Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
جیهان لە چاوەڕوانی گۆڕاندا

جیهان لە چاوەڕوانی گۆڕاندا

Closed
by January 24, 2009 گشتی

 جیهان لە چاوەڕوانی گۆڕاندا
 ئۆباما لە كوێوە دەست پێدەكات …؟؟؟
 محەمەد رەئوف
   

    MRKURD76@YAHOO.COM
 
 ئەمرۆ جیهان بە قۆناغێكی دژوارو هەستیاردا تێپەڕدەبێت، كێشەو قەیرانێكی لە بن نەهاتوو باڵی بەسەر زۆربەی وڵاتاندا كێشاوە، زۆربەی ئەو قەیرانانەش بە بنبەست گەیشتوون و چارەسەركردنیان ئەستەمە، بەڵام ئاگایانی سیاسی هۆكاری چارەسەرنەكردنی كێشەكان دەگەرێننەوە بۆ عەقڵیەتی پاوانخوازی ئەمریكا، بۆیە چارەسەرە بنەرەتیەكانی زۆربەی كێشەو قەیرانەكانی جیهانیش بەستراوەتەوە بە گۆران لە ناخی ئەمریكاو عەقڵیەتی ئیدارەی كۆشكی سپیەوە
 بۆیە جیهان لە چاوەروانی دەست بەكار بوونی ئیدارەی نوێی ئەمریكادایە، چونكە بانگەشەكانی ئۆباما لە كاتی هەڵبژاردنەكان و ئەجێنداو بەرنامەی كاركردنی ئەو، ئەگەری گۆرانكاری زۆر دەكرێت لە سیستەمی سیاسی ئەمریكاو هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان بە رێگاو میكانیزمی نوێ.
 ئەوی ئەمرۆ جیهان چاوەروانی لێدەكات  گۆرانە لە سیستەمی سیاسی ئەمریكاو مامەڵەكردنێكی جیاواز لە ئیدارەكەی بوش بۆ چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكانی جیهان، بەتایبەتیش چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل و عێراق و بەرنامە ئەتۆمیەكانی ئێران و دەرچوون لەو قەیرانە داراییەی كە لە ئەمریكاوە دەستی پێكردووەو باڵی بەسەر ئابووری جیهاندا كێشاوە، ئەمە سەرەرای گۆران لە ئاستی ناوخۆی ئەمریكاو كۆشكی سپی.

 گۆران لە كۆشكی سپیدا
 زۆرێك لە ئاگایانی سیاسی پێیان وایە  سیاسەتی ئەمرۆی كۆشكی سپی لە گەڵ تێكڕای دۆسێ و قەیرانەكانی جیهاندا، سیاسەتێكی ژیرانەو عەقلانی نیە چونكە مامەڵەی كۆشكی سپی لەگەڵ تێكڕای دۆسێ و قەیرانەكانی جیهاندا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەركەوتوو نەبووە، جگە لە ئاڵۆزكردنی دۆسێكان و زیادكردنی دۆژمنی زیاتر و نەیاری زۆرتر بۆ ئەمریكا نەیتوانیوە سەركردایەتییەكی سەركەوتووی جیهان بكات، لەبەرئەوە پسپۆرانی سیاسی ئەمریكا پێیان وایە یەكەمین ئەركی جێبەجێكردنی ئەجێنداكەی ئۆباما گۆرانە لە مامەڵەو بیركردنەوەی كۆشكی سپیدا، بەو مانیەی گۆران لە تێكرای سیاسەت و ستراتیژی كۆشكی سپی بەرامبەر بە دوونیا لە لایەك و ناوخۆی ئەمریكا لەلایەكی تر، چونكە ئەمرۆ گەلی ئەمریكا گۆرانیان دەوێت، لە سیاسەت و مامەڵەو هەڵوێستی كۆشكی سپیدا، هەر لەبەر ئەوەشە دەنگیان دابە ئۆباما چونكە ئەوان لەلایەك پێان وایە بەبێ گۆران لە كۆشكی سپی و سیاسەتی ئەو وڵاتەدا، بە ئاسانی گۆرانی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی نایەتەدی، چونكە ئەوان نیگەرانن لە سیاسەتی تاكرەوی كۆشكی سپی بەرامبەر بە زۆربەی دۆسێ ناوخۆیی و دەرەكیەكاندا.
 لەگەڵ چاوەروانی وڵاتانی دوونیا لەو گۆرانكاریانەی كە ئۆباما بانگەشەی بۆ دەكات، هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەش، چاوەروانی هەنگاوەكانی ئەو گۆرانكاریانەن لە ئۆباما.
 بۆیە ئەوەی ئەمرۆ لە سەرۆكی نوێی ئەمریكا دەخوازرێت، گۆارنە لە ستراتیژیەتی كۆشكی سپی بەرامبەر بە كێشەو قەیرانە مرۆیی و سیاسی و ئابووریەكان.
 
