Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
تەکنیکی پێشکەوتنی ڕووداو،…

تەکنیکی پێشکەوتنی ڕووداو،…

Closed
by May 1, 2013 ئەدەب

 

 

 

تەکنیکی پێشکەوتنی ڕووداو، ڕۆمانی (سوارەکان بە قاچاغ بووکیان گواستەوە) وەک نموونە

 

 

 

به‌شی یه‌که‌م 

تەوەرەی یه‌که‌م:-

چه‌مک و پێناسه‌ی کات:- 

 

کات تەوەرەی سەرەکیی ئەدەبی گێڕانەوە پێک دەهێنێت، بەوەی هەموو کارەکتەر و ڕووداوەکان نەک هەر دەخوڵقێنێت، بەڵکو بە یەکتریشیان دەبەستێتەوە، مادام هیچ جووڵەیەک ناکەوێتە دەرەوەی کاتەوە. کاریگەریی کات لەسەر کارەکتەر لەوەدا دەردەکەوێت، کە بە هۆی ئەو بەردەوامییەی هەیەتی پرسیاری لا دروست دەکات، “بۆیە هەستکردن بە کات هەستکردنە بە بوون. بەم شێوەیە کات هەموو لایەنەکانی چیرۆک دەگرێتەوە: بابەت، فۆرم و شێواز، یاخود زمان” .

)نه‌جم خالید ئه‌ڵوه‌نی) لە چوارچێوەی ڕۆماندا به‌م شێوه‌یه‌ پێناسه‌ی کات ده‌کات: ” کاتی رۆمان ئه‌و کاته‌یه‌ که‌ چۆنیه‌تی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان و جووڵانه‌وه‌ی که‌سایه‌تیه‌کان له‌ ئێستا و ڕابردوو و ئاینده‌ دا به‌ گوێره‌ی شێوازی گێڕانه‌وه‌ی تێکسته‌که‌ ڕێک ده‌خات و به‌ گونجاوترین شێوه‌ گوزارشت له‌ باری ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونی و فیکری ئه‌وان له‌ هه‌ڵوێسته‌ جیاوازه‌کان ده‌کات و فه‌لسه‌فه‌ی ژیانیان، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا کۆتایی ڕووداوه‌کان پیشانده‌دات” .

فەلسەفەی کلاسیکی بە نیگەرانییەکی قووڵەوە ڕووبەڕووی مەسەلەی تێپەڕینی کات و ڕووداوەکانی ڕۆژانە بووەوە. فەیلەسووفێکی وەک هیراکلیتس وا لە کاتی نەڕوانیوە، کە شتێکە هی ئێستا و هی ئێرەیە، بەڵکو کاتی بە گۆڕانەوە بەستووەتەوە . هه‌روه‌ها فه‌یله‌سووفێکی وه‌ک (ئه‌رستۆ)یش کاتی پێوەست کردووه‌ به‌ جوڵانه‌وەوە‌، ئه‌وه‌شی روون کردۆته‌وه‌ که‌ کات کۆتایی نایه‌ت، چونکه‌ جوڵانه‌وه‌کان بێکۆتایین، به‌ بۆچونی ئه‌م فه‌یله‌سووفه‌ ” کات له‌ هه‌موو جوڵانه‌وه‌یه‌کدا هه‌یه‌، چونکه‌ هه‌ر جوڵانه‌وه‌یه‌ک ماوه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌” . واته کات پێوەری جووڵەیە و بە شوێنەوە بەندە، چونکە ئەوە جووڵەیە کات لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر دەبات، یان لە شوێنێکەوە دەیگەیەنێتە شوێنێکی ترەوە. بەم شێوەیە ماوەی کاتێک لە ماوەی کاتێکی تر جیاوازە و هەر جووڵەیەکیش گۆڕانێک بەسەر کاتی پێش خۆیدا دەهێنێت.

لای (هایدیگەر) مەبەست ئەوە نییە کات وەک ئەم بوونەوەر و ئەو بوونەوەر دەستنیشان بکرێت، “بەڵکو مەبەست گۆڕینی پرسیاری (کات چییە)یە بۆ (کێ کاتە)” ، کە ئەمە تاکە ڕێگایەکە بۆ ئەوەی بە شێوەی زەمەنییانە لەبارەی کاتەوە بدوێین. واتە نابێت پێمان وا بێت کات بوونەوەرێکی نەناسراوە، بەڵکو دەبێت وای دابنێین خۆمانین.

بەپێی ئەو بۆچوونەی (هایدیگەر) کاتێ ئێمە دەزانین کات خودی مرۆڤە، نەوەک شتێک بێت لە دەرەوەی، ئەوە ئەوەیشمان بۆ دەدردەکەوێت کە لە ڕێگای کاتەوە مرۆڤ پێوەندیی بە هەموو دنیاوە هەیە، بە گیانلەبەر و بێگیانەوە، بەڵام تەنیا مرۆڤ لەبارەی کاتەوە پرسیار دەکات، چونکە ئەو پرسیارە تایبەتە بە بوونەوە.

بە هۆی ئەو ڕۆڵە گرنگەی کات لەناو هەر تێکستێکی ئەدەبیدا هەیەتی، بە تایبەتی لە ڕۆماندا، ئەوە ڕەخنەی ئەدەبی بایەخێکی گەورە بەو ڕەگەزە دەدات. بە دەگمەن لێکۆڵینەوەی ئەدەبی دەبینین پێوەندیی کات و شوێن لە لایەک و پێوەندیی کات و کارەکتەری فەرامۆش کردبێت . (فرانک ئۆکۆنۆر) پێی وایە ڕەگەزی کات گەورەترین خەسڵەتی جیاکەرەوەی ڕۆمان و چیرۆکە، بەوەی لە ڕۆماندا دەتوانرێت بەشێکی زۆری ژیانی ڕۆژانە پێشان بدرێت، کە چۆن لە ڕووی مێژوووییەوە کارەکتەر و ڕووداو گەشە دەکەن، بەڵام لە چیرۆکدا ئەو بوارە نییە . 

ڕاستییەکەی هیچ یەکێ له‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی‌ ڕۆمان پێک ده‌هێنن وه‌کو کات پێوه‌ستی گێڕانه‌وه‌ نین،” چونکه‌ گێڕانه‌وه‌ به‌بێ کات به‌رهه‌م نایه‌ت” . گرنگیی‌ کاتیش له‌ پڕۆسه‌ی گێڕانه‌وه‌دا له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، که‌ هه‌ر ده‌قێک خۆی له‌ خۆیدا لەسەر کاتی فره‌ته‌وه‌ره‌ و فره‌لایه‌نە دادەمەزرێت‌. هه‌ر ئه‌م گرنگییه‌شه‌ وای له‌ ڕه‌خنه‌گران کردووه‌ که‌ چیتر وه‌کو بابه‌تێکی ئاسایی له‌ کات نه‌ڕوانن، ” به‌ڵکو به‌لایانه‌وه‌ کات خودی رۆمانه‌”. 

رۆمان نزیکترین ڕه‌گه‌زی ئه‌ده‌بییه‌ له‌ واقیع و واقعیش بێ کات نابێت، هه‌مان ئه‌و هه‌مه‌ڕه‌نگییه‌ زه‌مه‌نییه‌ی له‌ ژیاندا هه‌یه‌ ڕۆماننووس به‌بێ دوودڵی ده‌یگوازێته‌وه‌ ناو ده‌قی ڕۆمانه‌که‌ی، بەڵام سیستێمه‌ زه‌مه‌نییه‌که‌ی تێک ده‌شکێنێت و بە شێوەیەکی باڵاتر دەریدەخاتەوە، کە هونەر هەمیشە ئەوە بەسەر نووسەردا دەسەپێنێت بەپێی سیستێمی ئیستاتیکی مامەڵە لەگەڵ ئەو وێنانەدا بکات، کە لە واقیعیان وەردەگرێت. سه‌رکه‌وتوویی ڕۆمان پێوەسته‌ به‌ چۆنیه‌تیی ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی که‌ ڕۆماننووس له‌گه‌ڵ کاتیدا ده‌کات، ” ئه‌و راستییه‌ی که‌ سه‌رنج راده‌کێشێ ئه‌وه‌یه‌ زۆرینه‌ی ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌ی له‌ هونه‌ری رۆماندا روویانداوه‌، له‌ بنچینه‌دا ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌ن که‌ له‌ توخمی کاتدا روویانداوه‌” .

کات ئەوە بەسەر ڕۆماننووسدا دەسەپێنێت وەک ڕەگەزێک مامەڵەی لەگەڵدا بکات، کە لەناوەوەی کارەکتەر و ڕووداوەکاندایە، نەوەک ڕەگەزێک بێت لە دەرەوە. ئەگەر شوێن لە کاری ئەدەبی گێڕانەوەدا ڕەهەندی ماددیی ژیانی کارەکتەر پێک بهێنێت، ئەوە کات هەر خۆی خودی ژیانە، یاخود هەستکردنە بە ژیان. “شوێن دنیای شتە چەسپاوەکانە، بەڵام کات بە دنیای شتە بزۆزەکان دادەنرێت” .

زۆربەی ئەو ڕۆماننووسانەی بە ئەزموونەکانیان بەشدارییان لە پێشخستنی ڕۆمان لە ڕووی فۆرم و شێوازەوە کردووە، خەیاڵیان لای کات بووە، “ویستوویانە لە سرووشت و بەهای کات تێبگەن، بە تایبەتی لەوەی پێوەندیی بە بونیادی ڕۆمانەوە هه‌یه‌” .

ئه‌وه‌ی وای له‌ نووسینه‌کانی (سامویل ریچاردسۆن 1689_ 1761) کردووە، که خوێنه‌ر‌ به‌ شێوه‌یه‌کی فراوان پێشوازییان لێ بکات و‌ جیاواز له‌ به‌رهه‌می نووسه‌ره‌کانی دیکه‌ بایەخیان پێ بدات، هۆکارەکەی مامه‌ڵه‌کردنی وردی ئەو بووە له‌گه‌ڵ کاتدا. ئەو زیاتر ناخی کارەکتەری دەرخستووە و پێی لەسەر لایەنی سایکۆلۆجییان داگرتووە. ئەمەیش وای پێویست کردووە خۆی لە قەرەی چەمکی کات بدات. ده‌ستنیشانکردنی کاته‌کان به‌ وردی خاسیه‌تێکی واقیعی ( realism)ی به‌ ڕۆمانه‌کانی ده‌دا، “ریچاردسۆن زۆر ورده‌کاریی له‌وه‌ ده‌کرد تا هه‌موو ڕووداوی چیرۆکه‌کانی له‌ ته‌رحی کاتێکی دیاری راڤه‌کراودا جێگه‌ بکاته‌وه‌، که‌ به‌ر له‌وه‌ هه‌رگیز وێنه‌ی نه‌بووه‌” ، هه‌روه‌ها (ریچاردسۆن) له‌ نامه‌ ڕۆمانه‌کانیدا، ئه‌و هه‌سته‌ لای خوێنه‌ر دروست ده‌کات که‌ له‌ هه‌موو ڕووداوه‌کانی ناو ڕۆمانه‌که‌دا به‌شداره‌، ئه‌مه‌ش به‌ هۆی ئه‌و ورده‌کارییه‌وەیە، که‌ له‌ کاتدا کردوویەتی.

کات هێندەی کاریگەری لە دەرەوەی کارەکتەر دەکات وەک لە جووڵەکانی لەناو چوارچێوەی شوێندا دەردەکەوێت، هێندەیش کاریگەریی لەسەر ناوەوەیدا دەبێت وەک لە شێوازی بیرکردنەوە و خەیاڵەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە. مرۆڤی سەردەمی ئەمڕۆ وەک مرۆڤی سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست نییە. تەکنەلۆجیا نەک هەر کاریگەریی گەورەی لە خێرایی مرۆڤ کردووە، بەڵکو جۆری بیرکردنەوە و خەیاڵەکانیشی گۆڕیوە، کە وای کردووە مرۆڤی ئەمڕۆ نیگەران و شپرزە بێت و هەست بە نامۆیی بکات. ئەمانە لە ئەدەب، بە تایبەتی لە ئەدەبی گێڕانەوەدا دەردەکەون. وەک دەبینین ڕۆمان، کە زیاتر لە سەرەتای سەدەی بیستەم گەشەی کردووە زیاترین بایەخی بە کات داوە، کە ئەمە لە بەرهەمەکانی (مارسێل پرۆست)، (جیمس جۆیس)، (ولیام فۆکنەر) و زۆری تردا دەردەکەوێت. مەبەست لە بەکارهێنانی تەکنیکی شەپۆلی هۆش، کە پشت بە تیۆری شیکاری دەروونیی (فرۆید) دەبەستێت، بێجگە لە لایەنی ئیستاتیکی، لایەنی دەرخستنی کاریگەرییەکانی کاتیشە لەسەر سایکۆلۆجیای کارەکتەر. کەواتە هەر کاتێ بمانەوێت لەبارەی ئەدەبی گێڕانەوە بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتی بنووسین، ڕەگەزی کات خۆی بەسەرماندا دەسەپێنێت.

