Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
تێکۆشـەر ( فـاتیـح رەسـول): داربـەرووێک بـاڵا لە ئـاگر

تێکۆشـەر ( فـاتیـح رەسـول): داربـەرووێک بـاڵا لە ئـاگر

Closed
by July 20, 2012 گشتی

 

 

تێکۆشەر ( فاتیح رەسول) داربەرووێکی باڵا ئاگر، لە باوەشی دۆندی دارستانێکی ڕەقهەڵاتووی سەرمابردوو … کزە شنە بایەکی قرچەی هاوێن ، بۆ سینەو شان و ملی پاڵەو سەپانی پێدەشت و پاوانی کوردستان… ڕەشەریحانەی چوار وەرزی بن بسک و ناو سوخمەی شۆڕەژنانی گەرمیان و کوێستان. جوامێرە ڕەنگ سوورەکەی دەشتی هاموون و کوڕە وەفادارەکەی (حاجی قادر)ی کۆیی، لە سالی (1931) لە کۆنە خانوێکی دارەرێژی هەلاهەلا ، لە گەرەکی (قەڵات) چاوەکانی کردەوە ، لە دیوانی باپیرە گەورەی ( حاجی عەبدوڵڵای کەبابچی) و باوکی  دەرسی ڕەوەشتبەرزی و مرۆڤپەرستی وەرگرت و لە بەردەستی نووخبەیەک لە باشترین مامۆستایانی  قوتابخانەی سەرەتای و ناوەندی (کۆیە) ‏فێرە ئەلف و بێی کوردایەتی بوو .‏ برک و سۆ و سەختی هەژاری و داماوی و دواکەتووی خەڵکانی ئەوسای کوردستان و عەزاب و ژان و ئازاری دەرد ونەخۆشی و بێ داودورمانی داماوان و جەورو زوڵم وزۆری ئاغەو کێخواو کاربەدەستان،  خڕەبەردێک بوون لەناو سینگی ئەو.  زەبروزەنگی ستەمکارانەی ژێر دەستەیی ئیستعماری ئینگلیزی و  شەقی وپێلاقی پاشایەتی میراتگر و  کۆنەپەرستی مێشک پر گێج و ئەسپێ،  چیای هەیبەسووڵتان  بوون لەسەر پشتی ئەو…  دەستی خوێناوی داگیرکەرانی خاک و ئاوی کوردستان و بکۆژانی ژن و منداڵی پێخواس و برسی شارو گوندەکانی کوردەواری ، مەراق و خەمێک بوون لە هۆش و دڵ و هزری ئەودا هاوتایان نەبوو! بۆیە پلینگانە ڕاپەری و لە گەڵ دەستەیەک لە تێکۆشەرانی شاری (کۆیە) کەوتە خەباتی وریاکردنەوەی خەڵک و پشتوانیکردنی هەژاران و رووبەرووبونەوەی ستەمکارو جاش و پۆلیسە چەنگبەخوێنەکانی ئەو سەردەمە. هەمیشە لە ریزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکان و لە سەر شانە بەرزەکانی هوتافکێشەکان بووە. بۆیە هێشتا  تەمەنی حەڤدەی تەواو نەکردبوو، لە ساڵی  (1947) یەک ساڵ زیندانی بۆ بڕاوە ، کاتێ (شاری کۆیە)ی خروشاند بۆ  شەرمەزارکردنی قەل وعامکردنەکەی بارزانییەکان و  ریسوا کردنی  بۆمبارانکردنی شارو گوندەکانی کوردستان وشاربەدەرکردنی ئەوانەی خەریکی  بەرپاکردنی فیتنەو ئاشووبە  بوون بە هیوای خامۆشکردنەوەی شۆرشەکەی ساڵی  (1936) .  ئەو زێندانیکردنە بۆ ئەو بەخێر گەڕا، دەستەیەک لە هاورێیانی حزبی شوعی عیراقی مەحکومدراو لە هەمان زیندانی شاری (موسل)،  فێری سیاسەتی راستەقینەی دەکەن و دەیهێنە پاڵ خۆیان. هێندەی پێنەچێ لە سالێ  (1949) لە مکتەب ، بە تومەتی تێکدەرو ئاژاوەچی، فەسل دەکرێ و مەحکەمەی عورفی یەک ساڵی  حوکمی ئیقامەی ئیجباری بەرسەردا دەسەپێنێ، هەر لەو ساڵەیش دا بە ئاشکرا  ئینتمای خۆی بۆ حزبی شوعی عیراقی بەیاندەکا، ئەوکات لەسەر گۆڕەپانی کوردستان و عیراق، حیزبی شوعی هەڵگری مەشخەڵی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی بوو.  تا ساڵی  (1955) ئەوەندەی ئەو لە ناو ژوورە تاریکەکانی بەندیخانە بوو هێندە لە ناو خەڵک و خزم و کەس و کارو زێدی خۆی نەبوو.  چەندان جار گیراوەو بەردراوە.  هەرلە ساڵی ‎(1955)‎‏ ‏سێ ساڵ حومکی زیندانی و دوو ساڵ دەستبەسەری بۆ دەردەکرێ – وا دەزانم کە دوێنی بوو، تەمەنم شەش حەوت ساڵان بوو ، لە گەڵ خاڵۆژنم – (عیسمەت)ی دایکی- دەچووم بۆ (قشڵەی کۆیە)و لەو دیو شیشەی دەرگا ئاسنەکەوە دادەنەیشتین و قسەمان لە گەڵ دەکرد، لە بیرمە دایکی لە گەڵ هەر پاروێک دۆڵمە  کە دەیدا ، فسکەیەک و خەبەرێکی هاورێیەکانی پێدەدا –  ئەو دەمە شەقامی کوردستان و بەغدا قوڵپ قولپ لە خەم و خوێنا  دەکوڵا ن و بیرباوەرێ پێشکەتووخوازی  تەختی کۆنەپەرستانی چرۆککردبوو. کە شۆرشی تەموز،  تەخت و تاجی پاشایەتی هەڵتەکاند لە ساڵی  (1958) ، ئەو هەشت مانگ پێش شۆرش هاتەوە ناو  باوەشی جەماوەرو دڵی کوردستان. ئەو بوو لە ساڵی  (1960)–  لە چرکە ساتێکی میژووی بایەخداری کوردستان-  بوو بە ئەندامی لێژنەی هەرێمی کوردستان لە حیزبی شوعی ‌عیراقی.  بەڵام ئەم ئازادییە  عومر کورت بوو، دوای بەرپابوونی شۆرشی ئەیلول ، شێوازی خەباتی کورد بە گشتی گۆڕانکاری گەورەی بەسەر داهات و کەوتە   قوناغێکی تازە، تێکۆشەر ( فاتیح رەسول) یش وەک سەدان لە هاورێیەکانی چووە رێزی خەباتی چەکداری و لە ساڵی  (1963) بوو بە پێشمەرگە و درێژەی بە خەباتی نە پساوەی پر لە سەروەری دا،  تا وە دەستهێنانی ئۆتۆنۆمی لە ساڵی  (1970). لە ساڵی  (1973) ، لە گۆنگرەی چوارەمی حیزب کرا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شوعی. کە رژێمی بەعس کەوتەوە قەڵاچووکردنی کوردو بە دەیان هەزار هاورێیانی حزبی شوعی کوشت ولە سێدارەدا – دوای هەڵوەشانەوەی بەرەی نێوان حزبی شوعی و بەعسییەکان – لە ساڵی   (1979) جارێکی تر بۆوە پێشمەرگەو ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە شەری پاریزگاریکردنی خاک و شەرەفی کورد و لە  هەوڵێ ئاشتکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانی ئەو دەمی شاخ. 

