جه‌نگاوه‌ری یاریی منداڵانه
كورته چیرۆك
خۆر له‌ناو سكی ئاسماندا هه‌ندێك لاربۆته‌وه و دنیا ڕه‌نگی زه‌ردێكی ئه‌رخه‌وانیی خه‌مناك ده‌نوێنێت.. ته‌پوتۆزێكی چڕ گۆڕه‌پانی جه‌نگه‌كه‌ی داپۆشیوه و چه‌شنی گه‌رده‌لوولێكی كتوپڕ به‌ره‌و سه‌ره‌وه هه‌ڵده‌كشێت.. له‌و بیابانه گه‌رمه‌دا جه‌نگ وایكردووه هه‌موو شتێك سه‌یر و نامۆ بێته به‌رچاو.. شه‌ڕ درێژه‌ی هه‌یه و تا دێت گه‌رمتر ده‌بێت، جه‌نگاوه‌رێك (ئه‌وه ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی جه‌نگاوه‌ر بێت.) هه‌ڵدێ و خۆی ده‌دزێته‌وه و ڕاده‌كات.. به خێرایی هه‌ناسه ده‌دات و سینه‌ی تووند و ته‌سك بۆته‌وه، له‌به‌ر شه‌پۆلی ترس و ماندوویی زۆر ناتوانێت پڕ به سینگی خۆی هه‌وا هه‌ڵمژێت، زمان به لێوه وشك و شه‌قبووه‌كه‌یدا ده‌هێنێت، كه وه‌كو زه‌وی شه‌قار شه‌قار و بیری وشكبووی لێهاتووه و له‌ناو ده‌میدا هه‌ست به تنۆكێك ته‌ڕایی ناكات.. هێند ماندووه ده‌ستێكی ناوه‌ته لاقه‌بره‌غه‌یی و به ده‌سته‌كه‌ی تری شمشێره خوێناوییه‌كه‌ی گرتووه، ئه‌و شمشێره‌ی كه جه‌نگاوه‌رێكی ئازای دوژمنی پێ كوشت.. ئه‌و جه‌نگاوه‌ره‌ی كه مردن له چاوه‌كانی ده‌ترسا و پێی نه‌ده‌وێرا، كه‌چی جه‌نگاوه‌رێكی ترسنۆكی به‌زۆر هێنراو بۆ شه‌ڕ كۆتایی به ژیانی هێنا، جه‌نگاوه‌ره ئازاكانی شه‌ڕه‌كان، كه‌سی ترسنۆك و له‌رزۆك ده‌یانكوژن، ئه‌مه‌یه هه‌قیقه‌تی دۆڕانی له‌ناكاو، یان ڕه‌نگه شه‌ڕكه‌ره ترسنۆكه‌كان له حه‌ژمه‌تی گیانی خۆیاندا هه‌ڵشاخێن به‌و جه‌نگاوه‌ره ئازا و چاونه‌ترس و به ئه‌زموونانه.
به‌رده‌وام له نێوان ڕاكردن و ئاوڕدانه‌وه‌دایه، هه‌ست ده‌كات كه‌مێك له شه‌ڕگه‌كه دووركه‌وتۆته‌وه.. جله‌كانی بۆنی خوێنیان لێ دێت، خوێنێكی مه‌یوویی ئازارده‌ر و بۆن ناخۆش. تا زیاتر دوور ده‌كه‌وێته‌وه ترس و نیگه‌رانیی و ئاشیفته‌حاڵی زیاتر ده‌بێت و وا هه‌ست ده‌كات له‌بری ئه‌وه‌ی له شه‌ڕگه‌كه دوور بكه‌وێته‌وه، به ئاراسته‌یه‌كی پێچه‌وانه ده‌ڕوات و نزیكتر ده‌بێته‌وه له‌و شوێنه‌ی كه مرۆڤه‌كان هه‌ستی به‌زه‌یی له ناخیاندا نه‌ماوه.. ده‌نگی ڕه‌قی ئازارهێنی به‌ریه‌ككه‌وتنی شمشێره‌كان له گوێیدا ده‌زرنگێنه‌وه، ئه‌مه ترس و نیگه‌رانییه‌كه‌ی قووڵتر ده‌كه‌نه‌وه.
