Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
تەقدیسكردنى تێكست و كڵۆمدانى دەركەكانى پرسیار

تەقدیسكردنى تێكست و كڵۆمدانى دەركەكانى پرسیار

Closed
by January 12, 2009 ئەدەب

 
 تەقدیسكردنى تێكست و كڵۆمدانى دەركەكانى پرسیار
 نووسینى: یوسف عیزەدین

 
 لەساڵى 1654- دا  ئوسقوف (ئۆشەر) دەرئەنجامى لێكۆڵینەوەو حیسابكردنى تەمەنى نەوە یەك لەدوای یەكەكانى كتێبى پیرۆز، بەیەقینەوە رایگەیاند:" دنیا لەلایەن خوداوەندەوە لەساڵى 4004- ى پ.ز دروستكراوە". دواتریش دكتۆر (جۆن لایتفوت) ى جێگرى ریكتۆرى زانكۆى كەمبیرج ئیزافەیەكى خستەسەر بۆچوونەكەى (ئۆشەر)، بەڕاى ئەو دنیا لەسەعات نۆى بەیانى 23- ى تشرینى یەكەمى ساڵى 4004- ى پ.ز دروستبووە. سەرچاوەى سەرەكى یەقینى ئەو دوو زاتەش لەوەى خستیانەڕوو لەیەقینبوونیان بەزانیارى و بەسەرهاتەكانى نێو كتێبى پیرۆزەوە هەڵهێنجرابوو!؟
 گەر بەشێوەیەكى ئەبستراكتانە بڕوانینە ئەم نمونەیەى سەرەوە دەبینین پیرۆزكردنى دەق و یەقین بەوەى لەنێویدا هاتووە چۆن دەركەكانى پرسیار كڵۆم دەدا، بەدرێژایى سەردەمانێك لەرۆژئاوا كتێبى پیرۆز تەنها تێكستێكى سەرەكى و باوەڕپێكراو بوو كەبتوانرێت لەمیانییەوە بڕوانرێتە دنیاو هەموو ئەوەى كەهەیە، تەنها تێكستێك بوو كەباوەڕدارانى بەتەسەوورى خۆیان بەخوێندنەوەو فامكردنى توانیویانە لەنایەقینەوە پآ بنێنە دنیاى یەقینى ئەبەدى و ئەزەلى؟!.
 لەكاتێكدا نایەقین بارگاوییە بەگومان و پرسیارە ئەرگۆمێنتەكان، بەڵام یەقین وەستانە لەبەردەم دەركەى داخراوى وەڵامە رەهاكان. باوەڕى مرۆڤ بەتاك رەهەندى و تاك سەنتەرالیزمى هێزێك، توانى مرۆڤ بباتە دەرەوەى بوونى پرسیارە ئەرگۆمێنتەكان و دایبماڵێت لەهەر پرسیارێك كەدەیگەڕێنێتەوە بۆ گومان لەو سەنترالیزمە هزرییە سەپێنراوە. تەقدیسكردنى تێكست بەشێكە لەپرۆسەیەكى بەرفراوانى تەقدیسكردنى شتگەلێكى زۆرى داسەپاوى دەرەوى دنیاى پرسیاركردن.
 نووسەرێكى وەك(خوان گۆیتیسولو) سەبارەت بەمردنى دیكتاتۆرێكى وەك"فرانكۆ" دەڵێت: ( باوكە من چى بكەم بەبآ تۆ، بەدرێژایى چل ساڵ منت بەڕێوەبردو ئەو فیلم و كتێبانەت بۆ هەڵبژاردم كەدەتوانم بیانبینم و بیانخوێنمەوە، پێت گوتم چۆن دەبێت ئاشقبم.. هەر تۆ بەها مۆڕاڵییەكان و هەموو شتەكانى تریشت پآ ناساندم ).
 (خوان گۆیتیسولو) بەشێوەیەكى تەنزئامێزانە دەیەوێت گوزارشت لەگواستنەوە لەدنیاى یەقینەوە بۆ دنیاى نایەقین بكات، ئەو دنیایەى كەهیچ شتێك تێیدا پیرۆز نییەو دەكرێت پرسیار لەبارەى سەرجەم هەبووەكانییەوە بكرێت؟!.
