Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
جـەمـاوەری  دەڤـەری (کۆیـە) ئـەمجـارەش ئێـوە فـت !

جـەمـاوەری دەڤـەری (کۆیـە) ئـەمجـارەش ئێـوە فـت !

Closed
by January 31, 2013 گشتی

 

 

              دەڤەری شاری کۆیە، کە خاوەن پێگەیەكی جیۆگرافی گرنگە لەسەر ئاستی  كوردستاندا و رووبەرەكەی (2050) كم چوارگۆشەیەو(5) ناحیە ، بە (112) گوندو شارەدێ لە خۆ دەگرێ و ئەوە جگە لە گوندەکانی دەوری شار، بە درێژایی مێژووی ئەم سەردەمە ، وەک شارەکانی تری کوردستان ، هەمیشە قەڵایەکی سەخت و شاخێکی بەرزی خۆڕاگری تێکۆشان و خەبات و شۆرش بووە، لێرەدا باسی پێگەی دیاریی رۆشنبیری وئەدەبی و کەلتووری و ئابوری و گەشتوگوزاری ناکەین. شاری کۆیە هێندەی خزمەتی بە کوردستان و کاروانی کوردایەتی کردوە، تا – وەک یەکێک لە تێکۆشەرەکانی شارەکە دەڵێی – شایستەی ئەوەیە بکرێ بە ( پایتەختی کوردایەتی).

 هەرگیزاو هەرگیز پایەو مەقامی شارو گوندەکانی تر کوردستان فەرامۆش ناکەین و ئەو پەڕی قەدرزانی و میهرمان بۆیان هەیە، قەت شاری کۆیە تەفزیل ناکەین بەسەر هیچ بستە خاکێکی تری ئەم نیشتمانە جوانە ، وەلێ ماف و حەقی خۆمانە کە داوا لە حکومەتی هەریمی کوردستان  بکەین ، کە بە چاوێکی دادپەروەرانەو بە ئینسافەوە ئاوڕێک لەم شارە ستەم دیدە بداتەوە.

وا پرۆژەی بوجەی ئەمساڵی  حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاوتوێکردن و شەن و کەو دایە و هێندەی نەماوە رەشنووسی کۆتای  تەواو بێ. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لەبەر دەست دایە ، بۆ دەڤەری کۆیی بە هەموو شارەکەو ناحیەو گوندەکانەوە ، تەنیا (13) ملیار دیناری عیراقی بۆ تەرخانکراوە. لە کاتێکدا تەنیا بۆ گەرەکی ( عێنکاوە)  (30) ملیار دیناری عیراقی تەرخان کراوە. ئێمە دەپرسین بە چ حەق و تەرازوو ،ویژدانێک ئەم بوجەیە وا دابەشکراوە؟ ئێمە نامانەوی یەک دینار لە هیچ گوندێک کەم بکرێتەوەوە، بەڵام مافی خۆمانە بپرسین ، بۆ بەردێژای تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان غەدر لەم شارە دەکرێ؟ با بێن لێژنەیەکی بێلایەن دانێن بزانن . چ شارێک،  وەکۆ کۆیە ئەم جۆرە شەقام و جادەو بازارو باغ و باغاتە خراپ و ناهەمواری هەیە؟ فەرقی کۆیەو (کەلارو چەمچەماڵ و کفری ) چییە، لە گەڵ هەموو رێزو ئیحترامان بۆ ئەو شارانە ، کە ئەوانیش ، خۆمان ئاسا مەغدورن؟ 

 ئەم  مشتە بوجە کەمەی بۆ دەڤەری کۆیی تەرخانکراوە تەنیاو تەنیا ، بە بەرپرسییارەوە دەڵێن ، بای قیرتاوکردن و چاککردنی شەقامەکانی ناکات. لێرەدا  من وەک هاوڵاتییەک داوا لە خەڵکانی ئەم دەڤەرە دەکەم،  کە لە رێگای نوێنەرەکانمان لە بەرلەمانی کوردستان و بە ورژاندنی میدیایەکان بە شێوەیەکی سەردەمانە و شارستانییانە ، هەوڵ بدەن رێژەی ئەم بەشە بوجەیی بۆمان تەرخانکراوە  زیاد بکرێ،  بە ئاستێک لە گەڵ ژمارەی دانیشتوان و رووبەرو داپێویستیەکانمان – تا ڕادەی ما قوول – بگونجێ. دەنا ئەگەر هەر ئەو بڕە پارەیە بێ کە وا بۆیان تەرخان کردوین ئەوا دەڵێـم: دیسان … جـەمـاوەری  دەڤـەری کۆیـە ئـەمساڵیش ئێـوە فـت!

 

Facebook: fazil shawro 

Email: fzgaedi@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.