له منداڵی‌دا ئه‌و ده‌مه‌ی یارییان ده‌كرد حه‌زی ده‌كرد هاوڕێكانی به جه‌نگاوه‌ر بانگی بكه‌ن، كه‌چی وا ئێستا به‌ڕاستی جه‌نگاوه‌ره و هه‌ڵدێ له‌و ناوه!.. كه منداڵ بوو ته‌خته‌یه‌كی داری ده‌كرده شمشێر و به دزی دایكییه‌وه نووكه‌كه‌ی به چه‌قۆی نێو چه‌كمه‌جه‌ی كه‌وه‌نته‌ری قاپ و قاچاخه‌كان تیژ ده‌كرد و تووند به ده‌سته بچووك و جوان و پاكه‌كانی ده‌یگرت و ده‌یویست وه‌كو جه‌نگاوه‌رێكی ئازا خۆی نیشانی هاوڕێكانی بدات، ڕه‌نگه خه‌یاڵێكی ئه‌سكه‌نده‌ریانه له سه‌ریدا خوولابێته‌وه، كه دنیا داگیر بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌تا جه‌نگاوه‌ره و هه‌ڵدێت له ده‌ست شه‌ڕ، چونكه به زۆر هێنرابوو بۆ گۆڕه‌پانی جه‌نگ و نه‌یده‌ویست شمشێرێكی ڕه‌ق و مرۆڤێكی تووڕه و قین له دڵ كۆتایی به ژیانی بهێنێت، ئه‌مه مانایه‌كی هه‌یه؟! جیاوازی جه‌نگاوه‌ری منداڵ و گه‌وره ئه‌وه‌یه، كه هی یه‌كه‌م به ئاره‌زووی خۆی ده‌چێته شه‌ڕه‌وه و وه‌كو یارییه‌كی شادیهێن ته‌ماشای شه‌ڕ ده‌كات، به‌ڵام جه‌نگاوه‌ری گه‌وره زۆرجار به زۆر بۆ شه‌ڕ ده‌برێت و خۆی هیچ ئاره‌زووییه‌كی بۆ ڕۆشتن نییه و قاچه‌كانی له‌دوای نایه‌ن.. ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی له منداڵی‌دا لای مرۆڤ خه‌ونه و كار بۆ به‌دیهاتنی ده‌كات، كاتێك كه گه‌وره ده‌بێت خه‌یاڵێكی ته‌واویش نه‌بێت…
خه‌ونیش هێنده‌ی تر ئازاری جه‌نگاوه‌ره‌كه ده‌دات (ئه‌وه ئه‌گه‌ر پێی بووترێت جه‌نگاوه‌ر) چه‌ندین جار له خه‌ونیدا به‌شداری له شه‌ڕ كردووه و چۆته ناو جه‌نگه‌كانه‌وه، هه‌ر جاره و ئه‌ندامێكی له ده‌ست داوه و خه‌ون دوای خه‌ون كه‌ره‌سته‌كانی لاشه‌ی كه‌م بوونه‌ته‌وه.. تا وای لێهاتووه به‌شی تاقه خه‌ونێكیش ئه‌ندامی نه‌ماوه تا جیا بێته‌وه له لاشه‌ی.. ئێستا خه‌ون بۆ هه‌قیقه‌ت وه‌رگه‌ڕاوه، مه‌رج نییه هه‌ر خه‌ونێك كه مرۆڤ هه‌یه‌تی كاتێك كه بێته‌دی، خاترجه‌م و ئاسووده‌ی بكا.. ئه‌وه‌تا كه‌مێك دوور لێره‌وه گوێی له هاواری جه‌نگاوه‌ره‌كانه، كاتێك كه چاوییان شمشێرێكی نووك خوێناوی هه‌ڵیده‌كۆڵێت و قاچییان ده‌بڕێته‌وه و ڕمێكی نووكتیژیش سه‌ر سنگییان ده‌پێكێت.. ته‌پوتۆز ده‌م و چاوی هه‌موو شه‌ڕكه‌ره‌كانی شێواندووه، تا كار گه‌یشتۆته ئه‌و حاڵه‌ی كه كه‌س كه‌س ناناسێته‌وه، هه‌موویان له ترسی گیانی خۆیاندا شمشێر له هه‌وا ده‌ده‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌نده كاتێك ده‌زانن به‌ر لاشه‌یه‌ك ده‌كه‌وێت و گوێیان به هاواری جه‌نگاوه‌رێكی بریندار كاس ده‌بێت. ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه نازانن بۆچی ده‌جه‌نگن، پێیان وایه ده‌جه‌نگن بۆ ئه‌وه‌ی بژین، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی به پێچه‌وانه‌وه‌یه ده‌ژین بۆ ئه‌وه‌ی بجه‌نگن.