 "ئەلیاس فەركوح" دەڵێت:( پرسیار دەكەم ئاخۆ هیچ داهێنانێكى مرۆڤ هەیە پیرۆز بێت تا بەدەر بێت لەبەگژداچوونەوەى ئەقڵى رەخنەگرانە؟! یان ئاخۆ هیچ پرسیارێكى رەخنەگرانە هەبووە كەمەبەستى كردنەوەى فایلەكان و لێكۆڵینەوە بێت، لەدەسپێكدا رووبەڕووى رەفزكردن نەبووبێتەوە…ئەوانەى بتەكان دەپرستن و ئەوەى كەپێشتر نووسراوە دەیكەنە موقەدەسات و نابێت بەلایدا بچین، بەم شێوەیەش تێكستەكان دەكەنە كۆتەلأ… ئایا دەكرێت لەمیانى رێزمانەوە بۆیان، بەلاى پێشەنگەكانى ئەدەبدا نەچین؟ ئەگەر پێشەنگ بوون هۆكارێك بێت بۆ بێدەنگ بوون و سكون و قسەنەكردن… ئەوە ئێمە نەفى پێشەنگ بوونى ئەوانمان كردووەو شوناسى ئەوەنمان تەزویر كردووەو لەدنیاى داهێنان بردووماننەتە دەرەوە".
 ئەوەى كەلێرەدا مەبەستمانە بیخەینەڕوو سامناكى ئەو تەقدیسكردنەیە سەبارەت بەتێكست و خاوەنەكانى  كە لەئەدەبیاتى كوردیدا ساڵانێكە هەیە، كاتێك بیرو هزرێكى بارگاوى بەیەقین تێكستێك بەجوان و باش و…تاد..ى دەداتە قەڵەم، گوتنى پێچەوانەى ئەمەش شەڕى  گەورەى لێدەخوڵقێت و كەسى بێژەر یان نووسەر رووبەڕووى دژایەتییەكى  زۆر گەورە دەبێتەوە.
 وەك نمونەیەك ئاخۆ "نالى" و تێكستەكانى لەدەرەوەى هەر تەقدیسكردنێك، ناكرێت چەندین و راڤەى بۆ بكرێت و هەڵوێستە لەئاست ئەو شیعرانەیدا بكرێت كەكەم یان هەر هیچ لەبارەیانەوە قسەنەكراوە، یان ئاخۆ واباشتر نییە ئەو زاتە لەنێو هالەى تەقدیسكردندا نەكوژین و لەدەرەوەى ئەو دنیایەى كەسانێك بۆ ئەویان دروستكردووە مامەڵە لەگەلأ تێكستەكانى بكەین و رێگرێك نەبێت بۆ گوتنى ئەوەى دەمانەوێت بیڵێین لەبارەیەوەو  گوتنى تێڕوانینێكى جیاواز سەبارەتى نەبێتە مایەى شەڕەجەنگێكى بێمانا كەهیچ ئیزافەیەك ناخاتە سەر خوێندنەوەى ئێمە بۆ تێكستەكانى. خستنەڕووى هەر یەقینێكى پێشوەخت دەرحەق بەتێكستێك، بەمەبەستى سڕكردنى ئیرادەى خوێنەر و تێكشكاندنى تواناى بڕیاردانى  لەوەى لەنێو تێكستێكدا قەولە بۆ خۆى بیبینێت، هەڵسوڕانە لەنێو جوغزى داخراوى میتافیزیكدا و هەوڵدانێكە بۆ كڵۆمدانى دەركەكانى پرسیار. تێڕوانینێكى بارگاوى بەیەقین پێمان دەڵێت، ئیبراهیم ئەو كەسە موجازیفەیە كەتوانى بتەكان تێكبشكێنێت و بەوەش پرسیارێك جێبهێڵیت سەبارەت بەشەرعیەتى بوونیان و قودسییەتیان بسڕێتەوەو ترس و سامى خەڵك دەرحەق بەبتەكان بڕەوێنێتەوە. ئەگەر ئێمە ئەوەندە لەبارەى ئیبراهیم- وە بزانین و ئاوا بەیەقینەوە تێیبڕوانین ئەوە كارەساتە!؟ ئەى نابێت ئەوە بهێنینەوە یادى خۆمان كەبەتێكشكاندنى بتەكان شتێكى زۆر سامناكتر هاتە كایەوە، گەرچى نابێت ئەوەش بكەینە یەقین و دەبێت وەك نایەقینێك مامەڵەى لەگەلأ بكەین و دەركەكانى پرسیاركردن بەئاوەڵایى بهێڵینەوە، بەتایبەت لەزەمەنێكدا وەك "ئیمبیرتۆ ئیكۆ" ئاماژەى پێدەدات:( دەسەڵاتى هێزێكى پووچ و بەتاڵى رووكەشیانەى ریكلامەكان كۆمەلأ لەدەورى پاشماوەى زمان و هزر كۆدەكاتەوە، ئەوانەى مودمینى قسەكردنن ئێمە دەبەنە نێو جەهل و بێدەسەڵاتى و پەراوێزەوە، تەنانەت وادێتە پێش چاو ئەم زەمەنى تێكشكانە، تێكشكانى ئەوان نییە، بەڵكو تێكشكانى ئێمەیە).
