Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
جه‌میل ئه‌مین، پیاوێك له‌ ئه‌ڵماس

جه‌میل ئه‌مین، پیاوێك له‌ ئه‌ڵماس

Closed
by September 2, 2011 گشتی

نازانم له‌كه‌یه‌وه‌ كاك جه‌میل ئه‌ناسم، به‌ڵام ئه‌زانم له‌قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ ئاشنای بووم، له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا له‌قوتابخانه‌ی سه‌لاحه‌دینی سه‌ره‌تایی كوڕان له‌ شۆریجه‌ی كه‌ركوك قوتابی بووم، كاك جه‌میل چه‌ند ساڵێك له‌پێش منه‌وه‌ بوو، وابزانم ئه‌و له‌پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندی بوو، بێگومان من له‌م چركه‌ساته‌ی نووسینداو به‌ ئاگایی ئێستاوه‌ قسه‌ ئه‌كه‌م و ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ رابردوویه‌كی دوورو باس له‌ناسینی ئه‌و ئه‌كه‌م، ئه‌گینا من له‌و كاته‌داو به‌و ته‌مه‌نه‌ بچكۆله‌یه‌وه‌ مانای یه‌كترناسین و هاوڕێتیم نه‌ئه‌زانی. روخساری سه‌ره‌تایی ئه‌وم به‌لێڵی دێته‌ به‌رچاو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باش له‌بیرمه‌ مامۆستا ئه‌مینی باوكێتی كه‌ له‌پۆلی سێیه‌می سه‌ره‌تاییدا له‌ساڵانی 1970-1971 وانه‌ی پێ‌ ئه‌وتین، من و وشیاری برام له‌گه‌ڵ هه‌ردوو برای كاك جه‌میل: محه‌مه‌د و ئه‌كره‌م هاوپۆل بووین، بیرم دێ‌ جارێكیان من و وشیار له‌ناو پۆلداو له‌كاتی وانه‌ی مامۆستا ئه‌میندا هه‌ر پێئه‌كه‌نیین، بیرم نایه‌ به‌چی پێئه‌كه‌نیین، به‌ڵام پێكه‌نین به‌ری نه‌ئه‌داین ئه‌گه‌رچی مامۆستا ئه‌مین ئاگاداری كردینه‌وه‌ كه‌ بێده‌نگ بین، له‌حاڵه‌تی وادا زۆرجار به‌جۆرێك پێكه‌نین ئه‌تگرێ‌ ناتوانیت كۆنترۆڵی بكه‌یت مه‌گه‌ر دۆخێكی تر بتوانێ‌ پێكه‌نینه‌كه‌ت پێ‌ بوه‌ستێنێت، ئیتر مامۆستا ئه‌مین به‌شێوه‌یه‌كی زۆر خراپ كه‌وته‌ لێدانی من و وشیار، زۆری لێداین به‌چه‌شنێك به‌گریانه‌وه‌ به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ رۆشتینه‌وه‌، كه‌چی له‌رۆژگاره‌كانی دواتردا قینمان به‌رامبه‌ر كاك جه‌میل هه‌ڵنه‌گرت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خۆشمان ویست، چونكه‌ ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بوو دڵنه‌وایی كردین. دواترو له‌نیوه‌ی دووه‌می حه‌فتاكانه‌وه‌ هاوڕێتیمان زۆر به‌تین بوو، ئێمه‌ گروپێك بووین زۆربه‌ی كات پێكه‌وه‌ بووین و له‌شه‌قامی جمهوری پیاسه‌مان ئه‌كرد، كتێبی كوردی و رۆژنامه‌ی هاوكاری و گۆڤاری به‌یانمان ئه‌كڕی، زۆربه‌مان به‌ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان بیرمان ئه‌كرده‌وه‌و هه‌ندێكمان په‌یوه‌ندیمان به‌ كۆمه‌ڵه‌وه‌ هه‌بوو. براده‌رانی