– ئه‌و حه‌زه نه‌گریسه‌ی منداڵیم بوو منی كرده جه‌نگاوه‌ر، نازانم ئێستا چۆن خۆم له‌و ناوه ڕزگار بكه‌م و جارێكی تر ڕوو له هیچ شه‌ڕگه‌یه‌ك نه‌كه‌مه‌وه.
ئه‌م قسانه له دڵی خۆیدا ده‌كات، كاتێك كه له‌سه‌ر لمه‌كه دانیشتووه، ناتوانێ هه‌نگاو هه‌ڵبێنێت، لای ڕاستییه‌وه شمشێره تێكه‌ڵ له خوێن و خۆڵه‌كه‌ی له‌ناو لمه‌كه چه‌قاندووه، كه سێبه‌رێكی باریك و كاڵ بۆ ده‌م و چاوی ده‌كات.
له جه‌نگدایه له‌گه‌ڵ دوژمن به ترس و له‌رزێكی زۆره‌وه له به‌رانبه‌ر جه‌نگاوه‌رێكی كه‌ته‌ی چوار شانه وه‌ستاوه، چاوه‌كانی سوورێكی تۆخی ناشرینن و بیلبیله‌كانی گه‌وره‌ن، كه مرۆڤ به بینینیان ئازار ده‌چێژێت و مردنی بیرده‌كه‌وێته‌وه، خاوه‌نی جه‌سته‌یه‌كی تۆكمه‌یه، هه‌موو حاڵه‌تی گوزارشتی بوونه‌وه‌رێكی بێ ڕه‌حم ده‌به‌خشێت، به خه‌تێكی ڕه‌ش له ملی نووسیوه ( ئه‌ی مردن، تاكه شتی له ژیانما كه ڕووبه‌ڕووت ده‌بمه‌وه.) ڕه‌نگه ئه‌م جه‌نگاوه‌ره هه‌ر بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مردن له‌دایك بووبێت و هاتبێته دنیاوه، ئاه… كه دژوار و سه‌خته له‌گه‌ڵ جه‌نگاوه‌رێكدا بجه‌نگیت، كه له پێناو مردن‌دا ژیان بكات.. شمشێرێكی تیژی به ده‌ستی ڕاستییه‌وه گرتووه و ده‌سته‌كه‌ی تری قه‌ڵغانێكی ئه‌ستووری پێوه‌یه، كه هیچ شتێك نایبڕێت. مرۆڤ له جه‌نگدا ده‌یه‌وێت خۆی خاڵی بكاته‌وه له هه‌موو هه‌سته‌كانی و هه‌موویان بخه‌وێنێت، ته‌نیا هه‌ستی مانه‌وه به‌خه‌به‌ر دێنێت و كاری پێده‌كات، بۆئه‌وه‌ی بمێنن ده‌بێت یه‌كێكی تر له ناو به‌رن، ئه‌وانه بۆیه ده‌چنه شه‌ڕه‌وه له‌گه‌ڵ دوژمن، چونكه له بوون و مانه‌وه‌ی خۆیان دڵنیا نیین.. ترسێكی قووڵ وه‌كو شه‌پۆلی ڕووبارێكی تووڕه دڵی جه‌نگاوه‌ره زه‌نده‌ق چووه‌كه‌ی داگیر كردووه، نازانێت چۆن خۆی ڕزگار بكات له ده‌ستی ئه‌و جه‌نگاوه‌ره‌ی كه هێند ترسناكه له شه‌وێكی تاریكی پڕ له مردن ده‌چێت، جه‌نگاوه‌ره ڕه‌شتاڵ و مرۆڤ ترسێنه‌ره‌كه شمشێرێك له قۆڵی چه‌پی ده‌دات و خوێنی جه‌سته‌ی ئه‌و جه‌نگاوه‌ره‌ی كه ئێستا هه‌ڵهاتووه وه‌ك میزێكی به‌هێز فیشكه ده‌كات بۆ نێو هه‌ردوو چاویی و كوێری ده‌كات و تاریكی به‌ری چاوه‌كانی ده‌گرێت، ئه‌میش فرسه‌ت