 عێراق لە ئەجێندای ئۆبامادا
 هەرچەندە ئۆباما سیاسەتی خۆی لەسەرەتاوە بەرامبەر بە كێشەی عێراق روونكردۆتەوە كە دژی جەنگی عێراق و دەرهاویشتەكانیەتی، بەڵام پسپۆرانی سیاسی پێیان وایە ئۆباما ناتوانێت بە ئاسانی دەست بەرداری عێراق بێت، چونكە ئەمرۆ ئەمریكا بەرپرسیارێتیەكی گەورەی لەسەر شانەو شكستهێنانی ئەمریكا لە عێراقدا شكستی ستراتیژیەت و سیاسەتی كۆشكی سپیە لە جیهاندا، سەركەوتنیشی لە عێراقدا سەركەوتنیەتی لە رووی سیاسی و سەربازیەوە لە ئاستی جیهان.
 سەرۆكایەتی بوش لە كۆشكی سپی كۆتایی دێت، بەڵام دونیایەك كێشەو گرفت و قەیرانی سیاسی بۆ ئۆباما جێدەهێڵیت، بەڵام  ئایا ئۆباما بە ئاسانی دەست بەرداری قەیرانی  عێراق دەبێت و ئەو وڵاتە بۆ گروپە چەكداریەكان جێدەهێڵێت و گۆرەپانەكە بۆ ئێران و سوریا چۆڵدەكات، تا ئەجێندای خۆیانی تیا جێبەجێبكەن…؟؟ كە ئەمیش گەورەترین زیان بە بەرژەوەندیە ستراتیژیەكانی ئەمریكا دەگەیەنێت.
 بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئۆباما فشاری زۆر دەخاتە سەر سەركردە عێراقیەكان كە كێشەو گرفتەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن، تا رێگە بۆ كشانەوەی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق خۆش بكات، چونكە ئۆباما بەردەوام داوای كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی دەكات، لە عێراق.
 رۆژهەڵاتی ناوەراست….. قەیرانە بەردەوامەكە
 گرنگترین و هەستیارترین كێشەو قەیران كە رووبەرووی ئیدارەی نوێی ئەمریكاو خودی ئۆباما دەبێتەوە، ئەو كێشانەیە كە باڵی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراستدا كێشاوە، زۆربەشیان كێشەی مێژوویی و ئایدولۆجی و نەتەوەیین و چارەسەركردنیان ئاڵۆزوو قۆرسە.
 پسپۆرانی سیاسی، هۆكاری كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگەرێننەوە بۆ بەرژەوەندی و تەماعی داگیركەرانی سەدەكانی پێشوو، چونكە وڵاتە زلهێزەكان نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەراستیان بە جۆرێك دارشتۆتەوە كە ببێتە جێگەی ململانێى بەردەوامی سیاسی و ئایدۆلۆجی و نەتەوەیی. كە ئەمیش چارەسەركردن و  یەكلاكردنەوەی ئەستەم و ئاڵۆز دەبێت.
 پرسیاری گرنگ ئەوەیە، كە ئایا چ پێشنیارو رێگە چارەیەك لە ئەجێنداكەی پیاوە رەشپێستەكەدایە، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە ئاڵۆزو رەگداكوتاوەی كە هیچ سەركردەیەكی دوونیا نەیانتوانیوە، دەستی بۆ بەرێت و چارەسەرێكی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە.
 چاودێرانی سیاسی پێیان وایە دەست بردن بۆ ئەو كێشەیە، بریاری جدی و یەكلایەنەی دەوێت بەبێ لەبەرچاورتنی بەرژەوەندی تایبەتی ، بەڵام ئایا ئۆباما ئەو فریاد رەسەیە، كە بتوانێت، بە رێگای دیبلۆماسی كێشەكە یەكان یەكلابكاتەوە، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ هێزی سەربای بەرێت؟؟؟
 چونكە كێشەكانی ئیسرائیل_ فەلەستین، بەرنامە ئەتۆمیەكانی ئێران، كێشەی دارفۆر، لوبنان، گەرمترین و هەستیارترین كێشەو قەیرانی جیهانین و رەنگدانەوەی لەسەر زۆربەی كێشە سیاسی و ئابوورییەكانی جیهان هەیە.
 