 

ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م:-

ناساندنی چه‌مک و زاراوه‌ی پێشکه‌وتن :-

 

کاتێ دەمانەوێت لە چەمکی پێشکەوتنی ڕووداو بکۆڵینەوە، ئەوا لانی کەم دەبێت دوو خاڵ لە بەرچاو بگرین، یەکەم: دۆزینەوەی ناوێکی گونجاو بە زمانی کوردی، کە وەک زۆر چەمکی دیکەی ئەدەبی، هونەری، فەلسەفی و زانستی هێشتا تەواو ساغ نەکراوەتەوە و جێگای خۆی نەگرتووە. دووەم: ئەو چەمکە بە زمانی کوردی زۆر کەم باسی لێوە کراوە، بۆیە ئێمە لەم لێکۆڵینەوەیەماندا ناچار دەبین بەشێکی زۆر بۆ پێناسە و ڕەهەندەکانی تەرخان بکەین و هەوڵ دەدەین لەو چوارچێوەیەدا ئاماژە بە کۆمەڵێک سەرچاوەی جیاواز بدەین، بەو مەبەستەی هەندێ هێڵی گشتیی ئەو چەمکە پێشان بدەین. دەتوانین بڵێین ئەو چەمکە بە بەراورد لەگەڵ چەمکەکانی دیکەی ئەدەبی گێڕانەوە لەوانە فلاشباک بۆ نموونە، نوێترە و لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر بڕەوی پەیدا کردووە، بۆیە لە دەرەوەی زمانی کوردییشدا هەر کەم قسەی لێوە کراوە. 

ئەگەرچی لە زمانی کوردیدا، دورستتر لای ئەو ڕاڤەکارانەی لەو چەمکەیان کۆڵیوەتەوە، (پێشکەوتنی ڕووداو) لە بەرانبەر وشەی (Prolepsis)ی ئینگلیزی و (استباق)ی عەرەبی بە کار هاتووە، بەڵام پێمان وایە جۆرێک ناڕۆشنی لەو دوو وشەیەدا هەیە، کە دەشێت خوێنەر وا بزانێت مەبەست پەرەسەندنی ڕووداوە، کە ئەویش یەکێکە لە تەکنیکەکانی گێڕانەوە، واتە چۆن هێڵی درامیی ڕووداو پەرە دەستێنێت، بۆیە ئێمە وامان پێ چاکە لێرەدا (بازدانی کات)یش بە کار بهێنین، کە لە (Time – Shift)ی ئینگلیزییەوە نزیکە و هاوواتای وشەی (Prolepsis)ە، بۆ ئەوەی مانای چەمکەکە ڕۆشنتر ببێت. وەک دەبینین (أ. أ. مندلاو) لە کتێبی (کات و ڕۆمان)دا ناوی (Time Shift)ی لێ دەنێت و پێی وایە (کۆنراد) و (فۆرد مادۆکس فۆرد) گەشەیان پێ داوە . دەبێت ئەوەیش بڵێین هەر بە زمانی ئینگلیزی (Flashforward) ی بۆ بە کار دەهێنرێت.

دەبێت ئەوەیش بڵێین، کە پێشکەوتنی ڕووداو تەنیا تایبەت نییە بە ئەدەب، بەڵکو لە بواری فیکرییشدا چەمکێکە و کاری پێ دەکرێت. بۆ نموونە (هۆگ دی جۆڤێنال) لە کتێبی (ئاییندە وەک مۆدێرنێتە دایدەهێنێت)دا دەڵێت: “پێشکەوتنی ڕووداو نە چاوەڕێکردن –توقع-ە و نە پێشبینی، ئەرکیشی ئەوە نییە نوقڵانەی داهاتوو لێ بدات وەک بڵێی شتێکی ئامادەکراو بێت، بەڵکو ئەرکی ئەوەیە یارمەتیمان بدات لە دامەزراندنی، کە ئەوسا بانگهێشتمان دەکات بۆ ئەوەی ئاییندە کارێکە لەسەرمانە دایمبەزرێنین و بنیاتی بنێین” .

(لوتفی زەیتونی) لە (فەرهەنگی زاراوەکانی ڕۆمان)دا پێشکەوتنی ڕووداو بەم شێوەیە پێناسە دەکات: “پێچەوانەی ڕەوتی زەمەنی گێڕانەوەیە، کە ئێستای حیکایەت تێدەپەڕێنێت و باس لە ڕووداوێک دەکات، کە هێشتا کاتی نەهاتووە. پێشکەوتنی ڕووداو لەو تێکستانەی بە ڕاناوی کەسی یەکەمی تاک نووسراون، زۆر باوە، بە تایبەتی لە کتێبی ژیاننامە و گەشتنامەکاندا، کە نووسەر، چیرۆکبێژ و کارەکتەر سێ ڕۆلێان هەیە و یەک کەس ئەو ڕۆڵە دەبینێت. ئەو تێکەڵکردنەی ڕۆڵەکان دەبێتە هۆی بەیەکداچوونیان و دواتر بەیەکداچوونی زەمەنەکانیشیان. پێشکەوتنی ڕووداو هەندێجار شێوەی خەون وەردەگرێت، خەونێک غەیب کەشف بکات، یان شێوەی پێشبینی و گریمانی ڕاستەقینە لەبارەی داهاتووەوە وەردەگرێت” .

له‌ (ئینسایکڵۆپیدیای بریتانی)شدا وا پێناسه‌ی پێشکه‌وتننی ڕووداو کراوه‌:

” ته‌کنیکێکی گێڕانه‌وه‌یه‌ که‌ ڕووداوێکی داهاتوو یان پێشکه‌وتنێک پێشکه‌ش ده‌کات، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ پێشتر ڕوویدابێت یان بوونی هه‌بێت” .

له‌م پێناسه‌یه‌دا ده‌بینین جه‌خت له‌سه‌ر ڕوودانی ڕووداوه‌که‌ کراوه‌ته‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ ڕابردوو ڕووی دابێت، لێره‌دا ته‌کنیکی پێشکه‌وتنی ڕووداو، وه‌ک گه‌ڕانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت، چونکه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا ڕووداوه‌که‌ له‌ ڕابردوودا ڕووی داوه‌، به‌ڵام پێشکه‌وتن ده‌بێت ڕووداوه‌که‌ له‌ داهاتوودا ڕوو بدات، که‌واته‌ جیاوازیی له‌نێوان ئه‌م دوو ته‌کنیکه‌ ته‌نیا زه‌مه‌نه‌، له‌ یه‌که‌م ڕابردوو سەنتەرە و له‌ دووه‌میان داهاتوو. دەکرێت بڵێین پێشکەوتنی ڕووداو پێچەوانەی تەکنیکی فلاشباک (Flashback)ە، بەوەی ئەگەر مەبەست لە فلاشباک پێشاندانەوەی دیمەنێک، یان زیاتر لە دیمەنێکی ڕابردوو بێت، کە لە (ئێستا) خۆیان دەسەپێنن و دەردەکەونەوە، ئەوا پێشکەوتنی ڕووداو بریتییە لە هێنانە بەرچاوی دیمەنێک، یان زیاتر، کە چاوەڕێ دەکرێ لە داهاتوو بێنە دی. ئەگەر یەکەمیان هێنانی دیمەنی (ڕابردوو) بێت بۆ (ئێستا)، ئەوا دووەمیان گواستنەوەی خودی زەمەنە لە (ئێستا)وە بۆ (داهاتوو)، چونکە لە پێشکەوتنی ڕووداودا (ئێستا) گرنگیی خۆی لە دەست دەدات و (داهاتوو) شوێنی دەگرێتەوە. بە مانایەکی تر ئەگەر لە فلاشباکدا دیمەنەکانی (ڕابردوو) بە دیمەنەکانی (ئێستا)وە ببسەسترێنەوە، ئەوا لە پێشکەوتنی ڕووداودا (ئێستا) بە (داهاتوو)ەوە نابەسترێتەوە، بەڵکو بە لاوە دەنرێت و بە شێوەیەکی پارادۆکس (داهاتوو) دەست پێ دەکات، بێ ئەوەی بە ڕاستی پێی گەیشتبین. واتە بێ ئەوەی هێشتا لە ڕووی فیزیکییەوە (ئێستا) تێپەڕیبێت و (داهاتوو) هاتبێت. خاڵی لەیەکچووی نێوان ئەو دوو تەکنیکە ئەوەیە، کە هەردووکیان لەبەر گرنگی جەختیان لەسەر دەکرێت. لەم ڕووەوە (ئەحمەد حەمەد ئەلنەعیمی) لە کتێبی (ڕێتمی کات لە ڕۆمانی عەرەبیی هاوچەرخدا) دەنووسێت: “فلاشباک و پێشکەوتنی کات شێوەیەک لە شێوەکانی زەمەنی سایکۆلۆجی پێک دەهێنن، کە لە شێوەی جۆراوجۆردا خۆیان دەنوێنن لەوانە چاوەڕوانی” . 

(د. عەدنان خالید عەبدوڵا) پێشکه‌وتنی ڕووداو و پێشبینی بە یەک شت دەزانێت بەم شێوەیە پێناسەی دەکات: “پێشبینی له‌ چیڕۆکدا بریتیه‌ له‌ ڕێکخستن و پیشاندانی ڕووداوه‌کان له‌ چیڕۆک و شانۆدا به‌ جۆرێک که‌ خوێنه‌ر ئاماده‌ بکات بۆ خوێندنه‌وه‌ی یان دیتنی ڕووداوه‌کانی دواتر” . بە بڕوای ئێمە پێشبینی یەکێکە لە خەسڵەتەکانی ئەو تەکنیکە، نەوەک هاوواتای بێت. ڕۆماننووس لە ڕێگەی تەکنیکی پێشکەوتنی ڕووداوەوە فۆکووس لەسەر ڕووداوێک دەکات، کە هێشتا نەهاتووە. هه‌روه‌ها بەو مەبەستەی وا لە خوێنەر بکات زیاتر گرنگی بەو پێشبینی (Prediction)یە بدات و بە پەرۆشتر چاوەڕێی ببێت. بێگومان له‌ ڕێی پێشکه‌وتنی ڕووداوه‌وە خوێنه‌ر هه‌ست ده‌کات که‌ چیرۆکبێژ زانیاریی گرنگی لایه‌ و ده‌یه‌وێت له‌ به‌شه‌کانی داهاتوودا بیانگەیەنێت، بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌دات په‌له‌ بکات له‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که‌ تا ده‌گاته‌ ئه‌و ڕووداوه‌ی که‌ پێشوه‌خت باس کراوه‌. “ئەمە مانای وا نییە کاتێ ڕۆماننووس پەنا بۆ ئەو تەکنیکە دەبات و بەڵێنی ئەوە بە خوێنەر دەدات، کە ڕووداوێک لە داهاتوو ڕوودەدات، ئەوا هەر دەبێت بێتە دی، بەڵکو نووسەر تا ڕادەیەک ئازادە لەگەڵ ئەو بەڵێنەی ڕاست بێت، یان نا، کە ئەمە لای (جیرار جینێت) بە ئامەدەکاریی لەخشتەبردن ناو دەنرێت” .

واتە نووسەر مەبەستیەتی خوێنەر لەگەڵ خۆیدا بۆ کۆتایی ڕۆمانەکە ببات، بێ ئەوەی بیگەیەنێتە ئەو شوێنانەی پێشتر ئاماژەی پێ دابوون، کە ئەمەیان وا دەکات خوێنەر تووشی هەڵوێستی لەناکاو بکات و لەوێ بە جۆرێکی تر بیر لە تیمەی ڕۆمان بکاتەوە.

(ئامنە یوسف) له‌ کتێبی (تەکنیکەکانی گێڕانەوە)دا پێشبینی و پێشکه‌وتن له‌ یه‌کتر جیا ده‌کاته‌وه‌ و پێی وایە ”پێشکه‌وتنی ڕووداو لایه‌نێکی دیکه‌یه‌ له‌ جیاوازیی ته‌کنیکه‌کانی گێڕانه‌وه‌ له‌ داهاتوودا، پێشکه‌وتن له‌‌ ڕووی تێگه‌یشتنی هونه‌رییه‌وه‌ پێشکه‌وتنی ئه‌و ڕووداوانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ داهاتوودا ڕووده‌ده‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ی که‌ پێشبینی ده‌کرێن ڕووبده‌ن، به‌ڵام ڕووناده‌ن” .