 تەقدیسكردنى هەر تێكستێك هەوڵدانێكە بۆ راگرتنى هەر جۆرە بۆچوونێكى پێچەوانەو نەیار بەو تێكستەى كەتەقدیسكراوە، تەنها شتێك كەڕێگە پێدراوە سەبارەت بەتێكستێكى تەقدیسكراو دروستكردنى زیاترى هالەو پێداهەڵدان و مەزنكردنیەتى، بەمەش هۆشمەندى دەبێتە تێكست و لەدەرەوەى ئەو تێكستە بوونى نابێت و هەر ئەو هۆشمەندییە بەتێكست بووەش دەكەوێتە دژایەتى هەر تێكستێكى نەیار و ناتەبا و بەردەوامیش لەهەوڵى ئەوەدا دەبێت بیسەلمێنێت كەمەعلوم لاى ئەوەو مەجهولێكیش نییە خۆمانى پێوە سەرقاڵبكەین و بۆى بگەڕێین. كاتێك تێكست دەگاتە ئەو دەسەڵاتە رەهایەى كەناهێڵیت پرسیار لەبارەى قودسییەتییەوە بكرێت، ئەو دەم بۆخۆى دەبێتە پانتاییەك بۆ چەپاندن و ئینتیما، ئینتیما بۆ هەر تێكستێك لەهەر ئان و زەمانێكدا گرفتێكى گەورەیە، لەكاتێكدا ململانێى راستەقینەى مێژوو هەردەم ململانێى ئینتیما بۆ تێكست یان بۆ زمان بووە، تەقدیسكردنى زمانیش بەشێكى دیكەى تەقدیسكردنى تێكستە، لەكاتێكدا زمان بۆ خۆى ئەو نەزانراوەیە كەدەبێت هەردەم بیناسین و خۆمان لەنێویدا بناسینەوەو لەگەلأ زۆر بگرەو بەردەى دیكەش كەدەبێت پەى پێبەرین. میكانیزمەى چۆنیەتى تەقدیسكردنى تێكستە ئایینییەكان و تێسكتەكانى تر لەزۆر رووەوە هاوشێوەن و ئامانجى سەرەكیشیان بەیەقین گەیاندنى ئێمەو بڕینى شادەمارى پرسیاركردنمانە، لەمابەینى تێكستە تەقدیسكراوەكاندا ئەگەر پێكدادانێكیش هەبێت ئەوە دژایەتییە نەك ململانآ، دژایەتى و ململانێش دوو چەمكى جیاوازن، لەكاتێكدا ململانآ لەپرسیارەوە سەرچاوە دەگرێت و زانستیى ترە، ئەوە دژایەتى بەدەر لەدنیاى پرسیار پێكدادانێكە بەمەبەستى سڕینەوەو پەراوێزكردنى ئەوى تر، ئەمە لەئەدەبیاتى كوردیدا بۆتە تەنگژەیەكى بەرچاو لەئاست هەنگاونان بەرەو شتى نوێ، بەشێوەیەكى گشتى هەردەم یەك رەهەند و یەك ریتم لەخوێندنەوە بۆ ئەدەبیاتى كوردى وەدەردەكەوێت، جۆرێكە لەكاركردن لەسەر جیاكردنەوەى رەنگەكان، نەك رۆچوون بۆ نێو نادیارو نەزانراوەكانى دەق. دەبینین قسەكردن لەسەر "نالى" دەگاتە زۆر شوێن، بەڵام ناگاتە خوێندنەوەى ئەو شیعرەى كەلەزمانى ئاژەڵێكەوە خۆى و ئەو بەیەك دەشوبهێنێت، "نالى" دەڵێت:
 ( هێندە پێم خۆش بوو زمانى حاڵى دەیگوت"نالى"یا!
