جه‌ژنی تروكانی هێلكه‌كان …. ڕێبین ئه‌حمه‌د خدر
” بۆ ماوه‌ی پێنج خووله‌ك ؟!”
ئه‌و پیاوه‌ی له ده‌نكه شقارته ده‌چوو ئه‌م پرسیاره‌ی كرد و به فه‌رامۆشییه‌وه ڕووی وه‌رگێرا.
” به‌ڵام من ئه‌وه‌نده كاته‌م پێویسته، تۆ لێره‌دا ته‌نها پاسه‌وانیت”
ده‌نكه شقارته به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی تێكبدا شتێكی سپی وه‌ك كاغه‌زی له‌به‌ر پشتی ده‌رهێنا، ده‌مانچه‌یه‌كی زۆر جوان بوو.
هه‌وره‌كان تێكه‌ڵ بووبوون، ڕه‌نگی سوور له‌نێوان په‌ڵه هه‌وره‌كاندا ده‌رده‌كه‌وت و ونده‌بوو.
له‌به‌رده‌م دیوارێكی زۆر گه‌وره‌دا، دوو خاڵی ڕه‌ش و بچكۆله دیاربوون، من و ده‌نكه شقارتهبووین، گه‌ر له شوێنێكی دوور سه‌یرت بكردایه، بۆ نموونه له‌و بینایه‌ی ده‌كه‌وته به‌رانبه‌ری هه‌مان ئه‌و بینایه زۆر كۆن و گه‌وره‌ی بهدیوارێكی گه‌وره ده‌وره درابوو و من خه‌ریكبووم بۆ چوونه ژووره‌وه‌ی له‌گه‌ڵا پاسه‌وانێكی له‌ڕولاواز قسه‌م ده‌كرد.
كه‌مێك بێ ئومێدبووم، ویستم به‌سه‌ر ده‌نكه شقارته‌دا هاواربكه‌م و نه‌ترسانی خۆم له ده‌مانچه سپییه‌كه‌ی ده‌رخه‌م، زۆر خێرا و له‌ناكاو سێ پاسهوانیتر ده‌ركه‌وتن ههرسیانیان زۆر باڵابه‌رز و قه‌ڵه‌و بوون.
ڕێگه‌یان پێدام برۆمه ژووره‌وه ، دیواره‌كان به‌ره‌و ژووره‌وه سپی و شین بوون ، هه‌ستمكرد یه‌كێك له پاسه‌وانه قه‌ڵه‌وه‌كان له‌دواوه‌م ده‌روات.
پاش كه‌مێك گه‌یشتینه هۆڵێكی گه‌وره، باشتره بڵێم گه‌یشتم ، چونكه پاسه‌وانه قه‌ڵه‌وه‌كه منی جێهێشتبوو.ده‌رگایه‌كی باریكی سوور كه‌وتبووه لای چه‌پ و كۆتایی هۆڵه‌كه، دیواره‌كان به‌تابلۆی جۆرا و جۆر داپۆشرابوون – نه‌ك هه‌ر ئه‌مه له‌هه‌ندێك شوێن له‌نێوان تابلۆكان به‌ردیش هه‌ڵواسرابوون، له‌وه‌ش نه‌ده‌چوو به‌ردی تایبه‌ت و جوانی هونه‌ریبن.تابلۆكان : شایی و هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی له‌ناو سه‌وزاییه‌ك كه په‌ڵه هه‌ورێكی سپی به‌سه‌ر سهرییانهوهیه ، یه‌كێكی تر پیره‌ژنێك له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌یه‌ك ده‌گری – تابلۆیه‌كی تر دوو دڵدار ده‌ست له‌ناو ده‌ست به‌ده‌م یه‌كه‌وه پێكه‌نیون، زۆر تابلۆی ساده و ساكاری تریش كه هه‌ندێكیان له‌وه ده‌چوو منداڵان بیانكێشابن.
ده‌رگا باریك و سووره‌كه‌م كرده‌وه، له‌شوێنێكی وه‌ك سه‌ربازگه خۆمم بینیه‌وه، ئه‌وه‌ی ترسناك بوو بوونی ئه‌م هه‌موو بێدهنگییهبوو، بیناكه زۆر به قایمی دروستكرابوو، په‌نجه‌ره‌كان هه‌موویان ئاسنپۆشكرابوون.وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌دوای كه‌س یان هیچ شوێنێكی تایبه‌تدا نه‌گه‌ڕێم چێژم له‌و بێده‌نگییه وه‌رده‌گرت.