لێره‌دا (ئامنە یوسف) مه‌رجی بۆ هاتنه‌ دیی بۆ ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌ داناوه،‌ که‌ نووسه‌ر له‌ درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌دا ده‌یانکات. واته‌ پێشکه‌وتنی ئه‌و ڕووداوانه‌ی داهاتوو، که‌ له ‌کاتی ئێستا ده‌گێڕدرێنه‌وه‌، ده‌بێت دواتر بێنه‌ دی، تاکو له‌ لای خوێنه‌ر گومان دروست نه‌کات.  بەم شێوەیە پێشکه‌وتنی ده‌ره‌کی که‌ جۆرێکه‌ له‌ جۆره‌کانی پێشکه‌وتنی ڕووداو لای ئه‌و نووسەره‌ بوونی نییه‌، چونکه‌ ئه‌و پێی وایه‌ ده‌بێ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌کەدا‌ بێنه‌ دی. وەک گوتیشمان ئەو پێشبینی و پێشکەوتنی ڕووداو بە یەک شت نازانێت. ئه‌و پێی وایه‌  پێشبینی ته‌نیا پێشبینیکردنی ڕووداوه‌کانه‌ له‌ کاتی ئێستادا. ‌ واته‌ پێشنینی تا ئه‌و کاته‌ پێشبینییه‌ که‌ نووسه‌ر باسی ڕووداوێک ده‌کات، یان ڕووداوێک بۆ خوێنه‌ر ده‌ورووژێنێت. ئینجا کاتێ‌ ئه‌م پێشبینییه‌ له‌ به‌شه‌کانی دیکه‌  هاته ‌دی، ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ ده‌بێته‌ پێشکه‌وتنی ڕووداو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕووی نه‌دا ئه‌وا هه‌ر به‌ پێشبینی ده‌مێنێته‌وه‌. ئێمە لەگەڵ ئەوەدا لەگەڵ نووسەر کۆکیکن، کە ئەو دووانە جیاوازن، بەڵام باوەڕمان وا نییە، ئەگەر نەهاتنە دی نابنە پێشکەوتنی ڕووداو، چونکە وەک لای (جیرار جینێت)دا بینیمان ئەمە فێڵێکی هونەرییە و بە ئامەدەکاریی لەخشتەبردن ناو دەنرێت. ئێمە پێمان وایە ئەگەرچی پێشبینی بە داهاتووەوە بەندە، بەڵام پێوەندیی بە ئێستا و ڕابردوویشەوە هەیە، بەوەی لەسەر بنەمای ڕووداوەکانی ڕابردوو و ئێستا دادەمەزرێت. کاتێک چەمکی پێشبینی دێتە پێشەوە، خوێنه‌ر چاوەڕێی ڕووداوێکە، ئاخۆ دەبێت، یان نابێت. ئاخۆ بە دڵی ئەو دەبێت، یان بە پێچەوانەوە. چاوەڕوانی هەر خۆی پڕە لە دڵەراوکێ و ترس. بەم شێوەیە پێشبینی جۆرێک لە تامەزرۆیی  (Suspense)  لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بەوەی وا لە خوێنەر دەکات بە دوای ڕووداوەکاندا بچێت و بزانێت بە کوێ دەگەن. کەواتە ئەرکی پێشبینی بە پلەی یەکەم خێراکردنی ڕێتمی زمان و جووڵەی کارەکتەرە. کاتێ کارەکتەر چاوەڕێی هاتنەدیی پێشبینییە واز لە زۆر بیرکردنەوەی لاوەکی دەهێنێت و خەیاڵی هەر لای ئەو ڕووداوەیە، کە لای ئەو مانای تایبەتی هەیە.

(به‌ختیار سه‌جادی) و (محه‌مه‌د مه‌حموودی) به‌م شێوه‌یه‌ پێناسه‌ی پێشکه‌وتنی ڕووداو ده‌که‌ن : ئه‌م زاراوه‌یه‌ یۆنانییه‌ به‌ شێوه‌گه‌لی جیاجیا به‌کارئه‌هێنرێ، ئاماژه‌کردنه‌ بۆ شتێک که‌ له‌ داهاتووی کرده‌ی چیڕۆکیدا به‌ ڕاستی ڕوو ده‌دات، یاخود ده‌رخستنی پێشوه‌ختی هه‌ندێ دیارده‌یه‌ که‌ دواتر له‌ هه‌مان به‌رهه‌مدا دێنه‌ ئاراوه‌. ئه‌م ته‌کنیکه‌ پتر په‌یوه‌ندی به‌ گێڕانه‌وه‌ناسیه‌وه‌ هه‌یه‌، جیرار جینێت دوو جۆر پێشبینی دیاری کردووه‌، پێشبینی ناوه‌کی، ئه‌و پێشبینیه‌یه‌ که‌ ڕووداوه‌کان له‌ ناو چوارچێوه‌ی زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌که‌دا ڕووده‌ده‌ن، پێشبینی ده‌ره‌کی، ئه‌و پێشبینیه‌یه‌ که‌ ڕووداوه‌کانی له‌ سنووری زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌که‌ ڕووناده‌ن، واته‌ ده‌که‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌ .

ئه‌و دوو نووسه‌ره‌ زاراوه‌ی پێشبینییان بۆ به ‌کار هێناوه‌.  ڕوودانی ئه‌و ڕووداوانه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌ مه‌رجی سه‌ره‌کیی پێشبینیییه‌، واته‌ نووسه‌ر کاتێک پێشبینی ده‌کات، ئه‌وا ده‌بێت خوێنه‌ر پێش ته‌واوبوونی گێڕانه‌وه‌که‌ هاتنه‌دی پێشبینییه‌که‌ بخوێنێیته‌وه‌.

له‌ ئینسایکڵۆپیدیای ویکیپیدیا (wikipedia)دا به‌م شێوه‌یه‌ پێناسه‌ی پێشکه‌ونتی ڕووداو کراوه‌ :

” ڕووداوێکی له‌ ناکاوه‌، که‌ گێڕانه‌وه‌که‌ ده‌باته‌ پێش ئێستای کاتی چیڕوک (ڕۆمان)” .

ئه‌وه‌ی ئاشکرایه‌ گێڕانه‌وه‌ له‌سه‌ر دوو جۆر کات بنیات ده‌نرێت، کاتی ڕۆمان ئه‌و کاته‌یه‌ که‌ ڕووداوه‌کانی به‌ زنجیره‌یی یه‌ک به‌‌ دوای یه‌ک ڕوویان داوه‌ یان ڕوو ده‌ده‌ن، کاتی گێڕانه‌وه‌  ئه‌وکاته‌یه‌ که‌وا گێڕه‌ره‌وه‌ تێیدا ڕووداوه‌کان ده‌گێڕێته‌وه‌ و ڕێکیان ده‌خات، ئه‌و زنجیره‌یه‌ی ڕووداوه‌کان که‌ له‌ کاتی ڕۆماندا هه‌یه‌، له‌ کاتی گێڕانه‌وه‌ بوونی نامێنێت، واته‌ له‌ کاتی گێڕانه‌وەدا نووسه‌ر ئه‌و زنجیره‌ییه‌ی کاتی ڕۆمان تێک ده‌شکێنێت، له‌ ڕێگه‌ی ته‌کنیکه‌کانی کاته‌وه‌ ڕووداوه‌کان پێش و پاش ده‌خات، واته نووسه‌ر‌ له‌ یه‌ک کاتدا ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ ڕابردوو و ئێستا و ئاینده‌دا ده‌کات .  دەتوانین بڵێین ڕۆماننووس کاتێ پەنا بۆ تەکنیکی پێشکەوتنی ڕووداو، یان بازدانی کات دەبات، ئەوا مەبەستیەتی کارەکتەر لە زەمەنێکی دیاریکراودا قەتیس نەکات، بەڵکو لە هەرسێ زەمەنەکەدا هەڵیبسووڕێنێت. ئەمەیش وا دەکات ڕووداوەکان بە شێوەی کرۆنۆلۆجی، واتە بە زنجیرە، بە دوای یەکدا نەیەن. ئەمە تێکشکاندنی دەستەڵاتی حیکایەتیشە، چونکە حیکایەت پەنا بۆ گەڕانەوەی زنجیره‌یی دەبات، نەوەک بازدان، بۆیە لە ڕێگای ئەو تەکنیکەوە ڕۆماننووس سنووری حیکایەت دەبڕێت و تیمەی ڕۆمان لەو تەنگەبەرە دەرباز دەکات، بگرە دەیخاتە ناو زەمەنێکی کراوەوە، کە داهاتووە. کەواتە ئەو تەکنیکە خەسڵەتێکی (بەردەوامییانە)ی هەیە و ناهێڵێت ڕووداو لە خاڵێکی دیاریکراودا بوەستێت، بەڵکو بێسنوور درێژەی پێ دەدات. لێرەدا ئەوە بەسەر ڕۆماننوسدا دەسەپێت، کە مامەڵەیەکی جیاواز لەگەڵ زەمەندا بکات، مادام ئەو تەکنیکە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە زەمەنەوە هەیە. دەکرێت بڵێین لەو ڕۆمانانەی تەکنیکی پێشکەوتنی ڕووداویان تێدا بە کار دەهێنرێت، زەمەن دەبێتە ڕەگەزێکی گرنگ و ڕۆماننووس دەمانخاتە بەردەم تێڕوانینێکی نوێوە، هەندێجار تێڕوانینێکی فەلسەفییانەیشەوە. بەم شێوەیە ڕۆمان لەو شێوازە ستانداردە دەردەچێت، کە بەسەر سێ زەمەنی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو دابەش ببێت، بەڵکو سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی جێگۆڕکێیان پێ دەکرێت. ئیتر (خاڵی کۆتایی) ئەو شوێنە نییە، کە تێکستەکە لە ڕووی فیزیکییەوە تەواو دەبێت. واتە (کۆتایی)ی ڕۆمان ناکەوێتە دوا لاپەڕەی کتێبەکەوە، بەڵکو بۆ چەند کەناڵێکی جیاواز دابەش دەبێت. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا ئێمە لەم چوارچێوەیەدا بەر چەمکی پێشبینی دەکەوین.

به‌ پێی‌ پێناسه‌که‌ی (ویکیپیدیا) نووسه‌ر له‌ناکاو ڕووداوێک ده‌هێنێته‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر له‌ هاتنه‌دیی پێشهاتێک ئاگادار بکاته‌وه‌. واته‌ وا له‌ خوێنه‌ر ده‌کات بکه‌وێته‌ حاڵه‌تی چاوه‌ڕوانییەوە، چاوه‌ڕوانیی ئه‌و پێشبینییه‌ی، که‌ گێڕه‌ره‌وه‌ ئاماژەی پێ داوە،‌ که‌ ڕه‌نگه‌ ڕه‌وتی ڕووداوه‌کانیش بگۆڕێت و به‌ره‌و ئاقارێکی دیکه‌یان ببات. گێڕه‌ره‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م ته‌کنیکه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات له‌گه‌ڵ خۆی خوێنه‌ریش به‌ په‌رۆشه‌وه‌ بۆ به‌شه‌کانی کۆتایی ڕۆمانه‌که‌ پەلکێش بکات.

ئەوەی لە سەرجەم ئەو پێناسانەدا دەردەکەوێت ئەوەیە، کە هێشتا بە تەواوی ساغ نەکراوەتەوە، ئاخۆ پێشبینی هه‌مان واتای پێشکه‌وتنی ڕووداوی هه‌یه‌، یان جیاوازن و هه‌ر یه‌که‌یان ئه‌رک و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌. هه‌ر نووسه‌ره‌ی به‌ جۆرێک باسی ئه‌م دوو زاراوه‌یه‌ ده‌کات. هه‌ندێکیان به‌ پێشبینی ناوی ئه‌م ته‌کنیکه‌ ده‌به‌ن، نەوەک پێشکه‌وتنی ڕووداو، به‌ڵام هه‌ندێکی دیکه‌یان، مه‌رجیان بۆ داناوه‌ و پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر ڕووداوه‌که‌ یان ئه‌و پێشبینییه‌ی که‌ نووسه‌ر ئاماژەی پێ دەدات، له‌ به‌شه‌کانی داهاتوو هاته‌ دی، ئه‌وا دەکرێت ناوی پێشکه‌وتنی ڕووداوی لێ بنرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌هاته‌ دی، ئه‌وا لە سنووری پێشبینیدا دەمێنێتەوە. لێره‌دا ڕوودان و ڕوونه‌دانی ئه‌و ڕووداوه‌ی که‌ پێشوه‌خت نووسه‌ر باسی ده‌کات ده‌بێته‌ خاڵی یه‌کلاییکه‌ره‌وه‌ بۆ ناوی ئه‌م ته‌کنیکه‌. ئێمە پێمان وایە لە پرۆسێسی گێڕانەوەدا ئەوە دەردەکەوێت، کە نووسەر بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ تەکنیکەکەدا دەکات. نەهاتنەدیی پێشبینی وەک لە سەرەوەیش ئاماژەمان پێی دا، دەشێ بەشێک بێت لەو فێڵە هونەرییانەی نووسەر بە مەبەستی ئیستاتیکا پەنایان بۆ دەبات، تاکو لە لایەک ئێتمۆسفێری تێکستەکە فرەوانتر و فرەڕەنگتر بکات و لە لایەکی دیکەیشەوە خوێنەر بخاتە بەردەم ڕەگەزی ناکاوییەوە، بۆ ئەوەی خۆی ئەو کۆتاییەی پێی گەیشتووە لەگەڵ ئەو کۆتاییەدا بەراورد بکات، کە چاوەڕێی بوو. لێرەدا نووسەر تێکستەکەی بە پرسیار کۆتایی دەهێنێت، نەوەک بە وەڵام.

له ‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی خوێنه‌ر خاڵی وه‌رچه‌رخان و گۆڕانی رێڕوونیی ده‌قه‌که‌یه‌، چونکه‌ ده‌شێ هه‌ندێجار خوێنه‌ری نه‌شاره‌زا یان ره‌خنه‌گری که‌مئه‌زموون پێشبینیی لێ ببێته‌ پێشکه‌وتنی ڕووداو، که‌ ئه‌مه‌ ناکرێ دواتر به‌ ڕا و بۆچوونی ره‌خنه‌یی له‌ قه‌ڵه‌م بدرێ، به‌و مانایه‌ی پێشکه‌وتنی ڕووداو ده‌بێ هه‌ر روو بدات، به‌ڵام پێشبینی ده‌شێ پووچه‌ڵ ببێته‌وه‌ و وه‌ک گومان و ئه‌گه‌رێک ریزی رووداوه‌کان تێک بشکێنێ و هه‌ڵوێستی کاره‌کته‌ره‌کان بهێنێـه‌ گۆڕین .

 

به‌شی دووه‌م 

ته‌وه‌ره‌ی یه‌که‌م:-

جۆره‌کانی پێشکه‌وتنی ڕووداو:-

 

هه‌ر نووسه‌رێک یان ڕەخنه‌گرێکی ئه‌ده‌بی به‌ شێوه‌یه‌کی جیاواز پێشکه‌وتنی ڕووداوی ده‌ستنیشان کردووه، بەڵام بێگومان هەندێک خاڵی هاوبەش لە زۆربەی ئەو لێکۆڵینەوانەدا دەبینرێن. ئەمەیش شتێکی سرووشتییە، کاتێ ئەوە بیر خۆمان دەهێنینەوە، کە ئەو چەمکە نەک هەر لە زمانی کوردی، بەڵکو لە دەرەوەی ئێمەیش تا ڕادەیەک نوێیە و کەمتر لە چەمکەکانی دیکەی ئەدەبی گێڕانەوە قسەی لێوە کراوە. ئەوانەی تاکو ئێستا بە زمانی کوردی لەو بارەیەوە نووسیویانە، هەوڵیان داوە وەک سەرەتایەک ئەو چەمکە بناسێنن و بەسەر تێکستە خۆماڵییەکاندا پراکتیزەی بکەن، کە بێگومان ئەو هەوڵانە بایەخی خۆیان هەیە.

(جه‌لال ئه‌نوه‌ر سه‌عید) له‌ کتێبی (ته‌کنیکی گێڕانه‌وه‌ له‌ ڕۆمانی ئێواره‌ی په‌روانه‌ی به‌ختیار عه‌لیدا)، به‌ شیوه‌یه‌کی گشتی جۆره‌کانی پێشکه‌وتنی ڕووداوی ده‌ستنیشان کردووه‌ و  دەنووسێت: “پێشکه‌وتنی ڕووداو له‌ ڕۆمانی ئێواره‌ی په‌روانه‌دا به‌ چه‌ند شێوه‌یه‌ک به‌ کار هاتووه‌، پێشکه‌وتنی ئه‌و ڕووداوانه‌ی که‌ ڕوو ده‌ده‌ن، پێشکه‌وتنی ئه‌و ڕووداوانه‌ی که‌ ڕوو ناده‌ن”  

وەک دەبینین ئه‌و ڕوودان و ڕوونه‌دانی کردووه‌ به‌ پێوه‌ر بۆ جیاکردنه‌وه‌ی جۆره‌کانی، که‌ ئه‌مه‌ش خۆی تایبه‌تمه‌ندییه‌کی گشتیی ئه‌م ته‌کنیکه‌یه‌. هه‌ر وه‌کو له‌ به‌شی یه‌که‌م ئاماژه‌مان پێ داوه‌، ئه‌و ڕووداوانه‌ی که‌ گێڕه‌ره‌وه‌ پێشوه‌خت باسیان لێوه‌ ده‌کات یان ڕوو ده‌ده‌ن یان لەسەر ئاستی پێشبینیدا ده‌مێنێنه‌وه‌ و نایه‌نه‌ دی.

(چاپ لینتڤێڵت) جیاوازی له‌نێوان دوو جۆر پێشبینیدا ده‌کات “پێشبینیی دڵنیاکه‌ر، واته‌ که‌ به‌ڕاستی له‌ ئاینده‌ی که‌سایه‌تییه‌کاندا ڕوو ده‌دات، پێشبینی گومانلێکراو، وه‌ک ئه‌و گریمانانه‌ی کاره‌کته‌ره‌کان ده‌یکه‌ن، به‌دیهاتنیان له‌ ئاینده‌دا جێی گومانه‌” ، به‌ هه‌مان شێوه‌ی (جه‌لال ئه‌نوه‌ر سەعید)، (چاپ لینتڤێڵت)یش جۆره‌کانی ڕووداوی له‌سه‌ر بنه‌مای ڕوودان و ڕوونه‌دانی پێشبینییه‌که‌ جیا کردۆته‌وه‌. ئێمه‌ پێمان وایه‌ ناکرێ ڕوودان و ڕوونه‌دانی ڕووداوه‌کان، یان بە مانایەکی تر هاتنەدی و نەهاتنەدیی پێشبینییەکان بکه‌ین به‌ پێوه‌ر بۆ جیاکردنه‌وه‌ی جۆره‌کانی پێشکه‌وتنی ڕووداو، بەڵکو ده‌کرێ جۆری مامەڵەی نووسەر لە بەکارهێنانی تەکنیکەکەدا لە بەرچاو بگرین، بەوەی دەبێت بزانین نووسەر چۆن جەختی لەسەر ئەو پێشبینییانە کردووەتەوە و چ مەودایەکی پێ بەخشیون، دواجار چ مەبەستێکی ئیستاتیکیی لە هاتنەدی و نەهاتنەدییاندا هەیە. دەشێ ڕووداوێک پێشبینیی بۆ کرابێت و نەیەتە دی، بەڵام بەشێکی گرنگی لە تێکستەکە داگیر کردبێت و کۆمەڵێک پرسیاری گەورە و کاریگەری لای خوێنەر ورووژاندبێت. نابێت ئەوەیشمان لە بیر بچێت کە لەو ڕۆمانانەی بە شێوازی تەقلیدی مامەڵە لەگەڵ کاتدا ناکەن، ئەوا ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو جیاکردنەوەیان دەبێتە ئەستەم. تەکنیکی پێشکەوتنی ڕووداویش بەرهەمی ئەو شێوازی گێڕانەوەیەیە، بۆیە تایبەتە بەو ڕۆمانانەی کار لەسەر تێکشکاندنی کاتی فیزیکی دەکەن.

لەو بارەیەوە بۆچوونی (نه‌جم ئه‌ڵوه‌نی) له‌ هیی ئەو دوو نووسه‌ره‌ی ئاماژه‌مان پێ دان، جیاوازە. ئەو به‌م شێوه‌یه‌ جۆره‌کانی پێشکه‌وتنی ڕووداوی دیاری کردووه‌:-

“1- پێشکه‌وتنی ناوه‌کی: ئه‌م جۆره‌ پێشکه‌وتنه‌ هه‌ر وه‌ک جیرا جینێت ده‌ڵێت” وه‌کو گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوه‌کی به‌کارده‌هێندرێت، تێکه‌ڵی و ئاوێته‌ بوونێکی له‌بار پێک ده‌هێنێت له‌نێوان حه‌کایه‌تی یه‌که‌م و ئه‌و حه‌کایه‌ته‌ی که‌ بڕگه‌ی پێش ڕووداو که‌وتنه‌که‌ پێی هه‌ڵده‌ستێت”.

2- پێشکه‌وتنی ده‌ره‌کی: ئه‌م جۆره‌یان تایبه‌ته‌ به‌و ڕووداوانه‌ی که‌ پێشکه‌وتنیان تێدا به‌دی هاتووه‌ و ده‌که‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی کاتی سه‌ره‌کی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که‌. بۆیه‌ ئه‌میش هه‌روه‌کو گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌ره‌کی به‌کار ده‌هێندرێت.

3- پێشکه‌وتنی دووباره‌ کراو: بریتیه‌ له‌ دووباره‌کردنه‌وه‌ی ڕووداوێک که‌ له‌ ئاینده‌دا ڕووده‌دات، به‌ڵام له‌ کاتی ئێستای گێڕانه‌وه‌دا چه‌ند جارێک و له‌ چه‌ند شوێنێکی جیاواز به‌ درێژایی ده‌قه‌که‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌” ، لێره‌دا نه‌جم ئه‌ڵوه‌نی سێ جۆر پێشکه‌وتنی ڕووداوی جیا کردۆته‌وه‌، که‌ یه‌که‌میان پێشکه‌وتنی ناوه‌کییه‌ واته‌ ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌ی که‌ گێڕه‌ره‌وه باسیان ده‌کات ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی کاتی گێڕانه‌وه‌که‌ بێنه‌ دی و پێویستە خوێنه‌ر له‌ به‌شه‌کانی داهاتوودا ئه‌و ڕووداوانه‌ ببینێت،‌ که‌ نووسه‌ر پێشوه‌خت باسی کردوون. جۆری دووه‌م که‌ پێشکه‌وتنی ڕووداوی ده‌ره‌کییه‌، ئێمه‌ ناکرێ پێناسه‌ی بکه‌ین و زۆر قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین، چونکه‌ ئێمه‌ نازانین ئه‌م جۆره‌یان له‌ دوای کۆتاییهاتنی ده‌قه‌که‌ ڕووده‌دات یان نا، به‌گوێره‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ش که‌ ده‌ڵێت ڕووداوێک تا ئێستا ڕووی نه‌دابێت له‌وانه‌شه‌ له‌ ئاینده‌دا ڕوو نه‌دات. جۆری سێیه‌م، که‌ پێشکه‌وتنی دووباره‌کراوه‌یە، گێڕه‌ره‌وه‌ له‌به‌ر گرنگیی ڕووداوه‌که‌ زیاتر له‌ جارێک له‌ چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌یدا باسی لێوه ده‌کات، تا خوێنه‌ر ته‌واو ئاماده‌ بکات بۆ ئه‌و پێشهاته‌ی، که‌ ڕه‌نگه‌ ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌که‌ بگۆڕێت.

(ئەحمەد حەمەد ئەلنەعیمی) لە کتێبی (ڕێتمی کات لە ڕۆمانی عەرەبیی هاوچەرخدا) پێشکەوتنی ڕووداو بۆ سێ شێوە دابەش دەکات:

یەکەم: پێشکەوتنی ڕووداوێک، دەکرێت بە دی بێت، کە تێیدا خەیاڵ واقیعییە، وەک چۆن ئامانجەکانی کارەکتەری ڕۆمان لەگەڵ تواناکانی خۆی و مرۆڤی ئێستادا هاوڕێکە، کە ئەگەر بیەوێت هەوڵ بدات خەونەکانی لە واقیعدا بکاتە ڕاستی.

دووەم: پێشکەوتنی ڕووداوێک، ناکرێت بە دی بێت، کە تێیدا کارەکتەر سەرەوەی توانای خۆی و هی دەوروبەری دەخاتە کار لەپێناو بەدیهێنانیدا. ئەمەیان لەو ڕۆمانانەدا هەیە، کە تامەزرۆیی لای خوێنەر دروست دەکەن، ئاخۆ پێشبینیەکانی ڕاست دەردەچن، یان تووشی نائومێدی دەبێت، کە پێی وابووە ئەو کارەکتەرە بە ئامانجەکانی دەگات.

سێیەم: پێشکەوتنی ڕووداوێک، لە دەرەوەی شتی باو، ئەمەیان لە چیرۆکی زانستیدا ڕوو دەدات، کە کارەکتەر توانای هەیە هەموو ئەو کارانە بکات، کە لە واقیعدا ئەقڵ نایانبڕێت . 

کەواتە بەپێی بۆچوونی (ئەلنەعیمی) پێشبینییەکان بێنە دی و نەیەنە دی، ئەوا هەر پرۆسێسێک هەیە بە ناوی پێشکەوتنی ڕووداو.