لە ساڵی  (1986) بە نەخۆشی دەگاتە (سوریا)و سێ ساڵ لەوەی دەمێنێتەوە و تا لە ساڵی ‎(1990)‎‏ ‏ دەچێتە وڵاتی (سوید) و لە نێوان تاراوگە وکوردستان ژیان دەگوزەرێنێ .  

لە  رۆژی ‎(24/ 7 / 2008)‎‏ بۆ یەکجاری بە هۆی نەخۆشی دڵەوە ماڵئاوایدەکات و لە گۆرستانی (کەکۆن) نزیک گلکۆی (دڵدار)ی شاعیر ، لە (کۆیە)، بەخاك دەسپێردرێ و رۆحی تا هەتایە بە ئاسمانی کوردستانی ئازادا شاد دەبێتەوەو  نازناوی (تێکۆشەری) پێدەبەخشرێت و پارکێکی جوان و قەشەنگێش بەناوی ئەوەو دەکرێتەوە. 

 دوای خۆی چوار کوڕی هۆشەنگ و و دوو کچی خاتوون بەجێدەهێڵێ. 

زەحمەتە توێژەرو مێژوونوسانی  کوردستان لە بابەت و لێکۆڵینەوەکانیان، سەبارەت بە سەردەمەکەی  تێکۆشـەر ( فـاتیـح رەسـول) ، بتوانن ناوی ئەو جوامێرە خۆڕاگرە خاوەن بیروباوەڕە پەراوێزبکەن .  لە هەڵسنگاندنی کەسایەتی ئەو تێکۆشەرە دەبێ ئاماژە بەوە بکرێت کە:

ئەو هاورێیەکی دڵسۆز و ئەمەکداری ئەو بیرو باورە و ئایدیۆلۆژایە بوو کە وەک مەبدەئوو فەلسەفە باوەڕی پێبوو دلێرانەش خەباتی بۆ کرد. لەو رۆژەوە کە ئینتمای بە حیزب کرد تا دوا چرکەی ژیانی  خیانەتی نەکردوو یاری پەتپەتێنی حزبی پێقبوول نەبوو. شەرەفی کوردایەتی و حزبی خۆی بە سامان و سەروەتی دوژمن نەفرۆشت.