له‌ودیو په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌وه به‌ئاسته‌م له‌به‌ر ئاسنه‌كان دیاربوو جوڵه‌یه‌ك هه‌بوو، هه‌ستمكرد چه‌ند كه‌سێك له‌م ژووره‌دا خه‌ریكی كارێكن، ویستم زیاتر برۆمه پێشه‌وه ده‌نگی هات و هاوار به‌رزبووه‌وه.
پیره‌مێردێك به‌شه‌له شه‌ل رایده‌كرد و هاواریده‌كرد – له‌وه‌ده‌چوو جوێن بدا، به‌دوای ئه‌ودا كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك ده‌ركه‌وتن.
له‌ناو ئه‌و كۆمه‌ڵه خه‌ڵكه كه كه‌سانی جیاجیای له‌خۆ ده‌گرت له پیاوی شێواو و جل دڕا‌و و ژنی ماندوو و پیاوی پۆشته – ژنی جوان و منداڵی جۆراو جۆر، پیاوێك به‌ره‌و پیره‌مێرده شه‌له‌كه ده‌هات و ئه‌وانیتر نه‌یانده‌هێشت ده‌ستی پێی بگات، پیاوه‌كه فانیله‌یه‌كی سپی بێ قۆڵی له‌به‌ر بوو، له‌سه‌ر باسكی چه‌پی به سه‌وزێكی تۆخ نووسرابوو ” خۆشمده‌وێی”..چه‌قۆیه‌كی گه‌وره‌ش له‌نێو ده‌ستی دابوو چه‌ند كه‌سێك هه‌وڵیانده‌دا لێی وه‌ربگرن، سه‌یربوو سێ پاسه‌وانه قه‌ڵه‌وه‌كه‌ی به‌رده‌م ده‌رگا منیان به‌ته‌واوی پشكنی و پێشیان وتم كه هه‌موو جۆره چه‌كێك قه‌ده‌غه‌یه.
كۆتاییه‌كه‌ی چه‌قۆكه‌یان لێ وه‌رگرت و هات وهاوار كۆتایی هات. پیاوه پیره شه‌له‌كه دوای ئه‌وه‌ی له‌ده‌رگا سوور و باریكهكهوه هه‌ڵاتبوو به‌ره‌و ده‌ره‌وه، ئێستا خه‌ریكبوو بهدهسڕێك ئاره‌قه‌ی ده‌موچاوی وشك ده‌كرده‌وه و له ته‌نیشت من راوه‌ستابوو.
ورده ورده هه‌موویان به‌ره‌و هه‌مان راره‌وی پێشوو دهرۆیشتنهوه، ته‌نها پیره‌مێرده شه‌له‌كه نه‌بێت، پیره‌مێردێكی توندوتۆڵ دیاربوو، سپییه‌تی سه‌رو سمێڵی وه‌ك ئه‌وه وابوو بۆیه‌ی بۆكرابێ. سه‌یری منی كرد و به‌شه‌رمه‌وه پێكه‌نی.
” ئه‌و پیاوه گێله..گێله..زاوامه..زاوامبوو..بینیت..؟..ده‌زانم بۆ واده‌كا”
له‌كاتێكدا ئه‌مانه‌ی وت به‌ته‌واوی ڕووی له‌من نه‌كردبوو، وام هه‌ستده‌كرد بۆیه به‌م جۆره قسه‌ده‌كات تاوه‌كو ترسی په‌لاماردانه‌كه له‌دڵی ده‌ركا.
” ئه‌ی چه‌قۆكه‌ی؟”
پرسیارێكی بێمانای منبوو، له‌بری ئه‌وه‌ی شتێك له‌باره‌ی زاواكه‌ی بپرسمم ئه‌مه‌م وت.بۆم ده‌ركه‌وت منیش ترساوم.
” هیچ نییه ، ترسنۆكه..سوێند ده‌خۆم زۆر له‌من ده‌ترسێ..”
“به‌ڵام بۆ واده‌كا؟”
پیره‌مێرده‌كه له‌پڕ تاقه‌تی قسه‌كردنی نه‌ماو له‌سه‌ر ئه‌رزه‌كه دانیشت.