 ‌جۆرێکی دیکه‌ له‌ پۆلێنکردنی پێشکه‌وتنی ڕووداو، ئەوەی (جينێت)ه که‌ جه‌ختی لەسه‌ر جیاوازیی کات کردۆتەوە، یان سه‌رجه‌می ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ی که‌وا پێشکه‌وتنی تێدا ڕوو ده‌دات. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش جیاوازیی نێوان (پێشکه‌وتنی ناوه‌کی)، که‌ توانای ڕوودانی یاخود ماوه‌ی کاته‌که‌ی نوقمی ئه‌و ماوه‌یه‌ ده‌بێت که‌ چیڕۆکه‌که‌ تێیدا ده‌ست پێ ده‌کات و کۆتایی دێت، واته هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌ پێشکه‌وتنه‌که‌ دێته‌ دی. هه‌رچی (پێشکه‌وتنی ده‌ره‌کی)یە، ‌ئه‌وا ماوه‌ی ڕوودانی ده‌که‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی کاتی گێڕانه‌وه‌که‌. واته‌ له‌و چوارچێوه‌ کاتییه‌ نایه‌ته‌ دی، که‌ تایبه‌ته‌ به‌ ده‌قه‌که‌، بەڵام (پێشکه‌وتنی تێکه‌ڵاو) به‌شێکی ده‌که‌وێته‌ ناوه‌وه‌ی کاتی گێڕانه‌وه‌که‌ و به‌شەکەی دیکەی دەچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی کاتی گێڕانه‌وه‌.، واته‌ خوێنه‌ر هه‌ست ده‌کات ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ی که‌ گێڕه‌ره‌وه‌ باسی کردووه‌ به‌شێکی له‌ چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌ هاتووەته‌ دی، به‌ڵام به‌شێکی پێشکه‌وتنه‌که‌ ماوه‌، که‌ ڕه‌نگه‌ نووسه‌ر بە‌ ئه‌نقه‌ست وا بکات، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر دوای ته‌واوبوونی تێکسته‌که‌ش هه‌ندێک گریمانه‌ و ئه‌گه‌ر له‌ بیری خۆی دروست بکات، واته‌ کۆتایی ده‌قه‌که‌ بە کراوه‌یی به‌جێده‌هێڵێت .

(جينێت) پۆلێنکردنێکی دیکه‌ش ده‌کات له‌سه‌ر بنه‌مای توانست له‌نێوان پێشکه‌وتنی ته‌واو (هه‌مه‌کی)، که‌ ئه‌مایان ده‌گمه‌نه‌ و پێشکه‌وتنی ناته‌واو (به‌شه‌کی). له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ پێشکه‌وتنی ناوه‌کی ده‌بێته‌ (پێشکه‌وتنی هه‌مه‌کی) ئه‌گه‌ر هاتوو پێشکه‌وتنه‌که‌ هاته‌‌دی تا کۆتایی سه‌رگوزشته‌که‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو نه‌هاته‌دی تا کۆتایی گێڕانه‌وه‌که‌، دوای کۆتایی سه‌رگوزشته‌که‌  به‌رده‌وام بوو ئه‌وا ده‌بێته‌ (پێشکه‌وتنی به‌شه‌کی) ، که‌واته‌ پێشکه‌وتنی ده‌ره‌کی و پێشکه‌وتنی تێکه‌ڵا ده‌بنه‌ پێشکه‌وتنی به‌شه‌کی، چونکه‌ به‌شێک له‌ ڕووداوه‌که ڕوو ده‌دات.

دەگەینە ئەوەی بڵێین ئەگەرچی هێشتا لای ڕاڤەکاران بە تەواوی ساغ نەکراوەتەوە، کە چەند جۆری پێشکەوتنی ڕووداو هەیە و تێڕوانینەکان بۆ ڕوودان و ڕوونەدانی ئەو پێشبینییانە جیاوازن، بەڵام هەموویان لەوەدا کۆکن، کە یەکێکە لە تەکنیکە گرنگەکانی ئەدەبی گێڕانەوە.

 

ڕۆمانی سوارەکان بە قاچاغ بووکیان گواستەوە

کورته‌ی ڕۆمانه‌که‌

 

ئەم ڕۆمانە وەکو هەموو بەرهەمەکانی تری (کاروان عومەر کاکەسوور) لەسەر کۆمەڵێک بیرۆکە و تەکنیکی جۆراوجۆری گێڕانەوە دامەزراوە، بۆیە کورتکردنەوەی بۆ چەند دێڕێک کارێکی زەحمەتە. ئەگەرچی ئەم بەرهەمەی بە هاوبەشی لەگەڵ (دواڕۆژ)ی کوڕیدا نووسیوە، کە وەک لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت تێکەڵە لەنێوان ئەدەبی منداڵان و گەوراند، بەڵام شێوازی گێڕانەوە و جێکردنەوەی بیرۆکەکان وا لە خوێنەر دەکەن لەسەریان بوەستێت و دیقەت لەو پێوەندییانە بدات، کە لەنێوان هەر بیرۆکەیەک و یەکێکی تردا دروستی کردوون. لەم ڕۆمانەدا کارێکی چڕ لەسەر کات کراوە، بۆیە خوێنەر دەبێت هەمیشە چاوەڕێی ئەوە بێت لەناکاو دیمەنێکی نوێ شوێنی ئەو دیمەنەی ئێستا بگرێتەوە، بێ ئەوەی ئەو دیمەنە نوێیە زۆر بخایەنێت، بەڵکو خێرا لا دەچێت، بۆ ئەوەی یەکێکی تر شوێنی بگرێتەوە. گێڕانەوە لەم ڕۆمانەدا وەکو ڕۆمانە تەقلیدییەکان نییە، تەنیا کارەکتەرێک یان دووان بەسەرهاتەکان بگێڕنەوە، بەڵکو بە شێوزای فرەدەنگی نووسراوە و کۆمەڵێک کارەکتەر لە گۆشەنیگای جیاوازەوە دەیانگێڕنەوە. ئەگەرچی هەموویان باس لە تیمە سەرەکییەکە دەکەن، کە پێوەندیی بە کارەکتەری یەکەمەوە هەیە، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا بەسەرهاتی ژیانی خۆیشیان دەگێڕنەوە. هەرسێ ڕاناوی کەسی یەکەم، کەسی دووەم و کەسی سێیەم بە کار هاتوون، بگرە ڕاناوی کەسی یەکەمی کۆ (ئێمە)یش لە گێڕانەوەدا بەشداریی کردووە، کە ئەمە لە ئەدەبی کوردیدا نوێیە. کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە ناوی (سەنگەر)ە و کوڕی یەکێ لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی هەولێرە. (برایم تەنتریۆف)ی باوکی پێشمەرگە بووە و کوژراوە. (دڵارام)ی دایکی زوو شووی بە پیاوێکی تر کردووەتەوە، کە دواتر دەردەکەوێت پوورزای خۆیەتی و ناوی (فەرهاد دۆستی)ە. (سەنگەر) دوای ئەوەی باوکی کوژراوە و دایکی شووی کردووەتەوە نەنکی کە ناوی (دایە مامز)ە و لە مەیدانی باڵندان باڵندە دەفرۆشێت، بە خێوی دەکات. هەر لە منداڵییەوە لە گەراژ خەریکی دەستفرۆشییە، بۆیە زوو واز لە خوێندنیش دەهێنێت. منداڵێکی سەرکێشە و ژیانی پڕە لە کێشە. کۆمەڵێک ئازەزووی سەیریشی هەیە، کە لەبەر ئەوانە لای خەڵکی گەڕەک پەسەند ناکرێت. یەکێ لەو ئارەزووانە بەخێوکردنی سەگە. ڕۆژێکی گەرمی هاوین سەتڵێک ماستاو دەباتە گەراژ، تاکو لەوێ بیفرۆشێت، بەڵام لە ڕێگا تووشی پیاوێک دەبێت، کە بە ئەسپ و عەرەبانە بەرەو ڕووی دێت. ئەو پیاوە ژنێک، منداڵێکی ساوا، دەڵەسەگێک و پێنج شەش تووتکی لەگەڵە و زۆر تینوویانە. پیاوەکە پێی دەڵێت پارەیان نییە، بەڵام ئەگەر هەندێک ئاویان بداتێ، ئەوا دەتوانێت بە ئارەزوی خۆی شتێکی ناو عەرەبانەکە هەڵبژێرێت، کە مەبەستی هەندێک کەلوپەلی خراپی ناو عەرەبانەکەیە، بەڵام (سەنگەر) داوای توتکەسەگێک دەکات. ئەوان ئەگەرچی زۆریان پێ ناخۆشە، کەچی ناچار دەبن بیدەنێ، چونکە زۆر تینوویانە، بە تایبەتی لەبەر منداڵە ساواکە. دواتر دەردەکەوێت ئەو پیاوە ناوی (ئارام)ە و یەکێکە لە سەرکردەکانی شۆڕش. ئەو سەگ و تووتکانەی هەر بۆ چاوبەست پێبووە. (سەنگەر) زۆر دڵسۆزانە توتکەکە گەورە دەکات، تا وای لێ دێت ئەویش دەترەکێت و کۆمەڵێک تووتکی دەبێت. ڕۆژێک پیاوانی شارەوانی دێن سەگەکان بکوژن، بەڵام (سەنگەر) بەرپەرچیان دەداتەوە. سەری یەک دووانێکیان دەشكێنێت و دەگیرێت. ئەو ڕووداوە زیاتر وەک کوڕێکی لاسار و شەڕانی دەیناسێنێت، بەڵام (دڵخواز)ی دراوسێیان لەمەوە خۆشی دەوێت. ئەو کچە لە خۆی گەورەترە و بە منداڵییش بە خێوی کردووە. ئەویش بە منداڵی کەسوکاری بە دەستی حەرەس قەومییەکان کوژراون و ماڵی مامی بە خێویان کردووە، کە لە تەنیشت ماڵی (سەنگەر)ن. دواتر شوو بە پێشمەرگەیەک دەکات، ئەگەرچی (سەنگەر) زۆر دڵی پێوەیە. لە گەڕەک کۆمەڵێک هاوڕێی هەیە، کە وەک هەموو گەنجانی حەفتاکانی کوردستان خەریکی کاری سیاسین. (سەنگەر) ئەگەرچی ئارەزووی لەو کارانە نییە، کەچی بە هۆی دەوروبەرەکەیەوە تێوە دەگلێت، بەڵام چەند ڕووداوێک وا دەکەن ئەو گومانی لێ بکرێت و وا بزانن سیخوڕە. لەو بەشەی ڕۆمانەکدا، کە چوار پیاوی جەربەزە دەیگێڕنەوە و بۆ ئەوە هاتوون (سەنگەر) لەناو ماڵی خۆیدا بکوژن، باسی هەموو ئەو تاوانانە دەکرێت، گوایە دەستی ئەویان تێدا بووە. لەپێش هەموویانەوە ئاشکرابوونی (فەرهاد دۆستی)ی زڕبابی، کە ئەو بە هۆی هاوڕێیەکیەوە چووەتە ماڵیان. هەروەها بەگرتدانی دایکی خۆی. دوای ئەوە بە گرتدانی (شەماڵی مەلا مەلاریا)ی هاوڕێی. ئەو ڕۆژێکیان بە ڕێککەوت ئەو کوڕە لە گۆڕستان دەناسێت و بۆی دەردەکەوێت شەوان لەوێ دەخەوێت، چونکە باوکە مەلاکەی لەبەر بیروباوەڕ لە ماڵی دەرکردووە. لەمەوە دەیهێنێتەوە و زۆر شەو لایان دەمێنێتەوە، بەڵام نایەتە ژوورەوە، چونکە ئەویش لایەنگری (ئارام)ە و بیروباوەڕیان وایە شتی کەس بە کار نەهێنن، بۆیە لەژێر قادرمە دەخەوێت و تەنیا پاشماوەی خواردنەکانیان دەخوات. ئەو کوڕە بە (سەنگەر) دەڵێت دەچێتە شاخ، بەڵام خوشکێکیشی هەیە و دەیەوێت ئەویش لە ماڵ دەربچێت، چونکە باوکی دەیچەوسێنێتەوە. (سەنگەر) بەڵێنی پێ دەدا، کە دوای ئەوەی ئەو دەچێتە شاخ، خوشکەکەی بهێنێتە ماڵی خۆیان. ئەمنەکان دەزانن (شەماڵ) بە نیازە بچێتە شاخ، بۆیە کەمین بۆ ئەو مەفرەزەیە دادەنێن، کە دەیانەوێت لەگەڵ خۆیانی ببەن. دەبێتە شەڕ. پێشمەرگەکان دووانیان گیان لە دەست دەدەن و یەکێکیان لێ بریندار دەبێت، بەڵام (شەماڵ) ڕزگار دەکەن. (ئەنفال)ی خوشکی (شەماڵ)، کە دوایی ناوەکەی بۆ (ژیان) دەگۆڕن، ماڵی باوکی جێ دەهێڵێت و دەچێتە لای (دڵارام)ی دایکی (سەنگەر)، کە دوو کچی لە مێردی دووەمی هەیە. ڕۆژێک مەلا و کوڕەکانی دێن لە کۆڵان دەیکوژن. ئەمەیش دەدرێتە پاڵ (سەنگەر)ەوە. (سەنگەر) پێش ئەوەی دایکی خۆی ببینێتەوە، کە یەکەمجار لە تەمەنی پانزدەساڵیدا بە هۆی هاوڕێیەکیەوە دەچێتە ماڵیان، وای زانیوە ژنێکە وەکو زۆربەی ژنانی دراوسێی، بەڵام دەردەکەوێت زۆر جوانە و جلوبەرگی مۆدێرن دەپۆشێت، بۆیە ئەمە بۆ ئەو زۆر ناخۆشە، چونکە بە شێوەیەکی تر پەروەردە کراوە. پێی ناخۆشە پیاوان ئاوا بیبینن و سەیری بکەن، کە قژی وەک (مارلین مۆنرۆ)ی ئەکتەری سینەما بڕیوە. ڕۆژێکیان نانەوایەکی مێباز، کە ناوی (شێرۆ)یە پرسیاری ئەوی لێ دەکات، بۆیە لەمە زۆر تووڕە دەبێت و پلان بۆ کوشتنی دادەڕێژێت. دوایی دەردەکەوێت خاڵی دایکیەتی. ئەو ڕاستە نامرێت، بەڵام ئیفلیج دەبێت و بە دوو دارشەق دەڕوات. ئەویش یەکێک بووە لە ئەندامانی ڕێکخستن، بۆیە ئەوەیشی وەکو تاوانی سیاسی بۆ لە قەڵەم دەدەن. ئەمە تاکە تاوانێکە، کە بە ڕوونی لای خوێنەر دیار بێت و هۆکارەکەیشی سیاسی نەبووە، بەڵام ئەوانی تر ڕوون نین، ئاخۆ دەستی ئەویان تێدایە یان بێگوناهە. دوای ئەوانە لەناو شۆڕش لیژنەیەک پێک دەهێنن بۆ ئەوەی لە تاوانەکانی (سەنگەر) بکۆڵنەوە. بۆیان دەردەکەوێت کاتی خۆی ئەو سەتڵە ماستاوەی بە توتکەسەگەکەیشی گۆڕیوەتەوە، ژەهری تێدا بووە، بەڵام ئەسپەکە قاچی هەڵنووتاوە و ڕژاوە، بۆیە تەنیا سەگەکان زمانیان پێدا هێناوە و  گیانیان دەرچووە. لەمەوە هەموو هاوڕێکانی لێی دوور دەکەونەوە و ناوێرن قسەی لەگەڵ بکەن، بۆیە هەست بە تەنیایی دەکات. بەیانییەکیان دەیەوێت کوڕێک ڕووت بکاتەوە، بەڵام ئەو کوڕە خۆی دەکاتە غەیبزان و پێی دەڵێت ئەو سەفەری شارێک دەکات و دەسگیرانێکی وا لەو شارە چاوەڕێیەتی. سێ قۆناغی بۆ دیاری دەکات، کە لەو گەشتەیدا دەبێت بیانبڕێت. ئەگەرچی باوەڕی پێ ناکات، بەڵام بە ڕاستی سەر هەڵدەگرێت. ئیتر بە پاسێکی سەیر سەفەر دەکات و دەگاتە کەرکووک. دوای ئەوەی بیستویەک ڕۆژ لە ماڵێک دەمێنێتەوە، ئینجا دەڕوات و کاتێک دەزانین وا لە زیندانی شۆڕشە، کە لەژێر ئەشکەنجەدا چاوەکانی لە دەست دەدات.

