ر له نوێ هه‌وڵی دروستكردنه‌وه و جوانكردنه‌وه‌ی دونیا بدا و سنووره‌كانی نیگا و ڕوانین فراوان بكا و له جێی گه‌ڕانه‌وه بۆ مهرجهعیهتێكی ئایدیۆلۆژی كه هه‌میشه وه‌ك فریودهرێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و بایه‌قووشی داهێنان ئاماده‌یه، مهرجهعیهتێكی مه‌عریفی و ڕه‌خنه‌یی بۆ خۆی بكات به سه‌رچاوه.
ئه‌نجام
له‌كۆتاییدا و به‌كورتی و وه‌ك ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ههڵوێستهیهی له ئاست وه‌رنه‌گێڕان یان نائاساییانه و به‌دره‌نگه‌وه وه‌رگێڕانی تێكستی پیرۆزی قورئان بۆ سه‌ر زمانی كوردی كردمان، ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بده‌م كه ترسێكی ئیفلیجكهرانه و زیانبه‌خش ده‌وری ئه‌م وه‌رگێڕانانه‌ی داوه، كه له‌م خاڵانه‌دا پوخت و چڕی ده‌كه‌ینه‌وه:
1- ترسێك كه ناهێڵێ وه‌رگێڕه‌كان وه‌رگێڕانێكی ئاسایی وه‌ك وه‌رگێڕانی هه‌ر كتێبێكی ئاسایی دیكه بۆ تێكستی قورئان بكه‌ن.
2- ترسێك كه ناهێڵێ وه‌رگێڕانی تێكستی پیرۆز له به‌رگێكی سه‌ربه‌خۆدا بێ و جیابێت له زمانی یه‌كه‌م.
3- ترسێك كه بوار نادات خوێنه‌ر ته‌نها له ڕێگه‌ی تێكستێكی وه‌رگێڕاوه‌وه په‌یوه‌ندی و لێكدانه‌وه و تێگه‌یشتن له‌گه‌ڵا تێكستی پیرۆزدا دابمه‌زرێنێت.
4- ترسێك كه جارێك وه‌رگێڕ به كڵێشه‌ی به‌رگ و پهڕهكان و شێوازی خه‌ت ده‌ری ده‌بڕێ و نایه‌وێ ئه‌م تێكسته وه‌ك كتێبێكی ئاسایی ببینرێ و بخوێنرێته‌وه و ده‌ستی بۆ ببرێت.
5- ترسێك جارێكی تر له شێوه‌ی ئاماده‌كردنه‌وه و نووسینه‌وه‌ی زمانی یه‌كه‌م له وه‌رگێڕانه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ و ناهێڵێ خوێنه‌ر له ئاستیدا بێ به‌ش بێت له عیبادهت و چاوه‌ڕێی پاداشت بێ.
6- ترسێك كه جارێكی تریش له ته‌فسیركردندا خۆی ده‌نوێنێ و ده‌یه‌وێ فریاكهوێ وشه و ڕسته و ئایاتهكان 11نه‌كه‌ونه به‌ر ڕێژنه‌ی لێكدانه‌وه و تێگه‌یشتنی جۆربه‌جۆر و له سه‌رتاپای ئه‌م وشه و ده‌سته‌واژانه، به‌رهه‌مهێنان و به‌رفراوانبوونی مانا نه‌یه‌نه ژیانه‌وه.
7- ترسێك كه ڕێ له هۆشیاریی خوێنه‌ر ده‌گرێ و خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ی له چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سكدا به‌ند ده‌كا و ئاراسته‌یه‌كی ئایدیۆلۆژییانه‌ی پێ ده‌دات.
دواجار و وه‌ك دوا مه‌ترسی و ده‌ره‌نجامی ئه‌م مه‌ترسییانه‌ی پێشتر لێی دواین، وه‌رگێڕه‌كان پێیان وایه سه‌رجه‌م شێوه‌كانی ئه‌م مه‌ترسییانه پێكه‌وه مۆرانه له‌نێو گۆشت و خوێنی جه‌سته‌ی پیرۆزیی تێكستی پیرۆزدا ده‌خوڵقێنن.
نووسینی: كارا فاتیح
……………………
سه‌رچاوه
1- قورئانی پیرۆز.
2- ئازاد حه‌مه، ڕه‌هه‌ندی تێڕامان و جه‌سته‌ی وتاری ڕۆشنبیری هاوچه‌رخ، چاپی یه‌كه‌م، سوێد، ساڵی 1995.
3- ئازاد حه‌مه، بیری پۆست مۆدێرنیزم، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی، چاپی دووه‌م، هه‌ولێر، ساڵی 2002.
4- سه‌عیدی نوورسی، سه‌رجه‌می په‌یامه‌كانی نوور (1) وتهكان، و: فارووق ڕه‌سوڵا یه‌حیا، ساڵی 2004.
5- سه‌عیدی نوورسی، سه‌رجه‌می په‌یامه‌كانی نوور (1) مهكتوبات، و: فارووق ڕه‌سوڵا یه‌حیا، ساڵی 2005.
6- سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هادین، قورئانی پیرۆز چۆن بخوێنینه‌وه، چاپی یه‌كه‌م، ساڵی 2005.
7- حه‌مه‌كه‌ریم عارف، خیانه‌تی حه‌ڵاڵ، بڵاوكراوه‌ی لقی كه‌ركوكی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد، چاپی یه‌كه‌م،2010.
8- عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا، خه‌یاڵی زمان، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی ساڵی 2004.
9- تێری ئینگڵتۆن، پاش بونیادگه‌ری، وه‌رگێڕانی: سه‌ڵاح حه‌سه‌ن پاڵه‌وان، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، ساڵی 2003.
10- د. محه‌ممه‌د مه‌حوی، زمان و زانستی زمان، به‌رگی یه‌كه‌م، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، ساڵی 2001.
11- الامام محمد الغزالی، أحیا علوم ا‌لدین، جز‌و الاول.
12- جون لاینز، علم الدلاله، ترجمه: مجید عبدالحلیم الماشگه، كلیه الاداب، جامعه البصره.
13- د. علی القاسمی، مقدیمه فی علم المصگلح، بغداد، 1985.
14- د. محمد علی الخولی، معجم علم اللغه النڤری، انكلیزی- عربی، مكتبه لبنان، بیروت، 1982.