Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
جارێكی دیكە هەڵەبجە شەهید دەكرێ !!   سالار بابەشێخ

جارێكی دیكە هەڵەبجە شەهید دەكرێ !! سالار بابەشێخ

Closed
by March 17, 2009 گشتی

 

 

جارێكی دیكە هەڵەبجە شەهید دەكرێ !!

سالار بابەشێخ

قەت بڕوام بەوە نەبوو كە شارێك شەهید بكرێت و هەرگیز وام نەبینیوە، دەمگوت هەتا هەناسەیەك لە سینگی تاكی كورددا مابێت، شاری هونەر و جوانی، شاری بەرخۆدان و قوربانیدان، شەهید ناكرێ تاوەكو فاتیحەی بۆ بخوێندرێ!!

 كانیاوەكانی هەڵەبجە لە ژەهراوی بوون رزگار كران و هەناسەی شار قەنارەی بۆ گەردنی دیكتاتۆرێكی پەتپەتی هەڵخست، چۆن شارێك هێمای قوربانیدان و رزگاری نەتەوەیەك بێت، شەهید دەكرێت؟! بەڵام. بەداخەوە منیش گەیشتمە ئەو قەناعەتەو لەمەبەولاوە ئەمشارە ستەملێكراوە بە هەڵەبجەی شەهید ناودەبەم. بە هەڵەبجەیەكی فەرامۆش كراو، بە شەهیدێكی ون و بێناو!!

سەرلەبەیانی رۆژی 16/3 لە پەیژەكانی ئۆفیسی رۆژنامەكەمان چوومە خوارەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئاژیری پێنج خولەكی بۆ رێزگرتن لە قوربانییانی كیمیابارنی هەڵەبجە بەشدار بم، بەڵام چاوم بە ژمارەیەكی كەم لە هاووڵاتییانی رەسەن و دڵسۆزی بەرژەوەندییە گشتییەكانی نەتەوەیی كورد كەوت كە هاتنە سەر شەقامەكان و بە وەستانێكی پێنج خولەكی جارێكی دیكە ئەمەگداری خۆیان بۆ قوربانییانی سیاسەتی دڕندانەی بەعس دەربڕی و جارێكی دیكەش رژێمی سەدامی رووخاویان بە هۆی پاكتاوی رەگەزی و رەشەكوژی كورد و ئاسمیلەكردنی نەتەوەی ژێردەست ریسواتر كرد. لەگەڵ رێزم بۆ ئەوانەی پێوەروپێوانەكانی چارەنووسی كورد دەناسن و بڕوایان بە داهاتوویەكی پرشنگدار بۆ نەتەوەكەیان هەیە، بەڵام چاوم بە هەندێك دیمەنی ناحەز كەوت كە دەروونی هەر خاوەن ویژدانێكی دەهەژاند…!! لەو چركەساتانەی كە هەزاران دڵۆپە فرمێسكی قەتیس ماو لە نێو چاوی هێرۆشیمای كوردستاندا پەنگی دەخواردەوە، لەو كاتانەی كە لانكە و بێشكە خنكاوەكانی هەڵەبجە یادیان دەكرێتەوە، لەو ساتانەدا كە دایك و خوشك، باوك و برا، خزم و دراوسێ بە كۆمەڵ دەبنە رەژوو(خەڵووز) بۆ یادی نەورۆز و رزگاری لە بندەستی. دەیان رێبوارم بە گەنج و پیر، بە ئافرەت و پیاوەوە بینی كە نەك ئامادە نەبوون یەك چركەش لە شوێنی خۆیان بوەستن، بەڵكو هەندێكیان موبایلەكانیان بە گوێوە نابوو، بە بەردەم خەڵكی راوەستاودا تێدەپەڕین و بەدەنگی بەرز وەڵامی كەسی پشت هێڵی مۆبایلەكەیان دەدایەوە!! باسكیل فڕكەی دەهات. ئەلاگە بەدەست بازاڕی بۆ ماڵەوە دەبردەوە، هەندێك گەنج وەدووی یەك دەكەوتن و گاڵتەیان بەو راوەستانە دەهات…!!

ئەم كەمتەرخەمییە لە كورد ناوەشێتەوە، بڵێی رێژەی دۆڕاوانی كورد و ژمارەی پارەپەرستەكانی كورد و كوردی كەمتەرخەم هەر لە هەڵكشاندا بێت!؟؟

راستە هەتا هەنوكە دامودەزگاكانی ئاماری كوردستان نەیانتوایوە ئاماری قوربانییەكانی ئەو كارەساتە ساغ بكەنەوە و هەروا رەمەكی ئاماژە بە 5000 قوربانی دەكرێ، كە ئەمجۆرە ئامارانە لە ناوەندە زانستییەكاندا جێگەی گاڵتەپێكردنە، چونكە ئامار نییە بە سێ چوار سفر كۆتایی پێبێ!! راستە دوای 18 ساڵ دەسەڵاتی خۆماڵی كورد هێشتا نیوەی ئەمشارە لێقەماوە ئاوەدان نەكراوەتەوە و كەسوكاری قوربانییان وەكو پێویست ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە!! راستە فڕۆكەوانی تاوانبار كە شاهید حاڵی قوربانییانی شارەكە بوو، دێزەبەدەرخۆنە كرا و لە دادگای دادگاییكردنی تاوانبارانی ئەنفالدا ئامادە نابێت!!، بەڵام هەڵەبجە بێتاوانە و جارێكی دیكە نابێت بە دەستی خودی كورد شەهید بكرێتەوە.. ئەگەر كورد ناوبانگێكی هەیە و لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا لایەكی لێدەكرێتەوە لە سایەی قوربانییەكانی هەڵەبجە بوو. بەشێكی زۆری دەستكەوتەكانی كورد لە سێبەری هێرۆشیمای كوردستاندا دەستەبەر كراون، زۆر بێ ئەمەگییە ئەگەر لانیكەم یادكردنەوەی قوربانییانی ئەمشارە شایستەی باڵای شارەكە و قوربانییه‌كانی نەبێت..

 با فرمێسكی رۆڵەی بێ باوك و رۆنتكی چاوی دایكی جەرگ سووتاو، بە گژ ئەو كەمتەرخەمی و بێ ئینتماییەدا بچێتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.