ئه‌و گروپه‌ بریتی بوون له‌ كاك جه‌میل و ئازادی برام و مسته‌فا گه‌رمیانی و فایه‌ق سه‌عیدو كه‌ریم په‌ره‌نگ و كه‌ریم عه‌بدولڵاو عیزه‌دین مه‌جیدو غازی عاصی و ئیبراهیم عه‌لی و ئاراس ره‌شیدو سه‌مه‌د ئه‌حمه‌دو سه‌ڵاح حه‌سه‌ن پاڵه‌وان و ئه‌دیب نادر و نه‌جات حه‌مید و عه‌لی عومه‌ر و من و هه‌ندێ كه‌سی تر بیرم نه‌ماوه‌، دواتر مارف عومه‌ر گوڵ و ئه‌حمه‌دی مه‌لا و عه‌بدولڵا قه‌ره‌داغیمان ناسی و ئه‌وانیش هه‌ر له‌و گروپه‌ بوون، به‌رده‌وام بابه‌تی ئه‌ده‌بیمان ئه‌خوێنده‌وه‌و گفتوگۆمان ئه‌كرد، من له‌چاوپێكه‌وتنێكدا كه‌ له‌ژماره‌ (41)ی ساڵی 2002ی گۆڤاری (ئاینده‌)(*)و دواتر له‌ كتێبی (ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌)دا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، باسی كاك جه‌میل و ئه‌م گروپه‌م كردووه‌ كه‌ چه‌نده‌ كاریگه‌ری ئیجابیان له‌سه‌ر ئێمه‌ هه‌بووه‌. (بڕوانه‌ په‌راوێز).
گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و رووداوه‌ی سه‌رده‌می مناڵی له‌ رووكاردا شتێكی ساده‌یه‌، به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌م رووداوه‌ له‌لایه‌ك سه‌ره‌تای هاوڕێتییه‌كی هه‌میشه‌یی -بێئه‌وه‌ی له‌ساتی خۆیدا پێی بزانین- ئه‌خوڵقێنێت، كه‌ تا چركه‌ساتی مه‌رگی كاك جه‌میل یه‌كێك بوو له‌هاوڕێ‌ هه‌میشه‌ییه‌كان، له‌لایه‌كی تر ئاكاری جوان و پاكی و رۆحی یارمه‌تیدان و دڵگه‌وره‌یی ئه‌و ده‌رئه‌خات كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ڵگری ئه‌و سیفه‌ته‌ ئینسانیانه‌ بوو، ئه‌م سیفه‌تانه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونی كاك جه‌میلدا گه‌وره‌ ئه‌بوون، تا دوارۆژی ژیانی بریاری دابوو كه‌سێكی له‌خۆبردوو بێت و هه‌میشه‌ یارمه‌تی پێشكه‌ش بكات، ئه‌وه‌ی له‌ كاك جه‌میلدا ئاكارێكی سه‌یرو ده‌گمه‌نه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو كه‌سێكی خۆشده‌ویست و هه‌موو كه‌سێكیش ئه‌ویان خۆشده‌ویست، ئه‌مه‌ هاوكێشه‌یه‌كی زۆر قورسه‌، زه‌حمه‌ته‌ تۆ له‌ژیاندا بتوانیت هه‌موو كه‌سێكت خۆش بوێت و هه‌موو كه‌سێكیش تۆی خۆش بوێت، زه‌حمه‌ته‌ تۆ له‌هه‌موو قۆناغ و حاڵه‌تێكی ژیانتدا به‌هه‌مان رۆح و به‌هه‌مان حه‌ماس ره‌فتار بكه‌یت، رۆژێك كه‌س لێت زویر نه‌بێت و دڵی كه‌س بریندار نه‌كه‌یت، دڵی هه‌موو كه‌س رازی بكه‌یت، ئه‌مه‌ هونه‌رێكی ئێجگار قورس و زه‌حمه‌ته‌، كه‌چی له‌ كاك جه‌میلدا ئه‌م سیفه‌ته‌ به‌دی ئه‌كرا، هه‌ر من واناڵێم، به‌ڵكو له‌زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری هاوڕێكانی تری كاك جه‌میل ئه‌م قسه‌یه‌م بیستووه‌.
