جۆرێكی تر له كێڵگه !
جیرۆك بۆ مندالان
شه‌وێكی ساردی زستان له ده‌وری باپیره دانیشتبووین ، گوێمان بۆ چیرۆكه خۆشه‌كانی شل كردبوو ، چونكه به‌لامانه‌وه خۆش بوون ،به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ڕاكێشام ئه‌و وه‌ڵامه جوانه‌ی باپیره‌م بوو كه برا گه‌وره‌كه‌م لێی پرسی: باپیره ئه‌و كاته‌ی گه‌نج بوویت چیت ده‌كرد؟ باپیره‌م به هێمنی وه‌ڵامی دایه‌وه : من جوتیار بووم له دوو كێڵگه‌ی جوان‌دا كارم ده‌كرد .براكه‌م جارێكی تر لێی پرسییه‌وه :بۆ باپیره ئێوه دوو كێڵگه‌تان هه‌بوو؟ باپیره‌م به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه وه‌ڵامی دایه‌وه : ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بووین تا دوو كێڵگه‌مان هه‌بێت كوڕه‌كه‌م.برا گه‌وره‌كه‌م زیاتر له باپیره‌م نزیك بووه‌وه و گوتی: باپیره وه‌ڵامه‌كه‌ت سه‌رسامی كردم،چۆن له دوو كێڵگه‌دا كارت كردووه و ته‌نیا یه‌ك كێڵگه‌شتان هه‌بووه ؟ باپیره پێكه‌نی و ڕووی كرده براكه‌م و گوتی :كێڵگه‌ی دووه‌مم له ژووره‌كه‌مدا بوو! براكه‌م به‌سه‌رسوڕمانه‌وه هاواری كرد :ئه‌وه چی ده‌ڵێی ؟ كێڵگه‌یه‌ك له‌ناو ژووره‌كه‌تدا!! باپیره‌م بێ دوو دڵی و به خێرایی وه‌ڵامی دایه‌وه :به‌ڵێ كوڕه‌كه‌م له ژووره‌كه‌مدا جۆرێكی تر كێڵگه هه‌بوو. براكه‌م كه‌مێك بێده‌نگ بوو ،ئیتر كه باپیره‌م كه‌وته قسه و بێده‌نگییه‌كه‌ی نه‌ما ،باپیره گوتی :ده‌زانم حه‌ز ده‌كه‌ی مانای جۆره‌كه‌ی تر له كێڵگه بزانیت. براكه‌م سه‌رێكی ڕاوه‌شاند بۆ باپیره و ئه‌ویش كه‌وته‌وه قسه: ژووره‌كه‌م په‌رتووكخانه‌یه‌كی تێدابوو ،كه پڕ بوو له په‌ڕتووكی جۆرا و جۆر ، هه‌موو په‌ڕتووكێكیش وه‌كو دره‌ختێك وابوو ،كه به‌ره‌كه‌ی له به‌ری دره‌خته‌كه‌ی ته‌نیشتی نه‌ده‌چوو،هه‌ر كاتێكیش هه‌ستم بكردایه برسیم بۆ زانیاری نوێ ، ئه‌وا له په‌رتووكخانه‌كه‌دا په‌ڕتووكێكم هه‌ڵده‌بژارد تا به‌ره شیرینه‌كه‌ی تام بكه‌م ،وه‌كو چۆن جووتیارێك به‌ری بێستانه‌كه‌ی ده‌چنێته‌وه ، منیش له‌و په‌ڕتووكه تێر ده‌بووم. براكه‌م به پێكه‌نینه‌وه گوتی:ئێستا تێگه‌یشتم كه په‌ڕتوكخانه باخێكی جوانه ،دار و دره‌ختی جیاواز و هه‌مه‌ڕه‌نگی تێدایه و به‌ره‌كه‌شی باش و به‌سووده. منیش كێڵگه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه له ژووره‌كه‌مدا بنیات ده‌نێم ، كه له‌و كێڵگه‌یه‌ی تۆ بچێت ئه‌ی باپیره، ئه‌ی باشترین جووتیار.