” بمبوره مامه گیان ، من تازه هاتووم و ده‌مه‌وێ سه‌رپه‌رشتیاری ئێره ببیینم”
” له‌م ڕاڕه‌وه بڕۆ –ده‌سته چه‌پ ، دووه‌م ژوور، پیاوێكی كورته باڵا له‌ودیو مێزێك دانیشتووه –ئه‌و خۆیه‌تی”.
ئه‌مه‌ی وت و گریا.
نه‌متوانی هاوخه‌می ده‌ربڕم و هه‌نگاومنا.
” ئه‌و پیاوه گێله كوشتی”.
وه‌ستام و كه‌مێك شڵه‌ژام.
“كێ ی كوشت ؟”
” كچه‌كه‌م”.
ده‌نگی هات و هاوار به‌رزبووه‌وه و وه‌ستا – ڕه‌نگی سوور دووباره له‌نێو په‌ڵه هه‌وره‌كان ده‌ركه‌وت.
پیره‌پیاو فرمێسكه‌كانی سڕین.
” من داوای هه‌فته‌یه‌كم كردووه”
” یه‌ك هه‌فته ؟!” ئه‌مه‌م زۆر به ده‌نگی به‌رزه‌وه وت.
“به‌ڵێ ئه‌وه‌نده‌ی ته‌مه‌نم ماوه لێره ده‌مێنمه‌وه تا ئه‌م هه‌فته‌یه وه‌رده‌گرم، ئینجا خۆم ده‌زانم چی ده‌كه‌م”
” به‌ڵام ئه‌مه مه‌حاڵه مامه‌گیان.ئه‌وان هه‌رگیز ههفتهیهكت پێناده‌ن ، من بیستوومه ئه‌وانه‌ی ئه‌و ماوه‌یان ده‌وێت ده‌بێ به‌مردندا تێبپه‌رن ، ئه‌ویش بۆ ساڵانێكی زۆر.. ره‌نگه كه‌سه‌كه زۆر پیرببێت و.. بمرێت”.
پیره‌پیاوه‌كه ده‌ستی به‌گریان كرده‌وه.
ده‌سته‌چه‌پ به‌ره‌و ڕاڕه‌وه‌كه رۆیشتم، چوار ژووری تازه بۆیهكراوم تێپه‌ڕاندن، له ژووری پێنجه‌م پیاوێكی بچكۆلانه دانیشتبوو، ئه‌سمه‌رێكی خڕهبوو – جگه‌ره‌یه‌ك به‌ده‌سته‌وه، وه‌ڵامی سڵاوه‌كه‌ی منی نه‌دایه‌وه.ته‌نها كاغه‌زی داواكارییهكهمی وه‌رگرت و دوای خوێندنه‌وه‌ی دڕاندی، سه‌یری روخساری منی نه‌ده‌كرد – له ده‌فته‌رێكی گه‌وره‌دا ناوی نووسیم، پێی وتم برۆمه نهۆمی دووه‌م ژووری چوارده.
له نهۆمی دووه‌مدا ئه‌و ئارامیه‌ی خواره‌وه نه‌ما، ده‌نگی ئاڵۆز و به‌یه‌كداچوو ده‌هاتنه گوێ، ده‌مبیست : پیاوه‌كه شه‌شه‌مین جاره له‌هۆشخۆی ده‌چێت /ژنه‌كه دووباره گولله‌ی به براكه‌یه‌وه ناوه / هات و هاوار و قیژه‌یه‌كی ژنانه به‌دوایدا / هه‌موو شتێك بۆ ئه‌و ته‌واوبكه‌ن ئه‌گینا سزامان ده‌ده‌ن .. ته‌قه ته‌قی چه‌كوچ و ئامێرێكیش گڕه گڕی ده‌هات . لای من ئه‌م ده‌نگانه سهیربوون ، ئه‌ی بۆچی له‌خواره‌وه نهمدهبیستن؟
ژووری چوارده‌م بینییه‌وه، به‌گه‌وره‌یی له‌سه‌ره‌وه‌ی ده‌رگاكه نووسرابوو ( ژووری 14 – به‌شی گفتوگۆ و تاقیكاری).
ژووری چوارده به‌ته‌واوی تاریكبوو، له پڕ شاشه‌یه‌كی گه‌وره ده‌ركه‌وت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له سینهمابم، پیاوێكی پیر و بۆینباخ له مل له‌به‌رامبه‌ر شاشه‌كه –رووه و من دوا .