بە کورتی کوڕێکی هەرزەکاری سەرکێش دنیایەک کێشەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و دەروونی بە دوایدا جێ دەهێڵێت و سەر هەڵدەگرێت، گوایە غەیبزانێک پێی گوتووە دەبێت ئەم شارە جێ بهێڵێت و بچێتە شارێک، کە خۆشی دەوێت و دەسگیرانەکەی وا لەوێ چاوەڕێیەتی، کە دواتر دەردەکەوێت ئەمە تەنیا بیانووێکە، تاکو سەر هەڵبگرێت و لە دەست ئەو کێشانە ڕا بکات، ئەگینا باوەڕی بە غەیبزانەکە هەر نەکردووە. ئەمەیش زیاتر ئەو پرسیارە لای خوێنەر دەورووژێنێت، ئاخۆ سیخوڕە یان بێتاوانە!!

ئێمە ویستمان هێڵە گشتییەکانی ڕۆمانەکە بگێڕینەوە، بەو مەبەستەی تا ڕادەیەک لە بەرچاوی خوێنەر ڕۆشن بێت، ئەگینا وەک گوتمان تێکستەکە زۆر لەوە زیاترە. کۆمەڵێک کارەکتەری دیکەی تێدایە، کە ڕۆڵی گرنگ لە ڕۆمانەکەدا دەبینن و هەر یەکەیان چیرۆکی خۆی هەیە. لەوانە (ئەرخەوان)، کە لەگەڵ دایکی لە کەرکووکەوە بۆ هەولێر ڕادەگوێزرێن و ئەو بەشە دەگێڕیتەوە، کە تایبەتە بە مانەوەی (سەنگەر) لە ماڵیان. وەک چۆن دایکیشی، کە لەناو پاسەکە ناسیویەتی ئەوە دەگێڕێتەوە، چۆن (سەنگەر) ڕێگای بڕیوە. ئێمە دواتر لەسەر هەندێک لەو بیرۆکانە دەوەستین و ڕاڤەیان دەکەین.

 

ته‌وه‌ری دووه‌م:

نموونه‌ی جۆره‌کانی پێشکه‌وتنی ڕووداو له‌ ڕۆمانه‌که‌ دا

یه‌که‌م: پێشکه‌ونتی ئه‌و ڕووداونه‌ی که‌ ڕووده‌ده‌ن: 

1- پێشکه‌وتنی ڕووداوی ناوه‌کی:

پێشکه‌وتنی ڕووداوی ناوه‌کی له‌م ڕۆمانه‌ به‌ کارهاتووه‌، ئه‌م به‌کارهێنانه‌ش ئاینده‌ی ڕووداوه‌کان تێکه‌ڵی تێستای گێڕانه‌وه‌که‌ ده‌کات، هه‌روه‌ها له‌ داهاتوو ده‌بێت ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌ ڕوو بدەن، چونکه‌ مه‌رجی پێشکه‌وتنی ناوه‌کی ڕوودانییه‌تی پێش کۆتایی هاتنی گێڕانه‌وه‌که‌.

– سه‌نگه‌ر که‌ کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی ڕۆمانه‌که‌یه‌ ڕێگا له‌ کوڕێک ده‌گرێت ده‌یه‌وێت ڕووتی بکاته‌وه‌، ئازارێکی زۆریشی پێ ده‌گه‌یه‌نێت، کوره‌که‌ له‌ ترسا گفتوگۆیه‌ک دروست ده‌کات له‌ درێژه‌ی گفتوگۆکه‌ هه‌ندێک پێشبینی بۆ سه‌نگه‌ر ده‌کات ده‌ڵێت:

“… _ من ناتوانم به‌ خۆم بڵێم فاڵچی، چونکه‌ ئیشی من هه‌ندێک له‌ ئیشی فاڵچی جیاوازه‌.

_ نا، نا، دیاره‌ تۆ له‌ غه‌یبه‌وه‌ هاتوویت.. ئه‌دی نه‌توت غه‌یبزانی..؟!

_ ده‌توانم بڵێم بۆی چوویت.. من پێت ده‌ڵێم تۆ ئه‌مڕۆ، به‌ڵێ، هه‌ر ئه‌مڕۆ و به‌م به‌یانییه‌ سه‌فه‌ری شارێک ده‌که‌یت”. (سواره‌کان… ، ل10)

له‌م پێشکه‌وتنه‌دا که‌ یه‌کسه‌ر دوای ئه‌و گفتوگۆیه سه‌نگه‌ر‌ ده‌ڕواته‌ گه‌راج بۆ  ئه‌و سه‌فه‌ره‌‌ی که‌ بڕیاره‌ بیکات. گێڕه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر زاری ئه‌و کوڕه‌ که‌ ناوی نه‌هێناوه‌ ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت که‌ ئیتر ئاراسته‌ی گێڕانه‌وه‌که‌ ده‌گۆڕێت و له‌ شوێنێکی دیکه‌ ڕووداوه‌کان ده‌ست پێ ده‌کەنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش پێشکه‌وتنێکی ناوه‌کییه‌، چونکه‌ له‌ چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌دا ڕوو ده‌دات.

– هه‌ر له‌ ئه‌نجامی ئه‌و گفتوگۆیه‌ی که‌ له‌نێوان سه‌نگه‌ر و ئه‌و کوڕه‌ی ده‌یه‌وێت ڕووتی بکاته‌وه‌ دروست ده‌بێت، کوڕه‌که‌ پێشبینیی دیکه‌ بۆ سه‌نگه‌ر ده‌کات که‌وا له‌ کاتی سه‌فه‌ره‌که‌دا دێته‌ پێشی سه‌نگه‌ر ده‌ڵێت:

” … _ سه‌فه‌ر بێ پاره‌ ده‌کرێت..؟!

_ ئاخر ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی تۆ جیاوازه‌.. پاره‌ت لێ وه‌رناگرن”. (سواره‌کان… ، ل10)

-” … _ ده‌ی باشه‌، ئه‌وا وتمان پاره‌م لێ ناستێنن.. ئه‌ی له‌و ڕێگایه‌ چی ده‌خۆم..؟! چۆن له‌ برسان نامرم..؟

_ له‌ چێشتخانه‌یه‌ک لاده‌ده‌یت و ژه‌مێکی باش ده‌خۆیت.

_ کێ پاره‌که‌ی ده‌دات..؟

_ پاره‌ی چی..؟! تۆ پاره‌ت دراوه‌.”. (سواره‌کان… ، ل10)

 

له‌م دوو نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا که‌ گێڕه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر زاری کوڕه‌ غه‌یبزانه‌که‌وە پێشبینی دوو ڕووداو ده‌کات، یان باشتر وایه‌ بڵێن له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی سه‌نگه‌ر تووشی حاڵه‌تێکی ده‌رووونی بوووبوو، هه‌ر پرسیاری ده‌کرد کوڕه‌ غه‌یبزانه‌که‌ش زۆر به‌ دڵنیاییه‌وه‌ وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ خوێنه‌ر له‌ کاتی خوێنده‌وه‌دا هاست ده‌کات ‌ ئه‌وه‌ پێشکه‌وتنی ڕووداوه‌ نه‌ک پێشبینی. 

سه‌نگه‌ر سه‌ری سووڕ ده‌مێنیت که‌ ئه‌و ‌هیچ  پاره‌ی پێ نییه‌ چۆن ده‌توانێت کرێی پاس بدات؟ غه‌یبزانه‌که‌ ده‌ڵێت پاره‌که‌ دراوه.‌ ناڵێت کێ ده‌یدات و چۆن ده‌یدات. خوێنه‌ر له‌مه‌وه‌ هه‌ست ده‌کات که‌ ئه‌و کوڕه‌ غه‌یبزان نییه‌، ئه‌و ته‌نها ده‌یه‌وێت (سه‌نگه‌ر) له‌ کۆڵ خۆی بکاته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بینین هیچ ورده‌کاریی له‌ باره‌ی کێ؟! و چۆن؟! پاره‌که‌ی بۆ ده‌دڕێت نادات.

به‌ هه‌مان شێوه‌ بۆ نانخواردنه‌که‌ش ته‌نها له‌وه‌ دڵنیای ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌و کاتێک له‌ چێشتخانه‌که‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ست به‌ سکیدا ده‌هێنێت هه‌ست ده‌کات تێر تێری خواردوه،‌ گرنگ نییه‌ کێ و چۆن پاره‌که‌ی دراوه‌، ئه‌م ڕووداوانه‌ش له‌ درێژکراوه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌دا ڕوو ده‌دەن، بۆیه‌ ئه‌مه‌ش ده‌که‌وێته‌ سنووری پێشکه‌وتنی ڕووداوی ناوه‌کییەوە.