لە هەورازو نشێووی شەست و یەک ساڵەی خەباتیدا، بەوپەڕی ریزەوە ئیلتزامی  بە رێنمایەکانی حزب کردو بە دڵفراوانیەوە هەموو رەخنەیەک و نسکۆو شکستییەکی خەباتی قبوولکردو لە روو بەرووبوونەوەی راستییەکاندا هەڵنەهات. 

بەرهەمەکانی  کە خەباتی فیعلی ئەوەن، بەشێکی زۆری مێژووی ئەو سەردەمە تۆماردەکەن و سەرچاوەی بەپێزو پەسندن بۆ سیاسەتمەدارو مێژوونووسان و زانکۆییان. شایەتحاڵێکی بەویژدان  بۆ گێرانەوی سەربوردەو نهێنییەکانی خەباتی پەنجایەکانی سەدەی رابردوو و شورشی ئەیلول و شورشی تازەو ڕاپەرین و روخاندنی رژێمی سەدام و شەری نێوان عیراق و ئیران و چەندان رووداوی تری مێژوویی ناوچەکەو جیهان.

گەنجینەیەکی گەورەی خەباتی حزبی شوعی عیراقی و کوردستانی بە ئەمانەتەوە پاراست.

ئەو قوتابخانەیەکی سەربەخۆ بوو لە خەباتی خوێناوی سەدەی ڕابرووی کورد بەتایبەتی لەسەرتای نیوەی دووەمی سەدەی رابردوو. تەنانەت رێزدار (جەلال تاڵەبانی) ، لە گفتوگۆیەکی دا ئاماژە بەوە دەکات کە تێکۆشەر (فاتیح رەسوڵ ) یەکەمین مامۆستای سیاسی ئەو بووە.

ئەو حەوت کتێبەی کە بەکوردی نووسیویەتی و هێندێکیشیان وەرگێردراونەتە سەر زمانی عارەبی ،  چەندان بابەتی بەهادار لە خۆدەگرن، وەک بابەتی فیکری، سیاسی ، مێژووی ، بیرەوەری، کۆمەڵایەتی  و کوردایەتی کە ووردبینی و بلیمەتی ئەو نیشاندەدەن. بەرهەمەکانی کەلێنێکی دیاری لە کتێبخانەی کوردییدا گرتووە.

کتێبخانە تایبەتییەکەی خۆی کردە دیاری بۆ (کتیبخانەی گشتی کۆیە) کە چەندان سەرچاوەی باشی تێدایە.

ئەمەیش رێزبەندی کتێبەکانیەتی:

1  – دەنگی ئاشتی. ساڵی (1954) لەژێر ناوی (دلێر احمد). لە چاپخانەی دیجلە ، دەستی بەسەردا گیرا.

  -2توتن و توتنەوانی لە کوردستانی عیراق، (1958). 

 -3 ‏‌‌‌‌هێندێ ڕووداوی گرینگی (1979) – چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی خەباتی گەلی کورد- بەرگی یەکەم ،‏‏ (1991)‏‎.‎

 

4   – شەڕ‌ەکانی برا کوژی ‏(‏‎1980 – 1981‎‏) ‏- چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی خەباتی گەلی کورد- بەرگی دووەم،  ‏‏‏(‏‎1992‎‏)‏‎.‎

5  – کارەساتی پٍشت ئاشان (1983) – چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی خەباتی گەلی کورد- ‏(‏‎1981‎‏-‏‏‎1990‎‏)‏‎.‎- ‏بەرگی سێەم

 -6 لە کاروانێکی دوورو درێژ، ئەزموون و تاقیکردنەوەی پەنجا ساڵ، ‏(‏‎1977‎‏)‏‎.‎‏‎.‎

7 – بنچینەی مێژووی بیرۆکەی چەپ لە کوردستان، ‏(‏‎2007‎‏) ‏‏

8 – مشتێک لە پاشماوەی خەرمان، ‏(‏‎2007‎‏) ‏

9‏- بنچینەی مێژووی بیرۆکەی چەپ لە کوردستان، – بە عەرەبی

10-  لە پێناو دەسەڵاتدا،‏ (‏‎2007‎‏) ‏‏

تێکۆشـەر ( فـاتیـح رەسـول)‏ سەربەرزانە لاپەرەیەکی زیندووی بۆخۆی لە مێژووی خەباتی کورد تۆمارکردو ڕووڕەشی و سەرشۆریش بۆ ئەوانە ماوە کە دەها نەخشەو پیلان و داویان بۆ ناوزڕاندن و کوشتینی ئەو داٌڕشت.

هەر شکۆمەندو بەرزو درەوەشاوە بێ ساڵیادی کۆچێ تێکۆشـەر ( فـاتیـح رەسـول)‏.

 

فـازیل شـەورۆ

Facebook:  Fazil Shawro

fzgaedii@yahoo.com

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.