دێنێت و شمشێرێك له سكی ده‌دات و كۆتایی به ژیانی ده‌هێنێت.. باوه‌ڕی به چاوه‌كانی خۆی نه‌ده‌كرد كه له به‌رده‌میدا جه‌سته‌یه‌كی بێ‌گیان كه‌وتووه، ئه‌و جه‌سته‌یه‌ی كه مردن سڵی لێ ده‌كرده‌وه، كه‌چی وا شمشێری پیاوێكی ترسنۆك كۆتایی به ژیانی هێنا.. واقی وڕماوه.. به منداڵیی كاتێك له‌گه‌ڵ هاورێكانیدا سیناریۆیه‌كیان دروست ده‌كرد، ئه‌م ده‌بووه جه‌نگاوه‌ری براوه له شه‌ڕه‌كان، به شمشێره ته‌خته‌كه‌ی كاتێك جه‌نگاوه‌رێكی ده‌كوشت، ترسێكی زۆر هه‌ناسه‌ی لێ ده‌بڕی و چاوه‌كانیی ده‌رده‌پۆقین و ده‌نگی هه‌ڵده‌بزڕكا و هه‌ر زوو پێش ته‌واوبوونی سیناریۆكه جه‌نگاوه‌ره مردووه‌كه‌ی ده‌جووڵاند و نه‌یده‌ویست به گاڵته‌ش مردووییه‌ك ببینێت كه له‌به‌رده‌میدا كه‌وتووه، وا ئێستا هه‌ر به ڕاستی شمشێره‌كه‌ی جه‌نگاوه‌رێكی له به‌رده‌مدا خستووه.. ناتوانێت له شوێنی خۆی ببزوێت.. هه‌ر به دیار جه‌نگاوه‌ره مردووه‌كه‌وه وه‌ستاوه و شه‌ڵاڵی ئاره‌ق بووه، ده‌یه‌وێت وه‌كو منداڵیی جه‌نگاوه‌ره‌كه هه‌ڵسێنێت و پێی بڵێت كه پێش ئه‌وه‌ی سیناریۆیه‌كه ته‌واو بێت هه‌سته و پێم خۆش نییه به‌و جۆره گاڵته‌م له‌گه‌ڵدا بكه‌یت!..
ئێستا له خه‌وی قووڵدایه.. هه‌وا كزه‌یه‌كی سارد له باكووره‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێت و شوێنی برینه‌كه ده‌كزێنێته‌وه، ئه‌و برینه‌ی كه شمشێری جه‌نگاوه‌ره كوژراوه‌كه چاڵێكی له‌سه‌ر قۆڵی دروست كرد و خوێنه ڕه‌قهه‌ڵهاتووه‌كه وێنه‌ی جۆگه‌له‌یه‌كی له‌سه‌ر لاشه‌ی كێشاوه و جله‌كانی پیس كردووه.. له‌به‌ر ترس و ئازار به ئاگا دێته‌وه و له خه‌و ڕاده‌په‌ڕێت. تاریكییه‌كی تۆقێنه‌ر ئه‌و ناوه‌ی داپۆشیوه، ئه‌ستێره‌یه‌كی كه‌م به ئاسمانه‌وه هه‌ڵواسراون، به‌وه‌دا زانی كه سه‌ره‌تای شه‌وه. مانگیش ڕووناكییه‌كی زۆر كز و شه‌رمنی هه‌یه، كش و ماتیی و بێده‌نگییه‌كی ترسناك و پڕ نهێنی ئه‌و بیابانه‌ی داگیر كردووه.. ئێستا ده‌زانێت كه ماوه‌یه‌كی زۆره خه‌وی لێكه‌وتووه و له شوێنی شه‌ڕگه‌كه دوور كه‌وتووه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌ر هه‌ستی ده‌كرد كه شه‌ڕ به‌رده‌وامه و ئه‌میش تا دێت هه‌ر لێیانه‌وه نزیك ده‌بێته‌وه.