(( تۆ كێی ؟)).
(( نازانم )) ئاوا وه‌ڵامم داوه، سه‌یری ئه‌و فیلمه‌م ده‌كرد كه لهشاشهكه نیشان ده‌درا – فیلمێكی سه‌رنجراكێش بوو، ژماره‌یه‌ك كچ به رووتی له مێرگێكدا رایانده‌كرد.
((ئایا ده‌زانی ئێمه لێره‌دا خه‌ریكی چین ؟)).
(( نه‌خێر )).
(( تۆ داوای پێنج خوولهكت كردووه، وایه ؟)).
(( به‌ڵێ)).
پیره‌مێردی بۆینباخ له‌مل كه هیچ له‌وه نه‌ده‌چوو وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی لا گرنگ بووبن ، منی له مێرگێكدا و هاوڕێ له‌گه‌ڵا چه‌ند كچێكی ڕووت جێهێشت – كچانی سه‌ر شاشه‌كه.
رۆژی دواتر زیاتر له پێكهاته و نهێنییه‌كانی بیناكه تێگه‌یشتم – ئه‌و پاسه‌وانه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار له‌به‌ر ده‌رگا بینیبووم و پێموابوو له ده‌نكه شقارته ده‌چێ، له زۆر شوێنی بیناكه‌دا هاوشێوه‌ی ئه‌و پاسه‌وانه هه‌بوون – له راستیدا هاوشێوه نا، به ڵكو هه‌مان پاسه‌وان بوون ، ژماره‌یه‌كی زۆربوون كه من ناوم نابوون ده‌نكه شقارته.
ده‌نكه شقارتهكان له ده‌وری حه‌وزێكی ئاو كۆبووبوونه‌وه و فه‌رمانیان به‌سه‌ر ئێمه‌دا ده‌كرد كه گوێرایه‌ڵیان بین – پیاوێكی باڵابه‌رز له جلوبه‌رگێكی سپی‌دا ده‌ركه‌وت و وتارێكی كورتی خوێنده‌وه، له وتاره‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه چاره‌نووسی مرۆڤه‌كان جیاوازه له‌یه‌كتری ، به‌ڵام مه‌رج نییه ژیانیان جیاوازبێت – وتی ئێمه رووبه‌رووی چاره‌نووسی وه‌ك یه‌كتان ده‌كه‌ینه‌وه تاوه‌كو له ژیانی خۆتان تێبگه‌ن، له‌وكاته‌ی ئه‌و پیاوه وتاری ده‌دا، من هه‌مان ئه‌و پیرهمێردهم بینیه‌وه كه له گه‌ڵ زاواكه‌ی شه‌ڕیان ده‌كرد، پیره‌مێرد له‌ته‌نیشت سه‌تڵێكی گه‌وره دانیشتبوو و به‌كوڵ ده‌گریا، چاوم گێرا زاوه‌كه‌ی ببینم كه‌چی دیارنه‌بوو.
دوای ئه‌وه سه‌كۆی وتار خوێندنه‌وه‌كه بۆ سهرهپهرشتیاری بیناكه چۆڵكرا، سه‌رپه‌رشتیار چه‌نده هه‌وڵیدابوو له‌ئاستی خه‌ڵكدا ده‌ركه‌وێت، به‌ڵام هێشتا نه‌یتوانیبوو كورتی باڵاكه‌ی بشارێته‌وه، هه‌مووان له‌ناوه‌خۆدا به‌دیمه‌نی باڵاكه‌ی پێكه‌نینان ده‌هات ، پیره‌مێردی ده‌رده‌دار به زاواكه – ئه‌ویش به‌بینینی سه‌رپه‌رشتیار چیتر گریانی نه‌مابوو.من بۆم گرینگ بوو بزانم ئه‌و پیاوه بچكۆله‌یه چۆن قسه‌ده‌كات، به‌ده‌نگێكی گڕ ته‌واو جیاواز له پیاوی جل و به‌رگ سپی قسه‌ی كرد، ته‌نانه‌ت ناراسته‌وخۆ ئه‌وه‌شی ره‌تكرده‌وه كه كاریان ئه‌وه‌بێت خه‌ڵك رووبه‌رووی چاره‌نووسی وه‌ك یه‌ك بكه‌نه‌وه، گه‌رچی وشه‌ی چاره‌نووسی هه‌ر به‌ده‌مدا نه‌هات.