بێگه‌ردی و میهره‌بانی و جدییه‌تی كاك جه‌میل به‌ره‌و چه‌ندین رێگه‌ی برد كه‌ سه‌رجه‌میان له‌خزمه‌تی مرۆڤدۆستیدا بوون، یه‌كێك له‌و رێگه‌یانه‌ خه‌باتی كۆمۆنیستی بوو، ئه‌و له‌ حزبی كۆمۆنیستدا كاری كردو رۆڵێكی دیاریشی هه‌بوو، زۆر كه‌سی هێنایه‌ سه‌ر ره‌وتی چه‌پ و وایلێكردن باوه‌ڕ به‌بیری پێشكه‌وتنخوازی بهێنن و بیری چه‌پیان خۆش بوێت، من یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی كاریگه‌ریی كاك جه‌میلم له‌سه‌ر بوو بۆ بیركردنه‌وه‌و ره‌فتاركردن به‌ئاراسته‌ی چه‌پگه‌رایی، چونكه‌ زۆر به‌نه‌رمی و دوور له‌ توندڕه‌وی و دۆگما باسی ماركسیزم و بیری چه‌پی ده‌كرد، به‌ڵام هه‌موو ژیانی كاك جه‌میل ته‌نها له‌ناو حزبی كۆمۆنیست و بیری كۆمۆنیستیدا قه‌تیس نه‌كرابوو وه‌ك هه‌ندێ‌ له‌ كۆمۆنیسته‌كان وای نیشان ده‌ده‌ن، واته‌ كاك جه‌میل وه‌ك كاری سیاسی و بیركردنه‌وه‌و ره‌فتاری ژیانی به‌ته‌نها كۆمۆنیستانه‌ نه‌بوو وه‌ك هه‌ندێ‌ كه‌س له‌پاش مردنی وایان نیشان داو كاك جه‌میلیان له‌حزبی كۆمۆنیستدا كورت كرده‌وه‌، بێگومان رۆڵی ئه‌و له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستیدا نكوڵی لێناكرێت، به‌ڵام كارو ره‌فتاره‌كانی ئه‌وه‌نده‌ به‌رین بوون سنووری بۆ په‌یوه‌ندی و كارو چالاكییه‌كانی دانه‌ده‌نا، ئه‌مه‌وێ‌ بڵێم له‌بیری كۆمۆنیستیدا كه‌سێكی توندڕه‌و و دۆگما نه‌بوو كه‌ له‌ نیوه‌ی دووه‌می هه‌شتاكاندا زۆربه‌ی كۆمۆنیسته‌كان به‌و شێوه‌یه‌ بوون، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كاك جه‌میل هه‌میشه‌ كه‌سێكی كراوه‌ بوو بۆ بیری ترو بۆچوونی ترو په‌یوه‌ندیی تر، له‌به‌رامبه‌ر بیربۆچوونی جیاوازدا هه‌ڵنه‌ئه‌چوو، بگره‌ زۆر به‌نه‌رمی وه‌ریئه‌گرت و گفتوگۆی ئه‌كرد، بێئه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ جیاوازانه‌ به‌ بورژوازی یان بورژوازی بچووك تاوانبار بكات.