 

–  هه‌ر له‌ ئه‌نجامی گفتوگۆکه‌ و پرسیار کردنی سه‌نگه‌رەوە، غه‌یبزانه‌که‌ پێشبینیی دیکه‌ باس ده‌کات، یان باشتر وایه‌ بڵێن پێشکه‌وتنی ڕووداوی دیکه‌ ده‌خاته‌ ڕوو. سه‌نگه‌ر ده‌پرسێت:

“… _ ئه‌وه‌ پاره‌ی خواردنه‌که‌شم درا.. با بڵێین جنۆکه‌کانی تۆ بۆیان دام.. ئه‌ی پێم ناڵێی ده‌چم بۆ لای کێ..؟

_ ده‌چیته‌ لای ده‌سگیرانه‌که‌ت.”. (سواره‌کان… ، ل10)

 

– سه‌نگه‌ر دوودڵیه‌کی به‌ ڕووخساره‌وه‌ دیاره‌، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر باوه‌ڕ به‌وه‌ بهێنێت که‌ که‌سێک چاوه‌ڕوانی ده‌کات ده‌ڵێت:

“… _ ڕاست ده‌که‌یت.. هه‌رکه‌ له‌ گه‌راج داده‌به‌زم، ئه‌و باوه‌شم پێدا ده‌کات و ئه‌ملا و ئه‌ولام ماچ ده‌کات0

_ به‌م ئاسانییه‌ش نییه‌ وه‌ک تۆ ده‌یڵێیت، به‌ڵام کاتێک ده‌تبینێت، پێت شاگه‌شکه‌ ده‌بێت.. ده‌توانم بڵێم ئه‌مه‌ خۆشترین کاتی ژیانی هه‌ردووکتانه‌.

_ ماچیشم ده‌کات.. وانییه..؟!

_ ماچت ده‌کات..؟! ئه‌ی چۆن..!! ده‌سگیرانت نییه‌..؟! ماچیشت ده‌کات و ده‌شتگرێته‌ باوه‌ش..” (سواره‌کان… ، ل11) 

 

له‌م دوو نموونه‌یه‌دا (سه‌نگه‌ر) پرسیارێکی گرنگ ده‌کات، که‌ ئایا ده‌چێت بۆ لای کێ؟ که‌ دڵینایه‌ بچێته‌ هه‌ر شوێنێک که‌س ناناسێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وای له‌ (سه‌نگه‌ر) کردووه‌ باوه‌ڕ به‌ قسه‌کانی بکات، ئه‌وه‌یه‌ غه‌یبزانه‌که‌ زۆر به‌ دڵنیاییه‌وه‌ وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و‌ هیچ گومانێک نه‌ بۆ سه‌نگه‌ر و نه‌ بۆ خوێنه‌ریش ناهێڵێته‌وه‌. به‌بێ دوودڵی ده‌ڵێت ده‌سگیرانه‌که‌ت. له‌ به‌شه‌کانی داهاتوو خوێنه‌ر ئه‌م ڕووداوه‌ش ده‌خوێنێته‌وه‌، به‌ڵام خوێنه‌ر هه‌ست به‌ لێکتێنه‌گه‌یشتنێک ده‌کات، چونکه‌ (سه‌نگه‌ر) وا ده‌زانێت ئه‌وه‌ ده‌سگیرانیه‌تی، چونکه‌ غه‌یبزانه‌که‌ وای پێ گوتوه‌، که‌چی کچه‌که‌ وا ده‌زانێت سه‌نگه‌ر برایه‌تی، بۆیه‌ ده‌یگرێته‌ باوه‌شی زۆرێش ماچی ده‌کات، له‌ دواییدا کچه‌که ده‌زانێت به‌ ‌هه‌ڵه‌دا چووه‌، چونکه‌ دایکی کچه‌که‌ پێی ده‌ڵێت براکه‌ت نه‌هاتۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵم، ته‌نانه‌ت نه‌متوانی چاویشم پێی بکه‌وێت.‌    

‌گێڕه‌ره‌وه‌ زۆر به‌ چاکی ئیشی له‌سه‌ر ئه‌م پێشبینییانه‌، چاکتر وایه‌ بڵێین لەسەر ئەو پێشکه‌وتنی ڕووداوانه‌ کردووه و گێڕانه‌وه‌که‌ی له‌سه‌ر ئه‌م پێشکه‌وتنانه‌ بنیات ناوه‌. چاره‌نوسێکی بۆ کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی گێڕانه‌وه‌که‌ دروست کردووه‌ و ده‌بێت ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ش به‌ دوایدا بڕوات، له‌ هه‌مان کاتدا ئه‌و کاره‌کته‌ره‌ واته‌ سه‌نگه‌ر خۆی حه‌ز ده‌کات ئه‌و شاره‌ به‌ جێ بهێڵێت، له‌به‌ر چه‌ند گیروگرفتی سیاسی و ده‌روونی و کۆماڵایه‌تی…

 

2- پێشکه‌وتنی ڕووداوی ده‌ره‌کی:

– گێڕه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر زاری مام میکایل پێشبینییه‌ک ده‌کات باسی چاره‌نووسی شاسوارمان بۆ ده‌کات که‌ سه‌رکرده‌یه‌کی شۆڕشه‌ ده‌ڵێت:

” … _ ئێمه‌ شاسوارمان له‌ ده‌ست چوو.. دڵم نایه‌ت، ئه‌گینا ده‌موت مرد.. هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ئه‌و ده‌یانکات، مانای ئه‌وه‌یه‌ زۆری له‌ ژیاندا نه‌ماوه‌.. له‌ سه‌رکرده‌ ناچێت.. که‌سانی ئاوا هه‌میشه‌ ته‌مانیان کورته‌.. تاق و ته‌نیایه‌.. نه‌ عه‌شیره‌تی هه‌یه‌، بیپارێزێت و نه‌ خزم و که‌سیشی به‌ ده‌وره‌وه‌یه‌.” (سواره‌کان…، ل 39)

مام میکایل له‌به‌ر خۆشه‌ویستیی بۆ شاسوار وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی شۆڕش و باری ده‌روونیی خۆی و ساده‌یی شاسوار له‌ شاخ، وه‌ک که‌سێکی ئاسایی هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات، هه‌رگیز وا دانانێت که‌ سه‌رکرده‌یه‌ک بێت، له‌مه‌وه‌ مام میکایل ده‌ڵێت زوو له‌ناو ده‌چێت، چونکه‌ نەیار و دوژمنی زۆره‌، ئه‌مه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌کهدا‌ ڕوو نادات. مانه‌وه‌ی شاسوار له‌ شاخ و به‌رده‌وامبوونی شۆڕشی کورد، ڕه‌نگه‌ شاسوار شتێکی لێ بێت، که‌ ئه‌مه‌ش ده‌که‌وێته‌ دوای ته‌واوبوونی ڕۆمانه‌که‌.

– گێڕه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر زاری ( سه‌نگه‌ر برایم ته‌نتریۆف) پێشبینیی ڕووداوێكی ناشرین له‌ (هامانی نارێ مامان) ده‌کات و ده‌ڵێت:

“… _ دوور نییه‌ سبه‌ینێ بۆ ژه‌مێکی دی‌، خوشک و دایکیشت بفرۆشیت.

_ کێ ده‌ڵێت ئه‌وان من نافرۆشن.” (سواره‌کان…، 53)

سه‌نگه‌ر له‌به‌ر ئه‌و کاره‌ ناشرینه‌ی ئه‌م پێشبینییه‌ی بۆ ده‌کات، که‌سێکی زۆڵی وه‌ک (هامانی نارێ مامان) هه‌ر خۆیشی پێشبینییه‌کی ناشایسته‌تر ده‌کات. ئه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌که‌ ڕوو نادات، به‌ڵام خوێنه‌ر که‌ ڕۆمانه‌که‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ هه‌ست به‌ زۆڵیی (هامانی نارێ مامان) ده‌کات. هاروه‌ها ئه‌و کاره‌ی که‌ کردوویه‌تی، ڕه‌سمی کچه‌ پوورێکی خۆی بۆ کوڕێک خستۆته‌ ناو کتێبه‌ بێکەڵکەکان تا پاره‌ی پێ ده‌ست که‌وێت، بۆیه‌ من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ڕووداوه‌کان درێژه‌یان هه‌بووایه‌ و کاتێکی زۆرتری بخایاندایه‌ ئه‌وا له‌ ڕووداوێک ڕه‌نگه‌ کوڕێکی لاتی وه‌ک (هامانی ناری مامان) ئه‌و کاره‌ بکات.

– له‌ گفتوگۆیه‌کی نێوان سه‌نگه‌ر و شه‌ماڵ، که‌ به تە‌واوی له‌ یه‌کتری نه‌گه‌یشتن، شه‌ماڵ ده‌یویست باسی ڕۆیشتنی خۆی بۆ بکات بۆ شاخ، به‌ڵام سه‌نگه‌ر به‌ هه‌ڵه‌ لێی تێیگه‌یشت وای ده‌زانی باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌سه‌ر چه‌قۆ له‌ (شێرۆی نانه‌وا) داوه‌ ده‌گیرێت ئه‌ویش له‌و کاته‌دا سکی به‌ نه‌نکی ده‌سوتێ ده‌ڵێت:

“… _ خۆزگه‌ وابووایه، به‌ڵام من دەیناسم.. له‌ داخا به‌ سک ده‌دات.

هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵی هه‌ڵکێشا و درێژه‌ی به‌ گوته‌کانی دایه‌وه‌:

_ نا، باوه‌ڕم پێ بکه‌ خه‌می خۆمم نییه‌، به‌ڵام ئه‌وان له‌ داخا ده‌مرن.”‌ (سواره‌کان…، 87)

سه‌نگه‌ر خۆی ده‌زانێت که‌ نه‌نکی چه‌ندی خۆش ده‌وێت و هه‌ر ئه‌ویش به‌ خێوی کردووه‌و گه‌وره‌ی کردووه‌، بۆیه‌  پێشبینیی ئه‌و ڕووداوەی کردووه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌کەدا‌ ڕوو نادات، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ڕوودانی ئه‌و ڕووداوه‌ بکه‌وێته‌ دوای ته‌واوبوونی ڕۆمانه‌که‌، چونکه‌ نه‌نکی پێشتر تاقە کوڕی، که‌ ده‌کاته‌ باوکی سه‌نگه‌ر کوژراوه‌، بۆیه‌ له‌ ته‌مه‌نێكی وا به‌رگه‌ی جه‌رگسوتانێکی دیکه‌ ناگرێت.

 

3- پێشکه‌وتنی ڕووداوی دووباره‌کراو:

 

نموونه‌ بۆ ئەم جۆره‌یان له‌م ڕۆمانەدا‌ ئێمه‌ ته‌نها یه‌ک نموونه‌مان به‌رچاو که‌وتووه‌، ئه‌ویش ئه‌و پێشبینییه‌یه‌ که‌ غه‌یبزانه‌که‌ ده‌یکات بۆ سه‌نگه‌ر له‌ باره‌ی ده‌سگیرانه‌که‌یەوە. له‌ چه‌ند جێگای گێڕانه‌وه‌که‌ ئه‌مه‌ دووباره‌ ده‌کاته‌وه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ ناو پاسه‌که‌… 

“… ئێستا ده‌چێته‌ که‌رکووک.. ڕاسته‌ دوودڵه‌، به‌ڵام هه‌ر ده‌چێت.. جاری جارانیش نییه‌ بیکاته‌ شه‌ڕ و پاره‌ نه‌دات، به‌ تایبه‌تی ئێستا دڵدارێکی ناسک و ده‌سگیرانه‌که‌ی چاوه‌ڕێیه‌تی” (سواره‌کان…، ل18 )

ده‌بینین ئه‌و پێشکه‌وتنه‌ چه‌ند جارێک له‌ چه‌ند شوێنێکی جیاوازی گێڕانه‌وه‌که‌ باس ده‌کرێته‌وه‌ بۆ نموونه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌کانی (10، 18، 21، 111) باسی ده‌سگیرانه‌که‌ی ده‌کات.

 

دووه‌م: پێشکه‌وتنی ئه‌و ڕووداوانه‌ی که‌ ڕوو ده‌ده‌ن:

جۆرێکی دیکه‌ی پێشبینیکردنی ڕووداو هه‌یه‌ ڕوو نادات، به‌ڵام کاریگه‌ریی خۆی ده‌بێت له‌ سه‌ر ده‌روونی هه‌ندێک کاره‌کته‌ری ناو گێڕانه‌وه‌که‌دا. هه‌روه‌ها کاریگه‌رییشی ده‌بێت له‌ سه‌ر خوێنه‌ر، چونکه‌ جۆرێک په‌رۆشی دروست ده‌کات. وای لێ ده‌کات تا کۆتایی لە‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که بەردەوام بێت‌. له‌م جۆره‌ نموونه‌مان زۆر به‌رچاو ده‌که‌وێت…

–  له‌ سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌که‌ کاتێک سه‌نگه‌ر ڕێگه‌ به‌ کوڕێکی ده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕووتی بکاته‌وه‌، کوڕه‌که‌ نامه‌یه‌کی پێیه‌ که‌ بۆ کچێکی ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ی هێناوه، ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ سه‌نگه‌ر نامه‌که‌ی لێ بگرێت:

“… ته‌نها ترسی نامه‌که‌ته‌.. پاره‌که‌ شتێکی ئه‌وتۆ نییه‌… بێگومان ده‌یکاته‌وه‌ و ورد ورد ده‌یخوێنێته‌و.. دوور نییه‌ بیناسێت.. کێ ناڵێ خزمیشی نییه‌..” ‌ (سواره‌کان…، ل7)

ئه‌و پێشبنینییانه‌ی ئه‌و کوڕه‌ له‌ خایاڵی خۆیدا ده‌یانکات نایه‌نه‌ دی، چونکه‌ سه‌نگه‌ر به‌ دوای نامه‌ و شتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌دا ناگەڕێت، بەڵکو ئه‌و ته‌نها پاره‌ی ده‌وێت. نامه‌که‌ی لێ ده‌سه‌نێت و ده‌یخاته‌ به‌ر تیشکی خۆر، به‌ڵام که‌ بۆی ده‌رده‌که‌وێت پاره‌ی تێدا نییه‌ بۆی ده‌گه‌رێنێته‌وه‌.