شه‌و هات، بێده‌نگیه‌كی گه‌وره ده‌ستی پێكرد، ویستم ده‌ره‌وه‌ی بیناكه بێنمه یادی خۆم ، ژیانی ئاساییم وه‌ك هی هه‌ر كه‌سێك كه نقوومی یاده‌وه‌ریی و هۆكار و شكسته – به‌ڵام وازم لێهێنا، تاو ناتاو ده‌نگێك له‌ناو مه‌یدانه گه‌وره‌كه‌دا به‌رزده‌بووه‌وه و خه‌ڵكه‌كه به‌نۆره قسه‌یان بۆ یه‌كتری ده‌كرد – پێده‌چوو ئاهه‌نگێكی خۆشبێ. من ژوورێكی بچووكم هه‌ڵبژاردبوو، بڕیاربوو له به‌یانیدا ئێمه بچینه دۆخێكی تر ، وه‌ك ژنێك ده‌یوت (( ده‌چینه‌وه ئاسمان )).
وتم (( ئاسمان ؟)) .
ژنه‌كه كه زۆر به پارێزه‌وه قسه‌ی ده‌كرد، ته‌واو شێوه‌ی ژنه‌كانی سه‌رده‌می ئه‌شكه‌وتنشینی ده‌دا، پرچی بهكهزییهكی باریك كۆكردبووه‌وه كه تاسه‌ر قاچه‌كانی هاتبوو، ناوقه‌دی باریك و دوو چاوی گه‌وره، چاوی ده‌بڕییه هێڵكاریی ره‌نگاوره‌نگ و ناشیرینی سه‌ر دیواره‌كان – ئه‌و هێڵكارییانه‌ی ده‌یانووت سه‌رپه‌رشتیار هه‌ر خوودی خۆی كێشاونی و چه‌ندان رۆژ له‌سه‌ر په‌یژه‌كاندا ده‌سته بچكۆله‌كانی له ره‌نگ ههڵێناون.ژنه‌كه كاتێ وتی ده‌چینه‌وه ئاسمان كه رووخساری به پێكه‌نینێكی ته‌ڵخ داپۆشرا ، دواتر وامههستدهكرد ئه‌مه‌ی به‌گاڵته‌وه وتووه.
(( بمبه‌خشه ..تۆ داوای چه‌ند خوله‌كت كردووه ؟ چه‌ند كاتت…))
ژنه‌كه زۆر به دڵنیاییه‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی دامه‌وه ((هیچ خوله‌كێك، هیچ كاتێك)).
به چاوه گه‌وره‌كانی گێڕایه‌وه : من هاتمه ژووره‌وه، له‌دواوه‌م ده‌رگاكه داخرا. بانگی دایكمم كرد، بانگی هه‌موویان.هه‌موو ده‌رگاكان قوفڵ دران، شه‌وانیش له‌گه‌ڵ قوفلێكی گه‌وره‌دا ده‌خه‌وتم، قوفلێك كه به‌هیچ نه‌ده‌كرایه‌وه.ته‌مه‌نام كرد وه‌ك ئه‌فسانه پڕووپووچهكان ببمه باڵنده، یان ئه‌سپێكی باڵدار بێت و هه‌ڵمبگرێت كه دڵنیام ئه‌و ئه‌سپه درۆیینه‌یه هیچ ژنێكی هه‌ڵنه‌گرتووه، گریام و گریام – وه‌ك چۆن ئیستاكه‌ش ده‌گریم، من لێره‌م له‌گه‌ڵ قوفڵهكانم، لێره‌م له‌گه‌ڵ هه‌مان ده‌رگا و په‌نجه‌ره داخراوه‌كان.
كاتێ ژنه‌كه ئه‌م قسانه‌ی ده‌كردن منیش حاڵم تێكچووبوو، به بێ ئاگاییش ده‌ستم خستبووه سه‌ر شانی. هێشتا له ژووره بچووكه‌كه‌مدا چاوه‌رێی به‌یانیم ده‌كرد، بۆشم روون نه‌بوو ئه‌و ژنه ئهشكهوتنشینه به‌م شه‌وه له‌كام شوێنی بیناكه‌دا له‌گه‌ڵ قوفڵهكانیدا خه‌وتووه.