 كورد لە ئەجێنداكەی ئۆبامادا
 زۆربەی چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ستراتیژیەتی ئیدارەی نوێی ئەمریكا لە عێراقدا گۆرانی بەسەردا دێت و ئەمەش كاریگەری لەسەر پرسە سیاسیەكانی ناوچەكە درووست دەكات، بەتایبەتیش پێگەی هەرێمی كوردستان، هەرچەندە بەرپرسانی كورد یەكلایەنە خۆیان بە هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریكا لەقەڵەم دەدەن بەڵام هەمیشە ئەمریكا بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەكانی ئاستی پەیوەندیەكانی دیاری دەكات، ئایا هەرێمی كوردستان ئەو بەرژەوەندیە بەهێزەیە بۆ ئەمریكا كە كاریگەری لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندیەكانی درووست بكات…؟
 ئەو گۆرانەی كە ئۆباما بریارە لە ستراتیژیەتی وڵاتەكەیدا بیكات لە عێراقدا كاریگەری گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان درووست دەكات، بەتایبەتیش بریاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، كە كورد بە گرەنتیەكی بەهێزی دادەنێت بۆ مانەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئۆباما بەردەوام جەخت لەسەر كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە عێراق دەكاتەوە. ئایا كورد چ پلان و بەرنامەیەكی هەیە بۆ دوای كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق…؟؟ ئایا ئەمریكا كورد ملكەچی ناوەند دەكاتەوە. لە كاتێكدا ئۆباما جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە دەبێت دەستوور هەموار بكرێت و گۆرانكاری تێدا بكرێت، چونكە ئەو پێی وایە دەستوری هەیشەیی عێراق رێكەوتنێكی نێوان كورد و شیعەیەو پێویستە سوونەش بەشدار بێت تیایدا. ئایا كورد چ پلانێكی هەیە لە كاتی گۆرین و هەموار كردنی دەستوردا، كە بە گرەنتی مانەوەی دادەنێت لە عێراقی نوێدا، ئایا كورد خاوەنی دیبلۆماسیەتێكی هێند بەهێزە كە بتوانێت، گۆرانكاریەكان، لەبەرژەوەندی خۆیدا بقوازێتەوە…؟؟
 بەڵام ئاگایانی سیاسی پێیان وایە هەمیشە كورد لەدوای گۆرانكاریەكانەوە بووەو لە دووای رووداوو گۆرانكاریەكانەوە، پلانی داناوەو بۆیە هەمیشە لەسەر مێزی گفتووگۆ سەركەوتوو نەبووە.
 
    ئۆباما چی پێدەكرێت…؟
 تا ئێستاش ئەو گۆرانەی ئۆباما بانگەشەی بۆ دەكات، تەنها لە چوارچێوەیەكی تیۆریدایەو ئاسۆیەكی روون بۆ ئەو گۆرانكاریانە بەدەر نەكەوتووە، گەشبینیەكانیش بەرامبەر بە ئۆباما تەنها لە وتەو بانگەشەكانیەوە، سەرچاوەی گرتووە، بەڵام سەركەوتنە بێوێنەكەی لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا هیوای گۆرانی زیاتر كردووەو هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەش گەشبینن بەرامبەر بە هەنگاوەكانی ئۆباما، هەروەك ئۆباما رایگەیاندووە، بردنەوەی من كۆتایی گەشتێكی مێژووییەو سەرەتای دەستپێكردنی مێژوویەكی باشترو چاكترە بۆ گەلی ئەمریكا و جیهان.
  تاكە ئومێدێك بۆ گۆرانكاری لە ئەجێندای ئۆبامادا، درووستكردنی ئەو هەستەیە لە ناخیدا كە ئەمرۆ ئەمریكاو جیهان پێویستی بە گۆرانە، ئەمیش سەرەتای ئەو گۆرانەیە كە جیهان چاوەروانی دەكات، بەڵام ئایا ئۆباما لە كوێوە دەست پێدەكات، كۆشكی سپی، ناوخۆی ئەمریكا، یان رۆژهەڵاتی ناوەراست…؟؟؟
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.