له‌نیوه‌ی دووه‌می هه‌شتاكاندا جه‌مال كۆشش و عه‌بدولڵا سلێمان مه‌شخه‌ڵ و من، گروپێكی ئه‌ده‌بیی كۆمۆنیستیمان دروست كرد به‌ ناوی (حه‌ڵقه‌ی ئه‌دیبانی كۆمۆنیست)، وابزانم له‌ساڵی 1987 یان 1988دا بوو، گۆڤارێكمان ده‌رده‌كرد به‌ناوی (رابه‌ر)، به‌ده‌ست ده‌ماننوسییه‌وه‌و به‌ كاربۆن كۆپیمان ده‌كرد، هه‌موو ژماره‌یه‌ك نزیكه‌ی 25 دانه‌مان لێ‌ كۆپی ده‌كردو به‌سه‌ر هه‌ندێ‌ له‌هاوڕێكانماندا دابه‌شمان ده‌كرد، بێگومان هه‌موو جارێ‌ من دانه‌یه‌كم ده‌برد بۆ كاك جه‌میل، ئه‌ویش زۆری پێ‌ خۆش بوو و هانی ئه‌داین به‌رده‌وام بین، به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێ‌ كه‌سی دی كه‌ ده‌یانوت ئێستا كاتی نووسینی شۆرشگێری و خه‌باتی شۆڕشگێڕییه‌ نه‌ك بابه‌تی ئه‌ده‌بی. من ته‌نها له‌ سێ‌ 3 ژماره‌ی گۆڤاره‌كه‌دا به‌شداریم كردو دوای ئه‌وه‌ ده‌ستم له‌كار كێشایه‌وه‌، له‌و سێ‌ ژماره‌یه‌دا نامیلكه‌یه‌كی لینینم وه‌رگێڕا ده‌رباره‌ی رۆمانه‌كانی تۆلستۆی، ناوی نهێنیم (هۆشه‌نگ)بوو، ئێستا هیچ یه‌كێك له‌و ژمارانه‌م له‌لا نه‌ماوه‌، چه‌ند حه‌ز ئه‌كه‌م ژماره‌كانم ده‌ست بكه‌وێته‌وه‌.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تادا ناكۆكییه‌ك له‌نێوماندا سه‌ری هه‌ڵدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی گروپه‌كه‌مان سه‌ربه‌خۆ بێت یان سه‌ر به‌ ره‌وتی كۆمۆنیست بێت، بێگومان من زۆر داكۆكیم له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ گروپه‌كه‌مان سه‌ر به‌هیچ حزب و ره‌وتێكی سیاسی نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ئازادی بنووسین و رای خۆمان ده‌رببڕین، به‌ڵام جه‌مال كۆشش مه‌یلی ئه‌وه‌ی هه‌بوو گروپه‌كه‌ سه‌ر به‌ ره‌وتی كۆمۆنیست بێت، مه‌شخه‌ڵ هه‌ندێ‌ جار هه‌مان بۆچوونی منی هه‌بوو و هه‌ندێ‌ جاری تریش لایه‌نگری جه‌مال كۆشش بوو، ئه‌مه‌ یه‌كێك بوو له‌ ناكۆكییه‌كان، ناكۆكیه‌كی تر ئه‌وه‌ بوو جه‌مال كۆشش هه‌ندێ‌ بابه‌تی بڵاو كرده‌وه‌ من پێم وابوو زۆر توندن و كه‌متر ده‌چنه‌ نێو بابه‌تی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌سه‌ر شێرزاد حه‌سه‌ن ده‌ینووسی و ئه‌و بۆچوونانه‌ی له‌سه‌ر رۆمانه‌كانی عه‌بدولڵا سه‌راج و حسێن عارف هه‌یانبوو، ئه‌ده‌بی ئه‌وانیان به‌ ئه‌ده‌بی بورژوازی و ورده‌ بورژوازی وه‌سف ده‌كرد، جگه‌ له‌مانه‌ من له‌هه‌ندێ‌ مه‌سه‌له‌ی دی دوودڵ بووم، بۆ نموونه‌ پێداگرتن له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی ریالیزمی سۆشیالیزم، یان جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر دیكتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا، به‌و پێیه‌ی مه‌رج نییه‌ ئێمه‌ هه‌ر هه‌موومان له‌ناو ئه‌و سنوره‌و ئه‌و چوارچێوه‌یه‌دا بنووسین، سه‌رجه‌می ئه‌مانه‌ ناكۆكییه‌كانی ئێمه‌یان قوڵتر كرده‌وه‌و من ده‌ستم له‌كار كێشایه‌وه‌، بابه‌تێكم له‌سه‌ر ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌م نوسی و ئه‌وانیش له‌ژماره‌ی دواتری گۆڤاره‌كه‌دا بڵاویان كرده‌وه‌، دواتر جه‌مال كۆشش به‌ وتارێك وه‌ڵامی دامه‌وه‌ به‌ ناونیشانی (هۆشه‌نگ و هۆشه‌نگیزم)، بیرم نه‌ماوه‌ له‌كام ژماره‌ی رابه‌ردا بڵاوی كرده‌وه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ منیان به‌ كه‌سێكی رارا و بورژوازی بچوك ئه‌ناساند، به‌تایبه‌تی كه‌ له‌و ده‌مانه‌دا من بابه‌تم له‌ رۆژنامه‌ی هاوكاری و گۆڤاری به‌یان و گۆڤاری رۆشنبیری نوێدا بڵاو ده‌كرده‌وه‌، بابه‌ته‌كانی من به‌قه‌ولی ئه‌وان دوور بوون له‌ ئه‌ده‌بی پرۆلیتاری، بێگومان ئه‌م ناكۆكییانه‌ هه‌رگیز نه‌بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیمان بپچڕێت یان زویر بین له‌یه‌كتر، بگره‌ په‌یوه‌ندیمان هه‌ر وه‌كو جاران بوو، به‌داخه‌وه‌ ئێستا ناوه‌رۆكی بابه‌ته‌كانی گۆڤاری رابه‌رم له‌یاد نه‌ماوه‌و زۆر حه‌ز ئه‌كه‌م ژماره‌كانم ده‌ست بكه‌ون، چه‌ند حه‌ز ئه‌كه‌م جارێكی تر جه‌مال كۆشش و مه‌شخه‌ڵ ببینمه‌وه‌و ده‌رباره‌ی ئه‌و رۆژانه‌ بیره‌وه‌ری بگۆڕینه‌وه‌. بێگومان من به‌رده‌وام كاك جه‌میلم له‌و رووداوانه‌ی ناو گروپه‌كه‌ ئاگادار ئه‌كرده‌وه‌، ئه‌ویش به‌و هێمنیه‌ ناسراوه‌ی خۆی گوێی لێ‌ ئه‌گرتم و هانی ئه‌دام سارد نه‌بمه‌وه‌، زۆر جاریش لایه‌نگری بۆچوونه‌كانی منی ئه‌كرد كه‌ ده‌بێ‌ ئه‌ده‌ب سه‌ربه‌خۆ بێت به‌ڵام گیانێكی هیومانیستی و پێشكه‌وتنخوازی به‌به‌ردا بكرێت.
كاك جه‌میل، به‌تایبه‌تی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، له‌ئاستی فیكرو بیركردنه‌وه‌دا، كه‌سێكی زۆر كراوه‌و هیومانیست و لیبراڵ بوو، حه‌زی ده‌كرد له‌هه‌موو چالاكییه‌ رۆشنبیرییه‌كاندا به‌شداری بكات، بێئه‌وه‌ی به‌ناوی بیری كۆمۆنیستییه‌وه‌ هیچیان ره‌ت بكاته‌وه‌، هه‌موو بابه‌تێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی ده‌خوێنده‌وه‌و سه‌ردانیی كۆڕه‌كان و پیشانگه‌ شێوه‌كارییه‌كان و نمایشه‌ شانۆییه‌كانی ده‌كردو قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كردن، به‌هۆی ئه‌و چالاكییانه‌وه‌ خه‌ڵات كراو زۆر به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ خه‌ڵاته‌كه‌ی وه‌رگرت، زۆریشی پێ‌ خۆش بوو كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێدا هه‌واڵه‌كه‌ به‌ وێنه‌وه‌ بڵاو كرایه‌وه‌، كاتێكی زۆریشی ته‌رخان كردبو بۆ ئه‌وه‌ی مناڵه‌كانی هان بدات چیرۆك و بابه‌تی رۆشنبیریی هه‌مه‌جۆرو هه‌مه‌ڕه‌نگ بخوێننه‌وه‌. له‌وه‌ نه‌ئه‌چو كاك جه‌میل له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا په‌یوه‌ندیی به‌ حزبی كۆمۆنیسته‌وه‌ مابێت، ئه‌گه‌ر تا ئه‌و كاتانه‌ش كۆمۆنیست بووبێت، ئه‌وا كۆمۆنیستێكی زۆر كاڵ و كراوه‌و نه‌رم و سه‌رده‌میانه‌ بوو

په‌راوێز:
(*) “لێره‌دا رۆشنبیرێكی دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌شۆریجه‌دا ده‌ورێكی گه‌وره‌ی له‌ پێگه‌یاندنی وه‌چه‌ی ئێمه‌و وه‌چه‌ی دواتریشدا هه‌بوو: (جه‌میل ئه‌مین)، ئه‌م ناوه‌ لای من زۆر گرنگه‌، له‌ژیانمدا پیاوێكی وه‌ك ئه‌و رۆشنبیرو له‌خۆبردوو و راستگۆو ئه‌خلاقی به‌رزو جدیم نه‌بینیوه‌، ئه‌گه‌رچی هیچی نه‌ده‌نووسی و تا ئێستاش نانوسێت و نه‌یشی ویستووه‌ وه‌ك نووسه‌رێك ده‌ربكه‌وێت، به‌ڵام به‌قه‌ده‌ر سه‌رجه‌می ئه‌دیبان و نووسه‌رانی كه‌ركوك ته‌ئسیری له‌ خۆپێگه‌یاندن و خۆرۆشنبیركردنی ئێمه‌و وه‌چه‌كه‌ی ئێمه‌دا هه‌بووه‌، ئێمه‌ له‌ شۆریجه‌دا كۆمه‌ڵێ‌ گه‌نج بووین جه‌میل ئه‌مین به‌رده‌وام بیری تازه‌و كتێبی فیكریی تازه‌ی پێده‌به‌خشین و هانی ده‌داین بخوێنینه‌وه‌و موناقه‌شه‌ی ناوه‌رۆكی كتێبه‌كان بكه‌ین. خۆ ئه‌گه‌ر بشێ‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجه‌ی شۆریجه‌ به‌ گروپ ناوبه‌رین ئه‌وا من حه‌ز ده‌كه‌م ناوی (گروپی جه‌میل ئه‌مین)ی لێ‌ بنێم. جگه‌ له‌ من كه‌سانی وه‌كو كه‌ریم په‌ره‌نگ و ئازاد ئه‌حمه‌دو فایه‌ق سه‌عیدو ئیبراهیم عه‌لی (بڵند)و مه‌هاباد قه‌ره‌داغی و مسته‌فا گه‌رمیانی و سه‌مه‌د ئه‌حمه‌دو سه‌ڵاح حه‌سه‌ن پاڵه‌وان و دواتر عه‌بدوللڵا قه‌ره‌داغی و هه‌ندێ‌ كه‌سایه‌تیی سیاسیی دیكه‌ كه‌ ئێستا له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی چه‌پدان. ده‌توانم بڵێم وه‌چه‌ی ئێمه‌ یان براده‌رانی ئێمه‌ له‌گروپی خوێنه‌رانی شۆریجه‌ی كه‌ركوك هه‌ر هه‌موومان قه‌رزاری هاندانه‌ به‌رده‌وامه‌كانی جه‌میل ئه‌مینین”.

نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د

 

گۆڤاری (ئاینده‌)، ژماره‌ (41)، ساڵی (2002).

کەسایەتی ناو وێنەکە:
له‌راسته‌وه‌ ئه‌وانه‌ی دانیشتوون: مسته‌فا گه‌رمیانی، جه‌میل ئه‌مین، عه‌بدوللا قه‌ره‌داغی، نه‌ناسراوه‌
له‌راسته‌وه‌ ئه‌وانه‌ی به‌پێوه‌ن: نه‌وزاد ئه‌حمه‌د، مارف عومه‌ر گوڵ، ئازاد ئه‌حمه‌د
له‌باخچه‌كه‌ی ماڵی كاك جه‌میل ساڵی 1980.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.