به‌یانی، به‌یانی نا..ناتوانم بڵێم به‌یانی..دوای ئه‌و شه‌وه رێك كه‌وتمه سه‌ر ژیانێكی تر (( دۆخێكی تر)) خۆم بینیه‌وه وه‌ك كه‌سێكی ماندوو و به‌ساڵاچوو به رێگایه‌كی باریكی ئه‌وه‌نده‌ی بواری جهستهبدا تێپه‌رده‌بووم، ئه‌و دیوی رێگاكه دیوارێكی زۆر به‌رزبوو كه له‌توانای مندا نه‌بوو كۆتاكه‌ی ببینم، ئهمدیویشی كه ده‌ستم پێوهدهگرت و پاڵم پێوه‌ده‌دا – جارجار ده‌رگا و جار جاریش پهنجهرهبوون، به‌ڵام ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌یه‌ك وه‌ك وێنه‌ی ناو ده‌فته‌ری منداڵان نه‌ك ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌یه‌كی به‌رجه‌سته، له‌م رێگاباریكهدا كاتێكی زۆری پێده‌چوو تا كه‌سێكم ده‌بینی، ئه‌و كاته‌ش سه‌ختییه‌كی زۆری دروست ده‌كرد تا رێگامان بۆ یه‌ك ده‌كرده‌وه و جه‌سته لێك ئاڵا و یه‌كتریمان تێده‌په‌راند.
له‌م رێگا بازنه‌ییه‌دا پیره‌مێردی ده‌رده‌دار به زاوا و زاواكهیشم بینین كه ته‌واو ره‌نگیان پهڕییووـ ته‌نانه‌ت زاوا قه‌ڵه‌و و باڵابه‌رزه‌كه نووسینه‌كه‌ی سه‌ر باسكیشی نه‌مابوو ، ئه‌و نوسینه‌ی بهسهوزێكی تۆخ نیشانی ده‌دا ((خۆشمده‌وێی)).. ئه‌وه‌نده‌ش لاوازببوو به‌لای مندا ره‌ت بێ له‌م رێیه باریكه‌دا، زۆر جار پیاوێكی باریكم ده‌دی شه‌پقه‌یه‌كی له‌سه‌ر بوو – وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نها به‌لای مندا تێبپه‌رێت.من له‌م ماوه‌دا ته‌نها توانیم یه‌ك رسته بڵێم ، ئه‌م رسته‌یه‌ش ئه‌و پیاوه شه‌پقه به‌سه‌ره تا ئه‌وپه‌ری تێپه‌رینی پێی پێكه‌نی.
(( ئه‌م شوێنه ته‌واو سپییه)) من ته‌نها توانیم ئه‌م ڕستیه بڵێم، شه‌پقه بهسهرهكه بێ ئه‌ندازه پێكه‌نی.
له‌م رێگایه‌دا ئه‌وه‌ی نه‌مبینیه‌وه ژنه چاوگه‌وره و ئهشكهوتنشینهكهبوو، پێشموابوو كه ئه‌و هه‌ر ناتوانێ له‌هیچمان تێبپه‌رێ به‌هۆی قوفڵهكانییهوه، له‌خۆمدا ده‌مپرسی ده‌بێ قوفڵه‌كانی بچووك بووبنه‌وه؟.
بێ ئه‌وه‌ی تێبگه‌م ئه‌وه چۆن تێپه‌ری و زه‌مه‌ن چۆن هه‌نگاوی نا.. له شوێنێكی تردا خۆم دۆزییه‌وه، پێده‌چوو هه‌ر شوێنێك بێت له‌ناو بیناكه‌دا..چونكه دووباره‌ی پاسه‌وانه ده‌نكه شقارتهكان ده‌وری من و چه‌ندان خه‌ڵكی تریشان دابوو – كه‌سانێكی شین پۆش وێردیان ده‌خوێند و ئێمه‌ش ده‌مان وته‌وه.