 هەردوو حەیوانین ئەتۆ گوێكورت ئەمنیش گوێدرێژ ).
 یان كەدەڵێت:
 ( "نالى" كەوا سەگە، سەگى ئەو مەرز و بوومەیە
 ئەمما سەگى موعەللەمى بآ دەنگ و بآ وەڕە ).
 ئێمە سەربارى ئەو دنیا ماتەریالیست و تەكنۆ كلتوورەى لەدەرەوەماندا بوونى هەیە، هێشتاكە لەپشت دیوارە بەرز و كۆنینەكانى میتافیزیكەوە بەیەقینەوە دەڕوانینە دنیا و سەرجەم دیاردەكان، بآ هیچ گومان و پرسیارێك تێكستەكان واقبوولأ دەكەین كەپێشوەخت پێمان دەگوترێت، ئەم دەردە كوشندەیە باڵى بەسەر بەشێكى زۆرى رووناكبیریى كوریدا كێشاوە، "ئەدۆرنۆ" دەڵێت:( هیگلأ لەسەر حەق بوو، كاتێك گوتى رووناكبیر كەسێكە خاوەن هۆشمەندیى مرۆڤێكى سەركێش و سەرەڕۆیە، چونكە نووسین بەگژداچوونەوەى سیستەمە). دەبێت نووسین بۆخۆى دەرچوون و تێپەڕكردنى سیستەمەكان بێت و لەئاستێكدا رانەگیرێت و تەقدیسنەكرێت و نەكرێتە دەسەڵاتێكى ترسناك بۆ سەركوتكردن و ئەشكەنجەدانى رۆحى، ئەگەر نووسین بۆخۆى گەمەیەك بێت، ئەوە ناكرێت ئەو گەمەیە لەقاڵبدەین و لەئاستێكدا بیمرێنین، چونكە ئەگەر بەشێك یان بنەمایەكى ئەو گەمەیە خستنەڕووى جیاوازییەكان بێت، ئەوە ناكرێت لەدەرەوەى جیاوازییەكانەوە تێى بڕوانین، بەڕاى "باختین" نووسین پێكەنینە، بەڵام لاى ئێمە نووسین ئەگەر بۆخۆى پێكەنینیش بێت، ئەوە دەكرێتە گریان بۆشتەكان، دەكرێتە دەنگێكى تووڕە دژ بەوانەى ئەویان قبووڵ نییە، دەكرێتە كردەیەكى رەها و لەنێو زاراوەكانى جوانى و داهێنان و زۆر گرنگ و نەكراوەو نەبووەو…تاد..دەكرێتە كۆتەڵێكى هاوشێوەى ئەو كۆتەڵانەى كە لەدەوریان كەسانێك مۆمەكان دادەگیرسێنن، دەكرێتە ئەو ئەفسانەیەیەى كەناشێت بڵێین بۆ؟.. چۆن؟.. كەى؟.. و سەرجەم پرسیارەكانى تریش قەدەغەن و بەكردنیان بەر نەفرەتى باوەڕدارانى تێكستە تەقدیسكراوەكە دەكەوین. فەلسەفەو لۆژیكى میتافیزیك خۆى لەدوو توێى سێنترالیزم و گوتارى باڵاو تەقدیسكردندا نمایش دەكات، بەپەراوێزكردنى سەرجەم ئەوەى لەگەڵیدا نەیارە خۆى دەسەپێنێت، ئاخۆ هەر ئەم ئەقڵیەتەش نییە لەبوارى مەعریفى و فیكرى و ئەدەبیى و سەرجەم بوارەكانى دیكەى كورددا كار دەكات، وەرگرتنى بیر و هزرە دژەكانى میتافیزیكیش لەلایەن كەسانێكەوەو بەكاربردنى لەخوێندنەوەو نووسینە رەخنەییەكانیاندا بۆ ئەوە نییە تەجاوزى ئەو دیدگە میتافیزیكییە بكەن، بەڵكو جارێكى تر كار بۆ بەرجەستەكردن و سەپاندنى دیدگەى خۆیان دەكەن، بەچەشنێك كەلەچوارچێوەى میتافیزیك ناچێتە دەر و شتە جیاواز و لەیەكنەچووەكانى لەگەلأ خۆى، پآ قبووڵ نییە و لەهەوڵى دروستكردنى لۆگۆسێنترالیزمدایە، ئەگەر دیدگە میتافیزیكییەكان كار بۆ خستنەپێشى ئاخافتن بكەن بەبەراورد