 

–  فه‌ره‌یدون یوسف پایسکلچی ئامۆژگاریی سه‌نگه‌ر ده‌کات که‌ ئیتر ئه‌وه‌نده‌ گوێ به‌ نه‌نکی نەدات، ئه‌ونده‌ هه‌راسان نه‌بێت کاتێک ئێواره‌یه‌ک تۆزێک دره‌نگ ده‌گه‌رێته‌وه‌، چونکه‌ که‌سانی وه‌ک سه‌نگه‌ر چه‌قۆوه‌شێن کوانێ گوێ به‌ دایک و باوک و برا و خوشک ده‌ده‌ن، جا وه‌ره‌ نه‌نکت بێت:

“… به‌ قسه‌ی من ده‌که‌ی، سووک سووک ڕای بێنه‌، با ئه‌وه‌نده‌ هۆگرت نه‌بێت… باشه‌ تۆ دوو ساڵی دیکه‌ ده‌چیته‌ شاخ و ده‌بیته‌ پێشمه‌رگه‌.. که‌سیش نازانێت که‌ی ناو شار ده‌بینیته‌وه‌..” (سواره‌کان…، 15)

فه‌ره‌یدون دڵنیایه‌ که‌ دوو ساڵی دیکه‌ ده‌چێت بۆ شاخ، چونکه‌ سه‌نگه‌ر پێی گوتوه‌ که‌ ته‌مه‌نی بگاته‌ شانزده‌ ساڵ بێ دوودڵی ده‌چێته‌ ناو شۆڕش. له‌ به‌شه‌کانی داهاتوو ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ که‌ سه‌نگه‌ر ناچێته‌ شاخ بۆ مه‌به‌ستی پێشمه‌رگایه‌تی، به‌ڵکو به‌ تاوانی سیخوڕی له‌ لایه‌ن شۆڕشگێڕانه‌وه‌ ده‌گیرێت له‌ زیندانی شاخ لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت. که‌واته‌ پێشبینییه‌که‌ ڕوو نادات.

 

– کاتێک ده‌سته‌یه‌ک له‌ سه‌گکوژانی شاره‌وانی دێن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌گه‌کانی سه‌نگه‌ر ببه‌ن و بیانتۆپێنن، هه‌ندێکیان لێ ده‌کوژن، سه‌نگه‌ر هێرشیان ده‌کاته‌ سه‌ر و هه‌ندێک له‌ پیاوه‌کان بریندار ده‌کات، پاشان ده‌یگرن، لە بەرچاوی خەڵک به‌ شه‌ق به‌ پێش خۆیانی دەدەن. خەڵکه‌که‌ ده‌یانگوت:

“… _ وه‌کو سه‌گ و گوجیله‌کانی ده‌یتۆپێنن.. به‌ساغی نایه‌ته‌وه‌.

_ ده‌یخه‌نه‌ زیندان و چاوی به‌ ده‌ره‌وه ناکه‌وێته‌وه‌.” (‌ سواره‌کان…، ل33)

 

دیاره‌ خه‌ڵکه‌که‌ له‌ ئه‌نجامی توڕه‌بوونیان لهو‌ سەگ و گوجیلانه‌ ئه‌م قسانه‌یان به‌ سه‌نگه‌ر گوتوه‌، چونکه‌ ئه‌و خاوه‌نی سه‌گه‌کان بووە. ئه‌م قسانه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ وه‌ک پێشبینی ده‌که‌ن که‌ جارێکی تر سه‌نگه‌ر نابیننه‌وه‌، به‌ڵام به‌ ماوه‌یه‌کی که‌م سه‌نگه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌م قسانه‌ی ئه‌وان پووچه‌ڵ ده‌کاته‌وه‌. پێشبینیییه‌که‌ش هه‌ر به‌ پێشبینی ده‌هێڵێته‌وه‌.

–  له‌ نموونه‌یه‌کی دیکه‌ که‌ سه‌نگه‌ر سیمای دایکی ده‌هێنایه‌ خه‌یاڵی خۆی زۆر پێی بێتاقه‌ت ده‌بوو، زۆریش ده‌ترسا له‌وه‌ی ڕۆژێک له‌ شوێنێک بیبینێته‌وه‌، چونکه‌ دایکی دوای مردنی باوکی سه‌نگه‌ر شووی کردبووه‌وه‌ (هامانی نارێ مامان) پێی ده‌ڵێت: 

“… مه‌ترسه‌ له‌ هه‌موو ژیانت نایبینی.. یه‌که‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی نایناسیته‌وه‌، دووه‌م ئه‌و ژنی پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌نده‌، رێی ناکه‌وێته‌ هیچ شوێنێك، که‌ تۆی لێیت.. ئه‌ویش تۆ ناناسێته‌وه‌.” (سواره‌کان…، ل 52)

هامای نارێ مامان دوو سێ هۆی هێناوه‌ته‌وه‌ که له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ سه‌نگه‌ر دایکی نابینێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ به‌شه‌کانی دواتردا ده‌بینین که‌ سه‌نگه‌ر چۆن ده‌چێته‌ ماڵی زڕباوکی واته‌ مێرده‌ نوێیه‌که‌ی دایکی، له‌وێ دایكی ده‌بینێت، زۆر باوه‌ش به‌ یه‌کتڕیدا ده‌که‌ن، بۆیه‌ پێشبینییه‌کانی (هامان) نه‌هاتنه‌ دی، هه‌ر له‌ خه‌یاڵی خۆی مانه‌وه‌… 

 

ئه‌نجام

له‌ کۆتایی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یەدا گه‌یشتینه‌ ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی خواره‌وه‌:-

1- پێشکه‌وتنی ڕووداو ته‌کنیکێکه‌ له‌ ته‌کنیکه‌کانی کات له‌ ڕابردوو و ئێستا و داهاتووه‌وه‌.

2- پێشکه‌وتنی ڕووداو له‌ ڕۆمانی نوێ سه‌ری هه‌ڵداوه‌، تایبه‌ته‌ به‌ ڕۆمانه‌کانی شه‌پۆلی هۆش.

3- ئه‌م ته‌کنیکه‌ واته‌ پێشکه‌وتنی ڕووداو له‌ گێڕانه‌وه‌دا ده‌ورێکی زۆر گرنگی هه‌یه‌. وا له‌ خوێنه‌ر ده‌کات به‌ په‌رۆشه‌وه‌ په‌له‌ بکات له‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که‌ تا ده‌گاته‌ ئه‌و شوێنه‌ی که‌ نووسه‌ر پێشوه‌خت باسی کردووه‌.

4- ئه‌و پێشبینیانه‌ی یان ئه‌و پێشکه‌وتنانەی‌ که‌ گێڕه‌ره‌وه‌ ده‌یانکات، هه‌موویان ڕوو ناده‌ن یان هه‌موویان نایه ‌نه‌دی.

5- ئه‌م ته‌کنیکه‌ زنجیره‌ی ڕووداوه‌کان تێک ده‌شکێنێت، که له‌ ڕۆمانی ته‌قلیدیدا باو بوون.‌ 

 

ئارام ڕەحمان پاشا

——————————————-

لیستی سه‌رچاوه‌کان:

– کتێبه‌ کوردییه‌کان

 

1. به‌ختیار سه‌جادی و محه‌مه‌د مه‌حموودی، فه‌رهه‌نگی شیکارانه‌ی زاراوه‌ی ئه‌ده‌بی، ده‌زگای چاپ و بڵاوکراوه‌ی ئاراس، هه‌ولێر 2004.

2. جه‌لال ئه‌نوه‌ر سه‌عید، ته‌کنیکی گێڕانه‌وه‌ له‌ ڕۆمانی (ئێواره‌ی په‌روانه‌)ی به‌ختیار عه‌لی دا، ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی سلێمانی، سلێمانی 2009.

3. سه‌نگه‌ر قادر شێخ محه‌مه‌د حاجی،  بنیاتی گێڕانه‌وه‌ له‌ داستانی (مه‌م و زین)ی ئه‌حمه‌دی خانی و رۆمانی (شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌کان)ی به‌ختیار عه‌لی دا، ده‌زگای توێژینه‌وه‌و بڵاوکردنه‌وه‌ی موکریان،دهۆک، 2009.

4. کۆمه‌ڵێک نووسه‌ر، تیۆری ڕۆمان، و.محه‌مه‌د که‌ریم، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، 2002.

5. نه‌جم خالید نه‌جمه‌ددین ئه‌ڵوه‌نی، بینای کات له‌ سێ نموونه‌ی رۆمانی کوردیدا، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ، سلێمانی، 2004.

6. دوارۆژ کاروان و کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور، سواره‌کان به‌ قاچاغ بووکیان گواسته‌وه‌، چاپی یه‌که‌م، چاپخانه‌ی یاد، سلێمانی، 2009.

 


– کتێبه‌ عه‌ره‌بییه‌کان

 

1. أ. أ. مندلاو، الزمن والروایة، ترجمة بکر عباس، مراجعة احسان عباس، دار صادر، بیروت، الطبعة الاولی، ١٩٩٧.

2. احمد حمد النعیمي، ایقاع الزمن في الروایة العربیة المعاصرة، عمان، المٶسسة العربیة للدراسات، ٢٠٠٤.

3. آمنة يوسف، تقنيات السرد في النظرية والتطبيق، دار الحوار للنشر والتوزيع، سورية،1997.

4. حسن بحراوي، بنية الشكل الروائى(الفضاء- الزمن- الشخصية)، المركز الثقافي العربي، ط1، بيروت، الدار البيضاء، 1995.

5. رولان بورنوف و ريال اوئيلية، عالم الرواية، ت: نهاد التكرلي.

6. د.عدنان خالد عبدالله، النقد التطبيقي التحليلى(مقدمة لدراسة الادب و عناصر في ضوء المنهج التقدية)، دار الشؤون الثقافية، بغداد، 1986.

7. فرانسواز داستور، هیدغر والسٶال عن الزمان، ترجمة سامی ادهم، المٶسسة الجامعیة للدراسات والنشر والتوزیع، بیروت، الطبعة الاولی، ١٩٩٣.

8. فرانک اوکونور، الصوت المنفرد، مقالات في القصة القصیرة، ترجمة: د. محمود الربیعي، الهیئة المصریة العامة للکتاب، ١٩٩٣.

9. کولن ولسون، فکرة الزمان عبر التاریخ، ترجمة فٶاد کامل، مراجعة شوقي جلال، سلسلة کتب ثقافیة شهریة، الکویت، عدد١٥٩، ١٩٩٢.

10. محمد القاضي، معجم السرديات، الرابطة الدولية الناشرين، تونس،ط (1)، 2010، ص21.

 

 

 

 

 

 

– سه‌رچاوه‌ی ئه‌لیکترۆنی

 

1. د. حسان رشاد الشامي، المرأة في الرواية الفلسطينية 1965- 1985، اتحاد الكتاب العرب دمشق، 1998، http://www.awu-dam.org/book/98/study98/169-r-s/book98-sd014.htm

2. http://www.britannica.com/EBchecked/topic/478607/prolepsis

3. http://en.wikipedia.org/wiki/Flashforward

4. ﻟﻄﻴﻒ زﻳﺘﻮﻧﻲ، ﻣﻌﺠﻢ ﻣﺼﻄﻠﺤﺎت ﻧﻘﺪ اﻟﺮواﻳــﺔ، http://lzeitouni.lau.edu.lb/PDF/23.pdf

5. زينب عيسى صالح الياسي، البناء الفني في الرواية الكويتية المعاصرة، http://www.khawlaalqazwini.com/CriticalStudyDetail.aspx?aid=89

 

6. محمد الغزي، المستقبل كما تبتكره الحداثة، السعودية، 2010، http://www.sauress.com/alhayat/99911 

 

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.