وه‌ك ئه‌وه‌ی نێوانی كاته‌كان هه‌ڵگیرابێته‌وه، له ژوورێكی گه‌وره‌دا به ئاگا هاتم – له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌یه‌كی خاوێن و دنیایه‌كی هێمن، سه‌رم هه‌ڵبری ده‌ورو به‌رم پڕبوو له خه‌ڵك و دكتۆری ده‌م به پێكه‌نین ، خه‌ڵكه‌كه له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه نه‌خۆش له‌هه‌مان كاتدا شادومان ده‌رده‌كه‌وتن، سه‌یری قه‌ره‌وێڵه‌ی نزیكی خۆمم كرد ، تاسام ..كه‌زی پرچه ره‌شه‌كه له ژێر چه‌رچه‌فه‌كه هاتبووه ده‌ره‌وه، كه‌واته ژنه ئهشكهوتنشینهكه لێره‌یه.دڵم خۆش‌بوو، به‌ڵام نه‌مده‌توانی قسه‌بكه‌م، له‌ناكاو رووی خۆی بۆ لای من وه‌رگێرا به‌هه‌مان چاوه گه‌وره و جوانه‌كانییه‌وه، سه‌یری منی كرد و بزه‌یه‌كی كردـ من ده‌ستم بۆی درێژ كرد، دكتۆرێكی قه‌ڵه‌و به‌ره‌و رووم هات.
(( تۆ كێی ؟)) دكتۆره قه‌ڵه‌وه‌كه ئه‌مه‌ی پرسی.
(( نازانم )) ئاوا وه‌ڵامم داوه.
(( ئایا ده‌زانی ئێمه لێره‌دا خه‌ریكی چین؟)).
وتم (( نه‌خێر))
(( تۆ داوای پێنج خوولهكت كردبوو ، وایه ؟)).
(( به‌ڵێ)).
دكتۆره قه‌ڵه‌وه‌كه،كه هیچ له‌وه نه‌ده‌چوو وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی لا گرنگ بووبن ، منی له‌نزیك ژنه ئهشكهوتنشینهكه جێهێشت، ژنه‌كه به چرپه باسی خۆی و قوفڵه‌كانی ده‌كرد، به‌ڵام من نه‌مده‌توانی قسه بكه‌م.
بێگومان كاتێك به‌سه‌ر ئه‌م له‌یه‌ك نزیكبوونه‌وه خۆشه‌ی من و ژنه چاو گه‌وره‌كه‌دا تێپه‌ڕیوه، له‌وه‌ده‌چێت من بۆ كاتێكی دوور یان بۆ هه‌میشه چیتر گوێم له حیكایه‌تی خۆی و قوفڵه‌كانی نه‌بێت، چونكه دووباره ئه‌وه‌تام له شوێنێكی تر و پاسه‌وانه ده‌نكه شقارتهكان گه‌مارۆیان داوین، ده‌نگی پچر پچری خه‌ڵكه‌كه ده‌بیستم ، ده‌نگێك ده‌ڵێ هێشتا هه‌ر له‌ناو بیناكهداین، یه‌كێكی تر باس له شوێنی داهاتوو ده‌كات – ئه‌وه‌یتر ده‌گری ، دانه‌یه‌كیان به ده‌نگێكی به‌رز حیكایه‌تێكی ئاڵۆز ده‌گێرێته‌وه، سه‌رله‌به‌ری حیكایه‌ته‌كه باسه ئه‌وه ده‌كات گوایه له زه‌مانێكی زۆر زوودا باڵنده‌یه‌كی زۆر گه‌وره به‌خۆی و هێلكه‌كانی له شوێنی بیناكه‌دا ژیاوه، باڵنده كه هه‌ر هێلكه‌یه‌كی به‌قه‌د گردێك گه‌وره‌بووه، هه‌ركات فڕیوه ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی ونكردووه و ژماره‌یه‌كی زۆریشی كردوونه‌ته باڵدار ، حیكایه‌تخوانی ماندوو كه پێده‌چێ هه‌ر ئێستا حیكایه‌ته‌كه‌ی دروستكردبێ، ئه‌وه زیاد ده‌كات كه باڵنده‌ی گه‌وره له جه‌ژنی تروكانی هێلكهكانیدا بۆماوه‌یه‌ك زه‌مه‌نی ده‌وه‌ستاند تا باڵداره تازه‌كان به ئارامی بێنه دنیاوه. من له حیكایه‌ته‌كه بێزار ده‌بم و خه‌مبار و دڵته‌نگ ته‌نها ئه‌وه‌نده توانام ماوه قسه‌بكه‌م كاتێ پاسه‌وانێك ده‌پرسێ .
(( تۆ داوای پێنج خوله‌كت كردبوو؟))
له وه‌ڵامدا ده‌ڵێم (( به‌ڵێ)) من هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌توانم قسه بكه‌م.