لەگەڵ تێكستى نووسراو، هەروەك چۆن وەعز و وتار و بانگهێشتە ئایینییەكان و ترساندن و تۆقاندن دەكەونە پێش تێكستە نووسراوە ئایینییەكەو خوێندنەوەى، ئەوە بەشێوەیەكى گشتى ئەقڵیەتى خوێندنەوەو رەخنەى كوردیش هەمان پرۆسە پیادەدەكات، گەرچى ئەوەى كەدەیەوێت بەنووسینیش دەریبڕێت، بەڵام لەراِستیدا ئەو چەشنە نووسینانە تەجاوزى زمانى ئاخافتن و گێڕانەوەكانى نەكردووە، ئەو تەرزە ئیشكردنانە بەهەمان ریتم لەلێدانى پێشووتر دێتە سەر باس و خواسى مەزنێتى و جوانى تێكستێك، بەڵام ئەمە چۆن و بۆچى و دەیان پرسیارى تر بآ وەڵام جآ دەهێڵن، گرنگ ئەوەیە بەلایانەوە تێكستێك یان چەند تێكستێك ببەنە پێش تێكستەكانى ترو بڵێن لەدەرەوەى ئەمانە شتێكى جدى و جوان بەدیناكرێت، ئەمانە هەمووى گوتەزا سەتحییەكانى  ئاخافتنن كەلەنووسیندا بەكاریدەهێنن، بەزاڵكردنى ئاخافتنیش بەسەر نووسیندا فۆنۆسێنترالیزم بەرقەرادەكرآ، لەكاتێكدا ئەمیش رەگەزێكى لۆگۆسێنترالیزمە. لەراِستیدا هیچ سەرچاوەیەكى رەها لەئارادا نییە، تا لەمیانى ئەوەوە بسەلمێنرێت كامە تێكست باشە و كامە خراپ، دیارە هیچیش لەم جۆرە پێناسەكردنانەدا شین نابێت، جگە لەدروستكردنى تێكستێكى تەقدیسكراو، جا ئەگەر دەسەڵاتێكى لەپشت بێت، ئەوە وەك تێكستە تەقدیسكراوە ئاینییەكان بەدرێژایى زەمەنێك دەتوانێت لەنێو دنیاى تەقدیسكردندا بمێنێتەوەو خۆى بپارێزێت.
 ئەگەر قسە لەسەر كایە ئەدەبى و فیكرى و مەعریفییەكانى كورد بكەین، دەبێت ئەوە بزانین هەر یەقینێكى پێشوەخت بەو كایانەو باوەڕهێنانمان پێى لەڕووى باش و خراپى و هاوچەشنەكانى ئەو جۆرە پۆلێنكردنانەوە، هیچ سوودێكى نییەو بێجگە لەتوێوەگلانمان و رۆچوونمان بۆ نێو خمخۆركى راوەستان و خۆلێسانەوە و راوحكردن و نەگەیشتنە هیچ، هیچ ئاسۆیەكى دیكەى نییە. زۆرێك لەوەى كەتائێستا لەو كایانەدا كراوەو دەكرێت لێوانلێوە لەیەقین و پرسیارنەكردن و تەسلیمبوون و بگرە چەشنێك لەپەرستنى ئەوەى كەهەیە، بەڵام دەبێت لەخوێندنەوەى پەراوێزكراوەكانى ئەو بوارانەوە  هەوڵى هاتنە ناوەوە بدەین و ئەوداڵى نەزانراوەكان بین و بەشتە لەبیركراوەكاندا بچینەوە و دەركەكانى پرسیار ئاوەڵابكەین و سلأ لەوە نەكەینەوە كەبڵێین ئێمە یەقینێكمان نییە بەوەى كەهەیەو هەوڵدانى ئێمەش بۆ گەیشتنە یەقین نییە، بەڵكو هەردەم وەك كەشتییەكى بێلەنگەر دەمێنینەوەو دڵنیاشین كەیەقین درۆیەكى گەورەیەو بۆ تێكشكاندنى ئێمەیەك هەیە كەلەم دنیایەدا سەربارى لێسەندنەوەى زۆربەى  مافەكانمان، داواى یەقینبوونیشمان لێدەكرێت بەو تێكست و شتانەى كەتەقدیسكراون.     
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.