– خوایه گیان، هه‌رچه‌نده ڕاده‌كه‌م و ده‌مه‌وێت له شه‌ڕ و ده‌نگی شمشێر و بۆنی خوێن هه‌ڵبێم، كه‌چی نزیكتر ده‌بمه‌وه، ئه‌وه‌تا ده‌نگ و هاوار له‌م نزیكانه‌یه، ڕه‌نگه كه‌مێكی تر بگه‌نه لای من و منیش ناتوانم بڕۆم و ئازارێكی زۆر له جه‌سته‌مدا هه‌یه و توانای هه‌ناسه‌دانیشم كه‌م بووه‌ته‌وه.
ئه‌م قسانه‌ی به ده‌نگێكی به‌رز ده‌وت، له كاتێكدا كه ڕووی له ئاسمان ده‌كرد، ده‌نگدانه‌وه‌ی قسه‌كانی ته‌نیا له‌ناو تاریكییه‌كی تۆخدا ده‌بیسترا و كه‌س گوێی لێ نه‌ده‌بوو.
هه‌واكه له‌نێو تاریكییه‌كه‌دا به نادیاری ڕێ ده‌كات و جه‌سته‌ی جه‌نگاوه‌ره‌كه فێنك ده‌كاته‌وه، ئه‌مه بۆی شتێكی تا ڕاده‌یه‌ك باش بوو، وه‌كو هه‌توانێك بوو بۆ ده‌رده‌كه‌ی، كه جه‌نگاوه‌رێكی هه‌ڵهاتوو به برینداریی و بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك هه‌بێت به هانایه‌وه بێت له بیابانێكی گه‌وره و ناكۆتادا كه‌وتووه، به‌ڵام ئه‌و هه‌وا خۆشه‌ش نه‌یده‌توانیی نیگه‌رانیی و ترس و دڵه‌ڕاوكێكه‌ی كه‌م بكاته‌وه، چونكه ده‌نگی لێكدانی شمشێره‌كان و بۆنی خوێنی ڕژاوی جه‌نگاوه‌كان تێكه‌ڵ به جه‌سته و گیانی بووه و وه‌كو ده‌ستێكی ڕه‌ش چوونه‌ته هه‌ناوییه‌وه و ده‌یانه‌وێت ئه‌م مرۆڤه له‌گه‌ڵ مه‌رگدا تێكه‌ڵ بكه‌ن.
شه‌و دێت و تاریكی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت، تا شه‌و دره‌نگتر و تاریكتر ده‌بێت جه‌نگاوه‌ره‌كه ترسی زیاتر و زیاتر ده‌بێت، شه‌ویش هێند دڵڕه‌ق و تاریكه وه‌كو گۆڕه‌پانی جه‌نگ وایه و جه‌نگاوه‌ر هه‌موو شتێكی له‌به‌رچاو ڕه‌ش ده‌بێت.
به‌یانییه‌كی زۆر خه‌مناكه.. زوو له جێگاكه‌ی ڕاده‌په‌ڕێت.. خۆر تازه سه‌ری له پشتی چیاكه‌وه ده‌رهێناوه و تیشكه زه‌رده‌كه‌ی له په‌نجه‌ره‌ی به په‌رده داپۆشراوی ژووره‌كه ده‌دات، ژنه‌كه‌شی له لای ڕاستییه‌وه له خه‌وێكی قووڵدایه و منداڵه یه‌ك ساڵانه‌كه‌شی له خوار ئه‌مانه‌وه له‌ناو جێگا بچووكه‌كه‌ی خۆیدا له‌گه‌ڵ جوانیی و پاكیدا ده‌ست له ملانێیه و خه‌وێكی شیرین خه‌وتووه. ده‌زانێت كه ئه‌وه‌ی به درێژایی ئه‌مشه‌و بینیویه‌تی هه‌موو خه‌ون بووه، هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی پڕ به سینه‌ی هه‌ڵده‌مژێ، بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌و شته‌ی بینیویه‌تی خه‌ون بووه و ڕاستی نه‌بووه، ده‌چێته به‌ر په‌نجه‌ره‌كه و ته‌ماشایه‌كی ئاسمانی شین ده‌كات.
كاروان محه‌مه‌د فه‌تاح
ئه‌م چیرۆكه له ژماره (183) ی گۆڤار (ڕامان) بڵاوبۆته‌وه.